ئۆكرانیا، قوربانی جیۆپۆلەتیك یا سیستەمی سیاسی؟!
2022-02-27 07:59:30
د. كامەران مەنتك
ئەو دەوڵەتانەی شوێنێكی جیۆپپۆلەتیكی هەستیاریان هەیە، دەبێت وردتر سیستەمە سیاسیەكانیان هەڵبژێرن وبەئاسانی نەكەونە ژێر كاریگەری شەڕی نەرمەوە، بەواتایەكی تر واز لەدروشمە بریقەدارەكان بێنن وبەمۆدێڵی سیستەمی سیاسی دەولەتانی تر فریو نەخۆن وبنەما لەسەر رەهەندە جۆپۆلەتیكیەكانەوە سیاسەتی ولاتەكانیان وشێوازی سیستەمە سیاسیەكانیان دابڕێژن، لەبەرئەوەی هیچ دەوڵەتێك بە تەنیا ناژیت وكاریگەری لەسەر ولاتانی دەوروبەری، تەنانەت لەهەندێك كاتدا سیاسەتی جیهانی دەبێت ودەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو سیاسەتەشەوە، بۆیە ئازادی لەبڕیاردانی سیاسەتی دەرەوە، چەمكێكی فریودەرەو لەو بوارەدا، ئەوە سیستەمی سیاسی نیە بڕیار لەسەر شێوازی سیاسەتی دەرەوە وپەیوەندیە نیودەوڵەتیەكانی دەدات، بەلكو ئەوە جیۆپۆلەتیكە جۆرە سیاسەتێكی لەسەر دەسەپینێت، كە لەزۆربەی كاتدا بێدەستی خۆی وبەناچاری دەبێت پیادەی بكات! سیاسەتی دەرەوەی سەركەوتوو ئەو سیاسەتەیە، كە خۆی لەگەڵ دۆخەكە جیۆپۆلەتیكیەكە دەگونجێنێت وهەرگیز ركابەری لەگەڵ ناكات وملی لەبەر ملی نانێت، چونكە مێژووی سیاسەتی جیهانی ئەو راستیە دەسەلمێنیت، كە گرتنەبەری ئەو جۆرە سیاسەتە دادی ئەو وڵاتانە نادات ولەكۆتایدا دەبنە قوربانی ولەژێر پۆستاڵی بەرژەوەندی زلهێزەكانی تردا دەپلیشێنەوە.
سیستەمی سیاسی ئۆكرانیا زۆر درەنگ، لە بایەخی پێگەی جیۆپۆلەتیكی وگرنگیەكەی بۆ روسیا تێگەیشت، كاتێك تێگەیشت پایتەختی وڵاتەكەی كەوتبووە ژێر هەڕەشەی داگیركاری روسەوە وژێر خانی سەربازی تا رادەیەكی زۆر وێران كرابوو، ئەوان بەدروشمەكانی ئازادی ومافی مرۆڤ ودادپەروەری كۆمەڵایەتی ناتۆ وولاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا فریویان خوارد، ، پێیان وابوو، رۆژئاوا ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لێیان خۆی بخاتە شەڕیكی جیهانیەوە لەگەڵ روسیا! سیاسەتمەدارە هەرزەكارەكانی ئۆكرانیا نەیانزانی، كە وا رۆژئاوا وەك بوكەڵەیەك بۆ تاقیكردنەوەی ئیرادەی روسیا بەكاریان دێنێت ولەچركە یەكلاییكەرەوەو چارەنووس ئامێزەكاندا بەتەنیایان جێدەهێڵێت، ئەمە بووە هۆی ئەوەی لە پەیامە جدیەكانی روسەكان تینەگەن وهەمان هەڵەی گورجیەكان لەساڵی (2008) دووبارە بكەنەوە ویاری بە دەروازە جیۆپۆلەتیكیە گرنگەكانی روسیا بكەن. هیچ زلهێزێك ئەوە قبووڵ ناكات، كە هێزیكی تری ئەتۆمی لەسەر سنوورەكانی وئەوان وئەو دەروازەیەی بەئەوروپا، بازاڕی گەرمی خۆیانەوە دەبەستیتەوە، دروست بكرێت وشەڕەكان بگوازرێتەوە ناو ماڵی ئەو! بۆیە لە جیاتی ئەوەی ئۆكرانیا ناوماڵی روسیا بكاتە گۆڕەپانی شەڕی رۆژئاوا وروسیا، روسیا ئۆكرانیای كردە بەرەی پیشەوەی ئەو شەرە ونەك بەتەنیا ئەو ولاتە داگیر دەكات، بەلكو هەڕەشە لە ولاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات، كە لەرووی جیۆپۆلەتیكیەوە بەكلیلی ئۆراسیا هەژماردەكرێن ووڵاتانی بالتێك، تەنانەت ولاتە گەورەكانی ئەوروپاس دەكات.
جێگای داخە، تا ولاتەكەی بە كردەیی رووبەڕووی هێرشی روسیا نەبووەوە، سەرۆك وسیستەمی سیاسی ئەو ولاتە دركی بەگەورەیی مەترسیەكان نەكرد لەوە نەگەیشت، كە رۆژئاوا جێگەی متمانە وپێشت پێبەستن نیە، كاتێك دركی پێكرد، ولاتەكەی داگیر كرابوو وئەو كاتە لەجیاتی دانوستانەوە، سەرۆكی ئۆكرانیا بەنوزانەوە رایگەیاند، كە بە تەنیا لەگۆرەپانی شەرەكە جێھێڵران! ئەوەیە بایەخی زەمەن لەتێگەیشتنی رووداوەكاندا، ئەو دەستپێشخەرییەی ئەمڕۆ ئۆكرانیا بۆ دانوستانی لەگەڵ روسیا كردو ئامادەیی خۆی نیشان دا وەك دەوڵەتێكی بێلایەن بمێنیتەوە نەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانی باكووری ئەتلەسی (ناتۆ)، ئەگەر دوو رۆژ بەر لەئێستا ئەو بڕیارەی بدابوایە، بەسەر بەرزی لە قەیرانەكە دەردەچوو، لەجیاتی ئەوەی روسیا بكاتە دوژمنێك، پەلاماری بدات، دەیتوانی بیكاتە دۆستیك ولەجیاتی تۆپ وئاگربارانكردن، دەستی یارمەتی بۆ درێژ بكات!.
كاتی ئەوە هاتووە میللەتان چیتر بە هێزی نەرم وئەو پروپاگەندانەی بۆ شێوازێك لەشیوازەكانی سیستەمی سیاسی دەكرێت فریو نەخۆن ولەگەڵ دۆخە راستەقینەكە مامەلە بكەن، سیستەمی سیاسی هەر چۆنێك بێت، ناتوانێت لەكەموكوری بەدەر بێت، هەموو سیستەمێكی سیاسی لایەنی ئەرێنی ونەرێنی خۆی هەیە، بۆیە گرنگترین شت لە سیستەمدا ئەوەیە بتوانێت سەقامگیری بسەپێنێت وخۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی دابین بكات، لەبەرئەوەی خۆشگوزەرانی وڵاتان لە دروشم وئایدیۆلۆژیاكاندا نیە، بەڵكو لە مانەوە وسەقامگیری وبەردەوام بوون وپاراستنی ئاشتیدایە، پێشكەوتن وخۆشگوزەرانی، لەئاشتی وسەقامگیری دانەبێت هەرگیز نایەتی دی!