Draw Media

مێرکل بوون بە خۆ پەروەردەکردنە

مێرکل بوون بە خۆ پەروەردەکردنە

2021-07-11 16:26:56


   شیلان رۆوف

ئەنگێلا مێرکل (ژنی ئاسنین) یەکێکە لەو سیاسییە مێینانەی کە جێ سەرنج وتێڕامان بووە لام هەر وەک چۆن جێگەی سەرنج وگرنگی تایبەتی بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی ئەم زەمینەیە بەتایبەتتریش ئەو کەسانەی تاقەت وحەوسەڵەی بابەتە سیاسیەکانیان هەیە، بەڵام ڕاشکاوانە دەڵێم بەدرێژایی ساڵانی سەرکردایەتیکردنی ئەڵمانیا لەلایەن ئەم خانمەوە هاوتەریب لەگەڵ سەرکردایەتیە سەرکەوتووەکەیدا بۆ دەوڵەتەکەی ونەتەوەکەی، ئەوەی زیاتر جێ سەرنجی من بووە ئەوەیە مێرکل هەرگیز مێینەبوونی خۆی نەکردە ئامڕاز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لەبواری سیاسی ودەوڵەتداریدا، هەرگیز ڕوخسار ولەش ولار نەبوونەتە ئامڕازی دەستی بۆ جێکردنەوەی لەنێو دڵ ومێشکی دانشتوانی دەوڵەتە مەزنەکەیدا.
ڕاستی مێرکل بوون پەروەردەکردن وخۆپەروەردەکردن وخۆدەوڵەمەندکردنە بە ڕۆشنبیری ومەعریفە، تێڕامانە لەفەلسەفەی حکومداری وخزمەتکردن ولەئەستۆگرتنی ئەرک وپۆستی گشتی، تێڕامانە لەئامانجی ئەرک وپۆستی گشتی، ئەوپەڕی تێگەیشتنە لەوەی دەسەڵاتدارەکان تەنها ئامڕازن بۆیە ئەم ئەڕوات وئەوی دی دێت. ئەدی کە دەسەڵاتدار ئامڕاز بێت چی ئامانجە؟ دامەزراوە ئامانجە، ناوبانگی دامەزراوە ئامانجە، خزمەتی گشتی ئامانجە، چاکەی گشتی ئامانجە ..... .
هەر بۆیە:
    ئەگەر لەو فەرمانڕەوا (دەسەڵاتدار، ڕابردوو یان ئێستا)یانەی کە:
شوێنی نیشتەجێبوونت شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتی ئاسایی نییە. خاوەنی ڤێلا وباخ وسەروەت وسامانی بێشوماری بێ ئەوەی ئارەقت بۆ ڕشتبێت. چەندەها پاسەوانی ئاشکرا وشاراوەت هەیە سەرباری ئەوەش پێنج خولەک بوێری گوزەرکردنت نییە بەشوێنێکی میللیدا. لەسۆپەرمارکێتەکەی نزیکی ڤێلاکەشت کاڵایەک ناکڕیت. ڕێز لەیاساکان ناگریت کەپەرلەمانتارانی حیزبەکەی خۆت پشکی شێریان هەبووە لە دەرچواندنیدا. کە بەسەر شەقامە گشتییەکاندا دەڕۆیت خەڵک کۆنابنەوە وتامەزرۆی بینینت بن وبەچەپڵەڕێزان پێشوازیت بکەن، بەڵکو کاروانی ئۆتۆمبێلەکانت تەنگ بەبەکارهێنەرانی شەقامە گشتییەکە هەڵئەچنن تا ڕێگە خێراکەت بۆ چۆڵبکەن وزوو تێپەڕیت، ئەمە لەباشترین حاڵەتدا دەنا دەکرێت ڕۆنگ ساید بڕۆیت وئەم سەرپێچییەشت لەڕێگەی لایەنی پارێزگاری یاساکانی هاتوچۆوە ئەنجامبدەیت. متمانەت بەوە نییە لەڕێگەی هەڵبژادنەوە کورسییەکەت بەدەستبێنیتەوە هەر بۆیە کە ویلایەتەکەت نزیکی تەواو بوون ئەبێتەوە هەر بە زۆر کورسییەکەت چۆڵ ناکەیت وئەگەڕێن بەدوای چەندین فێڵی یاسایدا بۆت تا مانەوەت مسۆگەر بکەن. خێرو بێری دەسەڵات تەنها خۆتی نەگرتۆتەوە بەڵکو چەندین پشتی دوای خۆشت بێبەش نەکردووە. نەخۆشخانەکانی مەملەکەت جێگەی چارەسەرت نییە. قوتابخانە وزانکۆکانی مەملەکەت جێ متمانەت نییە. گونجاوترین وسادەترین بژاردە لەلات بەکارهێنانی چەک وهێزی چەکدارە ...... .
ئەوا مافی سەیرکردنی مێرکلت نییە وەک ڕابەرێکی ناوازەی سیاسەت ودەوڵەتداری وگۆرانی وتن بەباڵایدا.
    ئەگەر لەو فەرمانبەسەردا کراوانەی کە:
لەجێگای خۆت بێ دەنگ وبێ هەڵوێست دانیشتویت وتوانا وبوێری داواکردنی مافی گشتی وتەنانەت مافە تایبەتییەکانی خۆشت نییە. هێندە بەهێز دەستت بەکڵاوەکەی خۆتەوە گرتووە تەنانەت ئەگەر یەکە یەکە بەبەرچاوتەوە مافەکانیشت قوت بدەن دەستت لەکڵاوەکەت نابێتەوە وبگرە بەهێزتر دەستی پێوە ئەگریت تا "با" نەیبات، کە دڵنیابە نۆرەی کڵاوەکەی تۆش دێت وئەو "ڕەشە با"یە هەر لێت ئەڕفێنێت.
ئەوا مافی سەیرکردنی مێرکلت نییە وەکو نموونەی باڵا.
    ئەگەر لەو سیاسیە مێینانەی کە:
مێینەبوونت کردۆتە ئامڕاز بۆ گەیشتن بەئامانجەکانت. نازکردن وخۆناسکردنەوەت کردۆتە چەکی دەستت. جل دووبارەکردنەوەت کردووە بە یاساغی ژیانت. کە پۆست وپلەشت وەرگرت پڕۆژە چاکسازیەکانت لەچاکسازیکردن لەڕووخسار ولەش ولارتەوە دەست پێئەکەیت. ئیدی بوارت نامێنێتەوە  بۆ ماڵ ومنداڵ وچێشت لێنان وبەڕێوەبردنی ماڵ ومیوانداری وخزمەتکارەکانت لەبری تۆ ئەم ئەرکانەت بۆ ئەنجامدەدەن وتەنانەت ئەوانیش منداڵەکەت ئەبەن بۆ شوێنەکانی تایبەت بەیاری منداڵان وجەوی پێئەگۆڕن.
ئەوا مافی باسکردنی مێرکل وبەشان وباڵ هەڵدانیدات نییه وهەرگیز ڕێگەی بەراوودکاری بەخۆت مەدە لەنێوان خۆت ومێرکلدا.
    ئەگەر لەو ئەکادیمییە سیاسییانەی کە:
پشتت کردۆتە هەموو ئەو بیردۆز وبنەما وبەهایانەی کەساڵانێک وەکو وانە بەفێرخوازانت وتۆتەوە یان لەخۆپیشاندان وبۆنە وکۆبونەوەکاندا هاوارتکردووە بۆیان وداوای پابەندبوونت کردووە پێیانەوە، بەڵام کە پۆست وپایە وپلەت وەرگرت واتکرد خەڵک گومان بخاتە سەر خودی ئەو بیردۆز وبنەما وبەها جوانانە.
ئەوا مافی باسکردی مێرکلت نییە وەکو ئەکادیمییەکی دەوڵەتمەداری سەرکەوتوو.
  لەکۆتاییدا گوتەی یەکێک لەخوێندکارەکانم لەپارساڵی خوێندندا وەکو نموونەیەک بۆ تێڕامان وهەڵوەستە لەسەرکردن ئەخەمە بەردیدی خوێنەری بەڕێز، کە دڵنیام گوزارشتە لە واقیعی بینراو وبەرجەستەکراوی ژیانی کەسی سیاسی ودەوڵەتمەداری ڕۆژهەڵاتی بەگشتی وەکوردستانیش  وەکو بەشێکی ئەو پێگە جوگرافییە.
پارساڵی خوێندن (2019-2020) بەئامانجی ناسینی (ئەنگێلا مێرکل) وجوڵاندنی بیری خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی زانکۆ بۆ بەراوردکارییەک لەنێوان مێرکل وفەرمانڕەوایانی پێگە جوگرافییەکەی خۆماندا، دوو وێنەی جیاوازی مێرکلم بۆ نمایشکردن لەسەر شاشەی هۆڵی خوێندنەکە، ئامانجم ناساندنی بوو بەئەوانەیان کە نایناسن یان دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە وە باشتر ئاشناکردنیشی بوو بەئەوانەیان کەئەیناسن، خوێندکارەکانم بەشێوەی گروپ دابەش کرد وهەندێک لەژیانی مێرکلم پێخوێندنەوە وەکو بەشێکی کتێبی: "الوجه اڵاخر لزعما‌و حكموا العالم/گاهر شلبی"، دواتر داوام لێکردن هەر تیم وگروپێک بەجیا دوای دەردەشەکردنی بابەتەکە لەنێوان خۆیاندا بەپێی تێگەیشتنی خۆیان ناوەڕۆکی ئەوەی خوێندیانەوە پێمانبگەیەننەوە، ئەوەی لەم چیرۆکە گرنگە ئەوەیە لەو کاتەی بەرەو کۆتایی گفتوگۆکردن ئەڕۆیشتین دەربارەی مێرکل، یەکێک لەخوێندکارەکان بەشداریکردوو وتی: مامۆستا "سیاسی" چۆن وا ئەبێت بۆ خاتری خوا!!!
بەڕاستی ئەم ئازیزە بەتەواوی مافی شۆکبوونی هەبووە وهەیە، چونکە دەوڵەتمەداری وای نەبینیووە لەم پێگە جوگرافییەی ژیانی تیادا ئەگوزەرێنێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand