برۆ حیسکی تەللۆ و پاداشتی دڵسۆزی و خیانەتەکانی.

Draw Media

2021-06-09 05:32:45



مەجید دڵنیــــا
 لە سەروبەند و دوای ڕوخانی ئیمپراتۆرییەتی پیاوە نەخۆشەکەی عوسمانیدا،کوردستان کۆمەڵێک شۆڕش و ڕاپەڕینی، یەک لەدوای یەکی بەخۆوە بینیـــی. لە باکووری کوردستاندا،شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای  نەهری۱٨٨۰، شێخ سەعیدی پیران۱۹۲٥،شۆڕشی ئاگری داغ  بە ڕێبەرایەتی ئیحسان نوری پاشا ۱۹۲۷، شێخ ڕەزای دێرسیم ۱۹۳۷ ،لە باشوریشدا شۆڕشەکەی شێخ مەحمودی حەفید ۱۹۱۹.
لە شۆڕشەکانی ئەو سەردەمەی باکوری کوردستاندا، ئیبراهیم ئاغا،کە لای کوردان بە برۆ حیسکی تەللۆ ناسراوە،کە سەر بە خێڵی جەلالی بوو، لەو نێوەندەدا ڕۆڵێکی گەورە لە دژی سوپای ڕوسەکان و پاڵپشتی هێزی تورکە عوسمانیەکان دەگێڕێت. تەللۆ بەپێی یاداشتەکەی ئیحسان نوری پاشا، لە شۆڕشەکەی شێــــخ سەعیدی پیرانی ساڵی ۱۹۲٥ دا،نەک هەر بەشداری ناکات،بەڵکو دەبێتە خائینێک دژ بە میللەتەکەی خۆی و پیاوێکی دڵسۆزی دەوڵەتی تورک. بەجۆرێک،لەکاتی دامرکاندنەوەی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیراندا،لەسەر سنوری ئێران ،لەگەڵ چەند هۆزێکی بەکرێگیراویتردا،ڕێگە لەو خەڵکە کوردە هەڵاتووانە دەگرن، کە لەبەر جەورو ستەمی دەوڵەتی تورک، پەنایان بۆ سنورەکانی ئێران بردبووە،ئەوە لە کاتێکدا لەنێو هەڵاتوەکاندا،کوڕی شێخ سەعید و عەلی ڕەزاو خالید بەگی حسەینیشی تێدابووە. 
دوای سەرکوتکردن و کۆتاییپێهێنانی شۆڕشەکە ،لە لایەن داگیرکەران و دەسەڵاتدارانی تورکەوە ،دواجار دەستبەسەرکردنی شێخ سەعید و کۆمەڵێک لە سەردارانی شۆڕش، حکومەتی تورک بڕیاری لەسێدارەدان بۆ شێخ سەعید و کۆمەڵێک لە ڕایەداڕان و بڕیاری دوورخستنەوەش بۆ هەندێکیتریان دەردەکات. دەسەڵاتدارانی تورک،لەگەڵ بڕیاری دوورخستنەوەی هەندێک لە سەرانی شۆڕش،بڕیاری دەستبەسەرکردن و دوورخستنەوەش بۆ کەسانێکی کوردی خزمەتکار و بەکرێگیراوانی دەوڵەتیش دەردەکات. یەکێک لەوانەی بڕیاری سزای گرتن و دوورخستنەوەی بۆ دەردەچێت ،پیاوی خائین و دژ بەگەل (برۆ حیسکی تەللۆ دەبێت.چوون ئیدی دوژمن،وەک هەمیشە دوای مەیسەربوونی مەرامەکانیان، چ ئیشێکیان بە بەکرێگیراوان و خائینان نامێنێت. 
کاتێک  تەللۆ،بڕیاری گرتن و دوورخستنەوەکەی دەبیستێت، پێیسەیردەبێت وهەرچەند دەکات بڕواناکات، کە دەوڵەتی تورک کارێکی وای لەگەڵدا بکات،بۆیە دەڵێت: " بڕواناکەم لەدوای ئەو هەموو خزمەتە گەورەیە ،کە پێشکەشی دەوڵەتی تورکم کردووە!ئیتر نازانم دەوڵەتی تورک ،چ ڕەخنەیەکی لەمن هەیــــە؟" ئیحسان نوری پاشا دەڵێت: وادێتە بەرچاو،کە برۆ حیسکی تەللۆ،نەیدەزانی کەلای دەوڵەتی تورک ،کورد هەر کوردە،چ خزمەتکاربێت یانا. 
ئیحسان نوری پاشا دەڵێت،تەللۆ خۆی بەم شێوەیە بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕامەوە:خەریک بووم لە نان خواردن دەبوومەوە،کە ئێلیخانی کوڕم بەتاو بەعارەق ڕشتنەوە لە چفتلیکەوە گەیشتە لام،وتی:کۆمەڵێک لە سوارەی تورکان هاتنە ناو دێ و هاتنە ماڵەوەمان و هەواڵی تۆیان پرسی و بەشوێنتا دەگەڕێن،بەپەلە هاتم بۆ ئێرە تاکو ئاگادارت بکەمەوە... دوای ڕۆیشتنی کوڕەکەم بەپەلە جلەکانم لەبەرکرد،بەرەو شار ڕۆیشتم.ڕوومکردە کەعبەو دەستی دوعام بەرزکردەوە،ئەی خوا تۆ دەزانیت کە چەندە خزمەتی دەوڵەتی تورکم کردووە،هیچ کاتێک لە دژی دەوڵەت کارێکی دوژمنانەم نەکردووەو ئێستاش تورکەکان دەیانەوێت دوورم بخەنەوە.بهێڵە با تفەنگەکەم هەڵبگرم و بەرەو چارەنوسی خۆم بکەومە ڕێ.... 
بەداخەوە! مێژووی ئێمە پڕە لە نمونەی خیانەت و بەکرێگیراوێتی لەو چەشنە،بۆ داگیرکەران و نەتەوە سەردەستەکانی کوردستان. لە ڕابردوودا،ئەگەر خیانەت و بەکرێگیراوێتی بۆ داگیرکەران، زۆربەیجاران تاکە کەسی یا سەرۆک خێڵ بەخۆیی و خێڵەوە بووبێت،ئێستا کارەکە فراوانتربووە،لە خێڵ وعەشرەتەوە بۆ حیزب.حیزب بە تەواوی هێز و دەزگای زەبەلاحی ڕاگەیاندن و لێشاوێک نوسەر و ڕۆژنامەنوسی دەربارەوە ،بە داروبەردییەوە ئەو ڕۆڵە لە خزمەت بە داگیرکەران دەگێڕێت
.
خزمەت و بچوکی و دڵسۆزی تەللۆ بۆ دەوڵەتی تورک، نمونەیەکی بەرچاوە ،بۆ ئەوانەی ئەمڕۆ دەیانەوێت، بەهەر بیانویەک بێت، دڵسۆزو خوڵام و خزمەتکاری ئەجێندای ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی بن. وەک چۆن تا شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران لە گۆڕێدابوو، دەوڵەتی تورک،کاریان بە کەسانێکی خائین و خۆفرۆشی وەک برۆ حیسکی هەبوو، دەبێت ئەو کاربەدەستانەی کورد ئەوە باش بزانن، کە دەوڵەتە بەناو ئیسلام فاشستەکەی ئاکەپە، ئەگەر ئەمڕۆ نازێکیان هەڵدەگرن و دەستێک لە پشتیان دەدەن و بزەیەکی تاڵی فریوودەرانەیان بۆ دەکەن، بەهۆی بوونی هێزێکی شۆڕشگێڕی وەک پککەیە. بەشداریکردن لەهەر پیلان و شەڕێک دژ بە هێزێکی شۆڕشگێڕی کورد،بەتابیەت ئەوەی ئێستا ،کە لە گەمارۆدانی قەندیلدا دەبینرێت،جگە لە خیانەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی هیچ ناسنامەیەکیتر هەڵناگرێت!!
 سەرانی کورد دەبێت لەوە دڵنیابن، ئەگەر پکک لە قەندیل دەرپەڕێندرێ، سبەی دەوڵەتەکەی ئەردۆغان ،ئیتر چ کارێکییان بە ئێوە نامێنێت! نرخێک کە ئێستا حکومەتەکەی ئەردۆغان پێتانیدەدات، بەهۆی بوونیپەكەكەیە، بەنەمانی پکک ،کەس پولێکی قەڵپتان پێنادات. قەندیل بکەوێت و پکک نەمێنێت ،ئێوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و حیزبە وابەستەکانیتر و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش،ئیتر پشتتان لێدەگیرێت ،هیچ ڕێگە چارەیەکتان نامێنێت ،جگە لە تەسلیم بوونێکی زەلیلانەی یەکجارەکی، بە حکومەتەکانی ناوچە و دواجاریش هێواش هێواش لەناوچوونتان. بەمانایەکیتر کەوتنی قەندیل، یانی کەوتنی قەوارەی هەرێم!

 تورک بە مێژوو چووبێتە هەر جێیەک بە ئاسانی لێیدەرنەچوون،بۆیە ئۆردووی تورک و چەتەکانی لە قەندیل جێگیربن،بۆ ئەبەد پشتوپەنای قەندیلیشتان نامێنێت،گەر لێتانقەوما ،تا جارێکیتر پەنای بۆ بەرنەوە. بەمانایەکیتر تا پەكەكە لە قەندیل بێت،سەری ئێوەش پارێزراو دەبێ و بە پێچەوانەشەوە. ئەو دۆخە بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش(دیموکراتەکان و پەناکان)هەمان چارەنووسە. بۆیە کەستان دڵی بە شکانی هێزو ئیرادەی پەكەكە خۆش نەکات، کەشتیەکە کون بوو، ئێوەشی تێدا دەخنکێن! بیرتاننەچێت، دواجار ئەوەی بە کەڵکتان دێت،هێزێکی کوردیی شۆڕشگێڕی وەک پەكەكەیە.داعش کە نزیکی مەخمور بووەوە و مەترسی کەوتە سەر هەولێر، ئەو هێزەی بەهاناتانەوە هات،پەكەكە بوو،نەک ئەردۆغانی ئەحبابی ڕۆژانی فەرەحیتان.هەمووش بینیمان کە فوئاد حسین،چۆن بە دڵێکی شکاو و داماوییەوە،دوای ئەوەی ئەردۆگان ڕەتیکردەوە یارمەتیان بدات،وتی:دەوڵەتی تورکیا بێئومێدی کردین...! تەللۆ هەڵات و دەستی تورکەکان نەکەوت،دواجار لە نیەتی گڵاوی تورکان تێگەیشت،بۆیە دواتر لە شۆڕشی ئاگری داغدا کەوتە دژایەتی دەسەڵاتدارانی تورک،بەڵام دڵنیابن ئێوە ئەمجارە شانسی دەربازبوونیشتان نابێت. ئەوەی دەینوسم،لە پەنای خوێندنەوەی ڕووداوە کارەساتبارەکانی مێژوومانەوەیە،شکاندنی هێزو ئیرادەی کوردان، کۆتایی ئەوسەری فیلمەکە نائومێدانە دەبینـــم. گەرچی درەنگە ،بەڵام هێشتا ڕەنگە دەرفەتێکی کەم مابێت، بۆ بەخۆداچوونەوە،تا لە مەترسی دۆخەکە تێبگەن و پێشئەوەی کار بەیەکجارەکی لەکاربترازێت و جارێکیتر هێزی کوردان تێکبشکێنرێت،جگەرخوێن وتەنـــی: کوردینـــۆ ببـــن یـــەک ئەگەر هون نەبن یـــەک هونـــێ هـەڕن یەک ب یەک...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand