Draw Media

به‌ر له‌ئاوابوونی خۆره‌كه‌ نامه‌یه‌ك بۆ كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی

به‌ر له‌ئاوابوونی خۆره‌كه‌ نامه‌یه‌ك بۆ كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی

2022-02-28 07:23:03


 
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
1
حه‌زم ده‌كرد ئه‌م نامه‌و ده‌رده‌ دڵ‌و نووسینه‌ له‌كوردستانی نوێدا بڵاوبكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام كوردستانی نوێیه‌كه‌ی ئێستا وه‌ك یه‌كێتیه‌كه‌ی ئێستا، وه‌ك سلێمانیه‌كه‌ی ئێستا، هه‌رگیز كوردستانی نوێ‌‌و یه‌كێتی‌و سلێمانی رۆژگاری به‌رێ‌ نین:

میحنه‌ت ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌، دڵم هێنده‌ ته‌نگ بووه‌
دوودی هه‌ناسه‌یی سه‌حه‌رم هه‌وری گرته‌به‌ر

به‌ئومێدم له‌و دێڕه‌ شیعره‌ی حه‌زره‌تی عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی ساحێبقڕان "سالم" بگه‌ن، ئه‌وه‌ خێره‌ سلێمانی دوێنێ‌ له‌سلێمانی ئێستا باشتر بوو، گه‌لۆ ئه‌م له‌شاری خستنه‌ له‌پای چی، خۆ یه‌كێتی بڕیاربوو ڕووی له‌خانوه‌ قوڕه‌كان بێت، ئێستا پشتی كردوه‌ته‌ شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ش، ده‌یسا ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی مابان ئێستا واده‌بوو، ئایه‌ برایم ئه‌حمه‌د، جه‌لال تاڵه‌بانی، نه‌وشیروان مسته‌فا، عومه‌ر ده‌بابه‌ زۆری دیكه‌ مابان شارو وڵات هه‌رواده‌بوو.

داخوا خه‌ونی شه‌هید ئارام، ئازاد هه‌ورامی، خه‌ونی بینینی ئه‌م ڕۆژه‌ بوو؟؟.

2
به‌رله‌وه‌ی دیداری یه‌كێتی به‌ڕێبخه‌ن، له‌بارودۆخێكی نیشتمان بپرسن، باخ‌و پارك‌و ئاوه‌دانی پڕه‌ له‌خار، له‌خۆڕا نییه‌ ده‌ڵێی بۆ ئه‌مڕۆی وتوه‌ حه‌زره‌تی مه‌حوی كه‌ ده‌ڵێت:
ئه‌وه‌نده‌ ته‌نگ‌و ناخۆشه‌ له‌دنیا
خۆشه‌ ده‌رچون ئه‌گه‌رچی بۆ سه‌قه‌ر چین

ئه‌وه‌ كێ‌ وایكردووه‌ كه‌ مرۆڤی كورد به‌و جۆره‌ ئومێدی ده‌رچوون بخوازێت، ئێ‌ دیاره‌ ئێره‌ له‌سه‌قه‌ریشی تێپه‌ڕاندوه‌، له‌بری دیداری یه‌كێتی پیاسه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كه‌ بێنازو په‌رپوته‌كانی زۆنی سه‌وز بكه‌ن، سه‌رێك له‌هه‌ڵه‌بجه‌و كفری‌و چه‌مچه‌ماڵ‌و قه‌ڵادزێ‌‌و شوێنه‌كانی تر بده‌ن، ده‌خیله‌ ده‌مپێچتان له‌بیرنه‌چێت با بۆنی زبڵ كاستان نه‌كات، پوره‌ گوڵه‌، گوڵه‌ سوتاو ته‌نها سۆران‌و گۆرانی هه‌بوو له‌حزبه‌كه‌ی باوكی ئێوه‌، هه‌ردوك شه‌هیدبوون، گه‌ڕه‌كه‌ قوڕینه‌كه‌ی پوره‌ گوڵه‌ كه‌ به‌ناوی بێكه‌سی شاعیره‌وه‌ ناوی بێكه‌سی لێنراوه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ وێرانه‌، له‌ولاشه‌وه‌ ته‌خشان‌و په‌خشانی زه‌وی ئه‌وه‌تا جوانی سلێمانی ده‌كاته‌ زه‌مهه‌ریر.

3
له‌تیف هه‌ڵمه‌تی شاعیر، لای من‌و زۆری دی، شاعیرێكی كه‌ونیه‌، چه‌ند به‌ئازاره‌ له‌ڕیزی موچه‌ی خانه‌نشینیدا بوه‌ستێ‌‌و له‌پڕ بڵێن بانك پاره‌ی تیانییه‌، ئاخر مامۆستا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ناهه‌قی نییه‌ كه‌ ده‌ڵێت:
به‌حه‌زره‌تی مرێم بڵێن
بێزارنه‌بوو له‌شین‌و زار
ئێستا ڕۆژی هه‌زار هه‌زار
عیسا ده‌درێن
له‌په‌ت‌و دار
نه‌خوا ئاگای لێیه‌ نه‌شار

چه‌ند ناشرینه‌ خانه‌نشینانی كورد دوای 30 بۆ 40 ساڵ ڕه‌نج‌و ئازار، له‌هه‌فته‌یه‌كدا چوارجار له‌به‌رده‌م بانكه‌كان كۆببنه‌وه‌و پۆلیسێك به‌شه‌رمه‌وه‌ پێیان بڵێت پاره‌نییه‌، له‌كوێی دنیا ئه‌م سوكایه‌تیه‌ به‌خانه‌نشینان ده‌كرێت، كه‌ تێیاندایه‌ هاوڕێ‌‌و دۆستی باوكتان بووه‌، دڵنیام شێركۆ بێكه‌س مایا ده‌یگوت ئێستا كچیش نیشتمانی من نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كچه‌كانیشتان له‌خاچدا.

4
سێو پێگه‌ی نه‌هاتی
كه‌ لیمۆ زه‌رد بوو مه‌یه‌
لیمۆ زه‌رد بوو نه‌هاتی
كاتی گیان كێشان مه‌یه‌

داوای بوردن له‌تێكدانی تێكسته‌ جوانه‌كه‌ ده‌كه‌م، به‌ڵام چی ماوه‌ تێكنه‌درێت، ئێستا كه‌ كه‌س نییه‌ شار نیشانی ڕه‌جه‌ب بدات، هۆكاره‌كه‌ نه‌مانی شاره‌ نه‌ك شتی تر، له‌دیداره‌كه‌ بگه‌ڕێن‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ك له‌سه‌ر برینه‌كانی نیشتمان بكه‌نه‌وه‌، ئێوه‌ ئاگاتان له‌ئه‌تككردنی نیشتمانه‌، ئاگاتان لێیه‌ به‌خه‌یاڵی دۆلار له‌م وڵاته‌ نه‌وتی‌و غازیه‌وه‌ ده‌برێته‌ دوبه‌یی‌و توركیاو شوێنگه‌لی دیكه‌و كه‌چی موچه‌ی پاكه‌وانه‌كان نادرێت، 20 ڕۆژه‌ پایته‌خته‌كه‌ی شه‌هیدان زبڵی فڕێنه‌دراوه‌.

ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌ركی پاكردنه‌وه‌و خوێندن‌و ده‌رمان‌و په‌روه‌رده‌و ئاوو كاره‌باو ڕێگه‌وبان‌و  ژینگه‌و هه‌رچی هه‌یه‌و نییه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك بێت‌و خه‌ڵكیش به‌و جۆره‌ موچه‌ی بدرێتێ، ئیتر حكومه‌تی چی، فایه‌قی كه‌لارو حه‌مه‌ ئیزاعه‌ی چه‌مچه‌ماڵ‌و مه‌لا مه‌ڕوانی خورماڵ زۆر باشتری به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئێ‌ فه‌رمانده‌و ئه‌حه‌ ته‌په‌ڕه‌شی‌و عه‌به‌ مه‌خموری چانیه‌ ده‌توانن دڵی مرۆڤ خۆشبكه‌ن‌و مرۆڤ بخه‌نه‌ پێكه‌نین.

5
گه‌رچی تائێستا نه‌چوومه‌ته‌ ده‌باشان‌و نازانم داخوا كتێبخانه‌كه‌ی مام جه‌لالتان له‌وێ‌ جێكردوه‌ته‌وه‌ یان نا، به‌ڵام هه‌ر ڕۆژێك چووم چامه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی سالمی بۆ حه‌زره‌تی بۆ ده‌خوێنمه‌وه‌:
جێی توركه‌كانی ڕۆمه‌ ده‌رو ژوری خانه‌قا
غافڵ هه‌موو له‌جایی موریدانی با خه‌به‌ر
ئه‌و حه‌وزه‌ پڕده‌بوو كه‌ وه‌كو چاوه‌كانی ئه‌و
ته‌غییره‌ ئاوی وه‌ك دڵی مه‌ردانی پڕ كه‌ده‌ر
ئه‌و ده‌شته‌ جایی یاریی یارانیی حوجره‌ بوو
یه‌كسه‌ر مه‌قامی ڕۆمییه‌ هه‌روه‌ك ته‌هی سه‌قه‌ر
سوتا دڵم به‌حاڵه‌تی  جۆباری سه‌رچنار
لێڵاوه‌ چه‌شمه‌ ساری وه‌كو چاوی بێ‌ به‌سه‌ر

ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ی سالم كه‌مبێت، تا خۆرئاوا نه‌بووه‌ بیرێك له‌نیشتمان بكه‌نه‌وه‌.

6
ئه‌گه‌ر دیداری یه‌كێتی دیداری هه‌ستانه‌وه‌و چاكسازیی‌و چاره‌سه‌ره‌، ئه‌رێ‌ پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ مه‌كته‌ب سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی له‌خه‌ڵكی خواره‌وه‌ زیاتر ده‌خزێن، ئاخر قوربان سیاسه‌ت‌و بازرگانی‌و بزنس تێكه‌ڵكران‌و وڵات هه‌ڕاجكرا، حزبی ئاكار قاته‌و ئێستا حزب حزبی پاره‌و گیرفانه‌، چاكسازیی‌و هه‌ستانه‌وه‌ هه‌رنا به‌وه‌ده‌كرێت ده‌رگای ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی ناوتاننابوون ده‌ركراوه‌كان بكه‌نه‌وه‌ به‌خاوه‌ن ماڵ، ئه‌مه‌ بچوكترین هه‌نگاوه‌، ده‌نا قسه‌ی تر زۆر ماوه‌و وڵاتیش له‌حه‌وسه‌ڵه‌یدا نه‌ماوه‌.

شێخ حه‌سیب قه‌ره‌داخی ده‌ڵێت:
بیرێكی نه‌وت كه‌ هه‌ڵكه‌نرا بزانن كێی له‌ناودایه‌
بیرێكی كه‌ كه‌ هه‌ڵكه‌نرا بزانن چی له‌چاودایه‌
بیرێكی كه‌ هه‌ڵئه‌كه‌نرێ‌ ئه‌ژده‌هاك دێ‌ خۆیی‌و ماری
جه‌جاڵیش دێ‌ خۆی‌و كه‌رو كورتانه‌كه‌و ده‌ست‌و داری
ڕێگه‌ی كۆچی شه‌یداكانیش ئه‌كه‌ن به‌كلكه‌ نه‌وتینه‌
ئاشتی‌و شۆڕش به‌یه‌كه‌وه‌ له‌چاڵێكدا سه‌رئه‌بڕن
بیرێكی كه‌ هه‌ڵئه‌كه‌نن بۆ ئه‌یلولی ڕه‌شی تازه‌
گردی زه‌عته‌ر ته‌خت ئه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ "ئه‌حمه‌دی زه‌عته‌ر"
نه‌وته‌وانی ئه‌م جیهانه‌ حه‌ز به‌گردو چیا ناكه‌ن
شه‌قام‌و ڕێی ته‌ختیان ئه‌وێت به‌له‌نجه‌و لاری مارسدیس
جێگای پان‌و پۆڕیان ئه‌وێت بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێی نه‌وتینه‌كان
بۆ چاوڕه‌ش‌و بۆ چاو سه‌وزو بۆ چاوكاڵ‌و چاوشینه‌كان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand