دادگای باڵای فیدراڵی عێراق چۆن دووبارە پێكهاتەوە ؟
2022-03-03 13:40:10
ئەمین بەكر
ئەمڕۆ مسرور بارزانی دەڵێت دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق نادەستورییە!! دەسەڵاتدارانی هەرێم كە نازانن چۆنو بەچ بیانویەك لەژێر باری بەرپرسیارێتی پابەند نەبوون بەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی تایبەت بە ندەستوریبوونی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم خۆیان رزگاربكەن، ئێستا پەشیمان بونەتەوەو تانە لەدەستوریبوونی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەدەن، كە بەڕێككەوتنی خۆیان دووبارە پێكهاتەوە!!
رەنگە من لەبابەتی ئەوەی كە دادگاكە بەوشێوازەی ئێستای دەستوری نییە، هاوڕابم، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانزانی دەستوری نییە بۆچی كاتی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕازی بوون لەسەریو دەنگتان پێدا، فراكسیۆنەكەتان كە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەن هی ئێوە بوو رێككەوتنتان لەسەر كردو ڕازی بوون پێی، لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتیو بەشێكی تریش لە پەرلەمانتارانی كوردی فراكسیۆنەكانی تر دەنگتان پێدا.
سەرەتا دەبێت بزانین بەپێی بڕگەی ۲ ی مادەی ۹۲ دەستوری ئێستای عێراق، دەبوایە لەدوای دەركردنی دەستور، یاسایەكی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی دەربكرایەو پێكهاتەی دادگاكەو ئەركەكانی بەوشێوەیە رێكبخستایە كە دەستور لەمادەی ۹۲ و۹۳دا دیاریكردووە، و هەر بەپێی دەستوریش بۆ دەركردنی ئەو یاسایەش دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن پێویست دەبێت.
واتە دەبوایە لەدوای دەركردنی دەستورەوە ئەو دادگای فیدراڵییەی كە لەسەرەتاكانی ساڵی ۲۰۰٥ی پێش ڕاپرسی لەسەر دەستور، بە فەرمانی ژمار ۳۰ی دەسەڵاتی ئیئتیلاف دروستكرابوو، هەڵبوەشایەتەوەو یاسایەكی نوێ بەپێی دەستوری نوێ دەركرابا، ئەوە بوو لەساڵی ۲۰۰۷ەوە پرۆژەیاسایەك بۆ پێكهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی نێردرایە ئەنجومەن، بەڵام هێزو لایەنە سیاسییەكان بەگشتیو پێكهاتەكان نەدەگەیشتنە رێككەوتن لەسەری، بەمشێوەیەش دادگاكەی پێشوو بەردەوام بوو لەكاركردن و، بێجگە لەهەندێك بۆڵەبۆڵ كەس نەیدەوت ئەم دادگایە نادەستوریە كە دەبوایە بەجدی بوترایە، ئەو خاڵانەی كە رێگربوون لەدەركردنی یاساكەو جێگای ناكۆكی بوون، لەوەی پێكهاتەكان بگەنە رێككەوتن لەسەری، بەشێوەیەكی گشتی دوو خاڵ بوون:
یەكەمیان: شێوەی دەنگدانو بەشداری پێكهاتەكان، بەتایبەت كورد داوای زۆرینەیەكی ڕێگر یاخود دەسەڵاتی ڤیتۆی دەكرد بۆ ئەندامە كوردەكانی ئەو دادگایە لەو بابەتانەی پەیوەندیان بەهەرێمەوە هەیە، شیعە بەتایبەتو هێزە عەرەبییەكان بەگشتی ئەو داوایەیان رەتدەكردوە.
دووەمیان: پێكهاتەی دادگاكە بوو كە وەك لە دەستور دیاریكراوە، دەبێت شارەزای ئیسلامیو شارەزای یاسایی تێدابێت، بێجگە لە دادوەرەكان، شیعەكان بەتایبەتو هێزە ئیسلامییەكان بەگشتی داوایان دەكرد هەبنو هێزەكانی تر كە ئیسلامی نەبوون، ڕەتیان دەكردەوە لە كوردو سونەو شیعەش.
بەمشێوەیە ئەو یاسایە هەموو دەورەیەكی هەڵبژاردن دەهاتە ئەنجومەنو گفتوكۆی زۆری لەسەر دەكراو دەرئەنجام پێكهاتەكان نەدەگەیشتنە رێككەوتن لەسەری، بەتایبەت لەبەرئەوەی پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن بوو، نەدەتوانرا بەبێ رێككەوتن لەنێوان هەرسێ پێكهاتەكە، ئەو یاسایە تێپەڕێتو بەمشێوەیەش دادگاكەی سەردەمی پۆل بریمەر بەردەوام بوو لەكار.
لەساڵی ۲۰۱۹ دادگاكە بەهۆی خانەنشینبوونی یەكێك لە ئەندامەكانیو كێشەی نێوان سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵیو سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراقو دواتریش مردنی یەكێكی تری ئەندامانی دادگای فیدراڵی، بەتەواوی لەكاركەوت، بۆ چارەسەری ئەو بابەتە لایەنە شیعەكان بیرۆكەیەكیان هێنایە ئەنجومەن كە پێشتر كەس زاتی نەدەكرد شتی وابڵێ، ئەویش وازهێنان بوو لەدەركردنی یاسایەكی نوێی تایبەت بەدادگای باڵای فیدراڵیو لەبری ئەوە تەنها هەمواری بڕیاری دەسەڵاتی ئیئتلافی كاتی بریمەری ژمارە ۳۰ی ساڵی ۲۰۰٥ بكەنەوە، وە ئیدعای ئەوەیان دەكرد كە گوایە ئەو هەموارە پێویستی بەجێبەجێكردنی مەرجە دەستورییەكان نییە، واتە نە دوو لەسەر سێی دەنگی دەوێتو نە مەرجە شارەزایانی شەرعو یاساش ببنە ئەندامی دادگاكە، ئەوكات ئێمە وەك دەستەیەك لە راوێژكاران گفتوگۆی ئەو پرۆژەیەمان كرد هەستم كرد تەوافقێكی شیعی سوننی لەسەرە، بۆیە من زۆر بەحەماسەوە دژی وەستامو باسی ئەوەم كرد كە ئەوە پێچەوانەی دەقی ئاشكرای بڕگەی ۲ی مادەی ۹۲ی دەستورەو تەنانەت بەڵگەی ئەوەشم بۆ هێنانەوە كە بەپێی بڕیارێكی پێشووتری دادگای باڵای فیدراڵی كە پێشتر لەوەڵامی پرسیارێكی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سلیم الجبوری دابووی، ((بۆ هەر هەموارێك یاخود دەنگدان لەسەر هەمواری هەر بڕگەیەكی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی، مەرجە دەنگی دوولەسەر سێ هەبێت))، واتە بەپێی ئەو بڕیارەش بێت هەر هەموارێك نادەستورییە، ئەوكات پرۆژەكە بێدەنگەی لێكرا، تا ئەوە بوو لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، دووبارە ئەم بابەتەیان هێنایەوە پێش، بەتایبەت كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەپێی بڕگەی ۷ی ماددەی ۹۳ی دەستور پێویستی بە پەسەندكردنی دادگای باڵای فیدراڵی دەبێت، بۆیە ئەمجارە لەبری ئەوەی كورد سود لەو دەرفەتە ببینێتو بیكاتە مەرج یاساكە بەپێی دەستور دەربكرێتو شێوازی دەنگدانی بەوشێوەیە بوایە كە گرەنتی پاراستنی مافە دەستورییەكانی هەرێم بێت، بەپێچەوانەوە هات سازشی كردو ڕازی بوو بەوەی یاسای ژمارە ۲٥ی ساڵی ۲۰۲۱ی دادگای فیدراڵی بە نادەستورییو بەزۆرینەی ئاسایی تێپەڕێنرێتو پێكهاتەی دادگاكەو، شێوازی دەنگدانیش بەوشێوەیە بمێنێتەوە كە پێشتر هەبووە، لەبەرامبەریشدا دوو دادوەری كورد یەكێكیان پارتیو ئەوی تریان یەكێتی كاندیدیان بكاتو ببنە ئەندامی دادگاكە، و پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانیش دەنگیان پێدا.
واتە ئەوە پارتیو یەكێتی بوون كە ئەوكات زۆرینەی پەرلەمانتارانی كوردیان پێكدەهێنا وازیان لەو مافە دەستورییە هێناوە، و ئێستاش كاتێك گڕی ئاگرەكە گەیشتوەتە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان دادگاكە بە نادەستوری دادەنێن.