ئەوروپا لە جەنگ دەترسێ!
.gif)
2022-03-04 19:44:47
شوان سدیق
جەنگەکە هاتۆتە پێش ماڵیان جەنگێک هەموان پێیانوایە بەئاسانی لێی دەرناچن، پێویستی بەوریایەکی زۆر هەیە لەلایەکی دیکەیش ئەوروپا لەم سەردەمەی ئێستە بەئاسانی بە یەک گوتار بەشداری پرسەکان ناکەن، بەڵکو ئەوە ئەمریکایە بەناوی ئەوروپایشەوە قسان دەکاو ئەوروپایش ملکەچ دەبێ.
سەرۆک جۆبایدن، ئەمریکاییەکان دڵنیا دەکاتەوە پارێزراون لە هەر جەنگێک گەر رووبدات.
بەڵام ئەوروپیەکان وەکو ئەمریکاییەکان نین، ئەوان نزیکن لە جەنگەکەو زۆر دەترسێن، بۆنموونە رۆژی هەیینی ٤ی ئادار سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ماریۆ دراگی، هێرشی رووسیا بۆ سەر بنکەی ئەتۆمیی (زاپۆریژیا) لە ئۆکرانیا بە مەترسی ناوبرد بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ئەوروپا. دراگی داوای لە وڵێتانی ئەوروپا کرد هەڵوێستی جدی و یەکگرتوویان لەبەرامبەر رووسیا هەبێ!
مەترسی دروستبوونی شەڕ لە نێوان بەرەی رووسیاو لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا وایکردوە، قسەو باسی گشتی و مێدیا، باس و خواستەکان، تەنیا (پۆتین)ی سەرۆکی ڕووسیا بێ، مێدیای ڕۆژئاوا گەڕاونەتەوە بۆ خاڵی کۆتایی و کار لەسەر بەدێوەزمە نیشاندانی ڕووسیا دەکەن لەسەر ئاسایشی وڵات و وەک ھاوپەیمانی ئۆکراینیا خۆیان دەناسێنن و شینی بۆ دەگێڕن!
شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکراینیاو گەلەکۆمەی ڕۆژئاواییەکان لە دژی ڕووسیا تەنیا سیاسیەکانی نەگرتۆتەوە، مێدیا، شەقام، ناوەندەکانی ئەکادیمی ھەموویان پێکەوە دروشم لە دژی ڕووسیا دەڵێنەوە.
تا مانگێک پێش ئێستە باسی شەقام کرۆناو کارگەرییەکانی بوو لەسەر ئابووری گشتی بەڵام ئەوڕۆکە هەمووی پێچەوانە بوونەتەوە.
بیرت بۆ ئەوە دەچێ ھیچ کات وەکو ئێستە خەڵک باسی سیاسەت و جەنگی نەکردوە، ئەو ھەموو جەنگە بەرۆکی عێراق، سوریاو ئەفغانستانی گرت لە ئاستی کۆمەڵگە خەڵکی گرینگیان پێنەدا.
بەڵام ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینیا کۆمەڵگەو شەقامی بەتەواوەتی ھێناوەتە قسەو ھەموان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێن ئایا تووشی شەڕێکی جیھانی دەبین؟!
دیارە دروستکردنی ئەم ڕای گشتیە مێدیاکانن، ئێستە سەرنجی تەواوی مێدیاکان دەدەی بێلایەن نین ڕووسیا وەک ھەڕەشەکار بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژئاوا نیشان دەدەن، پێیانوایە ڕۆژئاوا لە بەردەم ئالانگاریەکی گەورەدایە.
شەقام وا تێگەیشتووە شەڕێکی ھاوشێوەی جەنگەکانی جیھانی لە ئانوساتدایە ئەمەیش ئەوان گوتەنی ڕووسیا لێی بەرپرسە.
جگە لەوەیش ڕۆژئاواییەکان ترسیان لە ھەڵئاوسان و گرانی بازاڕ ھەیە ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی خەڵک.
لەم ڕۆژانە، پرۆفیسۆرێکمان باسی مۆدێرنەو پرۆسێسی دیموکراسی دەکرد بەتایبەت لە قۆناخی ئێستە.
من چاوەڕوانبووم نموونەی مۆسۆلینی و ھیتلەر بهێنێتەوە کە چۆن لە مپەرێکبوون لەبەردەم گەشەی ئەوروپاو ھەنگاونان بەرەو ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری.
کەچی پرۆفیسۆر باسی پۆتینی کرد "ئەوەتا پۆتین ھەڕەشەیە لەسەر مۆدێنەو پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە ڕۆژئاوا.
گومان لە دیکتاتۆریەتی پۆتین نییەو خۆیشیی ئەوەی نەشاردۆتەوە، بەڵام قسە لەسەر سیاسەتی ئێستەی رۆژئاوایە پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ تەواوی کۆمەڵگە لەبەرەیەکدان.
بۆ پرسی کۆرۆنا و ڤاکسین ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز هەبوو شەقامی دەجووڵاند بەڵام جەنگی رووسیاو ئۆکراینیا تەواوی کۆمەڵگەی یەکخستووە، مێدیا رۆڵی دەوڵەت دەگێڕێ کەمترین گوتاری جیاوازی تێدا بەدی دەکرێ تۆ ئێستە لە رۆژئاوا ئەوەندەی زانیاریت لەسەر مێدیای ئۆکرانی و مێدیاکاری رۆژئاوایی نێو ئۆکرانیا دەستدەکەوێ کەمترین زانیاری دەزانی لە مێدیای رووسی و گوتاری رووسیا.
جیاوازی ئەم سەردەمەی ئێستەی رۆژئاوا بەراورد بە سەردەمی پرسەکانی دیکە ئەوەیە ئۆپۆزیسیۆنی نییە، یان ئەوەتا دژی رووسیایە یان داوای ئاشتی و نابۆ شەڕ دەکات!
بەڵام گوتاری پشتکردن لە ئەمریکاو یەک گوتاری رۆژئاواییەکان هەست پێ ناکەی ئەمە دەلالەتی ئەوەیە گوتاری گشتی رۆژئاوا گوتارێکی ئەمریکیانەیەو تەنیا رووسیا لەبەرەیەکدایە.
بەپێچەوانەی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم، لە جەنگی جیهانی دووەم رووسیا هاوشانی ئەمریکا بوو لە دژی هاوپەیمانێتی ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو رۆمانیا، بولگاریاو مەجەر ئەو جەنگە ساڵی ١٩٣٨ ماوەی نزیکەی شەش ساڵی خایاند جەنگێک کەس هیوای دووبارەبوونەوەی بۆ ناخوازێ تەنیا دیکتاتۆرەکان نەبێ!
زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان/ئیتالیا
