(ئەسڵی مەسەلەکە)
2021-08-30 19:04:07
عهبدولڕهزاق شهریف
لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوەو دوای گەشەکردن و پێکەوە گرێدانی تۆڕی ئیستیخباراتی جیهانی، هەمو ئینقیلاب و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیەک، هەمو دەستاودەست کردنێکی دەسەڵات بە چەک یان بەهەر رێگەیەکیتر بوبێت، پاشایەتی یان کۆماری یان هەر شێوازێکیتر بوبێت، دەزگاکانی هەواڵگری و جاسوسی تیایدا، سەرچاوەکانیان، رایەڵەی پەیوەندیەکانیان تەنانەت کەسەکانیان پارێزراو بون و جۆرێک لە پارێزبەندیان هەبوە.
ئەمریکیەکان هەر لە دوای راپەڕینەوە دو وێستگەی ئیستخباراتیان لە هەرێمی کوردستان دروستکردوە (قەڵاچوالان ، سەری رەش)، خۆیان نەیانشاردۆتەوە و لەزۆر یاد و یاداشتەکانیاندا، باسیانکردوە.
هەرچەندە لای ئێمە ئەو دو وێستگەیە وەک دو دەزگای پارتی و یەکێتی بە ناوەکانی ئاژانسی پاراستن و زانیاری ناسراون بەڵام لە راستیدا، تەمویل و تەجهیز و تەوجیهیان لە سەرۆکایەتی ئیستخباراتی ئەمریکیەوە بۆ دێت و بە ناوەرۆک هیچ پەیوەنیان بە کاری سیاسی و حیزبایەتیەوە نیە، بە دەیان تۆڕی پەیوەندی بە مەنزومەی ئیستخباراتی جیهانیەوە بەستراون.
هەمئاهەنگی دنیای هەواڵگری وەک دنیای سیاسەت دوژمنکارانە نیە ! ئەکرێت دو وڵات و دو مەنزومەی جیاوازی سیاسی یان زیاتر، لە جەنگ و ململانێدا بن، بەڵام پەیوەندی و تەنانەت هاوکاری و کاری هاوبەش لەو بوارەدا، پێکەوە گرێیانبدات . ئەمڕۆی جیهانی سێ و ناوچەکەی ئێمەش بەتایبەتی لەزۆنێکی مەترسیداری ئەو روبەرە ئیستخباراتیەدایە، باشترین نمونەش حاڵی ئێستای ئەفگانستانە، یان هاوکاری و پەیوەندیەکانی تورکیە و ئەمریکا و هێزەکانیترە بۆ داعش و پاشماوەکانی لە لایەک، هێزە شیعە گەرا و سونە گەرا و ئەوانیتر لە لایەکیتر.
وێستگەکانی (ئەنقەرە، دوبەی، سەری رەش و یافا) لە وێستگە بەهێزەکانی روبەروبونەوەی تیرۆر، پارەی رەش، بازرگانی چەک و مادە هۆشبەرەکانن، هۆکاری سەرەکیش زەمین و زەمان و ئاوێتە بون و مەشغەڵەتی خودی دەسەڵاتدارەکانیان و بازاڕەکانیانە بەو کارانەوە.
قەڵاچوالان لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی نەیتوانیوە وەڵامی ئەو خروقات و سکانداڵ و کارە نابەجێیانە (بە چەمکی مەنزومە هەواڵگرییەکە) بداتەوە . هاوشانی ئەوە لەمێژە ئەنقەرە و سەری رەش لەناو مەنزومەکەدا، لێی ئەخوێنن و هەوڵ ئەدەن بە راست یان درۆ هەڵە و کەموکوڕیەکانیان، بێسودی و زیانگەیاندن، پێشێلکاریە ئەمنیەکانیان و پشتیوانیان لە (پ ک ک)، لێ گەورە بکەن. لەناو خۆشیاندا، هەوادار و پشتیوانکردنی راپۆرتەکانی دژ بەخۆیان جۆرێک لە ئیمتیاز بوە و هەبوە، بۆیە بەئاسانی بۆیان چوە سەر.
دواجار هەمو ئەترافەکان گەیشتنە ئەو بروایەی مانەوەی ئەو وێستگەیە و کارەکانیان جەدوای نەماوە، باشترین چارەسەر داخستن و کۆتایهێنانە بە کارەکانیان.
لە زانست و هونەری کاری ئیستخباراتیدا، هاوشێوەی ئەم حاڵەتە کە رو ئەدات، کۆتایی تەمەنی سیستەمی حوکمڕانی ناوچەکەی بەدوادا دێت، وەک ئەمڕۆی لە ئەفگانستان رویداوە، بەڵام لە کوردستان نا ..! چونکە وێستگەی (سەری رەش) بەهێزتر ئەبێت و ئەوەی تەواو ئەبێت حوکمدارێتی راستەوخۆی (ی ن ک)ە لەم ناوچەیەدا، تەنگژەی پێگەی (لاهوری شێخ جەنگیش) هیچ نیە جگە لە دەرەنجامی کەوتنی وێستگەکەی قەڵاچوالان، کە زیاتر لە پانزە ساڵە و راستەوخۆ سەرپەرشتیار و بەرپرسیارێتی تیایدا، هەبوە و لە ئەستۆ بوە.
(بارزانی)ش، لە هەموان ئاگادارترە کە دەڵێ : کوردستان لە ئەفگانستان ناچێ و بەراورد ناکرێ ! تەنیا مەبەستی ئەوەیە کە ئەوەی لێرە روئەدا، کۆتایی هەموی نیە و تەنیا کۆتایی زۆنی حوکمڕانی وێستگەکەی قەڵاچوالانە.