Draw Media

پەتا كوشندەكەی یەكێتی

پەتا كوشندەكەی یەكێتی

2021-07-24 11:15:48


د. شێركۆ جەبار
رووداوو لێكەوتەكانی 8ی تەمموز، چ بۆ ئێمەی كادرو ئەندامانی یەكێتی، چ بۆ چاودێرانی سیاسی لە دەرەوەی یەكێتیدا، هیچ پاساو بیانویەكی لۆجیكی نەهێشتۆتەوە بۆ پەردەپۆشكردن و تەبرییەكردنی هەڵەو كەموكوڕییەكانی نوخبەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئیدارەدانی كاروباری ناوخۆیی حزبیدا لە پاش بەستنی چوارەمین كۆنگرەی خۆیدا لە 21/11/2019. ئاراستەی گۆڕانكارییەكان بە چ بارێكدا بێت، لەگەڵ لێكەوتە ئەرینی و نەرێنییەكانی ئەم رووداوە، ناكرێ ئەوە لە بەرچاو نەگرین كە رۆڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزێكی سیاسی خاوەن هەژموون لە پانتاییەكی فراوانی كوردستانی باشوورو پارچەكانی دیكەی كوردستاندا، پێداویستیەكی خوازراوە لە خوڵقاندنی هاوسەنگی سیاسی چ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ و هەرێمایەتیدا، ئەمە سەرباری رۆڵی یەكێتی لە پێكهاتەی پەیكەری ئیداری لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. بۆیە بەهەر پاساوو كلۆجێك بێت، قسەنەكردن و نەخوێندنەوەو بێدەنگبوون لە پرسی رێكخراوەیی و ژیانی سیاسی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەتایبەتی بۆ ئەندامان و كادرانی هزرو قەڵەمی یەكێتی جگە لە بێدەربەستی و بێ هەڵوێستی و بەتەنگەوە نەهاتن بۆ پرس و قەیرانە ناوخۆییەكان، هیچ ماناو واتایەكی دیكە هەڵناگرێ. عەرەب ووتەنی ئەڵێ (أهل مكە أدری بشعابها).
توانای بیركردنەوەو ئیرادەی ئازادو دونیابینی كادری حزبی ئەو كات ئیفلیج دەبێت، كە توانستەكانی ئۆرگانەكانی حزب نادادپەروەرانەو ناهاوتا لە كارامەیی ئەندامانی دابەشدەكرێن، ئەوجا درۆكردن و نیفاق و موبالەغەكردن و ترس، سەرتاپای ئەخلاقیات و نەریتی دروستی ژیانی حزبی دادەپۆشێ. كەواتە بوونی منی كادر جگە لە مشەخۆرێك و هەلپەرستێت چ واتایەك هەڵدەگرێ لە ئان و ساتێكدا كە حزبەكەم لە ئەوەجی قەیراندا بێت منیش دەستەوەستان وەك تەماشاكارێك لە رووداوەكان ڕامێنم؟!.
نوخبەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت باش ئەو پەندە سیاسیە ئەزبەر بكات كە لە پاش و پێش كۆنگرەی چوارەمدا دركیان پێنەكردوە، یان دركیان پێكردوەو غافڵگیربوون لە ئاستیدا، ئەوەش غیابی دەسەڵاتی دەستەجەمعی و راوێژكاریی لەسەر ئاستی ئیدارەدانی كاروبارەكانی ناوخۆی ژیانی حزبیدا، دیاردەی نیفاق و تەمەلوقكردن بۆ سەركردەی یەكەم و خاوەن هێزو پارە خوڵقاند، لێكەوتە نەنگی و نەرێنیەكانی ئەم دیاردەیەش لە كات و ساتی ئەدای سیاسی حزبیدا بەدەردەكەوتن.
یەكێكێك لەو هۆكارانەی كە یارمەتیدەری هەڵایسانی قەیرانن لە ژیانی حزبی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا وەك حزبێكی سوشیال دیموكرات، غیابی مومارەسەی دیموكراتی و هەڵبژاردنە لە ئۆرگانەكانی حزبیدا لەكات و ساتی خۆیدا كە لە پەیڕەوەی ناوخۆدا جێگیركراوە، هەر سیستمێكی بەركاری سیاسی لە هەر حزبێكدا بێت، گەر باوەڕی بە مومارەسەی دیموكراتی و راوێژكاریی نەبێت لە دروستكردنی بڕیاردا، واتای دووركەوتنەوەیە لە فرەیی و فەرامۆشكردن و پەراوێزخستنی بیروڕای جیاوازدا، لەم هاوكێشەیەدا، ئەندامانی حزب ناچاردەكرێن پەنا بۆ ریاییكردن و خۆبردنەپێشەوە بۆ سەركردەی یەكەم و خاوەن هەژموون بەرن، دەرەنجام هەیكەلی حزبی ئەتەنرێت بە ئەندامانی ریاییكەرو نزیك لە سەركردەی یەكەم، ئەوان دەبن بەجێی باوەڕو متمانەی سەركردە، لەبەرامبەردا دەنگ و رەنگە جیاوازەكان كە رەخنەگەرو خاوەن ئەزموون و مەعریفەی سیاسی و حزبین پەراوێزو لە كەنارگیر دەخرێن.
ئەندامی بوێرو ئازادو خاوەن ئیرادە ئەو كەسەیە كە هەمیشە تەوقی بێدەنگی و دۆخی بەستەڵۆك و چەقبەستوو بشكێنێ، ئەندامی ئازاو ئازاد لە حزبدا خووڕەوشتی لەگەڵ رامكردنی كوێرانەو گوێڕایەڵێتی رەهایانەدا ناگونجێ، بۆیە هەمیشە لە رێكخراوی سیاسی سەنتراڵیزمیدا، ئەندامانی خاوەن ئیرادەو رەخنەگری بونیادنەر ناتوانن جێگەی متمانەو دڵنیایی سەركردەكان بن، بگرە هەمیشە هەوڵ ئەدرێت ئەم جۆرە ئەندامانە لە وێستگە چالاك و كاراكانی ئۆرگانەكانی حزب دوور بخرێنەوە.
لێكەوتەكانی وونبون و غیابی مەبدەئی راوێژكاری و ئازادی گفتوگۆكردن و بەشداریكردن لە وەرگرتنی بڕیار لە ژیانی حزبی یەكێتیدا، لە هەمانكاتدا مەترسی بوون بۆ سەر یەكێتی لە دەرەوەی پەیكەرو رێكخستنی حزبایەتیدا، یەكێتی بە ئەزموون لەگەڵ ئەم حاڵەتە نەخوازراوانەدا ژیانی كردوە بەتایبەتی لەدوای جیابوونەوەی جێگری سكرتێری گشتی لە ساڵی 2009دا، ئەم لێكەوتانەش بریتی بوون لە: دووركەوتنەوەی جەماوەر لە یەكێتی، ساردبوونەوەو ناكارایی ئەندامانی یەكێتی لە چالاكیە جۆراوجۆرەكاندا، لە دەستدانی دەنگدەر لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا، خولقاندنی كەشوهەوای بێمتمانەیی جەماوەریی، لە دەستدانی كارتێكردن و كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە بەهۆی وونبونی لێكبەستی متمانە لە نێوان حزب و جەماوەردا.
ئەوەی ئەمڕۆ خوازراوە لە نوخبەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، درككردن و دانپێنانە بەهەڵەكان، پاشان بە ئاگایی و ووریایەوە مامەڵە لەگەڵ هەڵەكان بكات، پێویستە تێڕوانینی جەماوەر لەمەڕ فەشەلبوونی سیاسی لەخۆی دووربخاتەوە. تەنها چارەسەری دەستبەجێ و دەمودەست بۆ گەڕانەوەی متمانەی جەماوەریی لەم كاتەدا، پراكتیزەكردنی چەند رێكارو رێوشوێنێكی دەسبەجێیە وەك: لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران لە كاتێكی پێوانەییدا، پابەندبوون بە كارڕاییە یاساییەكان لە حەسمكردنی ئەو كردەوە یاساغانەی كە نوخبەیەك لە سایەو سێبەری یەكێتی ئەنجامیداون، ئاشكراكردنی ئەو سێكتەرانەی كە گەندەڵی تێدا كراون، گۆڕانكاری لە تەواوی پلە تایبەتەكانی پۆستی حكومی و ئیداریدا، رێكخستنەوەی هێزەكان لە ژێر فەرماندەیی فەرماندە سەربازییە ئەكادیمیەكاندا.
    
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand