نه‌خشه‌ی سیاسی دوای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان

2023-12-20 16:11:33
راپۆرت: دره‌و
هادی عامری و قه‌یس خه‌زعه‌لی براوه‌ی یه‌كه‌م و نوری مالیكی براوه‌ی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقن، به‌ڵام له به‌غدادی پایته‌خت حه‌لبوسی له هه‌موو لایه‌نه شیعه‌كانی بردوه‌ته‌وه، له به‌سره‌ش (ئه‌سعه‌د عیدانی) به‌ته‌نیا له هه‌موو لایه‌نه شیعه‌كانی زیاتری هێناوه‌و یه‌كه‌م ده‌نگه له‌سه‌ر ئاستی عێراق، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك له ئێرانی به‌سه‌ر ئیداره‌ی پارێزگاكاندا به‌هێزتر كرد. ورده‌كاریی له‌م راپۆرته‌دا.
هه‌ڵبژاردن و رێژه‌ی به‌شداریی
دوای 10 ساڵ راوه‌ستان، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كان له عێراق به‌ڕێوه‌چوو، به‌شداری ده‌نگده‌ران له پرۆسه‌كه‌دا ئاستێكی نزمی نوێی تۆمار كرد، حزبه نه‌ریتییه‌كان جارێكی تر كورسی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كانیان كۆنترۆڵكرده‌وه.
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 41%ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی ناویان تۆماركراوه، به‌شدارییان له ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تیدا كردووه. به‌گشتی 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، به‌ڵام له‌م ژماره‌یه ته‌نیا 16 ملیۆن كه‌س تۆماری ده‌نگدانی خۆیان نوێكرده‌وه‌و مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، له‌مه‌ش ته‌نیا (6 ملیۆن و 599 هه‌زار) كه‌س به‌شداری ده‌نگدانیان كرد. رێژه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه خۆجێییه‌كان عێراق هه‌مان رێژه‌ی به‌شداریكردنی له دواین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی تۆماركرد كه 41% بوو.
هۆكاری كه‌مبوونی ئاستی به‌شداریی
له‌پاڵ ئه‌و (7) ملیۆن كه‌سه‌ی كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، به‌ڵام تۆماری ده‌نگدانیان نوێ نه‌كرده‌وه‌و به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان نه‌كرد، دوو توێژ له عێراق به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیان نه‌كرد، ئه‌مه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌می رێژه‌ی به‌شداری له ده‌نگدان دروستكرد.
توێژی یه‌كه‌م سه‌درییه‌كان بوون كه نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی گه‌وره‌ی شه‌قامی شیعه‌كان ده‌كه‌ن و موقته‌دا سه‌در رێبه‌رایه‌تییان ده‌كات، سه‌در براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق بوو له ئۆكتۆبه‌ری 2021دا، لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك له ئێران رێگرییان لێ‌كرد حكومه‌ت پێكبهێنێت، له 2022دا سه‌در نوێنه‌ره‌كانی خۆی له په‌رله‌مان كشانده‌وه‌و خۆشی له پرۆسه‌ی سیاسی كشایه‌وه، سه‌در ئێستا پرۆسه‌ی سیاسی عێراق به گه‌نده‌ڵ ناوده‌بات، بۆیه داوای له‌لایه‌نگرانی كرد به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كاندا نه‌كه‌ن.
توێژی دووه‌م كه به‌شداری هه‌ڵبژاردنی خۆجێییه‌كانی نه‌كرد، لاوانی تشرین بوون، ئه‌مانه ئه‌و گه‌نجانه‌ن كه ساڵی 2019 خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌و بێ پێشینه‌یان له مێژووی عێراقی دوای سه‌ددامدا كرد‌و بۆ یه‌كه‌مجار سه‌رۆك وهزیرانیكیان (عادل عه‌بدولمه‌هدی) ناچار به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه كرد، هه‌ر ئه‌م گه‌نجانه بوون كه په‌رله‌مانیان ناچاركرد ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موار بكاته‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی حزبه ته‌قلیدییه‌كان خه‌ڵكانی سه‌ربه‌خۆ بتوانن خۆیان بۆ په‌رله‌مان كاندید بكه‌ن، له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا له سایه‌ی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنه‌وه گه‌نجانی تشرین له‌رێگه‌ی هاوپه‌یمانێتیی (ئیمتیداد)ه‌وه چونه ناو هه‌ڵبژاردن و (9) كورسی په‌رله‌مانیان برده‌وه، (عه‌لا ركابی) سه‌رۆكایه‌تی كوتله په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام زوو توشی ناكۆكی ناوخۆیی بوون و كوتله‌كه‌یان لاواز بوو، ئه‌مه تشرینییهكانی توشی بێئومێدیی كرد.
له‌ناو ئه‌م بایكۆته زۆره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، پارێزگای كه‌ركوك به‌رزترین رێژه‌ی به‌شداری له ده‌نگدان تۆماركرد كه گه‌یشته 66%، له كه‌ركوك یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بوو.
براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كێن ؟
ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی عێراق نیشانی ده‌ده‌ن براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه كۆكاڵییهكان ئیئتیلافی شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره، كه پێكه‌وه زۆرترین ده‌نگیان له به‌غدادی پایته‌خت و پارێزگاكانی باشور به‌ده‌ستهێناوه. رێژه‌ی به‌شداری له ده‌نگدان و ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی ئیئتیلافی شیعه‌ی نزیك له ئێران پێوه‌ره بۆ ئاستی جه‌ماوه‌رییان به‌ر له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی، كه بڕیاره 2025 به‌ڕێوه‌بچێت.
براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌سه‌ر ئاستی عێراق سێ لیسته كه هه‌ر سێكیان له‌ناو "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه"دان و نزیك له ئێران، براوه‌ی یه‌كه‌م رێكخراوی به‌در سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و سه‌ربه (هادی عامری)یه‌و ژماره‌یه‌ك له گروپه شیعه‌كانی نزیك له ئێران له‌خۆده‌گرێت، براوه‌ی دووه‌میش (نوری مالیكی) سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراقه، براوه‌ی سێیه‌میش لیسته هاوبه‌شه‌كه‌ی (عه‌ممار حه‌كیم و حه‌یده‌ر عه‌بادی)یه.
به‌ڵام له به‌غدادی پایته‌خت ئه‌و ئیئتیلافه‌ی كه (محه‌مه‌د حه‌لبوسی) سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه كاره‌كته‌رێكی سوننه‌یه‌و به‌مدواییه له پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان لادرا، زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌و پیش لایه‌نه شیعه‌كان كه‌وتووه.
له پارێزگای به‌سره‌ش له باشوری وڵات، كه ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت، لیسته‌كه‌ی (ئه‌سعه‌د عیدانی) پارێزگاری شاره‌كه هه‌ڵبژاردنی برده‌وه‌و زیاتر له (250 هه‌زار) ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌و خۆی به ته‌نیا له لایه‌نه شیعه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی بردوه‌ته‌وه.
به‌گشتیی لایه‌نه‌كانی (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی) له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا جارێكی تر جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ستی خۆیاندا توندتر كرده‌وه‌و توانییان له‌دوای حكومه‌ت، حوكمی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كانیش كۆنترۆڵ بكه‌ن.
له پارێزگای موسڵ له باكوری وڵات، لیستێكی عه‌ره‌بی سوننه كه (نه‌جیم جبوری) پارێزگاری پێشوو سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه، له‌دوای ئه‌ویش پارتی دیموكراتی كوردستان دێت.
براوه به‌پێی كورسی
براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌پێی كورسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پارێزگاكان (هه‌ڵبژاردنه‌كه پارێزگاكانی هه‌رێمی نه‌گرته‌وه)، به‌مشێوه‌یه:
• هاوپه‌یمانی (نبنی) كه له هادی عامری و قه‌یس خه‌زعه‌لی و حه‌نان فه‌تلاوی و چه‌ند گروپێكی تری شیعه پێكهاتووه، براوه‌ی یه‌كه‌مه‌و به تێكڕا (43) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه.
• هاوپه‌یمانی (ده‌وڵه‌تی یاسا) كه نوری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات براوه‌ی دووه‌مه‌و به‌تێكڕا (35) كورسی ئه‌نجومه‌نی پاریزگاكانی بردوه‌ته‌وه.
• هاوپه‌یمانی (قوی الدولە الوطنیە) كه شه‌راكه‌تی سیاسی نێوان عه‌ممار حه‌كیم+ حه‌یده‌ر عه‌بادییه، براوه‌ی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (23) كورسی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه.
• هاوپه‌یمانی (ته‌قه‌دوم) كه محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی له‌كارلادراوی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه ده‌كات، براوه‌ی چواره‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به‌تێكڕا (22) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه‌و به‌دیاریكراوی له به‌غدادی پایته‌ختی براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بووه.
• هاوپه‌یمانی (سیاده) كه خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه ده‌كات براوه‌ی پینجه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (14) كورسی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه.
• هاوپه‌یمانی (تصمیم) كه ئه‌سعه‌د عیدانی پارێزگاری به‌سره سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات براوه‌ی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (12) كورسی بردوه‌ته‌وه، عیدانی كه یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی كۆنگره‌ی نیشتمانی كۆچكردوو ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی بووه، خۆی به ته‌نیا له به‌سره له هه‌موو هێزه شیعه‌كانی بردوه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش وه‌كو كاندید زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه كه زیاتر له (156 هه‌زار) ده‌نگه.
• هاوپه‌یمانی (عه‌زم) كه نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه ده‌كات و (موسه‌ننا سامه‌ڕائی) سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، براوه‌ی حه‌وته‌می هه‌ڵبژاردن بووه‌و به تێكڕا (10) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه، سامه‌ڕایی له نه‌یاره سه‌رسه‌خته‌كانی حه‌لبوسی-یه‌و نزیكه له لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌و له پارێزگای كه‌ركوك له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی (عروبه) به‌شداری هه‌ڵبژاردنی كردووه.
• یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان براوه‌ی هه‌شته‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (9) كورسی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه.
• هاوپه‌یمانی (حه‌سم) كه سابت عه‌باسی وه‌زیری به‌رگریی عێراق سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه ده‌كات براوه‌ی نۆیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و به تێكڕا (8) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه.
• هاوپه‌یمانی (ابشر یا عراق) كه هومام حه‌مودی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات به‌هه‌مان شێوه‌ی براوه‌ی نۆیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و ئه‌ویش (8) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بردوه‌ته‌وه.
• لیستی (ابداع كربلاء) كه (نسه‌یف خه‌تابی) پارێزگاری كه‌ربه‌لا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، براوه‌ی ده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و (7) كورسی بردوه‌ته‌وه، ئه‌م لیسته شیعه‌یه یه‌كه‌مجاره به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات.
• لیستی (واسط أجمل) كه (محه‌مه‌د جه‌میل میاحی) پاریزگاری واست سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات به‌هه‌مان شێوه‌ی براوه‌ی ده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنه‌و (7) كورسی بردوه‌ته‌وه.
• سێ لایه‌نی تر له پله‌ی یانزه‌یه‌می براوه‌كاندا دێن كه هه‌ریه‌كه‌یان (6) كورسی پارێزگاكانیان بردوه‌ته‌وه كه ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه له (پارتی دیموكراتی كوردستان- تحالف القیم المدنی- اشراقه كانون)ن.
