Draw Media

ئایا سەڵاحەدینی ئەیوبی هۆكاری دواكەوتووی و بێ دەوڵەت بوونی كوردە؟

ئایا سەڵاحەدینی ئەیوبی هۆكاری دواكەوتووی و بێ دەوڵەت بوونی كوردە؟

2021-09-02 17:23:56


د. ئیسماعیل شەمس
یەكێك لە هۆكارە گشتییەكانی بەدبەخت بوونی كوردەكان، تۆڵەی دەوڵەتە خاچدروشمە دۆڕاوەكان لە شەڕی دژ بە سەڵاحەدینی ئەیوبی بوو كە دواتر و پاش هەوڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و یەكێتی سۆڤییەت، ئامادە نەبوون بستێك خاك بە كورد بدەن بۆ ئەوەی وڵاتێكی سەربەخۆیان هەبێت. گەورەترین هەڵەی سەڵاحەدین ئەوە بوو كە گرنگی بە كوردبوونی نەدا و ئایین بۆ ئەو گرنگی یەكەم و كۆتایی هەبوو، ئەگینا دەیتوانی لە كەمترین حاڵەتدا، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بە كوردستان ناوی بنێت وەك سوڵتانەكانی تر، بەڵام بەدبەختی ئێمە ئەوەیە كە هەموو كاتێك "لە دایە مێهربانتر" بووین. 
هیچ كەسێك گومانی لەوەدا نییە كە سەڵاحەدین هاوشێوەی فەرمانڕەواكانی تری مێژوو هەڵەی نەبووبێت؛ بەڵام وڵامی ئەم پرسیارە لەبەر دوو هۆكار نەخێرە؛ یەكەم، گەورەترین شكستی ڕۆژئاوا لە موسڵمانەكان، نەك لە شەڕی خاچ دروشمەكان، بەڵكو لە شەڕی مەلازگرد ڕوویدا كاتێك ئەمپراتۆری ڕۆمیی رۆژهەڵات (بێزەنتییەكان) لە لایەن ئاڵپ ئەرسەلان، فەرمانڕەوای توركانی سەلجوقی، بە بارمتە گیرا و دواتر لەناوچوونی ئەم ئەمپراتۆرییەتە و كەوتنی قەستەنتەنییە (ئیستەمبول) بە دەست سوڵتان محەمەدی فاتیح ڕووی دا. سوڵتان محەمەد كۆتایی بە چەندین سەدە دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵات هێنا و زەمینەی بۆ پێشڕەوی موسڵمانەكان لە ناو دڵی ئەوروپا كردەوە. لە پاش ئەوە توركەكان، نەك تەنیا ڕۆژئاواییەكانیان لە جیهانی ئیسلام كردە دەرەوە، بەڵكو خۆیان تا نەمسا و هەنگاریا چوونەپێشەوە و ئاڵای دەوڵەتی عوسمانیان لە دڵی ئەوروپا هەڵدا و ئیسلامیان تا ئەو شوێنە بڵاوكردەوە. بێ گومان، هیچ قەومێك بەدرێژایی مێژوو هێندەی توركانی موسڵمان زیانیان بە عیززەت و دەسەڵاتی ئەوروپا نەگەیاندووە، سووكایەتی بە ڕۆژئاواییەكان نەكردووە و ئەفسانەی ئەوروپای بەهێزیان نەخستووەتەوە ئاڵنگارییەوە. ئەوەی كە سەڵاحەدین لە شەڕی خاچدروشمەكان ئەنجامی دا، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمپراتۆری بێزەنتی یان بە بارمتەگرتنی ئەمپراتۆر و دەستبەسەراگرتنی گەورەترین شوێنگەی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵات بە شێوازی توركەكان نەبوو، بەڵكو ڕووبەڕووبوونەوەی فەڕمانڕەوا بەوەكالەتەكانی بێزەنتی و لایەنگرە خاچدروشمەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. سەرباری ئەمە لە شەڕی خاچدروشمەكانیش بۆ یەكەمین جار توركان لەگەڵ خاچدروشمەكان جەنگان و لە بنەڕەتدا ئەم شەڕانە، كاردانەوەی ڕۆژئاوا بوو بە شكستی بێزەنتی لە سەلجوقییەكان و تۆڵەسەندنەوەیان. سەڵاحەدین لە گۆڕەپانی شەڕی توركان لەگەڵ خاچدروشمەكان بە فەرماندەیی عەمادەدین زەنگی گەشەی كرد و لە پرۆسەیەكی ئاسایی بووە جێنشینی لە قەڵەمرەوە سنوورییەكان لەگەڵ ڕۆمدا. 
هۆكاری دووەم كە لەم بابەتەدا لەبەرچاو نەگیراوە، ئاوەژووكردنی مێژوو و خستنەملی هەموو كەموكوڕییەكانە لەسەر ڕۆژئاوا. وەك ئەوەی بڵێی بەهیچ شێوەیەك ڕۆژهەڵاتێك و ڕووسیایەك لە ئارادا نەبووە. ئەم وتەیە بە مانای بێبەریكردنی ڕۆژئاوا و بە تایبەت بریتانیا و فەڕەنسا نییە، بەڵام نابێت ڕۆڵی ڕووسەكان فەرامۆش بكرێت. لە ئیستادا بە بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نوێیەكان دەركەوتوو كە گەورەترین دوژمن و بەربەستی سەربەخۆیی كوردستانی عوسمانی، ڕووسیا بووە نەك ڕۆژئاوا. ڕۆژئاوا بەپێچەوانەی ڕووسیا هیچ سنوورێكی هاوبەشی لەگەڵ كوردستان نەبووە. چەند بەشێكی ئیستای ڕووسیاش شوێنگەی كۆنترین دەوڵەتی كورد، واتا دەوڵەتی ڕەوادی و تەنانەت بنەماڵەی سەڵاحەدین بووە. سەرباری ئەمەش بە سەدان ساڵ پێشینەی شەڕی نێوان كورد و ڕووس بە تایبەتی لە دوایین ساڵی هەزارەی یەكەمی كۆچی بەدواوە بوونی هەبووە. ڕووسیا بە واژووكردنی پەیماننامەكان لەگەڵ ئەڵمانیا و ڕووسیا، ڕۆژئاوای پەلكێشی كوردستان كرد. ئەوەی چ كەسانێك ڕووسیا بێبەری دەكە لە ڕۆڵی لە بێبەشكردنی كورد بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كورد لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عوشمانی و ڕۆڵی نەرێنی رۆژئاوا بەرجەستە دەكەن و دواتر بە مەشروعییەتدان بە ڕۆژئاوا، سەڵاحەدین بە تۆمەتباری سەرەكی دادەنێن، بابەتێكی ترە كە پێویستە لەسەری بدوێین. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand