توخوا من موسڵمانێکی باش نیم؟!
2021-06-07 06:22:28
حسێن عەلی شەریف
بەر لە چەند ساڵێک لەنزیکی من ، کوڕێکی کورد بوو بە مێردی ژنێکی نەرویجی، بە حوکمی ئەوەی خانەوادەی ژنەکە خانەوادەیەکی ناسراوی ئەو شارەبوون ، بەهەمویانەوە دەستی کوڕە کوردەکەیان گرت و جێگایەکی شتنی سەیارەیان بۆ دانا.
کوڕەکە دوای ماوەیەک توانی دوو برای لە کوردستانەوە بهێنێت و هەردوو براکەش ئیقامە وەربگرن و لەهەمان شاردا ببنە خاوەنی کار و ژیان.
کوڕ و کچەکە دوو کچی جوانکیلەیان بوو، دوای چەند ساڵێک بەبیانوی بینینی کەس وکار کوڕەکە، ژنەکەی و دوو کچەکەی بردەوە کوردستان.
دوای چەند ڕۆژێک کچەکە لە سلێمانی بەبەرچاوی منداڵەکانیانەوە درایە بەر فیشەک و تیرۆرکرا.
پیاوەکەی وای نیشاندا کە تیرۆریست ژنەکەی کوشتبێت، حکومەتی نەرویجی بەپەلە کەوتە خۆی و سەفیری نەرویج لەئەردەن، بە فرۆکەیەکی تایبەت هاتە عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پیاوی ژنەکە و منداڵەکان و تەرمی ژنەکە بگێڕێتەوە بۆ نەرویج.
میدیاکانی نەرویجی بەگرنگیەکی زۆرەوە سەرنجیان خستە سەر ڕوداوەکە، بەڵام هەر دوای چەند ڕۆژێک ئاسایشی سلێمانی پیاوی ژنەکەیان دەستگیرکرد.
حکومەتی نەرویجی بەپەلە پارێزەریان ناردە کوردستان بۆ یارمەتیدانی کوڕەکە و هێنانەوەی بۆ نەرویج، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا ئاسایشی سلێمانی توانیان بگەنە ئەو ڕاستیەی کە پیاوەکە لە ڕێگەی خاڵۆزایەکی خۆیەوە هەستاوە بە کوشتنی ژنەکەی، هەروەها ئەوەشیان کەشفکرد کە ئەو کوڕە ناوەکەی لە نەرویج هەڵەیە و شوێنی نیشتەجێبونیشی هەر بەهەڵە داوە بە نەرویج( وەک زۆریکی تر)!
هۆکاری کوشتنی ژنەکەش ئەوەبوە کە ژنەکە بیمەی ژیانی هەبوە و دەوڵەمەند بوە، ئەم کارەی بۆ دەست بەسەراگرتنی پارەی ژنەکە و وەرگرتنی بیمە کردبوو!
لە دوای ئەو ڕوداوەوە ئیتر زۆرینەی تاکەکانی کورد شەرمیان ئەکرد لەم وڵاتەدا بڵێن ئیمە کوردین.
ئاخر ژنێکی بێتاوان کە سیقەی بەتۆ کردوە و بۆ بینینی خێزانەکەت گەڕاوەتە وڵاتەکەت، بەبەرچاوی هەردوو کچە منداڵەکەیەوە بکوژیت، ئیتر لەبێئەخلاقی و ناشیرینیدا نمونەی نیە!
میدیاکانی نەرویجی لە ڕوماڵی هەواڵەکانیاندا هەموو جار ئەیانگووت کوردێکی عێراقی، ئیتر خەڵکیش نەیئەتوانی من و بکوژەکە لەیەک جودابکاتەوە.
لەم جۆرە ڕوداوانەدا خەڵکی هەر وڵاتێک هەمان کاردانەوەی خەڵکی نەرویجی ئەبێت.
بۆ نمونە کاتێک عەرەبێک لە کوردستان کارێکی هەڵە ئەکات خەڵکی ناڵێن جاسمی کوڕی زیاد هەڵەیەکی کرد، بەڵکو ئەڵێن عەرەبێک هەڵەی کرد و ئێمەش هەمومان جنێو بە عەرەب ئەدەین.
هەمانشێوە ئەگەر بەنگلادیشیەکیش کارێکی هەڵە بکات کەسمان کەسی هەڵەکار مەحکوم ناکەین بەڵکو تەواوی بەنگلادیشیەکان وەک تاوانبار سەیر ئەکەین.
هەڵەی ئەو پیاوە کوردە کارێکی زۆر خراپی کردە سەر ناوبانگی کورد، بەدوای ئەویشدا چەندین حاڵەتی ژنکوشتن ئەوەندەی تر قوڕەکەی خەست کردەوە بۆ ناوبانگی کورد.
زۆرینەی ئەو کوردانەی کە لێرە ئەبنە هۆکاری لەکەدارکردنی تەواوی نەتەوەیەک، لەوجۆرە کەسانەن کە لە بۆنە نەتەوەییەکاندا ئاڵای کوردستان ڕائەشەکێنن و کوردایەتی ئەکەن و بگرە منداڵەکانیان فێری کێشانی نەخشە و ئاڵای کوردستان ئەکەن.
لەکاتێکدا لەبری ئەم کەش و فشەی کوردایەتی جوانترین کوردایەتی کردن ئەوەیە کە تۆ لە سەر کارەکەت نمونەیەکی جوانی کورد نیشانبدەیت.
باشترین جۆری کوردایەتی ئەوەیە کە لە گەڕەکەکەتدا وێنەیەکی جوانی مرۆڤی کورد نیشانبدەیت نەک ئاڵای کوردستان.
چونکە هەر هەڵەیەک کە تۆ بیکەیت ماڵە لەسەر ئەو نەتەوە و وڵاتەی لێیەوە هاتویت.
دوێنێ لە سەر دەریابووین، چەند کچ و کوڕێکی گەنجی نەرویجیش نزیکی ئێمە خەریکی کەیف و سەفای خۆیان بوون، دوای ماوەیەک کچێکیان هاتە لای ئێمە بە بە ئسلوبێکی زۆر نەرم و تایبەت داوای کوپێکی پلاستیکی کرد.
ئەڵبەتە کچەکە جلی مەلەکردنی لەبەردابوو بەس لەبەر بچوکی جلەکان ئاسان نەبوو بیبینی! خوا پەنامان بدات.
ئەڵبەتە خۆتان ئەزانن هەمیشە کورد لەسەر دەریا و پارک بەشی دە نەفەر شتی زیادەی پێیە، منیش گوتم خواردن و گڵاس و خۆشمان لە خزمەتداین.
ئیتر لێرەوە دەرگای گفتوگۆی ئێمە و کچەکە کرایەوە وبەدوای ئەویشدا هاوڕێکانی ترییش.
کار گەشتە ئەو ڕادەی کە داوامان لێبکەن شەو بمێنێینەوە لەلایان چونکە ئەوان لەسەر دەریاکە خەیمەیان هەڵدابوو. من و هاوڕێکەشم بریارماندا بمینینەوە لە لایان.
بە درێژایی دوینێشەو ئیمە لەسەر چەندین بابەت قسەمان کرد بابەتەکانیش هەموی هەوڵدانبوو بۆ ئەوەی بتوانن لە ئیمە تێبگەن.
لەوە تێبگەن کە بۆچی جلی هەندێکمان زۆر داپۆشراوە و هی هەندێکمان جلی ئاساییە، لەکاتێکدا هەمومان خەڵکی وڵاتێکین.
ئەیانویست تێبگەن بۆچی منێکی موسڵمان ئامادەم لەگەڵ ئەوان دانیشم بخۆم و بخۆمەوە و بیشخەوم لەگەڵیان لە کاتێکدا دراوسێ موسڵمانەکەی تری خۆی لێ لائەدات و لە سەگەکەی دور ئەکەوێتەوە.
من لە ئێوە ئەپرسم ئایا من موسڵمانێکی باش و کوردێکی باشم کە هەمیشە هەوڵئەدەم لەگەڵ چواردەورەکەمدا خۆم بگونجێنم و لە گەڵ خۆشیاندا خۆشحاڵبم و تێکەڵیان بکەم، یان ئەو دراوسێیەم کە لەگەڵ هاتنی بۆ ئەم گەڕەکە ئاگاداری پیاوەکانی گەڕەکی کردوە کە کەس مەرحەبایی سەرەڕێگەی ژنەکەی نەکات، و لە ماوەی ئەم دوو ساڵەشدا کەس پەنجەرەکەی نەدیوە بەبێ پەردە!
من ئەپرسم من موسڵمانێکی باشم کە هەمیشە نمونەیەکی موسڵمانی کراوە و قسە خۆش و ئەهلی کەیف نیشانئەدەم یان ئەو موسڵمانەی کە گۆشتەکەی ئێرە ناخوات بەڵام پارەکەی ئەخوات، کە تێکەڵی ئەوروپیەکە ناکات، بەڵام شانازی بە ڕەگەزنامە ئەوروپیەکەوەیە ئەکات.
ئەرێ من کوردێکی باشم کە هەمیشە نمونەیەکی کوردێکی مرۆڤدۆست و سوپاسگوزاری ئەم وڵاتە نیشانئەدەم یان ئەو کوردانەی کە لە بۆنە کوردیەکاندا بە ئاڵای کوردستانەوە ناو سەنتەرەکان ئەگرن!
دواجار یەکیک لە کچەکان گووتی: من نازانم چۆن سوپاسی ئیوە بکەم کە ئەوەی تۆ بۆ منت کرد کەسی تر بۆی نەکردووم!
منیش بەسەرسوڕمانەوە گووتم من چیم بۆ تۆ کرد؟
ئەویش گووتی: ئەو کوڕە ڕیشنە کەلەگەڵ هاوڕێکەتدا پێئەکەنێت و نێرگەلە ئەکێشێت، دەستگیرانی منە.
ئەم کوڕە هەرگیز تێکەڵی خەڵکی غەیری گوندەکەی خۆمان ناکات و زۆر لە پەیوەندی ئەترسێت، لێت ناشارمەوە زۆر زیاتر لە بیانیەکان ئەترسێت، بەڵام هەڵس و کەوتی تۆ و هاوڕێکەت وایلێکردوە کە ئێستا ئاوا پێبکەنێت و خۆشحاڵبێت، هەر بۆیە لە پای ئەو چاکەیە هەرچەند زەمەنی کۆرۆنایە بەس تکائەکەم کە بتوانم باوەشێکت پێدابکەم ئەگەر بۆ تۆ ئاسایی بێت و ئاینەکەت ڕێگەت بدا!
ئەمڕٶ کە جێمان هێشتن دەستیان کردە ملمان و هیوایان خواست کە جارێکی تریش بتوانین کۆ ببینەوە.
ئێستا ترسی من لەوەیە کە ڕۆژێکی تر ئەوان بەهەمان هەست کە بۆ ئێمە هەیانبوو توشی سەر ڕەشێکی تر ببن و ئەو سەر ڕەشەش لەوانەبێت کە بڵێت مریشک لێی نەنوسرابێت حەڵاڵ من نایخۆم!
توخوا ئەوەی دوینێشەو من کردم یەکەم کوردایەتی و یەکەم موسڵمانێتی نەبوو؟