حسێن عەلی شەریف بەر لە چەند ساڵێک لەنزیکی من ، کوڕێکی کورد بوو بە مێردی ژنێکی نەرویجی، بە حوکمی ئەوەی خانەوادەی ژنەکە خانەوادەیەکی ناسراوی ئەو شارەبوون ، بەهەمویانەوە دەستی کوڕە کوردەکەیان گرت و جێگایەکی شتنی سەیارەیان بۆ دانا. کوڕەکە دوای ماوەیەک توانی دوو برای لە کوردستانەوە بهێنێت و هەردوو براکەش ئیقامە وەربگرن و لەهەمان شاردا ببنە خاوەنی کار و ژیان. کوڕ و کچەکە دوو کچی جوانکیلەیان بوو، دوای چەند ساڵێک بەبیانوی بینینی کەس وکار کوڕەکە، ژنەکەی و دوو کچەکەی بردەوە کوردستان. دوای چەند ڕۆژێک کچەکە لە سلێمانی بەبەرچاوی منداڵەکانیانەوە درایە بەر فیشەک و تیرۆرکرا. پیاوەکەی وای نیشاندا کە تیرۆریست ژنەکەی کوشتبێت، حکومەتی نەرویجی بەپەلە کەوتە خۆی و سەفیری نەرویج لەئەردەن، بە فرۆکەیەکی تایبەت هاتە عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پیاوی ژنەکە و منداڵەکان و تەرمی ژنەکە بگێڕێتەوە بۆ نەرویج. میدیاکانی نەرویجی بەگرنگیەکی زۆرەوە سەرنجیان خستە سەر ڕوداوەکە، بەڵام هەر دوای چەند ڕۆژێک ئاسایشی سلێمانی پیاوی ژنەکەیان دەستگیرکرد. حکومەتی نەرویجی بەپەلە پارێزەریان ناردە کوردستان بۆ یارمەتیدانی کوڕەکە و هێنانەوەی بۆ نەرویج، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا ئاسایشی سلێمانی توانیان بگەنە ئەو ڕاستیەی کە پیاوەکە لە ڕێگەی خاڵۆزایەکی خۆیەوە هەستاوە بە کوشتنی ژنەکەی، هەروەها ئەوەشیان کەشفکرد کە ئەو کوڕە ناوەکەی لە نەرویج هەڵەیە و شوێنی نیشتەجێبونیشی هەر بەهەڵە داوە بە نەرویج( وەک زۆریکی تر)! هۆکاری کوشتنی ژنەکەش ئەوەبوە کە ژنەکە بیمەی ژیانی هەبوە و دەوڵەمەند بوە، ئەم کارەی بۆ دەست بەسەراگرتنی پارەی ژنەکە و وەرگرتنی بیمە کردبوو! لە دوای ئەو ڕوداوەوە ئیتر زۆرینەی تاکەکانی کورد شەرمیان ئەکرد لەم وڵاتەدا بڵێن ئیمە کوردین. ئاخر ژنێکی بێتاوان کە سیقەی بەتۆ کردوە و بۆ بینینی خێزانەکەت گەڕاوەتە وڵاتەکەت، بەبەرچاوی هەردوو کچە منداڵەکەیەوە بکوژیت، ئیتر لەبێئەخلاقی و ناشیرینیدا نمونەی نیە! میدیاکانی نەرویجی لە ڕوماڵی هەواڵەکانیاندا هەموو جار ئەیانگووت کوردێکی عێراقی، ئیتر خەڵکیش نەیئەتوانی من و بکوژەکە لەیەک جودابکاتەوە. لەم جۆرە ڕوداوانەدا خەڵکی هەر وڵاتێک هەمان کاردانەوەی خەڵکی نەرویجی ئەبێت. بۆ نمونە کاتێک عەرەبێک لە کوردستان کارێکی هەڵە ئەکات خەڵکی ناڵێن جاسمی کوڕی زیاد هەڵەیەکی کرد، بەڵکو ئەڵێن عەرەبێک هەڵەی کرد و ئێمەش هەمومان جنێو بە عەرەب ئەدەین. هەمانشێوە ئەگەر بەنگلادیشیەکیش کارێکی هەڵە بکات کەسمان کەسی هەڵەکار مەحکوم ناکەین بەڵکو تەواوی بەنگلادیشیەکان وەک تاوانبار سەیر ئەکەین. هەڵەی ئەو پیاوە کوردە کارێکی زۆر خراپی کردە سەر ناوبانگی کورد، بەدوای ئەویشدا چەندین حاڵەتی ژنکوشتن ئەوەندەی تر قوڕەکەی خەست کردەوە بۆ ناوبانگی کورد. زۆرینەی ئەو کوردانەی کە لێرە ئەبنە هۆکاری لەکەدارکردنی تەواوی نەتەوەیەک، لەوجۆرە کەسانەن کە لە بۆنە نەتەوەییەکاندا ئاڵای کوردستان ڕائەشەکێنن و کوردایەتی ئەکەن و بگرە منداڵەکانیان فێری کێشانی نەخشە و ئاڵای کوردستان ئەکەن. لەکاتێکدا لەبری ئەم کەش و فشەی کوردایەتی جوانترین کوردایەتی کردن ئەوەیە کە تۆ لە سەر کارەکەت نمونەیەکی جوانی کورد نیشانبدەیت. باشترین جۆری کوردایەتی ئەوەیە کە لە گەڕەکەکەتدا وێنەیەکی جوانی مرۆڤی کورد نیشانبدەیت نەک ئاڵای کوردستان. چونکە هەر هەڵەیەک کە تۆ بیکەیت ماڵە لەسەر ئەو نەتەوە و وڵاتەی لێیەوە هاتویت. دوێنێ لە سەر دەریابووین، چەند کچ و کوڕێکی گەنجی نەرویجیش نزیکی ئێمە خەریکی کەیف و سەفای خۆیان بوون، دوای ماوەیەک کچێکیان هاتە لای ئێمە بە بە ئسلوبێکی زۆر نەرم و تایبەت داوای کوپێکی پلاستیکی کرد. ئەڵبەتە کچەکە جلی مەلەکردنی لەبەردابوو بەس لەبەر بچوکی جلەکان ئاسان نەبوو بیبینی! خوا پەنامان بدات. ئەڵبەتە خۆتان ئەزانن هەمیشە کورد لەسەر دەریا و پارک بەشی دە نەفەر شتی زیادەی پێیە، منیش گوتم خواردن و گڵاس و خۆشمان لە خزمەتداین. ئیتر لێرەوە دەرگای گفتوگۆی ئێمە و کچەکە کرایەوە وبەدوای ئەویشدا هاوڕێکانی ترییش. کار گەشتە ئەو ڕادەی کە داوامان لێبکەن شەو بمێنێینەوە لەلایان چونکە ئەوان لەسەر دەریاکە خەیمەیان هەڵدابوو. من و هاوڕێکەشم بریارماندا بمینینەوە لە لایان. بە درێژایی دوینێشەو ئیمە لەسەر چەندین بابەت قسەمان کرد بابەتەکانیش هەموی هەوڵدانبوو بۆ ئەوەی بتوانن لە ئیمە تێبگەن. لەوە تێبگەن کە بۆچی جلی هەندێکمان زۆر داپۆشراوە و هی هەندێکمان جلی ئاساییە، لەکاتێکدا هەمومان خەڵکی وڵاتێکین. ئەیانویست تێبگەن بۆچی منێکی موسڵمان ئامادەم لەگەڵ ئەوان دانیشم بخۆم و بخۆمەوە و بیشخەوم لەگەڵیان لە کاتێکدا دراوسێ موسڵمانەکەی تری خۆی لێ لائەدات و لە سەگەکەی دور ئەکەوێتەوە. من لە ئێوە ئەپرسم ئایا من موسڵمانێکی باش و کوردێکی باشم کە هەمیشە هەوڵئەدەم لەگەڵ چواردەورەکەمدا خۆم بگونجێنم و لە گەڵ خۆشیاندا خۆشحاڵبم و تێکەڵیان بکەم، یان ئەو دراوسێیەم کە لەگەڵ هاتنی بۆ ئەم گەڕەکە ئاگاداری پیاوەکانی گەڕەکی کردوە کە کەس مەرحەبایی سەرەڕێگەی ژنەکەی نەکات، و لە ماوەی ئەم دوو ساڵەشدا کەس پەنجەرەکەی نەدیوە بەبێ پەردە! من ئەپرسم من موسڵمانێکی باشم کە هەمیشە نمونەیەکی موسڵمانی کراوە و قسە خۆش و ئەهلی کەیف نیشانئەدەم یان ئەو موسڵمانەی کە گۆشتەکەی ئێرە ناخوات بەڵام پارەکەی ئەخوات، کە تێکەڵی ئەوروپیەکە ناکات، بەڵام شانازی بە ڕەگەزنامە ئەوروپیەکەوەیە ئەکات. ئەرێ من کوردێکی باشم کە هەمیشە نمونەیەکی کوردێکی مرۆڤدۆست و سوپاسگوزاری ئەم وڵاتە نیشانئەدەم یان ئەو کوردانەی کە لە بۆنە کوردیەکاندا بە ئاڵای کوردستانەوە ناو سەنتەرەکان ئەگرن! دواجار یەکیک لە کچەکان گووتی: من نازانم چۆن سوپاسی ئیوە بکەم کە ئەوەی تۆ بۆ منت کرد کەسی تر بۆی نەکردووم! منیش بەسەرسوڕمانەوە گووتم من چیم بۆ تۆ کرد؟ ئەویش گووتی: ئەو کوڕە ڕیشنە کەلەگەڵ هاوڕێکەتدا پێئەکەنێت و نێرگەلە ئەکێشێت، دەستگیرانی منە. ئەم کوڕە هەرگیز تێکەڵی خەڵکی غەیری گوندەکەی خۆمان ناکات و زۆر لە پەیوەندی ئەترسێت، لێت ناشارمەوە زۆر زیاتر لە بیانیەکان ئەترسێت، بەڵام هەڵس و کەوتی تۆ و هاوڕێکەت وایلێکردوە کە ئێستا ئاوا پێبکەنێت و خۆشحاڵبێت، هەر بۆیە لە پای ئەو چاکەیە هەرچەند زەمەنی کۆرۆنایە بەس تکائەکەم کە بتوانم باوەشێکت پێدابکەم ئەگەر بۆ تۆ ئاسایی بێت و ئاینەکەت ڕێگەت بدا! ئەمڕٶ کە جێمان هێشتن دەستیان کردە ملمان و هیوایان خواست کە جارێکی تریش بتوانین کۆ ببینەوە. ئێستا ترسی من لەوەیە کە ڕۆژێکی تر ئەوان بەهەمان هەست کە بۆ ئێمە هەیانبوو توشی سەر ڕەشێکی تر ببن و ئەو سەر ڕەشەش لەوانەبێت کە بڵێت مریشک لێی نەنوسرابێت حەڵاڵ من نایخۆم! توخوا ئەوەی دوینێشەو من کردم یەکەم کوردایەتی و یەکەم موسڵمانێتی نەبوو؟
ئەحمەدی مەلا لە ناو میللەتاندا رۆحێک هەیە، هەڵگری یادەوەرییە، یادەوەریی دێرین کە لە مرۆڤەکان جیا ناکرێتەوە. عوسمانییەکان وەکو شیکلی ئیمپراتۆرییەت لەسەرووی سنووری میللەتانەوە هاتنەدەنگ، حوکمێکی خوداوەندانە و سنوورێکی ناجێگیر. دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانیی، هەندەی نەمابوو شتێک نەمێنێ بە ناوی دەسەڵاتی تورکەوە، بەڵام رێککەوتنی لۆزان تورکیای هاوچەرخی لێوە پەیدا بوو، دەستوورێکی عەلمانی، نزیکبوونەوە لە بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپا، شەڕی سارد و بوون بە ئەندامی ناتۆ ئەو کارتە نوێیانە بوون کە تورکیای لەسەر و سەرلەنوێ هەڵساندەوە. بە درێژایی ئەم مێژووە، بیرۆکەیەکی جێگیر هەیە ئەویش توانەوەی رەگەزی کورد بوو لە ناو ئەو بۆتەیە کە پێی دەگوترێ تورکیا، بە زمان و سەمبۆلەکانییەوە. کورد لە باکور لە نێو خۆڵەمێشی خۆی هەڵسایەوە، وەک ئەو عەنقایەی کە باڵەکانی لەیەک خشاند و بووەوە بە پەنگر. موسا عەنتەر لە کاتی کۆڕەوەکە ئەو پەنگرەی جۆشدا، پ.ک.ک لە کۆتایی حەفتاکانەوە، هاوشان لەگەڵ دروستبوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەفەسێکی دیکەیان بەو بیرۆکەیە دا کە کوردبوون و چەپبوونیان لەیەکتر مارە کرد، وەکو حەمید بۆزئەرسەلان دەڵێ لۆکال و گەردوونییان پێکەوە گرێ دا. وەکو زۆربەی هێزە چەکدارەکانی کورد پ.ک.ک کەوتە قەندیل کە دواتر شێرکۆ بێکەس بە قیبلەی کوردانی دەچوێنێ و دەبێتە لانکی سەرهەڵدانی زمانێکی نوێ( ٣ گوتار سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس، ئەحمەدی مەلا، لە چاودێر بڵاوبوونەوە) لەم سەروبەندەدا، تورکیا دەیان جار بانگەشەی بۆ ئەوە کرد کە قەندیل لە رەگەوە هەڵدەکێشێ، دوای کرداری تاوانکارانە هەڵکێشانی دارستانە خوڕسکەکانی کوردستان بوو کە حکومەتی باشوور زۆر سەرکزانە یەک دوو رستەی پێکەوە نا، کەچی بۆ شەهیدبوونی چەند پێشمەرگە و برینداربوونیان یەکسەر بە بێ لێکۆڵینەوەیەکی جیدیی پ.ک.ک تۆمەتبار کرد. قەندیل خاکی کوردانە، لانکەی ئێمەیە، پێش حیزبەکانی هەبووە و بۆ ئەبەد دەمێنێ، بەڵام قەندیل جێی لەشکری تورک نییە، جێی هیچ لەشکرێکی بێگانە نییە. ١٠٠ ساڵە تورک دەیەوێ کورد بسڕێتەوە، دوا دروشمی حەیدەر ئینجە ئەوەیە کە زمانی کوردیی ناشێ ببێ بە زمانی پەروەردە، ئەم بۆچوونە تەنها لە وڵاتێکی وەکو تورکیا جێی دەبێتەوە کە هەم نازانستییە، هەم چەواشەکارە. تورکیای عوسمانی لەدەرەوەی تێکڕای ئەو رێنێسانس و رۆشنگەرییە مایەوە کە ئەوروپا پێیدا تێپەڕی، کەچی دەزگای چاپەمەنی زۆر درەنگ گەیشتە ناو عوسمانییەکان، بۆیە لە خۆڕایی نییە، سەرکردەی هەند نەزان و چاواشەکار بەرهەمبهێنێ. زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە هەر دێرینەکانی دنیا، زمانی خاک و وەرزەکان بووە، ئێستای زمانی کوردیی کە لەژێر فشاری سیاسیی ناوچەکەدا، وەک یادەوەریی خودی ئێمە، وەک ئەو عەنقایەیە کە بە باڵەکانی ئەبجەدییەتی نوێی خولقاند، رۆژ لە دوای رۆژ لە بوژانەوە دایە. کورد ناترسێ پامۆک بکات بە کوردی بەڵام تورک دەترسن شێرکۆ بێکەس یا قانیع یا دوا رۆمانەکەی بەختیار عەلی بکەنە تورکی، چونکە یادەوەریی تورک جێگێرنییە، رەگهاژوو نییە، ئایا سۆفیا گەواهیی دەدەن کە ئەستەمبول خاکی بیزەنتەیە، کەچی ئێمە ٣ هەزار ساڵ زیاترە لەسەر ئەو خاکە دەژین. مەخابن، سیاسەتی باشوور وای لێکردنی رقمان لە خۆمان بێتەوە، بە چاوێکی پڕ لە گومانەوە سەیری تواناکانمان بکەین، بەڵام خاکی کوردان هی سیاسییەکان نییە، وەکو چۆن نابێتە موڵکی تورکان، بەڵکو هی کوردە کە رۆژ لە دوای رۆژ خۆڵەمێشەکانی ناوەوە دەبنەوە بە کڵۆ پەنگر... تورکیا دواجار شکست دەهێنێ، وەکو چۆن بەعس رۆحی خستەوە بەر باشوورییەکان، بەو شێوەیە ئێردۆگان رۆحی مانەوە دەبەخشێتە تەواویی کورد.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ئێراننامە ( 8) رەنگە جۆر و چۆنێتی و کەسێتی سەرۆككۆمار (ئسوڵگەرا، ڕیفۆرمیست، پانئێرانیست، سەربازی و تەکنۆکرات) بۆ ئێرانێکی ئیسلامی و ناوەندی کاریگەر بێت، بەڵام بۆ دۆسێی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی وەک بەلووچ (کە هەم سونین و هەم ئێرانیی ڕەچەڵەک و فارس نیین) وەک شوناس و ماف و دانپێدانان، پرسەکە لە گۆڕینی روخسارێک لە مەدەنییەکەوە بۆ توندئاژۆیەک یان سەربازییەک، لە ئسوڵگەرایەکەوە بۆ ڕیفۆرمیستێک، لە نەتەوەییەکەوە بۆ ئیسلامگەرایەک و بەپێجەوانەوەشەوە، گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردا نایەت. چونکە لە هەردوو بارەکەدا هەم بەپێی دەستوور و هەم بەپێی سیاسەتە گشتییەکانی ئەو وڵاتە کە لە دەوڵەتی قوڵی شیعەمەزهەبی دوانزەئیمامییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەم پێکهاتانە لە هەردوو ڕووی مەزهەبی و نەتەوەییەوە، هەر پەراوێزن و پلە دوون. لە سیاسەتی گشتی ئێراندا پرسی کورد لەسەر چەند ئاستێک پۆلێنکراوە، لانیکەم سێ ئاستی هەرە دیارییان: کوردی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە، کوردی نێو ئێران و هەرێمی کوردستانن. هێزە کوردستانییە ئۆپۆزسیۆنەکان هەرچی ئاستی یەکەمیانە، ئەوا لە دیدی ئێرانەوە، بە دژەڕژێم و جیاخواز و یاخی و تیرۆریست پۆلێن کراون. بێئەوەی سەرچاوەی خۆبێبەرییکردن یان بێبەریکردنی ئەوان لە پرۆسەی سیاسیی و بەشدارییاندا لە نێو ئێراندا لێکبدرێتەوە و بۆ سەرانی نوخبەی دەسەڵات بایەخدار بێت. ئەم هێز و لایەنانە لە حزبی دیموکرات و کۆمەڵە و خەبات و لقەکانیاندا خۆیان دەبییننەوە. ئەم هێزانە بەتایبەت حزبی دیموکرات بەشدارییەکی کارای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی سەرەتای کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، نوێنەرەکانیشی زۆرینەی ڕەهای دەنگی ناوچەکوردییەکانی بەدەستهێنا. (وردەکاری پرۆسەی کشانەوەی حزبی دیموکرات و حیلە و دەستیدەستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران باس ناکەین کە دواجار بوونە هۆی پەنابردن بۆ چەک لەلایەن ئەم هێزانەوە و کشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی). بەڵام "بە گشتی" وەک پرەنسیپ باوەڕی زۆرینەی هێزەکوردستانییەکانی دەرەوەی پرۆسەی سیاسیی هەنووکەیی ئێران وایە کە نە لەڕووی دەستووریی و سیاسییەوە نە لەڕووی داموودەزگا و ڕەوایەتییەوە و نە وەک پێکهاتە و نە وەک هاوڵاتییەکی کورد و بگرە ئێرانییەکیش بەم دەستوور و پرۆسەی سیاسییەی ئێستاوە نە مافیان دابین دەکرێت و نە مانایەکیش هەیە بۆ بەشداریی سیاسیی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بگرەدانوستاندنیشدا. بۆیە لەزۆربەی هەڵبژاردنەکاندا بایکۆت و بەشداریینەکردن ئەگەری جێبەجێکراوی بەردەمییان بووە و هەڵبژاردن تا هەڵبژاردنیش ئەم ئەگەرە ڕێژەیی بووە و کاریگەریی لەسەر پرسی ڕەوایەتی پرۆسەی هەڵبژاردن کەم تا زۆر جێهێشتووە، لانیکەم بۆ ناوچەکوردستانیەکان و بەتایبەت لەڕوانگەی بابەتگەلی وەک مافە مەدەنی و سیاسییەکانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتییدا. لەهەڵبژاردنی ئێستای سەرۆکایەتی (١٨/ حوزەیران٢٠٢١)یشدا، دیسانەوە بایکۆتییان هەڵبژاردووە و بەگوێرەی شرۆڤە و ئامارەکانی ڕاپرسی، هاوتا لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی نێوئێراندا، پرسی بایکۆت کاریگەریی جێهێشتووە و بەجۆرێک چاوەڕوان دەکرێت زۆرترین ڕێژەی بایکۆت دیسانەوە لە ناوچە کوردنشینەکاندا بێت و لە ئاستی ئێرانیشدا بەشداریینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا ژمارەی پێوانەیی لەجاو ٤٣ساڵی رابردوودا تۆمار بکات. کوردانی نێو ئێران و هێزە بەشدارەکانی هەڵبژاردن هەرچی پرسی کوردانی نێو ئێران، کە زیاتر وەک پرسێکی ئاسایشیی(ئەمنی) بە درێژایی ١٠٠ ساڵ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و بەتایبەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، هەر جۆرە مافێکی کولتووری وەک رێگەدان بە زمانی کوردی لە پەروەردەدا، وەرگرتنی پۆستی باڵا (لە پارێزگارێکی کوردی سوننەوە تا سەرکۆمارێتی)و …تاد، بە دەستوور بە کورد ڕەوا نەبینراوە، ئەم پرسەش بە هاتنەسەرکاری سەركۆمارێکی ڕیفۆرمیست، توندئاژۆ یان سەربازیی چارە نابێت چونکە لە دەسەڵاتیدا نییە و زیاتر دەستوورییە و لەدەستی چەند دەزگایەکی بڕیاردایە کە سەرووترن لە سەرۆككۆماریی. لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران بە شێوازی جیاواز و بەناوی جیاوازیشەوە، خوازیاری دروستکردنی حزب و فراکسیۆنی پەرلەمانین، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان ڕەتکراوونەتەوە و بە نایاسایی و جیاخوازی و نادەستووری لەقەڵەمدراوون. بۆیە دیسانەوە بەشێکی زۆری کوردەکان چ وەک ڕێکخستنەکانی شاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و چ وەک ئەوانەی لە دروستکردنی حزبێکی سیاسیی نێو ئێران نائومێد کراوون، ناچار بێت یان وەک پرەنسیپ بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسەتیش دەکەن. بەشێکی دیکەی کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردیش بە پاساوی جۆراوجۆر و بەهۆی نەبووی هێزێکی مۆڵەتپێدراوی یاساییەوە! ناچار ڕوودەکەنە نێو ڕێکخستن و ئاراستە سیاسییەکانی وەک ڕیفۆرمیست و بناژۆخوازەکان و لە پەنای ئەواندا خۆیان حەشاردەدەن، ئەڵبەت ئەم واقیعە بۆ بەلوچ و عەرەب و بگرە ئازەرییەکانیش (بەهەندێ جیاوازی کەمەوە ڕاستە). بەشیكی دیکەی کوردەکانیش هیزە ئیسلامییە وەک پێرەوانی شورای شەمس، مەکتەب قورئان و جوڵانەوەی ئیسڵاح و ..تاد دەگرێتەوە، کە بەپێی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستییان گۆراوە و ئەمانەش وەک هێزی سیاسیی ڕێگەپێدراو نین و هەر کۆتایی ساڵانی هەشتاکانەوە سەرکردەکانیان (موفتی زادە و سوبحانی و ...ڕەبیعی) بەجۆرێک لە جۆرێکەکان لەنێوبراون، تەنها لەچوارچێوەی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و ئاینی و خزمەتگوزاریی بچووکدا چالاکیی سنوورداری کولتووری خۆیان ڕێکدەخەن. لایەنگرانی ئەمانیش هەم بەپاساوی مەزهەبی و هەم بەپاساوی کوردبوون هەڵوێستیان بەرامبەر دەوڵەتی ئێرانە و لەسەر ئاستی کەسایەتی سیاسیی و جۆری کاندیدەکان، لەهەڵبژاردنەکاندا بەشداری یان بایکۆت دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێراندا چ ریفۆرمخواز و چ بناژۆخواز و چ سەربازییەکان، نیگایەکی جیاکارانەیان بۆ ماف و شوناسی نەتەوەی کورد هەیە. بە هاتنەسەرکاری ریفۆرمیستان (وەک ساڵانی کۆتایی نەوەدەکان بینرا)، پان ئێرانییەکان بەهێزبوون و یەکپارچەیی ئێران بیانوویان بووە بۆ نەدانی مافەکانی کورد. بە هاتنەوەسەرکاری توندئاژۆکانیش دیسانەوە بۆ کورد شوناسی مەزهەبی سوونەی کورد، زەقکراوەتەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، مافی کورد بە دژە دەستووری و جیاخوازیی هەژمار کراوە، تەنانەت نەک پۆست بەڵکو رێگەش نەدراوە فراکسیۆنێک و حزبێکی کوردیش دابمەزرێت. ئەمە جیا لەوەی چەندین سەرکردەی دیکەی جەماوەریی کوردیشی وەک قاسملۆ و شەرەفکەندی لە دەرەوەی ئێران تیرۆر کراون. بۆیە دۆخەکە چاوەڕوانی هیچ کراونەوەیەکی لێناکرێت و فشاری سەر هێزە کوردییەکانی ئێران لەڕووی سەربازییەوە زیاتر دەبێت و مەودای دووڕوویی سیاسیی سیاسەتی تیۆریی و عەمەلی دەوڵەت روونتر دەبێت. هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرکۆمار سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، بەهۆی جۆری پەیوەندی هەرێمی کوردستان(لە شۆڕشەوە تا کیان) و ئێران، بەر لە سیاسیی، سەربازی بووە و پەیوەندییەکی دێرینەی بڕیاردەرانی سوپای ئێران و سەرکردەکانی هەرێم بوونی هەیە، هاوپەیمانێتی دژە بەعس و پێکهێنانەوەی عێراق و پەراوێزخستنی سوونە و کوردی عێراق وەک واقیع و وەک بەشێکی ستراتیژی ئێران لە عێراقدا لەقەڵەم دراوە. بەڵام پێناچێت ئیتر ئەو یادگارییە دێرینانە بەکەڵکی هەرێم بێن، چونکە ئامانجی هاتنەسەرکاری سەرۆككۆمارێکی بناژۆخواز، بۆ بەهێزکردنەوەی هەژموونی ناوچەیی ئێرانە بەتایبەت لە عێراق و کوردستان. بۆیە لە گۆڕانێکی وەهادا بۆ هەرێمی کوردستان جوڵە سەربازییەکان مەترسیدارە و دوور نییە لە دوو ئاستدا لەسەر هەرێم فشار درووست بکرێت: تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا سنووردار بکات، هەروەها چالاکی کوردانی ئێران کەمتر بکاتەوە. هێندە بەسە بۆ وەبیرهێنانەوە کە بڕیاری جوڵەی لایەنگرانەی ئێران لە ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧دا زۆرێک لەو توندئاژۆ و سوپاییانە بەشداربوون و بەشێکیشیان لە بڕیاردەرانی بوون و هەر فشاری ئەوانیش بوو كە هەڵوێستی رەسمی ئێرانی بەرامبەر ریفراندۆم توندتر کرد. وا ئێستا بە ئەگەری زۆر لە پشتی بناژۆخوازەکانەوە وەستاوون و دەیانەوێت بچنەوە نێو کۆشکی کۆماری پاستۆری ئێرانەوە. ڕایەک لە نێو بناژۆخوازان و سوپاییەکاندا هەیە کە هەرێمی کوردستان، بووەتە جێ هەژموونی ئیسرائیل و ئەمریکا و پێگەی دزەپێکردنی سەرمایەی ئێرانی بۆ کەنداو. ئەمەشیان نەشاردووەتەوە و لە چەندین بۆنەدا داوای هەڵوێستییان لە حکومەتی رۆحانی کردووە، تا سنوورێک بۆ ئەو کارە دابنێت. بۆیە دواجار ئەو پرسە زەقدەبێتەوە كە ئەگەر سەرۆككۆمارێک بە پشتیوانی بناژۆخواز و سوپاییەکان بێتەسەرکار، ئەم فشارانە زیاتر نابن؟ ئێراننامە : زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو. ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت
تانیا تاهیر کاتێک بمانەوێ لەسەر نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بدوێین، ناتوانین خۆمان ببوێرین لەو قۆناغە مێژوویانەی كە خەمی دەستەبەرکردنی داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەكەمانی پێدا تێپەڕیووە تا بتوانین لەچوارچێوەی قەوارەیەكی یاسایی و دەستورری دانپێنراوی ناوخۆییی و دەرەكی دا ممارەسەی دەسەڵات و ماف و ئازادییەكانمان بكەین. من پێم وایە قۆناغەكانی مێژووی خەباتمان بەگوێرەی سەردەمەكان و هاوكێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان جیاوازی زۆری هەیە، بۆیە ئەگەر قۆناغی یەكەم لەخەباتی سیاسی و چەكداری شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان بەسەرهەڵدانی شۆڕشە یەك لەدوایەكەكان دەست پێبكات، تەماشادەكەین سەرجەم داخوازییەكانمان خۆی لەچەند خاڵێكی سادەی مافی ڕەوای گەلان و پاراستنی زمان و كلتور و فەرهەنگ و خاك و خۆڕێبەری ئیداری لەچوارچێوەی عێراقدا و بە پاراستنی گیانی یەكڕیزی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە زیاتر نەبووە، كە بەداخەوە سیاسەت و ئیرادەی فاشیزمی عەرەبی لەهیچ قۆناغێك دا ئەمەی پێ ڕوانەببینیوین و تا گەیشتە ئەوەی ویستی سڕینەوەی ناسنامە و بونمان لەسەر خاكی خۆمان ڕقی پیرۆزی جەماوەری كوردستان بەهاوكاری هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕەكانی ڕاپەڕین و كۆڕەوەی هێنایە بەرهەم كە ئەمەش قۆناغی دووەمی ئەومێژووەی تۆماركرد و پرسی كورد سنوورەكانی تێپەڕاند و بووە پرسێكی نێودەوڵەتی لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا پاراستنی ناوچەڕزگاركراوەكان و تاكی كوردستانی بوو بەئەمری واقع. خۆشبەختانە سەركردایەتی سیاسی كورد بەیەكڕیزی و تەبایی قەوارەیەكی یاسایی و سیاسی دروست كرد كە لە دونیای یاسای دەستوریدا ناونرا حكوومەتی ئەمری واقع، بەمەشەوە نەوەستان لە 4/10/1991 لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی ئەوكاتەوە بڕیاری ڕاگەیاندنی فیدراڵی درا، كەدیسان ئەمەش وەك غەمی سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ نیەت پاكی و سەقامگیری سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتی ئەزموون و خەباتی گواستەوە بۆ قۆناغێكی تری مێژووی، تەواوی ئەو سیازدە ساڵە تا ڕووخاندنی حزبی بەعس و ڕژێمەكەی بوە پاڵپشتییەكی باش و بەهێز بۆ سەلماندنی ئەوڕاستیەی توانای خۆبەڕێوەبەری دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریمان هەیە. ئیدی لێرە بەدواوە قۆناغی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بونیادنانەوەی دەوڵەتی هەڵوەشاوەی عێراق دەست پێدەكات، كە كورد ڕۆڵێكی گرنگی بینی لە پانتاییەدا و، توانی لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە زامنی مافەكانی بكات، لە عێراقی نوێدا و بۆ یەكەم جار لە چوارچێوەی ڕێكخستنێكی یاساییانەی دەستوورییدا كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانیشی دانی پیانرا، كە بەداخەوە لەسەر ئەرزی واقع ویستی هەندێك كەس و لایەنی سیاسی عێراق و هاوكێشەی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی تا ئێستا ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی زۆرترین مادەی پەیوەست بەمافەكانی گەلی كورد و خاكەكەی، هەربۆیە لەدوای بەهێزبوونی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی فیدراڵی و هەندێك هێزی سیاسی مەیلی تاكڕەوی و مەبدەئی زۆرینە و زاڵبوونی هەژمونی دەسەڵاتی مەزهەب و دروستكردنی قەیرانی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرتەسككردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وایكرد كە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی خەڵكی كوردستان ببات، ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو ئەو سزادانە سیاسییە هەرێمی نێودەوڵەتیانە بوو كە خرایە سەرهەرێمی كوردستان، ئەم قۆناغەش لەخەبات پێویستی بەچارەسەری حەكیمانە و سیاسەتی دیپلۆماسیانەی كەسانی دڵسۆز و ماندونەناس بوو تا بتوانرێت دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە بەرێت وكوردستان بگەڕێنێتەوە قۆناغی سەقامگیری سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییەكانیش جارێكیتر دابڕێژێتەوە ، لەم قۆناغە گرنگ و هەستیارەدا غەمی پاراستنی كیانی یاسایی و سیاسی هەرێم بوو بەغەمی لە پێشینەی سەرۆكی هەێمی كوردستان و بەكارهێنانی سەرجەم دەسەڵاتەكانی و وزە و پەیوەندیە كەسییە تایبەتییەكانیشی لەم پێناوەدا خستە گەڕ، لێرە بەدواوە غەمەكان دەبێت ببنە بەرهەم، خەمی نووسینەوەی دەستوورێك كە پرۆسەی بونیادنانەوەی ئینتمای تاكی كوردی تیا بەرجەستەبێت لەڕێگای نووسینەوەی خودە و لە ماف و ئەركەوە بۆ جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و پاراستنی مافی سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان. لەپاڵ هەوڵە ئیجرائی و یاساییەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتییەكەی بۆلای سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بێگوێدانە ژمارەی كورسی و دەنگدەر بۆ كۆكردنەوەی كۆدەنگی و دروستكردنی ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێم ئەوەمان پێدەڵێت كە چیتر پرسی نووسینەوەی دەستوور و بەیاسا ڕێكخستنی ماف و ئازادی و جیاكردنەوەی دەسەڵات و تایبەتكارییەكانی بووەتە ئەولەویەت و بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە هەموومان بەسەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانمانەوە بۆیەكەمین جار كوردستان و گەلەكەی دەكەینە خاوەنی دەستوور، بۆیە پێویستە هەمووان پێكەوە هاوكار وهەماهەنگ بین، ئەو لەمپەرو بەربەستانە بشكێنین كە بیەوێت ئەم هەوڵە لەبار بەرێت کە خەونی چەندین ساڵەی ئێمە بووە .
سەهین موفتی بەڕێز/ عەبدوڵا ئۆجەلان سڵاوو رێز... لە دەستپێکدا، پڕ بە دڵ خوازیارم لە ژیندا مابیت، هەموو ئەم هەواڵانەی لەسەر دیدارو پەیامەکانت لەرێی پارێزەرەکانتدا بڵاو دەبنەوە، دروست بن...! بەڕێزم، ئۆجەلان داواکارم، پەیامێکی روون وەبەر گوێی تەواوی گەریلاو ئەندامانی پەکەکە بە گشتی، بگەیەنیت کە هەرێمی کوردستان ماندووە، تێیان بگەیەنە، ئێمە نامانەوێت چیدی خوێنی یەکدی بدینین. مێشکیان ئاوەڵا بکە، کە پێمانخۆشە لە هەولێرێوە بەبێ هیچ سنوورێک، شەوێک وەڕێ کەوین و بەرچایی سپێدەمان لە باتمان بێت، نزاو پاڕانەوەمان لە خوداوەند، لەسەر گڵکۆی نوح ی مەزن لە جزیری بێت. داواکارییەکانمان، لە ئوڕفە بێت، هەتا زووتر خودا بیبیستێت..! بەڕێزم، ئۆجەلان... گەریلاکان هەموو شەڕێکی خۆکوژییان دەگەڵ ئێمە تاقی کردەوە، لەم هەرێمە وەهمەی ناوییان لێناوە مێدیا، هەزاران رۆڵەی باشوورییان لەژیندا نەهێشت، کەچی هەر هاوکاریمان لێ نەبڕین...! ئێمە بڕیارمان بوو، شەڕی خۆ کوژی حەڕام بێت، پێیانبڵێ: یەخەمان بەردەن، روو لە دیاربەکرو ماردین کەن، ئەودەم خوێنمان لە دایکمان حەڵاڵ نەبێت، پێشڕەوییان نەبین...! تێبینی: گەر ئەم نامەیە، نەگەیشت بە ئۆجەلان، ئەوا بۆ موڕاد قەرەیلان.
ئاسۆ حاجی لە رووداوی ئامێدی پەکەکە بەو رۆکێتانەی هێزی هاوپەیمانان بە هیزەکانی حەشدی شەعبی و سوریای دیموکرات و پێشمەرگەی داوە پێشمەرگەکانی شەهید کردووە، کە لە ناو باجەرێکی زریپۆش(درع) بوونە، ئەوەش هێزی هاوپەیمانان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتێکی ئەخلاقی و پیشەیی، بەدواداچوون بکەن بۆ زانین و ئاشکراکردنی چۆنیەتی گەیشتنی ئەو رۆکێتانەی هاوپەیمانان بۆ شەڕی تیرۆرستانی داعش بەو هێزانەیان داوە بگاتە دەست پەکەکە و لە دژی پێشمەرگە بەکاربهێندرێتەوە. زیاتر ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە هێزەکانی سوریا دیموکرات ئەو جۆرە رۆکێت و چەکی دیکەی پێشکەوتووی گەیاندبێتە پەکەکە، بەڵام ئەوەش بە دوور نازاندرێ کە سەرچاوەی ئەو چەکانە میلیشیا شیعیەکانی سەر بە ئێران بن، چونکە ئەوان ئێستا نزیکترین هەڤالبەندی پەکەکەن و لە شنگال موچە بە چەکدارانی پەکەکە دەدەن و لە باشوری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە ئاسانکاری بۆ پەکەکە دەکەن بۆ تەجنید کردنی گەنجانی کورد و رەوانەکردنیان بۆ قەندیل و کەمپەکانی دیکەی پەکەکە لە ناو سنووری ئێران. ئەگەرێلکی دیکەش هەیە کە پەکەکە ئەو رۆکێتانەی لە هەندێک بەرپرسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بە دەست گەیشتبێ کە پەیوەندیان لەگەڵ ئێران و پەکەکە خۆشە و لە سنووری نیوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بازرگانی نا یاسایی پێکەوە دەکەن. ئەوەی ئەمڕۆ پەکەکە کردنی هەوڵدان بوو بۆ رێگری کردن لە هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ئەو سەنگەر و خاڵانەی لە هەردوو چیای مەتین و گارا بەر لە شەڕی داعش تێیدا جێگیربوون، بەڵام بەهۆی شەڕی تیرۆر ئەو خالانە چۆل کران، مەبەستی چوونی هێزی پێشمەرگە رێگری کردن بووە لە وەی سوپای تورکیا وەک چۆن زناری کێستەی لەلایەن پەکەکەوە بۆ بەجێهێڵدرا و ئیستا داگیری کردووە و خاڵی سەربازی جیگیری لێ دادەمەزرێنی، بەهەمان شێوە پەکەکە دەستی تورکیا بۆهەردوو چیای مەتین و گارا رابکێشێ و خۆشی بەرەو ناو شارەکان دابکشێ. ئەوەی پەکەکە دەیکا راکێشانی زیاتری دەستی تورکیایە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، پەکەکە چیاکان بۆ سوپای تورکیا بەجێدێڵێ، سەربازانی تورکیش دارستانەکان دەبڕنەوە و خاڵی جێگیر دادەمەزرێنن و دوای تەواوبوونی ئەرکیان ناکشێنەوە. پەکەکە بزاڤ و هەبوونی خۆی گواستۆتەوە ناو گوند و ئاوەدانیەکان و خۆی لە شارەکان نزیک دەکاتەوە، ئەوە ئەو قۆناغەیە کە پەکەکە و سوپای تورکیا پێ بە پێ خاکی هەرێمی کوردستان سوتماک و داگیر دەکەن. قۆناغی دووەم کە پەکەکە کاری بۆ دەکات گواستنەوەی شەڕە بۆ ناو شارەکان و راکێشانی دەستی تورکیایە بۆ داگیرکردنی تەواوی هەرێمی کوردستان.
ئومێد قهرهداخی چۆن له میراتی سیاسی بدوێین؟ له رۆژی 3-6-2021 ، له سایتی درهو مێدیا، كاك كهمال چۆمانی وتارێكی بڵاوكردۆتهوه به ناونیشانی (میراتی سیاسیی؛ بەرهەم ساڵح بە نمونە) لهم وتارهدا چهند بۆچونێكی خۆی سهبارهت به میراتی سیاسی و رۆڵی بهرههم ساڵح له دروستكردنی میراتی سیاسی خستۆته روو ، ئهمهوێت لهم وتارهدا ههندێك تێز و روانگهی تایبهتی خۆم سهبارهت به پرسی باسكراو بخهمه روو پێش ههموو شت، ئهگهر بمانهوێت بهشێوهیهكی زانستی لهبارهی رۆڵی سهركردهیهك له بیناكردنی میراتی سیاسی قسه بكهین ، پێویسته رهچاوی ههلومهرجی مێژوویی و ئهو دۆخ و سیستمه سیاسیه بكهین ئهو سیاسهتمهدار تیایدا كاریكردوه ، بهبێ تێگهیشتنی ورد له ههلومهرجه مێژوویهكه ، له سروشت و پێكهاتهی سیستمه سیاسیهكه؛ ناتوانین به وردی و بابهتی وێنهیهكی راست و دروست سهبارهت به كارایی و كاریگهریی سهركرده له دروستكردنی میراتی سیاسی ههڵسهنگاندن بكهین ، ئهو رۆڵهی جۆرج واشنتۆن له ویلایهته یهكگرتوهكانی ئهمریكا بینیوهیهتی له جێگیركردنی سیستمێكی دیموكراسی ، به تهواوی پابهندی ئهو ههلومهرجه مێژوییهكهی و سروشتی سیاسهت و دهسهڵات لهو قۆناغهدا ، ناكریت چاوهریی ئهوه بكهین جهلاله تاڵهبانی ههمان ئهو شتانهبكات كه جۆرج واشنتۆن له ئهمریكا كردی ، ههم قۆناغه مێژوییهكه ، ههم دهسهلاتی ههریهك لهو دوو سهركردهیه ، ههرم سروشتی سیاسی قۆناغه و هاوسهنگی هێزهكان جیاوازن ، بۆیه ئهبی قسهكردن لهسهر میراتی سیاسی ههر یهكێكیان له چوارچێوهی خوێندنهوهی ههلومهرجی مێژوویی و سیاسی قۆناغهكه بێت بهرههم ساڵح وهك بونیادنهری میراتی سیاسی كاتیك ئیمه دهمانهوێ له بارهی رۆڵی بهرههم ساڵح له دروستكردنی میراتی سیاسی بدوێین ، پێویسته ئهوه لهبهرچاو بگرین ئایا بهرههم ساڵح وهك كهسایهتییهكی سیاسی له چ ژینگه و ههلومهرجێكی سیاسیدا سیاسهتی كردوه ؟ بهرههم ساڵح له شوینێك سیاسهتی كردوه و پێگهی ههبوه كه ههرێمی كوردستانی عێراقه ، ناوچهیهك نه دهوڵهته و نه دامهزراوهی تۆكمهی حوكمرانی ههیه، به پێچهوانه گرفتاربوه بهدهست كۆمهڵێك كێشهی قووڵی سیاسی و حوكمرانییهوه، لهوانه ، له سهرهتای دروستبوونی حكومهتی ههرێمهوه ، حزب كۆدێتای كردوه بهسهر دامهزراوهكانی حوكومهتدا ، ملیشیا باڵادهست بوه بهسهر هێزی مهدهنیدا ، كوردستان گرفتار بوه بهدهست شهری ناوخۆی و دوو ئیدارهیی و زۆر گرفتی بونیادی دیكه له نێو سیستمه حوكمرانیهكهدا ، دهبێت له چوارچێوهی ئهم بارودۆخه سیاسی و ههلومهرجی مێژوییه ههڵسهنگاندن بكرێت له خوێندنهوهی رۆڵی كارهكتهرهێكی سیاسی وهك بهرههم ساڵح ئهگهر له روانگهیهكی بابهتی و به دوور له سهنگهربهندی سیاسی و ئایدۆلۆژی ههڵسهنگاندن بكهین ئهتوانین بڵین : سهرهرای ئهم ئهم دۆخه سهختهی سیاسهتكردن له كوردستاندا، بهرههم ساڵح گهلێك نهریتی سیاسی گرنگی داهێنا ، نهریتێك نههیچ سهركردهیهك له پێش ئهودا توانی دایبهێنێت و نه هیچ سهركردهیهكیش له دوای ئهو توانیتی لهسهری بهردهوام بێت ، ئهشكرێت ئهو نهریته وهك میراتێكی سیاسی گرنگ تهماشا بكهین ، من لێرهدا ناچمه ناو وردكردنهوهی دهسكهوت و پرۆژهكانی بهرههم ساڵح له پێگه جیاوازهكانی حوكمرانیدا ، باس لهوه ناكهم له ماوهی دوو ساڵی سهرۆكایهتی كابینهی حكومهتی ههرێم ، سهرهرای دژایهتی حزبهكانی دهسهڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ كابینهكهی ، بهڵام ئهو نموونهی حكومهتی خۆشگوزهران و بهرپرسیاری نیشانی خهڵكدا ، بوونی (سولفهی عهقار ، سولفهی زهواج ، سندوقی نیشتهجێبوون ، سولفهی كشتوكاڵ، قهرزی پیشهسازی ، قهرزی سهرمایهگوزاری ، كهمكردنهوهی باج )، كه ئهو سولفه و خزمهتگوزارییانه رێگای سهرهكی سهرلهنوێ دابهشكردنهوهی داهاتی نیشتیمانین بهسهر هاوڵاتیاندا ، باسی ئهوهش ناكهم بهرههم ساڵح بۆ یهكهمجار له مێژووی حوكمرانی كوردیدا بودجهی نارده پهرلهمان ، به ههموو وردهكارییهكهوهله پهرلهمان گفتوگۆی لهسهر كرا ، ئهزموونی ههرێم روداوێكی گرنگ بوو ، له راستیشدا تهنها ئهو دوو ساڵه بوونی ههبوو كه بهرههم ساڵح له سهرۆكایهتی حكومهتدا بوو ، نه پێش ئهو و نه دوای ئهو كهس لودجهی نهنارده پهرلهمان ، باسی ئهوهش ناكهم بهرههم ساڵح كۆتایی هێنا به بردنی میزانیهی حكومهت بۆ مێدیای حزب و لهبهرانبهردا كۆمهكی میدیای ئههلی و كۆمهڵگای مهدهنی كرد تا لهسهر پێی خۆیان رابوهستن و نهبن به پاشكۆی حزبهكان ، بێگومان له ههڵسهنگاندنی ئهم كار و پرۆژانهدا من هاورا نیم لهگهڵ كاك كهمال كاتێك دهڵێن (( سهردهمی بهرههم ساڵح كۆمهڵێك پرۆژه ئهنجامدراون ، بهڵام ئهو پرۆژانه بهرههم سالحیش نهبوایه كهسێكی تر دهیكرد)) ، پێش بهرههم ساڵح و دوای بهرههم ساڵحیش، نێچیرڤان بارزانی ههمان داهاتی بهغدای لهبهردهستدا بوو هیچ كامێك لهو كارانهی نهكرد، تهنانهت سێ ملیار دۆلار شیرینی گرێبهسته نهوتیهكانی وهرگرت ، نه كهس زانی ئهو بره پارهیه چی لێهات و نهكهس زانی له چیدا سهرفكرا . لێرهدا ئاماژه به ههندێك لهو پرۆژانهی بهرههم ساڵح دهدهم كه له ساته جیاوازهكانی دهسهڵات و حوكمرانیدا دروستیكردوه : - لهم كابینهیهدا كۆمهڵێك میكانیزمی گرنگی پهیرهوكرد بۆ بهرهنگاربوونهوهی گهندهلی و به فێرۆدان له سامانی نیشتیمانیدا ، به تهواوی دهستی چاودێری دارایی واڵاكرد بۆ ئهوهی چاودێربن لهبهرهنگاربوونهوهی گهندهڵی ، بهرێز جهلالی سام ئاغا كه لهو ماوهیهدا وهك سهرۆكی دیوانی چاودێری دارایی كاریكردوه ،له چاوپێكهوتنێكی تایبهتی كهخۆم لهگهڵی سازمكردوه دهڵێت : لهسهر داوای بهرههم ساڵح لیژنهیهكی چاودێری دارایی وهك موفهتیش مالیی له ئهنجومهنی وهزیران جێگیر كرا و هیچ مامهڵهیهك رایی نهدهكرا ئهگهر به فلتهری ئهم لیژنهیهدا تیپهری نهكردایه، ئهمهش وایكرد گهندهڵی لهم كابینهیهدا بێته نزمترین ئاستهوه ، ئهگهر له كابینهكهكانی دواتردا ئهم رۆڵه كاریگهرهی چتودێری دارایی بمایهت ئهوا بهدڵنیاییهوه گهندهڵی دههێنرایه نزمترینئاست - بهرههم ساڵح پرۆژهیهكی ستراتیژی وهك تواناسازی هێنایه ئاراوه ، بێ رهچاوكردنی ئینتیمای سیاسی و ناوچهیی و حزبی، ههزاران رۆڵهی ئهم نیشتیمانهی نارده زانكۆ موعتهبهرهكانی دنیا، من له زانكۆم و ئاگادارم ، كور و كچی وا ههژار و بێ پشتیوان سوندمهندی تواناسازی بوون ، جۆرێك بوو له مهحاڵ بێ تواناسازی بتوانن لهزانكۆیهكی دهرهوه بخوێنن، ئیستاش سهدان ئهكادیمیست و زمانزان له زانكۆكانی كوردستان ههن كه بهرههمی پرۆژهی تواناسازین ، ئهگهر پرۆژهی تواناسازیی وهك ئهوهی بهرههم ساڵح بناغهی بۆ دانا بهردهوام بوایه ئێستا تیمێكی بهرفراوان له گهنجی به توانا و ئهكادیمیستی زمانزان ههبوون - بهرههم ساڵح له سهرۆكایهتی كابینهی شهشهمدا ، بۆ یهكهمجار بهدهستهێنانی دهرفهتی كاری حكومی و دامهزراندنی كرد به فۆرم و پركردنهوهی سیڤی ، ئهمه له كاتێكدا پێشتر ههموو دامهزراندنهكان به فلتهری ئۆرگانه حزبییهكان و به تهزكیهی ئهوان ئهنجام ئهدرا ، لهراستیدا ئهمه روداوێكی گرنگ بوو، بۆ یهكهمجار دهستی كار، دهرچوانی زانكۆ و پهیمانگاكانی بێمنهت كرد كه ناوهند و ئۆگان حزبییهكان و پێیوتن ئهكرێت تهنها لهسهر بناغهی هاوڵاتیبون دهرفهتی كار و دامهزراندن ههبێت، ئهمه ئهگهر نهریتێكی تازه نهبێ له رێكخستنی پهیوهندی هاوڵاتیان و حكومهت چیتره؟ ئهمه ئهگهر میراتێكی حوكمرانینهبێت كه دهیان ههزار ههلی كاری كوردستان لهوه رزگاركردبۆ دامهزراندن پهنا بۆ مهڵبهند و لقهكان بهرن ؟ بهڵام چی دهڵێ له ناوچهیهكی وهك ههرێمی كوردستان كه راستهوخۆ دوای تهواوبوونی دوساڵهكهی بهرههم ساڵح ، دامهزراندن به فۆرم و سیڤی نهما و كرایهوه به تهزكیهی حزبی و لیستی ئامادهكراوی ئۆرگانه حزبیهكان میراتی سیاسی بهرههم ساڵح له سهرۆكایهتی كۆماردا كاك كهمال لهبارهی ئهو میراته سیاسیهی بهرههم ساڵح له سهرۆكایهتی كۆماردا دروستیكردوه دهڵێت ((وا بۆ چوار ساڵ دەڕوات بەرهەم ساڵح لە بەغدادە، ئێستا ئەگەر لێی بپرسین ئەو میراتە چییە لەو چوار ساڵە دروستتکردوە، مەگەر وەڵامەکەی تەنها ئەوە بێت کە سەردانێکی شەقامەکانی بەغدادی کردوە)) ئهم بۆچوونهی كاك كهمال ناههقییهكی گهورهیه به ههقی بهرههم ساڵح ، له راستیدا بۆ كهسێكی وهك كهمال كه توێژهره وردبینی زیاتر و بهدواداچوونی زیاتر پێویسته - كێشهیهكی گهورهی سیستمی ههڵبژاردن و كۆمیسیۆنهكهی له عێراقدا ئهوه بوو ، ههم كۆمیسیۆنهكه به پێی پشككاری حزبی بوو ، ههم شێوازی ههڵبژاردنهكه لهبار بوو بۆ تهزویر و سختهكاری ، بۆیه بهرههم ساڵح بهوئهركه ههستا و له سهرۆكایهتی كۆماردابهرههم ساڵح پرۆژه یاسای كۆمیسیۆنی سهربهخۆ ههڵبژاردنهكانی ئامادهكرد و ئاراستهی پهرلهمانیكرد و دواتر پهسهندكرا ، ئهم پرۆژهیه زۆر گرنگ بوو بۆ ههڵوهشاندنهوهی شیوازه كۆنهكهی ههڵبژاردن كه تهزویر و قۆرخكاری گهورهی تیادا ئهكرا،ههروهها خودی كۆمیسۆنیشی ههڵوهشاندوه كه لهسهر پشكێنهی حزبی دامهزرابوو ، له راستیدا ئهمه ههنگاوێكی گرنگ بوو به ئاراستهی نهزاههتی ئینتیخابی و كردنهوهی دهرگا به رووی بهروای تاكهكهسدا تا بتوانێ كێبركێ بكات - بهرههم ساڵح پرۆژه یاسای ژنانی ئێزدی ناردهپهرلهمان و پهسهندكرا، ئهم پرۆژهیه یاساییه به دهسکهوتێکی گرنگ دادهنرێت بۆ باشکردنی ژنانی ئێزدی و قوربانییهکانی دهستی دهستی داعش ئهم پرۆژهیه یاساییه به دهسکهوتێکی گرنگ دادهنرێت بۆ باشکردنی ژنانی ئێزدی و قوربانییهکانی دهستی دهستی داعش ، ئهم پرۆژهیه یاسایه كێشهی شوێنی نیشتهجێبوون و ژیان و گوزهران و ژیانی ئێزدی و كێشهی یاسایی مناڵه باوك داعشهكان و زهمانهتی تهندروستی بۆ خۆیان و مناڵیان دابین ئهكات - دواین ههوڵیشی پرۆژهی هێنانهوهی پارهدزراوهكانی ئاراستهی پهرلهمان كرد ، ئهم پرۆژهیه ئهگهر پهسهند بكرێت ئهوا ئهبێته روداوێكی گهوره بۆ سهرلهنوێ دابهشكردنهوهی داهات و بهدیهێنانی دادپهروهری ، ئهگهر جێبهجێشنهكرێت ئهبێته دۆكیومێنتێكی یاسایی ، ههر ئهوهنده مومكینه بكرێت كه بهرههم ساڵح كردوێتی بهرههم ساڵح وهك ئیرادهیهكی سیاسی سهربهخۆ كاك كهمال چۆمانی باس لهوه دهكات كه بهرههم ساڵح له ژێر سێبهری ئهواندیكهدا سیاسهت دهكات ، ئهو دهڵێت :((هەمیشە لە سێبەری ئەوانیدی سیاسەت دەکات جا چ سێبەری یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانیی بێت یان سێبەری مەسعود بارزانیی و پارتیی. بۆ نمونە، بێهەڵوێستییەکانی بەرانبەر داگیرکاریی تورکیا و بێدەنگیی نواندنی بەرانبەر گرتن و سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکان لە هەولێر))، با واز لهوه بێنین بهرانبهر ئهو دوو روداوه بهرههم ساڵح بێدهنگ نهبوه و بۆ ههردوكیان ههڵویستی خۆی راگهیاندوه ، بهڵام بهرههم ساڵح له ئێستا ئیرادهیهكی سیاسی سهربهخۆیه و تهسلیمی هیچ بنهماڵهیهك نهبوه ، بنهماڵهی بارزانی له چهندین وێستگهدا تا دواسنوور دژایهتیان كردوه ، ههستیارترین وێستگهش ههڵبژاردنی بوو به سهرۆك كۆمار، به ههمووتوانایانهوه ویستیانوا بكهن یهكێتی بهرههم ساڵح كاندید نهكات ، ئهگهر كاندیدیش بوو دهرنهچێت ، به پێی ههندیك زانیاری نێچیرڤان بارزانی به دهیان ملیۆن دۆلاهوه گهیشتۆته بهغدا تا بهو پارهیه قهناعهت به تیمی یهكێتی بكات له كاندیدكردنی بهرههم ساڵح پهشیمان ببنهوه ، كه ئهوهش نهكرا بتوانێت بهو پارهیه دهنگی فراكسیۆنه جیاوازهكانی پهرلهمانی عێراق بكرێت ، بهڵام سهرهنجام نهیتوانی ، ئهم ههموو دژایهتیهش هی ئهوهیه بهرههم ساڵح له سێبهری ماڵی بارزانیدا نیه
سەردار عەزیز بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، تورکیا لە ماوەی ڕابوردودا، تەنها دەستوەردان ناکات لە قوڵایی خاکی کوردستان، بەڵکو هەنگاو لە دوای هەنگاو، هێرش لە دوای هێرش دەکشێت و تۆڕێکی ئاڵۆز لە کۆنترۆڵی پانتایی spatial control دروست دەکات. تورکەکان زنجیرەی ڕبایە لە شوێنە ستراتیژییەکاندا دادەنێن، دەوروبەریان مین ڕێژ دەکەن، دارەکانی دەوروبەری دەبڕنەوە، ڕێگایان بۆ دروست دەکەن و بە درۆن پاڵپشتیان دەکەن. هەموو ئەمانە لە پێناو کۆمەڵێک ئامانجی هەنوکەیی و ئەگەری درێژ خایەندایە. لەم پلانەدا لە دۆخی هەنوکەییەدا تورک ئامانجی باشور و باکور و ڕۆژئاڤایە. پلانەکانی بەم شێوازنانەیە، لە یەکتر دابڕانیان، ئیدارەدانیان و پاشان بەکارهێنانیان. هەموو ئەمە دەبێت چونکە بۆشاییەکی هێز لە ناوچەکەدا هەیە. کوردی باشور کاتێک تورکیا چیاکانی لێگرتوە، ئەوا دەبێتە داردەستی ئەو لە عێراقدا و هەروەها تورکیا وەک کارتێکی سەرمێزی دانوستان بەکاری دەهێنێت. بەمشێوەیە نزیک دەبێتەوە لە پانتایی عەرەبی، دەبێتە یاریکەرێک لە سیاسەتی عێراقیدا. تورکیا لە ڕێگای ئاوەوە دەتوانێت ئاراستەی سیاسەتی باشوری عێراقیش بکات. هەموو ئەمە بەشێکە لە نیەتی فراوانخوازی تورکیا لە دەوربەری خۆی. دەکرێت سێ قۆناغ یان سێ دۆکترن لە بواری فراونخوازی تورکیدا باس بکەین، لە پاش دابران لە سیاسەتی ئەتاتورک. قۆناغی کشانی نەرم بە پشت بەستن بە دۆکترنی داودئۆغلۆ. قۆناغی فراوانخوازی دەریایی، ئێستا قۆناغی فراوانخوازی سەربازیی و کۆلۆنیالی. ئەم دوو قۆناغەی دوایی هەردوو بیری سەربازەکانن، دۆکترنی وڵاتی شین دەگەڕێتەوە بۆ جیهات یایچی، دۆکترنی سەربازی باشور وەک کەسێک پێی ووتم، بیرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسماعیل حەقیی قەرەدایی، کە وەزیری بەرگریی ئێستا چەندین ساڵ هاریکاریی بوو. دۆکترنێکی تر هەیە کە جۆرج فریدمان، خاوەنی ناوەندی فیکری ستراتیژی جیوپۆلەتیکال فیوچەر، کە ڕاوێژکاری ئەردۆگان بوە لە زۆر ڕوداودا، وەک کەسێک کە کاری لە گەڵدا کردوە پێی ووتم. دیدی جۆرج ئەوەیە کە وڵاتانی دەوروبەری تورکیا توانای هەستانەوەیان نیە، بۆیە دەرفەتە بۆ تورکیا بۆئەوەی بۆیان بکشێت . لە هەموو فراوانخوازییەکانیدا تورکیا وەستێنراوە، جگە لە باشور نەبێت. ئەم گۆڕانکارییەی سەربازیی و مۆڵگەی هیزەکان کورد ناچار دەکات کە خۆی بگۆڕێت، جا بە ویستی خۆی یان بە ویستی ئەوانیتر. ئەمە هیچ پەیوەندی بە لۆزان و سەد ساڵە و ئەو وەهمانەوە نیە. کورد هەرکە سەد دەبینێت ئیتر پڕ دەبێت لە وەهم و ئەفسانە. دەرئەنجامی هەرە سەرەکی ئەوەیە کە قۆناغی شار لە ژیاری کوردیدا گۆڕانکاری بە سەردا دێت، درۆن گۆڕانکاریی گەورەی کرد لە پرسی پانتایی شاخدا، ئێستا بونی مۆڵگەی سەربازی گۆڕانکارییەکی ترە.
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی بەریەککەوتنەکان دەکەوێتە چەقی ململانێ ی ناوچەییەوە کە درێژکراوەی ململانێ گەورە و جیهانیەکانە ، خۆ ئەگەر قۆناغی دوای سەدام لە عێراقدا چانسی کورد بۆ حکومڕانی و بەشداری لە ناوەندا دروست بوبێ ئەوا لە قۆناغی داعشدا جۆرێک لە سەربەخۆی خۆی وەردەگرێ تا ئەو ئاستەی جیاواز لە عێراق وەک هەرێمێکی فیدڕال مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ ، وە دەتوانین بڵێین هەرێم کەوتۆتە سەر هێڵی بەرژەوەندی ئەمریکا لەلایەک و ڕوسیا و چین لە لایەکی تر، ئێران لەلایەک و تورکیا لەلاکەی تر بەغدادیش بێ هەرێم ناتوانێ لە ئێستادا هەناسە بدات ئەگەر چی بەغداد بۆ هەرێم وەک قاچەکانی وایە ، لێرەوە ئەگەر بمانەوێ دۆخی گشی هەرێم بخوێنینەوە ئەوا دەبێت لە بازنە گەورەکەوە سەیری هەرێم بکەین ، کە لە ئێستادا پڕۆژەی ئۆڤاکۆ یەکێکە لە کارتەکانی وڵاتانی ڕوس و ئێران و تورکیا ( وڵاتانی ڕێککەتننامەی ئەستانە) کە هەر کاتێ بیانەوێ بەکاری دێنن کە بەرژەوەندیان نەما. پڕۆژەی ئۆڤاکۆ و بەندەری فاو ئەو دوو دەروازە جیۆئابوریەن کە بەردەوام قسەی لەسەر دەکرێ خۆ ئەگەر ئەمریکا نەبوایە کە هاوپەیمانی کوردە ئەوا تورکیا دەیویست پڕۆژەی ئۆڤاکۆ بگەیەنێتە موسڵ و لەوێشەوە بۆ بەغداد پاشان بیگەنێتە بەندەری فاو ، پرۆژەی ئۆڤاکۆ دەروازەیەکە لە نێوان تورکیا عێراقدا ڕێگەیەکە لەسەرەتاوە بە ١٢ کم دەست پێدەکات لە تەلعەفەرەوە دێتە عێراق و تورکیا بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و قەتەر و کویەت و ئیمارات لە ڕێگەی عێراقەوە بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە ، وەک بەدیلی نۆکەندی سوێس سەیر دەکرێ و لەگەڵ ڕێگای هاتوچۆی بازرگانی هێڵی شەمەندەفەریش لە خۆ دەگرێ کە لە مێرسینەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو . لەگەڵ ئۆڤاکۆدا بەندەری فاو کە یەکێکە لە گرنگترین بەندەرەکانی جیهان لە ئێستادا لەسەر نەخشەی ڕێگەی ئاوریشمی (یەک پشتێن و یەک ڕێگا ) کاری بۆ دەکرێ تا ببێتە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ڕێگەی ئاورشمی و کە یەکێک لە ڕێگاکانی بەم بەندەرەدا تێدەپەڕێ ، لە پلانیاندا هەیە ( روس و چین و ئێران و تورکیا ) کە بەندەری فاو ببەستنەوە بە ڕێگەی ئۆڤاکۆوە . لە ساڵی ٢٠١٧ دوای ڕیفراندوم و سەردانی کازمی بۆ تورکیا زیاتر ئەم پڕۆژەیە هاتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ جێبەجێ کردن لەگەڵ کێشەی شاخی بێخێر و شەنگالدا ، کە ئەگەر ئەمە بکرایە ئەوا هەرێمی کوردستان پەراوێز دەخرا ، چونکە ڕێگەکە دەبوە هۆێ سفرکردنەوەی هەمو دەروازە سنوریەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و ئەو مامەڵەشی کە ئێران هەیەتی لە دەروازەکانەوە بە هۆی ئەم پڕۆژەیەوە کەم دەبوەوە ، شاخی شەنگال و پڕۆژەی ئۆڤاکۆ و بەندەری فاو ئەو سێ پلانەن کە لە زەرەری کوردی باشور و ڕۆژئاوا دەکرێ ، ئەگەر چی داود ئۆغڵۆ وتی ئەم پڕۆژەیە بە مانای لاوازکردنی هەولێر نایە بەڵام لە ڕاستیدا بۆ خنکاندنی هەرێمە ، ئۆڤاکۆ و شاخی شنگال ئەو دو ئامانجە بون کە تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ئێرانیەوە دەیەوێ هەم هەرێم قەید بکا و هەم پەیوەندی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا بپچڕێت و لەوێوە پەکەکە لە ڕۆژئاوا داببڕیت بە هۆی ئەو هێزە سەربازیەوە کە دادەنرێت بۆ پارێزگاری قافڵەی سەیارەی بازرگانی ، بەڵام بەهۆی هەوڵی ئەمریکا و بە تایبەت ماکگرۆک ئەم پڕۆژەیە وەستا وەک دۆستێکی ڕۆژئاوا و باشوری کورستان . ئەو کاتەی ئەمریکا گەمارۆی ئابوری خستە سەر ئێران و تورکیا ، ئەم دوو وڵاتە زیاتر پێویستیان بە هەرێم هەبو هەم وەک بازرگانی هەم وەک غازو نەوت بەتایبەت تورکیا هەر بۆیە ئەوانیش دوای رێفراندۆم بە ناچاری هاتنەوە سەر سفرەی هەرێم و پەیوەندیەکانیان لەسەر بناغەی بەرژەوەندیان گرێدایەوە . هەر بەم پێودانگە ئەگەر ئەمریکا لە یەکێک لە وێستگەی بەرژەوەندیەکانیدا لەگەڵ تورکیا و چین ڕێکبکەوێ ئەگەری ئەوە هەیە ئەم کارتە بفرۆشێ ، ئەگەر چی لە ئێستادا پلانەکە وەستاوە بەڵام ئەگەر لە یەکێک لە حاڵەتی گۆڕانکاری لە ڕوداوەکاندا ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی بۆ سەر هەرێم .
كەمال چۆمانی میراتی سیاسیی ئەو دەستکەوتە مادیی و مەعنەوییانەن کە سیاسەتمەدارێک\حکومڕانێک لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا بۆ خزمەتی گەل و وڵاتەکەی بەدەستیهێناون، یان ئەو یادەوەریی و سۆز و بیر و دونیابینییەن کە سیاسەتمەدارەکە لە یادەوەریی خەڵکی بەجێیهێشتون. هەمو دەستکەوتە مادییەکان، بۆ نمونە قانونێک بۆ نەهێشتنی هەژاریی و بەدەستهێنانی یەکسانیی لە داهاتدا یان پۆڵسی\پڕۆژەیەکی سیاسیی جێبەجێکراو بۆ بەستنەوەی کۆی وڵات بە هێڵی قیتاڕ، هەروەها هەمو دەستکەوتە مەعنەوییەکان، بۆ نمونە کاتێک سیاسەتمەدارێک کار لەسەر بنبڕکردنی رەگەزپەرستیی و هەڵاوێردنی سیاسیی و رەگەزیی و جێندەریی دەکات، پێویستە هێندە گرنگ بن کاریگەرییەکانیان دوای خۆشیان بەجێبهێڵن و ببنە میراتێک هەم بۆ سیاسەتمەدارانی داهاتو کاری لەسەر بکەن و لە ناوەندەکانی پۆڵسی داڕشتن و سیاسەت و قانون-داڕشتندا جێی گفتوگۆ بن، هەمیش لە یادەوەریی خەڵک بمێننەوە و خەڵکی پێ گۆش بکەن و ئەو هەست و بیر و پۆڵسییانە ببنە وێردی سەر زمانی خەڵک. هەر سیاسەتمەدارێک لە دونیادا دەیەوێت دوای خۆی میراتێکی سیاسیی وا بەجێبهێڵێت کە هەم لەڕوی دەستەکەوتەکانەوە دوای خانەنشینبونی شانازیی پێوە بکات، هەمیش ببێتە هۆی کارتێکردن لە خەڵک و سەرچاوەی سروش بۆیان. سەرۆک کۆماری عێڕاق بەرهەم ساڵح لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتوە. سەرەتا وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم-ئیدارەی سلێمانیی، دواتر وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێڕاق و وەزیر، دواتریش وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دواجاریش وەک سەرۆک کۆماری عێراق. واتا لەوەتەی گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، پچڕ-پچڕ نەبێت، هەمیشە یا لە عێڕاق یا لە هەرێمی کوردستان لە لوتکەی دەستەڵات بوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو هەمو ساڵە لە لوتکەی دەستەڵات بوە، کەچی ئەو رۆژەی بەرهەم ساڵح ئۆفیس بەجێدەهێڵێت، کاریگەریی تەنها بەسەر ئەوانەدا بەجێدەهێڵێت کە دواجار لەگەڵ ویدا پۆستی پێدان. هۆکاری ئەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەرهەم ساڵح سیاسەتمەدارێکە بۆ ئەوە ئیش ناکات چۆن سیاسەتکردن بخاتە خزمەتی خەڵک و وڵاتەوە، ئەو سیاسەت بۆ ئەوە دەکات چۆن سیاسەت بخاتە خزمەتی خۆیەوە. ئەو دو جار هەوڵی دروستکردنی حیزبیدا، هەردو جار شکستیهێنا، ناوەندی بڕیار و هاوپەیمانیی نیشتیمانیی. شکستی بەرهەم ساڵح بە هۆی ئەوە نەبو توانای نەبێ، یاخود لێهاتویی ئەوەی تێدا نەبێ حیزبێک بەڕێوەببات، بەڵکو بە هۆی ئەوە بو ئەو ئامانجی دورمەودای لە سیاسەتدا نییە، ئامانجەکانی گەل و وڵات نین، ئامانجەکانی وی بەر لە هەرشتێک خۆیەتی. واتا، ببینن چەندە سەرکەوتو بو لەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بباتەوە، لەبەرئەوەی بردنەوەی ئەو پۆستەش هی توانای خۆی نەبوە، هەمیشە لە سێبەری ئەوانیدی سیاسەت دەکات جا چ سێبەری یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانیی بێت یان سێبەری مەسعود بارزانیی و پارتیی. بۆ نمونە، بێهەڵوێستییەکانی بەرانبەر داگیرکاریی تورکیا و بێدەنگیی نواندنی بەرانبەر گرتن و سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکان لە هەولێر. ئەو ئەخلاقە خۆپەرستانەی بەرهەم ساڵح و هەمیشە سیاسەتکردن لە سێبەری ئەوانیدیکە، وای کردوە بەرهەم ساڵح هیچ سودێک لە توانا و لێهاتویییەکانی نەبینێت و سیاسەتمەدارێکی بێکەڵک بێت. کاتێک سەردەشت عوسمان تیرۆرکرا، کاتێک خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات بەر گولە دران، بەرهەم ساڵح بێدەنگ بو. وا بۆ چوار ساڵ دەڕوات بەرهەم ساڵح لە بەغدادە، ئێستا ئەگەر لێی بپرسین ئەو میراتە چییە لەو چوار ساڵە دروستتکردوە، مەگەر وەڵامەکەی تەنها ئەوە بێت کە سەردانێکی شەقامەکانی بەغدادی کردوە. زۆر گرنگە سیاسەتمەدار میراتێکی سیاسیی پڕ شانازیی بەجێبهێڵیت، میراتێک سیاسەتمەدارانی دوای خۆت نەتوانن سیاسەتەکانن ئاسان وەلابنێن و بشبیتە سەرچاوەی هاندان و سروش بۆ نەوەی سیاسەتکاری دوای خۆت. بەڵام بەرهەم ساڵح سیاسەتکردنی لە خۆیدا کورتکردەوە، خەونە سیاسییەکانی لەو شوێنە کۆتایی دێن کە بەو پۆستە دەگات کە خۆی دەیەوێت. نیگەرانییەکانی بەرهەم ساڵح لە سیستەمی سیاسیی و ئابوریی هەرێمی کوردستان تەنها ئەو کاتە بوە کە خۆی لە دەرەوەی سیستەم بوە، کەچی کاتێک خۆی دەخرێتەوە ناو سیستەم، تەنانەت دۆستە هەرە نزیکەکانیشی جێدەهێڵێت، هەربۆیەشە بەشێکی سەرەکیی نەیارانی بەرهەم ساڵح ئەوانەن کە پێشتر بەرهەم پۆستی باڵای پێدابون. بەرهەم ساڵح لەوانەیە چوار ساڵی تریش ببێتەوە سەرۆک کۆمار، لەوانەیە پۆستی باڵاتریش وەربگرێت، بەڵام چونکە میراتی سیاسەتەکردنەکەی تەنها بۆ خودی خۆی بوە، دوای ئەوەی ئۆفیس بەجێدەهێڵێت، کەسێک نابێت ئەو میراتەی لێ وەربگرێت. بەرهەم ساڵح نە توانی رەوتێک دروستبکات، نە فیکرێک پێشبخات، تەنانەت نەیتوانی کۆمەڵێک پۆڵسییش پێشبخات، ئەوانەی پێشیشخستن کوژران چونکە خۆی لە سێبەری ئەوانیدی سیاسەتی کرد و دەکات نەک خۆی سیاسەت بسەپێنێت. بەرهەم ساڵح پۆتێنشیەڵی ئەوەی تێدا بو نوێنەرایەتیی رەوتێک بکات. داخستنی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی و پەیوەندییکردنەوە بە یەکێتییشی بەوە پاساودا کە دەیەوێت لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە شتەکان بگۆڕێت و تێکشکانی وێنەکەی خۆی راستدەکاتەوە، بەڵام چوار ساڵی رابردو نیشانیداین ئەو هەر دەیەوێت لە سێبەری ئەوانیدی بێت، ئەو هەر دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و خەونی وی بونەوە سەرۆک کۆمار و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیەتی نەک گۆڕانێکی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بێگومان من ئاگایی ئەوەم هەیە بەرهەم ساڵح بە بەراورد بە زۆربەی سیاسەتمەدارەکانی تردا تواناکانی زیاترن، سەردەمی ئەویش کۆمەڵێک پڕۆژە ئەنجامدراون، بەڵام ئەو پڕۆژانە ئەگەر بەرهەم ساڵحیش نەبوایە، کەسێکی تر دەیکرد لەوانەیە بەرهەم ساڵح باشتر کردبێتی، بەڵام ئەوە میراتی سیاسیی نییە، ئەوەی بەرهەم ساڵح کردی بودجەی بەغداد و نەوت و فشاری جەماوەر بو. بەڵام ئاکاری هەرەناشیرین کە بەرهەم ساڵح دروستیکرد، ئەوە نەبو وەک هەندێک دەڵێن خەڵکی لە سیاسەتکردن بێئومێد کرد، چونکە ئەو تەنها گروپێک کەسی دەوروبەری خۆی بێئومێد کرد نەک خەڵک، بەڵکو ئەوە بو کە دیاردەیەکی هێنایە ناو سیاسەتی کوردییەوە کە بۆ بەدەستهێنانی خەونە سیاسییەکەت، زۆر ئاسایییە هەمو بەهایەکی پێشتر کە بڕوات پێبوە بەجێیبهێڵیت. لەوەشیاندا زیاتر رێچکەی جەلال تاڵەبانیی مامۆستاکەی گرت کە هەمان کاری ئەنجامدا و مێژوی تەواوی یەکێتیی و ململانێی لەگەڵ پارتیی و ماڵی بارزانیی بە نەفرەت کرد بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار.
رێبوار كهریم وهلی كه شای ئێران ههڵات گووتیان:" بهغدا نیوهی رێگهت بێت." بهغدا زۆر دوور بوو. * توركیش دهڵێن:" حیسابێك ههڵهی تێدا بێت، له بهغداش بێت ههر دهگهڕێتهوه...لهوێش بهغدا زۆر دووره. * ئهگهرچی ئێستا بهغدا بووهته رێگهی سهرئاو، بهڵام هێشتا ههر شوێنی تهسفییهی حیساباته. كوردیش حیسابی پاك نییه. بۆیه كه دهگاته موحاسهبه، وهك منداڵه دهوڵهمهندهكهی گهڕهك تۆپی فوتبۆڵهكه ههڵدهگرێ و بۆی دهردهچێ و یارییهكه تێك دهدات. * ئههالیی مووچهخۆر، به ئینفیساڵییهكانیشهوه، ههر چاوهڕێی ئهوهن كهی شاندی ههرێم دهچێته بهغدا و كهی دهگهڕێتهوه به دهستبهتاڵی. لێدوانهكانی قوباد تاڵهبانی به درێژایی ئهو هاموشۆیهی بهغدا (كه ههر بۆخۆی بۆته كۆرسێكی مهیدانیی زمانی عارهبی و ئیتر پێویستیی به مامۆستای تایبهتی نهماوه)، وهك لێدوانهكانی ئهردۆغانن؛ ئهوه دوو ساڵه رۆژ نییه ئهردۆغان باسی موژدهیهك نهكات كه بهو نزیكانه رایدهگهیهنێ، جا ههرجارهی لهبارهی شتێكه، یان ئاڵای توركیا دهبهنه سهر مانگ، یان موردا و جهمیلیش دهچنه لای ئاپۆ، یان توركیا گازی سروشتی به ئازهربایجان دهفرۆشێ و یانیش توركیا لهمهودوا دهبێته ئهندامی ئۆپێك و بڕیار لهسهر نرخی نهوتی ههناردهكراوی خۆی دهدات! پهكوو...تهنانهت باسكردنیش قورسه!بهڵام ئههالیی تورك حهزیان له فانتازیای سیاسییه. دوایی تهماشا دهكهی هیچ موژدهیهكی دیكهی پێ نهماوه، خهریكی بڕینهوهی ئهو دارانهیه كه كاك قوباد چاندبوونی! * كاك قوبادیش ئهڵبهته بۆ ئههالی تهنها باسی دوو شت دهكات، یان رێك- كهوتوون یانیش خهریكه رێك – دهكهون، بهڵام له ههردوو حاڵهتدا ههر (دهكهون)، بهڵام چونكه حكومهتهكهی ئێمه قهمبوره، مهعلوم نییه ئهمجاره بهكام لادا دهكهوێ؟ كاك قوبادیش لهوه تێگهیشتووه كه ئههالی حهزیان له فانتازیای سیاسیه و، ئهویش قسوری ناكات. موژدهیان دهداتێ، دیسان موژدهیان دهداتێ، دوای ههموو ئهو موژدانه ئههالی چاوهڕێن، كهچی حكومهت موچهیان ناداتێ! ئهویش له شوێنی خۆیهوه مانگ نییه دوو یان سێ موژده بهسهر یهكهوه بهسهر خهڵكدا دابهش نهكات. وایلێهاتووه خهڵك نازانن چی لێبكهن؟ * پوختهی كهلام ئهوهیه كهئهو فلیمه ههتا سهر ههر ئاوا بهردهوام نابێ له شوێنێك ههر دهپچڕێت. ئهدی عیلاج چییه؟ بهسهری ئێوه منیش نازانم.
فازڵ کوردی وەک سەربازێکی وون و کەسێکی سەربەخۆ هەر کارێکم کردبێ، بابەتێکم نوسیبێ، یان دیمانەیەکم کردبێ هەمووی گوزارشت لە بیروبۆچوونەکانی خۆمیان کردوە، پەیوەندی بەهیچ لایەنێکەوە نەبووە. وەک دیموکراتخوازێکیش بەرگری و داکۆکی سەرسەختم کردوە و لە پایەکانی دیموکراسی لەمانە: سەروەری یاسا، خەباتی مەدەنی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، ئازادی بیروڕا، سەربەخۆیی دادگاکان، بێلایەنی هێزی چەکدار لە ململانێ سیاسیەکان، مافی چارەنوس و پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکهاتەکان. لە هەمان کات وەک هاوڵاتیەکی ئەمریکی بەڕەگەز کورد، لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکاری سەرسەخستی ئەو پرینسیپ و بەها دیموکراتیانەم کە مرۆڤایەتی لەسەر دەمەزراوە، لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکان بەڵام هەر بەردەوامم. بۆسەرخستنی ئەم پرینسیپانە، پڕیارم داوە شەو و ڕۆژ بخەمە سەریەکتر بۆ ڕیسواکردنی تێکدەرانی پلان و ستراتیجی ئەمریکا لە دیموکراتیزە کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و میزۆپۆتامیا و کوردستان بەتایبەتی لە ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی، چاکسازی لە سیستەمی کارگێڕی، بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، ئازادیە تاک و گشتیەکان. ئەمریکا تاکە ووڵاتە هەوڵی بەردەوامی بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان دەدات بە گشتی لە عیراق و سوریا بە تایبەتی! باشترین نمونەی پشتگیری سیاسی، نامەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ دواخستنی گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆم بۆ ساڵێک پاشان بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، ئەمریکا ئامادەبوو کە دۆسیەی خەڵکی کوردستان بباتە نەتەوەیەکگرتوەکان و مەجلیسی ئەمن بۆ یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی گەلی کوردستان لەڕووی سیاسیەوە! تاکە دۆکیومەنت هەتا ئێستا خەڵکی کوردستان دەستی کەوتبێ لە ووڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا ئەو نامەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو کە ئەوکات (تێلەرسن)! بەڵام کەسانی نەزان و نەخوێندەوار ئەم کارتەیان لەباربرد و سوتاندیان. ئەگەر قسە لەسەر کوردستانی ڕۆژئاڤا بێ، ئەوا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە هاوکاریەکان و پشتگیری ئەمریکا بۆ ئەم پارچەی کوردستان! بەڵام ئەگەر قسە لەسەر هەرێمی کوردستانی عیراق بێ، لە مێژووی ئەمریکا هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە بەم جۆرە ئەمریکا پشتیوانی لێکردبێت لە هەموو ڕوێکەوە، تاکە دۆست و پشتیوانی بۆ دۆسیەی گەلی کوردستان هەتا ئێستا تەنها ئەمریکا بووە: ئەمریکا لە ١٩٩١وە کوردستان دەپارێزێت، شەڕی ناوخۆی ڕاگرت، ھاریکاری کوردستانی کرد بۆئەوی ھەڵبژاردن بکەن و سیستمی دەسەڵات بە دامەزراوەیی بکەن، لە دەستوری عێراقدا مافی کوردستانی بەرجەستە کرد، جارێکی تر لە ھێرشی داعش کوردستانی پاراست! ئەوە دەسەڵاتی کوردیە کەخێڵەکی و چەتەگەری پیادە کرد و پەرلەمانی داخست و ووڵاتی تاڵان کرد، خیانەت ھەر ئەوە نییە ھێزێکی دەرەکی بێنیتە سەر خاکەکەت! خیانەت دزینی قوتی ھەژارانە، ھەڕاج کردنی نەوتی کوردستانە! بە پێچەوانەوە ئەمریکا ھەل و کەرەستە وئامێری تەواوی خستە بەردەست تا سیستمێکی دیموکراسی و دامەزراوەیی دروست بێ بەڵام دوای دەیان ساڵ نەیان کرد، لە جێی ئەوە کیانێکی سەراوژوری فشەلەی خێڵەکی گەندەڵیان دروست کرد کە خاڵی بوو لە ئینتیما کە بە فویەک هەرەس دێنی و دادەڕمێ.. نموونەی هەرەس و داڕمانەکان زۆرن! لە بارەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار لە عیراق و کوردستان، بەشانازیەوە خۆم بە یەکێک لە ئەندازیارانی ئەم پرۆسەیە دەزانم. ئاشکرایە بیرۆکەی ئازادکردنی عیراق لە دیکتاتۆری لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەوە بوو کە ووڵاتێکی هاوشێوەی کۆریای باشوور دروست بکرێ وە ببێتە پێشەنگی حوکمی دیموکراسی و بوژانەوی لایەنەکانی تری ژیان وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست! ئەم ئامانجەی ئەمریکا شکستی هێنا لەبەر چەندین هۆکار، کە گرنگترینیان دەست تێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە بوو کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بە دیموکراسی بوون و بوژانەوەی عیراق نەبوون چونکە لە بەرژەوەندیان نەبوو! هەروەها: *دابەشبوونی شیعە و دروست بوونی چەندین هیزی سیاسی و چەکداری پرۆکسی. *بایکۆتکردنی سوننە لە حوکمڕانی عیراق و ڕووکردنە هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان. *دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو بەرە (زۆنی زەرد و زۆنی کەسک-سەوز). پێویستە بووترێ لەم جەنجاڵەی عیراق پاش ئازادبوونی لە دیکتاتۆریەت، کوردستان هەلی زێڕینی لەبەر دەستدابوو بۆ پێشەنگی دیموکراسی و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بکا، بەڵام خۆگرێدانی هەردوو زۆنەکە بە ئەجێندای وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، ئەو هەلەیان لەدەست دا!! پرسیارە گەوهەرەکە ئەوەیە، ئایا ئەمریکا بێ هیوا بووە و دەستی هەڵگرتوە لە عیراق و کوردستان؟ بە مسۆگەری نەخێر! بەپێ ئاگاداریم لە بەرنامەکان و پرۆگرامەکانی ئەمریکا بۆ عیراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی، لە سەرووی هەموویانەوە لە ڕووی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار و تەرخان کردنی دەیان ملیۆن دۆلار و ئامادەکردن و ڕاهێنانی چەندین ڕاوێژکار کە من خۆم بەڕێوەبەری بەشێک بوم لەم پرۆگرامە کە چەند ساڵێکە دەستی پێکردوە و بەردەوامی هەیە. (ئەم پرۆگرامە بۆ ئەفغانستانیش ڕاستە، لە ئەفغانستان بەرنامەکە زۆر بەچاکی بەرێوەدەچی و بەردەوامیشە)! لە هاوینی ٢٠١٨ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی هەرێمی ئێستا کۆبوومەوە بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرۆگرامە لە ژێر ڕۆشنایی کوردستانی عیراق و کوردستانی سوریا کە خاوەن دوو هیزی چەکدارن و وێنا کراون لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان بە دوو هێزی دژە تیرۆر و ئاشتی پارێز! پێویستە بووترێ: (لە ڕوانگەی ئەمریکا، کوردستان یەک ناوچەی جوگرافیە – ئەم تێڕوانینە زۆر گرنگە پێویستە وەبەرهێنانی لەسەر بکرێ، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست نەکراوە)! ئەوەی دڵخۆشکەرە لە کوردستانی سوریا هێزی چەکدار ڕێکخراوە لەژێر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام گەورەترین بەربەست لەپێش ئەم پرۆگرامە هێزە چەکدارە حیزبیە نا ڕێکخراوەکەی کوردستانی عیراقە! بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە و بە تەنسیق لەگەڵ (ملحق عسکری) لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە زستانی ٢٠١٩ لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێم (مستەفا سەید قادر) کۆبوومەوە، بەڕێزیان ووتی لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان ڕەشنووسی پڕۆژەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدارمان لە کوردستان ئامادەکردوە و لە سەرەتای سالی ٢٠٢٠ بریاری سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ دەردەکەین و دەیکەین بە بڕیار، ئەوکات ئامادە دەبێ بۆ جێبەجێ کردن. پەیوەندیم کرد بە ملحقی عسکری باڵوێزخانەی ئەمریکا، ووتی سەردانێکی هەولێر دەکەم و لە قونسولگەری یەکتر دەبینین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداربم لە جولە دیپلۆماسیەکان، ئەوە بوو لە هەفتەی یەکەمی ٢٠٢٠ هات بۆ هەولێر و کۆبوونەوەکی بەرهەمدارمان ئەمجام دا. ئەوەی کە کوورتی هێناوە هەتا ئێستا و پاش چەندین بەدواداچوون لەگەڵ کاک مستەفا و چەندین برادەری تری گرنگی دەر بەم پرسە، ئێستاش ئەم ڕەشنووسەمان بەدەست نەگەیشتوە!! سەرنجی گرافیکەکەی سەرەوە بدەن، بەڕوونی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار بناغەی پتەوی کرۆکی چاکسازیە!! چونکە بەبێ هێزی چەکداری ڕێکخراو: *نە ئەمن و ئاسایش دەپارێزرێ *نە دامودەزگاکانی حکومەت تۆکمە دەبن و ووڵاتی متمانەیان پێدەکا *نە یاسا سەروەر دەبێ *نە بووژانەوەی ئابووری گەشە دەکا ئەوەی کە پێویستە دەستوبردی لێبکرێ بەتایبەتی لە سەروبەندی پرسی داڕشتنەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، بەبێ هێزێکی ڕێکخراوی بێلایەن ناکرێ پارێزگاری لە دەستوور بکرێ! *تەواوکردنی ڕەشنووسەکە و دەرکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمە بەزووترین کات. *پتەوکردنی پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژئاڤا تا دەگاتە مۆرکردنی پەیمانی ستراتیجی. *ڕۆڵی هەرێم لە زیندوو کردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. *نموونەیەکی بچوکیش: شەڕی (کەپکی حەمەد ئاغا) لە تەنگژەی (وەرتێ) دووبارە نەبێتەوە. (هیوادارم پڕۆژەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار لە عیراق و کوردستان بە دەردی پڕۆژەکانی تر نەچێ کە لەم دواییە دەست پێکراوە)!! * سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری کوردستان - Kurdistan Aid-KAID
چیا عەباس بیرمهندی فهرهنسی Charles Montesquieu ( ١٦٨٩ - ١٧٥٦) له ساڵی ١٧٤٨ له زنجیرهیهک نوسیندا، ٣١ نوسین، له ژمارە ١١ ەدا بهناونیشانی " رۆحی یاساکان" بۆچونهکانی لهمهر سێ کوچکهی دهسهڵات باس دهکات. ئهم سێ کوچکهیه دواتر بونه بنهمای زۆر گرنگ بۆ دروستکردنی دهوڵهت له جیهاندا. چهمکی جیاکردنهوهی سێ دهسهڵاته سهرهکیهکه ناوهرۆکی بۆچونهکانی بو. له ئێستادا له زۆربهی وڵاتهکانی ئهوروپا جیاکردنهوهی دهسهلاتهکان گۆڕاوه به جۆرێک له دابهشکردنی ئەرکەکان، ههروهها لهم سهردهمهدا کۆنترۆڵکردن و هاوسهنگی له سیستهمی بهڕیوهبردنی وڵاتدا چهمکی گرنگن و دابینی ئازادی هاوڵاتیان دهکهن. بۆچونهکانی ئهم بیرمهنده گهورهیه بونهته بنهمای زۆربهی دهستوری وڵاتانی رۆژئاوا، بهتایبهت دهستوری ئهمریکا(١٧٨٩) و دهستوری فهرهنسا (١٧٩١). به ههڵسهنگاندنی مۆنتیسیکو ئهوانهی دهسهڵاتیان بهدهستهوهیه نیهتیان ههیه به خراپی بهکاری بهێنن، بۆیه پێویسته کۆنترۆڵ و هاوسهنگی تێههڵکێشی هاوکێشهکه بکرێن تا هیچ کهسێک زۆربهی دهسهڵاتی بهدهستهوه نهبێت، بۆیه بهمهترسی زانیوه دهسهڵاتی یاسا دانان و جێبەجێکردن له ههمان دهستدا بن. بنەماکانی دەستور دەبێت دەستور بناغەی بنەرەتی سیستەمی دادی کۆمەڵگا و بەرێوەبردنی بێت، مافە بنەرەتیەکان و ئازادی بۆ هاوڵاتی زامن بکات، هاوکات پێویستە دەستور سنور بۆ ئەم مافانەش دیاری بکات تا پراکتیزەکردنیان نەبنە هۆکار بۆ ئەو کارانەی نائارامی و تاوان دروستدەکەن. بەگشتی مافە بنەرەتیەکان بەسەر دو جۆری سەرەکیدا دابەش دەبن: ١- مافە بنەرەتیە کلاسیکیەکان: مافەکانی سیاسی و هاوڵاتیبون، وەک کاندیدکردن، ئازادی رادەربرین، ئازادی ئاینی و قەدەغەکردنی مامەڵەی جیاوازی هاوڵاتیان، ٢- مافە بنەرەتیە کۆمەڵایەتیەکان، مافەکانی بواری ئابوری، گوزەرانی و کڵتوری، وەک نیشتەجێبون، هاریکاری کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەکان و ....تاد. پێکهاتەی دەوڵەت لە هەمو دەستورێکدا بناغەی جۆری دەوڵەت دیاری دەکرێت، بۆ نمونە: ١- چۆنیەتی هەڵبژاردنی دەزگاکانی دەوڵەت ( وەک پەرلەمان، سەرۆکایەتی دەوڵەت...تاد) یاخود چۆنیەتی دانان ( وەک وەزیر و جێگرەکانیان و دادوەران ) و دیاریکردنی دەسەڵات و ئەرکەکانیان. ٢- چۆنیەتی سازدانی یاساکان و چۆنیەتی گۆرینی دەستور، ٣- بەرێوەبردنی پارێزگا و شارەوانیەکان، ٤- لە سیستەمی پاشایەتیدا دیاریکردنی دەسەڵات و ئەرکەکانی پاشا و خێزان و بنەماڵەکانیان. لە وڵاتە پێشکەوتو و بە دامەزراوەکراوەکانی دنیا مافە بنەرەتیەکان لە لایەن دەستور و پەیمانە نێو دەوڵەتیەکانەوە دەپاریزرێن، وەک مافەکانی مرۆڤ و ئازادی، هاوڵاتی دەتوانێت بەرێگەی ئەم پەیمانانەوە لەو دیو سنوری وڵاتەکەشی سکاڵا دژ بە پێشێلکاری مافەکانی تۆمار بکات. ماوەیەکە لە کوردستان لەلایەن بازنەکانی دەوری دەسەڵاتەوە پرسی دەستور وروژێنراوەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەی دەستورێک بەرچاو دەکەوێت، لێرەدا چەند پرسیارێکی بنەرەتی سەرئاو کەوتون: یەکەم: دارێژەرانی ئەو پرۆژەیە کێن؟ دوەم: ئایا پرۆژەکە مافە بنەرەتیەکانی هاوڵاتی دابین دەکەن و دەیان پارێزن؟ سێیەم: ئایا لەم دۆخەی ئێستادا ئەو جۆرە پرۆژەیەی پێویستە؟ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە ئاورێکی جدی لە رابوردو بدەینەوە، دۆخی هەرێم و زەمینەی پرۆژەکە بە قوڵی بکێڵین، پرۆژەکە لە چوارچێوەی دۆخی سیاسی و حوکمرانی ئێستای هەرێم و عێراقد ببینین. پێشەکی دەستور بۆ جێبەجێکردن و چاودێریکردنی پێویستی بە دامەزراوە یاساییە سەربەخۆ و لێهاتوەکان هەیە، بۆ دارشتنیشی پێویستە سەرجەم گروپ و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشداربن، بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستان لە دوا هەڵبژاردندا زیاتر لە ٤٠% هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردن نەبون بۆیە ئەم رێژە زۆرەی هاوڵاتیان دەبێت لە دارشتنی پرۆژەی دەستور بەشدار بن، چونکە دەستور لە بنەرەتدا بۆهاوڵاتیە. دەستوری هەمیشەیی عێراق بە موبارەکەی ئەمریکا و نزیکەی ٨٥% ی دەنگی هاوڵاتیانی عێراق پەسند کراوە، سەیری وێرانەی ئێستای عێراق بکەین دەبێت پرسیاریش بکەین بەها و ماهیەتی ئەو دەستورە بۆ عێراق پاش ١٦ ساڵ لە پەسندکردنی چین؟ ئەوەندەی دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم دەسەڵاتدارانی عێراق، بەوانەی کوردستانیشەوە، تا ئەم چرکەیە دەستورەکە وەک قەمیسەکەی عوسمان بەکار دەهێنن، بێ ئەو دەستورە ناتوانن بەیاسایی بۆ رۆژێک خاوەنی دەسەڵات بن و پێگە و بەرژەوەندیەکانیشیان بپارێزن. بۆ خۆم شارەزای دەستور و یاسا نیم، بەڵام باوەری تەواوم هەیە لە وڵاتێکدا مرۆڤ وەک گیانلەبەرێکی بێ بەها ببینرێت و بەهۆکاری باوەری سیاسی و رادەربرین و چالاکی کۆمەڵایەتیەوە بکوژرێت، سزا بدرێت. نانبر بکرێت، لەکار دەکرێت و زیندانی بکرێت ئیتر دەستور و یاسا چ مانایەکیان دەمێنێت؟ سیستەمە دکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی دنیا خاوەنی دەستور بون و هەن، لە دارشتنەوەدا جوان و قەشەنگ لە پراکتیکدا کوشندە و ماڵوێرانی. ئەم پرۆژەیەی ئێستا لە پرۆژە سەرەتاییەکی چەند پسپۆرێکی یاسایی سەرچاوەی کردوە، کاری من نیە بچمە وردەکاری مادە و برگەکانی، ئەوەی بەلای خۆمەوە گرنگە کە پێویستە هاوڵاتی بزانێت نیەتەکانی پشت پرۆژەکە، هۆکار و زەمینەکانی لە ئێستادا چین..گرنگیش نیە سیستەمی حوکمرانی سەرۆکایەتی یاخود پەرلەمانی بێت، ئەوەی گرنگە لە هەر یەک لەو جۆرە سیستەمەدا مافە بنەرەتیەکانی هاوڵاتی پارێزراو بن، یاسا سەروەر بێت، سەروەری هەرێم پارێزراو بێت، دەسەڵات هەم یاسادانەر و هەم جێبەجێکەر نەبێت و .... تاد. ئەزمونەکانی رابوردو دەیسەلمێنن دەسەڵاتی هەرێم و چۆنیەتی بەرێوەبردنی هەرێم دڵنیاکەر و ئومێدبەخش نین بۆ دەستورێک بەقەد باڵایان دابرێژرێت و پەسند بکرێت. دەشێت بتوانن دەستورێکی نیوەچڵ بکەنە ئەمری واقیع، بەڵام ئەوە چارەی کێشە و نەهامەتیەکانی ئەم خاک و نیشتمانە ناکات. لەو باوەرەدام نەبونی دەستور لە دەستورێک لە سایەی دەسەڵاتێکی باوەرپێنەکراو باشترە، چونکە بەلایەنی کەمەوە شەرعیەتی رەفتار و کار و هەڵوێستەکانی لەدەست دەدات. با چاوەروان بین!
د. ئیسماعیل نامیق دوێنێ پیاوێکی داماوە لەڕانیە ھەر ئەوەندە ووتی من پێغەمبەرم، بێ ھیچ پرسیار و وەڵامێک بەربوونە وێزەی و فەلاقەیان کرد. کەمەشھەدی فەلاقەکردنی ئەم داماوەم بینی، بۆم دەرکەوت کەکاری پێغەمبەران چەند قورس بووە. ئایا ئەزانن زۆربەی پێغەمبەران زۆر لەم پیاوە خراپتریان بەرامبەر کراوە، ئەم پیاوە پۆلیس ھەندێک پاراستی، پێغەمبەری ئیسلام جگە لەئەبوتالیبی مامی کەسی تر نەبوو پارێزگاریی لێبکات، بەویان ئەوت شێت، بەمیش ئەڵێن نەخۆشی دەروونیی ھەیە، ئەو پێغەمبەر بوو، ئەم داماو و بێخەبەر. ئێستا ئەزانم ئەرکی پێغەمبەران و چاکەخوازان چەند قورس و ئەستەمە، چەند سەختە کەسێک خاوەنی پەیامی گۆڕانکاریی بێت و بیەوێت کۆمەڵگەیەکی دەقگرتوو لەسەر عورف و بیر و باوەڕی کۆن بگۆڕێت. ئەم پیاوە داماوە باوەڕ ناکەم ستەمی لەکەس کردبێت، نەکەسی کوشتووە، نەکەسی چەوساندۆتەوە، نەدزیی لەکەس کردووە، نەسەروەت و سامانی میللەتی خواردووە، رەنگە تەنھا کاریگەریی نەخۆشیەکەی پاڵی پێوەنابێت ئەو قسەیە بکات، کەچی بینیمان پەرچەکرداری نائاگایانەی کۆمەڵگە چ رۆژە رەشێکی بەسەرھێنا. باشە ئەگەر گوێیان لێبگرتبا باشتر نەبوو؟ چونکە ئەگەر قسە یان پەیامێکی باشی پێبوایە سودی بۆ کۆمەڵگە ئەبوو، خۆ ئەگەریش ھیچی پێنەبوایە گوێگرتن و بەنەرمی مامەڵەکردن لەتەکیدا سوودی بۆنەخۆشییەکەی ئەبوو. ئەی کەواتە ئەو خەڵکە بۆ وایان کرد؟ ئەمە پرسیارە جەوھەرییەکەیە لای من. راستە سروشتی مرۆڤ وایە، زۆرجار واز لەبیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی خۆی دەھێنێت و دوای مێگەل ئەکەوێت، چونکە دوای مێگەل کەوتن سەلامەتترین و ئاسانترین رێگەیە، نەبیرکردنەوەی ئەوێت، نەمەترسیشی ھەیە. رۆیشتن بەئاراستەیەکی پێچەوانەی ئاراستەی مێگەلدا، با ئاراستە دروستەکەش بێت،کارێکی ھەتا بڵێی دژوار و سەختە، لەوە سەختتر و دژوارتر ، بتەوێت ئاراستەی مێگەلەکە خۆی بگۆڕیت، لەھەموو ئەوانە سەختتر و قورستر، مانەوە و بەردەوامبوونە لەسەر ئاراستەی پێچەوانەی دروست، ھەروەھا رێگە گرتنە لە مێگەلبوون و دروستبوونی ئاراستە و خوی مێگەلیی. ھەموو ئەوانە بەئازادکردنی عەقڵ و ماڵ و ھاندانی بیرکردنەوە دەکرێت، لەبەرئەوەی وابەستەبوون لەڕوی عەقڵ و ماڵەوە بەگروپ و کەسی دیکەوە، ئازادیی بیرکردنەوە و ھەڵسوکەوتکردن لەکەسی وابەستەبوو دەسێنێتەوە، دەرەنجام دەیکاتە رەگەزێکی ھەڵمەتبەری مێگەلەکە. پەیامی ھەموو ئایینەکان و پێغەمبەرانیش، ئازادکردنی عەقڵ و ماڵ و ھاندانی بیرکردنەوە بووە، لەپێناو رێگریی کردن لەمێگەلبوون و دوای مێگەل کەوتن، بەڵام بەداخەوە ھەر دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ھاتن و رۆیشتنیاندا، خودی ئایینەکە و پێغەمبەرەکەش کراون بەئامرازی مێگەلبوون، دوای مێگەل کەوتن.
پەیكار عوسمان ١- تورکیا لە چەن دەرگایەکەوە دێتە ژوورەوە. دەرگای یەکەم ستەمکاریی و تەماعی خۆیەتی و ئەمە خاڵێکە کە نابێ بیپەڕێنین. ئاخر ئەگەر لێرەوە دەستپێنەکەین، ئیتر ئەبین بە بەشێك لە ستەمکارییەکە. چونکە چاوپۆشی لە ستەمکاریی، بەشێکە لە ستەمکاریی! ستەمکاری تورکەکانیش ڕەگێکی قووڵیی هەیەو بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە، هەر لە ئەساسەوە، ئەم ناوچەیە شوێنی سروشتی ئەوان نیەو جێگایەکیش کە هی خۆت نەبوو، ئیتر سنورت نیەو هەرچەنێك بڕۆیت، هەر هی خۆت نیەو هەر بە هێز ئەیکەیت بە هی خۆت! دەی تورکیش چ لە فۆڕمی قەبیلەداو چ لە فۆڕمی ئیمپراتۆریداو چ لە فۆڕمی دەوڵەت نەتەوەدا، هەر وای کردوەو تەنانەت دەوڵەتی مۆدێرنیش، نەیتوانیوە بیخاتە ناو سنورەوە،، لەکاتێکا "سنور" یەکێکە لە سیماکانی دەوڵەتی مۆدێرن و سیستەمی نوێ ی جیهان! سەیرکە کورد چونکە لەسەر خاکی خۆیەتی، ئیتر سنوری خۆشی ئەزانێ. مەسەلەن ئێمە تا "حەمرین" بە هی خۆمان ئەزانین و هێزیشمان هەبێت، عوزێم و خالس بە هی خۆمان نازانین. بەڵام تورك ئەو حەمرینەی نیەو تا بەسرەش بە هی خۆی ئەزانێت، چونکە لە ئەساسا هیچی هی ئەو نیەو ئەمدیو و ئەودیوی حەمرینەکان، بۆ ئەو فەرقێکی نیە! خۆ ئەوەی کە کورد داگیرکاریی ناکات، مەسەلەکە هەر ئەوەنیە، کە کورد دایمە کێشەی ناوخۆی هەبووەو سەری چوونە دەرەوەی نەپەرژاوە. هەر ئەوەش نیە کە دایمە ژێردەستەبووەو هێزو دەرفەتی ئەوەی نەبووە. بەڵکو هۆکارێکی تریش، ئەوەیە کە کورد، چونکە لەسەر خاکی خۆیەتی، ئیتر ئەشزانێ کامە ماڵی ئەوەو کامە ماڵی ئەو نیە. ئاخر عادەتەن "حەق" سنوردارەو "ساحێبی حەق" داوای شتێکی ڕوون و دیاریکراو ئەکات. مەسەلەن کورد کە داوای کوردستان ئەکات، ئەزانێ داوای کوێ ئەکات. لەکاتێکا "تەڵەبی ناحەق" هەمیشە غامزو نادیارەو مەسەلەن ئەوەی کە تورکەکان ئەیانەوێ، لەڕاستیدا خۆشیان نازانن کوێیەو هەر ڕۆژەی لە شوێنێکی ئەم جیهانەوە پەلێك ئەهاون! خۆ چ لە کۆنداو چ لە ئێستاشدا، ململانێ و سیاسەت، هەر "هێز" حوکمی ئەکاو هیشتا مرۆڤایەتی نەپەڕیوەتەوە بۆ ئەو قۆناغە باڵایەی کە عەقڵ و حەق و عەدالەت حوکم بکەن. بەڵام لەناو حوکمی هێزیشدا، جۆرێكمان هەیە، کە هێزێکی ڕووتەو جگە لە هێز خۆی، هەڵگری هیچ مانایەکی تر نیە. مەسەلەن شاڵاوی مەغول، تەنیا هێزو زاڵێتییەکی پەتییەو هیچی تر، بۆیە نەشیتوانی حەزارەت دروست بکات. بەڵام شاڵاوی ڕۆم، ئەگەرچی ئەویش هەر داگیرکاری و هێزو عەزەڵاتە، وەلێ بڕێك ماناو حیکایەتیشی هەیە، بۆیە ئەتوانێ حەزارەت دروستبکاو چەن شانۆیەکی ڕۆمانی و چەن فەیلەسوفێك بەجێ بێڵێ! عەرەب لە قۆناغی جاهیلیدا، داگیرکاریی ناکات، بەڵکو تەنیا تاڵانیی ئەکات. یەعنی قەبیلەیەك ئەدا بەسەر قەبیلەیەکی ترداو ئەگەڕێتەوە، نەك ئەوەی داگیری بکاو بمێنێتەوە. بەڵام لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا، غەزەوات ئەگۆڕێ بۆ فتوحات و لە تاڵانییەکی ڕووت و بێ پەردەوە، شتەکە ئەبێتە غەنیمەو پاساوی شەرعی بۆ دروستئەبێ، "داگیرکاری و مانەوەش" سەرهەڵدا بە بیانوی بڵاوکردنەوەی دین.. ئەمەش بۆ قەبیلە توركەکان، هەلێکی زێڕینەو پاساوێکی شەرعییان ئەداتێ بۆ کارەکەی خۆیان "داگیرکاری و تاڵانکاریی". بۆیە زۆر بە خێرایی لەگەڵ مەنزومەی خیلافەتدا ئەگونجێن و تێکەڵئەبن. بەڵام کورد تموحەکەی ئەوەنیەو تەنیا ئەیەوێ سەروەری ماڵی خۆی بێت، بۆیە لەگەڵ مەنزومەی خیلافەت، باش تێکەڵ نابێ و بەو جۆرە ناچێتە پێشەوە کە تورك چوو. ئاخر خودی خیلافەت، ئەداتێکە بۆ زاڵێتی و داگیرکاری و تەنیا ئەوانە تێیدا جێ ئەگرن، کە ئامانجیان ئەوەیە! چیرۆکی تورك و ئیسلامیش، تەنیا مەسەلەی داگیرکاری و تاڵانکاری و هێزو سوڵتەیە، نەك مەسەلەی قیەم و ئیمان و ئەخلاق.. یەعنی لە شوێنیکدا عەرەب دینەکە هەڵئەگێڕێتەوە بۆ وەسیلەی سوڵتەو داگیرکاری، ئا لەم مەیدانەشدا، تورك ئەسپی خۆی تاوئەداو پێشی عەرەبیش ئەداتەوە، بۆیە عەرەب خۆشیان، سەدان ساڵ ئەبنە ژێردەستەی تورك! ئەم عەقڵیەتی داگیرکاری و تاڵانییەش، تورك هەر لە قەبیلەوە هێناویەتی، تاکو خیلافەت و تاکو دەوڵەت نەتەوەو تاکو تێکەڵکردنی هەردو نەزعەی قەومی و دینی، یاخود هەردو نەزعەی دەوڵەتیی و ئیمپراتۆریی لەلایەن ئەردۆگانەوەو لە هیچ قۆناغێکدا دەستی لێ ی بەرنەبووە،، کە ئەمەش هەمیشە کێشەیە بۆ خۆی و بۆ ئەوانیتریش. هەڵبەتە کە ئەڵێم ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین و تورك لەسەر خاکی خۆی نیە، ئەمە بە دیوێکی ڕەگەزپەرستانەدا ناڵێم و تەنیا مەبەستم شیکردنەوەو تەفسیری مێژوویەك و دۆخێکە.. ئەگینا لە بیرو باوەڕی مندا، هیچ خاکێك هی کەس نیەو هەمووی هەر هی پێکەوەژیانە. چ ئەوەی ئێمە، کە خاکی خۆمانەو چ ئەوەی تورکەکانیش، کە خاکی خۆیان نیە، هەمووی هەر هی پێکەوەژیانە. یەعنی نە مەنتقی خاوەن ماڵیی و نە مەنتقی هێز، هیچیان مەنتقی پێکەوەژیان بەتاڵ ناکەنەوەو "پێکەوەژیان" سەرداری هەموو حەقەکانەو هەر حەقێك تەجاوزی بنەمای پێکەوەژیان بکات، لەڕاستیدا باتڵەو لە حەقێتی کەوتووە! * جا کێشەی عەقڵیەتی تورك، هەر ئەوەنیە کە عەقڵێکی هێز سەنتەرە. بەڵکو هێز سەنتەرێکی پەتی و مەغۆلییەو جگە لە زاڵێتی هیچ ماناو حیکایەتێکی تری نیە. ئا لێرەشەوەیە کە جگە لە مرۆڤەکان و شارەکان، تەنانەت مریشك و دارو درەخت و ئاژەڵیش لە دەستیان پارێزراو نیە. ماویەتی