ئۆکرانیا قوربانیی جەنگی زلهێزەکان
2022-02-27 09:40:39
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هەفتەی پێشوو فلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا جەنگێکی گەورەی لەدژی ئۆکرانیا هەڵگیرساند، بەمەش تەواوی جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ و نائارامی کرد. هەندێک چاودێری سیاسیی پێیان وایە کە پوتین بەم کارەی، ئاشتی جیهانی خستە مەترسییەوە، چونکە شەرعیەتی بە هێزی سەربازی داو لەمەولا دەنگی عەقڵ و ئاشتی نابیسترێت و دەوڵەتە گەورەکان، وڵاتە لاواز و بچووکەکان داگیر دەکەن. هەندێکی تریش ئەم جەنگە بە بەشێک بە لە جەنگی نێوان ئەمریکا و روسیا دادەنێن، لەمەشدا خاکی ئۆکرانیا بۆتە مەیدانی جەنگی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان و گەلی ئۆکرانیاش قوربانی دەدات. جگەلەمەش کۆمەڵێک پرسیار رووبەری جیهان بۆتەوە، لەپێش هەمووشیانەوە ئایا چیتر ئەم سیستمەی کە ئەمڕۆ جیهان بەرێوە دەبات، دەتوانێت چارەسەری کێشە زۆرەکانی مرۆڤایەتی بکات؟ بۆ سەدەی نوێ، سیستمی نوێی جیهان چۆن دەبێت؟ چارەنووسی گەلان و دەوڵەتە بچووکەکان چی لێ دێت؟ پەیوەندیی نێوان زلهێزەکانی جیهان چۆن دەبێت؟ بەڵام با سەرەتا بپرسین بۆچی پوتین ئەم جەنگەی هەڵگیرساند؟
بۆچی پوتین ئەم جەنگەی هەڵگیرساند؟
زۆرێك لە چاودێرانی سیاسیی شرۆڤەی ئەم کارەی پوتینیان کردووەو بەشێکی زۆریان لەسەر ئەوە کۆکن، کە چەند خاڵێک هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگە بوون. یەکەمیان: کشانەوەی ئەمریکا بەوشێوە خراپەی لە ئەفغانستان، کە شكۆی ئەمریکا و ناتۆی لە تەواوی جیهاندا شکاند. دووەم: گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکا لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و دانانی چین وەکو رکابەری سەرەکی ئەمریکا، چونکە پێشتر روسیا رکابەری سەرەکی بوو. سێهەم: پوتین لەرێگەی ئەم جەنگەوە، پێگەی جەماوەری خۆی بەهێزکرد، خۆی وەکو سەرۆکێک پێشاندا کە دەیەوێت دووبارە شکۆمەندی جاران بۆ روسیا بگەڕێنێتەوەو خەونی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی روسیای، لەناو مێشكی روسەکان زیندووو کردەوە، بەمەش ماوەی چەندین ساڵی تر دەمێنێتەوەو دەنگی نەیارانیشی هێندەی تر کپ دەکات. هەروەها دەتوانێت مەرجەکانی بەسەر ئەوروپا و ئەمریکا بسەپێنێت، سنوورێک بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی ناتۆ دابنێت. بەڵام خۆ تەنها پوتین و روسیا سوودمەند نەبوون بگرە ئەمریکاش سوودمەند بوو.
ئەمریکا
زۆرینەی خەڵکی بەسەرۆکی ئۆکرانیاشەوە لەو باوەڕەدان، کە ئەمریکا و خۆرئاوا خیانەتیان لە ئۆکرانیا کرد، ئەوان بوون دنەی ئۆکرانییەکانیان دا کە دژی مۆسکۆ بوەستنەوە، کەچی کاتێک لەلایەن سوپای روسیاوە پەلاماردران، وەکو سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: بەتەنها جێیانهێشتن جەنگی روسیا بکەین. بە بڕوای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی، ئەمریکا سوودمەندی سەرەکی بووە، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار. یەکەمیان: ئەمریکا هێندەی تر روسیای کردە دوژمنی ئەوروپا و لەتەواوی جیهانیشدا روسیا وەکو هێزێکی ئیمپریالیستی و داگیرکار دەرکەوت. دووەم: بەم جەنگە دەستی کرایەوە بۆئەوەی سزای قورسی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگی زۆر بەسەر روسیادا بسەپێنێت، چونکە پێشتر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دوودڵ بوون لە سەپاندنی سزای توند بەسەر روسیادا. سێهەم: هێدەی تر ئەوروپا دەچێتە باوەشی ئەمریکاوە، چونکە بۆ هەموویان دەرکەوت، کە ئارامیی و ئاسایشی ئەوروپا، بەبێ ئەمریکا ناکرێت، بەمەش کۆتایی بە خەونی سوپای ئەوروپای یەکگرتوو هێنا، کە بەدڵی ئەمریکا نییە. چوارەم: هێندەی تر چەکوتەقەمەنی بە وڵاتانی ئەوروپا دەفرۆشێت.
لاوازی ئەوروپا
خاڵێکی گرنگی تری ئەم جەنگە ئەوە بوو، دووبارە لاوازی وڵاتە ئەورپییەکانی پیشاندا، بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، ماوەی چەندین ساڵە ئەم دوو وڵاتە بەوپەڕی نەرمییەوە مامەڵە لەگەڵ روسیا و پوتیندا دەکەن، هەروەکو رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانیا لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: ئەو سیاسەتە نەرمونیانەی ئەڵمانیا لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا بەرامبەر پوتین، هۆکاری ئەم جەنگە بوو. لەلایەکی ترەوە بۆ هەموویان دەرکەوت کە روسیا توانای سەرکێشی هەیە، ترسیشی لە سزاکانی ئەوان نییە. هەروەها دووبارە ئەوروپا ناچارکرایەوە،کە بچێتەوە ژێر دەواری ئەمریکا. هەربۆیە زۆرکەس لەو باوەڕەدان، لەپاش ئۆکرانییەکان، ئەوروپییەکان زەرەرمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن.
دەرئەنجام
بەدڵنیاییەوە گەلی ئۆکرانیا بە پلەی یەکەم زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لە جەنگەدا، چونکە خاکی ئەوان بووە مەیدانی جەنگەکە، ئەوە خانووبەرەو گێڵە و ژێرخانی ئابووری ئەوانە کە وێران دەبێت، منداڵ و ژن و پیاوی ئەوان دەکوژرێت و بریندار دەبێت. گەلی ئۆکرانیا بۆ ئازادیی خۆیان ناچار دەبن کە جەنگێکی ماڵوێران و درێژخایەن لەگەڵ زلهێزێکی گەورەدا بکەن. لەهەمانکاتیشدا گەلی روسیش زەرەرمەند دەبن، بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە، چونکە ئەوان باجی یەکەمی ئەم جەنگە دەدەن نەک دەسەڵاتداران.
لەکۆتایشدا تەواوی جیهان زەرەرمەندە، چونکە ئەم جەنگە دەبێتە هاندەرێک بۆ دەوڵەتە گەورەکان، کە وڵاتە لاواز و بچووکەکان داگیر بکەن، بەم شێوەیەش ئاشتی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە. هەتا ئێستاش دیار نییە سیستمی نوێی جیهان چۆن دەبێت، ئایا تەنها دەنگی تۆپ و فڕۆکە دەبیستێت یاخود دەنگی ویژدان و عەقڵ و یاساکان؟