دۆخی ناوچه‌ی نفوزی یه‌كێتی
2021-06-07 18:30:44
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
نازانرێ كه سه‌رۆكایه‌تی و(م.س) و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی، وه‌ك دامه‌زراوه، نه‌ك وه‌ك هه‌ڵوێستی تاكه كه‌سی، تا چه‌ند بایه‌خ به‌و زانیاری و بۆچوونانه ده‌ده‌ن كه له بابه‌ته سیاسی و ئیداری و حزبییه هه‌ستیاره‌كاندا، په‌یوه‌ندییان به یه‌كێتییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئه‌زانرێ ئه‌وه‌یه كه، ئه‌م هێزه پێویستیی به‌وه‌یه گوێ بۆ ئه‌و ده‌نگانه بگرێت كه له روانگه‌ی هاوسه‌نگیی هێزه‌وه له باشووری كوردستان، گرنگی به پرسی لاوازبوونی ئه‌و، یان به هێزبوونی، ده‌ده‌ن. ئه‌و روانگه‌یه، هه‌م ستراتیژییه، هه‌م په‌رۆشییه بۆ په‌راوێزێك له دیموكراسی كه ده‌شێ به‌هۆی هاوسه‌نگیی هێزه‌وه، بمێنێته‌وه.
له‌م چه‌ند په‌ڕه‌گرافه‌دا ده‌مه‌وێ بپرسم: ئایا یه‌كێتی ئاگای له دۆخی ناوچه‌ی نفوزی خۆی هه‌یه؟. سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه دیاری بكرێ كه چه‌قی ناوچه‌ی نفوزی ئه‌م هێزه، به پێی واقعی ئاسه‌واره‌كانی دابه‌شبوونی جوگرافیای باشووری كوردستان بێت، یان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به پله‌ی یه‌كه‌م، ده‌كه‌ونه پارێزگاكانی كه‌ركوك، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان و ناوچه‌كانی گه‌رمه‌سێرو خورماتوو. هه‌رچی هه‌ولێر و دهۆك و ده‌شتی نهینهواو شاره‌كانی بنده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی پارتی دیموكرات و ناوچه كوردستانییه‌كانی تری ئه‌و سنوره‌یه، ئه‌وا به سروشتی حاڵ، نابنه چه‌قی ناوچه‌ی نفوز، به‌ڵكو په‌راوێزی نفوزن یان ناوچه‌ی نفوزی هێزی ركابه‌ر پێكده‌هێنن، چونكه یه‌كێتی هێزی باڵاده‌ستی ئه‌و سه‌رزه‌مینانه نییه، ئه‌مه‌ش بێگومان به مانای به‌جێهێشتنی نفوزی خۆی نییه له‌و سنوورانه، به‌ڵكو بیرخستنه‌وه‌ی گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی ئه‌و بهربهرهكانیانهیه كه له رێی به‌رگریكردنی یه‌كێتین له نفوزی خۆی له‌و ناوچانه‌ی كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا نین، به تایبه‌تی له به‌ریه‌ككه‌وتندا له‌گه‌ڵ هێزێكی وه‌ك پارتی دیموكرات كه له هیچ یه‌كێ له حكومه‌ته لۆكاڵییه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵانی خۆیدا مافی به‌شداریی كارگێڕی و فه‌رمانڕه‌وایی به یه‌كێتی نه‌داوه، بگره تا ئێستا ته‌نانه‌ت رێگره له‌وه‌ی یه‌كێك له هاوسه‌رۆكانی حزبه شهریكهكهی له حكومه‌تدا ده‌ستی بگاته ناوچه‌كانی بادینان!.
كه‌وابێ، ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتی، به پله‌ی یه‌كه‌م و راسته‌وخۆ، لێی به‌رپرسیاره، چه‌قی ناوچه‌ی نفوزی خۆیه‌تی. دۆخی ئه‌م ناوچه‌یه ئه‌مڕۆ، له زۆر رووه‌وه نا سه‌قامگیره، واته كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ریی زیاتر له هه‌لومه‌رج و فاكته‌رێكه‌وه كه دیار نییه هێزێكی وه‌ك یه‌كێتی، پلانێكی دیاریكراوی له به‌رامبه‌ریاندا هه‌یه یان نا.
یه‌كه‌م: چه‌قی سه‌ره‌كیی ناوچه‌ی نفوز كه پارێزگای كه‌ركوكه، له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا له ژێر كۆنترۆڵی ئه‌م هێزه‌دا نه‌ماوه. راسته هه‌موو ئیداره‌دانێكی خراپی پارێزگاكه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی پێكهاته‌ی كورد به‌هێز دهكاو یه‌كێتییش ده‌توانێ، وه‌ك هێزی سه‌ره‌كیی شاره‌كه، له‌رووی سیاسی و حزبییه‌وه وه‌به‌ری بهێنێت و سوودی لێ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا بۆته جۆرێك له دیفاكتۆ ئه‌وه‌یه كه، پله به‌پله، ئه‌م چه‌قه سه‌ره‌كییه‌ی نفوزی یه‌كێتی، كه‌وتۆته ناو پرۆسه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆی ده‌ستكاریكردنی كارگێڕی و به‌عه‌ره‌بكردنه‌وه. هێزی میلیشیایی و به‌ره‌ی توركمانی به ئاشكرا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی ته‌عریبی ئیداری و گۆڕینی دیموگرافی و به دیفاكتۆكردنی كاڵكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردستانیی شاره‌كه هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا، یه‌كێتی تا ئێستا، روون نییه، جگه له‌گره‌وی بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن، چ پلان و هێڵێكی تری به‌رگریی له ئاست ئه‌و دۆخه‌دا هه‌یه، به تایبه‌تی كه زۆربه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كانی له پارێزگاكه خۆیشی، له رووی مه‌یدانییه‌وه، دوورن له دۆخی رۆژانه‌ی شاره‌كه‌وه.
دووه‌م: له ناوچه سنورییه‌كانی هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، كه ناوچه‌ی تری چه‌قی نفوزی یه‌كێتین، له‌لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه PKK كۆمه‌ڵێك جوگرافیا‌و ده‌یان گوندی سه‌ر سنور له‌ژێر كۆنترۆڵی یه‌كێتی ده‌رهێنراون. له‌ناو شاره‌كانیشدا، ئه‌و هێزه‌ی باكوور، له‌ژێر ناونیشانی جیاجیادا، ئازادانه كاری سیاسی و رێكخراوه‌یی و میدیایی خۆی ده‌كات، به‌پێی هه‌ندێ زانیارییش، به‌شێك له چالاكییه‌كانی به ئاراسته‌ی دژبه‌رییه له به‌رامبه‌ر یه‌كێتیدا، ئه‌مه‌ش هه‌م له قۆناغی به‌ستنی هاوپه‌یمانێتیی سیاسیی پارته نزیكه‌كانی په‌كه‌كه له‌گه‌ڵ هێزی تری ناوچه‌ی نفوزی یه‌كێتیدا به‌ده‌ركه‌وت، هه‌م له ئه‌ندازه‌ی تێوه‌گلانیش له‌و خۆپیشاندانانه‌ی شاره‌كانی ناوچه‌ی نفوز كه توندوتیژییان لێ ده‌كه‌وته‌وه. له‌م باره‌یه‌وه، دۆسییه‌كانی ده‌زگاكانی ئاسایشی ناوچه‌كانی نفوز هه‌ڵبدرێته‌وه، زۆر زانیاری و راستیی ئاشكرا ده‌بن.
سێیه‌م: یه‌كێتی، پێ ناچێ حسابی وردی بۆ چالاكی و جوڵه‌ی پارتی‌یش كردبێت له ناوچه‌كانی نفوزی خۆیدا. پارتی، گوتاری دوو دیارترین كه‌ناڵه میدیاییه‌كانی خۆی، به به‌رنامه‌و شێنه‌یی، ئاراسته‌ی سنوری نفوزی یه‌كێتی ده‌كات. له ئاستێكی تردا، به‌شێك له رۆژنامه‌نووسان، نووسه‌ران، هونه‌رمه‌ندان، كادر‌و ئه‌ندامی زویری سنوره‌كه‌ی به لای خۆیدا راكێشاوه، هه‌ندێ زانیاری هه‌ن له باره‌ی ئه‌گه‌ری بوونی ته‌نانه‌ت جۆرێك له ته‌نسیقی سیاسییش له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێ-دا، له‌وه‌ش زیاتر كار له‌سه‌ر به رووكاركردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و وه‌زیرانی پارتی ده‌كات له كردنه‌وه‌و جێبه‌جێكردنی هه‌ندێ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریدا كه له سنوری نفوزی یه‌كێتیدا به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌مه جگه له دروستكردنی نفوز له‌ناو یه‌كێتی و گۆڕان_یشدا بۆ به‌رگرتن له هه‌وڵه‌كانی تایبه‌ت به ئه‌گه‌ری یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو هێزه له داهاتوودا.
چواره‌م: ناوچه‌كانی تری وه‌ك گه‌رمه‌سێر و خورماتوو، كه ناوچه‌ی تری نفوزی یه‌كێتین و له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا براوه‌ی یه‌كه‌می هێزه كوردییه‌كانی بووه، كه‌وتوونه‌ته‌وه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی نوێ و ئاشكرای داعش و میلیشیاكانه‌وه. ئه‌م هه‌ڕه‌شانه ئه‌گه‌ر به ته‌نسیق له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی و به خێرایی سنورێكیان بۆ دانه‌نرێت، ئه‌وا رۆژ به رۆژ، ده‌بێته هۆی گۆڕینی دیموگرافی و كه‌مبوونه‌وه‌ی پێكهاته‌ی كورد تیایاندا كه زۆرینه‌یان سه‌ربه هێزێكی وه‌ك یه‌كێتی_ن. جگه له‌وه، هه‌ندێجار ره‌فتاری میلیشیا شیعییه‌كانیش به زیانی دڵنیایی كوردانی ئه‌و ناوچه كوردستانییانه‌یه له‌سه‌رو ماڵی خۆیان و لایه‌نی مه‌عنه‌وییان، كۆمه‌ڵێك رووداوی چه‌ند مانگی رابردووش، هه‌ر خۆیان شاهێدی ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه مه‌ترسیدارانه‌ن.