خوێنی ئۆكرانیەكان وگازی روسیا
2022-03-03 14:47:44
د. كامەران مەنتك
1\ 3\2022
گومانی تیا نیە، كە گەلی ئۆكرانیا زەرەمەندی یەكەمە لەو شەڕەی دایساوە، ئەوان خوێنیان دەڕژێ وئازارەكان دەچێژن ودەربەدەر دەبن وماڵیان وێران دەبێت، ئەوە كرۆكی ئەو شەڕەیە، كە میدیاكان دەیڕازێننەوە وبەشان وباڵی هەڵدەدەن، ئەو شەڕە نەگریسە لەبەرژەوەندی هەموو كەسێك دا بێت لەبەرژەوەندی گەلی ئۆكرانیا نییە، ئەو فرمێسكەی رۆژئاواییەكان بۆ گەلی ئۆكرانیای دەڕێژن فرمێسكێكی تیمساحیە، لەسەرەوە بۆی دەگریەن ولەژێرەوە ئاگرەكەی خۆش دەكەن!. ئەوان هانی ئەو شەڕە دەدەن، بۆئەوەی بارزگانی وماشێنی پیشەسازی شەڕی ئەوان باشتر وەرچەرخێت، ئەوان چەك دەدەنە خەڵكی ئۆكرانیا، یارمەتی داراییان دەدەن، بۆئەوەی لەپەنای بەرگری لە نیشتمانەوە باشتر بكوژرێن وباشتر بكوژن، گەرمكردنی ئاگری ئەو شەڕە لەلایەن میدیاكانی رۆژئاواوە، تەنیا بۆئەوەیە شەڕەكە زیاتر بكێشێت وبەرژەوەندیە داراییەكانی ئەوانیش باشتر مسۆگەر بێت وقازانجی زیاتر بەدەست بێنن.
ئەوەی جێگای سەرسامیە سەرباری ئەوەی خەریكە شەڕ هەموو خاكی ئۆكرانیا دەگرێتەوەو رۆژ بەرۆژ رووبەڕەكەی فراوانتر دەبێت وخەریكە تەڕو وشك بەیەكەوە بسووتێنێت، كەچی هیچ بەرژەوەندیەكی بازرگانانی شەڕ، بازرگانە ئەوروپیەكان نەكەوتۆتە مەترسیەوە، تاوەكو ئێستا ژێرخانی ئابووری ئۆكرانیا بەهەموو شێوەیەك خاپوور دەكرێت، تەنیا ئەو بۆڕیانە نەبێت، كە گازی روسی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەگوازێتەوە، بەرژەوەندی روس وئەوروپیەكان لە پاراستنی ئەو بۆڕیە گازانە یەكدەگرێتەوە، ئەگەر روسیا شەپۆڵی گازی خۆی بۆ ئەوروپا رابگرێت، ئەو كاتە پیشەسازی وبازرگانی وتەنانەت ژیانیش لەئەوروپا زەرەمەند دەبێت، ئەگەر ئەوروپاش چیتر گازی روسیا نەكڕێت، ئەوە گەورەترین سەرچاوەی دارایی روسیا وشك دەبێت ورەنگ بێت ببێتە هۆكارێك بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە هەردوو لاباسی هەموو شتێك دەكەن، باسی ناردنی بۆمب وتانك وپارەو هەموو شتێك دەكەن، بەڵام هەرگیز خۆیان لەقەرەی باسی بۆڕیە گازەكان نادەن، ئەوەیە بێ ئەخلاقی ئەوەی پێی دەڵێن زلهێزەكان وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دەبوایە سیاسەتمەدارەكانی ئۆكرانیا زوو دركیان بەو راستیە بكردبوایە، هەرچەندە رەنگ بێت وەك سیاسیەكانی لای خۆمان دركیشیان پێكردبێت وبەڵام ئەوانیش ئیرادەیان لەدەست خۆیان نەبووبێت، یاخود نەمابێت!.