Draw Media

رەخنەگر و بەکرێ گیراو و قین ھەڵگر ...

رەخنەگر و بەکرێ گیراو و قین ھەڵگر ...

2021-07-19 09:57:54


سەعد هەمەوەندی
رەخنە جوانترین ڕێگایە بۆ  راستکردنەوەی ھەڵسوکەوت ، چونکە بنیادەم قورسە بەبێ رەخنەو ئاگادار کردنەوە ھەموو ئاکارو گوفتارێکی دروست بێت.
رەخنە بریتیە لە دەربڕینی کەسێک بەرامبەر کەسێکی تر یان کۆمەڵە کەسێک یان لایەنێک ، رەخنەگر  دیاری کردنی لایەنی باش و خراپی بابەتەیی پیشەیەتی، بۆ ئەو کەسەی باسی دەکات  یا بۆ ئەو ئامانجەی مەبەستیەتی ، کەئەمەیش لە رەنگدانەوەی دەربینی رەخنەگر  چ بەگوتن بێت یان نووسین ، دەکرێت پاش دیاری کردنی لایەنەکانی، پێشنیاری ئەو چارەسەرانەش بکات کە پێی وایە گونجاوە بۆ ئەو لایەنە خراپانەی  باسی دەکات.
رەخنەگرتن چەند جۆرێکی ھەیە، گرنگترینیان : 
١ - رەخنەی دروستکەر یان زانستی ، ئەم جۆرە رەخنەیە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە رەخنەگر  شی کردنەوەی ئەو بابەتەی مەبەستیەتی و دیاری کردنی لایەنی باش و خراپی، ھەروەھا دەست نیشان کردنی خاڵی لاواز و بەھێز و پێشکەش کردنی ئامۆژگاری و رێنمایی دروست بۆ چاکردنی خاڵە لاوەزەکان ، ھیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتی نیەو  تاکە بەرژەوەندی کە لە هزریدا هەیە، نیەتی چاک کردنەوەی کارەکەو سەرکەوتنیەتی . 
لەکوردستان ئەم جۆرە رەخنەگرانە زۆرن ، دەبێت حکومەت و لایەنە سیاسیەکان لەخۆیان نزیکیان بکەنەوەو سوود  لە ئامۆژگاری و رێنماییەکانیان وەربگرن و رێزیان لێ بگیرن،  بەڵکو پەرە بەبۆچوونەکانیشییان بدرێت بۆ ئەوەی ھانگاوی باش بھاوێژرێت بەرەو حکومەتێکی بەھێزو چاکسازیخوازو کۆمەڵگەیەکی تەندروست  . 
٢- رەخنەی تێکدەر ، ئەم جۆرە رەخنەیە باسی ھەموو لایەنەکانی بابەتەکە  ناکات و ناتەواوە و  روو لە رووخاندنە ، ئەمیش دەبێتە دووبەش 
— رەخنەی تاک لایەن ، کە رەخنەگر جەخت لەسەر لایەنە خراپەکان دەکاتەوە بەبێ ناوھێنانی لایەنە باشەکان ، وە بابەتەکە ئەوەندە گەورە دەکات کۆمەڵگا بەرەو نائومێدی و چەواشەکاری دەبات .
ئەم رەخنەگرانە لەکوردستان زۆرن بەتایبەت لەزۆنی سەوز، کە پارەیەکی زۆر و خەیاڵییان بۆ تەرخان کراوە، ئەگەر نیوەی ئەم پارەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ناحەزو دوژمنان بەکار بھاتبا و بۆ بەرژەوەندیە بەرزەکانی ولات تەرخان کرابا، ئێستا ھەرێمی کوردستان  لەپێگەیەکی بەرزترو باشتر دەبوو . 
—رەخنەی لێڵ ، ئەمیش رەخنەگر جەخت لەسەر پێداھەڵگوتن و گەورەکردنی کەسەکان دەکەن، بەبێ  دیاری کردنی ھەڵەکان کە تەنھا بۆ گەیشتن بەپلەو پایەو بەرژەوەندی تایبەتی، خودی رەخنەگرەکەیە.! 
ئەم رەخنەگرانەش زۆرن بەتایبەت لەدەوروبەری بەرپرس و کاربەدەستەکان، کە زەرەرێکی زۆر دەگەیەنن بەکۆمەڵگا لەبەر ئەوەی ناھێڵن باشەو خراپەکان وەک خۆی بگات . 
٣ - رەخنەی تۆڵەسەندنەوە، یان دوژمن کاری، ئەم جۆرە رەخنەیە ، کەسی رەخنەگر ئامانجی سەرەکی تۆڵە سەندنەوە، یان دوژمنکاری کردنی کەسی رەخنەلێگیراوە ، لە رێی دەربڕینەکانی، یان نووسین هەوڵی کەم کردنەوەی کەسایەتی یان دروست کردنی ناوو ناتۆرەی خراپ، یان جوێندان و قسەی ناشیرین بەکاردێنێت،  نەک بۆ چاک کردنی یان بەدیار خستنی ناشیرنەکان، بەڵکو تەنها بۆ تۆڵەسەندنەوە یان بۆ دوژمنکاری دەیکات.
ئەم رەخنەگرانە لە کوردستان دووبەشن، بەشێکیان پارەیەکی زۆری تەرخان کردووە بۆ خەڵکانێک بەشێوەی دەمامکدار و بەناوی تر  یان لەدوورە وڵات  بەشێوەی راستەوخۆ ، جوێن و ووشەی نەشیاوو بابەتی بێ ناوەرۆک دەخەنە روو  تا  دوژمنکاری بەرامبەریان بکەن، لەم  بەشەدا ماڵی بارزان پشکی شێریان بەرکەوتووە کە ناحەزەکانیان بەمەبەستی تۆڵە سەندنەوە یان دوژمنکاری، یا لاوازکرنیان ھەوڵی رووخانیان دەدەن ، بەشەکەی دی دوژمن بە راستەوخۆ کاری نەشیاوو بێ بنەما دەخاتە پاڵ دوژمنەکەی بەبێ هیچ بناغەیەکی زانستی،  تەنھا بۆ دامرکاندنی ھەستی تۆڵەسەندنەوەو دوژمنایەتی .
جۆری یەکەم رەخنەگری راستەقینەیە ، دووەم و سێیەمیش ھیچ پەیوەندیان بەرەخنە نیە تەنھا دەکرێ بڵێین بەکرێ گیراوو قین ھەڵگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand