Draw Media

هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە عێراق: ئەگەرو پێشهاتەكان

هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە عێراق: ئەگەرو پێشهاتەكان

2023-12-10 08:03:59


یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین‌و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق

چوارچێوەی شیعە پێداگرن لە 18ی ئەم مانگە (كانوونی دووەم) بە هەر نرخ‌و جۆرێك بووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو عێراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) ئەنجام بدرێت؛ لەبەرامبەریشدا سەدرییەكان بەردەوامن لەسەر بایكۆتكردن‌و هەوڵی پەكخستنی پرۆسەكەش دەدەن. لەسەر ئاستی هێزە سوننەكانیش، لادانی حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و هەوڵی یاساغكردنی حزبەكەی (تقدم)، ململانێیەكی سەختی بۆ داڕشتنەوەی نوێنەرایەتیی پێكهاتەی سوننە دروستكردووە. ئەم شرۆڤەیە لەسەر ڕەوشی گشتیی هەڵبژاردن‌و لێكەوتەو ئەگەرەكانی لەسەر هەردوو ئاستی پێكهاتەكانی شیعەو سوننە هەڵوێستە دەكات، كە لە مەودای ناوەڕاست‌و دووردا لێكەوتەیان دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان‌و هاوپەیمانییە گشتگیرەكان‌و ناوەندی بڕیار لە بەغدا.

بایەخی هەڵبژاردنی كۆتایی 2023
هەڵبژاردنی كۆتایی ئەمساڵ (2023)، یەكەم ئەزموونی دەنگدانە پاش 10 ساڵ گوزەركردن بەسەر دوا هەڵبژاردنی لۆكاڵی كە 2013 بەڕێوەچوو. لە دوا هەڵبژاردندا كە سێیەم ئەزمونی ئەنجومەنە خۆجێیەكان بوو لە عێراق، پاش هەڵبژاردنەكانی 2005و 2009، لیستەكەی نوری مالیكی (دەوڵەتی یاسا) زۆرینەی بەدەستهێنا؛ بەمەیش لە پەنا سەرۆكایەتیی حكومەتدا، دەستی بەسەر جومگە گرنگەكانی بەڕێوەبردنی پارێزگاكانیشدا گرت، بەڵام هێرشی داعش بۆ عێراق‌و گرتنی سێیەكی خاكەكەی (حوزەیرانی 2014)، وڵاتی خستە جەنگێكی خوێناوی‌و نەیهێشت لە 2017 ئەنجومەنەكان نوێ ببنەوەو هەڵبژاردنی نوێ بكرێت. دواتریش خۆپیشاندانی تشرین (2019)ی بەسەردا هات؛ ناڕەزاییی خۆپیشاندەرانیش ئەنجومەنی پارێزگاكانی بە هەڵوەشاندنەوە دا، چونكە ئەنجومەنەكان تۆمەتبار كران بە بارگرانی لەسەر بودجەو هۆكارێك بۆ قوڵبوونەوەی گەندەڵی‌و ماشینەوەی زیاتری سەرچاوەكانی داهات[1].
لەڕووی سیاسی‌و دەستورییەوە هەڵبژاردنەكەی 18ی ئەم مانگە، تەواوكردنی جومگەیەكی گرنگی پەیكەری دەسەڵاتە لە عێراق؛ ئەنجومەنە خۆجێیەكانیش چاودێر دەبن بەسەر پارێزگارەكان‌و پرۆژەكانیان؛ هەروەها میكانیزمێكیشن بۆ وردكردنەوەو دابەشكردنی زیاتری دەسەڵاتەكان. لە دەستوری عێراقیشدا (ماددەی 122)[2]، دەسەڵاتی كارگێڕی‌و داراییی بەفراوان دراوە بە ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان؛ بە جۆرێك بەپێی پڕەنسیپی ناسێنتراڵی، خۆیان بەڕێوەدەبەن. هەروەها ئەو ئەنجومەنانە ملكەچ نین بۆ دەسەڵات‌و سەرپەرشتیی وەزارەتەكان؛ لەمەیش گرنگتر، خاوەن بودجەو دارایی سەربەخۆی خۆیانن. دەسەڵاتەكانیشیان هاوشێوەی پەرلەمانێكی بچوكە لە پارێزگاكانیان؛ دەسەڵاتی دانانی پارێزگارو لادان‌و چاودێریكردنیان هەیە. هەموو ئەمەیش لەپێناو شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و دوركەوتنەوەیە لە سیستەمی ناوەندگەرایی كە لە مێژووی 100 ساڵدا لێكەوتەی خراپی هەبووە لە عێراق.

ڕەخنەكان لە ئەنجومەنەكانی پارێزگا
لە دەرەوەی لایەنە باشە تیۆرییەكان‌و لەڕووی پراكتیكییەوە، كۆمەڵێك ڕەخنەو تانە لەسەر ئەزموونی 15 ساڵەی ئەنجومەنەكانی پارێزگا هەن. ئەم ڕەخنانەیش بەردەوام ڕووبەڕووی هەوڵەكانی زیندووكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێنەوە، گرنگترینیشیان بریتین لەمانە[3]: سەرچاوەی دارایی‌و پارەداركردنی حزبەكانن لە ڕێگەی گەندەڵیی پرۆژەكان‌و هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگە ئابورییەكانی حزبەكان، لە ساڵانی كاركردنیان بەرهەمیان بێهیواكەر بووەو بودجەی زۆری وڵاتیان بەفیڕۆ داوە، زۆر پرۆژەی ستراتیژییان لەبەر بەرژەوەندیی حزبە باڵادەستەكان پەكخستووەو، هۆكارێكن بۆ قوڵكردنەوەی ململانێی سیاسی‌و دابەزاندنی لە ئاستی سەرەوە بۆ خوارەوە.
جیا لەم ڕەخنانەیش كە پەیوەندیی بە ئەزمونەوە هەیە، هەن دەپرسن پاش ئەوەی ئیرادەی خەڵك لە تشرینی 2019 ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوەو پەرلەمانیش بە بڕیار ئەو ئیرادەی هەڵوەشاندنەوەی پەسەند كرد[4]، چۆن دەكرێت جارێكی تر بگەڕێنرێنەوە سەركار؟ ئایا ئەمە دژایەتیی ئەو خواستە گشتییەی خەڵكانی چالاك‌و هەڵسوڕاوی عێراق نییە؟ ئەم بۆچونە پێیوایە بەفیدراڵیكردنی وڵات لە دروستكردنی هەرێم‌و  شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكاندایە، نەك لە زۆركردنی ئەنجومەنەكان كە بە ئەڵقەیەكی زیادو ناپێویست تەماشا دەكرێن. جگە لەوەیش ئەزمونی كاركردنی پارێزگارەكان لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەتەنیا، باشترو سەركەوتووتر بووە لە ئەزمونی پێشوو[5].
هەرچەندە خواستێكی گشتی هەیە، لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەی كۆتایی 2023 گۆڕانكاری دروست ببێت‌و نمونەیەكی جیاواز پێشكەش بكرێت، بەڵام لەڕووی كردارییەوە بەدیهاتنی ئەمە بەئەستەم دەبینرێت، ئەویش بەهۆی شەڕی ژمارەیەكی زۆر لە حزب‌و هێزی سیاسیی ڕكابەر لەسەر كورسییەكان كە (296) حزب‌و (50) هاوپەیمانین لەگەڵ چەندان بەربژێری تاك لەچوارچێوەی لیستە سەربەخۆكان[6]. هەموو ئەمانەش كێبەركێ دەكەن لەسەر (285) كورسی لە (15) پارێزگا كە (10) لەوانە هی "كۆتا"ی پێكهاتەكانن[7]. لەگەڵ ئەمەیشدا باوەڕێكی زاڵ هەیە كە بڕیاری سیاسی ئەوەیە كۆنترۆڵی ڕەوشەكە لەدەست هێزە سیاسییە گەورەكان دەرنەچێت؛ ڕێگەیش نەدرێت هێزە نوێیەكان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن‌و ڕۆڵی سەرەكییان لە نوێكردنەوەو گۆڕینی شێوازی كاری ئەو ئەنجومەنانە هەبێت[8]. ئەمەیش بە مانای مانەوەی شێوازەكانی كاری پێشووە وەك خۆیان.

كێشمەكێشی چوارچێوەی شیعی‌و سەدرییەكان
یەكێكی تر لە تەنگژەكانی بەردەم هەڵبژاردنی نوێ، كێشەی سەدرییەكان‌و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەی هاوپەیمان‌و شوێنكەوتەی "تاران"ن. سەدرییەكان لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدر لە ناوەڕاستی 2022 لە پەرلەمان كشانەوە[9]؛ سەرباری هەوڵی زۆریش بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا، بەردەوامن لە درێژەدان بە بایكۆت‌و بەشداریی سیاسی لە سایەی باڵادەستیی چوارچێوەی شیعەدا. نەك هەر ئەوە، موقتەدا سەدر هانی لایەنگرەكانی دەدات تا دەتوانن بایكۆتی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكەن بۆ ئەوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی لاواز ببێت[10]. ئەمەیش دەكرێت جۆرێك لە هاندانی پشتپەردە بێت بۆ تێكدانی پرۆسەكە كە دواتر هەندێك لە سەدرییەكان بە دڕاندنی پۆستەری كاندیدە شیعەكان لە پارێزگاكان پراكتیكیان كرد[11]؛ لە هەندێ جێگەیش گرژیی سەدرییەكان‌و ڕەوتی حیكمەی عەممار حەكیم لەسەر هەڵبژاردن، سوتاندنی بارەگای بەدوای خۆیدا هێنا[12]. ئەو دۆخەیشی لەنێوان لایەنگرانی بایكۆت‌و لایەنگرانی بەشداریدا هەیە، دیسانەوە بارگرژیی گێڕاوەتەوە بۆ شەقامی شیعی. ئەم دۆخەیش گەڕانەوەیە بۆ ڕەوشی شەڕو كوشتاری نێوخۆیی كۆتایییەكانی ئابی ساڵی پار (2022) كە بەهۆیەوە سەدر كۆتایی بە پێداگرییەكانی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە هێنا؛ بڕیاری كشانەوەیشی لە پرۆسەی سیاسی دا[13]. چوارچێوەی شیعی لە ئاست بایكۆت‌و هەوڵەكانی سەدر بۆ تێكدانی هەڵبژاردن، دوو لێكەوتەی خراپ دەبینن:
یەكەم، خۆسەپێنیی سەدر بەسەر بڕیارو پێداگریی چوارچێوەی شیعی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتێكدا ئەو ئێستا كەمینەیە. 
دووەم، بایكۆتی سەدرییەكان كە ڕەوتێكی جەماوەریی شیعەن، دەبێتە هۆی لاوازكردنی دەنگ‌و پێگەو ئامادەییی پێكهاتەی شیعە لە هاوكێشەی هەڵبژاردن، بەتایبەت لەو پارێزگایانەی تێكەڵن لەگەڵ سوننەكان لە چەشنی بەغداو دیالە. لەم نێوەیشدا باوەرێكی بڵاو هەیە كە بایكۆتی سەدرییەكان- كە هاوكاتە لەگەڵ بێهیوایی زۆری شەقام لە ئەنجومەنی پارێزگاكان- ببێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی بەشداریی شیعەكان لە هەڵبژاردن بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی پرۆسەی سیاسی، بەتایبەت لە پارێزگای بەغدا؛ ڕەشبینییەكەیش بە جۆرێكە باس لە ڕێژەی بەشداریی 5_10%ی دەنگدەران دەكرێت لە هەندێك ناوچەی شیعەنشین لە باشترین حاڵەتدا. ئەمەیش پەڵەو لەكەی زۆر لەسەر پرۆسەكە دروستدەكات‌و دەبێتە پاساویش بۆ سەدرییەكان كە زیاتر تانە لە پرۆسەكە بدەن؛ جگە لەوەیش چانسی هێزە سوننەكانی ڕكابەر بەهێزتر دەكات[14]. چوارچێوەی شیعە ترسی ئەوەیشیان هەیە سەدرو حزبەكەی حەلبوسی ڕێككەوتبن لەسەر ئەوەی جەماوەری ڕەوتی سەدر لە ناوچە تێكەڵەكان دەنگ بە لیستەكەی حەلبوسی بدەن[15]. ناوبەناویش پێچەوانەی ئەمە دەڵێن‌و باس لەوە دەكەن سەدر هەڕەشە دەكات بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن تا نزمترین ئاست كەمبكاتەوەو پرۆسەكە لەكەدار بكات[16].
ئەوەیشی مەترسییەكانی چوارچێوەی شیعی زیاتر دەكات لە بایكۆتی دەنگدان، بێبەشمانەوەی هەشت ملیۆن دەنگدەرە لەكۆی (20) ملیۆن لە كارتی بایۆمەتریی دەنگدان. پێشبینیی نەچوونی ژمارەیەكی هاوشێوەیش هەیە بۆ دەنگدان كە كۆی گشتی دەكاتە (16) ملیۆن كەس، بەتایبەت كە سەدرییەكان خۆیان یەك ملیۆن دەنگدەرن؛ لە ناوچەكانی بڵاوبوونەوەیشیان كاریگەرییان لەسەر دەوروبەری (10) ملیۆن كەس هەیە[17]. ئەمەیش لەكاتێكدایە نزمبوونەوەی بەردەوامی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردن، قۆناغ بە قۆناغ وەك تارمایی بەسەر پرۆسەكانی هەڵبژاردنەوە سێبەری كردووەو بووەتە كێشەیەكی بەردەوامی داخورانی شەرعییەتی جەماوەریی پرۆسەی سیاسیی عێراق. بە گەڕانەوەیش بۆ تۆمارو پێشینەكان ڕێژەكان لەسەر ئاستی فەرمی بەمجۆرەی خوارەوە دابەزیون: 
لە هەڵبژاردنی كۆتایی 2005 ڕێژەی بەشداریكردن (76%) بوو، لە هەڵبژاردنی 2010 دابەزی بۆ (62%)، لە هەڵبژاردنی 2014 كەمبووەوە بۆ (61%)، لە هەڵبژاردنی 2018 دیسان دابەزی بۆ (44%)و لە كۆتا هەڵبژاردنیش (2021) بەفەرمی لە (43%) وەستایەوە[18]. گومان‌و ئاماژەنمای زۆریش هەن كە هێشتا ئەو ژمارانە ورد نین‌و ڕێژەكانی بەشداری بەكردەیی‌و ڕاستی كەمتریش بوون لەوانە؛ ئەگەر بایكۆتی ئەو خەڵكانە لەبەرچاو بگیرێت كە مافی دەنگدانیان هەبووەو لە بنەڕەتەوە تۆماری خۆیان نوێ نەكردووەتەوە یان لە لیست‌و تۆماری كۆمیسیۆندا نەبوون.
هەندێك لەو خەمڵاندنە سەرەتاییانەیشی كراون، باس لەوە دەكەن پێداگریی بەشێك لە شیعە لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردن، بەگوێرەی سیستەمی "سانت لیگۆ"ی هەمواركراوی 1.7، لە بەغدای پایتەخت بە نموونە كە (49) كورسیی هەیە، بەمجۆرە دەبێت: كورسییەكانی شیعە لە ئەنجومەنی پێشوو (37) بووە كە دەكاتە (76%)، هی لیستە سوننەكان (12) بووە كە دەكاتە (24%)، بەڵام لە حاڵەتی بەشدارینەكردنی سەدرییەكان، ئەگەر هەیە كورسیی هێزە شیعەكان دابەزن بۆ (30) كورسی‌و هی هێزە سوننەكان هەڵكشێن بۆ (19)؛ ئەمەیش هاوكێشەكە دەكات بە (61%) بەرامبەر (39%) لەم خولە نوێیە[19].

لیستە شیعەكان‌و هەوڵی كۆنترۆڵكردنی سێكوچكەی دەسەڵات
لەم هەڵبژاردنە، پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعە فرەلیستن، جگە لە كەركوك‌و نەینەوا. دیارترین ئەو لیستە شیعانەیشی لە هەناوی چوارچێوەی حوكمڕانەوە هاتوونەتە دەرەوەو لە پرۆسەكەدا ڕكابەری دەكەن بریتین لە:
– لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی لە فەزیلەو هەندێك گروپی چەكدار[20].
– هاوپەیمانیی "نبنی" كە چەتری كۆكەرەوەی لیستە سیاسی‌و چەكدارەكانی بەدری هادی عامری‌و "إرادە"ی حەنان فەتلاوی‌و "الصفوە"ی عەسائیبی قەیس خەزعەلی‌و كۆمەڵێك گروپی تری چەكداری شیعەیە[21].
– لیستی "نصحح"ی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی[22].
– لیستی "قوی الدولە الوطنیە"ی هاوبەشی حیكمەی عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادی[23].
هەرچەندە لە پارێزگا شیعەنشینەكاندا لیستەكانی شیعە بەتوندی ڕكابەریی یەكتر دەكەن، بەڵام لە كەركوك‌و نەینەوا، كە ڕكابەری كوردو سوننەیان پێكەوە هەیە، یەكگرتوون‌و وەكو چوارچێوەی شیعی بەشداری دەكەن. هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا سەرنجی لیست‌و هێزەكانی چوارچێوەی شیعی چووەتە سەر پارێزگا سوننەنشین‌و تێكەڵەكان‌و، بەشی زۆریان چاویان لەوەیە بپەڕنەوە بۆ پارێزگا سوننەكان بە كەڵكوەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی باڵە چەكدارەكانیان. ئەمەیش پێشهاتێكە ئەگەرچی لەگەڵ یاساو دەستور ناكۆك نییەو هەمووان مافی بەشدارییان لە پارێزگا جیاوازەكان هەیە، بەڵام لەگەڵ ڕێسا باوەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق نایەتەوە، كە لەسەر سێكوچكەی پێكهاتەكانی شیعەو سوننەو كورد بنەڕەت بووە لە پاش ئەزمونەكانی هەڵبژاردنی 2005.
خاڵێكی تر كە زۆر جێگەی سەرنجە، هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڵام گوتاری هەڵمەتەكە زیاتر تائیفی، مەزهەبی، نەتەوەییەو كەمترین باسی پرۆژەو بەرنامەی كاری تێدایە؛ ئەمەیش زیاتر چاودێران دەخاتە سەر باوەڕی ئەوەی هێزە شیعەكان هەڵبژاردنی پارێزگاكانیان بۆ تەواوكردنی سێكوچكەی هەژموون بێت؛ بەو واتایەی پاش ئەوەی كۆنترۆڵی پەرلەمان‌و حكومەتیان كرد (2022)، هەوڵی ئەوەیش بدەن لە كۆتایی (2023) دەست بەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بگرن‌و بەمەیش بەتەواوی كۆنترۆڵی جومگەكانی دەوڵەت بكەن‌و هەوڵی دروستكردنی قۆناغێكی نوێ بدەن لە سایەی چوارچێوەی شیعە، ئەگەر نا بارودۆخ لەئێستادا لەبار نییە بۆ سازكردنی ئەو هەڵبژاردنە[24].

گۆڕانی گریمانكراوی نەخشەی هێزە سوننەكان
گەورەترین پێشهاتی گۆڕەپانی سیاسیی سوننە، لادانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی "تقدم"ە لە سەرۆكی پەرلەمان؛ بە دوای ئەوەیشدا هەوڵی بلۆككردنی حزبەكەیەتی لە ڕێگەی كۆمیسیۆن‌و دەستەی دادوەریی ناو كۆمیسیۆنەكەوە. ڕكابەرەكانی حەلبوسی بەوە تۆمەتباریان كردووە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكیی هاوبەش لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی ئیسرائیلی[25] كردووە. ئەم پێشهاتەیش لە شەقامی سوننەدا كتوپڕ بوو، هەروەها جموجۆڵی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە چونكە وەها باوە لایەنی زاڵی سوننە هەمیشە ئەوە دەبێت كە لە بەغدا نوێنەرایەتیی پێكهاتەكەی بەدەستە؛ مەرجەعی باڵای ئەم پێكهاتەیەیش زیاتر پۆستەكانی ناو دەوڵەتە. هەر بەم هۆیەیشەوە بوو لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا (2021) حزبەكەی حەلبوسی (تقدم) بەتەنیا (14/ 15) لە كورسییەكانی پارێزگای ئەنباری بەدەستهێنا؛ هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵكشا بۆ پارێزگا سوننەنشینەكانی دیكە تا نەینەوا؛ كۆی كورسییەكانیشی گەیشتنە (37) كورسی لەكۆی (71) كورسیی هێزەكانی سەر بە پێكهاتەی سوننە[26].
حەلبوسی بەرگرییەكی سەرسەختانە دەكات؛ لەم نێوەندەیشدا پەنای بۆ دوو میكانیزم بردووە: یەكەمیان ئاشكراكردنی مامەڵەی (286) لایەن‌و كەسایەتیی عێراقییە لەگەڵ كۆمپانیاكانی لۆبیكردن لە ئەمریكا، هەندێك لەوانەیش لەگەڵ BGR مامەڵەیان هەیە كە لەسەر ئەم كراوەتە كێشە؛ بەو پێیەی دەوترێت یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی ئیهود باراكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیلەو هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تەلئەبیب دەدات[27]. دووەمیشیان، هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیە ئەمنی‌و گەندەڵییەكانی ڕكابەرەكانییەتی لە شەقامی سوننە كە بەشێكیان لەڕاستیدا حوكم‌و بڕیاری ئیدانەكردنیان لەسەرە؛ نمونەی ئەوانەیش جەمال كەربۆلی، حەیدەر مولا، سوهەیب ئەلڕاوی‌و زۆرێكی ترن. هەروەها حەلبوسی هەڕەشەی ئەوەیشی كرد ئەگەر سكاڵاو دادگە سودیان نەبێ، ئەوە پەنا بۆ دارو كوتەك دەبات[28]؛ ئەمەیش كۆمەڵێك پەرچەكداری توندو جنێوی هاوشێوەی لە هێزە سوننە ڕكابەرەكانییەوە بەرامبەر ئەو بەدوادا هات، لەوانەیش هەڕەشەی هەواڵەكردنی بۆ زیندان[29]؛ دۆخێكی وەهایشی هێناوەتە كایەوە لە گرژی‌و گۆڕینەوەی جنێوو ناو و ناتۆرە كە لە شەقامی سوننەدا دەشێت بێپێشینە بێت. 
لە شەقامی سیاسیی سوننەو شوێنەكانی نیشتەجێبوونی ئەم پێكهاتەیەدا (13) هاوپەیمانێتیی جۆراوجۆر بە بەشداریی (50) حزب ڕكابەری لەسەر كورسییەكانی پارێزگا سوننەنشینەكان دەكەن؛ لەو ژمارەیەیش سیانیان هاوپەیمان یان سەر بە حەلبوسین‌و (8)ی تریان ڕكابەری دەكەن‌و هەوڵی جێگەگرتنەوەی دەدەن؛ دیارترین ئەوانەیش بە سەرۆكایەتیی موسەننا سامەڕایی‌و جەمال كەربۆلی‌و ئوسامە نوجێفین[30]. بەپێی ئەو ئاماژانەیشی تائێستا بەردەستن، پێناچێت حەلبوسی بەتەواوەتی بكرێتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، بەڵام هەندێك لە چالاكیی هێزە سوننەكانی ئەنبار ئاماژەی ئەوەیان تێدایە ڕكابەرەكانی حەلبوسی ڕەنگە بتوانن قەبارەی بچوك بكەنەوە[31]. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەگەرێك هەیە بەهۆی هاوسۆزی‌و دەركەوتنییەوە وەك ستەملێكراو، چانسی زیاتر ببێت‌و ئەمەیش تا ڕۆژی هەڵبژاردن یەكلایی نابێتەوە.

فاكتەرە یەكلاكەرەوەكان
بەپێی هەندێك لەو پێوەرە باو و بەدواداچوونانەی لەبەردەستدان[32]، نەخشەی جەمسەرگیری‌و هۆكارەكانی ئاڕاستەكردن‌و كۆكردنەوەی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنە، بریتی دەبن لە كۆمەڵێك هۆكار لەوانەیش:
– جەمسەرگیریی خێڵەكییانەی ناوچە لۆكاڵییە داخراوەكان. ئەمەیش یەكێكە لە باوترین شێوازەكانی دەنگدان لە عێراقدا. لەمەیشدا سەرۆك هۆزەكان ڕۆڵیان هەیە لە ئاڕاستەكردنی دەنگدەران بە كاندیدو لیستەكان.
– جەمسەرگیریی تائیفەگەری كە تێیدا دەنگدەر بە پشتبەستن بە هەڵوێستی مەزهەبیی لیست‌و كاندید دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان. لەمەیشدا ڕەوتە ئایینی‌و مەزهەبییەكان ڕۆڵێكی سەرەكییان هەیە لە هەڵمەتەكان.
– لە ناوچە جێناكۆكەكان بەزۆری دەنگدەران بە هاندەری نەتەوەیی دەچنە سەر سندوقەكان، بەتایبەتی لە نەینەوا، كەركوك، دیالە، سەڵاحەددین.
– جەمسەرگیریی پراگماتیكی ڕاستەوخۆ: كە بریتییە لە چوونی دەنگدەر بۆ سندوقی دەنگدان بە پشتبەستن بەو خزمەتگوزارییە ڕاستەوخۆیانەی پێشكەشی كراوە، وەك: قیڕتاوكردنی شەقامەكان، دابینكردنی هەلی كار، گرێبەستی مەدەنی‌و سەربازی بۆ بێكاران، جگە لە كڕینی ڕاستەوخۆی دەنگەكان لەلایەن هەندێك لیست‌و پاڵێوڕاوەوە.
– دەنگدانی تۆڵەكاری: لەمەیاندا دەنگدەر دەچێت دەنگ بە دژی نوێنەرێك یان لایەنێك دەدات كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا سەركەوتوو بووە، بەڵام بەڵێنەكانی بەرامبەر دەنگدەران جێبەجێ نەكردووە.

سیناریۆو ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان
سەرباری ئامادەكارییە چڕەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە 18ی كانوونی یەكەمی 2023، هەندێك پێشهات‌و ئەگەر لە ئاسۆدا هەن، كە ناكرێت نادیدە بگیرێن‌و دەشێت سیان لەوانە زەقترین بن:
– پێداگری‌و هەڵپەی چوارچێوەی شیعەیش بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕەوشەكە، ڕەنگە بەبێ پەرچەكرداری سەدرییەكان تێپەڕ نەبێت كە دەوترێت ئێستا لە قۆناغی خۆسازدانەو تاكۆتایی بێدەنگ نابێت‌و هەروا بە تەماشاكەری نامێنێتەوە[33]. هەندێك كەسی نزیك لەم ڕەوتەیش باس لەوە دەكەن پرۆژەی هەیە؛ ناوەڕۆكەكەیشی خستنی هێزە شیعەكانە بە هەڵبژاردن بێت یان بژاردەی تر[34]. سەدرییەكان لێیان ڕوونە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ ئەوان، هەنگاوێكە بۆ پەراوێزخستنی زیاتریان. بەم هۆیەیشەوە گرژیی چەكدارانە لە شەقامی شیعی زۆرەو مەترسیی ئەگەری بەریەككەوتنی سەربازی لە چەند لایەنێكەوە هەیە[35].
– دواخستنی هەڵبژاردن تا دوا چركە هەر بە ئەگەر دەمێنێتەوە؛ لەلایەك بەهۆی گرژی‌و ناڕەزاییی سەدرییەكان، لە لایەكی تر بەهۆی بەرزكردنەوەی داوایەك دژی درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆن لە پەرلەمان لەلایەن بزوتنەوەی "امتداد"ەوە بۆ دادگەی فیدراڵی. ئەم بزوتنەوەیە باسی لەوە كردووە درێژكردنەوەكە نادەستورییە؛ لە كاتێكیشدا كراوە، سەرۆكی پەرلەمان لابراوە، بەم هۆیەیشەوە تانەی لە دانیشتنە نائاسایییەكانی خولی پێنجەم داوە، كە لە ڕۆژانی 18و 22ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچووە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩[36]. ئەگەر ئەم تانەیەیش سەر بگرێت، كۆمیسیۆن ناتوانێت ئەركی خۆی لە هەڵبژاردن جێبەجێ بكات.
– لە ڕێگەی دادگەی فیدراڵییەوە هەوڵ هەیە هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دوابخرێت. لەم نێوەیشدا كاندیدێكی هاوپەیمانیی گالقیادە"ی سوننە (حەلبوسی‌و خەنجەر) لە دادگەی باڵای فیدراڵی سكاڵای لە دژی سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كردووە، داوا دەكات كۆمیسیۆن پابەند بكرێت بە دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك تا ئەوكاتەی وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەكرێت. دزەپێكراوە سیاسییەكانیش باس لەوە دەكەن هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردن جددین. گوشارەكانیش گەیشتونەتە كۆمیسیۆن‌و حكومەت‌و تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیش پاش ئەوەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بە 50+1ی دەنگ بڕیاری دا داوای دواخستن ڕەتبكاتەوە[37]. ئەگەر ئەم گوشارانەیش سەر بگرن، ئەگەری ئەوە هەیە كەركوك بەبێ هەڵبژاردن بمێنێتەوە.

سەرچاوەو پەراوێزەكان:

[1]  https://2u.pw/jL0LSvc

[2]  https://2u.pw/R9F9Q

[3]  https://2u.pw/E2bYKzq

[4]  https://2u.pw/n3PYRiJ

[5]  https://2u.pw/d21GNIA

[6]  https://2u.pw/sjXgZTI

[7]  https://2u.pw/NDVmfNb

[8]  https://bit.ly/3TbU3lS

[9]  https://2u.pw/WiYRA1d

[10]  https://2u.pw/brkfV32

[11]  https://2u.pw/IxcVLAj

[12]  https://2u.pw/mAEN8HA

[13]  https://2u.pw/mOvRikA

[14]  https://2u.pw/d21GNIA

[15]  https://2u.pw/5OLxywL

[16]  https://2u.pw/FcUmto8

[17]  https://2u.pw/5OLxywL

[18]  https://2u.pw/g08fOmf

[19]  https://2u.pw/yiJCg6r

[20]  https://2u.pw/ueZl2E4

[21]  https://2u.pw/WqEv40w

[22]  https://2u.pw/mz4KsYU

[23]  https://2u.pw/O5H3Zh7

[24]  https://2u.pw/zTj5fSK

[25]  https://2u.pw/rCeT6ji

[26]  https://2u.pw/bb6nZGw

[27]  https://2u.pw/Q3eTRPs

[28]  https://2u.pw/vMSpE3T

[29]  https://2u.pw/vMSpE3T

[30]  https://2u.pw/SQwOtts

[31]  https://2u.pw/Ze2y25A

[32]  https://2u.pw/JimzQ9B

[33]  https://2u.pw/r1TaM8u

[34]  https://2u.pw/TA5cJZK

[35]  https://2u.pw/AkBFZr0

[36]  https://2u.pw/1deuLaG

[37]  https://2u.pw/E3jr7b3

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ (خانه‌ی هزریی كوردستان) وه‌رگیراوه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand