Draw Media

ئەمریکا و تورکیا و ڕۆژاڤا

ئەمریکا و تورکیا و ڕۆژاڤا

2021-07-23 10:26:56


د. شێركۆ كرمانج 
لە دوایین چاوپێکەوتنی (لێپێچینەوەی) لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە کۆنگرێس، ڤکتۆریا نۆلاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی، گوتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کوردانی سوریاو یەپەگە. هاوکات، گوتیشی ئەمریکا مکوڕە لەسەر ئەوەی کە تورکیا دەبێت دەستبەرداری موشەکی S-400 بێت کە لە ٢٠١٧ لە ڕوسیای کڕیوە. لە دوایین قسەکانی دەسەڵاتدارنی تورکیاش وادەردەکەویت کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری موشەکە ڕوسییەکان نابن. تورکەکان دەڵێن ئەوان تەنیا ئامادەن هەندێک زانیاری لەسەر موشەکەکان بدەن بە ئەمریکییەکان‌و نەهێڵن ڕوسەکان زانیاری لەسەر فڕۆکە ئەمریکییەکان، کە تورکیا بەکاریان دێنێت، بەدەستبێنن. ئەمەش لای ئەمریکییەکان تا ئێستا قابیلی قەبوڵ نیە، بۆیەش ساڵێک زیاترە لە بەرنامەی دروستکردنی فۆڕکەی F-35 تورکیایان وەدەرنا.
دیارە دەبێت ئەوە بزانین لەکاتی لێپێچینەوە لە کۆنگرێس نوێنەرانی حکومەتی ئەمریکا زیاتر جەوهەری سیاسەتی پەیڕەوکراوی ئەمریکا دەخەنەڕوو لەوەی لەکاتی قسەکردن بۆ ڕۆژنامەنوسان دەیکەن. بۆیە ئەو قسانەی ڤیکتۆریا نولاند دەبێت بە هەند وەربگیرێن. ئەوە بەو مانایە نیە کە سیاسەتی ئەمریکا ئیدی ئەوەیەو تەواو چونکە سیاسەتی ئەمریکا کۆنکریت نیە، هەمیشە لە گۆڕان دایە. بەڵام بە بنەما لەسەر هەڵسوکەوت‌و جوڵەکانی تورکیا پێناچێت کە ئەمریکا جارێکی دیکە بە ئاسانی بتوانێت تورکیا لە باوەش بگرێتەوەو ئاستی پەیوەندییەکانیان وەک جاران لێبکەنەوە، لانیکەم تا ئەردۆگان لەسەر حوکم بێت‌‌و لە پەلاهاوێژییەکانیشی بۆ ناوچەکە، لە لیبیاو لە ئازەربایجان‌و لە قوبرس‌و لە دەریای سورو لە دەریای ناوەڕاست بەردەوام بێت. بۆیە مانەوەی ئەردۆگان‌و سەرکێشییەکانی لە قازانجی کورد دایە، ئەوە ئەگەر هێرشی ڕاستەوخۆ نەکاتە سەر ڕۆژاڤا یان باشور. 
لەو لێپێچینەوەیەی کە لە ٢١ جولای لە کۆنگرێس کراوە، ئەندامانی هەر دوو حیزب، دیموکرات‌و کۆماری، ناڕەحەتی خۆیان لە سیاسەتەکانی تورکیاو ئەردۆگان دەربڕیوەو ڕاستەوخۆ باسی مامەڵەکردنی تورکیایان لەگەڵ سیاسەتوانە کوردەکان‌و هەدەپە کردوەو ناڕەزاییان دەربڕیوە. بەڕادەیەکیش لە سیاسەتەکانی دیکەی تورکیا نیگەرانن کە باسیان لە دانانی سزای زیاتر بەسەر تورکیادا کرد.
ئەوەی تا ئێستا وای لە ئەمریکا کردوە کە تورکیا قاونەدا ترسی ئەمریکایە لە سەرەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچەکەو زیادبوونی نفوزییەتی لە عێراق‌و سوریاو لوبنان‌و یەمەن. هاوکات هاتنی ڕوسیا بۆ ناوچەکە ئەمریکای نیگەران کردوە، ئەمەش پێگەی تورکیای بۆ ئەمریکا گرنگ هێشتۆتەوە، ئەمریکا بەو هیوایەیە کە تورکیا بەخۆیدا بچێتەوەو بگەڕێتەوە باوەشی ڕۆژائاوا. 
ئەو خەون‌و خەیاڵەی ئەمریکا زۆر دوورە لە واقیع. تورکیا مەترسییە لەسەر ئەمریکا نەک لەبەر ئەوەی ڕوسیا گەڕاوەتەوە ناوچەکە یان ئێران هەژموونی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە بەڵکو تورکیا خۆی بووە بە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا. تورکیای سەدەی بیست‌و یەک تورکیا سەدەی بیست نیە. تورکیا ئێستا خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەیی وێنادەکات خۆیا وەک خاوەنی ئەسڵی دڤەرەکە دەبینێ‌و پێیوایە تەنیا لەڕێگەی هێز، نەرم‌و ڕەق، زەوی‌و دەریایی، دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگارەکانی پێشوتر. بۆیە ئەمریکاو ئەوڕوپا لەلایەک‌و تورکیا لەلایەکی دیکە زۆر سەختە ببنەوە هاوپەیمان چونکە بەرژەوەندییەکانیان‌و خەونەکانیان یەکتربڕن نەک یەکترتەواوکەر، ڕێک پێچەوانەی ڕۆژگاری جەنگی سارد. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand