ئەرزەرۆمی نوێ
2021-07-26 12:32:42
عەبدولڕەزاق شەریف
پێشتر و لە دەیان وتارو قسەوباسی راگەیاندنەکاندا، خەڵکی (هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی)مان لە رێکكەوتنی ئەنقەرەی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا ئاگادار کردەوەو مەترسی جێبەجێکردن و لێکەوتەکانیمان باسکرد، ئەو رێکكەوتنەی کە ئێرانیەکان پێش چونیان بۆ ئەنقەرە هاتنە لای سەرانی حیزبە کوردستانیەکان و بە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی پێیان وتن:(گەر ریفراندۆم نەکەن، لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بمێننەوەو ئێمە پشتیوانتان ئەبین و خۆشمان ئاڵای کوردستان لە حەمرین هەڵئەکەین ! خۆ ئەگەر ئەنجامیشی بدەن ئێمە ناچار ئەبین برۆین لەگەڵ تورکیاو عێراق رێکبکەوین بۆ ئەوەی لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەرتان بکەین و بچینە ژێر داواکاریەکانی دەوڵەتی تورکیاشەوە)، من وەک شایەتحاڵێکی ناو روداوەکان و گفتوگۆی ئەو سەروەختەی ئێرانیەکان بۆ مێژو ئەڵێم کە بە تکاوە بە ئێمەیان وت (هەرچۆنێ بێت ئەم ریفراندۆمە مەکەن! ئێمە ناچار مەکەن تەنازول بۆ تورکیا بکەین و شەڕی کوردی دۆستمان لە کەرکوک بکەین)، پێم سەیر بو باسی شەڕی سەربازو تفەنگیان کردو ئەمویست بڕوایان پێ بهێنم کە ئەوە مومارەسەی مافێکی سادەی میلەتەکەی ئێمەیە بەڵام ئەوان زۆر بە ڕاشکاوی وتیان (ڕابەر قسەی تێدا کردوەو وتویەتی نابێت بکرێت) ئەوەی شارەزای سیستەمی حوکمداری جمهوری ئیسلامی ئێران بێت لە فەرمانی رابەر تێدەگات، بەڵام سەرانی حیزبە کوردستانیەکان لێی تێنەگەیشتن..! راستە ئەوکات و ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان پێگەمان هی ئەوە نەبو بتوانین رێگری لە پرۆسەی ریفراندۆم بکەین، بەڵام ئەوانیش هەمو تەماحێکیان خستە بەرمان کە بتوانین ئەو رێگرییە بکەین ! تەرحی جیاکردنەوەو پشتیوانی هەرێمی سلێمانیشیان بۆ کردین بە کەرکوک و خانەقین و ناوچە دابڕاوەکانیشەوە، (لەو کاتەیا دەستیان لە بارزانی شتبو دڵنیابون کە ئەو ریفراندۆم ئەنجام ئەیا) مەترسیەکانی رەتکردنەوەشیان نیشانداین. ئەو سەروەختەو لە کۆبونەوەکانی ناوخۆی بزوتنەوەکەدا من بە ئاشکرا پشتیوانی پێکهێنانی (هەرێمی سلێمانی) بوم، مەترسیەکانی سەر کوردو کوردستانم لەپێش چاو بو ... گەیشتە ئەو ڕادەیەی حەمە تۆفیق رەحیم لە کۆبونەوەیەکداو لەبەرچاوی دەیان کەس پێی وتم (ئەو فکرانەی تۆ ئەجندای وڵاتێکی ئەقلیمیە)، سەید عومەری رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش لەجیاتی بیرکردنەوەو گفتوگۆ و پلاندانان بۆ چارەسەر، پێی وتم (ئێرانیەکان چۆن ئەم شتانە لای تۆ باس ئەکەن !!)، بێئاگا لەوەی کە من بەرەسمی و بە فەرمانی کاک نەوشیروان ئەرکی مەلەفی پەیوەندیەکانی ئێرانم خرابوە ئەستۆ و دەیانجار بەجیا یان خۆم و خۆی لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵیان کردبو ... لە کاردانەوەی گەمژەیی ئەو سەرکردایەتیەدا، هەر ئەوکاتە نامەی دەستلەکارکێشانەوەم لەو ئەرکە پێشکەشی خانەی راپەراندن کردو تەنیا کەسێکیان پابەندی پرەنسیپ و کاری رێکخراوەیی بو، ئیمزای لەسەرکرد، وەڵامی دامەوە، کاک عوسمانی حاجی مەحمود بو. ئاشکرایە تورکیا، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەوە ئاخ و داخ بۆ سەرزەمینی نفوزی دەسەڵاتداریە کۆنەکەی هەڵدەکێشێ، هەرکاتێکیش کۆبونەوەو رێکكەوتن لەگەڵ عێراق و ئێران و سوریا کردبێت، نەخشە کۆنەکان و رێکەوتنە کۆنەکانی دەرهێناوە، لەسەر بنەمای پەیماننامەی ئەرزەرۆمی پێش دوسەد ساڵ داوای پێگە و پاوانی خۆی کردوە ! ئەو پەیمانەی بە چاودێری و موبارەکەی ئینگلیزو روسەکان کراوەو لەماوەی ئەم دوسەد ساڵەدا، چەندینجار لە ساڵانی جیاوازدا، لەگەڵ ئێرانیەکان و عێراقیەکان هەموار کراوەتەوە، دواجاریش هەر لەسەر بنەمای ئەو پەیمانە ئێرانیەکان شەڕیانکردین و خەتی مونزریە بۆ سامەراو کەرکوک و تەلەعفەریان بۆ خۆیان و هاوپەیمانە شیعە عێراقیەکانیان وەرگرت و ئیمزاشیان بۆ تورکەکان کرد کە وەک جاران و زیاتریش ئەتوانن لە باکوری سوریاو باکوری عێراق لە ناوچە سونە نشین و کورد نشینەکاندا، بارگەو بنەی سەربازی خۆیان بخەن و چۆن و بەچ رێگەیەک ئەیانەوێ دژی نەیارەکانیان و پشتیوانی لە دۆستەکانیان رەفتار بکەن. رێکكەوتنی ئەنقەرە وەک نوێکردنەوەی پەیماننامەی ئەرزەرۆم بە چاودێرو ریعایەی هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کرا، مەسعود بارزانی بە خشکەیی لێی دەرچو ... بەڵام هەر زوو پارتی و سەرکردایەتیەکەی کەوتنە گفتوگۆ و سازش و رێکكەوتن، لە زمانی نێچیرڤان و مەسرور بارزانیەوە داوای عێراقێکی بەهێز و پابەندبونیان بە عێراقی بونەوە راگەیاندو دیفاکتۆی رێکكەوتنەکەی ئەنقەرەیان قبوڵکرد، باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لای ئەوانەوە لە کولەکەی تەڕیشدا نەما. ساڵی پارو جارێکیتر پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیم نوسی و بە پشتیوانی هەندێ لە هاوڕێکانمان داوامان لە خەڵک و هێزە سیاسیەکان و کەسانی دڵسۆز کرد بۆ رێگریکردن لە مەترسی فەوتی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی حوکمڕانی هەرێم پشتیوانیمان بکەن، ئەهلی بازاڕو عەوامی خەڵک لە بەرپرسیارێتی و مەترسی قۆناغەکە تێگەیشتبون و توانیمان سەدوپەنجا هەزار ئیمزا بەناوی سیانی و ئەدرەس و ژمارەی تەلەفۆن کۆبکەینەوە بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی حیزبەکان لەپێناوی بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسیەکانیان دژایەتیان کردین و لە بەغداوەو لە رێگەی پەیوەندیەکانیانەوە کارەکانی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیان ڕاگرت ! ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ ڕێگری ئەوان بەردەوامین و کۆڵمان لێنەداوە و ئێستاش پێمانوایە تەنیا ڕێگەی رزگاربون لە مەترسیەکانی ئایندە لەم کاتەدا، پرۆژەی بەهەرێمکردنی ( پارێزگای سلێمانی )ە. خۆ ئەگەر نا ! ئاماژەی روداوە سیاسیەکانی دوای هەشتی تەموزیش لەم هەرێمە هەمان ئەو ئاماژانەن کە پەیمان و جێبەجێکردنی رێکكەوتنی ئەرزەرۆمی یەکەم و دوەمی لێکەوتەوە . بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکەشی هەمان ئەنجامی ئەو رێکكەوتنەیە و چۆن دوسەد ساڵ پێش ئێستا کورد بۆ هەتاهەتایە مەملەکەت و دەوڵەتی خۆی لەدەستدا، ئەمجارەش بۆ عەقدێکی زەمەنی نادیار هەرێمی کوردستان ئەچێتەوە ژێر هەژمونی تورکیا و جلخوارەکانی دۆست و هاوپەیمانە تازەکانیەوە.