Draw Media

رزگاریخوازانی دوێنێ و ستەمكارانی ئەمڕۆ

رزگاریخوازانی دوێنێ و ستەمكارانی ئەمڕۆ

2022-03-04 05:47:22


 
سەرتیپ جەوهەر
بیستم هەفتەی داهاتوو بڕیارە لەچەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان خۆپێشاندان بكرێت، بەڵام جیاواز لەوانی دیكە، بەئاڵای عیراقەوە خەڵك بێنە سەر شەقام و داوای ماف و بەركەوتەی قانونی خۆیان بكەن لە موچەو بژێوی ژیانیان.
ئەم خۆپێشاندانەی خەڵك "ئەگەر بكرێت!" مێژوو یان بزوتنەوە چەكدارییەكانی كوردمان بیردەخاتەوە لەرابردوو كە سەرەتا لەژێر ناوی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی بوون، بەڵام دواتر گۆڕاون بۆ كانتۆناتی چەكداریی و سەرچاوەی بێزاریی و ئاڵۆزكردنی ژیان، خەڵك سەد خۆزگەیان بەكفن دز خواردووە.
من پێموایە لە رابردوو كورد هیچ شۆڕشێكی نەكردووە، چونكە هیچ گۆڕانێكی ریشەیی كۆمەڵایەتی دروستنەكردووە، بەڵكو ئەوەی هەبووە بزوتنەوەی چەكداریی بوون، تەنها پێشەواو سەركردەكانی ئەو بزوتنەوانە لێی سودمەند بوون. خەڵكە رەشوڕەتەكەش سۆتەك و قوربانی گەورەی ئەو بزوتنەوە چەكدارییانە بوون.

ئەگەر لەحوكمدارییەكەی مەلیك مەحمود (1918-1923) بپرسین دەبێ‌ چیرۆكی لەخەوما-ی جەمیل ساییب و شیعرەكانی حەمدی ساحێبقڕان بخوێنینەوە. گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و ستەمكارییەكانی حكومداری كوردستان شاعیرو نوسەرانی هێناوەتەگۆ. چیرۆك و شیعری ناڕەزاییان لەبارەی ئەو ستەمكاریی و پاشەگەردانیە نوسیوە.
شێخ لایەكی وڵاتەكەی لەسەرخۆی تاپۆكردووەو خزم و كەسوكارەكەی خۆشنود بوون و ئەویدیكە قوڕبەسەر. وەك ئەوانەی ئێستا دەیویست ببێت بە رابەری نەتەوەیی و سەرمەشقی سەربەخۆیی، كەچی لەژێر سایەو سێبەری حوكمڕانیەكەی ناعەدالەتی و گەندەڵی خەڵكی كوێر كردبوو! بۆیە كە ئینگلیز هات خەڵكێكی زۆر لەرقی حوكمدارییە خراپەكەی شێخ هاوكاری ئینگلیزیان كرد.
لەكۆمارەكەی قازی محەمەد دا لەنێوان 1945 بۆ كۆتایی 1946 بەشێك لەفەرماندە سەربازییەكان لەپای گەندەڵیی و چەوساندنەوەی خەڵك، خۆیان و خزم و كەسوكارەكانیان زۆر دەوڵەمەند بوون، لەوە خراپتر، لەهەندێ ناوچە گوشارێكی زۆریان لەسەر خەڵكی ناوچەكان دەكردو هێزەكانیان لەسەر حیسابی خەڵك دەژیان و پارەیان كۆدەكردەوە. لەهەندێ ناوچە فەرماندەكان خەڵكیان بەند دەكردو پارەیان لێوەردەگرتن و دەستیان بەسەر زەوی و زارەكانیاندا دەگرت!! هەربۆیە بۆیە لەگەڵ پەلاماری محەمەد رەزا شا بۆ روخاندنی كۆماری مهاباد، بەشێك لەخەڵكی ناوچەكان لەبری مقاوەمەت، هاوكاری رژێمی شای ئێرانیان كرد، بۆنمونە لە (سەقز و دەوروبەری) چونكە بێزاربوون لەئیدارەدان و هەڵسوكەوتی فەرماندەكانی سوپای كۆمارەكەی قازی محەمەد.
لەماوەی بزوتنەوەی چەكداریی ئەیلولدا، لەسەرەتا تا ناوەڕاستی حەفتاكانی رابردوو (1970 – 1975) بەشێك لەفەرماندەو كاربەدەستانی كورد لەشارەكانی كوردستان ببونە ئاگر بەگژ خەڵكیدا دەچوونەوە، جگە لەكوشتن و دەست بەسەرداگرتنی زەوی و زاری خەڵك، قاچاخچێتی ماددە بێهۆشكەرەكانیشیان دەكرد! ئەمە ببوە جێی ناڕەزایی و بێزاری خەڵك، بەجۆرێك وەك جەرجیس فەتحوڵڵا كە كەسایەتییەكی دیاریی ئەو بزوتنەوەیە بوو، دەڵێت لەگەڵ پەلاماری رژێمی بەعس بۆسەر ئامێدی، لەبری مقاوەمەت و بەرگریكردن لەشارەكە لەبەرامبەر سوپای داگیركەر، خەڵك بەهەلهەلەو چەپڵە رێزان پێشوازییان لە هێزی رژێمی بەعس كرد.
لەناوەڕاستی هەشتاكانی رابردوو لەسەر رێگەی هەولێر مەخمور لەنزیك گوندی پیرداود، سەڵاح شینە و مەفرەزەكەی كە دواتر تەسلیمی رژێم بویەوەو كۆمەڵێك پێشمەرگەی شەهید كرد، رێگە بەئۆتۆمبێلێك دەگرن ژن و پیاوێكی عەرەب و دوو منداڵیان دەبن. بۆ خاتری دزینی ئۆتۆمبێلەكە، ژن و پیاوەكە لەسەرجادەكە دەكوژن و هەردوو منداڵەكانیان كە چەند ساڵێك بوو تەمەنیان بەسەر تەرمی دایەو بابەیان هاواریان دەگەیشتە كەشكەڵانی ئاسمان.
ئەوەی سەرەوە كە باسی دەكەم دیوی هەقیقیەكەی بزوتنەوەی سیاسی و چەكداریی كورد بووە كە لەبەر هەرهۆكارێك بێت لەنەوەی نوێ‌ دەشاردرێتەوە یان ناخوازرێ بزانرێت! ئەوەی ئێستا دەیبینین لەحوكمڕانیی كوردستان درێژكراوەی ئەو مێژوویە كە بەهەموو شێوەیەك دەیانەوێ‌ ماكیاژی بكەن و رەنگورووی جوان بكەن.
ئێستاش بەهۆی ئەو زوڵم و ستەمكاریی و ناعەدالەتییەی حوكمڕانی كورد لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی رابردوو! بەهۆی ئەغزكردنی بژێوی و ژیان و موقەدەراتی ئەم میللەتە، خەڵك لەداهاتووی خۆی پەشیمانبۆتەوەو لەبری هەوڵدان بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی و ئەو ئامانجەی كە بزوتنەوە چەكدارییەكانی كورد وەك دروشم بەرزیان كردۆتەوە، ئێستا خەڵك بەئاڵای عیراقەوە خۆپێشاندان دەكات!
لەچەند ساڵی رابردووش، خەڵك هیوای سەرە ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت كاك نەوشیروان هەڵچنی بوو، كەچی بەر لە وەفاتی گردەكەو موڵك و ماڵی بەهاسان وەدەستهاتی لەسەر كوڕو كچەكانی تاپۆكرد! هەموو خەڵكی لەئۆپۆزسیۆن بوون بێئومید كرد.
ئەم دیمەنە، گەلێك تراژیدیە! میللەتێك سەدان هەزار شەهید و قوربانی لەرێگەی رزگاریی نیشتیمانیی دابێت، كەچی ئێستا بەهۆی خراپی حوكمڕانیی و ئەو حوكمڕانانە سەد خۆزگە بەحوكمڕانیی داگیركەران بخوازێت؟
ئەمە پرسیارێكە وڵامەكەی لای ئێمە نییە، بەڵكو لای ئەوانەیە كە لەیەك مانگدا بای یەك تریلیۆن و نیو نەوتیان فرۆشتووە، كەچی تەنها لە 40% بۆ ئەم خەڵكەیەو ئەویدیكەی دیزەبەدەرخۆنە دەكرێت!
ئێستا بەهەموو شێوەیەك و بەو هەموو ماكینە ئیعلامییەی بەردەستیانەو بەپارەی ئەم میللەتە تەغزیەیان دەكەن، وەك چومسكی دەڵێت دەیانەوێ‌ هەقیقەتمان لێ‌ ئاوەژوو بكەنەوەو ستەمكارمان بۆ بكەنە فریاد رەس، دزو گەندەڵكارانمان بۆ بكەنە حاتەمی تائی! ئەوەی ئێستا دەیبینین دوبارەبونەوەی ئەو مێژووەیە كە ئێستا بەرەبەرە بەشێك لە راستییەكانی دەخرێتە روو، ئەو جوانیەی خەڵك قوربانی بۆ دەدا، ئێستا شەهیدەكان زیندوو بونایە بەدڵنیاییەوە تێگەیشتنێكی دیكەیان دەبوو، خۆیان نەدەكردە قوربانیی حوكمڕانییەك كە ئێستا جگە لەكوڕو كچ و كەسوكاری بەرپرسان، كەسی دیكە لەژێر سایەی ئیسراحەتی نەكردووە.
هەقیقەتێكی تاڵە كە جگە لەكەمینەیەك كە ناكرێت لە قوربانیدان و لەخۆبردوییان بۆ مێژووی كوردستان نادیدەیان بگرین، ئەوەی دیكە كە ئێستا دەیانبینین ئەو سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیانەی ئێستا كە مەگەر نەوەی نوێ‌ بزانێ چ رەنگوڕوێكی ناشرینیان هەیە! هەموویان بوونەتە مەڵتی ملیاردێر، ئێستاو داهاتوویان لەم میللەتە ئەغز كردووە. كچ و كوڕو كەسوكارەكانیان بوونەتە فیرعەون و دەستیان بەسەر چارەنوس و موقەدەراتی ئەم نیشتیمانەدا گرتووە.
ئەوەی دەیبینین مێژووە راستەقینەكەی سەركردایەتی سیاسی كوردستانە، گەندەڵیی و ستەمكارییان زۆر لەوە زیاترە باسی بكەین، عەرەب وتەنی (ماخفي كان اعظم). بەدڵنیاییەوە هەقیقەتی ئەو مێژووە نافەوتێت. ئەگەر جاران مێژوونوسان و بەشێك لەسیاسیەكان لەیاداشتەكانیاندا مێژوویان تۆماردەكرد، ئەوا ئێستا هەموو تاكێكی كۆمەڵگا بەدەنگ و رەنگ دەتوانێت ئەم مێژووە تۆماربكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand