لە ستایشی ٣١ی ئابدا
2021-08-30 13:39:39
د. شێركۆ عەبدوڵا، رۆژانە تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
خۆی هەر مانگی ئاب ئەوەندە موحتەرەم و بە شەخسییەتە کە تێ ناگەم چۆن بەعزە مانگێکی تر ڕوویان دێت لە کۆبوونەوەدا ئەچنە تەنیشتییەوە. کاکی خۆم ئاغسگۆس ڕەفیقی ئێوە نییە ، نەک هەر لەبەر ئەوەی بە ناوی ئیمپراتۆرێکی واوە ناو نراوە کە وەختی خۆی گونی گونداری دەرهێناوە ، بەڵکو چونکێکم هەرچی نیعمەتی خوایە لەم مانگە موبارەکەدا پێ ئەگات؛ کالیار ، دووبەرەکیی ناو یەکێتی ، خورما، دانولە. نا ببورن دانولە هێشتا ماوێتی.
ئەمانە هەموو بە لایەک ، ئەخیر ڕۆژەکەی بە لایەک .. ماشەڵای لێ بێ پێ وقەدەمێکی وا موبارەکی هەیە ئەم سی و یەکی ئابە حیزە ، حادیسە بە حادیسە ئەڵێ یەک تۆز بچۆ بەولاوە جیقم دەرهات. لە ٣١ ی ئابی ساڵی ١٨٧٦ ئاهونزولەی بولغارەکان کەوتە کار و سوڵتان مورادی پئجەم ئەقڵی سووک بوو. هەر لەڕۆژێکی واشدا بوو بەفەرمانی وەی خڕ پاشا هینری شەشەم کە نۆ مانگ عومری بوو خرایە سەر عەرشی باوکە تۆپیوەکەی و بەمەش نەیانهێشت چرای ئەو بنەماڵە تێکۆشەرەی ئینگلتەرا کوێر ببێتەوە کە لەهەموو فایناڵێکدا ئیتاڵیا ئەیکاتە دەرەوە.
لە ئۆتزبیری ساڵی ١٩٧٨دا عەزەمەتێکی تری ئەم مانگە ئەفسانەییە دەرکەوت بە دیارنەمانی ئیمام موسای صەدر کە ئەگەر بمایە ئێستا هەزاری فەیلەسوفی وەک موقتەدا لەدوایەوە ئەڕۆیشتن بەرەو خورافیات و گەوجاندنی زیاتری میللەتانی شەریفی ناوچەکە.
خێرو بەرەکەتەکانی سیو یەکی ئاب ئەوندە زۆرن لە بن نایەن ، بۆیە هیوادارین حکومەت بۆمان پاشەکەوت بکات و تەنیا لە کاتی لێقەومان و ناشکورییدا بیرمان بخاتەوە کە ٣١ ی ئاب ڕۆژی لەدایکبوونی کالیگۆلا و حەسەن نەسروڵا و مادلین مەگەرە.
هەر خۆتان بڵێن ، ئەگەر سی و یەکی ئاب نەبوایە دێو ئەیتوانی شازادە دیانا لەناوبەرێ ، کە عەیب و شورەیی لە ژێرەوە و لەسەرەوە دەستی لەگەڵ هەتیوێکی میسریدا تێکەڵ کردبوو؟
سی ویەکی ئاب زۆر شتی خەتەری لە کۆڵ کردوینەتەوە، بۆ نمونە بۆدلێری شاعیر و جۆن واڵتۆن . ئەم جۆن واڵتۆنە کێ یە ؟ نازانم ، بەڵام مادام لە سی و یەکی ئابدا مردووە کەواتە خۆمان خۆش.