بۆ لاهور نەچوو؟

Draw Media

2021-06-09 09:32:47



 ئاسۆ حاجی

بە گوێرەی دابەشکردنی کار لە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا، دەبوا لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی شاندی یەکێتی کردبا بۆ بەغدا، چونکە ئەو بەرپرسی ئەو دۆسیەیە هەروەها سەرکایەتی ئەو لیستە دەکات کە بە هاوپەیمانێتی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عێڕاق دروستیان کردووە. بەڵام بۆچی نەچوو و بافێل تالەبانی چوو؟
رەنگە هەندێک ئەوە بۆ ناکۆکی توندی نێوانیان دەربارەی دەزگای زانیاری و هێزەکانی دژە تیرۆر بگەڕێنەوە کە ماوەیەکە لە نێوانیان توند بۆتەوە و چەند جارێک گەیشتۆتە ئاستی هەڕەشە لەیەک کردن، لەوانەیە هەندێکی دیکەش بۆ ئەوە بچن کە داهاتی مەرزە سنووریەکان و هەڵوێستی توندی لاهور بەرامبەر بە قوباد تالەبانی برا گچکەی بافێل کەلێنەکەی گەورەتر کردبێ. بە تایبەتی کە زانیاری ئەوە هەیە قوباد برا گەورەکەی هاندابێ کە خۆی سەرۆکایەتی شاندی حیزبەکەی بکات، لەوەش شانازی پلکی هاوکاری کردووە.
ئەوەی راستیە بافێل تالەبانی لە سەر داوای هێزە شیعیەکان و بە ئامۆژگاری ئێران سەرۆکایەتی شاندی یەکێتی کردووە، چونکە هێزە شیعیەکان زیاتر باوەڕیان بە بافێل هەیە و وەک جێگرەوەی جەلال تالەبانی باوکی مامەلەی لەگەڵ دەکەن، هەروەها ئێرانیش ئەوە بۆ جاری دووەمە ئەو پەیامە بە ئاشکرا بە هێزە عێڕاقی و کوردستانیەکان و بە ناوخۆیی یەکێتیش بگەیەنێ کە لای ئەوان بافێل تالەبانی سەرۆکی یەکێتی و جێگرەوەی مام جەلالە، ئەوەش لە دواین سەردانی جەودا زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا و هەولێر بە روونی دیار بوو، کە لە سوپاسگوزاری پێشوازیکردنیدا تەنها ناوی بافێلی وەک سەرۆکی یەکێتی هێنا بوو.
لەوە دەچێ ئەو پەیامە ئەوجارەیان روونتر گەیشتبێتە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆیە لە میدیاکانی دا گرنگی بەو سەردانەی شاندی حیزبەکەی نەدا لە کاتێکدا لاهور سەرۆکی ئەو هاوپەیمانێتیە دەکات کە یەکێتی لە سلێمانی پێکیهێناوە بۆ ئەوەی وەک هاوپەیمانی هێزە شیعیەکانی سەر بە ئێران بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێڕاق بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand