ئێمەو تورک
2021-06-06 19:36:06
ئەحمەدی مەلا
لە ناو میللەتاندا رۆحێک هەیە، هەڵگری یادەوەرییە، یادەوەریی دێرین کە لە مرۆڤەکان جیا ناکرێتەوە.
عوسمانییەکان وەکو شیکلی ئیمپراتۆرییەت لەسەرووی سنووری میللەتانەوە هاتنەدەنگ، حوکمێکی خوداوەندانە و سنوورێکی ناجێگیر. دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانیی، هەندەی نەمابوو شتێک نەمێنێ بە ناوی دەسەڵاتی تورکەوە، بەڵام رێککەوتنی لۆزان تورکیای هاوچەرخی لێوە پەیدا بوو، دەستوورێکی عەلمانی، نزیکبوونەوە لە بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپا، شەڕی سارد و بوون بە ئەندامی ناتۆ ئەو کارتە نوێیانە بوون کە تورکیای لەسەر و سەرلەنوێ هەڵساندەوە. بە درێژایی ئەم مێژووە، بیرۆکەیەکی جێگیر هەیە ئەویش توانەوەی رەگەزی کورد بوو لە ناو ئەو بۆتەیە کە پێی دەگوترێ تورکیا، بە زمان و سەمبۆلەکانییەوە.
کورد لە باکور لە نێو خۆڵەمێشی خۆی هەڵسایەوە، وەک ئەو عەنقایەی کە باڵەکانی لەیەک خشاند و بووەوە بە پەنگر. موسا عەنتەر لە کاتی کۆڕەوەکە ئەو پەنگرەی جۆشدا، پ.ک.ک لە کۆتایی حەفتاکانەوە، هاوشان لەگەڵ دروستبوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەفەسێکی دیکەیان بەو بیرۆکەیە دا کە کوردبوون و چەپبوونیان لەیەکتر مارە کرد، وەکو حەمید بۆزئەرسەلان دەڵێ لۆکال و گەردوونییان پێکەوە گرێ دا.
وەکو زۆربەی هێزە چەکدارەکانی کورد پ.ک.ک کەوتە قەندیل کە دواتر شێرکۆ بێکەس بە قیبلەی کوردانی دەچوێنێ و دەبێتە لانکی سەرهەڵدانی زمانێکی نوێ( ٣ گوتار سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس، ئەحمەدی مەلا، لە چاودێر بڵاوبوونەوە) لەم سەروبەندەدا، تورکیا دەیان جار بانگەشەی بۆ ئەوە کرد کە قەندیل لە رەگەوە هەڵدەکێشێ، دوای کرداری تاوانکارانە هەڵکێشانی دارستانە خوڕسکەکانی کوردستان بوو کە حکومەتی باشوور زۆر سەرکزانە یەک دوو رستەی پێکەوە نا، کەچی بۆ شەهیدبوونی چەند پێشمەرگە و برینداربوونیان یەکسەر بە بێ لێکۆڵینەوەیەکی جیدیی پ.ک.ک تۆمەتبار کرد.
قەندیل خاکی کوردانە، لانکەی ئێمەیە، پێش حیزبەکانی هەبووە و بۆ ئەبەد دەمێنێ، بەڵام قەندیل جێی لەشکری تورک نییە، جێی هیچ لەشکرێکی بێگانە نییە.
١٠٠ ساڵە تورک دەیەوێ کورد بسڕێتەوە، دوا دروشمی حەیدەر ئینجە ئەوەیە کە زمانی کوردیی ناشێ ببێ بە زمانی پەروەردە، ئەم بۆچوونە تەنها لە وڵاتێکی وەکو تورکیا جێی دەبێتەوە کە هەم نازانستییە، هەم چەواشەکارە. تورکیای عوسمانی لەدەرەوەی تێکڕای ئەو رێنێسانس و رۆشنگەرییە مایەوە کە ئەوروپا پێیدا تێپەڕی، کەچی دەزگای چاپەمەنی زۆر درەنگ گەیشتە ناو عوسمانییەکان، بۆیە لە خۆڕایی نییە، سەرکردەی هەند نەزان و چاواشەکار بەرهەمبهێنێ. زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە هەر دێرینەکانی دنیا، زمانی خاک و وەرزەکان بووە، ئێستای زمانی کوردیی کە لەژێر فشاری سیاسیی ناوچەکەدا، وەک یادەوەریی خودی ئێمە، وەک ئەو عەنقایەیە کە بە باڵەکانی ئەبجەدییەتی نوێی خولقاند، رۆژ لە دوای رۆژ لە بوژانەوە دایە. کورد ناترسێ پامۆک بکات بە کوردی بەڵام تورک دەترسن شێرکۆ بێکەس یا قانیع یا دوا رۆمانەکەی بەختیار عەلی بکەنە تورکی، چونکە یادەوەریی تورک جێگێرنییە، رەگهاژوو نییە، ئایا سۆفیا گەواهیی دەدەن کە ئەستەمبول خاکی بیزەنتەیە، کەچی ئێمە ٣ هەزار ساڵ زیاترە لەسەر ئەو خاکە دەژین.
مەخابن، سیاسەتی باشوور وای لێکردنی رقمان لە خۆمان بێتەوە، بە چاوێکی پڕ لە گومانەوە سەیری تواناکانمان بکەین، بەڵام خاکی کوردان هی سیاسییەکان نییە، وەکو چۆن نابێتە موڵکی تورکان، بەڵکو هی کوردە کە رۆژ لە دوای رۆژ خۆڵەمێشەکانی ناوەوە دەبنەوە بە کڵۆ پەنگر...
تورکیا دواجار شکست دەهێنێ، وەکو چۆن بەعس رۆحی خستەوە بەر باشوورییەکان، بەو شێوەیە ئێردۆگان رۆحی مانەوە دەبەخشێتە تەواویی کورد.