Draw Media

گەڕانەوە بۆ خەیاڵ

گەڕانەوە بۆ خەیاڵ

2022-02-26 12:44:28


په‌یكار عوسمان

- چ ڕووداوی سروشتیی وەکو بورکان و تۆفان بێت، یان جەنگەکان و تاوانی کەسیی.. دواجار "شەڕ" وەکو عەکسەکەی "خەیر"، بوونی هەیەو ئەمەش لە کایەی فەلسەفەدا بۆتە پرسیارێك لەسەر خودا. ئەگەر خودایەکی خەیری ڕەها بوونی هەیە، ئەی بۆچی شەڕ هەیە؟ ئەگەر خودایەکی کامڵ بوونی هەیە، ئەی بۆچی خەلەل و نوقسانی بوونی هەیە؟

- لەبری ئەوەی بە "خێرو شەڕ" تاقیبکرێینەوە، بۆ هەر لەناو خێردا تاقینەکراینەوە بە "خێرو خێرتر"؟ ئەگەر بوونی زیاد لە ئەگەرێك پێویستی و پێشمەرجی ئازادی و ئیرادەو ئیختیار بێت، ئێ با دووانێتی و فرەییەکە هەر لەناو خێر خۆیدابووایە، شەڕی بۆچیبوو؟ پاداشت و سزاکەش با بەهەشت و بەهەشتتربووایە، دۆزەخ بۆ؟.. ئەم نەوعە پرسیارانە، کە بە خەیاڵی نوقسانی مرۆڤدا دێت، بۆ بە عیلمی کەماڵی خودایا نەهات؟

- بۆ وەڵامیش، ئاڕاستەیەك بەرەو ئەوە ئەڕوا، کە بوونی شەڕ و نوقسانی دنیای مادی، بەڵگەی نەبوونی خودایە، لانیکەم بەو کەماڵ و مواسەفاتەی دینەکان بانگەشەی بۆ ئەکەن.. ئاڕاستەیەكیش پێیوایە بەپێچەوانەوە، خودی نوقسانیی شتەكان، نیشانەی تەنزیهو کەماڵی خودایەو ئەگەر نوقسانیی نەبێت، ئەسڵەن فیکرەی کەماڵ، هەر دروستنابێ تاکو بیدەیتە پاڵ خودا. ئەگەر فرەیی و دوانێتی نەبێت، ئەسڵەن فیکرەی یەکێتی دروست نابێ. ئەگەر هەلاك و کۆتایی شتەکان نەبێت، ئەسڵەن فیکرەی بەقاو ئەبەدییەت دروست نابێ.. کە ئەمانەش دروستنەبوون، ئیتر خواناسییش ئیمکانی نابێ و تۆ ناتوانی خودایەك بناسیت بەو مواسەفاتانەو ئەوانەی بدەیتە پاڵ!

- لە خودا گەڕێ، با بیێنەوە لای مرۆڤ. لەڕاستییدا هەر وجودی تاوان و شەڕو کوشتارو یەکلاکردنەوەی ململانێکان بە هێز، نیشانەی ئەوەیە، کە مرۆڤ ئاژەڵێکی دواکەوتووەو بەم هەموو عیلم و مەعریفەت و فەلسەفەو هونەرو تەکنەلۆژیاو دینەوە.. هێشتا لە قۆناغی کەرێتییدایە، هەڵبەتە لەگەڵ ڕێزما بۆ ئەو مەخلوقە جوانەی کە ناوی کەرە.

- هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە مرۆڤ وایەو هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە مرۆڤ ئەتوانێ وا نەبێت.

یەعنی "ئاشتی" مومکینە. یەعنی مرۆڤێکی سەرکەوتوو بەسەر ئیرادەی هێزو حەزی زاڵێتیدا، موستەحیل نیە. یەعنی جۆرێکی تری جیاوازی و ململانێ، کە بگاتە هاوکاریی و نەگاتە شەڕ، ئەشێ ببێت. ئەمانە کە دێتە ناو زمان و ناو خەیاڵ و ناو ئارگۆمێنت، ئەکرێ بشپەڕێنەوە بۆ واقع و ببن بە ژیانێکی جوانتر. یەعنی مرۆڤ لەناو سروشتی خۆیدایە، بەڵام دیلی سروشتی خۆی نیەو ئەتوانێ سروشتی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە.

- هەر ئەونەی کە مرۆڤ زاتەو ئەتوانێ خۆی بکات بە مەوزوعی خۆی، کەواتە ئیمکانی خۆناسی زیاترو ئەپدەیتی بەردەوامی هەیەو هەمیشە ئەکرێ باشتربێ لەوەی کە هەیە. تەنانەت ڕەشبینترین دیدی مرۆڤ بۆ خۆی، هەر بوارێکی تری خۆناسین و تێگەیشتنە، نەكئەوەی کۆتایی مرۆڤ و مێژوو بێت. مەسەلەن، ئەگەر زانستی دەمارناسی، دواجار بشگاتە ئەوەی کە مرۆڤ، هەر ئەوەیەو حەلی نیە، دەی ئەوکات زانستەکە خۆی ئەبێ بە حەل و لەڕێگەی دەسکاریکردنی مێشك و دەمارەوەو مرۆڤ بە شێوەیەکی باشتر خۆی دروستئەکاتەوە!

- یەعنی سەت ساڵی تربێ و ملیۆنێ ساڵی تربێ.. بە سروشتی بایۆلۆژی و عەقڵی ئێستامانبێ، یان بە زیرەکی دەستکردو هێنانە ناوخۆی تەکنەلۆژیا.. دوای تەجروبەکردنی جەنگێکی تری جیهانیی بێ، یان پێش ئەوەبێت.. دواجار مرۆڤ، هەر لەسەر ڕێگای زیاتر عاقڵبوونەو ئەمە گەڕانەوەی نیە، ئەگەرچی ڕێگاکە بەردەوام پاشەکشێ و لادان و چاڵوچۆڵیشی تێئەکەوێ.

- جا تاکو ئەو کاتەو وەکو هەنگاوی سەرەتا، پێویستمان بە پێناسەکردنەوەی شەڕو ئاشتییە. چیتر مرۆڤ ئەبێ تێبگات لەوەی کە، خیتابی دوژمنکاری و زاڵمییەت، چەنێك ناڕەواو کاولکەرە، خیتابی بەرگیریکاری و مەزڵومیەتیش، ئەونە ناڕەواو کاولکەرەو نیوەکەی تری یارییەکەیە. مرۆڤ ئەبێ تێبگات چەپڵەی شەڕو ئاشتی، بە دەستێك لێنادرێ و هەموو شەڕێك دوو دەستی هەیە نەك یەکێك. تا ئەو کاتەشی هەردوو دەس ئەبن بە دەستی ئاشتی، لانیکەم ئەبێ یەکێکیان نیوەکەی تری شەڕەکە نەبێت و چەپڵەکە تەواو نەکات!

- لەڕاستیدا ڕوسیا هەر نیوەی شەڕەکەیە، ئۆکرانیا نیوەکەی تریەتی و لەم شەڕەدا ئۆکرانیا خۆی، بێگوناح و بێ تاوان نیە! لەڕاستیدا سەرۆکی ئۆکرانیا، هەر بەقەت پۆتین نا، بەڵکو بڕێك زیاتریش تاوانبارە! چونکە تا ئەوکاتەی کە تەرەفی بەهێزو زاڵم، دێتە سەر عەقڵی عەدالەت و ئاشتی، پێویستە تەرەفی لاوازو مەزڵوم، هەر بەشەکەی خۆی نا، بەڵکو بەشەکەی ئەویش عاقڵبێ و بەقەت هەردولا "لاشەڕبێ"، نەكئەوەی خۆی کلکەقنێ ی بداو شەڕو کاولکاریی کێشکاتە سەرخۆی!

- لە ڕووکەشدا وا دیارە کە بەرگری ڕەوایەو دیوە جوانەکەی وێنەکەیە، بەڵام ئەمە تەنیا پاساو و فریوە بۆ تەواوکردنی نیوەکەی تری شەڕ. مرۆڤ بڕێك قووڵتر سەیرکات، بەرگری دەسەکەی تری شەڕەو هەردوکی ناشرین و ناڕەوایە. ئەوەی کە ڕەوایە تەنیا ئاشتی و لاشەڕییە. ئەگەر کورد لەبری عەقڵی بەرگری و شۆڕش، عەقڵی خۆلادان و لاشەڕیی هەبووایە، حاڵی زۆر باشتربوو لە ئێستاو قوربانی و کارەساتەکانیشی زۆر کەمتر بوون. مەبەستم ئەوەنیە داعش بێت و تۆ بڵێ ی فەرموو، مەبەستم ئەوەیە خۆت کلکەقنێ ی سەدام و ئەردۆگان نەدەیت و دواییش دەسبکەیت بە لوشکەلوشك و کڕوزانەوە!

- ئەگەر "لاشەڕیی" فەزیلەتبێ، ئەی فەزیلەتی ئازایەتی ئەکەوێتە کوێوە؟ وەڵامەکە ئەوەنیە کە ئیتر دنیا ئەبێ بە شامی شەریف و شەڕ نامێنێ، وەڵامەکە ئەوەیە کە، فەزیلەتی ئازایەتی ئەکەوێتە شەڕێکەوە، کە خۆت نیوەکەی تری شەڕەکە نەبیت، بەڵکو بەشە بەرپرسیارێتییەکەی خۆتت لە نەبوونیدا ئەداکردوەو کەچی هەر بووە!

- ئەوپەڕی ئازایەتی، ئەوەبوو سەرۆکی ئۆکرانیا، بە کۆمەڵێ تەنازولیشبێ، وڵاتەکەی خۆی لەو شەڕە بپارێزێ، نەك بەو حاڵەی بەرێت. ئەو ئەڵێ دنیا بەتەنیا بەجێیهێشتین! ئێ دنیا بهاتایە، ئەبوو بە شەڕی جیهانیی، یەعنی ئەم ڕەشەوڵاخە، هەر وڵاتەکەی خۆی نا، بەڵکو کێشەی نەبوو، ئەگەر تەواوی جیهانیش لە شەڕەوە بگلێنێ! لەکاتێکا بەرپرسیارێتی ئەو، ئەوەبوو، کە هەر بەشی کەرێتی خۆی نا، بەڵکو بەشی ڕەواندنەوەی کەرێتی پۆتینیش عاقڵ بێت! هەر بەشی پاراستنی ئۆکرانیا نا، بەڵکو بەشی پاراستنی جیهانیش حیکمەتی هەبێت.

- فەزیلەت ئەوەبوو هەڵەبجە لە کیمیایی بپارێزیت، نەك پێش پاسداری ئێران بکەویت و شارێك بیخەیتە بەر غەزەبی عێراق. ئازایەتی ئەوەبوو، بە هەنێ تەنازولیشبێ بۆ ئەنکەرە، شەڕەكە لە عەفرین لادەیت، نەك شارەکە بڕواو ڕاکەی تەنازولەکە بۆ دیمەشقیش بکەیت و سودیشی نەبێت. لەڕاستییدا "ئەدەبی بەرگریی"، خراپترین و نائەخلاقییترین داهێنانی مرۆڤەو لێرەدا ئەوە تەنیا سەرکردەکانی شۆڕش نین، کە ئەبێ دوای لێبوردن بکەن، بەڵکو سرودبێژو شاعیرەکانیش! ئەوە تەنیا جاشەکان نین کە ئەبێ پەشیمان بن، بەڵکو پێشمەرگەکانیش! ئەوە تەنیا تەقوتۆقەکەی مامەڕیشە نیە کە ئەبێ پیاچوونەوەی پیابکەین، بەڵکو دەنگەدەنگەکەی فەرهاد سەنگاوییش!

- لەڕاستییدا ئەوە هەر داگیرکەر نیە، کە شایەنی قسە لەسەرکردنە، بەڵکو داگیرکراویش. لەڕاستییدا تاکو بە هەمان ئەندازەی زاڵمیەت، مەزڵومیەتیش نەخەینە ژێر پرسیارەوە، ماڵی شەڕ هەر وا گەرم و ئاوەدان ئەبێت. ئێمە ئەبێ تێبگەین، توجاری شەڕو خوێن و ڕق، هەر لەوبەرەوە نیە، بەڵکو نیوەکەی تری کاسپی و بازاڕەکە لەمبەرە! باشترین نمونەش بۆ کورد، کورد خۆیەتی و لەڕاستیدا خوێنمژی ئێمە، هەر دوژمن نەبوو، بەڵکو شۆڕشیش! کاتێ سیاسییەکان، دوو وڵات بەرەو شەڕ ئەبەن، چارەسەر ئەوەنیە خەڵکی هیچ لایەك، تێبکەوێ و پشتگیری بانگەشەی وڵاتەکەی خۆی بکات، چارەسەر ئەوەیە خەڵکی هەردولا بێنە سەر جادە دژی هەردولای شەڕەکەو لەپێناوی ئاشتی!

- نوکتەیەك هەیە، ئەڵێ مونتەخەبی کوردستان و ئەرجەنتین یاری ئەکەن، مۆدەریبی ئێمە، چوار یاریزان دائەنێ بەس بۆ ئەوەی میسی بگرن، ئێ فیعلەن ئەشیگرن، بەڵام لەولاوە دیفاعێکی خۆمان، سێ گۆڵ لەخۆمان ئەکات! ئیتر مودەڕیبە ئیمانی نامێنێ هاوار ئەکا، کاکە میسی بەردەن ئەو هەتیوەی خۆمان بگرن..

لە دۆخێکی وەکو ئەوەی ئۆکراینیشدا، ئەبوو ئۆکرانییەکان، پۆتین بەردەن، زیلینسکی بگرن! بەڵام کە ململانێ ی ناوخۆ گەیشتە بنبەست و جەمسەرگیریی، ئیتر عەقڵ میوان نیەو یان ئەبیت بە ستایشکاری دوژمن، یان ئەبیت بە بەرگیریکاری هەڵەی ناوخۆ، کە ئەمە هەردوکی کارەسات و بەفیڕۆدانی وڵاتەو کۆمەڵگای ئێمەش ڕێك لەم دۆخەدایە!

- بۆچی بەرگری نەکرا؟ چونکە پرسیاری پێشتر ئەوەیە، کە ئەسڵەن بۆچی شەڕەکە کرا؟ کاتێ ڕۆحە هاوبەش و گشتییەکی کۆمەڵگا، لەناوەوە ئەکوژرێ و وڵات دابەشی کۆمەڵێ ئاڕاستەی سیاسی پەڕگیرو پچڕاو ئەبێت، کاتێ عینادی سیاسی ئەگاتە ئەوەی کە بێباکانە موجازەفە بە خەڵك و وڵاتەوەکەوە بکرێت.. ئیتر بەرگری ناکرێ. چونکە بەرگری لەسەر دوو پایە دائەمەزرێ: یەکەم حیکمەتی ئەوەی کە خۆت بەشێك نەبیت لە ستەمکاری و خۆت شەڕەکەت کێش نەکردبێتە سەر خۆت. دووەمیش حیکمەتی ئەوەی کە سیاسەت کۆکەرەوەبێ و خۆی کۆمەڵگای پەرت نەکردبێ!

- مرۆڤ کائینێکی نەخۆشە، پێش شەڕەکە، حەزئەکا بزانێ کێ ئازایەو ئەیباتەوە.. بیری ئەوەی نیە کە شەڕ، کوشتارو ئاوارەیی و برسێتی و کاولبوونە.. کە شەڕەکە ڕووئەداو وێنەی کارەساتەکە ئەبینێ، ئینجا عاتیفەی ئەجوڵێ و بیری ئەکەوێتەوە کە شتەکە حەماقەتەو نەئەبوو ببێ. مرۆڤ هێشتا عاتیفەی دوای ڕووداوی، زۆر بەهێزترە لە عەقڵی پێش ڕووداو. ئەو خرۆشانە ویژدانییەی کە عادەتەن دوای ڕووداوەکان هەیە، ئەگەر پێش ڕووداوەکان هەبووایە، زۆرێك لە کێشەکان ڕوویان نەئەدا. مرۆڤ هێشتا گا ناناسێ، بەڵکو بە گونا ئەیناسێتەوە، مرۆڤ هێشتا شەڕ ناناسێ، بە خوێن و کارەساتەکەی دوای ڕوودانیدا ئەیناسێتەوە!

- کاتێ واقع بۆگەن ئەکات، چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ خەیاڵ. خەیاڵ ئەوەنیە کە ئیمکانی نیەو نابێت، خەیاڵ ئەوەیە کە سەرچاوەی ئیمکانەکانەو بەبیانووی واقعەوە خۆمان لێدزیوەتەوە. واقعیش ئەوەنیە کە هەر ئەوەیەو ناگۆڕێت، تەنیا کاتێك وای لێدێ و ڕەق ئەبێت، کە مرۆڤ خاڵیبۆتەوە لە خەیاڵ. پێئەچێ هێشتا مرۆڤ عەقڵی سێیەمی دانەهێنابێ و ئەوەی کە هەیە، چەنێك دوور ڕۆشتبێ، دواجار لە توولەڕێیەکەوە، یان ئەچێتەوە ژێر عەباکەی ئەفڵاتوون، یان ئەچێتەوە ژێر عەباکەی ئەرستۆ. جا کە یەکێکیان زاڵئەبێ و خەریکە دنیا قووتبدا، ئا لەو کاتەیا ئاوڕدانەوە لەویتریان خراپ نیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand