کورد دەرفەتی باشی بۆ ھاتە پێش!
2022-02-20 06:27:02
شوان سدیق
لەم ڕۆژانە بابەتێکم تاوتوێکرد لە زانکۆ بەتایبەتی فۆڕمەکانی دەوڵەتی دەستوری، دیارە عێراقیش دەوڵەتی دیموکراتی فیدڕاڵیە.
بەڵام ئەم فێدراڵیەی عێراق وەکو فێدڕاڵی ئەڵمانیاو ئەمریکا نیە چونکە پاش دەوڵەتی نوێی عێراق ھیچ ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دانەمەزراوە.
دەوڵەتی فێدراڵی عێراق تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان دامەزراوە، بەڵام فێدراڵیەتی عێراق نە عێراق خۆی کاری پێکردوە نەھەرێمی کوردستانیش.
کێ قازانجی کردوە لە دەوڵەتی فێدراڵی عێراق؟، لە پاش جێبەجێکردنی دەستوری وڵات ٢٠٠٥ ئەم وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە بەکۆمەڵێک قۆناغی خراپدا تێپەڕی بەتایبەتی شەڕی تیرۆر، ململانێی مەزھەبی و شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی داعش.
ئەوەی پەیوەندی بەھەرێمی کوردستانەوە ھەیە سەرنج بدەنە بەشێک لەمافەکانی کورد مادەی ١١٧ دەڵێت: ئەم دەستورە، دان بە هەرێمی كوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێ وەك هەرێمێكی فێدراڵی.
لە مادەی ١٢٠ دەڵێت هەرێم دەستورێك بۆخۆی دادەڕێژێ، هەرەمی دەسەڵاتەكانی هەرێم و میكانیزمی بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاریدەكات بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوری عێراق.
ھاوکات لەمادەی ١٢١ دەڵێت: هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دەسەڵاتی ئیداری و ئابوری و سیاسی پێدراوە كە فاكتەری بەهێزبونی بووە لە ساڵانی ڕابردوودا..
کەوایە فێدڕاڵیەتی عێراق لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان تەواوبووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا عێراق و ھەرێمی کوردستانیش پابەندی دەستورەکە بوونە.
یەکەم: عێراق و ھەرێم دیارە تائێستە نەھاتوونە لەسەر جێبەجێ کردنی دەستورەکە گفتوگۆی جدی بکەن..
واتە ھەرێم ئامادەی نیشان نەداوە بەفەرمی بگەڕێتەوە بۆ فێدڕاڵیەتی عێراق بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ نەوت دەفرۆشێ و عێراقیش وەکو خێزانێکی پەرتەوازە نەیپەرژیاوەتە سەر ئەوەی داوا لە ھەرێم بکات، ئایا ئێوە دەتانەوێ پابەندی فێدڕاڵیەت بن لەنێو دەوڵەتێکداو ئێمەیش پابەند دەبین مافەدەستوریەکانی کورد جێبەجێ دەکەین.
لێرەدە قسەکە لە سەر کوردە، کورد لە پاش ڕاپەڕینەوە بارودۆخەکە بەقازانجیدا شکاوەتەوە، عێراق لە پاش جەنگی کەنداو و پاشان ڕووخانی ڕژێمی بەعس ھێشتا ئەم وڵاتە ھەڵنەساوەتەوە..
کورد خۆی ئیدارەی خۆی کردوە، بەڵام کێشەکەی کورد ئەوەیە فەشەلیان ھێناوە لە ئیدارەدان، نەیانتوانی خۆیان کۆبکەنەوە، خۆیان بەھێز بکەن ئەگەر لەداھاتوودا عێراق تەنانەت پەشیمانیش ببێتەوە لە فیدراڵیەت بەڵام گەر کورد ناوماڵێکی ڕێکوپێکی ھەبێ دەتوانێ ئالانگاری پێشھاتەکان دەبێتەوە.
بەڵام پاش چەندین ساڵ تاھەنووکە دەستوری نییە، یەک ئیدارەی بەھێزی نییە بگرە دوو ئیدارەی لاوازە.
ھەروەھا گەندەڵی، ناعەدالەتی، ھەرێمەکەی تووشی کۆمەڵێک کێشەو ئارێشەکردوە، ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پدک و یەنک) خاوەن چەکداری خۆیانن و نایانەوێ کێشەکان چارەسەر بکەن.
عێراقیش لەبەرامبەر کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەھێز دەبێ وادیارە عێراق نایەوێ ھەرێم ئەو دەسەڵاتەی بەھێزەی ھەبێ کەھەیەتی ھەڵبەت ھەنگاوەکەنی عێراقیش بەپێی دەستووری وڵات نادەستوری نین!!
*زانستەسیاسی و کۆمەڵایەتییەکان⁄ئیتاڵیا