Draw Media

شارو تێگه‌یشتن له‌ شار 

شارو تێگه‌یشتن له‌ شار 

2021-09-04 07:16:36


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 

شار چیه‌ 
ئه‌مه‌ بابه‌تێكی درێژه‌و له‌ بنه‌ڕه‌تا ئاماده‌ كراوه‌ بۆ گۆڤارێك ، به‌ڵام به‌ گرنگم زانی كورته‌یه‌كی بكه‌مه‌ وڵامی بابایه‌كی نوێنه‌ر كه‌ پێی وایه‌ شار به‌س ته‌لارو جامخانه‌و شه‌قام و شته‌ ڕووكه‌شیه‌كانه‌ و به‌وانه‌ش ناواخنی شار ده‌شاردرێته‌وه‌ ، بێئاگا له‌وه‌ی شار خه‌ڵكه‌، بیركردنه‌وه‌یه‌ ، هونه‌رو ئه‌فراندن و ئه‌ده‌ب و كه‌لتورو زۆر شتی دیكه‌یه‌ ، له‌ شاردا بوونی هه‌زاران ته‌لارو مۆڵ بۆشای سینه‌ماو شانۆ پڕناكاته‌وه‌ ، شار بریتی نیه‌ له‌ داپۆشینی ناشرینی ده‌سه‌ڵات به‌ ته‌لارو ڤێللا و شه‌قام ، شار بریتیه‌ له‌ ئاستی هۆشیاری خه‌ڵك ، بوێری ، چۆنێتی بڕیاردان ، بوونی ڕای گشتی ، بوونی جیاوازی .
ته‌لارو ڤێللاو مۆڵ بریتین له‌ قوڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی ئه‌گه‌ر دادگه‌ری و دادخوازی نه‌بێت ، هه‌ندێك جار ته‌لارو ڤێللاكان شار له‌ شاری ده‌خه‌ن ، چونكه‌ جوانیه‌كانی ، سیما راستیه‌كه‌ی ، ئاسمانه‌كه‌ی و مرۆڤه‌كانی ده‌شارنه‌وه‌ ، له‌ شاری زه‌به‌لاح به‌ ته‌لارو ڤێللا مرۆڤ هه‌ست به‌ ونبونێكی سه‌یر ده‌كات ، هه‌ر بۆخۆی به‌رده‌وام راكردنی خه‌ڵك له‌ چه‌قی شاره‌ گه‌وره‌كان بۆ نێو ده‌شت و ده‌رو سه‌وزای راكردنه‌ بۆ خۆ دۆزینه‌وه‌ ، چونكه‌ مرۆڤ ئیتر له‌ نێو ئه‌و هه‌موو بلۆك و چه‌مه‌نتۆو شوشه‌و شیش و ئاسنه‌دا ون بووه‌ .
له‌ شاردا ده‌بێت مرۆڤی به‌رپرسیارو خۆخاوه‌ن دروست بن ، نه‌ك مرۆڤی ترسنۆك و هیچ نه‌گۆ ، ئه‌گه‌ر پێمان وابێت شاربوون جاده‌و ته‌لاره‌و ده‌ستبه‌رده‌ین له‌ به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سیستمێكی بیژی زیاتر هیچ به‌رهه‌م ناهێنین ، سی ساڵه‌ له‌وه‌ گه‌ڕاوین چتور مرۆڤێك دروستبكه‌ین و شانازی به‌ جاده‌و ته‌لاره‌وه‌ ده‌كه‌ین ، جاده‌و ته‌لاریش وه‌ك موڵكی تایبه‌تی ده‌ركه‌وتون نه‌ك موڵكی گشتی ، ته‌نانه‌ت جاده‌ هه‌یه‌ به‌ ناوی خه‌ڵكه‌وه‌ نراوه‌ ، یانی تایبه‌ت بۆ فڵانكراوه‌ ، شانازیه‌كی گه‌وجانه‌یه‌ پێت وابێت سرینه‌وه‌ی سیما كلتوری و به‌هاداره‌كانی شارو قوتكردنه‌وه‌ی ڤێللایه‌ك نیشانه‌ی پێشكه‌وتنه‌ ، له‌ شارێكی وه‌ك كه‌ركوكا هه‌موو مزگه‌وته‌ تازه‌كان به‌رتاقای مناره‌ نه‌خشینه‌ چێژ نابه‌خشنه‌ چاوی مرۆڤ ، هه‌موو مۆڵ و ته‌لاره‌كان بۆشای حه‌مام عه‌لی به‌گ پڕناكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ ئاخ كێشان نیه‌ بۆ رابردوو ، ئه‌مه‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌ ته‌ك بون و گه‌شه‌كردنی ئاوه‌زا ، به‌ جۆرێكی تر وه‌ك یه‌كی و هاوئاستی مرۆڤه‌كان له‌ دۆخی پێشترا به‌و جۆره‌ تێكنه‌چووه‌ ، كه‌ دواتر تێكده‌چێت .
شار له‌ شێواندنی سیمادا هه‌ر په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ تێكدانی حه‌زی دانیشتوانه‌وه‌ ، په‌یوه‌سته‌ به‌ بینینی مرۆڤیشه‌وه‌ ، ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كرێ‌ فراوانتر قسه‌ی له‌ سه‌ر بكرێت ، ناكرێت پێت وابێت شار ته‌لارو ڤێللاو شه‌قامی پان و پۆڕه‌و خه‌ڵكیش نه‌توانێ‌ جیاواز بێت ، باشترین شار ئه‌و شاره‌یه‌ كه‌ زۆرترین كتێبخانه‌و سینه‌ماو بیركه‌ره‌وه‌و خۆخاوه‌نی تیایه‌ ، نه‌ك زیندان و كۆت و به‌ند و وێنه‌ی سه‌رۆك و سه‌رداری وڵات با دیكتاتۆریش بێت ، ئه‌سته‌نبوڵ هه‌زار ساڵه‌ شاره‌ به‌ڵام هێشتا لیپه‌ له‌ كه‌م و كوڕی ، هه‌ر نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سێبه‌ری ئه‌تاتورك به‌ سه‌ر سه‌ریه‌وه‌یه‌تی .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand