غرووری سیاسی و شۆکی شکست لە سێبەرەکانی خوداوە تا کاریزما مۆدێرنەکان
2021-07-17 12:33:12
هەردی مەهدی میکە
هەستی کاریزمابوون و خۆبەپاڵەوانکردن لە هەموو سیاسییەکدا، هەیە و دەبێت هەبێت تا لەپێناوئامانجەکانیدا (کەسی و گشتی) بجەنگێت، بەڵام هەرکات ئەم هەستە عەقڵی سیاسییەکی داگیرکرد دەبێتە وەهمی سیاسیی، ڕەنگە تا جێیەک بڕ بکات و سەرکەوتنی کاتیی و ڕووکەشانە بەدەست بهێنێت بەڵام لە کۆتاییدا و لە شۆکێکدا سەری ساحێبەکەی دەخوات. مەرج نییە ئەوەی دەربار لە مەزن¬نمایشکردنی سەرکردەکەیدا هەمووی ڕاست بێت، بەڵام مەرجە سەرکردە باوەڕ بەهەمووی نەکات.
هەموو دەروێشە پێشین و پاشینەکانی عەبدولقادری گەیلانی بە شێخەکەیان دەوت: نەوەی پێغەمبەر و غەوز و قوتب و بەرماڵگەڕاو بەسەرئاودا، بەڵام ئەو خۆی چاک دەناسی و ڕێگەی لە زاڵبوونی ئەو وەهمە بەسەر دڵیدا دەگرت و بەخۆی دەوت: "بەندەی حەقیر"، لە هیچ دەستنووسێکیشیدا نەیووتووە من نەوەی پێغەمبەرم (چونکە نەبووە). شێخی ڕاستەقینە ئاوایە، بۆیە ناوەکەی بۆ ئەبەد مایەوە.
سێبەرەکانی خوداش دۆڕان
شەیبەک خانی ئۆزبەکی(1451-1510)، دامەزرێنەری دەوڵەتی شەیبانی بوو، هاوسێی سەفەویان بوو، لە دەمارگیریی سوننەگەراییدا سنووری نەبوو، وەهمی پشتیوانی و هەڵبژێردراوی خوا مەستی کردبوو، دەربارەکانی شەیبەکییان کردبوویە سەرکردەیەکی ئەفسانەیی و ڕەچەڵەکییان بەستبوویەوە بە تەیمووری لەنگ و جەنگیزخانەوە، تا وای لێهات پێی وابوو هەرگیز ناشکێت و خودای لەگەڵدایە. لەشکری سەفەوییانی بە کەم دەگرت و لەگەرمەی جەنگدا بەڕابواردنەوە نامەی بۆ شا ئیسماعیلی سەفەوی دەنووسی: باشترە درێژە بە پیشەکەی باوکت بدەی نەک ئەوەی دایکت (ئاخر باوکی شێخ سەفی بوو موریدی تەریقەتی شێخی گەیلانی بوو، بەڵام لەسەری دایکییەوە دەچوویەوە سەر بنەماڵەی ئاق قۆینلو و ئۆزۆن حەسەن). تا ئەوەی لەشکی قزڵباشانی سەفەوی دای لەدەرگا و لە پێچی مێزەرەیەکدا شەیبەکییان گرت و کەللەیان کردە کاسەی شەرابی شا ئیسماعیل و تا مرد لەوەدا شەرابی دەنۆشی.
گرنگە لە سیاسەتدا، بەرلەوەی وانە لە دەربار و دۆستەوە وەرگریت لە دوژمن و ڕەقیبەکانتەوە کراسێک دادڕیت، چونکە سەرئەنجامی هەڵەی نەیار هەم هەلی سەرکەوتنت دەداتێ و هەم ڕێگەیەکی ئەزموونکراوی شکستخواردنیشت نیشاندەدات، ئیتر پێویست ناکات جارێکی دیکە تاقی بکەیتەوە.
شا ئیسماعیلی سەفەوی(١٤٨٧-١٥٢٤)یش هیچ وانەیەکی لە تەوەهومەکانی نەیارەکەی وەرنەگرت و سەرکەوتن بەسەر شەیبەکدا مەغروورتر و وەهمگەرای کرد، ئەو بیری چوو کە مناڵێک بوو دەروێشان کردیانە پادشا و لەبری تێگەیشتن لە واقیعی دەرودراوسێ و نەیاران، هەڵنانی ماستاوچییان و چەواشەکارانی دەرباری لێبووە ڕاست. خۆی لێبووە "سێبەری خودا"، لەنامەیەکیشیدا دەربارەی خۆی نووسیبووی: ئیمامێکم لە دوانزەکەی شیعە، کوڕی فاتمە و عەلیم، عیسای کوڕی مەریەمم، من بینەری تۆفانی نوحم ئەزەلیم، گەوهەری هەقیقەتم، زاتی عەلیم، سوڵتانی شکستنەخواردووم، دەشیووت ئایەتی "وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ إِسْمَاعِيلَ إِنَّهُ كَانَ صَادِقَ الْوَعْدِ وَكَانَ رَسُولًا نَّبِيًّا" مەبەستی منە و نایشم ئیسماعیلە! ئەم وەهمەی درێژەی کێشا، تا ئەوەی سوڵتان سەلیمی عوسمانی لە ١٥١٤ و لە جەنگی چاڵدێراندا لە خەو و مەستی وەهمەکانی ڕایپەراند. تەنانەت لە جەنگی چاڵدیراندا وەهم بەرینەدابوو، داوای دانوستاندنی سوڵتان سەلیمی ڕەتکردەوە، لە کاتێکدا لەشکری عوسمانی دووبەرابەری سەفەوی بوون(١٤٠٠٠٠چەکدار).
عوسمانیەکان تازە گەیشتبوونە مەیدانەکە، دووکەس لەدەرباری دڵسۆز بەشائیسماعیلیان وت: گەر ئێستا لێیان نەدەین لەناومان دەبەن، بەڵام شا باوەڕی بە شکت نەبوو و پێشنیاری درمیش خان¬ێکی دەرباری وەرگرت کە دەیووت: "شا ریسالەی غەیبی هەیە و شکست ناناسێت و خوای لەگەڵە، بۆیە چاوەڕی دەکەین و هیچ ناکەین، تا قووەتێکی پەنهای لەخۆی دەرکات و... "! بۆیە بە لەشکرێکی شپرزەوە بێ هیچ جووڵەیەکی ڕێگر لە نمایشی عوسمانی، هێواش هێواش بە شێوەی کەوانەیی دەوری سوپاکەی شاسمایل گیرا و لە یەکەمین پەلاماردا شکا، ئینجا تێگەیشت مرۆڤێکی ئاساییە و قابیلی شکستە، نەک پایتەختەکەی، ژنەکەشی داگیرکرا و درایە سەردارێکی سوپای عوسمانی. شا ئیسماعیل تا مرد دەردی ئەو وەهم و شکستەی پێکەوە بۆ حەلنەکرا و لە دە ساڵی کۆتایی ژیانیدا، وازی لەسەرجەم دەسەڵاتە سەربازییەکانی هێنا و دەستی دایە مەینۆشیی و مەستیی و ڕابواردن.
وەنەبێت ئەو وەهمگەرایی تەنها لەمێژووی هاوجەرخدا نەبێت، هەیە بەڵام بە ڕووخساری مۆدێرنەوە. هەر لەو ئێرانەدا، محەمەدرەزاشای پەهلەوی دووەمیش تا ئەو ڕۆژەی فیشەک نەیدا لە دیواری ماڵەکەی(١٩٧٩)، باوەڕی نەدەکرد شای شاکان (شاهەنشا) نییە، ئەویش هەر راپۆرتی هەڵە و ماستاوی هوەیدا و عەلەم و دەزگاکانی وەک ساواک و جەماعەتی بەڵێ قوربانەکان، تووشی وەهمیان کردبوو. سەددام حوسێنیش هەروا بوو، وایدەزانی ناکەوێت و دواڕۆژەکانی سەکۆماریی لە جادەکاندا بەسەردەبرد، ئەویش ئەوەی کوێری کردبوو، سەحافەکان و جاشە کوردەکان و ماستاوچییە شیعەکان بوون کە "بیڕوح و بیدەم"یان بۆ دەکرد و وەهمێکیان بۆ سازکردبوو کە پێنجەم سوپای جیهانە و ناکەوێت، بەڵام دوو هەفتەیەکی نەخایاند کەسی بەدەورەوە نەما و چارەنووسی لە چارەنووسی پەهلەوی و شاسمایل و شەیبەک ڕۆشنتر نەبوو.
کاریزمای زۆر و شۆک و شکستی زەوەندە!
لە مێژووی هاوچەرخی کوردستانیشدا، (بە حسێبی دەرباران) ئەوەی زۆرە سەرکردە و کاریزمایە! لەو زۆرتریش شۆک و شکستە غافڵگیرەکانی شۆڕشە! دەی چۆن دەبێت خاوەنی هەردووکیان بین پێکەوە! دیارە یەکێکیان ڕاستە. شکستەکانمان کە ئینکار ناکرێن، بەڵام بۆ هەبوونی سەرکردە دەبێت گومان بکەین.
سەرکردەکانمان دەرباران وەهمێکیان بۆ سازدەکەن و پاشان خۆیان لێدەبێتە ئەو پاڵەوانەی کە بۆیان بەرهەمهێناوە. ئاخر لە مێژووی جیهاندا و لە لێکۆڵینەوەکانیشدا، بەوانە دەوترێت کاریزما کە سەرانسەرین، توانای کۆکردنەوەی نەتەوەیەک، یان ئاینێک و مەزهەبێک، یان کۆمەڵە خێڵێک یەکدەخات و بۆ ئامانجێک ڕابەرایەتییان دەکات. دەی ئەگەر وابێت، کورد کوا لەمێژوویدا سەرکردەیەکی وای هەبووە؟ کام حزب و سەرکردەیە توانیوویەتی نیوەی کوردیش وەک گوتار و وەک سیاسەت یەکبخات و ئامانجەکەی حزب یان ناوچەیەک یان بنەماڵەکەی نەبووبێت؟! من ئێستا کە ئەمە دەنووسم غەمبارم و لە تازێبارییەوە دەینووسم نەک لە خۆشحاڵییەوە، خۆزگە هەبووایە و فریادڕەسی ڕاستینەمان بوونایە، بەڵام کە نەبێت با خۆمان و مێژوومان چەواشە نەکەین، ئەوەی کوردستان کۆدەکاتەوە، قوربانی و ستەمی هاوبەش و داگیرکاریی زەینی و خاکیەتی، ئەوەی یەکی دەخات جینۆسایدە و دەبێت لێی تێبگەین، خۆ هەر نەتەوەی ئێمە نییە کە کاریزمای نییە زۆر هەن، بەڵام ئەوان لەبری کاریزما ئیرادەی هاوبەش و تێگیەشتن لە قوربانی و داگیرکاریی هۆشیاریی ڕاستینە دەکەنە ڕیبەر. لەوە تێدەگەن لەئاسمانەوە سەرکردە نابارێت و باڵۆنەکانیش هەرگیز بە پڕی نامێننەوە.
پۆپۆلیزم و وەهم
ڕووداوەکان ئەنجامی جوڵەی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەن، بەڵام شۆک تەنها بۆ ئەوانەیە کە لە دنیای واقیع تێنەگەیشتوون یان وەهمێکی بەڕاست¬کراو بەرچاوی گرتوون، بۆیە لە دنیای ئێمەدا شۆک زۆرە، چونکە میدیاسازیی دەستەدوو و قووتدانی میدیای ڕاستەقینە، ڕای گشتیی چەواشەکارانە لەبری دەرکەوتنی ڕای ڕاستەقینەی بێعوقدە، نوخبەی موزەیەف و عوقدەیی و بازرگانیی تازەپیاکەوتوو و ڕاوێژکاریی سەرسام و هەلپەرست، دنیایەکی سایبەری و ناواقیعی بۆ سەرکردەکان دەسازێنن، ڕێگەنادەن واقیعبین و خۆبین بن.
پۆپۆلیزم بەدوای پرسیاری"خەڵک چیی دەوێت و حەزی لەچییە؟"ەوە، بەڵام هێز و سەرکردەی ڕاستەقینە بەدوای پرسیاری "کۆمەڵگە چی پێویستە و دەسەڵات ئەرکی چییە؟"ەوەیە، وەڵامی یەکەم چەپڵەڕێزان و پاڵەوان و کاریزمای وەهمی و دڵخۆشی ڕاگوزەر دروست دەکات، سەرکردە و پەرلەمانتاری "درۆزان و جەماوەریی" دروست دەکات، چونکە هەرچی دەکات "بۆ خەڵک و بەدڵی خەڵکی دەکات" نەک "لەبەر خەڵک و بەرژەوەندییان". بەڵام وەڵامی پرسیاری دووەم حکومەت و هێزی بەرپرسیار و سەرکردەی واقیعی دروست دەکات.
وەڵامی پرسیاری یەکەم (کە پۆپۆلیستەکان بەدوویدا دەگەڕێن) ئامرازەکانی تەزویر و تۆڕی کۆمەڵایەتی و وەعز و دروشمگەرایی و بەڵێنی زۆری بێکردار و بەرزکردنەوەی سەقفی تەوەقوعی خەڵکە و خەڵکیش تەمەڵ دەکات و دەیانکاتە زەڕنەقوتەی چاو لە مشتی حکومەت. بەڵام ئامرازەکانی وەڵامی پرسیاری دووەم: میدیای ڕاستەقینە و ئاماری دروست و ڕۆشنبیری بەرپرسیار و چینی ناوەند و بازرگانیی ڕاستەقینەن، لەوەش زیاتر خەڵك هاوبەشی سیاسەت و بەرپرسیار دەکات لەچارەسەر و تێیان دەگەیەنێت کە گەندەڵی تەنها بە یاسا و پۆلیس ڕێی لێناگیرێت گەر کولتووری بەرپرسیارێتیی خەڵکیش هاوکار نەبێت.
ساڵێک لەمەبەر
- ڕێک ساڵێک و ٢٥ ڕۆژ لەمەوبەر (٢٣/٦/٢٠٢٠) لەمەوبەر ئەم پەرەگرافەم نووسی کە بەشێک بوو لە وتاری "لەنێوان زڕمام و مامی بچووکدا"، کە زۆرێکی توڕە کرد و تاڕادەی هەڕەشە و سوکایەتی بە خۆم و کەسووکارم گەیشت، دۆستانێکی زۆرم بەهۆی منەوە ڕووبەڕووی گلەیی بوونەوە ئێستا ئیتر هەموو شتێک ڕوونبوویەوە، دەرکەوت ئەو ناکۆکییەی من باسم کرد هەم ڕاست بوو، هەم ئەو دەزگای هاوسەرۆکییەی وەک چارەسەر نمایش دەکرا بەشێک بوو لەکێشە و سەری ساحێبی خوارد.
دانی پێدا دەنێم، وتارەکم کەمێک توند بوو، بەڵام گەر بەڕاستی گوێی لێبگیرایە، ڕۆژی دۆستان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت. لە منێکی ناحزبی وەک ئامۆژگارییەکی خۆڕایی لێیان وەرگرتمایە، چارەسەریی دەبوویە میکانیزم نەک فشار و دەرپەڕاندن. ئێستا با جارێکی تر دێڕەکانی بخەمەوە خزمەتی خوێنەر:-
"...دوو دیدگا لە یەکێتیدا لە کاردایە یەکێک دەیەوێت دەزگایی و لە چوارچێوەی ئادابی سیاسەتدا بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرێت، دیدی دووەمیش بارگاوی بەو کولتوورەی ڕابردووی ناوچەی نفوزی خۆی، فرسەتخواز و پۆپۆلیستانە هەم لەسەر سفرەی مەعاویە بێت و هەم لە پشتەسەری عەلیشەوە نوێژ دابەستێت. کە دیارە دیدگای یەکەمیان ساڵانێکە هەم لای پارتی و هەم لای دیدگای دووەم لە نێو یەکێتیدا بەردەوام دەبێتە قوربانی، بە زیانی خەڵک و هەم بەزیانی دامەزراوەییکردنی دەزگاکان دەشکێتەوە... دەرکەوت دەزگای هاوسەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی نییە و نیوسەرۆکییە، گەرنا چ مانایەک دەبەخشێت هاوسەرۆکێک لەگەڵ تیمی حکومەتی یەکێتیدا بێت و نیوەکەی دیکە ڕەتکەرەوەی... دواجار بەم تویتە دژە مەکتەب سیاسیەی هاوسەرۆک، دەرکەوت "زڕمام" تەنها لە ئایندەی خۆی نیگەرانە و تەنها لەگەڵ "هاوسەرۆکەکەی دیکە" و "مامی بچووک"دا لە ململانێی شاراوەدایە و نەک ململانێ دەرەکیە ڕووخسارییەکانی و بگرە ئەوانیشی لە خزمەتی دژبەری ڕکابەرە ناوخۆییەکانێتی... گەرنا بەم تووشکردنەی یەکێتی (بەم دژیەکییەی لێدوانەکان)، هەم پارتی و هەم مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی لە لۆمە و تەڵەزگە و توڕەییەکانی مووچەخۆران دەرباز کرد".
ئەوکات ئەوەم نووسی بەڵام هاوشێوەی "درمیش خان"ەکانی دەوروبەری شا ئیسماعیل زۆر بوون و نەیانهێشت.
ئەڵبەت کۆی ئەم نووسینە وەنەبێت تەنها کراسێک بێت بۆ بەری یەکێتی، لە مێژووی هێزەکوردییەکاندا، هەم ڕوویداوە و هەم بەتوندیش لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ڕوودەدەنەوە، ئەوەی مێژووی پارتی و ئیسلامییەکان و سۆسیالیست بخوێنێتەوە، بۆی دەردەکەوێت ئەو ململانێیەی هاوسەرۆکانی یەکێتی خستەبەرامبەر یەکەوە، مەدەنیترینیانە و بە کەمترین زیان بۆ خەڵک و هەواداران لێی دەرچوون، گەرنا ئەوانەی پێشتری حزبەکان هەم کوڕی خەڵکیان بەکوشتدا و هەم زیانی کوشندەی بە بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستان چەند بەرامبەر بوو. واباشترە هێزەکانی دیکەی ڕکابەری یەکێتی کراسێک دادڕن و ئەوانیش لەوەهمی پارێزراوی دەرچن، گەر هەر تێشنەگەیشتن با وەک ئەمان ڕاستەوخۆ و بێتوندووتیژی و خوێنڕێژی خۆیان ململانێکە بەڕێوەبەرن نەک کوڕی خەڵک بکەنە قوربانی و خۆیان لەسەر مێزەکان پشکپشکێنە بکەن.