Draw Media

قۆناغه‌ نوێكه‌ی به‌رده‌م پارتی و یه‌كێتی

قۆناغه‌ نوێكه‌ی به‌رده‌م پارتی و یه‌كێتی

2021-09-01 17:23:13


كارزان سه‌باح هه‌ورامی 
دوای رووداوه‌كانی 8ی ته‌مووزی ئه‌مساڵ كه‌ باوردۆخی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی گۆڕی، پارتیشی خستوه‌ته‌به‌رده‌م چه‌ند ئه‌گه‌رێكه‌وه‌، یه‌كێتی بڕیاری خۆ نوێ كردنه‌وه‌ی داوه‌، پارتیش پێده‌چێت بڕیاری خۆئاماده‌كردنی دابێت، هیوای پارتی به‌یه‌كێتی تازه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می مام جه‌لال، چونكه‌ تا هاوكێشه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ئاسته‌مه‌ شیمانه‌یه‌ بۆ داهاتووی ئه‌و حزبه‌بكرێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا قۆناغێكی سه‌خت له‌به‌رده‌م پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌، به‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نوێ ده‌كات؟. خودی یه‌كێتیش خۆی له‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ دوای رووداوه‌كانی 8ی ته‌مووز راسته‌وخۆ (سه‌رۆكی نوێیان) له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێته‌وه‌، و نه‌شیان توانیوه‌ دۆخی ناوخۆی خۆییان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت به‌بێ كۆبوونه‌وه‌ تادوای هه‌ڵبژاردنه‌كان پارتی و یه‌كێتی ئاوا بڕۆن، دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دۆخه‌كه‌ یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌، یه‌كێتی به‌دڵنیاییه‌وه‌ پلنیۆمی خۆی یان كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت، ئه‌و كاته‌ پارتی به‌رچاوی روون ده‌بێت كه‌ ئاراسته‌كه‌ به‌ره‌وكوێوه‌ ده‌ڕوات، له‌ كۆنگره‌ی رابردووی یه‌كێتی پارتی نه‌پیرۆزبایی كرد نه‌به‌دڵیشی بوو، به‌لای پارتییه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتی كوده‌تا كرا، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی هه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌پارتی پێشبینی ده‌كرد (به‌شێكی زۆری مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێن كۆنگره‌ كوده‌تابوو)، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌به‌رده‌م یه‌كێتییه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بێ گومان ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ نه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی 5 ساڵه‌ له‌به‌رانبه‌ر پارتی ده‌یكات، پێشووتر به‌هێزترین كارتی یه‌كێتی ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی پارتی، پشتیوانی و ته‌نسیق له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی عێراق بكات، به‌تایبه‌ت (نووری مالیكی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق و عه‌ممار حه‌كیم وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در) به‌ڵام پارتی ئه‌وكارته‌شی له‌به‌رده‌ستیان ده‌رهێنا، ئێستا لێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌نێوان پارتی و نووری مالیكی و عه‌بادی و سه‌درییه‌كان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری به‌هێزیش هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی دوای هه‌ڵبژاردن به‌به‌شداری پارتییه‌وه‌ (مسته‌فا كازمی و نووری مالیكی)یه‌كێكیان ببنه‌وه‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌م دۆخه‌كه‌ تازه‌یه‌ بۆ هه‌ردوولا قۆناغێكی سه‌خته‌، پارتی هه‌م ده‌بێت ئاماده‌كاری بكات بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق، هه‌م چاوه‌ران بكات یه‌كێتی به‌ره‌وكوێ هه‌نگاو ده‌نێت.
 یه‌كێتی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ببێته‌ شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت وه‌ك حزب پشتیوانی ته‌واوی كاراكته‌ره‌كانی ناو حكوومه‌تی بكات،تێروانینێكی نوێی سیاسی له‌ كوردستان دروست بووه‌، به‌وه‌ی به‌هێزبوونی حزب و جه‌ماوه‌ری بوونی یه‌كسانه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی ئیداره‌دان، یه‌كێتی نوێ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ پارتی باشتربێت، ده‌بێت ئه‌و تێروانینه‌ی له‌سه‌ر خودی ئیداره‌دانی خۆیان هه‌بووه‌ له‌ سلێمانی به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵی وه‌شێنێته‌وه‌ و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی نوێی ئیداره‌دان بكات به‌تایبه‌ت له‌ سلێمانی، چونكه‌ زۆرینه‌ی ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر شێوه‌ی ئیداره‌دانه‌ نه‌ك سیاسه‌ت. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بشیه‌وێت ئه‌م تێروانینه‌ چاك بكاته‌وه‌، ده‌بێت له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ پشتیوانی حكوومه‌ت كاری له‌سه‌ر بكات، نه‌ك له‌ سلێمانییه‌وه‌ بكه‌وێته‌ به‌ره‌ی دژه‌ حكوومه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌ش رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی بكاته‌وه‌، ده‌رچه‌ی یه‌كه‌م و كۆتایی یه‌كێتی، ته‌نیا مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ پارتی، ره‌نگ بێت گۆرانیش ته‌واو قه‌ناعه‌تی به‌وه‌ هاتبێت كه‌ شه‌ركردن و پێكنه‌هاتن له‌گه‌ڵ پارتی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان بێت به‌ سفر. هاوكێشه‌یه‌كی نوێ هه‌یه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵی داگەری به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش دروست بكه‌ن بۆ گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ پارتی وه‌ك یه‌ك تیم به‌شدار بن له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت، له‌به‌رانبه‌ردا پارتیش (به‌ وه‌ره‌قه‌یه‌كی نوێوه‌ وه‌ڵامی ئه‌و هاوكێشه‌ ده‌داته‌وه‌) چونكه‌ ئه‌م جاره‌ پارتی نایه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی تا دێگه‌ڵه‌ بروات!. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌رن، به‌ڵام بۆ پارتی یه‌كێتی نوێ واته‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌ك تیم و یه‌ك سه‌ركرده‌، ئه‌مه‌ گرێكوێره‌كه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خودی قۆناغه‌ نوێیه‌كه‌ی یه‌كێتی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی دایه‌وه‌ شتی نوێ دێته‌ ئاراوه‌.
دواین كۆنگره‌ی رۆژنه‌ نووسی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر راشكاوانه‌ رۆڵی ئه‌مه‌ریكای له‌ داهاتووی كوردستان و عێراق خسته‌روو كه‌ پشتیوانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن و دڵنیایی دا له‌وه‌ی ناكشێنه‌وه‌، و به‌راوردی كوردستان و ئه‌فغانستانی به‌ نێوانی ئاسمان و رێسمان وه‌سفكردن، ئه‌م قسانه‌ بۆ داهاتووی ئیداره‌ی كوردستان دڵخۆشكه‌ره‌ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت باشتر هه‌نگاو بنێت بۆ داهاتوو، سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌یه‌ك به‌رنامه‌و تێروایننی هاوبه‌شه‌وه‌ ده‌توانن قۆناغه‌ ببنه‌ ئاستێكی زۆر باشه‌وه‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی تێرورانینی ئیداره‌دانی كوردستان ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای دروست بونیاد بنرێته‌وه‌ ئه‌مانه‌ قۆناغی نوێین پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت باش خۆیان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن ئه‌گه‌ر هاتاوو لایه‌نێكیش نه‌یتوانی ئه‌و تێروانینیه‌ دروست بكات ده‌بێت چاوه‌روانی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵ گۆرانكاری قۆناغه‌كه‌ هه‌نگاو بنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand