ئاری محەمەد هەرسین لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا درامایەک بە ناوی (گورگەکان) لە یەکێک لە کەناڵەکان پەخش کرا. بەندە ناچمە سەر شیکردنەوەی هونەری و تەکنیکی سینەمایی و تەلەفیزیۆنی دراماکە، چونکە ئەوە ئیشی کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە یە. دراماکە باس لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان ئەکات. ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی کۆمەڵێک خەڵکی مافیا ئاسایە کە ئەیانەوێت کەنزێکی نیشتیمانی بدزن. بەڵام ئەوە ی لە دراماکەدا سەرنج ڕاکێشە، تێوەگلانی ئەو مافیایانەیە لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال. بەکورتی، نوسەری دراماکە ڕێڕە وێکی نەتەوە یی و نیشتیمانی گرتۆتە بەر. ئەنجامی دراماکە بە دڵی منە، چونکە لە فلیمەکەدا، مافیاکان و پیاوە کانیان یان ئەگیرێن، یانیش ئەکوژرێن. هەمیشە قەناعەتم وابوە کە کرداری تۆڵەکردنەوە، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی عەشیرەتگەریە و هێمایەکە بۆ سەروەر نەبوونی قانون لە کۆمەڵگەیەکدا. بۆیە تۆڵەکردنەوەی شەخسی (تاکە کەس) بە دەمارگیری و بەرتەسکی بیرکردنەوە ئەبینم. خۆشحاڵی من لە سزادانی ئەو جۆرە تاوانبارانە لەبەر تاوانی دزی کردنیان نیە، بەڵکو لەبەر تۆڵەکردنەوە یە لێیان لە بەشداریکردنیا لە تاوانی بەدناوی ئەنفال. تاوانێک کە پێویستە ویژدانی هەموو ئینسانێکی مەبدە ئی و نیشتیمانپەروە ر بهەژێنێت. تۆڵەی نیشتیمانی و نەتەوەیی عەیبەو تاوان نیە، بەڵکو لەسەرخۆکردنەوە یە. پەیامێکی مەعنەوی و سیاسیە بۆ عەرەبی شۆڤێنی : ``قوبوڵ ناکەم بمتوێنیتەوە و، منیش وەک تۆ ئینسانم، زمان و مێژوو نیشتیمانی خۆم هە یە. تۆ بۆ ئەوەی خاوەندارێتی نیشتیمانەکەی من مسۆگەر بکەیت، ئەتەوێ من بتوێنیتەوە، بۆ ئەوەی کوردستان هیچ ئاسەوارێکی موڵکایەتی کوردی پێوە نەمێنێت``. ئەم جۆرە لە تۆڵە کردنەوە ڕوخساری عەقڵیەتی عەشیرە تچێتی پێوە دیار نیە، بەڵکو ڕاستکردنەوەی مێژوە. لە دوای ڕاپەڕین، دەبوو مەسەلەی بە جینۆساید ناساندنی کردەوەکانی عەرە بی شۆڤێنیست لە دژی میللەتی کورد لە ئەولەویاتی بەرنامەی سیاسەتی ستراتیژی ئێمەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بوایە. بەڵام لەبەر سەرقاڵیمان بە شەڕی شەرمەزاری براکوژیەوە و، کۆ کردنەوەی سەروە ت و سامان (لە لایەن هەندێکمانەوە) و، گۆڕینی پیرۆزیەکانمان لە (نیشتیمان، میللەت، ئاڵا) بۆ (حیزب)، تۆڵەی نەتەوەییمان نەک هەر پێ نەکرایەوە، بەڵکو داڵدەی ئەنفالچیەکانمان دا. بەوەش قانون و ویژدانی کوردایەتیمان خستە ژێر پێمان. خۆزگە بیرۆکەی درامای گورگەکان جێبەجێ بکرایە… خۆزگە دەزگا ئەمنیەکانی کوردستان و دادگاکان دەستیان لە و کەسانە نە پاراستایە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کردەوە ی نا ئینسانی ئەنفالدا بەشدار و هاوکاری بەعس بوون. خۆزگە ئەو غیرە تە بیگرتینایە… خۆزگە ئەو ڕۆژە ئەهات…!
رێبوار محەمەد سەرەتا پێویستە ئاماژەبەوەبدەین کە ئەو بریارە نادروستەی کە لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە درا بۆ درێژدکرنەوەی ماوەی خزمەتی دادوەرێکی دادگای پێداچوونەوە ، و سەرەڕای دژایەتی و ناڕازییبوونی پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی و تەنانەت وەزارەتی دارایش ، بەڵام سەرئەنجام بریارەکەیان جێبەبەجێ کرد و ئەمەش ئەو دەرئەنجامە نایاسایی و نادادییەی لێکەوتەوە کە لە سزای رۆژنامەنوسانی بادینان دا بینرا . سزای رۆژنامەنووسانی بادینان بابەتی خانەنشیینیە نایاسایەکەی ئەنجومەنی دادوەری زیندووکردەوە چونکە بە راوبۆچوونی ئەو دادوەرە زۆرینەی دادگا دروست بوو بۆ پەسەندکردنی سزای ئاماژەپێکراو ، بنیاد لەسەر ئەمە دەتوانین بڵیین کە بریاری داگا بە سزادانی ئەو رۆژنامەنوسانە پووچەڵە و هیچ هێزێکی یاسایی نیە ، جگەلەو هەڵە و کەموومورتیە یاساییانەی لە کەیسەکەدا هەیە ، بەڵام ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە بریاری دادگا یەکێک لەپایەکانی لەدەست داوە کە شەرعیەتی یاسایی یەکێک لەدادوەرەکانە ، واتە بۆئەوەی بڕیارێک بە بریاری دادوەری دابنرێت دەبێت لەلایەن دادوەرێکەوە دەرچووبێت کە لەماوەی خزمەتی یاساییدا بێت و ئەمەش پشت بەست بە بنەمای ( مایبنی علی الباطل فهو الباطل ) واتە هەرشتێک یان بڕیارێک کە بنەماکەی پووچەڵ بوو، ئەوەی لەسەری بنیادبنرێت بە پووچەڵ دائەنرێت، خۆئەگەر بووترێت دادوەری ناوبراو هێشتا بریاری خانەنشینبوونی دەرنەچووە بۆیە بڕیارەکەی دروستە ، لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێین بریاری خانەنشینکردن بریاریکی کاشفە ، و ئاسارەکەی لەورۆژەوە دروست دەبێت کە مەرجەیاساییەکانی خانەنشین بوون هاتووەتەدی و ئەمەش واتە هەر ممارەسەکردنێکی وەزیفی و دادوەری لەدوای ئەوماوەیە کرابێت پێچەوانەی یاسایە و هێزی یاسایی نابێت ، هەربۆیە ئەنجومەنی دادوەری لەرووانگەی زانستیان بەوەی باس کرا و بۆچارەسەری ئەم جۆرە کێشانە ، پرۆژەیاسای درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەرییان ئامادەکردووە . ئەنجومەنی دادوەری لە رێگەی پرۆژەی درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەریەوە دەیەوێ ئیدی بە یاسا لە خودی ئەنجومەنەوە خزمەتی دادوەران درێژبکاتەوە و شەرعیەتی یاسایی بۆ وەربگرێت، هەروەک لە مادەی ( ١) برگەی ( ٥ ) ی پرۆژەی ناوبراو دا هاتووە کە دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەنی دادوەری بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە و جێگرەکانی و ئەندامانی داگا و و دادوەران تا تەواوکردنی تەمەنی ٦٨ سالی و لەهەمان کاتدا دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەن بە خانەنشینکردنی دادوەران پێش تەواوکردنی ماوەی درێژکراوە ، ئەم خاڵە تێبینی ئەوە هەڵدەگرێت کە لە داهاتوودا خودی دادوەران رووبەرووی نادادی ببنەوە لە درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەرییان دا چونکە مادەی ئاماژەبۆکراو دەسەڵاتیکی رەهای داوە بە ئەنجومەن کە بۆ هەندێک درێژبکاتەوە و بۆ هەندێکی تر کۆتای بە خزمەتی بهێنرێت. و خاڵێکی تر لەم پرۆژەیەدا ئەوەیە کە لە هۆکارەکانی دەرچواندنی دا ( الاسباب الموجبة ) ئاماژەی بەوە داوە کە زۆرینەی ئەو دادوەرانەی تەمەنی ٦٥ ساڵییان تەواو کردووە خانەننشین کراون ، ئەمەش واتە هەندێکی تر سەرەرای ئەوەی تەمەنی خانشینی تەواو کردووە بەڵام بەردەوامن لە وەزیفە بەنایاسایی ئەمەش نادادییەکی ئاشکرای ئەنجومەنە لە نێوان دادوەران دا . هەرلەم پرۆژەیەدا ئەنجومەن داوای پێدانی دەسەلات دەکات بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەران وەک ئاماژەمان پێدا ، ئەمەش واتە دانپێدانانی خودی ئەنجومەنە بەوەی کە تا ئێستا هیچ یاسا و بنەمایەکی یاسایی نیە کە پشتی پێببەستێ بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەران و سەرجەم بڕیارەکانی پێشوویان لە درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەری پێچەوانەی یاسابووە و هێزی یاسایی نیە . وەجێگەی ئاماژەپێدانە کە پەسەند کردنی ئەم پرۆژەیە شەرعیەت نادات بە نایاسایی بوونی بریاری سزادانی رۆژنامەنووسان و هەروەها سودی یاسایی نابێت بۆ ئەو دادوەرانەی کە پێشتر ماوەی خزمەتیان کۆتای پێهاتووە و یاخود بە نایاسایی بەردەوام بوون لە خزمەت ، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە لە بنەمادا یاسا ناگەرێتەوە بۆ ڕابردوو ( لیس للقانون اثر الرجعی ) بەڵکو لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بەسەر حاڵەتاکانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێ . بنەمای نەگەڕانەوەی یاسا بۆ ڕابردوو بنەمایەکی ڕەها نیە ، بەڵکو کۆمەڵێک هەڵاوێردکردن ( استثناء ) ی تێدایە ، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە یاساکەدا بە دەقێکی ئاشکرا ( نص الصریح) باسی گەرانەوەی یاساکە بکات بۆ رابردوو، بنیاد لەسەر ئەمە رەنگە ئەنجومەنی دادوەری دەقێکی لەم شێوەیە لە پرۆژەکەدا جێگیربکەن بۆئەوەی لەرێگەیەوە شەرعیەت بدەن بەو بڕیارانەی کە باسمان کرد ، لەحاڵەتێکی لە م شێوەدا ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە کە رێگربن لەم جۆرە هەوڵانە و پێویستە هەمواری پرۆژەی ناوبراو بکەن بەشێوەیەک بگونجێ لەگەڵ فەلسەفەی دادپەروەری دا . لە کۆتاییدا دەڵین پێویستە ئەنجومەنی دادوەری و دادگاکان بەخۆیاندا بچنەوە و بگەرێنەوە سەر رێچکە دروستەکەی دادپەروەری و لەمانای ئەو ووتەیە تێبگەن کە ئەڵێ (( اللجوء الی المحاکم یعنی اللجوء الی العدالة )) واتە پەنابردن بۆ دادگاکان مانای پەنابردنە بۆ دادپەروەری ، ئەی ئەگەر خودی دادگاکان دادپەوەر نەبن ئیدی خەڵک پەنا بۆ کوێ ببات ؟ . * مامۆستای زانکۆ
عەلی کەریمی کورد دەڵێ قسەکردن بە زمانی مردووەوە کارێکی ناشایستە و هیچ جێ ناگرێ. هەرچەند لە دنیای سیاسەتی کوردی بەزمان سەرکردە ڕۆێشتووەکان قسەکردن و گێڕانەوە، بۆ مەرام و تەماحی شەخسی لە کۆنەوە باو بووە و زۆر کوڕ و برا گەورە هەبوون بۆ ئەوەی بەشە بابی خوشک و براکانی دیکەیان هەڵلووشن، دەیان درۆیان بە زمانی باوکی کوچکردوویان کردووە و دمی دەورووبەریشێان پێ داخستووە. لە ژیانی پێشمەرگایەتی و ئاوارەیشمدا زۆر بیرەوەری و داستانی جێی سەرنجم لابووە، کە دیومە یەک لە ئاکتەرەکانی داستانەکەم لە ژیاندا نەماوە و کۆچی دوایی کردووە، خۆم لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە یان وەسییەتەکە پاراستووە و بە خۆمم گوتوە مادام لایەنەکەی دی نەماوە، باشترە وازی لێ بێنم و ئەم بەسەرهاتە حەواڵە بە خوا بکەم. گێڕانەوەی نەبەردەکانی پێشو و حەماسەکانی پێشمەرگایەتی ئێمەمانان لە سەدەی رابردوو یەک لەم رووداوانەیە کە دەزانم زۆربەی پێشمەرگەکان خۆیان لا دەدەن لە گێڕانەوەی، تەنیا لەبەر ئەوەی زۆرێک لە قارەمانەکانی ناو داستانەکە شەهید بوون و فیداکارییەکان و بەسەرهاتەکان بۆ ئەمڕۆ و لە ناو نەوەی نوێ لە وانەیە بۆنی فشە و خۆ بە قارەمانکردنی لێوە بێت. رەنگە کەسانێکی زۆر مابن کە بزانن لە چلوسێ ساڵی رابردوو، بە بەردەوامی هاتوچووی کاک نەوشیروانم کردووە و چ لە شاخ و چ لە ئەوروپا و چ لە سلێمانی لێی دوور نەبووم و بە سەدان جار لە خزمەتیدا دانیشتووم و گوێم لە بەسەرهات و ئەزموون و تەفسیرەکانی بووە. ئەم دارو پەردوویەی لە ئاخر ساڵانی ژیانی ، کاک نەوشیروان بینایەکی زخمی لەسەر بونیاد نا و لە ئاخر ڕۆژەکانی ژیانی هاتەوە تەرازی سەرکردە و حیزبەکانی مونافیسی و بۆ یەکەم جار لە مێژووی سیاسی هەرێم، ئۆپۆزیسۆن و بە سیستم کردن و سەربەخۆیی قەزا و دادگاکان و ئیدارەکانی لە ناوماندا باس و بڵاو کردەوە، ئەمڕۆکە ساحێبی هەیە و زۆرن ئەوانەی نانی لێ دەخۆن و گەیشتوون بە نەوایەک، رەنگە ئەم گێڕانەوەیان بەدڵ نەبێ و داوای لێبوردنیان لێدەکەم و دڵنیا بن بۆ بەرچاوروونی کۆمەلانی خەڵک، وەک خۆی دەیگێڕمەوە. هەتا بۆم کرابێ و رۆژنامەنووس بەرۆکی بەردابم زۆر جاران لە گێڕانەوە و لە بیرەوەریی لە گەڵ ئەم گەورە ڕۆشنبیرەی سەدەی ڕابردوو، خۆم بواردووە و زۆر قسە و ڕووداوم کە لێ بیستووە و لێم دیوە، بە پێویستم نەزانیوە بیانگێڕمەوە و خۆمی پێ فشکەمەوە. ئەوەی ئەم ڕۆژانە لەمەر سەربەخۆیی دادگاکان و ئەم درۆ شاخدارەی کە ئەلئەساس پارتی تەداخولی نییە لە حوکمدانی ئەم شەش ڕۆژنامەنووسەی بادینان، نیهایەت وای لێکردم ئەم قسەیەی کاک نەوشیروان هەر بگێڕمەوە جا کێ باوەڕ دەکات و كێ بە بوختان و درۆی پشتملی مردووی دادەنێت گەردنی خۆش و ئازا بێ! ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ بوو، کاک نەوشیروان بانگی ئۆپۆزیسۆن و گەندەڵی وسەرکۆنەی دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا لێدەدا، زۆربەی ئێواران لە گردی عەلی ناجی دەچووم بۆ لای و بە دەم چا خواردنەوە و ئەو بە جگەرە کێشان و من بە پایپ، تەنووری رەخنە و قسەو باسانمان لە هەموو بوارێکدا گەرم دەبوو، هەڵبەت بە زۆری کاک نەوشیروان قسەیەکی هەڵدایساند و ئەوجار بێدەنگ دەبوو و گوێی لە شەڕە قسەی ئێمە و میوانەکان رادەگرت. ئێوارەیەک لە گەڵ یەک لە فەرماندە ئازاکان و پێشمەرگە سەرەتاییەکان و تیپەکانی سەردەمی بیدایەتی هەشتاکان لێی وەژوور کەوتین. ماوەیەک بوو لەم فەرماندەیە کە زۆر دۆستی من بوو و زۆریش بەیەکەوە دەگەڕاین، لالوت بوو و لێی عاجز بوو. باسوخواستی ئەو سەردەم یەکگرتنەوەی ئیدارەکان و لێک نزیکبوونەوەی مام جەلال و بارزانی بوو. کاک نەوشیروان گاڵتەی بە یەک ئیداری و تێکەڵ بوونەوە دەهات و وای نێشاندەدا پەشیمانی بەداودا دێ و هەموو کاڵەک بە ئەژنۆیان دەشکێنین! گوتی ئێستا وەک نموونە (بۆ ئەوەی فەرماندەکە بترسێنێت) ئەوان دەسەڵاتی سلێمانی و گەرمیانیان نییە و خۆمان بەڕێوەی دەبەین، بێتوو ئەوان دەسەڵات لەم ناوچانە بگرنە دەست هەر بە حوکمی یاسا و دادگا لەم گەرمیانە پیرەژنێک دەبینەوە و فێری دەکەن و پارەی پێدەدەن بێ بە حوکمی یاسا و مەدەنی شکایەت لەم فەرماندەیەی ئێمە بکات و لە دادگای سەربەوان حوکمی بدەن کە لە سەردەمی پێشمەرگایەتی باوکی پیرەژنەی کوشتووە وبە دەدوانزە ساڵ حوکمی بدەن و لە زیندانی قایم بکەن ئەگەر نەشیکوژن! مەبەستی ئەوە بوو بە سیستمکردن و سەروەری دادگاکان لە گەڵ ئەم خێڵ و عەشیرەیە ناکرێ و باشترە هەر لایە لە لای خۆی حەولی پێشەوە چوون و دوورکەوتنەوە لە گەندڵی بدات. ئەمڕۆژانە بە چاوی خۆم بینیم ئەم دادگایەی کاک نەوشیروان کاتی خۆی بۆی وێنا کردین، ئەوە خەریکە کارەکانی خۆی دەکات و کێشی بوێت بە حوکمی "سەربەخۆیی دادگا" نا، بەڵکوو بنەماڵە و ویستی ئەوان لە کونجی زیندانی دەخزێنێت! ویستان هەر ئەو کارەش بەرامبەر بە کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەتیش بکەن، ئەوکات بۆیان نەچووە سەر و دەروەستی نەهاتن!
عەدالەت عەبدوڵڵا كۆمەڵێك پرس هەن كۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە دەكەن كە پێی دەوترێت رێككەوتن Agreement. ، كێن ئەو گروپانەی كە رێكدەكەون؟ ئەو ناكۆكییانە چین كە پێویستە كۆتاییان پێبهێنن؟ رێككەوتن لەسەر چ بنەمایەك دەبێت؟ لەچ هەلومەرجێكی مێژوویدا بەڕێوەدەچێت؟ بە چ میكانیزمێك جێبەجێدەكرێت؟ بەرژەوەندیی گروپە ناكۆكەكان چینو ئەو پێویستییانەش كامانەن كە بۆ رێككەوتن هەنو لەسەرو بەرژەوەندیی گروپەكانەوەن؟ ئەگەر وردتر تیۆریزەی كۆنسێپتی رێككەوتن بكرێت، رەنگە لیستی ئەو پرسیارانە زیادبكات، لەگەڵیدا ئاڵۆزیی ئەم بابەتە روونببێتەوەو بەو هۆكارە بونیادییەش Structural reason ئاشنا ببین كە لەپشت شكستی زۆرێك لەرێككەوتنەكانو ئاشتیو سەقامگیرییەوەن. پرسی رێككەوتن تەنها بەو باكگراوەندە سیاسییە كەمخوێنانە چارەسەر ناكرێت كە دەشێت سیاسییەكانو پارتەكانیان هەیانبێت. ئەم پرسە رەهەندی عەقڵانیو زانستیی هەیە، رەگی فەلسەفیی بیرۆكەی خودی رێككەوتن-ی تیا دیاریدەكرێت!. واتە لەیەككاتدا لەمەحەكدانی كولتوری سیاسیو تاقیكردنەوەی شارستانییەتی كۆمەڵگەشە، چونكە رێككەوتن، بەو چەمكە فەلسەفییەی كە راڤەی دەكەین، ئەو چوارچێوە سیاسییانە تێپەڕدەكات كە زۆرجار چارەنووسی رێككەوتنەكانیان بەدەستە، بەتایبەت رێككەوتنە كاتییەكان، یان ناچاریو نادڵخوازەكان، یان ترسئامێزو مل بۆ دراوەكان، یان ئەوانەی كە زادەی لاسەنگیی تەرازووی هێزو نابەرابەریی نێوان گروپەكانن. كۆنسێپتی رێككەوتن، ئەو چوارچێوانە بەبەشێك لەفەلسەفەی مرۆدۆستانەی رێككەوتن نازانێت، ئەوانە هیچیان ئەوسەریان دیار نییە!، خزمەت بەبەهاكانی ئاشتی، لێبوردەیی، فرەییو پێكەوەژیان ناكەن كە ئاینەكانو فەلسەفە مرۆڤگەراكان Humanism لەسەردەمی رێنیسانسەوە (سەدەی 16) بانگەوازیان بۆ دەكەن. رێككەوتن، ئەگەر بە فەلسەفەی هێز بەڕێوەچوو، ئەگەر تەنها بەرژەوەندیی گروپەكان ژێرخانی بێت، ئەگەر وابەستەی پێویستییەكی مێژوویی دیاریكراو بێت، ئەوا رێككەوتن نییە، بەڵكو راگرتنێكی لەرزۆكی ململانێكانە!. مێژووی زۆربەی جەنگەكانو بەریەككەوتنە خوێناوییەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییش، مێژوویی شكستی ئەو گرێبەست (ناوخۆیی)و رێككەوتنانەن (دەرەكی) كە كراون بەئامراز بۆ مەرامی تر نەك رێككەوتن خۆی!، مێژووی هەژموونی فەلسەفەیەكیشن بۆ رێككەوتن كە لەسەر بنەمای هێزو بەرژەوەندیی هێزە باڵادەستەكان دامەزراوە، یان دۆخی شكستو ناچاریی هێزە لاوازەكان!. ئەو رێككەوتنانەی كە كاتینو جێگیر نین، یان بە نابەدڵیو ناچارین، یان لەئەنجامی ترسو ملكەچین، یان بەپاڵنەرو بەرژەوەندییەكی مێژوویین، ناچنە نێو چوارچێوەی فەلسەفییانەی چەمكی رێككەوتنەوە. ئەو دیاردانە درێژەدانێكی ناڕاستەوخۆن بەلۆژیكی نەیارێتیو جەنگ. كەس نییە نەزانێت كە زۆرجار تەنانەت جەنگاوەرانیش لەجەنگدا پێویستییەكیان بەپشوو هەیە!، یان ئاگربڕو كپكردنەوەی شەڕگەكان!. رێككەوتن، بەم مانایە، ئاشتی ناهێنێت ئەگەر وەك پێویستییەك بێت بۆ جەنگێكی ناكۆتا. بێگومان راستە كە مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ململانێیە Conflict. ئاگادارین كە ئەدەبیاتێكی فەلسەفیو سۆسیۆلۆژیی زۆرمان هەیە كە ململانێ وەك قەدەرێكی مرۆڤایەتی لەقەڵەمدەدات، هۆكارەكەشی بۆ نادادپەوەریی كۆمەڵایەتی دەگێڕێتەوە هەروەك ماركس دەڵێت، یان بەریەككەوتنی بەهاكانو ئارەزوو بۆ هێزو شكۆ هەروەك لای لویس كۆزەر-ی سۆسیۆلۆگی ئەمریكی دەیبینین. ئێمە ئاگادارین كە تائێستاش تیۆریزەكردن بۆ فۆرمە جیاوازەكانی ململانێ هەر بەردەوامە هەروەك لەتێزی "ململانێی شارستانییەكان"دا لای هانتینگتۆن بەدیدەكەین، بەڵام هاوكات دەزانین كە بانگەشەی گەورەی فەلسەفییش هەیە بۆ ئاشتیی هەمیشەیی هەروەك لای كانت دەیبینینەوە، یان بانگەواز بۆ دیالۆگو كۆمەنیكەیشن هەروەك لای هابرماس سەرنجی دەدەین. بێگومان رێككەوتن بۆ رێگرتن نییە لەململانێ، بەڵكو بۆ بەرگرتنە لەو توندوتیژیو تاوانانەی كە دەشێت بەبۆنەی ململانێوە پەنایان بۆ ببرێت. لەكوێدا ململانێ جەنگو تاوانكاری لێكەوتەوە، لەو شوێنەدا رێككەوتن دەبێتە پێویستی. رێككەوتن توند گرێدراوی چەمكی ئاشتیو مەدەنییەتە، بۆیە لەگەڵ دۆخی شەڕانگێزیو بەربەرییانەی ململانێدا هەڵناكات. ئێمە لەباشووری كوردستاندا، چەند پێویستیمان بەململانێی نێوان هێزە سیاسیو كۆمەڵایەتییەكانمان هەیە بۆ گۆڕانكاریو گەشەكردن، ئاوهاش پێویستیمان بەرێككەوتنی نێوانیان هەیە. فەلسەفەی ئەم رێككەوتنە دەستنیشانی بەهاكانی دوالیزمی خودی ململانێو رێككەوتنیشمان بۆ دەكات!. رێككەوتنمان هەرگیز سەقامگیرنابێت ئەگەر لەدۆخی ململانێی شەڕانگێزانەدا بژی، ئەگەر بەلۆژیكی هێز بسەپێنرێت، ئەگەر بارگاوی بكرێت بەتوندوتیژیی رەمزی، لەهەمانكاتدا ناشیەتەدی ئەگەر بەمانای سڕكردنی ململانێی شارستانیانەی نێوان ململانێكاران بێت، یان پەكخستنی جوڵەو دەستپێشخەریان، یان چالاكیو پێشبڕكێی نێوانیان. كاتێك هابرماس عەقڵانییەتی كۆمەنیكەیشن دەخاتەڕوو، مەبەستێتی كە ململانێكان بەردەوام بن، بەڵام بەدیالۆگو پەیوەندیی شارستانییانە، كەرەستەی ئەم پەیوەندییەش رەخنەگرتن بێت لەنێوان خود-خود، خودو ئەویتر، كرانەوەو كارلێكی نێوان جیاوازەكان بێت. ئەمڕۆ واقعی ئێمە پێویستییەكی زۆری بەم عەقڵانییەتە كۆمەنیكەیشنكارە هەیە، ئێمە بەبێ ئەم پرۆسەیە، ململانێكانمان دەبنەوە بەجەنگ، رێككەوتنەكانیشمان بەوەهم !.
مەجید ساڵح (بەبیانووی سەپاندنی سزای ناڕەوا بە سەرگیراوەکانی بادینان) دوای پەسەند کردنی حوکمی دادگا دەرحەق بە گیراوەکانی بادینان لەلایەن دادگای تەمیزی کوردستان، هەم لە بەیانی رەسمی حکومەت و هەم لەو بەیانانەی کە دامودەزگا جۆرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەریان کردوە، باس لە سەپاندنی قانون و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستوەرنەدانیان لە یەکتری دەکەن. ئەم پاساوە، بەردەوام لە دەوڵەتە شمولیەکاندا دەهێنرێتەوە بۆ بێ دەنگ کردنی کردنی رای گشتی ناوخۆیی و چەواشەکردنی دنیای دەرەوە کە لە وڵاتەکانیاندا قانون سەروەرە. ساڵی ٢٠٠٥ بوو، ئێمە کۆمەڵێک کەس بووین لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە داوەت کرابووین بۆ ئاشنا بوونمان بە سیستمی سیاسی و ئیداری و یاسایی تورکیا. ئەو کاتە سێ ساڵێک بوو حیزبی داد و گەشەپێدان هاتبووە سەرکار و دوو ساڵێک بوو سەدام روخابوو. حکومەتی نوێی تورکیا دەیوسیت وێنەیەکی جیا لەو وێنەیەی جارانی پیشانی دەرودراوسێکانی بە کوردیشەوە بدات. یەکێک لەو محازرانە تەرخانکرابوو بۆ قسەکردن لەسەر سیستمی دادوەری لە تورکیا، سەرۆکی دادگای دەستوری تورکیا محازرەکەی بە پرسیارێک لە ئێمە دەست پێکرد "ئایا دەوڵەتی قانون باشە یان دەوڵەتی حقوق؟" هەر هەموومان وتمان دەوڵەتی قانوون! پێکەنی و وتی "خراپترین دەوڵەت دەوڵەتی قانوونە گەر لەسەر ئەساسی حقوق بونیاد نەنرابێت، باشترین نمونەش بۆ ئەوە تورکیایە بە قانون مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی لە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی تورکیا سەندوەتەوە و ناهێڵێ قسەی پێ بکەن." مافی ناڕەزایی بوون و دەربڕینی ناڕەزایەتی، مافێکی گەردونییە و لە ساڵی ١٩٤٥ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا ناوە و بۆ هیچ حکومەتێک نییە لە هاوڵاتیانی وەرگرێتەوە، ئیتر بە قانون بێت یان رێگەی کوشت وبڕەوە. یەکێتی و پارتی لە ساڵانی دوای راپەڕینەوە، لەسەر ئەوە راهاتبوون لە سنوری دەسەڵادارێتیاندا هەرکەسێک دژایەتی بکردنایە، تیرۆر یان بێ سەروشوێنیان دەکرد، بەڵام یەک دوو ساڵێکە پەنا بۆ دادگا و قانون دەبەن. بەڵام کاتێک لە پرۆسەی دادگاییەکە ورد دەبیتەوە، دەبینی هەمان ئەنجامی پێشووی هەیە کە بریتیە لە سڕینەوە و نەهێشتنی لایەنە نەیار و ئۆپۆزسیۆنەکانیان بە کەڵک وەرگرتن لە قانون، بەبێ ئەوەی مافەکانیان لەبەرچاو بگرێ. بە مانایەکی دیکە سەربڕینە بە لۆکە. ئەم شێوازەی مامەڵە کردن لە گەڵ خەڵکانی ناڕازی، لە زۆربەی دەوڵەتە شمولیەکاندا تاقی کراوەتەوە، راستە بۆ ماوەیەک تەمەنیانی درێژ کردوەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ناچار بوون کۆڵ بدەن و بە لۆژیکی ماف لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیاندا مامەڵە بکەن. پینوشێ، موبارەک، بن عەلی و سەدام حسێن و دەیانی دیکە بەرقەرارکردنی قانونیان کردە دروشم، بەڵام گەیشتن بە کوێ؟ رای گشتی کوردستان و رێکخراوە جیهانیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەزانن ئەو دادگایی کردنەی گیراوەکانی بادینان پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و دادگایەکی نەزیهی تێدا رەچاو نەکراوە و حوکمەکەش حوکمێکی ستەمکارانەیە، ئیتر هیچ پاساوێک ناتوانێ ئەو حەقیقەتە داپۆشێ.
مەریوان وریا قانع یەکێک لە درۆ ھەرە گەورەکانی ناو ئەو حوکمڕانییە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە باسکردنی ئازادییە. ئازادیی لەم ھەرێمەدا ھەرچیەک بێت، پرنسیپێکی سەرەکیی نییە کە ئەزموونی حومکڕانییەکە و ئەخلاقی ھێزە سیاسییەکانی و ھەڵسوکەوتی بنەماڵە حوکمڕانەکان دەستنیشانبکات. جگە لە شتێکی کەم لە ئازادیی نووسین و بڵاوکردنەوە کە لە ئێستادا بە شێوازی جیاواز لە ژێر ھەڕەشە و فشاردایە و دەیان لەمپەری گەورەی بۆ دروستکراوە، ھیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی تری ئازادیی بوونی نییە. نە ئابوریی ئازادە، نە میدیا ئازادە، نە دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت ئازادن، نە کۆمەڵگای مەدەنیی ئازادە و نە دادگاکانیش. لە ڕاستیدا شتێک بەناوی ئازادییەوە لە خەیاڵ و عەقڵیەتی سیاسیی خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ھەرێمدا بوونی نییە. ئەوەی ھەیە و لەئارادایە پرۆژەی بە ڕەعیەتکردنێکی تەواوی سەرجەمی کۆمەڵگاکەیە لە بەردەم دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵە سوڵتانیانەدا، کە لەسەرێکەوە بەتەمان تا ڕۆژی قیامەت حوکمڕانبن و لەسەرێکی دیکەشەوە تا دێت ململانێی ناوەکیی نەوە گەنجەکانیان، ناشیرینتر وملشکێنتر و ترسناکتر دەبێت. بێگومان بڕ و ڕادە و شێوازی کۆنترۆڵکردنی ھەر یەکێک لەو بوارانەی ھێمامان پێکردن جیاوازە، ھەریەکێکیان بە شێوازی جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە و بە میکانیزمی تایبەتیش کۆنترۆڵکراون، یەکێکیان لەویتریان زیاتر و توندتر جڵەوکراوە. لە ھەمووان کۆنترۆڵکراوتر سێ بواری سەرەکیی ژیانن لە ھەرێمەکەدا. یەکەمیان کۆنترۆڵکردنی ئابورییە، کە بە پلەی یەکەم ئابوریی نەوت و وزەیە، تێکەڵ بە ئابوریی بازرگانی قاچاخ و ناقاچاخ لە ھەرێمەکەدا. دووھەمیان، دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت خۆیەتی کە لە دامەزراندنی سادەترین کارمەندەوە تا دامەزراندنی گەورەترینیان، بە شێوەیەکی سەرتاسەریی کۆنترۆڵکراوە. سێھەمیشیان کۆنترۆڵکردنی سیستمی داوەریی و دادگاکانە. ئەمەی دواییان بۆ دوو مەبەست. لە سەرێکەوە بۆ پارستنی حوکمڕان و دارودەستەکەیان لە ھەر لێپریسنەوەیەکی یاسایی. لەسەرێکی دیکەوە بۆ دادگاییکردنی ھەر کەس و ھێز و لایەنەێک بیانەوێت تۆمەتباری بکەن و لە زیندان توندیبکەن. سیستمی داوەریی لە ھەرێمدا بە ھیچ مانایەک و لە ھیچ شێوەیەکەدا ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری تایبەتی خۆی نییە، حیزب و بنەماڵە سیاسییەکان تەواو کۆنترۆڵیانکردوە و بەوشێوەیە ئاراستەی دەکەن کە دەیانەوێت. کۆنترۆڵی ئەم سێ پێگە سەرەکییە، ئابوریی و بیرۆکراسیەت و اوەریی، ئاکاری ژمارەیەکی ئەو سیستمە سوڵتانییەیە لە ھەرێمەکەدا دروستکراوە. ئەوەشی ئەم سیستمە دەپارێزێت ئەو سوپا و ھێزە ئەمنیی و گروپە بەڵتەجییە تایبەتانەیە، کە بنەماڵە سیاسییەکان بۆپاراستنی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان، دروستیانکردوە. ئەوەی لێرەدا مایەی گریان و پێکەنینە ئەوەیە سەرە گەورەکانی ناو ئەم بنەماڵانە، کە دەسەڵاتدارە تاکڕەوەکانی ھەرێمن، وا دەزانن کەس ئەو وێنە ناشیرینە نابینێت، وادەزانن ھەم خەڵکی کوردستان و ھەم دونیای دەرەوە وەک پاڵەوانی بونیادنانی دیموکراسیەت و قارەمانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دەیانبینن. کەی کێشەیەکیش دروستبوو ئەوان ھەم خۆیان و ھەم نوێنەرەکانیان دەتوانن بە دەرکردنی یەک دوو بەیاننامەی پڕ لە درۆ، جەوھەرە ناشیرن و ترسناکەکانی حوکمڕانییەکەیان بشارنەوە. ئەم خورافەتە تا دێت ھەم لەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و ھەم لەبەرچاوی دونیای دەرەوە ناشیرینتر و قەبیحتریان دەکات. ئێستا ئیتر ڕەخنەکان تەنھا لەلایەن چەند ڕۆژنامە و سایتێکی ئەلکترۆنی و ڕۆشنبیر و چالاکەوانێکی ناوەکییەوە سەرچاوەناگرن، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانەش کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە ھەرێم دەپارێزن، دوای پەڕینەوەیان بۆ لای دەیان ئۆرگانی نێودەوڵەتی گرنگ کە لە جیھاندا بەرگریی لە ماف و ئازادییەکان دەکەن و بەگژ گەندەڵیی و دزیی و جەردەیدا دەچنەوە. ئەم دۆخەی لەمڕۆدا دروستبووە گەورەترین ھەڕەشەیەکە لە ڕۆژی دروستبوونییەوە لەسەر ھەرێم و دانیشتوانەکەی دروستبووبێت . زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانەکانی بادینان لەڕێگای دادگاوە، ئەو مۆدێلە ”تازە - کۆنە“ی مامەڵەکردنی کۆمەڵگایە، کە شەرمی تەواوەتی لەوە شکاوە ناشیرینەکانی ببینرێن، باکی بەوە نییە دۆست و دوژمنەکانی وەک خراپەکارێک باسیبکەن، ھەم درۆ بۆ خۆی و ھەم درۆ بۆ کۆمەڵگاکەی و ھەم درۆ بۆ جیھان دەکات. ئەم شەرمشکينە ھەمەلایەنە، ئەم پیشەسازیی درۆکردنە و ئەم گەمژەییە سیاسییە ھەمەلایەنە، سەرەتای دروستکردنی جەھەنەمێکی نوێیە، جەھەنەمێک ئەمجارەیان ئاگرەکەی ھەمووان بەیەکەوە دەسوتێنێت.
عەبدولڕەزاق شەریف ساڵی نەوەدوپێنج و لە هەوڵەکاندا، بۆ ئاشتی و کۆتایی شەڕی ناوخۆ، دوای گفتوگۆ و دانوسان، پرۆژەی رێکەوتنی ( دبلن ) لە نێوان پارتی و یەکێتی هاتە ئارا .خاڵی پێنجەم و کۆتایی پرۆژەکە دانپێدانان بو بەوەی ( پ ک ک هێزێکی تیرۆریستە و نابێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ) . پرۆژەکە لە دەەرەوەی وڵات و بە ئاگاداری و نێوەندگیری بیانیی چێکرابو، لەناوخۆشدا، پێویستی بە زەمینە سازی و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبو . بەو مەبەستە نوێنەری ئاغای رەفسنجانی ( سەرۆک کۆمار )ی ئەوساڵ، سەردانی هەرێمی کوردستانیکرد، بەندە چانسی ئەوەم هەبو وەک نوێنەری تاڵەبانی لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشوازیمکرد و گەیاندمە ژورە بچوکەکەی سکترتێری گشتی لە هەولێر، شاسوار ( مستەفا ئیبرایم ) یش لەوێ بو . هەر زو مام جەلال، بەدەم خواردنەوەی ساردییەکەوە رەشنوسی پرۆژەکەی بۆ خوێندەوە و مەلا یاسینی راسپارد ( کە تا ئەو کاتە لە نەو دەرگاکەدا بە پێوە راوەستابو ) ئەلبومی وێنەکان بۆ میوانەکە بهێنێ . بەدەم روانین لە وێنەکانی خۆی و عەبدوڵا ئۆچەلانەوە بە ( ئاغای نوریان ) ی وت : - بروانە روخساری ئاپۆ ! تەماشای زەردەخەنەکەی بکە ! ئەوە لە تیرۆریست ئەچێ !؟ بێ چاوەڕوانی وەڵامی میوانەکەی وتیشی ( دوێنێ وەفدی ئەمەریکاییەکانم لابوە، هەمان ئەو قسانەی بۆ تۆی ئەکەم بەوانیشم وتوە، ئێمە خاڵی پێنجەمی ئەو پرۆژەیە رەتدەکەینەوە و لەژێر هیچ فشارێکدا، ئامادە نین" پ ک ک " وەک هێزێکی تیرۆریستی بناسێنین ) . دوای چارەکە سەدەیەک و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەبێ ئەو راستیە بزانن کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانیان ( پ ک ک ) وەک هێزێکی تیرۆریستی ئەناسێنن، یاسای بەرەنگەربونەوەی تیرۆر کە بە ژمارە سێی ساڵی دوهەزاروشەش لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوە، بەمدواییەش بە دەنگی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی ( پارتی، یەکێتی، گۆڕان و یەکگرتو ) درێژکرایەوە، (هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، ئەو یاسایە بو کە نەوشیروان مستەفا لە باسیدا ئەیوت پارتی بەو یاسایە ئەتوانێ تورەکە بکاتە سەر هەرکەسێ کە بیەوێت ) تیایدا، چەمکەکانی ( تیرۆر و سەلامەتی گشتی ) وەک کاڵایەک بە باڵای پارتی و سیستەمی حوکمڕانیەکەیان دوراوە . ئەشتوانن بەو یاسایە هەمو گروپ چات و دەستە و کۆڕ و کۆبونەوەیەک کە دژی حکومەتی هەرێم و دەزگا رەسمییەکانی بێت، لە خانەی تیرۆردا چێ بکەن و پەیوەندیکردن بەو مەبەستە لەگەڵ کونسلخانە و دەزگا و لایەنە بێگانەکاندا، وەک کارێکی تیرۆریستی پێناسە کراوە . کەواتە حکومەتە ئیئتیلافیەکەی هەرێمی کوردستان و ستراتیژی کارکردنیشی هەمان روانین و ئاراستەی هەیە، یەکێتی و گۆڕانیش لە هەموان باشتر ئەزانن و لە سەرۆکایەتی هەرێم و لە ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزیر و گزیریان هەیە و پشتیوان و هەماهەنگن ! ئەوانەشی لە مەسەلەی دادگاییکردن و زیندانیکردنی گروپی بادیناندا بەراستی پشتیوانن، تەنیا ئەو کەس و لایەنانەن کە دژی درێژکردنەوەی ئەو یاسایە دەنگیان بەرزکردەوە و دژی ستراتیژ و کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستاونەتەوە . ئەوانەیشی کە بەشدار و پشتیوانی حکومەتی هەرێمن و لە هەولێر شادمان و لە سلێمانی بە قیژەوە فرمێسکی تیمساحی بۆ زیندانیکراوەکان دەڕێژن، درۆزنی گەورە و چەواشەکاری راستەقینەن.
نەبەز جەلال گەر بە ئازار و مێژوی نزیکی پڕ برینی ھێزی چەکداری باشوردا ڕۆچینە خوارەوەو سەرنج بدەین. ئەوا تێدەگەین کە تێنەگەیشتن و نەبونی زمانی لەیەکگەیشتن بۆ دروستکردنی ھاوسەنگییەکی بەھێز و تۆکمە، یەکێکە لە ھۆکارە سەختەکانی سەرنەکەوتن و بەردەوامبوونی کێشەو ململانێکانیشە بۆ شەڕی خۆ بە خۆ. لە نێوان بەرکاربوون و بەرکەوتنی ئاوەزی زانستی ڕامیاری و پارسەنگی ڕامیاری ھێزی بۆماوەی ناو ھێزەچەکدارەکانی شۆڕشی ئەم ھەرێمە، کەلە دامێنی کین و بوغزی کۆن و پەروەردەی پارت و سەرکردەی لوتبەرزی کاڵفام و شەڕی بچوکەوە خوڵقاوەو گواستراوەتەوە بۆ سەفرەو خوانی ئێستامان، وە دوورە لە زانست و خواستی پێکەوەیی کارکردن و خەباتی ھاوکاری و ھاوسەنگی، بۆ پێکەوەژیانی گشتی و ئاسودەیی بۆ کورد. بێگومان سەرەتای شەڕی سەنگ و پارسەنگ، ئەم ناوچەو مژارە دەکەوێتە سەرەتای بەرکەوتنی ھێزە چەک بەدەستەکانی ئەیلولی باڵی مەکتەبی سیاسی و بارزانی، دوایی باڵی جەلالی و مەلایی!. « ئاش بەتاڵ و ئاش بە خاڵ»، بۆ جێگرەوەو دەستکەوتی گرتنەوەدەستی دەسەڵاتی ھێزی قیادە موقەتەو شۆڕی نوێ. ھەردوو بە ناو ( یەکێتی نیشتیمانی و شۆڕشی گوڵانی پارتی ). ساڵانێک دژە تیرو مەچەکی ململانێی ھێزبوون بۆ سەرکەوتن و قبوڵکردنی بەرامبەر بە بچوکی و پارسەنگی یان بەشە جێگرەوە!. نەھامەتییەکانی برسێتی گوندو ڕاوەدوونان و ڕاگواستن و ئەنفال و کیمیاباران و شەڕی ھەزارن شەھید و قوربانی تەنھا بۆ سەرکەوتنی ھێزی یەکەم بوو وەک براوەی فوتێکراوی قیت و قۆڵ کە نەبای دیبێت نە باران!. نەک بۆ ئازادی و سەرکەوتنی ووڵات و ڕزگارکردنی خاک، بەوەدا کە پاداشتی شەھیدو قوربانیەکانیان خستۆتە بەردەستو ھەموان ژیانیان دەبینین بە ئازادییەکانەوە!. لای ھەموان ڕوونە، کە کورد بێ ھاوکاری نەیتوانیوە بەردێک بجوڵێنێ و بھاوێ!. ھەمووان بەرچاومان لەو ڕووەوە ڕوونە،کەسمان ناتوانین ڕاستی بشارینەوە، ھەر لە وەختی ھەرەس و ئاشبەتاڵی شۆڕشەوە تا ئێستاشی لەسەربێ؛ جگە لەو کۆمەکە شاراوەو چەپەکانەی بەنھێنی کراوون و دەکرێن و ھەمووی لای میللەتی ڕوونە. بۆیە تا ئەم شێوازی ئاوەزی پاڵەوان بازییە سەبارەت بە بردنەوەو سەرکەوتن لە سەرانی پارتی ڕامیاری کورد دوور نەخرێتەوەو، ئەو ئاڵۆشانە دانەمرکێنرێن، لەو خەون و خەیاڵە پووچە نەیەنە دەرەوەو، ھاوسەنگی نەبینن و کوردبون نەخەنەوە بەردەممان، ھەر بە " کورتی " دەمێنینەوەو، نابین بە " کورد " و دەربازمان نابێ. ھەڵە تێگەیشتنی سەنگ و پارسەنگی ھێزبوو، شەڕی خوێناوی ناوخۆی بەو ئاکارەدا برد!. نەبوونی ھاوسەنگی ھێزەکانی ئێران و تورکیابوو «٣١ ئاب» ی خوڵقاندو، پارتی کردە براوەی بڕیار و خاوەن ھێز لە ناوچەکەو، پشتگرو گرێدراوی ناڕاستەوخۆی ئەمریکاو، دۆستی نزیکی تورکیا. ئەمریکا بەزەبری ھێز، وویستی ھاوسەنگی گونجاوی خۆی سەپاندو، زۆنی سەوز و زەردی بە باڵاماندا وەک ئاودامانی نەفامی بڕی و پێیپۆشین، بڕیاری کۆتایی خستە دەست پارتی و، یەکێتیش ئەوکات باجی نزیکدۆستی خۆی لەگەڵ ئێراندا بەرکەوت. پارتی لێرەوە کەوشی یاخیبوونی پارسەنگی و ھێزگەلی لەخۆ بایی و ھەواشانیی بێمنەتی زیاتر لێ ھەڵکێشاو، کردیە پلان و کارینەکردەی بەردەست و، بە ھەنگاو و ڕێنوێنی وردەوە، لەگەڵ دۆخ و سەرکەوتنی قۆناغەکانی ناوچەکە چووە پێش و بوە لێخوڕەری بێ پسوڵەو، پێشەوایەکی خۆسەپێنی نەگەڕاوە بۆ ویستی خەڵک و، ئارەزوەکانی لە سنورەکە!. لێدانی ڕژێمی ئێراق و ئازادکردنی کەرکوک و خێرا دابەشکردنی ھێزەکانی زەرد و سەوز و، داگیرکردنی گەڕەک و ناوچەکانی کەرکوک بەنیەتی سەنگ و لاسەنگ، بەرھەمەکەی کردنە دەرەوەی کورد و ھەڵە تێگەیشتن و بێ متمانەیی ھێزە ھاوپەیمانەکان بوو بە کورد. دورخستنەوی ھێزە کوردییەکان بۆ دەرەوەی شار و، بێ بەریکردنییان لە شارەکە، دەرئەنجامی ئەو تێگەیشتنە بوو کە کورد لە کاتێکدا نەیدەتوانی ھاوسەنگی خۆیی خۆی وەک کورد لە جێنشینی خۆی بپارێزێ،چۆن دەتوانێ نوێنەرایەتی و ھاوسەنگی ھێزی کەمەنەتەواییەتییەکانی تر لە کەرکوک بپارێزێ.! ئێراق بەرەو دامەزراندنەوە، لە کاتی دروستبوونی مەجلیسی حوکمدا، داواکاری سەرانی ھێزە کوردییە باڵاکانی ئەودەم تەنھا تێچوو ، خەرجی و ویستەمادییەکانی خۆیان خستۆتە بەردەم. برێمەر بە کورتی دەڵێت: سەرانی کورد لە ھەمووشت زیاتر خەمی پارەیان بوو!؟. بێگومان ھەموان دەزانین کە پارەیان بۆ مەسەلەی پارسەنگی سیاسی بووە، نەک پێکەوەیی و ھاوسەنگی نیشتیمانی و سەرکەوتن بۆ ھەموان، کە ئێستا بەرھەمەکەیمان لەبەردەستە. کاتێک سەرککۆمار بەر کورد دەکەوێت تاڵەبانی دەچێتە بەغداد و بارزانیش دەبێتە سەرۆکی ھەرێم ئەمەش لە دیدگای سەنگ و لاسەنگی خۆ بە براوەو گەورەو بچوکەوە سەیرکراوە، لە کاتێکدا دەبوو تەواوکار و ھاوکاری یەکبن و بۆ یەکبن و پاداشتی چاکەی ئەو بەرکەوتنە حیزبیانەی بە زۆنی سەوز و مافەکانی ئەو ناوچەیەی لە دابڕان و نەبونی تاڵەبانی سەرککۆماردا بڕاوە بدرێن و وەربگیرێنەوە نەک فەرامۆش و بێدەسەڵات و کارتۆنی سەیربکرێن.! کاتێک کە کێشە دەکەوێتە نێوان ئێراق و ھەرێمەوە «مالیکی و بارزانی»یەوە بودجە و موچە دەبڕدرێت و بارزانی نەوت بە پیشتیوانی تورکیا و چاو نوقاندنی زلھێزەکانی ناوچەکە دەفرۆشێ، کورد باجی قورسی لە نەبونی ھاوسەنگی بڕیاری پێکەوەیدا دا، کە لە ڕاستیدا ئەمانە ھەمووی ھەنگاوی ڕێکخراوی ئامادەکاری و ڕێگا بەستێن بوون بۆ ھەموان و ، ڕاپێچکردنی بێ ویستی گشت لایەنی سیاسی و شەقامی کوردی بوو، بۆ ژێر چەترو پەلکێشکردنی چەند بڕیارێکی کارگێڕی بەیاساییکراوی نەبینراو و نەزانراو، کە بارزانی وەک سیاسەتێکی نوێی لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکان و کوردا بۆ یەکەم جارو لە کاتێکی ڕووگیری نەتەوەییداکاری پێبکاو وەک دەسەڵاتێکی یاسایش بەکاریبھێنێ لە پێگەی پۆستەکەیدا. کە دواجار بە پێچەوانەوەو لاسنگیەوە بە ڕوودارییەکی زۆرەوەو بێ گوێدانە یاسا ھەمان ڕێکار و جۆر لە بەکارھێنانی بڕیاری یاسای بە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و خۆی بەکارھێنراو وەک خۆبەسنگێک قبوڵی نەفەرموو!. شەڕی پارسەنگی و دەسەڵاتی سەنگ لە بەرەکانی جەنگ و دابەشکردنی پێداویستی و کۆمەک و شەڕگەکاندا بە ڕوونی دیارو بەرچابوون، لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدا لە نوێنەرایەتی ووڵاتان و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکاندا، لە بودجەو موچەدا،لە ئەنجومەنی داد و دادوەریدا، لە مەلای مزگەوت و مینبەردا لەھەموو شوێنێکدا بوونی ھەبووە!. کێشەی سەنگ و ئاوەزی لاسەنگی قورسایی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی بوو، بارزانی سەرۆکایەتی ھەرێمی جێ نەدەھێشت، کاتێک کار لەکار ترازا ئیتر گێچەڵ و شەڕی قبوڵنەکردنی ھاوسەنگی دەستی پێکردوو، لە پێناو ڕازینەبوونی ھێزەکان و دەنگ بەرزکردنەوەیان لەو دۆخی مانەوەیەو شکستی بارزانی لە سەرکەوتن، ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند و شەڕی مانەوەو بەرگری بە تاکدەسەڵاتی ڕەھا و بە پشتیوانی گشت پیشتیوانە شاراوەو سێبەرەکان بەسەر خەڵکدا سەپاند. دانەنانی سەرۆککۆمار لەپارتی، تێکچوونی باری سەنگی پارتی بوو بۆیە نەیدەتوانی قبوڵی بکات، بردنەوەی ھاوسەرۆکە گەنجەکانی یەکێتی لە حیزبدا، لاسەنگی سەرۆکایەتی پارتی و بارزانی بوو ، بۆیە نەیدەتوانی سەردانیان بکات و پیرۆزبایی بەدڵیان لێبکات، لاسەنگی گەورەیی و دەسەڵاتە کە کاتێک سەرۆکی پارتە سیاسییەکان کۆ دەبنەو باسی کێشەکانی ناوخۆی ھرێم دەکەن و بارزانی ناچێ.! گرێی دەروونی «سەنگ و لاسەنگ و پارسەنگە » کە پەرلەمان بە زۆرینە بڕیار دەچووێنێ و، ویستی خەڵک و پرۆژەی کەمینە ژێرپێ دەنرێ!. کێشەی لاسەنگی و پارسەنگیە پۆستی تەواوکاری لە شوێن پایەی بڕیاردەرو باڵا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەدرێتە نوێنەری نوێنەرایەتی چەند سەت دەنگێکی نادیار.! لاسەنگی و کەم سەنگییە بە بڕگەکانی یاسا و ڕێ و شوێنی کارگێڕییەوە خواستەکانی خەڵک درێژ و کورت دەکرێنەوەو فەرامۆشدەکرێن و بەخواست و ئارەوز باسیاندەکرێ. لاسەنگی و پارسەنگییە حیزبێک زۆرینەی دەسەڵاتەکانی لابێ و یاساش بە ویستی خۆی بەرقەراربێ. لاسەنگی و بێ سەنگییە لە کۆتا دەسەڵاتی بڕیارداندا سێ کەسیان پارتی و دووکەسیان خەڵکبێ، پیشانیشمان بدەن کە ئەوان خاوەن بڕیار و وڵات و بەدەستن و دەبێت لەوانەوە سەڕی دێڕی نوێ بنوسرێ.! پارتی بە ڕوونی لە کۆبەرھەمی سیاسی ئەو سەنگ و لاسنگ و پارسەنگەوە بە ڕاشکاوی و بێ کێشە بەھەموان و ناوچەکە دەڵێن : تا ئێوە نەتوانن ھاوسەنگی ڕاستەقینە دروست بکەن و، لاسەنگی ڕێکبکەنەوە، ئەوا ئێمە پلەی سەنگ و پارسەنگی دەستمان بەوانە دەبەخشین کە دەمانەوێ، کە لەڕاستیدا بەم جۆرە بیرکردنەوەیە جگە لە نەیاری گرێی زیاتر، یار بە خۆیەوە ناگرێ و کوردیش نابێ بەھیچ، بێگومان بەرەی بەرامبەریش لێناگەڕێ شەوچەرەی خەونی درێژ و ڕابوردویان بێ ڕێککردنەوەو ھاوبەشی خەڵک بخۆن.
هاوڕێ تۆفیق کەم گەلی دونیا ھەیە ئەوەندەی کورد ،بێ بایەخ سەیری زمانەکەی خۆی بکا. لە سەد ساڵی ڕابردوو گەلی کورد لە تێکۆشانی نیشتیمانییا سەدان ھەزار قوربانی بەخشیوە. یەکێک لە داواکارییە کلتوریی و دەستورییەکانی کورد،داوای لە دەوڵەت کردوە کە زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبیا بەرەسمی بناسێنێ. لە ئێستایا بە گوێرەی دەستور زمانی کوردی نەک ھەر لە کوردستاندا، بەڵکو لە ھەموو عێراقی فیدراڵدا زمانێکی رەسمی دەستورییە. بەڵام دەرکەوت کورد، کە کورد زیاتر لە ھەر لایەک دوژمنی زمانەکەی خۆیەتی! ئەم بریارە تازەیەی دادگای تەمیز، رای کوردستانی دابەشکردوەو ھەڵوێستەکانیش بەردەوامن و قسەی زۆری لەسەر کراوە ، بەڵام لایەکی تر، خاڵێکی تری کەموکورتی جەوھەری لە بریارەکەدا ھەیە .کە ئەمەیان قسەی لەسەر نەکراوە،ئەویش دەرکردنی بریاری دادگاکەیە بە زمانی عەرەبی ئەمەش پێشێلکردنێکی روون و ئاشکرای مافێکی دەستوریی کوردە. باشە بۆ بە زمانی عەرەبی دادگا بریارەکانی دەرئەکا؟ دادوەرەکان زمانی کوردی نازانن؟ زمانی کورد ئەوەندە ھەژارە نەتوانرێ بریارێکی دادگای پێبنوسرێ؟ ھۆیەکەی چیە؟ کام دادگای وڵاتان بە زمانی گەلەی خۆی بریار دەرناکا؟ ئەمە یەکەم جارو کۆتا جاریش نابێ کە کورد بە دەستی خۆی مافی دەستوری خۆی پێشێل ئەکات! بەداخەوە بەشێکی زۆری دادگاکان لە کوردستان ھەتاوەکو ئێستا ھەر بە زمانی عەرەبی بریارو لێکۆڵینەوەکانیان ئەنوسن! ئەم دیاردەیە سنوری دادگاکانی تێپەراندوەو بۆتە نەخۆشییەکی کلتوریی . تەنانەت بەشێک لە نوسەران و رۆشنبیران بەرپرسیارن بەرامبەر بەم دیاردەیە، ئەوان کە وتارێک ئەنوسن ،بێ ھیچ ھۆیەک چەند وشەیەکی بێگانەی تێکەڵاو ئەکەن ،ئەمەش بەو خەیاڵەی بڵێین نوسەر ڕۆشنبیرە! زمانی ناسنامەی ھەموو گەلێکە با ھەموان رێزی لێ بگرین .
ئاسۆ حاجی ناوهاتنی کۆنسلخانەکان نە بە مانای تۆمەتبار کردنی ئەو وڵاتانە و نوێنەرایەتیەکانیانە و نە موژدەشە بۆ تێکچوون و ساردبوونەوەی پەیوەندیەکانە، بەڵکو حالەتێکی ئاساییە و بەشێکە لە دانپێدانانی حوکمدراوان کە پارەیان لە کەسانێک لەو دوو کۆنسلخانەیە وەرگرتووە(کۆنسڵخانەی ئەلمانیا و ئەمریکا) بۆیە پێویستە نوێنەرایەتی ئەو دوو وڵاتە وەڵامی ئەوە پرسیارە بدەنەوە لە پێناو چ پارە بەو کەسانە دروە؟ ئەو کەسانە کێن کە ئەو کارەیان کردووە؟ ئایا ئەوە کارە بەبڕیاری کۆنسلخانە بووە یان کارێکی تاکە کەسی؟ سەردانی کردنی خەڵک بۆ کۆنسلخانەکان و دانیشتن و وێنەگرتن لەگەڵیان کە کارێکی ئاساییە و لە عوڕفی دبلۆماسی و میوانداریکردنی نوێنەرایەتیەکان رێگەپێدراوە، بەڵام زۆر کەس هەوڵدەدەن ئەو سەردانیکردنە ئاساییانە و پەیوەندی ئەو چەند کەسە و وەرگرتنی پارە لەو نێردە دبلۆماسیانە تێکەڵ بکەن بە شێوەیەک هەردووکیان بکەنە یەک کەیس و دادگاکانی کوردستان بە بێ ئاگا و لایەنگر وێنە بکەن، بەوەش هەوڵی گومان خستنە سەریان بدەن و دەرئەنجامەکەش بە کێماسیەکی گەورە لە رووی دبلۆماسی و دادوەری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەژمار بکەن. لە رابردوو چەند حالەتێک و هەڵوێستێکی لەو شێوەیەمان بینیووە، نزیکترینیان کەیسی لابردنی پارێزبەندی بوو لە سەر سۆران عومەر، کە هەمان ئەو کەسانەی ئێستا لە دژی بڕیاری دادگا قسە دەکەن، ئەوکاتیش هەمان کاریان دەکرد، بەڵام چوونکە قسەکانیان ناهەق بوون و ئەو کەسەی بەرگریان لێدەکرد تاوانبار بوو نەک تاوانبارکراو، بۆیە سۆران بووە راکردوو لە دادگا و بەرگریکارەکانیشی بوونە شەرمەزاری دنیا و قیامەت. لە نێو نێردە دبلۆماسیەکان زۆر جار کەسانێک هەنە کە لە کاری نایاسایی تێوەدەگەڵێن و لە ساڵانی رابردوو لە نێو ئەو کۆنسلخانانەی لە هەرێمی کوردستان هەن کاری نایاسایی و ئابڕوبەرانە ئاشکرابوون کە وڵاتەکانی خۆیان بەر لە لایەنەکانی دیکە شەرمەزار کردووە، لە فرۆشتنەوەی ڤیزا و پارە وەرگرتن لە خەڵک، بۆیە هەبوونی کەسانێک لە نێو ئەو کۆنسلگەریانە کە کاری نا یاسایی بکات نە سەیرە و نە نەکردەیە. ئامادەبوونی نوێنەری هەردوو کۆنسلخانە لە دانیشتنەکانی دادگایی کردنەکە هاوکاری هەردوولای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانە بۆ زیاتر پێکەوە کارکردن و رێگری کردن لە دووبارە کردنەوەی کاری نەخواستراوی لەو شێوەیە، ئەوانەش کە کۆنسلخانەکان و تاوانباران لە یەک سەنگەر کۆ دەکەنەوە کە دژایەتی کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دڵنیایەوە دیسان پێیان لە تەختەی چرووک ناوە، چوونکە نێردەی دبلۆماسی وڵاتان باش دەزانن جیاوازی چیە لە نێوان چایە خواردنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوون لەگەڵ رۆژنامەنووس و چالاکوان و خەڵکی دیکە لەگەڵ پارە دان پێیان
د. هیوا مەجید خەلیل دەکرێ بڵێین بەهاری ساڵی ٢٠٢١، وەرزی شکاندنی بەستەڵەکی دیپلۆماسی بوو لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش لەلایەن دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە. لەسەر ئاستی دەرەوە، بانگهێشتکردن بۆ فەڕەنسا، کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنسولگەریی ئەمریکا و سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ساندی ئیدارەی جۆ بایدن بە سەرۆکایەتی مەکگۆرک و لە سەرئاستی عێراق سەردانەکانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی عێراق، هەر سێ دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و لە ئاستی ناوخۆشدا دوو جار کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر تەوەرەکانی هەڵبژاردن، رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی و یەکگرتووی دروستکردن لە نیوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان بۆ بوون بە فاکتەرێکی کاریگەر لە بەغدای دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠/١٠/٢٠٢١. لە هەموویان گرنگتریش ئەو چاوپێکەوتنە بوو کە لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقیە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدرا کە تا رادەیەک بووە هۆت توانەوەی بەستەلەکی نێوان هەولێر و بەغدا و رای گشت شەقامی عەرەبی لە دژی هەرێمی کورستان تا رادەیەکی باش خاوکردەوە. لە چاوپێکەتنێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقییە کە لە رێککەوتی ٢٢/٤/٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، کۆمەڵێک پرسیاری سەرنجراکێش و هەستیار ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کران. بەڵام دوو پرسیار زۆر تایبەت بوون کاتێک میدیاکارەکان دەپرسن: یەکەم، ئایا ''کاک نێچیرڤان بارزانی بە نیازە ببێتە سەرۆککۆماری عێراق؟ لە وەڵامدا سەرۆکی هەرێم وەڵامێکی زیرەکانەی دایەوە کە گوتی ''بۆ نا، منیش عێراقیم''. پرسیاری دووەم کە لە کۆتایی بەرنامەکە ئاراستە دەکرێت کە ''کاک نێچیرڤان بارزانی چ قسەیەکی بۆ گەلی عێراق هەیە؟'' لە وەڵامدا دەڵێت، هیوای خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی بۆ تەواوی خەڵکی عێراق دەخوازم. ئەم دوو وەڵامە، وەڵامی دیپلۆماسیانە بوون، پەیامێک بوو کە ئاراستەی گەلی عێراق کرا، کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و هەر دوولایەن پێکەوە دەتوانن، داهاتوویەکی باشتر بۆ هەر دوو نەتەوەیی کورد و عەرەب لە عێراق دروست بکەن. هەر کەسێک کە لە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان شارەزا بێت دەزانێت کە ئەم چاوپێکەوتنە دەچێتە چوارچێوەی دیپلۆماسی جەماوەریی و جۆرەکە لە پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ لە نێوان نوخبەی سیاسی و هاوڵاتی. لە پێناسەی دیپلۆماسی جەماوریدا (public diplomacy) هاتووە کە بریتییە لە هەوڵدانی بەرپرسانی وڵاتێک بە شێوەی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ بۆ پەیوەندیی گڕیدان لەگەڵ خەڵکانیتر. لەلایەکیترەوە، لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە هەندێ بارودۆخ کە تەنگژە لە نێوان ئەکتەر دەوڵەتییەکان بەرز دەبێتەوە، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان دەتوانن رۆڵیکی بەرفراوانتر لە ئەکتەری دەوڵەتی بگێڕن، چونکە هەم متمانە پێکراوترە هەمیش ئەکتەری نادەوڵەتی زۆرتر بە دوای سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابوریدا دەگەڕێت. ئەم جۆرە پەیوەندییە بە زمانی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی بە پارادیپلۆماسی هەژمار دەکرێت. دەکرێ دیداری نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا و وەزیری دەرەوەی ئێران بچێتە خانەی ئەم جۆرە پەیوەندییە. پارادیپلۆماسی هەم دەبێت هۆی بەرزکردنەوەی قورسایی هەرێمێک کە لێرەدا مەبەستمان هەرێمی کوردستانە و هەمیش ئەو کەسەی کە بەم رۆڵە هەڵدەستێت کە لێرەدا مەبەست سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. لە پێناسەی پارادیپلۆماسیدا هاتووە کە جۆرێکە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمێک یاخود نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت (subnational) بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی کە لە میانەی ئەم هەوڵانەدا بتوانێت بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەستەبەر بکات. لە سەردەمی بزوتنەوەی رزگاریخوای کوردستان، کورد دروشمێکی هەبوو بە ناوی ''یان کوردستان، یان نەمان'' کە زۆرتر لە رێگەی هێزی چەکەوە هەوڵی گەیشتن بەم دروشمە دەدرا، بەڵام لەسەردەمی حوکمڕانیدا پێویستە لە پاڵ هێزی چەکەوە، هێزی دیپلۆماسی و گفتوگۆ زیاد بکرێت و رۆڵێکی زۆرتری پێبدرێت، ئەمەش ئەو کارەیە کە لە حاڵی حازردا بە چری لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێت. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیدارەدان لە شار و لە شاخ لێکجیاوازن. واتە ئیدارەدانی سار پێویستی بە تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندیی هەمەلایەنە هەیە بۆ ئەوەی کە بتوانرێت بەرژەوەندییەکانی وڵات بە کەمترین تێچوو دەستەبەر بکرێن. لەلایەکیترەوە، هاوشێوەی تێزەکەی ئەحمەد داوود ئوغلو، وەزیری دەرەوەی پێشووتری کۆماری تورکیا، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە حاڵی حازردا سیاسەتی ''سفڕکردنەوەی کێشەکانی'' لەگەڵ وڵاتانی درواسێ، حکومەتی بەغدا و لایەنە سیاسییەکانی عێراق پەیڕەو دەکات. ئێمە بینمیان لەو سەردەمەی کە تورکیا ئەم سیاسەتەی پەیڕەوکرد ئاستێکی بەرزی سەقامگیریی ناوخۆیی بەدیهێنا کە بووە هۆی بوژانەوەی ئابوری تورکیا و پێشوازیکردن لە تورکیا لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە. دەکرێ هەمان دۆخ بۆ هەرێمی کوردستانیش دووبار بکرێتەوە لە ئەگەری گرتنەبەری سیاسەتی سفڕکردنەوەی کێشەکان. ئەم سیاسەتە هاوتەریبە بە سیاسەتی کردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە چەتری کۆکەرەوەی گشت پارت و پێکهاتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە واتایەکیتر گرتنەبەری ''سیاسەتی ئاشتی'' لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان؛ چونکە گومان لەوەدا نییە کە جۆرە بێمتمانەیی و بارگرژییەک لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە حوکمی پێگەکەی هەوڵی نەهێشتنی ئەم بارگرژیانە دەدات. ئەمەش دوو سیاسەتی سەرکەوتوون کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی پشتیوانیکەر لە هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێدەکرێت. ئەگەرچی ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبردرێت و دەسەڵاتداریی سیاسی رۆڵی سەرەکی لە رووداوەکاندا دەگێڕێت بەڵام ئەوەی کە لەم ماوەیەدا دەبینرێت هەوڵدانە بۆ کاراکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم دەبینرێت بە تایبەتش سەبارەت بە کۆبوونەوەی ناوبەناو لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەگەرچی خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقیە باس لەوەکرد کە هەولی بەدامەزراویکردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەدات، کە ئەمش لە دۆخی ئاڵۆزی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەنگاوێکی گرنگە. روبێرت پوتنام لە ساڵی ١٩٨٨دا گوتارێکی بەناونیشانی ''دیپلۆماسی و سیاسەتی ناوخۆ: لۆژیکی گەمەی دوو ئاستی'' لەبارەی دیپلۆماسی بڵاوکردوە و تێدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە وڵاتی دیموکراسیدا کە خاوەن هەڵبژاردن و سیستەمی فرەحزبی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە، دیپلۆماسی قەتیس ناکرێت لە دامەزراندنی پەیوەندییەکی بیرۆکراسیانە لە نێوان دیپلۆماتکاران و کاربەدەستە فەرمییەکانی وڵاتێکدا. پوتنام دوو ئاست بۆ دیپلۆماسی دیار دەکەت. لە ئاستی یەکەم کاربەدەستانی حکومەت پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروستدەکەن و لە ئاستی دووەمدا کارەبەدەستانی حکومەت پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی ناوخۆ دروستدەکەن. مەبەست لێرەدا ئەوە نییە کە بڵێین هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دیموکراسییە یاخود نادیموکراسییە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە ئەگەر شەنوکەنی دیدارەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم، لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دیدار لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری عێراق، دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا و سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کۆنسولگەرییەکان لە هەولێر و و دیدار لەگەل وەزیری دەرەوەی ئێران و چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقییە بکەین کە گشتیان لە لە ماوەیەکی زەمنی کورتدا ئەنجامدران ، دەبینین کە گشت ئەم هەوڵانە دەچنە چوارچێوەی دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو، جا چ پارادیپلۆماسی ناوبنرێت ، یاخود دیپلۆماسی جەماوەری یاخود وەک پوتنام باسی لێوەدەکات، دیپلۆماسییەک بێت لەسەر هەر دوو ئاستی ناوەوە و دەرەوە. ئەوەی کە لە هەموو ئەم هەنگاوانەدا گرنگە بریتییە لە هێنانەدی سەقامگیریی سیاسی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە کۆڵەکەی گەشەکردنی سیاسی و ئابوری وڵاتە. بە پوختی ئەوەی لەمەو بەدوا پێویستە لە ئاست دامەزراوەی سەروکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بگیرێتەبەر بریتییە لەوەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوبەناو لە میدیا عەرەبییەکان دەرکەوێت و سیاسەت و جیهانبینی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی عێراق و وڵاتانە ناوچەکە روونبکاتەوە. لە عێراقدا زۆرجار زمانێکی نەرم و رووینەوەی گومانەکانە دەبێتە هۆی هێنانەدی سیاسەتێکی سەرکەتوو و بەدەستهێنانی متمانە و پشتیوانیی جەماوەریی. زیاد لەمەش هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئابوری باشدا ناژیت و بۆ ئەوەی کە کەرتی ئابوری هەرێم بەرەو پێشکەوتن بڕوات پێویستە هەرێمی کوردستان دەرگاکانی بە رووی ئابوری جیهانی و هەرێمایەتیەوە کراو بێت، ئەمەش وەک باسکرا پێویستی بە هێنانەدی سەقامگیریی و بەخشینی متمانە بە لایەنی بەرامبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستی سەرۆکایەتیدا دەتوانێ ئەم رۆڵە بگێڕێت. زیاد لەمەش، مادەم هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و بەغدا قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە کەواتە گرنگە لەمەو بەدوا روومان لە بەغدا بێت و بەشداریکەری کارا بین لە رووداو و پێشهاتەکان. هەر بۆیەش گرنگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان و وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، لەمەو بەدوا ئاراستەکەری هێلە گشتییەکانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان لەهەمبەر بەغدا بێت. چونکە ئەو چاوپێکەوتن و نووسینانەی کە لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرخەری ئەوەن، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکی پەسەندکراوە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ ئەمەش بە مانای بوونی متمانەیەکی رێژەیی بە سەرۆکی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دێت.
عومەر عەلی درۆكردن مێژویهكی كۆنی ههیه، بهڵام لهگهڵ پێشكهوتنی ههموو بوارهكانی ژیان له سیاسهت و ئابوری و تهكنهلۆژیا,ئالیهت و تاكتیكهكانی خۆی دهگۆڕێت و خۆی نوێ دهكاتهوه. جاك درێدا له كتێبی (مێژوی درۆدا) دهڵێت: مێژویهكی سهربهخۆ نیه بۆ درۆ , بهڵكو ئهو مێژوه ئاوێتهیه لهگهڵ مێژوی سیاسهتدا , چونكه مێژوی سیاسهت سهرلهبهری مێژوی درۆیه ,له ههمان كاتدا باشترین كایهیه بۆ گهشه كردن و برهو پهیدا كردن , نوسهری ئهمریكی (ڕاڵف كیس ) له كتێبی (سهردهمی ئهو دیوی ڕاستی و خهڵهتاندن لهژیانی هاو چهرخدا ,) بڕوای وایه كه مامهڵهو ههڵسوكهوتی لارو خراپی تاكهكان لهم سهردهمهدا بۆته پهتایهك و سنورهكانی نێوان ڕاستی و درۆو خهیاڵ و واقع زۆر كهم بۆتهوه , بهڵكو خهڵهتاندن بۆته یاریهك و دواجار بۆته ڕەوشتێكی چهسپاو , هانائارێنت بڕوای وایه كهئهم سهردهمهی ئێمه سهراپای سهردهمێكی درۆیه , لهم سهردهمهدا درۆ گهشتۆته ترۆپكی پێگهشتویی و سهردهمی سهركهوتنی درۆ له سیاسهتدا, دهسهڵاته تاك ڕهوهكان و دیموكراتهكان به پلهی یهكهم لهسهر درۆی ڕەها دهژین , بهم هۆیهشهوه سهراپایان مێژویان كردۆته درۆ، لهم ڕیگهشهوه یاری بهههموو ڕوداوهكان و پێشهاتهكان دهكهن, ئهلێكسهندهر كواری لهوتاری (وردبونهوهیهك لهدرۆ) دهڵێت لهمێژوی مرۆڤایهتیدا هیچ كاتێك مرۆڤ بهم ئاستهی ئێستا بهم شێوازه بهردهوام و ڕێكخراو و ناشرینه درۆی نهكردوه. كواری مرۆڤی ئهم سهردهمه به مرۆڤی شمولی ناودهبات, چونكه نقوم بوه لهدرۆداو درۆ تێكهڵی ههناسهكانی بوه, ئهگهر لهڕوانگهی ئهم بۆچونانهوه ههڵوێست و لێدوانی دهساڵاته سیاسیهكانی ههرێمی كوردستان ههڵبسهنگێنین دهبینین لای ئهم سیاسیانه درۆكردن گهشتۆته ترۆپك ،لای ئهوان درۆ كردن ئهوپهڕی ڕاستیه، لە ژێر ڕۆشنایی بۆ چونە کانی هانا ئارێنتدا سهراپای مێژوی ئهمانه لهشاخهوه تا شار درۆیهكی گهوره بوه , چونكه بهردهوام گوتارێكیان هەبوەو شتێكیان نوسیوه كهمامهڵهو ههڵسوكهوتیان ههرگیز بهو جۆره نهبوه , ماکیا ڤیلی له كتێبی(ئهمیر) دا دهڵێت :ئهگهردەسەڵاتداری سیاسی بۆی دهركهوت كهوتنی ڕاستی زیان لهبهرژهوهكانی ئهدات، نابێت ئهو ڕاستیه بڵێت،، بهڵكو دهبێت درۆیان لێ بكاته ڕاستی , لهپاش بینینی ئهزمونی سی ساڵهی سیاسیهكانی كوردستان ئێستا جهماوهریش ئهو ڕاستیه دهزانێت كهئهمانه بێجگه لهدامهزراوهیهك كهئیدارهی درۆی تێدا دهكهن هیچی تر نین,چونكه ئەگەر بگهڕێینهوه بۆ ئهوهی كه لهپهیڕهوی ناوخۆی حیزبهكانیاندا ههیه و ئوەی لهسهر شاشهکان لێدوانی بۆ دهدهن و لهكاتی دروست كردنی حكومهتداو ئەو بهڵێنانەی لهههڵبژاردنهكاندا بانگهشهی بۆ دهكهن بهڵام لهواقیعدا بێجگه لهدرۆیهكی گهوره هیجی تر نیه , لهڕۆژگاری ئهمڕۆدا دهسهڵدارو بهرپرسهكانی ههرێم درۆكردنیان بهدامهزراوهیی كردوه و ههزاران كهسایەتی لهبواری جۆراو جۆریان كردوه بهفهرمانبهر لهو دامهزراوانهدا , بۆ ئهم مهبهستهش كهناڵهكان و میدیاو سۆشیال میدیا و سهدان ڕێكخراو و مامۆستای زانكۆو ڕۆشنبیرو ڕژنامهنوس بهكار دههێنن بۆ بهڕاست نیشان دانی درۆكانیان. لهههمان كاتدا ئهو درۆیانه بهدامهزراوهی ئهمنی و چهكداری جۆراو جۆر پارێزگاریان لێ دهكهن . بهشێوهیهكی گشتی خهڵك ئهو ڕاستیانه دهزانن, بهڵام زۆرینهی هاوڵاتیان ئاستی هۆشیاری ئهوهنده بهرز نیه كه لێكۆڵینهوه لە سەر ئەو درۆیانە بكات و بگهرێت بهشوێن ڕاستیدا , بهڵكو زۆرینه لهبهردهم تاكتیكهكانی دهسهڵات لهبڵاوكردنهوهی ترس و تۆقین و گرتن و ئهشكهنجهدان بێدهنگ دهبن و خۆی ناخاته بهردەم مهترسی, لهلایهكی ترهوه ئهوهنده سزادراوهو ترسێندراوه تهنیا بهژیانێكی ساده و دانی موچهیهكی مانگانه بهلێبڕاوی و بونی ئاسایشێكی ڕوكهش ڕازیە ،یان لهڕویهكی ترهوه بهشداریان پێكردوه لهبهشێك له گهندهڵی و بڕوایان پێ كردوه, كهواته لێرهوه دهتوانین بڵێن ئهمڕۆ ئێمه پێویستمان به شۆڕشێكی مهدهنی و جهماوهری ههیه بۆ ڕوبهڕو بونهوهی درۆی سیاسهكان و خستنە ڕوی ڕاستیهكان و ڕاگرتنی ئهو شهپۆلهی كه ئهگهر بهری پێ نهگیرێت سهرتاپای بواری كۆمهڵایهتی و سیاسی و ئابوری و زانستی وێران دهكا و مرۆڤی داهاتومان دهچنه دهرهوهی بهها باڵاكان و دواجار ههرێمهكهمان دهگۆڕێت بۆ دارستانێكی گهوره.
رێبوار کەریم وەلی کێ چ دەڵێ با بڵێ، لە کۆی پێنج دادوەرەکەی دادگای پێداچوونەوە، سێیان پارتین و ھەر ئەو سێیەش بڕیاری دادگایی تاوانەکانیان تەئیید کرد. ئەو دادوەرانە پێش ئەوەی نوێنەری کەس بن، نوێنەری حزبەکانی خۆیانن و بۆیەش حزب لەوێی داناون تا پارێزەری مەساڵحی حزب بن. کەواتا پارتی بڕیاری داوە. * ئەو کردەوانەی کە وەکو تاوان بەسەر ئەو سزادراوانەدا کراوەتە ماڵ رەنگبێ یەکێک بێت لە گەورەترین سکانداڵەکانی مێژوو کە بەناوی قانونەوە تۆمار کرابێت. چونکە نەک ھەر ھیچ دەققێک لە قانوندا نییە پشتیان پێ بەستبێت، بگرە رێگا خۆشکەرە بۆ قەیرانێکی سیاسیی گەورە بە تایبەت لەگەڵ ئەمریکا وئەوروپا! جا فەرقی ئەو قەرارە لەگەڵ موشەکەکانی حەشد چین کە بە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە دەنرێن لە بەغدا؟ * مەسەلەی دانیشتن لەگەڵ کۆنسوڵ و سەردانی کۆنسوڵخانە وەکو تاوان وێنا کراوە و ئینجا داوا لە دیندار زێباریش دەکرێ کە بۆ ئەو وڵاتەنەی روون بکاتەوە کە ئەوانە جاسوس بوونە و ئەوە قەراری دادگایە! ئایا پارتی بەدوای تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکایە؟ ئەگەر تۆڵەکردنەوە نییە ئەوە سوکایەتیکردنە بە ئەمریکا و ئەڵمانیا کە بە ھێزی ئەوان ھەرێم ھێشتا نوززەیەکی تێدا ماوە. باوەڕ ناکەم نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتانە و خودی وڵاتەکان وا بە ھاکەزایی بەسەر ئەوەدا تێپەڕن. * قسەیەک ھەیە دەڵێ کوڕەکان باجی ھەڵەی باوکەکانیان دەدەنەوە، بەڵام لە راستیدا لە کوردستان باوکەکان باجی ھەڵەی کوڕەکانیان دەدەنەوە.
پشکۆ ناکام .....جارێکی تریش بیری تۆزاوی و بۆچوونە نا ئینسانیەکانی ئایین مشت و مڕێکی تازەی خستە ناو خەڵکەوە و ڕیش خەناویی و دەرچوانی حوجرەکەی" قوڕەیش" هەموو پێکەوە کەوتنە قیڕان و زرمە زلێ ونارەزایی، لەسەر چی ؟.. کەسەر ئەوەی نیوەی خاکی هەرێم!! وا لە ژێر ڕکێفی سوپای تورکیا و سیادەتی ئەو کەڵەکە تڕێ یەی ناویان ناوە "قەوارە" کەوتۆتە ژێر پۆستاڵی رەشی جەندرمەوە ؟ یان لەسەر ئەوەی بە دەیان ملیارد دۆلاری داهات و قوتی خەڵک خەشنۆش کراوە ە کەسیش نوتق ناکا ؟ لەسەر ئەوەی لە هەولێر پێشوازی لە لە کۆنە ئەفسەر و ئیستخباراتەکانی بەعس ئەکرێ..؟ ئاخۆ لەسەر ئەوەی مافی ڕۆژنامە نووس و نووسەران بوە بە "پەشمەک" و دەمێکە لە ناو دەمی دەسەڵاتا تواوەتەوە..؟..لەسەر ئەوەی مووچەخۆران بوون بە یاری دەستی ئەوەی کراسی حکومەتیان پێ لەبەر کردوە ؟ ..لەسەر ئەوەیە ڕۆژانە خەڵک بە چەکی نایاسایی ئینسانیەت و یاسایی بنەماڵە و میلیشیاتەکان ئەکوژرێن..؟ .. نەخێر لەسەر هیچی ئەمانە نین ، لەسەر ئەوەیە ئهنسانێک ، کچێک پێی خۆش بوە سەمایەک لەبەر چاوی خەڵکا بکا هەم وەک ئارەزوویەکی هونەری خۆی کە تەنیا موڵکی خویەتی و هیچ کەس و قودرەتێک بۆی نیە لێ ی زەوت بکا وهەم بۆ خستنە ڕووی توانای خۆی بۆ کۆمەڵگا و خۆبەتاڵ کردنەوە لە مەشەقەت و سەریەشەکانی رۆژانە و هیچی تر..نە ئەرز وێران بوو نە ئاسمان تێک شکا نە ژیانی کەسێکی تر بەوە کەوتە قوڕاوەوە..لەبەرامبەرا ئەوانەی خۆیان بە پێوەری ئەخلاق و ڕەوتی ڕۆژانەی خەڵک ئەزانن کەوتنە لێ یانی قەوانە کۆنە سواوە ژەنگاوییە ئیکسپایەرەکە : چی بوە؟ بێ ئەخلاقی کراوە ، قیامەتە، کۆمەڵگا غەرقی بێ دیانەتی بوە ، جۆن کچێک"رەنگە پیاو بوایە زۆر گرفت نە بوایە،!!" ـ..بەڵێ کچێک ..چۆن کچێک دوور لە بنەماکانی حەدیس و ئینستەگرام و ڤایبەر و ئایاتەکان جورئەتی کرد و لە مانگی رەمەزانا و لەبەر چاوی خەڵک سەمای کرد...!؟ سەما کە یەکێکە لەبەد رەوشتییەکانی ئینسانی عەبدی خوا..جا نەخوازەڵا عەبدەکە كچ بێ..! .....پێش هەموو شتێ هیچ کەسێک ، هیچ گروپێک ، هیچ دیندارێک بۆی نیە دەست نیشانی پێوەرە ئەخلاقیەکانی تاک و کۆمەڵ بکا لە کاتێکا بۆچوونەکانی ئەوان لەسەر ئەخلاق هەزار و یەک نیشانەی پرسیاریان لەسەرە و لە دیدە فەلسەفییە ئینسانییەکانا زۆربەیان" گەر نەڵێین هەموویان ، سەرتاپا" دژی مافە سروشتییەکانی تاک و کۆمەڵن ، دیدی ئایین یەک غرام مەجالی تیا نیە بۆ مەسەلە ئینسانیەکان و لەسەروویشانەوە مافی تاک لە هەڵبژاردنی ستایل و ئیدارە یانی ژیانی خۆی بە دڵی خۆی و بە کەمالی ئیسراحەت بێ دەست تێوەرانی ئەم یان ئەو ، بێ چاوسوور کردنەوە کە هەنگاوی یەکەمی ڕووەو دیکتاتۆریەت چوونە و بە ئیرهاب کۆتایی یەت...هەموو جۆرە کۆت و بەندێک دژ بە ئینسان قبوڵ کراو نیە دینی بێ یان سیاسی....ئاخر کەسێک چوار ژنی هەبێ رەوشت بەرز بێ و کچێکیش سەما بکا بێ ڕەوشت بێ ئەچێتە کام بڕگەی ئینسان پەروەری ! كەسێک سەما بکا گوناهبار و ئەهلی جەهەنەمە بەڵام کەسێک بە دروشمی "أللە اکبر" ئینسانێک سەر ببڕێ دواپلەی بە ئەخلاق و ئەهلی بەهەشتە..! ژنێک وەک یەکسانییەک بەرامبەر بە پیاو کار بکا و ئەمادە نەبێ وەک سواڵکەرێک لە گەڵ مێردەکەیا بژی بە بێ ئەخلاقی حیساب بکرێ بەڵام پیاوێک ژنەکەی وەک فەرشی لوول کراو لە تۆپێک قوماش بپێچێتوە و جگە لە جێگای نووستن هیچ شتێکی تر کۆیان نەکاتەوە ئەمە لووتکەی بە ئەخلاق بوونە لەو دونیاش لۆجێکی تایبەتیان لە تەنیشت کوپە شەرابەکەوە بۆ دانراوە..!! ....ئینسان بە ئازادی لەدایک ئەبێ وعومریش لەوە کورت ترە بە دەیان کۆسپ و کۆت و تاسەی لاوەکییەوە ببەسرێتەوە ، نابێ ڕێگە بگیرێ لە تام و چێژ کردنی ژیان لە ژێر هەچ ناو و دەمامک و وەهمێک بێ، هونەر لای عەمامە بەسەر و ريش خەناوییەکان وەک کارەبایە و ئەیانگرێ بەڵام چونکە مردن بە کارەبا لە هیچ حەدیس و ئایەتێکا نیە خۆیانی لێ لا ئەیەن ، هونەر بەشێکە لە ژیان و هیچ سەودا و مامەڵەیەک هەڵناگرێ، کێ حەزی لد مزگەوتە فەرموو با بچێ حەز ئەکا چادرێکی لێ دانێ و خەریکی حیجژ کردنی پەنایەک بێ لە بەهەشت ، کەس هەقی نیە ، بەڵام ڕێگە گرین لە خەڵکی تر کە چۆنیان ئەوێ بژین و " فەتوا"ی دژ دەرکەن ئەچێتە خانەی چەوسانەوە و زۆریان لەسەر ئەکەوێ..گەر کەسێک سەما بکا ببێ بە کافر ئەو بە کافرییەی خۆی ڕازییە و لێی گەڕێن با چێژی لێ ببینێ هەر وەک چۆن کەسێکی تر لەسەر وەهمی ئایین و ئەو دونیا و بەهەشت و جەهەنەم تام لە ژیان وەرئەگرێ ، بەهەماننشێوە ، خۆ ئەگەر سەماکەرێک بە غەڵەت بەر بەهەشت کەوت بۆتان هەیە شکاتی لێ بکەن تا بیگواسنەوە بۆ جەهەنەم ، مولحیدە کافرەکان خۆیان ئەو ستایلەی ژیانیان هەڵبژاردوە ، خۆ ناکرێ بەشەق و ئیرهاب واز لەو ستایلە بێنن ، خۆ بە شەق بێ جیاوازی دیکتاتۆری و فاشیست و ئاین چیە ؟ ئاییبش بۆ دژایەتی خەڵک و مافەکانی تاک پێناسەی خۆی هەیە ، لەدیکتاتۆرییەت پێیان ئەڵێن تێکدەر یان تابوڕی پێنجەم ، فاشیستەکان بە کۆمۆنیست ناویان ئەبەن ، ئایین و پەيڕەوانی قوڕەیشیش بەکافر و مولحید تاوانبارییان ئەکەن ، کە هەر سێ پێناسەکە شەرعیەت دانە بە چەوسانەوەی ئینسان و هیچی تر ، یەکێ بە جلی سەربازی و یەکێکی تر بەجلی مەغاویری و ئەوەی ئەو لاش بە کەوا و سەڵتەوە بۆ ئینسان لە بۆسەیان " بە جیاوازییەکی گەورە کە لە دیکتاۆریەت و فاشیزما سەما قەدەغە نیە وەک لە ئایینا نەک هەر قەدەغەیە هەر زۆر قەدەغەیە..." ..خۆ لە زیکر و مەراسیمە ئایینیەکا جۆرێک لە سەما ئەبینرێ ، ئەمەیان حەڵاڵە چونکە بە شمشێرەوەیە ، شمشێریش سیمبولی ئایینە بۆ چاوترساننی خەڵک و وەک عەسکەری بەزۆر ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەهەشت ، ئەی کاتێک کەسێک حەزی لە حۆری و شەراب نەبێ ، قوڕی کوێ بکا بەسەر خۆیا..؟نە بۆی هەبێ لەم دونیا تۆزێ بەئارەزووی خۆی سەما بکا و نە لەودونیاس بەئارەزووی خۆی لە کونجێکا ئیسراحەت بکا ئیتر خۆشی ژیان بۆ ئەم داماوە چیە و لە کوێ یە..؟ ...هەموو توند و تیژی سەلەفی و عەمامە بەسەر و مێشک موحەجەبەکان بۆ مسۆگەر کردنی بیتاقەیەکی یەک سەری غەیرە مورەجەعە بۆ بەهەشت، بەڵام باجی بەسەر بردنی شەوێک لەگەڵ حۆرییەکا پەنجا دۆلار(یان لیرەی سعودی) و هەر قاپێک شەراب دە دۆلار بێ ، ئاخۆ هیچ کەسێک لەوانەی لە سەما تۆقیوون و خەریکە جەڵتەی سەما لێیان ئایا حەز بە بەهەشت ئەکەن.!؟ بەبێ شک و بە یەقینەوە نەخێر ، چونکە ئەوان بۆیە ئاینیان هەڵبژاردوە تا لە هەردوو دونیا بکەن و بخۆن بە بەلاش....بێ باج
ئارام سەعید سروشتی رژێمی بەعس وابوو لەسەر بنەمای تەنها حزب و تەنها سەرکردە کاریدەکرد، زۆرن ئەو دەسەڵاتانەی بەوشێوەیە کاردەکەن، کە تێیدا ئەولەویەت بۆ دامەزراوەکانی پاراستنی سەرۆکە لەسەر حسابی کۆمەڵگە، بۆجێبەجێکردنی ئەوئامانجە یاسای دارشتبوو لەهەموو بوارەکاندا بەئاراستەی خزمەتی سەرۆک کار بکرێت. بۆ رێکخراوە مەدەنیەکانیش بەهەمان شێوە تا بە ویستی خۆی دابمەزرێن، میدیاش هەر تەنها خۆیان هەیانبوو، ئەو رێکخراوانەی دروستیشیان دەکردن هەر لەسەرەتاوە بە شێواوی لەدایک دەبون چونکە بۆئامانجی خۆیان بوو نەک کۆمەڵگا .. بەم پێیەش زۆربەی وزەی کۆمەڵگا پەکی کەوتبوو.... لەهەرێمی کوردستاندا هەرچەندە یاساکان بڕێکی باش رێگەی کارکردنیان ئاسانکردوە،بەڵام ئەقڵی دەسەڵاتی ئێستا ئەو یاسایانەی پێ باش نیە و تابکرێت بە دەرکردنی رێنمایی لەلایەن حکومەتەوە دوور لە یاساکان رێوشوێنی دژ بە یاساکە دەگرنە بەر کەنمونەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و رێنماییەکانی بۆ داخستنی میدیاکان دیارن.. چالاکی و کارکردنی مەدەنی لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ئەڵقەیەکی گرنگ و کاریگەرە بۆ هاندانی گۆرانکاری، لە دەسەڵاتی تاککڕەودا حکومەت هەموو دەرگاکان بەرووی کاری سەربەخۆی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیای ئازادا دادەخات، هەر بۆیە ئەو رێکخراوانەی یان ئەو دامەزراوە میدیایانەی نایانەوێت بچنە ژێرباڵی حکومەت یان دەبێت بچنە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن یان ئەگەر بتوانن بە سەربەخۆیی بمێننەوە بە دەستی ئۆپۆزیسیۆن تۆمەتبار دەکرێن، لەکاتێکدا کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی جیاوازە لە ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت و سیاسەتکردن، ئەرکی سەرەکی ئەوان چاودێری و کاری هاوبەشە لەگەڵ حکومەت... لە کاتی نەبونی هاوکاری لەنێوان ریکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دامەزراوەکانی حکومەت، پەیوەندیەکان ئاڵۆز دەبن. لەسایەی حکومەتی داخراودا رێکخروەکانی کۆمەڵی مەدەنی تەنها پەنا دەبەنە بەر رەخنە گرتن لە حکومەت لەجیاتی پێکەوە کارکردن، وەک چۆن لەسەردەمی رژێمی بەعسدا دەیان رێکخراوی عێراقی و کوردستانی هەبوون لەدەرەوەی وڵات کاریان دەکرد و هەمیشە لەدژی رژێمی بەعس بوون. لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە سیستمێکی دیموکراسیدا ئەوەیە نەک تەنها رەخنەگر بیت بەڵکو دەبێ هاوکار و چاودێربێت. هەماهەنگی تەواوی هەبیت لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت. ئەم دەرئەنجامەش هۆکارەکەی سیاسەتەکانی حکومەتە وا دەکات ئەرکی رێکخراوەکان ومیدیاکان بگۆڕێت بۆ کاری ئۆپۆزیسیۆن بوون. لەهەرێمی کوردستاندا لەسایەی داخراویی حکومەت و رێگری کردن لە کاری هاوبەش ونەدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان کۆمەڵێک کێشەو ئالنگاری لە بەردەم رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ومیدیای ئازادداهەیە لەوانە بونیی ژمارەیەکی کەم لە میدیای ئازاد و سەربەخۆ و لەبەرامبەردا دامەزراندنی میدیای زەبەلاح لەلایەن خودی حکومەت و دەسەڵاتەوە کە بائاراستەی بەرژەوەندی حزب و حکومەت کاردەکەن. نەبونی دەستپێشخەری مەدەنیانەی سەرکەوتوو لەلایەن رێکخراوەکانەوە کە کاریگەر بن لەسەر حکومەت. زۆربونی رێکخراو ومیدیای سەربە دەسەڵات کاریگەری کردۆتە سەر لەدەستدانی متمانەی رێکخراوەکان ومیدیا بەتایبەتی لە قەیرانە سیاسیەکاندا کە رۆڵیان دەبیتە پارێزەری دەسەڵات. کەمیی دەرفەت هەیە بۆ رێکخراوەکان بۆ گوشارکردن و چاکسازی لە حوکمڕانیدا بەهۆی نەبونی سەروەری یاسا و کۆنترۆلکردنی میدیاو دەسەڵاتی قەزاییەوە. رێکخراوە ناحکومیەکان دەبێ دوور لە کۆنترۆڵی حکومەت کاربکەن، قازانج نەویست بن، چونکە رۆڵی ئەوان بریتیە لە نێوەندگیری نێوان کۆمەڵگە و حکومەت. ئەوکاتەی حکومەت بابەتێکی گرنگی کۆمەڵگە پشتگوێ دەخات و چارەسەری ناکات،رێکخراوەکان ئەوبابەتە دەگەیەننە لای دەسەڵاتداران و کار بۆ چارەسەری دەکەن بۆیە دەبێت بێلایەن بن بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە. بەکورتی لەبەرئەوەی ئامانجی رێکخراوی ناحکومی و میدیای ئازاد ئەوەنیە بگاتە دەسەڵات و ئامانجی سیاسی نیە، ئەرکەکەی جیاوازەو دەیەوێت ئەو دەسەڵاتەی لەسەر حوکمە بە باشترین شێوە کارەکانی ئەنجام بدات و چاودێر و هاوکاربێت. بۆئەوەی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیای ئازاد بتوانن ئەو ئەرکە ببینن کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ لە حکومەتەوە پێویستە حکومەت بەرەسمی دان بنێ بە رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ومیدیای ئازاد وەک ئامرازێکی چاودێری گشتی. رێکخراوەکان ومیدیا سەربەخۆ بێت لە رووی داراییەوە ولەژێر کۆنترۆڵی حکومەت و حزبدا نەبێت. گرنگە رێکخراوەکان خۆیان لەنێوان خۆیان هەمئاهەنگیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەربن لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت بۆخزمەتی هاوڵاتیان... لەکۆتاییدا رێکخراوە ناحکومیەکان،یان رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە وڵاتانی جیهاندا کۆمەڵیک ئەرکی گرنگ جێبەجی دەکەن کەئامانج لێی خۆشگوزەرانی و پەرەپیدان و دروستکردنی گۆڕانکاری باشە لە کۆمەڵگادا، رەنگە لەرووی هەیکەلی ئیداری و چالاکیەوە جیاوازبن بەڵام بەگشتی دەبێت لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بن و هەروەها قازانج نەویستبن.