Draw Media

ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

2021-07-24 20:55:34


كارزان سه‌باح هه‌ورامی
پارتی دیموكراتی كوردستان، هێشتا سه‌یری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كات، هیچ بریاری له‌باره‌ی پرسه‌كانه‌وه‌ نه‌داوه‌، به‌نمونه‌ گۆرانكاریه‌كانی ناو یه‌كێتی و تێكچونی دۆخی عێراق، ره‌نگبێت پارتی به‌هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بكات و نه‌یه‌وێت خۆی له‌ناو گرفته‌كان یه‌كلا بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مه‌ به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ بریاره‌ 10ی 10 ئه‌نجام بدرێت، پارتی له‌ سنووری كه‌ركووك كاندید و كادیرو ئه‌ندامانی له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ی دۆخی ئه‌منی ئه‌و شاره‌دان، له‌ شه‌نگال به‌هۆی هه‌بوونی حه‌شد و په‌كه‌كه‌وه‌ و ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ كه‌مپه‌كان دۆخه‌ له‌وێش باشی ناڵێت، له‌م لاوه‌ له‌ موسڵ و دیاله‌ و خانه‌قین و ناوچه‌كانی دیكه‌وه‌ به‌هۆی هه‌بوونی حه‌شده‌وه‌ هیچ كات پێشبینی بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ باشی ناكرێت، ئه‌مه‌ جیاله‌وه‌ی دۆخی سلێمانی دیار نییه‌ دوای گۆرانكاریه‌كانی ناو یه‌كێتی به‌ره‌و كوێوه‌ ده‌روات،تادێت هه‌ژوونی حه‌شد به‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق زیاتر ده‌بێت، له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ حه‌شد په‌لاماری كۆشكی سه‌رۆك وه‌زیرانیان دا و نمایشی سه‌ربازیان له‌ ناوچه‌ی سه‌وزكرد ترسێكی زۆر له‌ناو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نێرده‌ دیبلۆماسیه‌كان دروست بووه‌ كه‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ دروستی به‌رێوه‌ بچێت، به‌ كورتی هه‌ڵبژاردن بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لێكه‌، به‌ڵام له‌ عێراق هه‌ڵبژاردن بكرێت و نه‌كرێت هیچ له‌ هاوكێشه‌كه‌ ناگۆرێت، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌شد گه‌وره‌تره‌ له‌ كۆی دامه‌زراوه‌كانی عێراق به‌په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌، كۆی ئه‌م بابه‌تانه‌ ده‌مان خاته‌ به‌رده‌م پرسیاری گرنگه‌وه‌، كورد چۆن به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كات؟، هاوشێوه‌ی پێشوو به‌ 50 بۆ 60 كورسییه‌وه‌ به‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌مێنێته‌وه‌ ؟ یان تاكتیكی نوێی ده‌بێت بۆ ئیداره‌دانی عێراق له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا، باشترین بژارده‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ پارتی له‌گه‌ڵ لیستی سه‌در له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هاوپه‌یمانی بكردبایه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، كه‌ به‌ ئاسانی ده‌یان توانی كۆی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ هه‌ردوو هێز له‌ ئاستی مه‌رجه‌عی سیاسی و پابه‌ند بوونی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ وه‌ك یه‌كن، موقته‌دا سه‌در، له‌ بریارێكی چاوه‌روان نه‌كراودا له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان كشایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رێكاره‌كانی نه‌گرتوه‌ته‌به‌ر، واته‌ ته‌نیا بریاری سیاسییه‌، دوای ئه‌و حزبی شیووعی عێراقیش كشایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌ به‌به‌هێزی كاری خۆی ده‌كات پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، به‌بۆچونی من (ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ی ئێستا خراپتر بێت)كشانه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ره‌نگه‌ ببێته‌ ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌، چونكه‌ به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌كان نه‌ ئاماده‌كاری كراوه‌ بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌ نه‌ گه‌ره‌نتیش هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی پاك و بێ گه‌رد به‌رێوه‌ بچێت.
باوای دابنێین پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كشێته‌وه‌، دۆخی عێراق چی لێدێت؟ له‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بێت؟ چونكه‌ دوای كشانه‌وه‌ی سه‌در ساردوسریه‌كی زۆر ده‌بینرێت به‌ پرۆسه‌كه‌وه‌، بێ گومان به‌كشانه‌وه‌ی پارتیش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق ته‌واو ئیفلیج ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن نه‌یتوانیبێت ئاماده‌كاری بكات بۆ پاكردنه‌وه‌ی لیستی ده‌نگدان و نه‌توانێت له‌ ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان پرۆسه‌كه‌ به‌باشی به‌رێوه‌ بچێت و هه‌ره‌شه‌ی میلیشیاكان به‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق هه‌بێت، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی كه‌مو كورتیه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018ی عێراقه‌. كه‌وایه‌ نه‌كردنی باشتره‌، و به‌شداری پارتی به‌كۆی ئه‌و كه‌موكورتیانه‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆن و حكوومه‌تی عێراق هه‌یانه‌ باش نابێت، به‌تایبه‌ت بریار بوو كه‌ رێككه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بكرێت بۆ ئیداره‌دانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌، رێككه‌وتن هه‌بوو بۆ شه‌نگال نه‌چوه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ئه‌مانه‌ گرفتی گه‌وره‌ن ده‌رئه‌نجام هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من له‌و پرۆسه‌یه‌، یان باشتره‌ بریار بدرێت كه‌ ده‌نگدان له‌و ناوچانه‌ به‌رێوه‌ نه‌چێت، چونكه‌ ناكرێت به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌ری كورد له‌و ناوچانه‌ نه‌توانن ده‌نگ بده‌ن، به‌شێكی زۆریان له‌دوای 16ی ئۆكۆتبه‌ر روویان له‌ هه‌ولێرو به‌شێكیان روویان له‌ سلێمانی كردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆمسیۆن گرفته‌كانی چاره‌سه‌ر كردبن، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كورد به‌سه‌رجه‌م هێزه‌كانیه‌وه‌ ئاسته‌مه‌  له‌ كه‌ركووك 6 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت، له‌كاتێكدا عه‌ره‌ب و توركمان له‌و شاره‌ كێبركێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌ن 6 كورسیه‌كه‌یان زیاتر بكه‌ن بۆ 7 و 8. كه‌وایه‌ گرنگی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ كورد چی ده‌بێت؟ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بریار بدات به‌ مانه‌وه‌ی عێراق به‌م دۆخه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌كات، ئه‌و كاته‌ به‌بێ هیچ دوو دڵ یه‌ك سه‌رجه‌م هێزه‌كانی دیكه‌ش پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌كه‌، حه‌قو حساب ئه‌و كاته‌ ده‌ست پێ ده‌كات، یان ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق ناچار بكرێت به‌كۆی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌دا بچێته‌وه‌ كه‌ كردوویه‌تی له‌گه‌ڵ كوردستان، یان ده‌بێت گه‌ره‌نتی نێوده‌وڵه‌تی بدرێت له‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق یاری پێوه‌ ناكرێت، به‌تایبه‌ت كورسییه‌كانی حه‌شد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ ئێستا (ته‌حه‌كم به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌كه‌ن).
دۆخی عێراق تادێت ئاڵۆزتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر شه‌ری شیعه‌ و شیعه‌ و ئه‌گه‌ری خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری و كوده‌تای سه‌ربازیهه‌موویان پێشبینی كراون، ئه‌م جاره‌ دۆخه‌كه‌ له‌ عێراق له‌كۆنترۆڵ ده‌ربچێت به‌هیچ هێزێك ئاسایی ناكرێته‌وه‌، چونكه‌ نه‌ زه‌مینه‌ی سیاسی له‌باره‌ بۆ چاكردنه‌وه‌ی نه‌ زه‌مینه‌ی ئه‌منی و دیاریش نییه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی گفتووگۆكانی واشنتۆن و به‌غدا چی رووده‌دات ئایا ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كشێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر كشایه‌وه‌ چی؟ گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌مه‌وه‌ده‌وه‌ستن یان پرۆژه‌ی دیكه‌یان ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ری كراون و كورد ده‌بێت خۆی بۆ عێراقی نوێ ئاماده‌ بكات كه‌ بزانرێت دۆخه‌كه‌ به‌چ ئاراسته‌یه‌كدا هه‌نگاو ده‌نێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand