رۆتین و خولانەوە لە بازنەدا
2021-07-12 07:58:20
بەهرە حەمەڕەش
دەگێڕنەوە، رۆژێک لویسی شانزەیەم/ 1754 ــ 1793 لە حەوشەی کۆشک پیاسەی دەکرد. سەربازێکی بینی لێی پرسی: کاری تۆ چییە؟ سەربازەکە بە پەشۆکاوی وەڵامی دایەوە: قوربان نازانم. ئەفسەری گارد پێی گوتم، کە لێرە پاسەوانی بکەم. ئەفسەریان بانگکرد، کە بۆچی ئەم سەربازە لێرەدانراوە؟ ئەفسەری کۆشک گوتی: کاتێک من گواسترامەوە بۆ ئێرە بەرپرسی گاردی کۆشکی، ئەو کاتە خشتەی دابەشکردنی ئەرکەکانی پێدام ئەوەبوو، کە سەربازێک لێرە ئەرک ببینێ. دایکی لویس، کە گوێی لەم باس و خواستە بوو گوتی: کوڕم وازبێنە، من دەزانم هۆکارەکەی چییە. ئەو کاتەی تۆ سێ ساڵان بووی باوکت ئەو دیوار و کورسییانەی بۆیاخ کرد. فەرمانیکرد پاسەوانێک لێرە دابنێن تا تۆ لێرە دانەنیشی و جلەکانت بۆیاخاوی نەبن.
واتە لەو کاتەوە نزیکەی چل ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام هەموو بەیانییەک سەربازێک لە وێدا ئەرک دەبینێت، بەبێ ئەوەی بزانێت بۆچی لەوێیە؟ بەرهەمی چییە؟ کێ سود لەم رۆتینە دەبینێت؟ ئەمە وەک دەسەڵاتی تاک و رەها کاتێک مرۆڤەکان لە ناویدا دەچەوسێنرێنەوە و ئەرکی بێ ئامانجیان پێدەسپێردرێت.
لە سەردەمی زوودا، خەڵک سودی لە حوشتر و وڵاخ بۆ هات و چۆو بازرگانیکردن بینیووە. کاتێک ویستوویانە لە شارێکەوە بڕۆن بۆ شارێکی تر چەندین رۆژیان پێچووە، عەقڵێک هات ئۆتۆمبیلی دروستکرد بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئەم کات و رۆتینەی گەشتکردنی کورتکردەوە، بەڵام مرۆڤایەتی هێشتا پێیوابوو، پێویستی بە کورتکردنەوەی سنوری نێوان وڵاتانە. بۆ ئەوە فڕۆکەی داهێنا و ئێستا بووەتە ئاسانکاری بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
لە کاتێکدا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆیان لەم تەکنەلۆژیا خێرایەی، کە سنوری نەهێشتووە سودمەندن، بەڵام بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە ناو بازنەی دواکەوتوویی و سەرقاڵکردنیان بە رۆتین بۆیە چوونت بۆ ناو دەزگایەکی ئاسایی، بە قەد چوونت بۆ فڕۆکەخانە و بڕینی سەدان کیلۆمەتر سەختترە، چونکە ئەو عەقڵیەتە روکەشییەی، کە بەڕێوەبردنی دراوەتە دەست، گەورەیی و خۆسەپاندن لەم سەختگیرییەدا دەبینێتەوە و کەموکورتی ناواخنی پێ پڕدەکاتەوە.
رۆتین لە وڵاتانی دواکەوتوو لە رێکخستنی کارەوە، بووەتە کات کوشتن و کات بەسەربردنی بێ ئامانج. لە بەرهەمی کارەوە بووەتە رواڵەتی بێ سود. لە کاتێکدا عەقڵیەتی پێشکەوتوودا، سەرنچ لە سەر کەمترین تێچوو لە رووی کات، شوێن و ماددە وە بۆ زۆرترین بەرهەم چڕکراوەتەوە. سود لە تەکنەلۆژیا وەک کەمکردنەوەی خەرجی، کورتکردنەوەی رێگاکان و خێرایی لە بەرهەمهێنان بینراوە. بە پێچەوانەوە لە وڵاتانی دواکەوتوو و لە ناوبازنەی عەقڵیەتی چەقبەستوو ــ رۆتین، وەک پیشاندانی هێزی بازوو و دەسەڵات شکان بەسەر دەوروبەردا رەفتاری پێوە دەکرێت. تەکنەلۆژیا بەهۆی رۆتینەوە، کەڵکی ئاوەژووی لێوەرگیراوە و بووەتە هۆکارێکی دیکەی کات کوشتن و رێوشوێنی ناپێویست، چونکە لە بنەمادا ئەو عەقڵیەتەی، کە دەیەوێ درێژە بە رۆتینی بێ ئامانج بدات، بێ ئاگایە لە پێشکەوتنی دنیا لە رووی ناواخن و بەرهەمەوە، لە رواڵەتەوە بۆ رواڵەت دەڕۆن و دەشیانەوێ هەر لە رواڵەتدا بمێننەوە.
ئەمەش لە عەقڵی بەرەو پێشەوە، دەچێتە عەقڵیەتی ناوبازن و لە دۆخێکدا دەخولێتەوە. ژیانی بێ پڕۆژە و نەخشەرێگا، جۆرێکە دەکەوێتە ناو جەستەی رۆتین. توانای کەسەکان لە چوارچێوە دەدرێت بە جۆرێک، کە ئەوەی لە سنوری عەقڵیەتی رۆتین تێپەڕێ بە مەترسی دەزانرێت.
هەڵبەتە کارکردن سەرچاوەی نەهێشتنی رۆتینە، کە مرۆڤ ئامانجی بەرهەمهێنان بێت، هەموو عەقڵەکان بۆ بەرهەمهێنان و پەرەدان بە پێگەیشتن و پەروەردەکردنی مرۆیی دەخرێنە گەڕ، بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی، کە تەنیا لە سەر سامانی سرووشتی/ موچە دەژین، دامەزراندن و موچەش تەنیا لە پێناو موچە وەرگرتن بێت، لێرەوە کات نرخی خۆی لە دەستدەدات. لە دروشمی(هەموان کار بکەن بۆ ژیانێکی باشتر)ەوە، دەبێتە (هەموان کار مەکەن بۆ باشترکردنی ژیانی چەند کەسێک). ئەمجۆرە کۆمەڵگایانە، هەمیشە کات وەک کراوە دەهێڵێتەوە کاتێک باس لە وادەی تەواوبوونی پڕۆژەیەک یان بنیاتنان و ئەنجامدانی کارێک دەکرێت دەڵێن (کاتێکی تر، ماوەیەکی تر هتد...)، لە جیاتی ئەوەی بڵێن (سی رۆژی تر، کاتژمێر چوار، چوار ساڵیتر) ئەمجۆرە لە وادە دانان دەکەوێتە ناو جەستەی بەرەڵڵا واتە کات، کار، رۆژ گرنگ نییە.
تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی بەڕێوەبردنی کار لە کاتی گونجاو، ناتوانێ درک بەوە بکات، کە ئەگەر کاتژمێر، ساڵنامە و ناوی رۆژانی هەفتە نەبوایە، چۆن دەمانتوانی رەفتار بکەین و لە گەڵ یەکتر بژین و کارەکانمان رایی بکەین؟ بۆ کۆمەڵگەیەک، کە لە سەر رۆتین دەژیت، ئەم سێ پێکهاتەیە تێکەڵ و بێ واتا دەبن، لێرەوە کارەکان دەبنە رۆتین و دەچنە قۆناغی متبوون.
ئەو مرۆڤانەی، کە ئیش دەکەن و لە سەر بەرهەمی کاری خۆیان دەژین، بۆ پێشخستن و داهاتی کارەکە هەمیشە گرنگی بە چاککردن و راستکردنی نەخشە رێگای ئیشەکە دەکەن، بەڵام لای ئێمە زۆربەی خەڵک لە سەر داهاتی بەرهەمی کەسیی خۆی ناژیت، بەڵکو لە سەر موچە و داهاتی جیاواز/ سامانی سروشتی دەژیت، کە بەرهەمی عەقڵی خۆی نییە. ئەمەش دەبێتە بارگرانییەکی تر بۆ کۆمەڵگە. کاتێک لە شاردا، کە کارگە و کرێکار پەیدابوون، دووشت گرنگبوون، جلی ئیش و سەعاتی کار، بەڵام لە شوێنێک، کە نە کرێکار و نە کارگە هەبێت لێرەدا، کە ئیشی دەست کەمبوو کار لە سەر ئیشی عەقڵ دەکات، بۆیە رۆتینی دەست و مێشک تێکەڵ دەبن. تا دەگاتە کۆمەڵگەیەکی بێ کەڵک و تەمبەڵ. تاکێک لە وەها کۆمەڵگەیەک، کە مێشکی بۆ پلانی کار و دەستی بۆ جێبەجێکردن نەبێت، دەست و مێشک لە بوار و ئامانجی هەڵە بەکاردێنێت. بۆ نموونە (کاتێک لە بێ ئیشی دەچینە ناو ژیانی یەکتر و شتی سەیر و سەمەرە لە بواری کار داواکەین). ئەم بیرکردنەوە پاسیڤە لە تاکەوە تا دەگاتە کۆمەڵگەیەکی پاسیڤ بەرهەم دێنێت. ئەمەش وادەکات، کە لە مجۆرە کۆمەڵگەیە سیمبول، پیرۆز و ئینتیما بۆ خاک و دۆز نەمێنێت، ئەمەش دەکەوێتە ناو گەندەڵی پرەنسیپ و هزر.
ئەم مێشکە خاوە، تەنیا هزر و داهات و بەرهەمی ئامادەکراو دەکات قبوڵ دەکات. لێرەوە ئەو هزر و مۆدێلانەی، کە دێن چەند کۆنن یان لە خزمەتی کێن، کەس پێی گرنگ نییە، سەرمایەی مرۆیی دەکەوێتە چ دۆخێک لەم رەوشە گرنگ نییە، خۆراکی بەسەرچوو بۆ کەس گرنگ نییە، ئەمەش وادەکات لە کۆمەڵگەیەکی بەشداری ئەکتیڤ، بگەیەنێتە بینەرێکی تەمبەڵ.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەبینرێت، بە داخەوە لە چوارچێوەی ئەم تابلۆیەی کە باسمان کرد دەخولێتەوە. لێرەوە لە جیاتی خەڵک پڕۆژەی هەبێت بۆ چاککردنەوە هزری تێکدەر بڵاو دەکەنەوەو عەقڵیەتی پاسیڤ دەیەوێت جۆرێک لە مۆدیکی کۆیلایەتی بەرهەم بهێنێتەوە.
بەشێکی تری خەڵک لە جیاتی رەخنە لە کەموکورتییەکانی دەسەڵات بگرێت، پینە و پەڕۆی بۆ دروست دەکات، لە کاتێکدا ئەوە خزمەت بە خودی دەسەڵاتیش ناکات و وای لێدێت بەرەو چاڵەکە بیبات. لێرەوە خەڵک لە جیاتی بۆ ژیان بژیت، بۆ مردن دەژیت. کەواتە وزەی رەش سەردەستی وزەی گەش و دوارۆژ دەبێت. ئەمەش کۆمەڵگەیەک دروست دەکات، کە بێ ناونیشان و ئامانج دەبێت.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە ئەم رەوشە ئێمە باسی دەکەین شایستەی ئەوەنییە، کە ناوەندی لێکۆلێنەوە و ستراتیژی بۆ دروست بکرێت بۆ گەڕان بەدوای رێگاچارەیەک، کە بۆ راگرتن و گەشەپێدانی ئەم رەوشە، کە بەداخەوە بەرەو بێ هودەیی دەچێت.
یەکەم هەنگاوی چارەسەرکردنی کێشەکە راستکردنەوەی دسپلین و پرەنسیپەکانە. ئەو عەقڵانەی، کە بیر دەکەنەوە بە داخەوە بە حەز یان ناحەز زانان یان نازانا زۆربەی هەرە زۆریان پەراوێز خراون و دەرگا لە هزر و عەقڵ و بیر ناکرێتەوە،، ئەمەش وادەکات، کە مرۆڤی ناشایستە شوێنی شایستە بگرێت. بۆیە زۆر بێهودەیی دەبێت، کە چاوەڕوانی بەرهەم و ئەنجامی باش لە وەها دۆخێک بکەین، بێ ئەوەی لە شوێنێکەوە کار بۆ چاککردنەوە بکرێت. بە پێچەوانەوە دەبێ بڵێێن هەر ئەمساڵ خۆزگەم بە پار.