Draw Media

كشانەوەی سەدر لە حكومەت‌و هەڵبژاردن

كشانەوەی سەدر لە حكومەت‌و هەڵبژاردن

2021-07-19 09:17:33


یاسین تەها 
بۆ دووەمجار لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا موقتەدا سەدر بڕیاری كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی راگەیاندو كاری دەستەی سیاسی رەوتەكەشی هەڵپەسارد. هەنگاوی ئەمجارە كە سێ مانگ بەر لە هەڵبژاردن بڕیاری لێدا، لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوودا سەدرییەكان هەڵمەتێكی بەرفراوانی پێشوەختەو شۆیەكی گەورەیان كرد كە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كە دەبێ سەدری بێت‌و لە هەڵبژاردندا كەمتر لە 100 كورسی بەدەستناهێنن.
كشانەوەی موقتەدا سەدر لەكاتێكدایە كە خۆی و رەوتەكەی دووچاری كێشەو قەیرانی زۆر بوونەتەوە؛ لەناوخۆی رەوتەكەیدا كێشمەكێشی زۆر هەبوو لەسەر خۆ بەربژێركردن‌و چۆنییەتی بەشداریكردنی هەڵبژاردن لەچوارچێوەی پرۆژەی (البنیان المرصوص)، لەماوەی رابردووشدا زۆر باس لەوەدەكرا كە هەندێك لە كادرەكانی پەنایان بۆ خۆ بەربژێركردنی سەربەخۆ بردووە، چونكە لیستەكەی پڕبووەو ئەمەش یەكڕیزیی ناسراوی سەدرییەكان دەخاتە بەردەم مەترسی. جگە لەوەش پەیوەندی سەدر لەگەڵ هێزە مەدەنییەكانی تشرینی 2019 هێشتا هەر گرژەو هەندێك لە خۆپیشاندەران دەمیان تاڵە لێی‌و لە بكوژەكان جیای ناكەنەوە، هەرچەندە ماوەیەكی زۆریش پێكەوە هاوپەیمان بوون. دۆستایەتی ئەمانەش یەكێك بوو لە شانازی‌و جیاوازییەكانی سەدرو تێكچوونی پەیوەندییەكەیان بێزاری كردووە. لەلایەكی دیكەوە دوو وەزارەت كە لەسەر سەدرییەكان ئەژمار دەكرێن (كارەباو تەندروستی) كارێكی زۆر خراپیان هەبوو لەم هاوینە، بەتایبەت پاش داڕمانی كارەبای نیشتمانی‌و سوتانی نەخۆشخانەكانی ئیبن خەتیبی بەغداو حوسێنی زیقار، ئەمەش سەدری لە سەروكاری چاكسازی “راعی الإصلاح”ەوە كردە ئامانج‌و جێگەی رەخنەو ناڕەزایی. شانبەشانی ئەم هۆكارانەش، لەسەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوە كە سەدرییەكان پێشبینی بەدەستهێنانی 30 كورسییان كردووە بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرینی داهاتوو، ئەمەش خەونی سەدر بۆ كۆنترۆڵكردنی حكومەتی ئایندە دەخاتە مەترسی‌و بەدوور نازانرێت هانی بدات كە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات یان بیەوێت رێساكانی یارییەكە بەجۆرێكیتر بگۆڕێت كە دووچاری ئەو پاشەكشەیەی نەكەن. چونكە سەدر لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی كراون هەمیشە پێشەنگی هێزە شیعەكان بووەو بەبێ هاوپەیمانی، هەمیشە دەوروبەری 30%ی دەنگەكانی جەماوەری شیعەی بەدەستهێناوە.
هەرچەندە كشانەوە لە هەڵبژاردن وەك پرسێكی ناوخۆیی سەدری دێتەبەرچاو، بەڵام كێشەو گیرگرفتی زۆر بۆ سەرجەم پرۆسەی سیاسی عێراق دروستدەكات. لە راگەیاندنی بڕیاری كشانەوەدا لە هەڵبژاردن، سەدر ئاڵای سوپای مەهدی‌و لیوای “الیوم الموعود”ی هەڵكردبوو (دوو میلیشیای سەدری بوون) كە دەشێت وەك هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ ساڵانی شەڕی تایفی‌و “موقاوەمە” لێكبدرێتەوە كە دۆخێكی نەخوزراوەو عێراق دەباتەوە چوارگۆشەی یەكەم. بەتایبەت كە مەترسی كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكانیش لە ئارادایە. هەروەها بەبێ سەدر مەترسی ئەوە هەیە شیعەكان زۆرینەی خۆیان لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو لەدەستبدەن یان سەنگ‌و قەبارەی پێكهاتەی شیعە پاشەكشە بكات، بەوپێیەی لەهیچ خولێكدا قەبارەی سەدرییەكان لە 30 كورسی كەمتر نەبووەو ئێستاش 52 كورسییە. ئەمەش بۆ سەرجەم پێكهاتەی شیعە هێڵی سورە كە هەمیشە گرێی زۆرینەو كەمینەیان هەیە. جگە لەمانەش هەڵبژاردنی پێشوەختەو یاساكەی‌و دابەشكردنی كورسییەكانی وەك كراس بەبەری باڵای رەوتی سەدردا دوراون‌و بەشی زۆریشی بەپێداگری‌و لەسەر داوای ئەوان داڕێژراوەو، هێزە شیعەكانی دیكە وەك ئەوان بەدڵیان نەبووە. ئەگەر ئەم رەوتە جەماوەریی عەقیدەیییەش لە هەڵبژاردنی نوێ بكشێنەوە، هێندەی دیكە سارو سڕی دەكات‌و رێژەی بەشداری دەخاتە مەترسییەوە كە بەردەوام لە عێراقدا لە پاشەكشەدایە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەشێكی بەرفراوان لە هێزە نوێیەكانی پاش خۆپیشاندان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، چونكە پێیانوایە، مەرج‌و دەرفەتی كێبركێكردنی تەندروستی تێدا نییەو هەژموونی چەك‌و پارەی سیاسی‌و بەكارهێنانی دەزگاكانی دەوڵەت لە بەرژەوەندی هێزە باڵادەستەكان، بەسەریدا زاڵە.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، لە تویتێكدا دەڵێت “ناكرێت تەسەوری بەشدارینەكردنی سەدرییەكان لە هەڵبژاردن بكرێت”، ئەم دەربڕینە هەرچەندە لەچوارچێوەی داوای پاشگەزبوونەوەو موجامەلەی سەدرییەكان خراوەتەڕوو بەتایبەت بەشی زۆری هێزی كازمی لە سەدرەوەیەو هیوای بە ئەویش هەیە بۆ خولی داهاتوو، بەڵام بەدیوەكەی دیكەدا باوەڕێكی زاڵی نێو ناوەندی سیاسییە كە ناكرێت سەدر لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی‌و هەڵبژاردن بێت، بەتایبەت لەبەر زۆر هۆكار كە گرنگترینیان پێویستیی پاراستنی باڵە چەكدارەكەیەتی (سرایا السلام) بە روپۆشێكی سیاسی‌و پەرلەمانی. لەم نێوەندەشدا سەدر ئەزمونێكی تاڵی پێشووتری هەیە لە ساڵانی 2007و 2008 كاتێك بڕێك لە دەسەڵات دوور بوو، چەكدارەكانی كەوتنە بەر گورزو زەبری حكومەت كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكردو رەتەكەی دوچاری سەركوتكردنی زۆر بووەوە. جگە لەوەش سەدر خۆی شانازی بەوەوە كردووە هیچ حكومەتێكی عێراق لە دوای 2003 بەبێ پرس‌و رای ئەو دانەنراوە، ئێستاش سەدرییەكان لە سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتدا هەن‌و هەرچەندە ژێرخانی جیابوونەوەو دوركەوتنەوەیان هەیە، بەڵام قورسە بڕوا بەوە بكرێت كە بتوانن لە دەرەوەی دەسەڵات هەڵبكەن بەتایبەت ئێستا كە جگە لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران، بانكی ناوەندیی عێراقیشیان بەدەستەوەیەو لەپاش بڕیارەكەی سەدریش بۆ كشانەوە هەروەك خۆیان ماونەتەوە.
سەدر زۆر شۆی سیاسی هەبووە كە دواتر پاشەكشەی لێكردووە، هەر لە مانگرتن‌و خۆپیشاندانەوە تاوەكو دەگاتە كشانەوە لە حكومەت‌و پەرلەمان. هەندێكجاریش گەیشتووەتە بەجێهێشتنی عێراق لەلایەن خۆیەوە، بەڵام دواتر یان لەژێر گوشاری جەماوەرەكەی یان تكاو داوكاری هێزە سیاسییەكانی دیكە یان لەبەر بەرژەوەندی رەوتەكەی پاشەكشەی لێكردووە. باوەڕێكی زاڵیش هەیە كە ئەمجارە بەهەمان شێوەی جارانی دیكە بگەڕێتەوە بۆ نێو پرۆسەكەو هێندە هەیە بەم هەنگاوە رەخنەو ناڕەزایی‌و كێشە ناوخۆییەكانی سەر رەوتەكەی هەناردە كرد بۆ دەرەوەو، ئەوەی بەرەو ئاقاری خۆ خۆشەویستكردن‌و تكای گەڕانەوە بۆ یارییەكە گۆڕی، كە هەندێكیان لە ركابەرەكانی‌و هەندێكی دیكە لەو لایەنانەن كە پێیانوایە چەپڵەی هەڵبژاردن بەدەستێك لێنادرێت‌و بەبێ سەدر پرۆسەكە بەباشی بەڕێوەناچێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand