شادمان مەلا حەسەن ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە بەم جوگرافیەی ئێستایەوە ساڵی 1920 لەلایەن به‌ریتانیاوە دامەزرا. پێش ئەوە دەوڵەتێك نەبوو بەناوی عێراق. بەڵكو خاكێك هەبوو بەناوی عێراق. لەهەمان كاتدا هیچ دەوڵەت و ئەمارەت و ویلایەتێكیش نەبوو بەناوی كوردستان و سوننەستان و شیعەستان. ئەوەی هەبوو بۆ ماوەی چەند سەد ساڵێك ویلایەتەكانی بەغداو بەسراو موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بوو. دەوڵەتی عوسمانی لەجەنگی جیهانی یەكەم (1914_1918) ئەم سەرزەمینەی دۆڕاند. به‌ریتانیا ئەم دەوڵەتەی دروستكرد‌و پاشایەكی لە حیجاز بۆ هێنا. دەیان كەس لە كورد‌و عەرەب بەهەردوو مەزهەبی شیعەو سوننەو توركمان و مەسیحی و جولەكە بەشداربوون لە بنیادنانی ئەم عێراقە. ئەگەر بەراووردی ژیان و گوزەران و پێشكەوتنی ئەم سەرزەمینە بكەین لەگەل سەردەمی عوسمانی و سەردەمی به‌ریتانی جیاوازی زۆر هەیە لە هەموو بوارەكان. لەوانەیە ئەگەر جەنگ نەبوایەو ئەم ناوچەیە هەر لەژێر دەستی عوسمانییەكان بمابایەوە، ئەوەی لەساڵی 1920كان پێیگەیشت لەسایەی عوسمانی لەساڵی 1940كان پێیدەگەیشت. بۆیە دەوڵەتەكە زۆر باشتر بوو لەوەی پێشتر بۆ خەڵك. ئەگەر ئەوێ رۆژێ كورد نەیتوانی مافی خۆی بەتەواوی لەم دەوڵەتە بچەسپێنێ. خۆ ئەم دەوڵەتە تازەی كە ئێستا هەیە ساڵی 2003 ئەمەریكاو به‌ریتانیا هاتن و بەزەبری هێز رژێمی بەعسیان روخاند، ئەو خەڵكە پەڕاگەندەی دەرەوەیان هەموو هێناوە كردنیان بەسەركردەو سەردارو دەمڕاستی ئەم وڵاتە. دەستورێكی تازەیان بۆی نووسیووە. كورد ئەوەی هەیبوو لەم دەستورە جێگیری كرد. كەچی ئەوە ئێستا هەر كوردە لێی هەڵگەڕاوەتەوە (كە دەلێم كورد مەبەستم ئەو بەناو سەركردە سیاسییە بازرگانانەیە كە حەفتا ساڵە خەڵك بەكوشت دەدەن و بازرگانی بەناوی دۆزی كوردەوە دەكەن). كورد رۆژەك بەناوی ئابووری سەربەخۆ شەڕ بە عێراق دەفرۆشێ خۆیان فول دەبن و میللەتەكەیان زەلیل و گیرفان بەتال دەكەن. رۆژێك بەناوی سەربەخۆیی ریفراندۆم دەكەن و ناگەڕێنەوە عێراق و پاشان شەڕ لەسەر هەرچی پۆستی عێراقی هەیە دەكەن. هەر رۆژەی بیانوێك بە عێراق دەگرن و دروشمی بریقەداری بێ بەرهەمیش بۆ میللەت رادەگەێنن. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە خەڵك و كەسانی دەستەبژێر لە پەیوەندیدا بن و ئەم تەلیسمە بشكێننن كەوا ئەم دروشمە بەتاڵانە جگە لە زیان هیچی تری بۆ كورد پێ نییە. واقع و قەدەر ئێمەی وایكردووە لەچوارچێوەی ئەم وڵاتەدا بین. بۆیە دەبێ بەئاشكرا عێراقیبوونی خۆمان رابگەێنین. ئەگەر مەسەلە مافی نەتەوەیمانە ئەوە هیچ كەس تازە ناتوانێ نكۆلی لە بوون و ناسنامەو مافمان بكات. چونكە هەمووی لە دەستور جێگیركراوە. كاتی ئەوە هاتووە هەموو عێراقییەكان كار بۆ عێراقێكی پێكەوەیی و خۆشگوزەران بكەن و دروشمی بازرگانە سیاسییەكان بەتاڵ بكەنەوە كەوا بەناوی مەزهەب و ئاین و نەتەوە دەیكەن. هەركات ئاشتی باڵی بەسەر عێراقدا كێشابێت خەڵك لە خۆشگوزەرانیدا بووە. كورد ئەوەی ئێستا بە ئاشتی بۆی دەكرێ هەرگیز بەشەڕ بۆی ناكرێ. هەرگیزیش كوردستان نابێتە ئەو هێزەی، عێراق بە زەبری هێز پاشەكشە پێ بكات. ئەمە واقعێكی مێژوویی و جوگرافی و دیمۆگرافی و سیاسییە .نەوەك خەیاڵ پڵاوییەكی بەتاڵی بازرگانێكی سیاسی.
تانیا تاهیر کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر سیسته‌می فیدراڵى و جیاوازى له‌گه‌ڵ سیسته‌مى کۆنفیدراڵى کاتێک قسه له‌سه‌ر سیسته‌مى فیدراڵى ده‌که‌ین و خوێندنه‌وه بۆ مێژووه‌که‌ى ده‌بینین که سیسته‌مى فیدراڵى مێژوویه‌کى زۆرکۆنى هه‌یه، که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى یۆَنانى کۆن (ئیغریقیه‌کان). ئاره‌زووى کۆمه‌ڵگا کۆنه‌کانى یۆنان بۆڕێککه‌وتن و ته‌بایى ، به‌مه‌به‌ستى به‌رگرى گشتى و به‌ره‌و پێش بردنى مه‌سه‌له‌یه‌کى سروشتى یه ، وه گومان له‌وه‌دا نیه که شاره کۆنه‌کانى یۆنان له ئاستێکى شایسته‌دا بوون له‌بوارى شارستانى و پێشکه‌وتنه‌وه ، که له ووڵاته‌که‌یاندا هه‌بووه ، وه له‌م شارانه‌دا هه‌ردوو لایه‌نى تیۆرى و پراکتیکى فیدراڵى ده‌رکه‌وتووه. بۆیه یاساناس خوزیه (joshi)ده‌ڵێ:"سیسته‌مى فیدراڵى بیرۆکه‌یه‌کى زۆر کۆنه ، که ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ مێژووى کۆنى یۆنانیه‌کان، وه ئه‌م سیسته‌مه تاڕاده‌یه‌کى زور له دوو سه‌ده‌ى ڕابردوودا بڵاو بۆوه ، واتا سیسته‌مى فیدراڵى ئه‌نجامێکه له ئه‌نجامه‌کانى پێشکه‌وتنى مێژوویى". وه له ((هندستان)) ى کۆنیشدا ، ئه‌م بیرۆکه‌یه زۆر بڵاو بووه . ده‌وڵه‌ته‌که‌یان ، له‌چه‌ند ووڵاتێکى تێکه‌ڵاوى (فیوداڵى – فیدراڵى) یه‌کێتى شار‌و هه‌رێمه‌کان پێکهاتبوو، وه‌ک virat) ،soptajanah، (panehjauanth هه‌روه‌ها د.محه‌مه‌د عومه‌ر مه‌ولوود له کتێبی الفیدرالیه والدیمقراگیه للعراق ده‌ڵێ: له سه‌ده‌ى سیازدهى زایینی‌دا یه‌کگرتوویه‌کى دیکه به‌رپابوو ئه‌ویش یه‌کگرتووى (hanseatic) هانسیاتکى ئه‌ڵمانى بوو ، بۆشاره باکوورهکانى ئه‌ڵمانیا . ئه‌و یه‌کگرتووه به‌هۆى ته‌مه‌ن درێژیه‌وه له ئاستێکى باش‌دا بوو. به ڵام ڕۆڵى ئه‌و یه‌کگرتووه ڕووى له لاوازى و که‌مبوونه‌وه کرد هه‌تا گه‌یشته ئه‌وه‌ى له سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌هه‌م نه‌مێنێت، به‌هۆى پاڵه‌په‌ستۆى زلهێزه‌کان و ئه‌و جه‌نگانه‌ى که ڕووبه‌ڕووى بوونه‌وه . به‌ڵام هه‌ندێ له مێژوونووسان و یاساناسان پێیان وایه ، که یه‌که‌م سیسته‌مى فیدراڵى دۆکیومێنتکراو زیاد له ((3200)) سێ هه‌زارو دوو سه‌دساڵ له مه‌وبه‌ر ، له‌نێوان خێڵه‌کانى ئیسرائیل دا هاته دونیاوه. پێده‌چێت ، له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌م ڕایه وه‌رگیرابێت که‌له (سیسته‌مه ئیسرائیلیه‌کان ) دا، یه‌کێتى قه‌بیله‌کان هه‌بووه، هه‌روه‌ها وه‌سفى فیدراڵى ئیسرائیلین کردووه به ((یه‌کێتى پیرۆز)) ، به‌پیى ئه‌م واتایه ده‌توانین بڵێین یه‌کێتى ئهرکیوس به هه‌مان شێوه‌ى سیسته‌مى فیدراڵى بووه ، به هه‌بوونى به‌رگرى سه‌ربازى و دیینى و یاسایشه‌وه. د.محمدشافعیش باس له مێژووى دروست بوونى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ده‌کات و ئاماژه به‌بوونى سیسته‌مى فیدراڵى ده‌کات، له سه‌رده‌مى دروست بوونى ئیسلامیشدا ئه‌م سیسته‌مه له‌سه‌رده‌مى ئیسلامیشدا به‌کرده‌وه هه‌بووه ، جگه له‌وه‌ى نێوه‌ندێکى ده‌سه‌ڵاتى ڕامیارى و سوپایى ، ده‌وڵه‌تى یه‌کگرتووى ئیسلامى هه‌بووه. هه‌ر ووڵاتێ له‌ژێر سایه‌ى ده‌وڵه‌تى ئیسلامدا بووبێ ، به فه‌رمانى گه‌وره‌ى موسوڵمانان فهرمانڕوایهکى تایبه‌تیان له نێوه‌نده‌وه بۆ دیاریکردووه ، ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌ش به‌ناوى "جێ‌نشین " ى موسوڵمانانه‌وه ، فه‌رمانڕه‌وایى ووڵاته‌که‌ى کردووه. له باره‌ى سه‌لماندنى بوونى سیسته‌مى فیدراڵى له سه‌رده‌مى ئیسلامدا ، د. حسێن موئنس ده‌ڵێ:"ده‌وڵه‌تێکى فیدراڵییان جێگیر کرد ، که ده‌ستووره ناوه‌ندیه‌که‌ى قورئانى پیرۆزه بوو..."، هه‌ندێک له‌مێژوو نوسانیش ڕایان وایه له کوردستانیشدا هه‌موو ئه‌و میرنشینه بچوک بچوکه فیوداڵیانهى له پێش و له پاش جه‌نگى (چاڵدێران) دامه‌زرابوون ، هه‌رهه‌موویان به‌شێوه‌ى فیدراڵى بوون . ڕه‌نگه ئه‌م بۆچونه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبێت که میرنشینه کوردیه‌کان به‌شێوه‌ى حکومه‌تى بچوککراوه بون، وه به‌هۆى ئه‌و جه‌مسه‌رگیرییه‌ى له‌دواى شه‌ڕى چاڵدیران هاته‌کایه‌وه ، گه‌لى کوردى له‌ڕووى سیاسیه‌وه دابه‌شکرد به‌سه‌ر عوسمانیه‌کان و صهفهوییهکاندا و نه‌یهێشت کورد ببێته خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ و له‌هه‌مان کاتیش‌دا نه‌یانتوانى بیکه‌نه به‌شێکى ڕاسته‌قینه له ده‌وڵه‌تى عوسمانى یان صه‌فه‌وى . هه‌ر بۆیه مێژوونووسى گه‌ورى کورد (عه‌لائه‌دین سه‌جادى) به درێژى باس له میژووى میرنشینه بچوکه فیوداڵیهکانى کورد ده‌کات و ده‌ڵێ : له‌سه‌ده‌ى شانزه‌یه‌مدا ، له ئه‌نجامى ئه‌و شه‌ڕه‌ى که له نێوان فارسه‌کان و عوسمانیه‌کاندا له (1514)ز، له (چاڵدێران) ڕوویدا ، کوردیش که‌وته ناو ئه‌و دوو به‌ره‌کیه‌وه ، بۆیه که‌سێک به‌ناوى (حه‌کیمى به‌دلیسى – مه‌لا ئیدریسى به‌دلیسى) که‌وته مه‌یدانى سیاسه‌ت و توانى ئه‌و (23) بیست و سێ ئه‌ماره‌ته کوردیه‌ى که هه‌بوون ، واتا له دیاربه‌کره‌وه تا موسڵ، بیکات به وێنه‌یه‌کى فیدراڵیى و پاڵى دا به ده‌وڵه‌تى عوسمانیه‌وه . به‌ڵام به بۆچوونى ئێمه، ئه‌گه‌ر به‌راوردێکى وورد بکه‌ین له نێوان تایبه‌تمه‌ندیه‌کانى سیسته‌مى فیدراڵى و ئه‌و ڕێکخستنه‌ى که ئه‌ماره‌ته کوردیه‌کانى کۆکردبۆوه، ناتوانین وه‌سفى فیدراڵى بده‌ینه پاڵ ئه‌و (23) ئه‌ماره‌ته، چونکه جیاوازى زۆر هه‌یه له شێوه‌و پێکهاتنى ئه‌و ئهمارهتانهو چۆنیه‌تى ڕێکخستنیان له پاڵ ده‌وڵه‌تى عوسمانی‌دا، له به‌رامبه‌ر سیسته‌مى فیدراڵیدا. جگه له‌مه‌ش دروستبوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى به بڕیارێکى سیاسى یاخود بڕیارێکى تاکه‌که‌سى دروست نه‌بووه، به‌ڵکو له ئه‌نجامى گه‌شه‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنى مێژووى ووڵاتان دروستبووه که درهنجامهکهشى ده‌بێته ده‌ستورێکى فیدراڵى . رووداوه مێژوویــیه‌کان بۆیان دهرخســـتین که ده‌وڵه‌تى فیدراڵ له کۆنــهوه بوونى هه‌بووه ، به‌ڵام ئــه‌و فیدراڵیه‌ته‌ى ئێمه باسى ده‌که‌ین بهشـــێوهیهکى یاسایى و ڕامیارى ڕێکخراو له سه‌رده‌مى ئهمــڕۆدا ، ( ده‌گــه‌ڕێته‌وه بۆ بهســـــتنى کۆنگره‌ى فلادلفیا له‌ساڵى (1787) ز ، که له ووڵاته یه کگرتووهکانى ئه‌مــــریکا بهســـتراوه ) . پاش شۆڕشى ئه‌مریکى ویلایه‌ته سه‌ربه‌خۆ نوێکان له‌ساڵى (1781) ز، دا کۆنفیدراڵیزمێکیان پێکهێنا، به‌ڵام که‌م و کورتیه‌کانى بووه هۆى گۆڕان و دوایى بووه هۆى مۆرکردنى په‌یماننامه‌ى فلادلفیا . وه ئه‌نجومه‌نێکیان پێکهێنا ، به‌ناوى ( ئه‌نجومه‌نى بنیاتنان ) که هه‌ستا به دانانى ده‌ستوور، (دیڤیدبوند هایمه‌ر) ده‌ڵێ : یه‌کێک له‌و کێشانه‌ى ڕووبه‌ڕووى کۆنگره ده‌ستووریه‌که بویه‌وه ،ئه‌وه بوو ، چۆن سنوورێک بۆ دهسهڵایى حکومه‌تى ناوه‌ندى دابنرێت وه له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌سه‌ڵاتى پێبدرێت که بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌یى پێویست بێت ، بۆیه دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر دوو ئاستى حکومه‌ت، حکومه‌تى نیشتمانى و حکومه‌تى ویلایه‌ته‌کان پێشنیاز کرا. ئه‌مه‌ش وایکرد، که بیرۆکه‌ى یه‌که‌مین ده‌ستوورى فیدراڵى دابنرێت و هه‌موو خاسیه‌ته یاساییه‌کانى سیسته‌مى فیدراڵیشى تیا ده‌رکه‌وت. دوایى سه‌رکه‌وتنى سیسته‌مى فیدراڵى له ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا زۆربه‌ى ووڵاتانى دونیا سوودیان له‌م جۆره فیدراڵیه‌ته‌ى ئه‌مریکا وه‌رگرت ، تا ڕاده‌یه‌کى زۆر ئه‌توانین بڵێین لاسایى ئه‌زموونى ئه‌مریکایان کرده‌وه . چهمــــــکى فیـــــدراڵــى . دوو زاراوه له‌م بواره دا هه‌ن که زۆر به‌کاردێن ، ئه‌وانیش فیدراڵیه‌ت (federalism)و به فیدراڵى بوون یاخود یه‌کگرتووى فیدراڵى (federation) ، زاراوه‌ى فیدراڵیه‌ت ( فیدڕڵیزم –federalism ) له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ووشه‌ى(foedus)ى لاتینى یه‌وه ، وه‌رگیراوه . واتا په‌یماننامه یان ڕێککه‌وتن ده‌گه‌یه‌نێ، که ئه‌م ووشه‌یه لایه‌نى فه‌لسه‌فى و ئایدۆلۆجیه‌که‌ى ده‌گرێته‌وه ، کهمهبهستیش له‌م ووشه‌یه برهنسیپى فیدراڵیه. وه له ئه‌نسکلۆپیدیاى زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه کردووه که ووشه‌ى (federation) چوار ماناى ته‌م و مژاوى هه‌یه ، که بریتین له:- "هاوپه‌یمانیه تى .(Alliance) کۆمه‌ڵه (League).کۆنفدراسیۆن ( (Confederation . یه‌کێتى – فیدراڵ federation) ) "، وه یاساناس (مارسیل.بریلۆ) پێناسه‌ى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى کردووه، که (یه‌کێتى نێوان ده‌وڵه‌تانه، ملکه‌چى به‌شى (جزئى) یه‌ک ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندین له ده‌وڵه‌تى فیدراڵ‌دا، وه پارێزگارى له به‌شێک له سه‌ربه‌خۆیى ده‌ستوورى و کارگێڕى و دادوه‌رى خۆیان ده‌که‌ن) هه‌روه‌ها له کتێبى (النظریه العامه فی القانون الدستوری و النظام الدستوری فی العراق) پێناسه‌ى سیسته‌مى فیدراڵى کردووه که (یه‌کێتى ناوه‌ندیه، له نێوان چه‌ند ده‌وڵه‌تێک، هه‌ر یه‌ک له ده‌وڵه‌ته‌کان به گوێره‌ى ده‌ستوورى فیدراڵى واز له به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتى ناوخۆیى و سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى خۆیان ده‌هێنن بۆ که‌سێتیه‌کى یاسایى نوێ، به ناوى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى. ڕێگاکانى دروست بوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ، به‌شێوه‌یه‌کى گشتى، ده‌وڵه‌تى فیدراڵى به دوو ڕێگا دروست ده‌بێت : - یه‌که‌م : یه‌کێتى به پێکه‌وه نوسان (الچم) . چه‌ند ده‌وڵه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ یه‌کده‌گرن، یاخود ده‌چنه ناو یه‌کترى، یه‌ک ده‌وڵه‌ت، که‌له هه‌موو ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان به‌رزتره، داده‌مه‌زرێنن . وه ئه‌مه‌ش ڕێچکه‌یه‌کى ئاساییه و زۆر کارى پێکراوه بۆ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ. نمونه‌ى ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌ته فیدراڵیانهش : ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا و یه‌کێتى سویسرا و که‌نه‌دا و ئوسترالیا و ئه‌ڵمانیا و یه‌کێتى باشوورى ئه‌فریقا. دووه‌م : یه‌کێتى به هه‌ڵوه‌شانه‌وه (التفکک) . هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تێکى یه‌کگرتووى ساده (البسیگ) یه ، بۆ چه‌ند ده‌وڵه‌تێک، پاشان به ویست و ئاره‌زووى خۆیان یه‌کده‌گرنه‌وه، له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تێک به ناوى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ. ڕێچکه‌ى دروست بوونى ده‌وڵه‌تى عێراقى فیدراڵیش به‌م شێوازه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ له یه‌ک هه‌رێم پێکهاتووه، ئه‌ویش ( هه‌رێمى کوردستان)ه. وه به‌لجیکا و هند و به‌رازیلیش به هه‌مان ڕێگا دروست بوون . لێره‌دا ده‌کرێت بڵێین هه‌روه‌ک چۆن ئه‌م دوو ڕێگایه بۆ دروست بوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ هه‌یه و گونجاوه، به هه‌مان شێوه‌ش بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و له ناوچوونى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ ، ئه‌م دوو ڕێگایه دروسته‌و گونجاوه . ده‌کرێت ده‌وڵه‌تى فیدراڵى له ناو بچێت، به ڕێگاى پێکهوهنووسانى (الچم) هه‌رێمه‌کان له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تێکى ساده‌ى یه‌کگرتوودا، وه‌ک : لیبیا له ساڵى 1963 له ده‌وڵه‌تى فیدراڵییه‌وه گۆڕا بۆ ده‌وڵه‌تى ساده. به هه‌مان شێوه‌ش به ڕێگاى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى (التفکک) ده‌وڵه‌تى فیدراڵى و نه‌مانى په‌یوه‌ندى له نێوان هه‌رێمه‌کان و ناوه‌نددا ، ده‌وڵه‌تى فیدراڵ له ناو ده‌چێت و هه‌ریه‌ک له هه‌رێمه‌کان ده‌بێت به ده‌وڵه‌تێکى ساده‌ى سه‌ربه‌خۆ وه‌ک له ساڵى 1991دا، یه‌کێتى سۆڤیه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه بۆ پانزه ده‌وڵه‌ت . هه‌ندێکیان به شێوه‌ى ده‌وڵه‌تى ساده‌ى یه‌کگرتوو دروست بوونه‌وه ، وه‌ک : ئۆکرانیا و استونیا و ارمینیا و اوزبگستان. تایبه‌تمه‌ندیه‌کانى سیسته‌مى فیدراڵى. یه‌که‌م: له‌سه‌ر ئاستى نێو خۆیی. 1/ ده‌ستوور: ده‌بێت ده‌ستوورى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ به‌رزترین یاسابێت له‌ووڵات، وه پێویسته ئه‌و ده‌ستووره نوسراو و وشک (جامد) بێت، هه‌تا سنورى ده‌سه‌ڵاتى هه‌ردوو حکومه‌تى ناوه‌ندى و هه‌رێمه‌کانیش به‌ڕونى دیاربێت وه‌نه توانرێت به‌ئاسانى هه‌موار بکرێت له‌لایه‌ن یه‌ک له‌لایه‌نه‌کانه‌وه به‌ته‌نیا. وه‌هه‌ر هه‌رێمێکیش له‌پاڵ ئه‌م ده‌ستووره‌دا ، ده‌ستوورى تایبه‌ت بهههرێمهکهى خۆى هه‌یه، به‌مه‌رجێک بڕگه‌کانى ناکۆک نه‌بێت له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکى ده‌ستوورى فیدراڵى دا.به‌ڵام هه‌رچى چۆنیه‌تى دابه‌شکردنى تایبهتکاریهکاندا له‌نێوان حکومه‌تى فیدراڵی و هه‌رێمه‌کاندا به‌جێ ده‌هێڵرێت بۆ ده‌ستوورى فیدراڵی. 2/دوانه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان: ده‌وڵه‌تى فیدراڵى خاوه‌نى هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌کانى (یاسا دانان و جێ به‌جێ کردن و دادوه‌رى) یه ، وه هه‌رێمه‌کانیش به‌جیاو سه‌ربه‌خۆ له‌و سێ ده‌سه‌ڵاته‌ى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى خۆیان خاوه‌نى هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتى (یاسادانان و جێ به‌جێ کردن و دادوه‌رین). "بێجگه له کامیرۆن" . ئه‌وانیش به‌م شێوه‌یه‌ن:- أ/ ده‌سه‌ڵاتى یاسا دانان: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گرنگی دانانى یاساکانى هه‌یه له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا به‌ته‌واوى، وه تێبینى ئه‌وه ده‌که‌ین، که ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا دابه‌ش ده‌بێت بۆ دوو ئه‌نجوومه‌ن،یه‌که‌میان ( ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران)ه، که نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ ده‌کات له‌هه‌موو هه‌رێمه‌کان و هه‌ر هه‌رێمه‌ى به‌ڕێژه‌ى دانیشتوان و ئاستى ده‌نگده‌ران نوێنه‌رى تیادا ده‌بێت، وه دووه‌میان (ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمه‌کان)ه ، که مه‌به‌ست له‌بوونى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا به‌شداریکردنى هه‌رێمه‌کانه له‌ویستى باڵای ده‌وڵه‌ت دا. ب/ ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ کردن: ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ کردن له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵی دا دوانه‌یی یه، واتا ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ کردنى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ له‌لایه‌ک و ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ کردنى هه‌رێمه‌کان له‌لایه‌کى تر، (به‌پێی شێوه‌ى سیسته‌مى فه‌رمانڕه‌وایی ، له ده‌وڵه‌ته جیاوازه‌کانى جیهان و برواى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، بهپرنسیپى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌گۆڕێ). ج/ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى : هه‌روه‌ک هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى یاسا دانان و جێ به‌جێ کردن، هه‌رێمه‌کان له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا، له‌پاڵ بوونى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ، خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆیی خۆیانن. له ده‌وڵه‌ته فیدراڵیه‌کان پێکهاته‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى جیاوازه ، به‌ڵام له‌هه‌مووى گرنگتر بوونى دادگاى ده‌ستوورى یان دادگاى باڵای فیدراڵی یه. که یه‌کێک له‌گرنگترین تایبهتکاریهکانى چاودێرى کردنى ده‌ستوورى بوونى یاساکانه. 3/ شه‌ڕ ( جه‌نگ). هه‌رشه‌ڕێک له‌نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کانى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى دا ، ڕووده‌دات . به‌شه‌ڕی ناوخۆیی یاخود (ئه‌هلى) دا ده‌نرێت، نه‌ک به‌شه‌ڕی نێو ده‌وڵه‌تى، هه‌ربۆیه چارهسهیرى ناکۆکیه‌کانیش به گوێره‌ى ده‌ستوورى ده‌وڵه‌تى فیدراڵیه‌که ده‌بێت، نه‌ک به‌گوێره‌ى یاساى گشتى نێوده‌وڵه‌تى (القانون الدولى العام)، چونکه ، ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى خۆیان له‌ده‌ست داوه ، ته‌نها خاوه‌نى سه‌روه‌رى ناوخۆیین. 4/ سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ، له‌گه‌ڵ دوانه‌یى ده‌سه‌ڵاته‌کاندا ، که ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا، ده‌وڵه‌تى فیدراڵ خاوه‌نى یه‌ک سه‌رۆکى ده‌وڵه‌ته که ئه‌ویش یان به‌شێوه‌یه‌کى ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت وه‌ک مه‌کسیک و به‌رازیل و نه‌مسا یاخود ناراسته‌وخۆ، به‌دوو قۆناغ: له‌قۆناغى یه‌که‌م نوێنه‌ره‌کان (مندوبین) هه‌ڵده‌بژێردرێت له‌لایه‌ن گه‌له‌وه، وه له‌قۆناغى دووه‌م سه‌رۆک له‌لایه‌ن نوێنه‌ره‌کانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت. وه‌ک لهویلایهتهیهکگرتووهکانى ئه‌مریکا و ئه‌رجه‌نتین پێڕه‌و ده‌کرێت وه‌له عێراقى فیدراڵیشدا به‌م دوو قۆناغه سه‌رۆک کۆمارى عێراقى فیدراڵ هه‌ڵده‌بژێردرێت. دووه‌م: له‌سه‌رئاستى نێوده‌وڵه‌تى. 1/ خاوه‌نى یه‌ک که‌سایه‌تى یاسایى نێوده‌وڵه‌تییه. به‌شێکى زۆرى یاسا ناسان پێیان وایه له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵی دا واز له‌سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى خۆیان ده‌هێنن بۆ دروست کردنى که‌سایه‌تیه‌کى نوێ، که که‌سایه‌تیه‌کى هاوبه‌شه له‌نێوانیاندا به‌ناوى (ده‌وڵه‌تى فیدراڵی)، ئه‌مه ماناى ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تى فیدراڵی خۆى به‌ته‌نیا له‌ڕوو به‌ڕووبوونه‌وه‌ى دونیاى ده‌ره‌وه دا ده‌رده‌که‌وێت ، به‌م واتایه‌ش ته‌نیا ده‌وڵه‌تى فیدراڵ تواناى جاڕدانى جه‌نگ و گرێ به‌ستى ئاشتى و به‌ستنى په‌یماننامه‌ى هه‌یه. 2/ بهیهکبوونى وڵاتنامه (الجنسیه). هه‌موو هاوڵاتیانى یه‌کگرتووی فیدراڵی له‌ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه جیاجیاکانیشدا یه‌ک وڵاتنامه‌یان هه‌یه، وڵاتنامه‌ى دهوڵهتهفیدراڵهکه ده‌بێت ئه‌ویش به‌م پێیه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ى که ته‌نها ده‌وڵه‌تى فیدراڵی مافى نوێنه‌رایه‌تى سیاسى و دبلۆماسى و چوونه ناو ڕێکخراوه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى هه‌یه وه‌ک ده‌وڵه‌ت نه‌ک هه‌رێمه‌کان. بۆ نمونه له ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ بونى چه‌ندین ویلایه‌ت، یه‌ک وڵاتنامه‌ى ئه‌مریکیان هه‌یه بۆ هه‌مووى. 3/ یه‌ک ئاڵا‌و یه‌ک دراو. ده‌وڵه‌تى فیدراڵى خاوه‌نى ئاڵایه‌کى خۆیه‌تى، که ده‌ربڕی ویستى هه‌موو هه‌رێمه پێکهێنه‌ره کانیهتى، هه‌روه‌ها ده‌بێت خاوه‌نى یه‌ک دراوى گشتى ناوه‌ندى بێت.له‌م ڕووه‌شه‌وه ده‌بێت که ده‌وڵه‌تى فیدراڵ له ده‌ره‌وه، وه‌ک یه‌ک ده‌وڵه‌ت سه‌یر ده‌کرێت به‌بێ سه‌یر کردنى دابه‌شکردنه هه‌رێمى یه ناوخۆییه‌کان بۆ چه‌ند هه‌رێمێک یان ولایه‌تێک. جیاوازى نێوان ده‌وڵه‌تى فیدراڵی وده‌وڵه‌تى کونفدراڵى ده‌وڵه‌تى کۆنفدراڵى واتاى یه‌کێتى نێوان دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتر، به‌ده‌ست تێوه‌ردانى (تدخل) یه‌کترى له ڕێکهوتنامهیهکدا، به مه‌به‌ستى یه‌کخستنى (توحید) تواناى سیاسى یان ئابوورى یان کۆمه‌ڵایه‌تى یان سه‌ربازى، بۆ هێنانه‌دى به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش ، وه به‌مه‌به‌ستى هاوکارى نێوانیان و پاراستنى سه‌به‌خۆییان وه به‌رگرى له‌شه‌ڕى نێوانیان، بۆیه ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر پلانى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى یه هاوبه‌شه‌کانیان، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى. بۆ نموونه یه‌کێتى نێوان (13) ویلایه‌ته‌که‌ى ئه‌مه‌ریکا له ساڵى (1776-1787) و یه‌کێتى کۆنفدراڵی سویسرا ، وه گرنگترین خاڵه جیاوازه‌کانى نێوان ده‌وڵه‌تى فیدراڵى و کۆنفدراڵى له‌مانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت:- یه‌که‌م: یه‌کێتى کونفدراڵى دروست ئه‌بێت به‌گوێره‌ى ڕێکه‌وتنێک له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتر به گوێره‌ى په‌یماننامه‌یه‌کى نێو ده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ پاراستنى سه‌ربه‌خۆی ده‌ره‌کى و سه‌روه‌رى ناوخۆیی هه‌ریه‌ک له‌ده‌وڵه‌ته‌کان. له‌پێناوى گه‌شه‌کردن و گه‌یشتن به‌هه‌ندێ ئامانجى دیاریکراو له‌سه‌ر بنه‌ماى یه‌کسانى به‌ڵام ده‌وڵه‌تى فیدراڵى له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر دانانى ده‌ستوورى فیدراڵی دروست ئه‌بێت. دووه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌کێتى کۆنفدراڵى به‌پێی په‌یماننامه‌یه‌ک پێک دێت بهسیستهمێکى نێوده‌وڵه‌تى داده‌نرێت و ده‌که‌وێته ناوچوارچێوهى یاسای گشتى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه، به‌ڵام یه‌کێتى فیدراڵی به‌پێی ده‌ستورێک پێک دێت، ئه‌مه‌ش واده‌کات به سیسته‌مێکى ناوخۆیی دابنرێ و ده‌که‌وێته چوارچێوه‌ى یاساى گشتى ناوخۆیی یه‌وه. سێ یه‌م: ناوه‌ڕۆکى ئه‌و ڕێکهوتنهى که کۆنفدراڵی له‌سه‌رى دامه‌زراوه هه‌موار ناکرێت ، ته‌نیا به‌ڕه‌زامه‌ندى سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانى ئه‌ندام نه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه له ده‌وڵه‌تى فیدراڵی دا به‌پێی ڕێ و شوێنه یاساییه‌کان ده‌کرێت ده‌ستوورى فیدراڵی هه‌موار بکرێت له‌گه‌ڵ بوونى ناڕه‌زایی هه‌رێم (له‌زۆربه‌ی نمونه‌کاندا) ، به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌رێمه‌کان مافى جیابونه‌وه‌یان هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م مافى جیابوونه‌وه‌یه ڕه‌هانیه، به‌ڵکو ده‌کرێت هه‌رێمه‌کان ئه‌و مافه‌یان هه‌بێت وه‌ک له‌ده‌ستورى یه‌کێتى سۆڤیه‌ت که له مادده‌ى (17)دا ئاماژه‌ى بۆ کردووه. چواره‌م: له‌یه‌کێتى کۆنفدراڵی دا، هه‌ریه‌ک له‌ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان پارێزگارى له‌ته‌واوى سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى و سه‌روه‌رى ناوه‌وه‌ى خۆیان ده‌که‌ن.به‌ڵام له‌یه‌کێتى فیدراڵیدا ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان واز له سه‌روه‌رى ده‌ره‌کى و به‌شێک له‌ده‌سه‌ڵاتى ناوخۆیش ده‌هێنن بۆ ده‌وڵه‌تى فیدراڵ. پێنجه‌م: یه‌کێتى کۆنفدراڵى ده‌وڵه‌تێکى نوێ دروست ناکات، به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌کى نوێ دروست ده‌بێت له‌نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کاندا، هه‌ربۆیه له‌یه‌کێتى کۆنفدراڵی دا هه‌ریه‌ک له‌ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کان خاوه‌نى ئاڵاى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى و هه‌ریه‌که‌شیان دراوى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه. هه‌رچى یه‌کێتى فیدراڵى یه ده‌بێته هۆى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێکى نوێ به‌ناوى ده‌وڵه‌تى فیدراڵی ، وه ده‌وڵه‌تی فیدراڵ ئاڵاى فیدراڵی هه‌ڵده‌کات، هه‌ر هه‌رێمێکیش ئاڵایه‌کى تایبه‌ت به‌خۆى له‌پاڵ ئاڵاى فیدراڵیدا هه‌ڵده‌کات، وه خاوه‌نى یه‌ک دراوى ناوه‌ندیشه . شه‌شه‌م: هه‌ریه‌ک له ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کانى ناویه‌کێتى کۆنفدراڵی وڵاتنامه‌ى تایبه‌تى خۆیان هه‌یه‌و ده‌وڵه‌تێک بێگانه‌یه به‌نسبه‌ت خه‌ڵکى ده‌وڵه‌تێکى تر، سه‌ربه‌خۆیه له‌وانتر، په‌یوه‌ندى نێوانیشیان به‌پێی یاساى (القانون الاجانب) دیارى کراوه و خه‌ڵکى هه‌ر به‌ڵام هه‌موو خه‌ڵکى ناو ده‌وڵه‌تانى یه‌کێتى فیدراڵ یه‌ک وڵاتنامه‌یان هه‌یه، بازێد و جێگه‌ى دانیشتنیشیان لێک جودا بێت. حه‌وته‌م: هه‌رجه‌نگێک که ڕووبدات له‌نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کانى ناویه‌کێتى کۆنفدراڵى به‌جه‌نگى نێوده‌وڵه‌تى داده‌نرێت نه‌ک به جه‌نگى ناوخۆی، له‌کاتێکدا ئهوشهڕهى که له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌تى ئه‌ندام له‌یه‌کێتى فیدراڵیدا ڕووده‌دات به‌شه‌ڕى ناوخۆیی یان براکوژى (ئه‌هلى- Civilwar) داده‌نرێ. هه‌شته‌م: له‌مه‌ڕ ئه‌و ناکۆکیانه‌ى که له‌نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌کانى یه‌کێتى کۆنفدراڵى ڕووده‌دات، دادگایه‌کى باڵانیه بۆ سه‌یرکردن و بڕیاردان، به‌ڵکو به‌ڕێگایه‌کى ئاشتیانه هه‌وڵ ده‌درێت چاره‌سه‌رى ناکۆکیه‌که بکرێت ، به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌ى یه‌کێتى یه‌که و له‌به‌ر ڕۆشنایی یاساى نێوده‌وڵه‌تى گشتى. به‌ڵام له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵیدا دادگاى باڵاى فیدراڵ هه‌یه بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌رناکۆکیه‌ک که له‌نێوان هه‌رێمه‌کانى ده‌وڵه‌تى فیدراڵ‌دا ڕووده‌دات ، هه‌روه‌ک له ده‌قى مادده‌ى 93 ى ده‌ستورى هه‌میشه‌یی عێراقیدا له‌بڕگه‌ى 4 و 5 ئاماژه‌ى بۆ کراوه.
ئاسۆ حاجی گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە چاتهام هاوسی لە لەندەن، بە قەبارەی فراوانی رەهەندەکانی و خستنەڕووی نەخشە رێگایەکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کێشە کەڵەکەبووەکانی عێڕاق بە تایبەتی، دەنگدانەوە و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا نەهێنا، رەنگە هۆکارەکەش لە ناوەڕۆکی پێشنیارەکان بێت کە پێشنیاری نوێ لە خۆ دەگرن، هەروەها لە جورئەتی خستنە روویان بێت. بە دڵنیایەوە قسەکردن دەربارەی پێشنیار و خستنەڕووێکی لەو شێوەیە بۆ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و ناوەندە فەرمیەکان کاتی دەوێ، هەر وەک سەرۆک وەزیر مەسرور بارزانی لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئەوەی بە ئامادەبووان راگەیاند کە ئەوە تەنها دەستپێکردنی گفتوگۆیەکەی بەرهەمدارانەیە بەو هیوایەی بەردەوامی هەبێت " دڵخۆشم به‌وه‌ی توانیبێتم گفتوگۆیه‌كی بهرههمدارانهم ده‌ستپێكردبێت، به‌م هیوایه‌ی ببێته هه‌وێنی گفتوگۆی زیاتری نێوان داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت و بیرمه‌ندان له‌م ژووره و له هه‌ر شوێنێكی دیكه بێت". لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی جگە لە ناوەڕۆکەکەی، دوو لایەنی دیکەی گرنگی لە خۆ گرتووە، شوێنکاتی گوتارەکە و واقیعی ئێستا و مێژووی عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵ دەدەین لە سەر ئەو سێ ئاستە شڕۆڤەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین. شوێنکاتی گوتارەکە: شوێن و کاتی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە لە هەوڵدان بۆ شڕۆڤەکردنی گوتارەکە، ئەو شوێنەی گوتارەکەی تێدا پێشکەش کرا وەک مەسرور بارزانی لە سەرەتای قسەکانیدا وەسفی کرد، ناوەندێکی گرنگ و سەرچاوی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیایە " سه‌ده‌یه‌ك زیاتره چاتام هاوس سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی شانشینی به‌ریتانیا بووه و كاریگه‌ریی و تێگه‌یشتی زیاتری هه‌بووه له‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سنووره" لێرەدا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە سەرنجی ئامادەبووان بۆ ئەوە رابکێشێ کە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا، بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان تا چەند سەرکەوتوو بووە، لەوەش گرنگتر ئەو میللەت و کۆمەڵانەی لە ناو ئەو جوگرافیایانە دا دەژین تێڕوانین و بۆچوونیان دەربارەی بڕیارە سیاسیەکانی بەریتانیا چۆنە، ئەو بڕیارانەی ژیان و ئایندەی ئەوانی بە شێوەیەک داڕشتووە کە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی بەریتانیا سنووری نێودەوڵەتی بۆ کێشاون، کوردستان وەک نیشتیمانێکی پارچەکراو، کە یەکێک لە پارچەکانی بە لکاندنیەوە بە پارچەیەکی دیکەی جوگرافی کە نە رەگەز و رەسەن و نەتەوە و زمان و کەشوهەواو و پێکهاتەی جوگرافی نایانگەینێتەوە یەکتر، تەنها بڕیارێکی سیاسی وڵاتانی زلهێزی ئەو سەردەم (بەریتانیای مەزن و کۆماری فەڕەنسا) نەبێت. زۆر کەس و ناوەند بۆ ئەوە دەچن کە دوای رووداوەکانی یازدەی سپتەمبەری ساڵی 2001 کە نەخشە رێگای (رۆهەڵاتی مەزن) بووە باسی گەرمی ناوەندە فکری و سیاسیەکان، هەروەها دوای ئازادکردنی عێڕاق لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتڕاکی، رۆلێ بەریتانیا بەرەو لاوازی چووە و ئەمریکا کە سەرکردایەتی پڕۆسەی ئازادی عێڕاقی کردووە، تا ئەو دوایانە و بە تایبەتر دوای دەرکەوتنی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق، کە لە سەر ئاستی گوتاری میدیایی و سیاسی، باسی رۆڵ و کاریگەری بەریتانیا کرایەوە، لە وێنەکردنی سیاسەت و ئایندەی عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئەو رادەیەی دەگوترێ بەریتانیا بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا، هەروەها میرنشینی ئیماڕاتی عەرەبی بە نوێنەرایەتی هێزە ئیقلیمیەکان دۆسیەی عێڕاق بەڕێوە دەبەن، لەو چەند مانگەی رابردووش ئەوەمان بینی کە بەرپرسانی کوردستان بە تایبەتی سەرۆک وەزیران چەند جارێک سەردانی ئیماڕاتی کردووە، هەروەها بەرپرسانی بەریتانیاش بە ئاستی جیاواز سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگای بایەخێکی یەکجار گەورەی بەریتانیایە و مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا ئەوەی بە روونی باسکرد و هەر وەک چۆن بۆ هەرێمی کوردستانیش بڕیار و بۆچوونەکانی بەریتانیا هەمان بایەخی گرنگیان هەیە "لێره‌دا ئه‌م ده‌رفه‌ته ده‌قۆزمه‌وه تا ئه‌مڕۆ قسه‌تان بۆ بكه‌م و تاووتوێی رووداوه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان، هه‌رێمی كوردستانی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌م، كه به‌شێكن له‌و جیهانه‌ی كه له ده‌یه نزیكه‌كانی رابردوو، پانتاییه‌كی زۆری له كار و كاتی ئێوه گرتووه، دڵنیاشتان ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌مه بۆ منیش راسته". لە رووی کاتەوە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو فاکتەرە کردوە، لە رێگای باسکردنی ئەو ئاڵۆزیە سیاسیەی بەرۆکی ئێستا و ئایندەی عێراقی گرتووە، هەروەها لە ڕێگای بەستنەوەی بەو بڕیاری بەریتانیا بە هاوبەشی فەڕەنسا کە عێڕاقیان وەک دەوڵەتێک لە دەرەوەی بڕیار و ئیرادەی خەڵکەکەی(لایەنی کەم خەڵکی کوردستان)دروست کردوە، ئەو عێڕاقەی زیاتر لە سەت ساڵە کە نەتواندراوە بکرێتە ناسنامە و خەمی هاوبەشی ئەو میللەتانەی لە ناو سنوورەکانی دەژین، هەروەها نەتواندراوە وەک زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەهەمان لۆژیک و لێکدانەوە دامەزراون، لە خزمەت سیاسەتی وڵاتانی زلهێز و لە دژی بەرژەوەندی ئەو گەلانەی ناچارکراون لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەزۆر سەپێندراو بژیێن. هەروەها مەسرور بارزانی لە رێگای گوتارەکەی و گێڕانەوەی مێژووی چەند ساڵی رابردوو لە هەبوونی مەترسی تیرۆر و شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەموو هاوکێشە و تێگەیشتنەکانی بەرەواژی کردنەوە و جارێکی دیکە سەرنجی جیهانیان بۆ ئەوە راکێشایەوە کە تەنها بە راستکردنەوەی هەلەکانی رابردوو دەتواندرێ بە گژ ئەو گرفتە رژدانە دابچینەوە، "ئه‌و هۆكارانه‌ی توانا و وزه‌یه‌كی زۆری ئێمه‌یان برد، پێكهاتبوون له داعش، كۆچی به كۆمه‌ڵ، ئاواره‌بوون، چه‌وساندنه‌وه تاڕادده‌یه‌ك، یان له خراپترین بارودۆخ له شێوازی كۆنتڕۆڵكردندان، ئێستا شیاوی ئیداره‌یه‌كی باشترن. من له هۆكاره‌كانی به‌رده‌م ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی تێده‌گه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ رێزمدا، به‌وپه‌ڕی رژدییه‌وه له‌گه‌ڵیان ناكۆكم، دوور له سه‌ردێری هه‌واڵه‌كان، هێشتا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه جارێكی دیكه گڕ بگرێت و ببێته هۆی ململانێ و كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی جیهانی". ئێستا کە هەمان مەترسی و بگرە گەورەتر پەڕیوەتە ناو جەرگەی ئەوروپا و مەترسی لە سەر ژیان و ژیاری دانیشتوانی کێشوەرێک دروست کردووە، لە هەڵگیرسانی شەڕی روسیا و ئۆکڕانیا، خەریکە جارێکی دیکە جیهان بە سەر دوو بەرەی تەواو دژ بەیەک دابەش بکاتەوە، هەر ئەوەشە وامان لێدەکات کە لێکەوتەکانی شەڕی روسیا و ئۆکڕانیا لە لێکەوتەکانی شەڕی تیرۆر بە مەترسیدارتر بزانین، چونکە لە شەڕی تیرۆر هەموو جیهان بە هەموو جیاوازی و ناکۆکی و ململانێکانیانەوە بوونە بەرەیەک و لە دژی رێکخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام (داعش) جەنگان. ئەوەی جێی سەرنج و لێوردبوونەوەی پترە و پێویستە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژەران بایەخی زۆری پێبدەن، لە دەست نیشان کردنی خاڵی هاوبەشە لە کۆتایی نەهاتنی کێشەکان، کە دەکرێ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکڕانیای تێدا کورت بکەیەوە، کە کێشە بنچینەیەکە خۆی دەبینێتەوە، لە کێشانی ئەو سنوورانەیە کە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بە هەڕەمەکی بەبێ رەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی گەلانی ناوچەکە و بێ بەری کردنیان لە بڕیار و لەبەرچاونەگرتنی ئیرادەیان لە بڕیاردان لە چارەنووسیان "له‌و كاته‌ی جه‌نگ له ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا ته‌شه‌نه ده‌كات، ئاماژه‌ی دابه‌شبوون و جه‌مسه‌رگیری جیهانی روونن، به هه‌مان شێوه وا به‌ده‌رده‌كه‌وێت كاروانی رووداوه‌كان له ناوچه‌ی ئێمه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌وامه، وه‌ك بڵێی په‌یوه‌ندییان نه‌بێت به‌م رووداوانه‌ی له ناوچه‌كانی دیكه‌وه رووده‌ده‌ن. دوای چه‌ندین نه‌وه له جه‌نگ و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و كوده‌تا و كاره‌سات، ئێسا نۆره‌ی كیشوه‌رێكی دیكه‌یه بۆ ئه‌و رووداوانه". مەسرور بارزانی لە سوود وەرگرتن لە شوێنکاتی گوتارەکە لە تیشک خستنە سەر لایەنی دیرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان بۆ بەستنەوەیان بە رووداوەکانی ئێستا، مەبەستی سەرەکی و خاڵی هەرە گرنگی لەوە دەست نیشان کرد، کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەشی پێکدەهێنا بۆ بەریتانیا کە لە باڵاترین ئاستی وڵات و بە شیاوترین پڕۆتۆکۆل پێشوازی لێ‌کرا، بە هەمان تەدارەک و پڕۆتۆکۆلی پادشا و سەرۆک وڵاتانی جیهان. ئەو خاڵەی کە مەبەستی مەسرور بارزانی بوو سەرنجی بەریتانیا و لە رێگای بەریتانیاشەوە سەرنجی جیهانی بۆ رابکێشێت، تەماشاکردنی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانە، هەروەها پێداچوونەوە بە مێژووی چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ کردنی، لە شڕۆڤەکردنی ناوەڕۆکی گوتارەکە لە سەر چەند ئاستێکی جیاواز تیشکی دەخەینە سەر. گوتاری پێداچوونەوە وەک سەرەتایەکی نوێ لە تیکڕای گوتارەکەی مەسرور بارزانی، کە دەکرێ وەک وەچەرخانێک لە فکری سیاسی کوردی لێی وەرد بیەوە و بەرخوردی لەگەڵ بکەی، بە تایبەتی لە سەر ئاستی باشوری کوردستان(کوردستانی عێڕاق)، چونکە داخوازیەکانی لە سەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بردە ئاستێکی دیکە، کە لە ئاستی ئەو قۆناغەی ئێستا تێیدا دەژیێین جیا دەکاتەوە، ئەویش بە پێشنیار کردنی هێشتنەوەی دەوڵەتی عێراق بە یەکگرتوویی بە گۆڕینی سیستەمی حوکم لە فیدڕالیەوە بۆ کۆنفیدڕالی، کە لە ڕێگەیەوە دەکرێ عێراق وەک دەوڵەت و نیشتیمانێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو نەتەوەی سەرەکیەکەی ( کورد و عەرەب) بنیات بندرێتەوە، لە رێگای گەڕانەوە بۆ ئەو راستەقینە مێژووییەی کە عێراق وڵاتێکی بە زۆر لێکدراوە، پێک دێت لە دوو نیشتیمانی جیاواز کە دوو ناو و مێژوو و کلتور و دابە و نەریت و ئاوهەوا و جوگرافیای جیاوازیان هەیە، یەکیان کوردستانە و ئەوەی دیکەشیان کە عەرەبستانە. کە هەولێر ناوەندی بڕیاری کوردستانە و بەغداش ناوەندی بڕیاری عەرەب بووە بە درێژایی مێژووی دروست بوونی دەوڵەتی عێراق و ناوەندێک بۆ بڕیاردان لە سنووردارکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستان تا دەگاتە رادەی ئینکاری کردنە و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە رێگای سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن و جینۆسایدکردنی کورد، بۆیە دوورکەوتنەوەی بەغدا لە مەرکەزیەت جۆرێک لە دڵنیایی دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان بۆیە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئەوە پیشنیار دەکات:"به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و كێشانه‌ی ئاماژه‌م بۆ كردن، پێویسته هه‌ولێر و به‌غدا بیر له رێگه‌چاره‌ی دیكه بكه‌نه‌وه. به‌هۆی ئه‌و مێژووه ناوه‌ندگه‌راییه‌ی له به‌غدا هه‌یه، كه هه‌رگیز ئه‌و راستیه ده‌ستوورییه‌ی قه‌بووڵ نه‌كردووه كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها له كوردستان قه‌بوڵ بكات، له نێوانیشیان، ئاسایش، باج، ژێرخان و سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان". ئەوەش سەردەبات بۆ خاڵێکی دیکەی گرنگ کە دەکرێ وەک بناغە و دەستپێکی گۆڕانی سیستەمی حوکم لە عێڕاقدا تەماشا بکرێ، ئەویش لە گۆڕینی تێڕوانین و بۆچوونی بەریتانیایە لە سەردەری کردن لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باوەڕ بوونی بە هەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی(حکومەتێکی مەرکەزی) هەروەها کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند(مەرکەز)، ئەو تێڕوانینەی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق کە سەت ساڵی تێپەڕاندووە، وەک مۆدێلێکی شکستخواردوو، تەنها بۆتە مایەی هەبوونی ژمارەیەک وڵاتی شکستخواردوو لە سەر هەموو ئاستەکاندا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هەست کردن بە هاوڵاتی بوون یان هەست کردن بە ئارامی و ئاسایش، کە مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا بۆ دەستپێکەکەی دەیگەڕێنێتەوە کە بە دەست پێکێکی خەوشدار ناوی دەبات "ده‌ره‌نجامی ئه‌و ده‌ستپێكه خهوشدارهش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر له چوارچێوه‌ی بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه ئه‌سته‌م بێت. ئه‌و وڵاتانه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌ركه‌وتووبوونه له دابینكردن و بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی سنووره‌كانیان و ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ دراوسێكانیان، نموونه‌ی زۆر ده‌گمه‌نن. به هیچ شێوه‌یه‌ك پێویست ناكات شه‌رم له‌وه بكه‌ین كه بڵێین عێراق یه‌كێك نییه له‌و وڵاته ده‌گمه‌نانه". گۆڕینی تێڕوانینی بەریتانیا لەو بارەیەوە گرنگە لە بەر دوو هۆکار: یەکەمیان، چونکە خۆی ئەندازیاری دروستکەری ئەو دەوڵەتەیە کە ناوی لێندراوە عێراق. دووەمیان، هەموو وڵاتانی دیکەی زلهێز و خاوەن بڕیار کە دەتوانن کاریگەریان هەبێت لە سەر گۆڕینی هاوکێشەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا، کە خاوەندی هەبوونێکی بەهێزی سیاسی و ئابوری و سەربازیە لە تیکڕای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رەنگە چەقی هەبوونەکەی لە عێڕاق بێت بە تایبەتی لە هەبوونی ژمارەی سەرباز و بنکەی سەربازی و تێکەڵاو بوون لەگەڵ پێکهاتەکان و پڕۆسەی سیاسی، لەوانەش گرنگتر عێراق بۆتە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی هەبوونی هێز و دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، کە ئێران لە دوای روخانی رژێمی بەعس هەبوونێکی کاریگەری هەیە تا رادەی هەبوونی توانا لە یەکلایی کردنەوەی پرسە گرنگەکان بە گوێرەی خواستی خۆی، یان لایەنی کەم رێگەی نەداوە زۆربەی بڕیارە گرنگەکان لە دژی ئەو وەربگیرێن، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق زیندووترین نموونەیە بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران. گۆڕان لە تێڕوانینی بەریتانیا لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی عێراق و هاوبەشی کردنی پێکهاتەکانی عێراق لە بەڕێوەبردنی وڵات‌دا، واتا گۆڕانکاری لە تێڕوانینی ئەمریکا و ئەوروپا دەربارەی هەمان پرس، واتا گۆڕینی فەلسەفەی دەوڵەتداری لە عێڕاق لە دەوڵەتێکی یەک ناوەند بۆ دەوڵەتێکی فرەناوەند، ئەوەش لەگەڵ بۆچوونی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا جۆ بایدن تەواو یەکانگیرە، کە خاوەندی بیرۆکەی عێڕاقە بۆ سێ هەرێمی فیدڕالی کە دەکرێ بگۆڕدرێ بۆ سێ هەرێمی کۆنفیدڕالی. رەنگە زۆر کەس بە تایبەتی رکابەرە سیاسیەکانی مەسرور بارزانی بابەتێکی گرنگ لەو بارەیەوە بوروژێنن، بۆ لێدان لە بۆچوون و پێشنیارەکەی مەسرور بارزانی و هەوڵدان بۆ لێ کەمکردنەوەی گوتارەکەی، بەوەی کە کەمتر لە پێنج ساڵ بەر لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە چاتهام هاوس، حیزبەکەی مەسرور بارزانی کە باوکی سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، رابەرایەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستانیان کرد، کە تێیدا زیاتر لە %92 خەڵکی کوردستان ( هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان) دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی، چۆن دەکرێ لە مافی سەربەخۆیی تەنازول بکرێ و پێشنیاری سیستەمی کۆنفیدڕاڵی بکرێ بە مانەوە لە چوارچێوەی عێڕاقدا. دەکرێ بپرسین، ئایا لە فیدڕالیەوە چوون بۆ کۆنفیدڕالی پاشەکشێ کردنە لە ئامانجی سەربەخۆیی یان نزیک بوونەوەیە لێی؟ سادەترین پێناسەی کۆنفیدڕالی ئەوەیە، (لە چوارچێوەیەکی سیاسی و دامەزراوەیی نێوان وڵاتانە کە بە ئارەزووی خۆیان بڕیاری لێدەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ لایێکیان دەستبەرداری سەروەریە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خۆیان بن، لە سیستەمی کۆنفیدڕالی لایەنەکانی ئابوری و دارایی و گومرگ و سنوورەکان یەک دەخرێن، هەروەها لە سیستەمی کۆنفیدڕالی بڕیارەکان وێکرا دەدرێن، ئەگەر یەکێک لە حکومەتەکان هەستی کرد کە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی ئەو نیە، ئەوە دەتوانێ پێگیر نەبێت پێیەوە)، لە بەردەم سیستەمی کۆنفیدڕالی دوو بژاری سیاسی هەیە، یەکەمیان پێکەوە مانەوە، دووەمیان جیا بوونەوە، سەرکەوتنی ئەزموونەکە و گەشەکردنی وڵات و کۆمەڵگە و باشتربوونی دۆخی ژیانی و ژیاری خەڵک ئەزموونەکە بە یەکگرتووی دەهێلیتەوە وەک نموونەی سویسڕا، ئەگەر ئەوانەش رووینەدا بە ئاراستەی مۆدێلی بەلجیکا دەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2007 دەوڵەتی بەلجیکا تووشی قەیرانێکی توند بوو، کە وڵات بۆ ماوەی نۆ مانگ بەبێ حکومەت مایەوە، بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لە نێوان هەردوو هەرێمی فیلاندەر(بە هۆلەندی دەئاخفن) و هەرێمی والۆنی فرانکۆفۆنی کە (بە فەڕەنسی دەدوێن)، ئەوە قەیرانەش لەوە سەرچاوەی گرت کە باکوریەکان(هەرێمی فیلاندەر) ئەوانەی دیکەیان بە دەستگرتن بە سەر دەسەڵات بڕیار تۆمەتبار دەکرد، لە ساڵی 2010 کێشەکان توندتر و گەورەتر بوون، کە بۆ ماوەی هەژدە مانگ وڵاتی بێ حکومەت کرد، هەردوو هەرێمەکە بە ئاراستەی لێک دوور کەوتنەوە جیابوونەوە هەنگاویان نا لە بەکارهێنانی زمانی فەرمی و ئاراستەی سیاسی دەوڵەت و بناغەی ئابوری، ئەو کێشانە تا ئیستاش ماوە و رەنگە ئەو وڵاتە بە ئاراستەی جیابوونەوەی ئاشتیانە بڕۆن کە هیچ شتێکی هاوبەشیان لە نێواندا نەمێنی جگە لە ئەندام بوونیان لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوەش لایەنێکی گەش و باشی سیستەمی کۆنفیدڕالی نیشان دەدات کە دەرفەت بە میللەتان دەدات بە ئاشتیانە لەیەک جیاببنەوە، وەک ئەوەی لە نێوان چیک و سلۆڤاکیەکان لە ساڵی 1992 رویدا و ناویان لێنا جیابوونەوەی ئاشتیانە. ئەو پێناسە و هەبوونی ئەو جۆرە مۆدێل و دەرفەتەی لە بەردەم پێکهێنەران و بەشدارانی سیستەمی کۆنفیدڕالی دا هەیە، هەرگیز ئەو سیستەمە پاشەکشێ نیە لە مافی سەربەخۆیی بەڵکو نزیک بوونەوەیە لەو مافە بە رەچاوکردنی باردوخۆی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کە هەوڵدەدەین لە روانگەی گوتارشیکاریەوە بۆ گوتارەکەی مەسرور بارزانی کە لە چاتهام هاوس پێشکەشی کرد تیشک بخەیەنە سەر هەر سێ ئاستەکە، و چۆنیەتی بەرجەستە کردنیان لەو گوتارە هەروەها چۆنیەتی ئاراستەکردنی گوتارەکەش لە سەر هەر سێ ئاستدا: لە سەر ئاستی ناوخۆیی: مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا، عێراقی وەک جوگرافیا بە هەردوو بەشەکەیەوە (هەرێمی کوردستان) و (بەشی عەرەبی عێڕاق) بە یەک ئاست هەژمار کردووە، وەک ئاستی ناوخۆیی بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاواز گوتارەکەی دابەش کردووە و هەر بەو شیوەیەش گوتارەکەی ئاراستە دەکات، گوتاربێژ کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە هەرێمێکی فیدڕالی دانپێدانراوە لە ناو دەستوری هەمیشەیی عێڕاق کە لە ساڵی 2005 زیاتر لە %80 خەڵکی عێڕاق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەنگی پێدا، تاکە هەرێمێکی فیدڕالیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە سەر بناغەی نەتەوەیی و نیشتیمانی دامەزاروە، کە مەسرور بارزانی دەتوانێ بەناوی ئەوان و نوێنەرایەتی ئەوان قسە بکات و پیشنیار و چارەسەریەکان لە روانگەی قەوارەی دەستوری کوردستان پێشکەش بکات، ئەوەش بە روونی بە ئامادەبووان رادەگەینێ کە ئەو وەک کوردێک لەو مینبەرە قسە دەکات کاتێک دەڵێ:"من لێره وه‌ك كوردێك قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م" بەڵام هەر لە تەواو کردنی ئەو دێڕەیدا ددان بەوە دادەنێ کە ناتوانێ بەناوی عێراقیەکان قسە بکات هەرچەندە ئەو هیوایە دەخوازێ:"هیوادارم بتوانم ده‌نگی عێراقییه‌كانیش بگه‌یه‌نم، خوازیاریشم به‌م شێوه‌یه بێت". لەو گوزارشتانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەبووان لەوە تێدەگەن کە عێراق لە دوو بەش و ئاراستە و دونیابینی پێکهاتووە، کە تەنها هیواخواستن و خۆزگە لە نێوانیاندا هاوبەشە، کە تەمەنی ئەو خۆزگە خواستنە بە ژیان و گوزەرانێکی باش سەت ساڵ لە مێژوو و تەمەنی عێڕاقیەکان تێپەڕی بەبێ ئەوەی رۆژێکی خۆش لە ژیانیان ببینن و دوای سەت ساڵیش لە تەمەنی دەوڵەتەکەیان هیچ ئومێدێکیان بە ئایندەی وڵاتەکەیان نیە، کە سبەیان لەمڕۆ باشتر بێت. لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی شکستهێنان لە دروست کردنی پەیوەندیەکی دروست لە نێوان بەغدا و هەولێر کە بناغەکەی دەستور بێت بە روونی دیارە، چونکە بەغدا هێشتا درێژکراوەی ئەو مێژووە خوێناویەیە کە کوردی وەک میللەت تێدا جینۆساید دەکرا و کوردستانی وەک نیشتیمان تێدا خاپوور و سووتماک دەکرا، بۆیە کورد تا ئێستاش نەیتوانیەوە باوەڕ بەوە بهێنی کە بەغدا بەرژەوەندیەکانیان لە بەرچاو بگرێ:" ئێمه له كوردستان هه‌رگیز نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه به‌غدا له دڵه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێمه ره‌چاو ده‌كات، له ساڵه‌كانی دوای رژێمی سه‌ددام، زۆربه‌ی رێككه‌وتنه‌كان كه له‌گه‌ڵ برایانمان له په‌رله‌مانی فیدرالی گفتوگۆمان له‌سه‌ر كردووه، پێویستمان به چاودێری ورد هه‌بووه، تا دڵنیا بین له‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان له‌به‌ر چاو ده‌گیرێن". بە بڕوای مەسرور بارزانی کە بڕوای زۆرینەی گەلی کوردە، عێڕاق لە دامەزراندنیەوە تا بە ئێستا دەگات، گیرۆدەی هەمان کێشەیە کە بۆتە مایەی زیاتر لێک دوورکەوتنەوەی پێکهاتەکانی و زیاتر خۆپاریزی لەیەکتر، هەروەها زاڵبوونی پێناسەکانی دیکەی وەک پێناسەی نەتەوەیی و مەزهەبی بەسەر پێناسەی عێراقی بوون، بە شێوەیەک تا ئێستا نەتواندراوە کەسایەتی و عەقلیەتێکی عێڕاقی گشتگیر دروست بکرێت، کە هەمووان لەناویدا هەست بە بوون و پێگەی خۆیان بکەن و کەڕامەت و مافەکانیان تێدا پارێزراو بێت، بۆیە مەسرور بارزانی بانگ لە عێراقیەکان(عەرەبەکان) دەکات بە هەردوو لایەنەکەیەوە (شیعە و سوننە) کە ئەوانیش هاوکار بن لە تاقی کردنەوەی رێگایەکی دیکەی جیاواز لەو رێگایەی کە زیاتر لە سەت ساڵە تاقی کراوەتەوە، رێگای ئەوجارە مایەی یاشتەوایی و رەوانەوەی ترس بێت هەروەها رێگای بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بێت:"ده‌مه‌وێت به برایانم له ئه‌نبار، به‌سره، مووسڵ، نه‌جه‌ف و به‌عقووبه بڵێم، كاتی ئه‌وه هاتووه كاره‌كان به شێوه‌یه‌كی جیاوازتر ئه‌نجام بده‌ن، هه‌موومان شایه‌نی ئه‌وه‌ین به ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ یه‌ك بژین، له بری ئه‌وه‌ی ناچاری دژایه‌تی و رقه‌به‌رایه‌تی بین و ترسمان له داهاتوومان هه‌بێت". مەسرور بارزانی بۆ سەرکەوتن لە تاقی کردنەوەی رێگایەکی نوێ، لە پیناو دەست پیکردنەوەیەکی نوێ، یەکەمجار بۆ عێڕاقیەکان (شیعە و سوننە) پێشنیاری دابەشکردنی دەسەڵات دەخاتە روو، بە ئارستەی خۆبەڕێوەبەری کە خۆی لە نا ناوەندێتی دەوڵەت دەبینێتەوە:" پێویسته به شێوه‌یه‌كی مانادار ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بكه‌ین، كه ئه‌م رێگه‌یه‌ش بۆ هه‌مووان باشترینه. پێویستمان به‌وه‌یه به ئاراسته‌ی خۆڕێبه‌ری كار بكه‌ین، چونكه ئێستا له جێبه‌جێكردنی سیسته‌می فیدرالی، كه دوای رژێمی له كارلادراوی سه‌ددام حوسێن كاری پێده‌كرێت، شكستی هێناوه". بە بڕوای مەسرور بارزانی خاڵی دەست پێکردنی ئەو قۆناغە نوێیە دوو چەمک و دەستواژەی پێویستە کە ببنە بناغەی گوتاری هاوبەشی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ ئەوانیش راستگۆیی و راشکاوییە، بەو شێوەیە ئەو چەمکانەیان بۆ شی دەکاتەوە:" ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه، زۆر راشكاو و راستگۆیانه له باره‌ی داهاتوو و پێشهاته‌كان گفتوگۆ بكه‌ین"، لە کۆتایی پەیامەکەشیدا بۆ ناوخۆی عێراقی مەسرور بارزانی تاکە رێگەی پێکەوە مانەوە و مسۆگەر کردنی ژیان و داهاتووێکی باشتر و گەشتر تەنها لە چەمکی (هاوبەشی) بوون دەبینێتەوە کە بە کلیلی کردنەوەی هەموو دەرگاکان و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دادەنێت، کە دەست نەگرتن فاکتەری هاوبەشی تەواو پشت گوێخستنی لەلایەن کاربەدەستانی بەغدا کێشەکانی عێڕاق بە تایبەتیی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوقێکی ئاگرین لە ملی عێڕاق و لێی نابێتەوە، دەرفەتی چارەسەریش کە بەردەم هەمووان ماوە تەنها بە گۆڕینی سیستەمی حوکمە بۆ سیستەمێکی کۆنفیدڕالی رێز لێ‌گیراو و قبوڵکراو لەلایەن هەموو پێکهاتەکانەوە، کە ئەوەش بە گوێرەی بۆچوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەچەکردن و بێهێزکردنی عێڕاق ناگەیەنێ بەڵکو پێچەوانەکەی راستە:"ده‌مه‌وێت لێره دڵنیایی بده‌مه‌وه هه‌موو ئه‌وانه‌ی پاڵپشتی له‌و بۆچوونە ده‌كه‌ن كه ئێستا من قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت عێراق له هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی دابماڵرێت. له هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ش ناگه‌یه‌نێت سنووره نیشتمانییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه، به‌ڵكو ئه‌مه زیاتر ناناوهندیكردنه له بڕیاردان (لامه‌ركه‌زی) پێویستی به بیركردنه‌وه‌ی جددی هه‌یه، پێموایه یارمه‌تیدان له بڕیاردان له چاره‌نووس به‌و شێوازه‌ی من بۆی ده‌چم، ده‌توانێت ببێته كۆڵه‌كه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت". لە کۆتایی قسەکانیدا کە ئاراستەی عێڕاقیەکانی دەکات مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو باسی دابەشبوونی عێڕاق ناکات و ئەوە بەشێک نیە لە تێهزرینی ئەو، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵدانە بۆ رەخساندنی دەرفەتێکی دیکە و تاقی کردنەوەی مۆدێلێکی دیکەی حوکمڕانی کە لە جێگای دیکە و لەلایەن میللەتانی دیکە تاقی کراوەتەوە کە بۆتە مایەی خێر و خۆشی بۆیان:" کە ئه‌و مۆدێڵه‌ی كه له هزری مندایه، واتا دابه‌شبوون ناگه‌یه‌نێت، ئه‌مه راگوزه‌رێكی ته‌واوه له ده‌سه‌ڵات له پێناو متمانه و پێكه‌وه‌ژیانی به‌رده‌وام، مۆدێڵی كۆنفیدرالی له شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهان هه‌ن، كه بوونه‌ته هۆی دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌شه‌سه‌ندوو، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر، كه له هه‌مان كاتدا به شانازییه‌وه له‌ژێر یه‌ك درووشمدان". لە سەر ئاستی ئیقلیمی بە لە بەر چاوگرتنی هەڵوێستی زاندراوی ولاتان لە سەر ئاستی ئیقلیمی، بە تایبەتی ئەو ولاتانەی بە داگیرکەری کوردستان هەژمار دەکرێن کە عێراقیش یەکێکە لەوانە کە پێک دێن لە (ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق)، کە هەرگیز دژایەتی کردنیان نەشاردۆتەوە بۆ دروست بوونی هەر قەوارەیەک بۆ گەلی کورد، ئەو چوار دەوڵەتە بۆ ماوەیەکی درێژ کۆمیەی هەماهەنگیان هەبوو لە سەر ئاستی وەزیرانی ناوخۆیان، بۆ رێگری کردن لە بەروپیشچوونی پرسی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکانیان، بۆیە مەسرور بارزانی لە ئاراستە کردنی گوتارەکەی بۆ ئاستی هەرێمایەتی کە جگە لەو چوار دەوڵەتە، وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە کە زۆربەیان وڵاتانی عەرەبی سوننەن، کە دراوسێی عێڕاق(کوەیت، سعودیە، ئوردن) هەروەها وڵاتانی دیکە کە بە سیاسەتی عێراق کاریگەرن وەک وڵاتانی کەنداو و میسر، کە هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی باش و ئاسایی لەگەڵیاندا هەیە، دڵنیاییان پێدەدات، کە پێشنیارەکەی ئەو بە واتای تێکشکاندنی سنوورە نێودەوڵەتیەکان نیە کە بارزانی بە سنووری نیشتیمانی ناوی بردوون، ئەو گوتاری دڵنیایە بە دیاریکراوی ئارستەی ئەو وڵاتانەیە کە کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە و کوردیان تێدا دەژیێ، کە پێویست ناکات گومانیان لەو پێشنیارە هەبێت و بە مەترسی بۆ سەرخۆیانی هەژمار بکەن، لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی بە روونی و بە دیقەتەوە وشەکان هەڵدەبژێرێ، هەمووانیش دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتیەکی مەزن و مێژووی کە بۆ هەڵگرتن و هەست کردن بەو بەرپرسیارەتیە پێویستی بە نەترسان و دوو کەوتنەوە لە لاینەگری کردنی لایەنێک لە سەر حیسابی لایەکەی دیکە:" له‌وه تێده‌گه‌م به‌شێكیان له هه‌رێمه‌كه ترسیان له‌وه هه‌بێت ئه‌مه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر وڵاته‌كانی خۆیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به ئاراسته‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه هه‌نگاو بگرینه‌به‌ر و گه‌شته‌كه‌مان ده‌ستپێبكه‌ین، به‌ڵام كاتی ئه‌وه هاتووه رێگه‌چاره نوێیه‌كان تاووتوێ بكه‌ین، له هه‌مان كاتدا، كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه به‌بێ ترس و لایه‌نگیری قسه بكه‌ین". مەسرور بارزانی لە قسەکانیدا ئەو وڵاتانەش هاندەدات کە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە جورئەتەوە هەڵبژێرن و ئەوە بکەنە شاڕێگای گەشەپێدانی وڵات و خزمەتکردنی خەڵک و پێداچوونەوە بە کەموکوڕیەکان، لەو پێناوەدا ئەو دەستپێشخەریە و نەخشە ریگایە وەک کرانەوە بەسەر یەکتری دا و دەست کردن بە گفتوگۆیەکی بنیاتنەنرانە لە سەر ئاستی کۆمەڵگاکان(نەتەوە، ئاین و ئاینزاکان) کە بەرهەمدار بێت بۆ هەموو لایەک ئەوەش دەبێتە مایەی چارەسەری کێشەکان "من دڵنیام كه گفتوگۆی چڕ و پڕ و تاووتوێكردنی ئه‌م بابه‌ته به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری هاوشێوه‌مان ده‌بات، با چیتر شه‌رم له‌وه نه‌كه‌ین دان به‌وه بنێین كه پێویسته ئازایه‌تی ئه‌وه‌مان هه‌بێت رووبه‌ڕووی كه‌موكوڕییه‌كانمان ببینه‌وه. ئه‌و شێوه رێكار و رێكخستنه نوێیه خاڵی ده‌ستپێك ده‌بێت بۆ گفتوگۆی نێوان كۆمه‌ڵگه‌كان، ئه‌وانه‌ی خاڵی ده‌ستپێكیان له خاڵی به‌هێزی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌ستپێده‌كات". رێکخستنەوەی رێڕەوەکانی پێکەوە کارکردن و ژیان لە دوو خاڵ دەخاتە روو، یەکەمیان رێزگرتنی دوولایەنە و دووەمیان رەچاکردنی بەرژەوەندی گشتی لە سەر ئاستی پێکهاتەکانی دەوڵەت لەو میللەتانەی تێیدا دەژین نەک تەنها لە چوارچێوەدانی دەوڵەت لەو کەسانەی کە دەسەڵاتەکەیان بەدەستە، ئەوەش پرسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پرسی دەسەڵات سەرلەنوێ دادەرێژرێتەوە بە شێوەیەک لە خزمەتی هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان بێت، هەرگیز ناکرێ وا لێک بدرێتەوە کە لە دژی پێکهاتەی دەوڵەتە وەک دامەزراوەیەکی سیاسی، یان لە دژی میللەتێکە بە لێستاندنەوە دەسەڵات یان کەمکردنەوەی، بەڵکو فەلسەفەی دەوڵەتداری و دەسەڵات لە تێڕوانینی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گوتارەکەیدا، دەکرێ بەو شێوەیە بخوێندرێتەوە کە دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵاتە لە نێوان ناوەند و هەرێمەکانە، بەبێ کەمبوونەوە لە بەهای دەوڵەت بەڵکو پێچەوانەکەی راستە:" له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موومانه، نه‌ك ته‌نیا ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌خۆیان ده‌ڵێن عێراق، به‌ڵكو ته‌واوی هه‌رێمه‌كه به به‌رفراوانی، ئه‌و مۆدێڵه، ئه‌وه رێكده‌خات كه چۆن ده‌سه‌ڵات و هێز له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان دابه‌ش بكرێت، ئه‌م سیسته‌مه له به‌های ده‌وڵه‌ت كه‌مناكاته‌وه. له راستیدا رێك پێچه‌وانه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر مانه‌وه‌یه‌كی زیاتر و درێژخایه‌نتر دێنێته كایه‌وه، كه ئێستا به‌رده‌ست نییه". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆی دەزانێ خستنەڕووی ئەو جۆرە بیرۆکە و پڕۆژانە بە ئاسانی قبوڵناکرێن لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، هەروەها دڵنیایە لەوەی کە کەس و لایەن هەنە، لە دژیان دەوەستنەوە، بۆیە هەوڵ دەدات کە سەرنجی هەمووان بۆ سەر راستەقینەیەکی دیکە رابکێشێ کە ئەویش پەیوەندی بە ئاستی هەرێمایەتیەوە هەیە، کە قبوڵنەکردنی ئەو پێناسانە بۆ دەسەڵات و ئەو فەلسەفەی حوکمڕانیە مێژووێکی خوێناوی و دوژمنکارانەی تا ئەمڕۆ درێژ کردۆتەوە، کە لە باشترین حالەتدا پەیوەندی میللەتانیان لە حالەتێکی نا دروست و نە پەسند هێشتۆتەوە، کە بەردەوام لە چەند دەستەواژەیەکی قەبەی بێ گیان گچکەیان کردۆتەوە، کە رەنگە دیارترین ئەو دەستواژانە 'دەستەواژەی برایەتی' نێوان گەلان بێت، کە لە باشترین حالەتدا لە نێوان میللەتانی سەر دەستە و میللەتانی ژێر دەستە، وەک پەیوەندی برای گەورە و برای بچوکە، کە برا گەورە واتا دەسەڵات و بڕیار دان، برای بچوکیش واتا پاشکۆ و خزمەتکار(بێگومان لە زۆربەی حالەتەکان بەوشێوەیە)، هەر بۆیەشە لە کلتور و زمانی میللەتانی ئەوروپی و بە تایبەتی لە زمانی ئینگلیزی برا گەورە – Big Brother هاو واتای دەسەڵات دەگەیەنێ، مەسرور بارزانی بانگردنەکەی لە هەمووان لە پیناو دووبارە پێناسەکردنەوەی ئەو پەیوەندیانەیە کە لە سەر بناغەی دادپەروەری دابڕێژرێنەوە نەک لە سەر بناگەی یەکسانی کە هەرگیز وەدینایەت، بۆ ئەو مەبەستەش رێکاری کرداری و دوور لە دروشم و تیۆر و خۆ دووبارەکردنەوە پێشنیار دەکات، بۆیە دووبارە دڵنیایی بە وڵاتانی ئیقلیمی دەدات کە ئەو پڕۆژەیە جێگای مەترسی نیە لە سەر سنوور و پێکهاتەی دەوڵەتەکان، بەڵکو پڕۆژەیەکە بۆ چارەسەری لە چوارچێوەی سنوورە نیشتیمانیەکان بەلایەنی کەمەوە بۆ عێڕاق کە مەبەستی سەرەکی مەسرور بارزانیە:"دووباره ده‌مه‌وێت دووپاتی بكه‌مه‌وه، ئه‌و كێشانه‌ی لێره ده‌یانخه‌مه‌ڕوو، هیچ هه‌ڕه‌شه‌یان بۆ سه‌ر سنووره نیشتمانییه‌كان نییه. به‌ڵكو ئه‌مه له ساده‌ترین شێوه‌ی خۆیدا، دانپێدانانێكی زیاتره به‌وه‌ی له نێوانیان رووده‌دات و چۆن بتوانین به ئاراسته‌ی باشتر گۆڕانكاری تێدا ئه‌نجام بده‌ین". باسکردنی رۆڵی وڵاتانی ئیقلیمی لە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناکرێ تەنها لەو روانگەیەوە لێکبدرێتەوە کە ئەوان هەستیارن بەرامبەر بە هەر دەسکەوتێک کە لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد هەژمار بکرێ، بەڵکو لەو روانگەیەشەوەیە کە وڵاتانی ئیقلیمی کاریگەری زۆریان هەیە لە سەر بریاری سیاسی عێراقی، ئەوەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە لە دوو دەیەی رابردوودا رێگر بووە لە چارەسەرکردنی گرفت لە نێوان عێڕاقیەکاندا:"ئه‌وه‌ش توانای عێراقمان نیشانده‌دات له مامه‌ڵه‌كردن و ئیداره‌دانی كێشه ناوخۆییه‌كان، كه به ڕوونی ده‌ریده‌خات پرۆسه‌ی بڕیاردان له به‌غدا به ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه". زیندووترین نموونە بۆ سەربەخۆیی نەبوونی بەغدا نەوەک تەنیا لە سەر ئاستی ناوەندە سیاسیەکانی، هەروەها دامەزراوەکانی حکومەت، بەڵکو سیستەمی دادوەری و بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری وڵات کە دادگای باڵای فیدڕالییە کە بە لە بڕیاری یەکلایی کردنەوەی کەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەری ئیقلیمی و لە بەرژەوەندی پێکهاتەیەکی عێڕاق کە بە ئەجێندای دەرەکی گرێدراون بڕیاریدا، ئەوەش تێکڕای سیستەمی حوکمڕانی عێڕاق وەک وڵاتێکی فیدڕالی دەخاتە ژێر پرسیار، چونکە لە سادەترین وەسفدا سیستەمی دادوەری نادادوەرە:" له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، دادگای به‌ناو فیدرالی له به‌غدا، بڕیارێكی ده‌ركرد كه دژی مافه‌كانی ئێمه‌یه له پێشخستنی پیشه‌سازی نه‌وت و گاز، بڕیاره‌كه‌ش به ته‌واوه‌تی بڕیارێكی سیاسی زه‌ق بوو. بڕیاره‌كه له دژی هه‌ڵوێسته‌كانی ئێمه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی فیدرالی، گرتوومانه‌ته به‌ر. ده‌زانین هه‌موو كێشه هه‌رێمییه‌كان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا یارییان پێده‌كرێت، ده‌شزانین كێ له پشت ئه‌م یاری و بڕیارانه‌یه". ئەو ئاماژەیەی مەسرور بارزانی بە دادگای فیدڕالی لە بەغدا دەمانخاتە بەردەم راستەقینیەکی ترسناک، ئەو گوتەیەمان وەبیر دێنیتەوە کە دەربارەی بۆگەن بوون و گەندەڵی یان تێکچوونی بارودۆخێک دەهێندرێتەوە کە چارەسەرکەی زەحمەت بێ، چونکە ئەوانەی کە چاوەڕوانی چارەسەریان لێ دەکرێت خۆیان بوونەتە بەشێک لەو گەندەڵیە و بۆگەنیان کردووە، گوتەکە دەڵێت:"ماسی لە سەریەوە بۆگەن دەکات"، لێرەدا 'سەر' وەک ئاماژەیەک بۆ دەسەڵات و خاوەن بڕیار بەکاردەهێندرێت. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی: مەبەستی گەورەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەو گوتارەیدا، لە ئاراستەکردنی گوتارەکەی لە سەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی(هەرێمی کوردستان – عێڕاق) هەروەها لە سەر ئاستی هەرێمایەتی، سەرنج راکێشانی ئاستی سێیەمی گوتارەکەی بووە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە کە بەریتانیا سەبارەت بە کوردستان و عێڕاق، گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە، بەهۆی هەبوونی مێژووێکی هاوبەش کە خۆی لە دروستکردنی دەوڵەتی عێراق و پاشان دامەزراندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دانانی پادشایەک بۆی لە رێگای خواستنەوە لە ماڵباتێک کە رەچەڵەکیان بچێتەوە سەر پێغەمبەری ئیسلام، چونکە ئیسلام وەک ناونیشانە گشتیەکە تاکە خاڵی هاوبەشی هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێڕاقە، کورد و شیعە و سوننە، لە قۆناغەکانی دواتریش تا ئێستا بەریتانیا لە هەموو گەورە و گچکەیەکی عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی هەیە، ئەو کاریگەری و ئامادەییەی بەریتانیا ئەوەندە ئاشکرا و هەست پێکراوە تەنانەت لە سەر ئاستی میللی و لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبۆچوونێک دروست بووە، کە رەگ و ریشەیەکی مێژووی هەیە و دەڵێن:"ئەگەر دوو ماسی لە بنی دەریا بەشەڕ بێن دەستی ئینگلیزی تێدایە". بۆ ئێمەی کورد ئەو حەقیقەتە تاڵە زۆر ئاشکراتر و هەست پێکراوترە، بەریتانیا بە درێژیی مێژووی سەت ساڵی رابردوو بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو قۆناغەکاندا دژی خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستان وەستاوەتەوە، لە راگەیاندنی مەملەکەتی کوردستانەوە لە لایەن مەلیک مەحمودی حەفیدەوە، تا شۆڕشەکانی بارزان و شۆڕشی ئەیلول و لە هەموو ئەو کارەساتانەی بە سەر گەلی کورد دا هاتووە، بەردەوام لایەنگری بەغدا بووە، ئینگلیز دەوڵەتی عێڕاقی وەک منداڵی خۆی چاو لێکردەوە و پاراستوویەتی، هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بووە بەغدا بکاتە ناوەندێکی بەهێز و لەو رێگەیەوە ناسنامەی عێراقی بوون بکاتە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی سنووری بەزۆر سەپێندراوی عێراق دا دەژین، بەریتانیا لەوەی دووەم شکستی هێناوە، دوای سەت ساڵ نە توانی عێراق دروست بکات و نە عێڕاقی، بۆیە ئێستا کاتێکی گونجاوە کە سەرنجی بەریتانیا بۆ سەر خاڵی یەکەم رابکێشرێتەوە، کە دەکرێ لەو سنوورەی کێشراوە و ناوی لێندراوە سنووری نێودەوڵەتی، عێڕاقێکی نوێ بنیات بندرێتەوە، کە عێراقێکی نا ناوەندی(لا مەرکەزی) بێت، لە جیاتی ئەوە عێڕاقێک بێت بریتی بێت لە چەند ناوەندێک، هەر ناوەندە و مشوری کاروباری خۆی بخوا، بەڵام هەموو ناوەندەکانیش بە ئاراستەی تەواوکردنی یەکتر و بەهێزکردنی یەکتر کاربکەن و هەماهەنگ بن نەک پێچەوانەکەی. ئەوەش تەنها لە رێگای پێ رەوا بینینی مافە بە پێکهاتە سەرەکیەکانی عێڕاق لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان. ئەوە ناوەڕۆک و کڕۆکی گوتارەکەی مەسرور بارزانیە کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵیدا موخاتەبەی عەقڵی وڵاتانی رۆژئاوایی و لە پێش هەموویانەوە بەریتانیا بکات، مەسرور بارزانی زیرەکانە، باسی لە شێوازی بەرجەستە کردن و بەکرادەری کردنی ئەو مافە کرد، ئەوەی لە سەر ئاستی هەموو عێراق و بۆ هەموو عێڕاقیان گشتاند، کاتێک ئاماژەی بە هەوڵەکانی خەڵکی بەسڕا کرد بۆ دەستبەرکردنی ژیانێکی شایستە، بە شێوەیەک بتوانن خێر و بێری شارەکە ببێتە هۆکاری خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی، نەک هۆکاری هەژاری و دەردەسەریان بێت، هەمان شت بۆ شارە سوننە نشینەکانی وەک رومادی و موسڵ و تکریتیش راستە:"ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌زیش سوودمه‌ندبوون له عێراق نوێ، به هه‌مان شێوه شكستیان هێناوه. به‌سره وه‌ك نموونه، له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك نه‌وت و ژێرخانی ئابوورییه، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی له مافه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كانی بێبه‌شه"، " دانیشتووانی به‌سره پێویسته مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بڕیار له داهاتووی خۆیان بده‌ن، خه‌ڵكی فه‌للووجه و رهمادیش به هه‌مان شێوه". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، بۆ پێداچوونەوە بە مێژووی ناوچەکە و راستکردنەوەی هەلەکان، لە سەر هەر ئاستی ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی رایدەگەینی کە:" ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه، زۆر راشكاو و راستگۆیانه له باره‌ی داهاتوو و پێشهاته‌كان گفتوگۆ بكه‌ین". بە بۆچوونی ئەو چارەسەریەکە خۆی لە نا ناوەند کردنی دەوڵەت دەبینێتەوە هەروەها گۆڕینی سیستەمی فیدڕالی بۆ سیستەمی کۆنفیدڕالی لە چوارچێوەی سنوورە نیشتیمانیەکانی عێراقدا، لەو پێناوەشدا لە کۆتایی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی داوا دەکا و هیوا دەخوازێ گفتوگۆکان لە سەر ئەو بابەتە بەردەوام بن.
دڵشاد ئەنوەر ئەبراهام لینکۆڵنی شانزەهەمین سەرۆکی ئەمەریکا، بەهۆی یەکخستنەوەی ویلایەتە جوداخوازەکان و پاراستنی یەکڕیزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، بووە ئەو سەرۆکە مێژووییەی هەرگیز ڕۆڵی لەبیر ناکرێت. لەگەرمەی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا لە مانگی تەموزی ساڵی ( ١٨٦٣) و دوای ڕوودانی شەڕێکی قورسی ناوخۆیی لە شاری ( گێتیس بێرگ)، لینکۆڵن کە ئەوکات سەرۆکی ئەمەریکا بوو، خۆی دەگەیەنێتە شوێنی شەڕەکەو لە وتارێکی مێژوویی کورت دا، دەڵێت( بەهۆی خوێنی ئەو سەربازانەمان، نەتەوەیەک لەدایک دەبێت کە دەبێتە پێشەنگی دیموکراسیەت بۆ هەموو جیهان.) دەربارەی سەربازە باشوریەکانیش کە لەجەنگەکەدا دژی بوون، لینکۆڵن وتی ( ئەوانیش دەگەرێنەوە بۆ باوەشی ئەو نەتەوەیەی دروست دەبێت.) ئەوەی لینکۆڵنی کردە ئەو سەرۆکە گرنگە مێژووییەی ئەمەریکا، لە پاڵ هەنگاوەکانی بۆ پێدانی ماف بە ڕەشپێستەکان و جێبەجێکردنی سستمی بانکی نیشتیمانی لە وڵات و ..هتد، ئەو ڕۆڵە گرنگە بوو کە گێڕای لە ڕزگارکردنی ئەمەریکا لە کەرتبوون. لینکۆڵن شەڕی کرد تا وڵاتەکەی لە بەش بەشبوون بپارێزێ، ئەو شەڕەی بووە هۆی پاراستنی یەکڕیزی ویلایەتە یەکگرتووەکان، تا گەیشتە گواستنەوە لە قۆناغی گیرۆدەبوون بەدەست شەڕی ناخۆییەوە بۆ قۆناغی حوکم کردنی جیهان. خۆ گەر ئەمەریکا ئەو سەردەمە بەهۆی ناکۆکی نێوان ویلایەتەکانەوە دابەش بایە، ئەم ئەمەریکا زلهێزەی ئێستا بوونی نەدەبوو، بۆیە کاتی خۆی لینکۆڵن شەڕی کرد، تا ئەمەریکا لەکەرتبوون بپارێزێ، گەر ئەوکات نەیاری هەبووبێ، خۆ ئێستا هەموو گەلی ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی لینکۆڵن پاڵەوانی مانەوەی ئەمەریکایە بەیەکگرتوویی. هەرچەندە بەراوردکردنی ئەمەریکای سەردەمی لینکۆڵن بە هەرێمی ئێستای کوردستان لە زۆر ڕووە ناواقعیە، بەڵام بەراوردەکە لەچەند ڕوویەکیشەوە لۆژیکیە، بەتایبەت هاوشێوەی گیرۆدەبوونی ئەمەریکای ئەوسا بە دەست جیاوازی شێوەی پێستی خەڵکەکەی، هەرێمی ئێستای کوردستانیش گرفتاری جیاوازی ڕەنگەکانە، نەک ڕەنگی پێست، بەڵکو ڕەنگی ئاڵای حیزبەکان. گەر لەئەمەریکای ئەوکات، جوداخواز و دابەشبوو خواز دەنگی بیسترابێ، ئەوا لە هەرێمی کوردستانیش کە هێندەی شارێکی ئەمەریکای پەنجا ویلایەتیە، دەنگی دابەشبوون و دوو ئیدارەیی و دابڕاندنی سێ پارێزگای بێ هێز و ئابووری لاواز بڵندە. جیاوازیەکە ئەوەیە، گەر خوێن ڕشتن لەپێناو هێشتنەوەی ئەمەریکا بەیەکگرتوویی بووبێتە دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی بۆ لینکۆڵن، ئەوا لێرە پێچەوانەکەیەتی، دۆخێک خوڵقێنراوە، دڵسۆز ئەوانەن لەگەڵ دابڕاندنی ئیدارە لەقە سێ پارێزگاییەکەدان لە یەکتری، بێ ئەوەی بپرسرێ، گەر هێزە پەڕۆ جیاوازەکان لەسەر پارەو نەوت و گومرگ و بەرژەوەندی شەڕیانەو ڕۆژێک ڕیفراندۆم و باسی دەوڵەت دەکەن، ڕۆژێکیش بانگەشەکردن بۆ دوو ئیدارەیی، ئەی منێکی گەرمیانی و تۆیەکی زاخۆیی چی بەرژەوەندیەکمان لە کەرتبوون و دروستکردنی شورادایە لە نێوانمان؟ لە بری هەڵپەڕین بە ئاوازی حیزبەکان، ڕۆژێک شایی بۆ دەوڵەت و ڕۆژێکیش گۆرانی وتن بۆ دوو ئیدارەیی، دەبێت ئەو تێگەشتنەمان لا دروست ببێت، هەرێم موڵکی باوکی هیچ حیزبێک نیە بە ئارەزووی خۆی دابەشی بکات، ئەوان لەسەر دزی ناکۆکن، ئەی چی ناکۆکیەک لە نێوان منی گەرمیانی و تۆی زاخۆییدا هەیە؟ ڕاستە گەر لینکۆڵنێکیش لە نێو کورددا دروست ببێت، هەل و مەرجە ئیقلیمیەکە ڕێی پێنادات حیزبە کوردیەکان ڕابماڵێت و هەرێم یەکبخاتەوە، چونکە وڵاتانی دەوروبەرمان هەریەکەو لە پشت لایەکیانن و لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم بەربەرەکانێدان، تا هێدی هێدی هەرێم دەپوکێتەوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە بە تەپڵی دوو ئیدارەیی یەکێتی و پارتی هەڵپەڕین، لەکاتێکدا منی نیشتەجێی زۆنی سەوز چەنێک بێزارم لەدەست خراپ بەڕێوەبردنی زۆنەکە، ئەوی دهۆکیش هێندە بێزارە لە واقیعە سەپێنراوە حیزبیەکە. ئەی منی نیشتەجێی ئێرەو تۆی دانیشتووی ئەو زۆنەکە، گەر هەردووکمان بێزاربین، حیزبەکانیش لەخراپیدا کۆپیکراوی یەک بن، کەواتە دابڕان و کەرتبوونمان چ سودێکی هەیە، حیزب لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گۆرانی بۆ پێکەوە بوون یان دابەشبوون بچڕێت، ئەی من و تۆی نیشتەجێی دوو زۆنە جیاوازەکە چی بەرژەوەندیەکمان لە دابڕان هەیە، تا بە ئاوازی حیزبهەڵپەڕین؟!
رێبوار کەریم وەلی باس باسی غازی کوردستانە، ئەو غازەی کەھێشتا خەڵکی کوردستان بە بتڵ و بە نیوەچڵی لێی سودمەندن و زۆربەی کاتیش قەبارەی بەرھەمھێنانەکەی ناگاتە ئەوەی پێویستیی ماڵان پڕ بکاتەوە. * کاربەدەستانی مەیدانیی بواری نەوت و غازی کوردستانیش دان بەوە دادەنێن کە ئەوەی ئێستا بەرھەم دێت و قەرارە بەرھەم بێت تا پێنج ساڵی دیکەش رەنگبێ بای ئەوەندە نەبێ کە ھەناردەی دەرەوەی بکەی، خۆ ئەگەر ھەناردەش بکرێ دیسان بەھۆی ئەو گرێبەستە درێژخایەنانەی کە کراون شتێکی ئەوتۆ لە سەرئێشە زیاتر نەڕژێتە قاسەی حکومەتەوە. * ئینجا ئەسڵی مەتڵەب شتێکی دیکەیە کە ئەو غازە سروشتییەی کە گوایە و قەرارە ببێتە جێگرەوەی غازی روسیا لە ناوچەیەکدایە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتیدایە و تەنانەت ئەگەر یەکێتیش رازی بێت، ئێران و رای گشتیی ناوچەکە رێگرن لەوەی کە پارتی بە ناوی حکومەتەوە دەستی بۆ ببات. * دەمێکە یەکێتی ھەموو ژێرخانی سیاسی و ئاییندەیی بۆ بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی غازی چەمچەماڵ لە رێگەی بەغداوە بڕاندۆتەوە و لە بەرامبەریدا، بەڵێنی سەربەخۆیی ئابوریی ناوچەکەی زامن کردووە. * ھاتنی خەڵک بۆ ناو پارتی و چەکدارکردنیان لە ناوچەکە، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە ئەگەر لە داھاتوودا، پێکدادانێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لە سەر غاز لەو ناوچەیە درووست بێت، ئەو چەکدارانە بخرێنە ئیشەوە! ئەمە دیدگایەکی ترسناکە. * بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش چەندی پەیوەندیی بە ئێستای سیاسەت و واقیعی مامەڵەی حکومەت بە نەوت و غازەوە بێت، دوو ئەوەندە پەیوەستە بە رێگریکردن لە دەستبردنی زیاتری پارتی بۆ سەرچاوە بەرھەم نەھاتووەکان لە داھاتوودا. * پرۆژەی نابوکۆ کە دە پانزدەساڵ پێش ئێستا ئەوروپییەکان و تورک لەسەری پێ‌داگر بوون، فەشەلی پێھێندرا و خەونی ئەوەی کوردستان ببێتە جێگرەوە یان دابینکەری بەشێکی بچوکی وزەی ئەوروپا لەباربردرا. ھاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، سوریای کاول کرد. ئەوەی ئێستاش لە ئارادایە ھەمان ئەو قسانەن کە دە پانزدە ساڵ پێش ئێستا دەکران. خوا دەزانێ ئەمجارە کوێ کاول دەکات!؟ * پێداگریی پارتی لەسەر ئەوەی کە بیەوێ یەکلایەنانە دەست بۆ سەرچاوەکانی ژێر دەستەڵاتی یەکێتی ببات، شەڕێکی خوێناوی لە کوردستان بەرپا دەکات و تا ئاگری ئەو شەڕە دەکوژێتەوە، وڵاتانی ئەوروپا پێویستییان بە غاز نەماوە، بەڵام ئەو کاتە شتێکیش بەناوی ھەرێم نەماوە!
د. كامەران مەنتك ئیبن خەلدون دەڵێت خۆشگوزەرانی یەكێك لە مەرجەكانی دامەزراندنی شارستانیەتە، بەڵام خۆشگوزەرانی زۆر هۆكارێكە بۆ رووخانی شارستانیەت. هەروەها پێی وایە، كاتێك ژمارەی بەرپرسەكان زۆر دەبێت، پیاوەكان لاسایی ئافرەتان دەكەنەوە، دەستیان لە خەنە دەنێن ووەكو مامز بە لەنجەو لار رێدەكەن، ئەوە ئاماژەیەكە بۆ بەكۆتا هاتنی شارستانیەت، بە واتایەكی تر بۆ رووخانی دەوڵەت! باشترین نمونە لەمێژوودا، بۆ شرۆڤەكردنی ئەو چەمكە، قۆناغی دوا خەلیفەی عەباسیەكانە، معتصم بالله، كاتێك مەغۆلەكان هێرشیان بۆ كرد‌و لە سەردەمی ئەودا دەوڵەتی عەباسیان رووخاند، معتصم هەموو ئەو زێر‌و زیوو سامانەی كەوتبووە بەردەست، كەخەلیفەكانی عەباسی لە ماوەی 524 ساڵدا بەیەكەوەیان نابوو، ئەو خەلیفەیە خەریكی رابواردن وكەیف وسەفابوو، گوێێ نەدەدا ئەوەی هەموو وڵاتەكەی داگیر‌و وخاپوور بكرێت، ئەو هەمیشە وتە بەناوبانگەكەی دووبارە دەكردەوە:" بەغداد بۆ من بەسە"، واتە هەموو وڵاتەكەی بڕوات تەنیا بەغدای بۆ بمێنێتەوە ئەو بەسی بوو، لەسەر دەمی ئەو خەلیفەیەدا مەغۆلەكان بەئاڕاستەی بەغدا دەهاتن، هۆلاكۆ لەرێگای خۆیدا سێ نامەی بۆ نارد‌و داوای خۆبەدەستەوەدانی لێ‌كرد، ئەو بایەخی پێ نەدا، تاوەكو هۆلاكۆ گەیشتە بن دیوارەكانی بەغدا وخۆی بۆ پەلاماردانی ئامادەكرد، لەو كاتەدا هۆلاكۆ داوای لە فەرمانڕەوای شاری موسڵ كرد، كە چەك و مەنجەنیقی بۆ بنێرێت، بۆئەوەی لەداگیركردنی بەغدادا بەكاریان بهێنێت، هەر لەو كاتەدا خەلیفە داوای لە فەرمانڕەوایی مووسڵ كرد تیپێكی میوزیكی بۆ بنێرێت! دەتوانین وانەی ئەوە لەو رووداوە هەڵێنجین، كاتێك بەرپرسانی وڵاتێك دووچاری گەندەڵی دەبن وخەریكی ژیانی خۆیان دەبن، ئاگایان لەهیچ نامێنێت وباكیان بەهیچ نابێت، دوای 764 ساڵ لە هەولێر هەمان دۆخ دەكەوێتە بەرچاوو دووبارە دەبێتەوە، لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵكی كوردستان لەدۆخێكی دارایی ودەروونی سەختدا دەژیت، لەكاتێكدا توركیا هێرشێكی بەرفراوانی كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان وچاوەڕوانی ئەوە دەكرێت ئەو هەرێمە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، لەو كاتە بەرپرسەكانی هەولێر خەریكی ئاهەنگ گێڕان وهەڵپەڕكێن، وەك ئەوەی ئەوانیش بڵێن هەولێرمان بەسە، كە بەداخەوە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ كۆتایی قۆناغێك، ئەوانەی لەو كاتە هەستیارانەشدا ئاهەنگ دەگێڕن،هەمیشە لەكاتە سەختەكاندا رادەكەن وبەدوای فەرمانڕەوا نوێكان دەگەڕێن بۆئەوەی ئاهەنگیان بۆ ساز بكات!.
ئاسۆ حاجی هەرجارەی تورکیا لە دژی چەکدارانی پەکەکە ئۆپڕاسیۆن لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، دەنگی ناڕازی بوون بەرز دەبێتەوە، بە تایبەتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەر ئاستی میدیایی دەست بە هۆنینەوەی چیڕۆکی یەکتر تاوانبار کردن دەکرێت، لایەنە کوردستانیەکان وەک هەمیشە بەسەر دوو بەرە دابەش دەبن، هەر بەرەیە و دەست بە کۆکردنەوەی چیڕۆک و داڕشتنی هەواڵی وەدیارخستنی تۆمەتباربوونی لایەنەکەی دیکە دەکات، هەموو ئەوانەش دەبنە هەوڵ و کارێک، کە سەرنجی خەڵک و دونیاش لە سەر لایەنی سەرەکی و راستەقینەی ئەو دەستڕێژیانە لابدات. پەکەکە کە بەهانەی ئامادە و هەمیشەیی تورکیایە، بۆ شاردنەوەی نیەتە ئەسلیەکەی خۆی، بۆ خۆ دزینەوە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا، بە پێچەوانەوە هەموو حکومەتەکانی تورکیا، پرسی کوردیان بە پەکەکەوە گرێداوە، کە رێکخراوێکی سیاسی ماڕکسی رادیکالە، و لە سەر ئاستی جیهانی پێشکەوتوو و دیموکراتیک پەسند نیە، لە ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە لیستی رێکخراوە تیرۆرستیەکانە، ئەوەش وای کردووە تورکیا دەست کراوەتر بێت، لە داپڵۆسینی کورد و چەوسانەوەیان، هەروەها ددانەنان بە کەمترین مافی نەتەوەیی و نیشتیمانیان. بەزاندنی سنوورە دەولیەکانی عێڕاق و راوەدوونانی پەکەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە، زادەی رێکەوتنی تورکیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکو بەرهەمی رێکەوتنی تورکیا و عێڕاقە کە مێژووەکەی بۆ پێش دروست بوونی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانی عێڕاق دەگەڕێتەوە، یەکەمین رێکەوتنی ئەمنی نێوان تورکیا و عێڕاق بۆ ساڵی ١٩٨٣ دەگەڕێتەوە، دوای بەستنی یەکەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە ناوچەی بیقاعی لوبنانی، کە لەو کۆنگرەیە بڕیار درا، شەڕی چەکداری لە بەرامبەر تورکیا بەرپا بکرێ، خاڵی دەست پێکردنی شەڕەکەشیان ناوچە سنووریەکانی نێوان باشور و باکوری کوردستان هەڵبژارد، بە گوێرەی ئەو رێکەوتنەی نێوان تورکیا و عێڕاق، تورکیا بۆی هەیە بە قووڵایی (١٠کم) بچێتە ناو سنووری عێڕاق، لە ساڵی ١٩٩٢ مام جەلال دوای سەردانێکی بۆ ئەنقەڕە، گەڕایەوە کوردستان و لە پەڕلەمانی کوردستان، هێرشی توندی کردە سەر پەکەکە و عەبدوللا ئۆجەلان، یەکەمین جار بوو سەرکردەیەکی سیاسی کورد، پەکەکە بە رێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنی و ئۆجەلانیش وەک کەسێکی (شێت – دین) پێناسە بکات، بە پێچەوانەی ئەوە تورکیا و سەرۆک تۆڕگۆت ئۆزال وەک دۆست باسیان بکات و تا ئێستاش لە ئەدەبیاتی کوردی باشور بە گشتی و ئەدەبیاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تۆڕگۆت ئۆزال وەک دۆستی گەلی کورد دەناسێندرێ و وای پێناسە دەکەن کە نیەتی چارەسەری پرسی کوردی هەبوو لە تورکیا بەڵام مەرگ مەودای نەدا. لە دوای روخانی رژێمی دیکتاتۆری بەعس، لە ساڵی ٢٠٠٧ لە سەردەمی نوری مالیکی کە سەرۆک وەزیرانی بوو، هەروەها جەواد پۆلانی وەزیری ناوخۆی عێڕاق بوو، هەمان رێکەوتنیان لەگەڵ تورکیا نوێ کردەوە، بەڵام ئیمتیازاتی زۆرتریان بە تورکیا دا، بە دامەزراندنی ژووری هاوبەشی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری لە نێوان هەردوو وڵات، لەوەش زیاتر ئیمتیازێکی تر بوو بۆ تورکیا کە چیتر پێویست نیە بۆ بەزاندنی سنوور، پرس بە حکومەتی عێڕاقی بکات هەروەها لە جیاتی (١٠کم) دەتوانێ بە قووڵایی(١٥کم) لە ناو خاکی عێڕاق ئۆپڕاسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات، ئەوە لەو کات بوو، کە تورکیا هەموو رۆژ هەڕەشەی داگیرکردنی لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەوە تۆمەتباری دەکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، بە چەک و ئازووقە یارمەتی پەکەکە دەدەن لە دژی تورکیا، ئەو سەردەم مام جەلال سەرۆک کۆماری عێڕاق بوو، کە بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاق، پێویستە هەموو رێکەوتنێک لەگەڵ وڵاتان ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لە سەر بدا و سەرۆک کۆمار پەسندی بکات. لەو دوو رێکەوتنە گرنگتر کە پێویستە باسی بکرێ، نوێ کردنەوەی هەمان رێکەوتنە لە سەردەمی حەیدەر عەبادی، لە سەروبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ یە، کە خاڵەکانی ئەو رێکەوتنە بە نهێنی ماونەتەوە و کەس باسیان ناکات، چونکە تەنازولی زۆر گەورەی عێراقی تێدایە لە بەرامبەر تورکیا، لە بەرامبەر دژایەتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان لەلایەن تورکیاوە، عەبادی مافی سنووربەزاندن و هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیای کردە (٣٠کم) بۆ قووڵایی خاکی عێڕاق، هەروەها ئەو مافەشی بە تورکیا داوە، کە لە هەر شوێنێک پەکەکە هەبێ دەتوانێ هێرشی ئاسمانیان بکات سەر، ئەگەر پەکەکە سەربازگەیان لەو شوێنانە هەبوو ئەوە دەتوانێ ئۆپڕاسیۆنی وشکانیش لە دژیان ئەنجام بدات، هەروەها بە گوێرەی رێکەوتنەکانی لۆزان ١٩٢٣ و رێکەوتنی تورکیا و بەریتانیا ١٩٢٦ مافی هەبوونی سەربازگەی بە تورکیا داوە، لە جوگرافیای ویلایەتی موسڵی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی، هەبوونی سەربازگەی باشیقی سوپای تورکیا کە زیاتر لە (٢٠٠٠) سەربازی تێیدایە بە گوێرەی ئەو رێکەوتنەیە بۆیەشە حکومەتی عێڕاقی جگە لە هەندێک راگەیەندراوی میدیایی ناتوانێ هیچ رێکارێکی دیکە لە بەرامبەر تورکیا بگرێتە بەر. لە دوای ئەو مێژووە تورکیا لە بۆردوومان کردنی مەخمور و شەنگال و دەڤەری سلێمانی دەستی نەپاراستووە، هەر کاتێک و بەهەر شێوزێک ویستبێتی هێرشی کردووە. ئەو رێکەوتنەی عەبادی لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێڕاق تەئکیدی لێکرایەوە و بە هەمان ناوەڕۆک ئیمزا کرایەوە. ئەوە حەقیقەتی بێ منەتی تورکیایە لە بەزاندنی سنوور و ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی سەربازیە لە قووڵایی خاکی عێڕاق، جگە لە هەردوو لایەنی تورکی و عێڕاقی، ئەوە لایەنی سێیەم کە هەمیشە وەک بەهانە ئامادەیی هەیە، پارتی کرێکارنی کوردستان(پەکەکە)یە، کە تورکیا هێرشەکانی بە هەبوونی ئەوانەوە لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە. ئەو کەس و لایەنانەی مەبەستیانە راستیەکە بزانن، پێویستە لە پەڕلەمانی عێڕاق فشار لە سەر حکومەتی کازمی دروست بکەن تا راستیەکان ئاشکرا بکات، چونکە ئەو لایەنی بەرپرسە و کازمیش لە سەردەمی رێکەوتنەکەی عەبادی و دواتریش بەرهەم ساڵح لەگەڵ تورکیا ئەو بەرپرسی دەزگای هەواڵگەری عێڕاق بووە و پەیوەندیەکی تایبەتی و کەسی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەبەستێتەوە.
د. جەعفەر عەلی مێژووی دەوڵەتی تورکیا لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا، لە ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆگان، مێژووی خوێن و شمشێرە، مێژووی هێرش و پەلامار بۆ سەر ئازادی و بوونی کوردە وەک نەتەوەیەک. دەوڵەتی تورکیا‌و سوڵتانە مۆدێرنەکانی، بۆ سەد ساڵی تەواو دەچێت پەلاماری بوونێکی سیاسی و کولتوری دەدەن، یەک سەدەی تەواوە هەرچی ڕێگەو شێوازی توندوتیژی هەیە بەرامبەر ئەم بوونە سیاسی و کولتورییە تاقیانکردووەتەوەو بەردەوامیشن، سەد ساڵەو شمشێری سوڵتانەکانی ئەنکەرە خەریکی خوێناویکردنی ئازادی و سەرەتاییترین مافی ئینسانە، لەڕێی خەون هەڵچنین لەسەر نوکی شمشێر شەڕی سڕینەوەی نەتەوەیەکیان بە ئامانج گرتووە. سەد ساڵەو هێشتا نایانەوێت لەو ڕاستییە مێژوویی و سیاسییە تێبگەن، ئیرادەی مرۆڤی بەهێز، گەلی بە ئیرادە، بە نوکی شمشێر ناشکێنرێت. مرۆڤ ئەگەر ئیرادەی هەبوو، نەک شمشێرە مۆدێرنەکانی سوڵتان، دوامۆدێلی چەکە بەکارنەهێنراوەکانی گەنجینەکانی بەرگریش هێزی ئەوەی نابێت ئازادی و ژیان لە ناخی ئەو گەلەدا بکوژێت و بۆ هەمیشە مل بە نەتەوەیەک کەچ بکات. کێشەی ڕیشەیی دەوڵەتی تورکیا، کێشەیە لەگەڵ جیاوازی، کێشەیە لەگەڵ دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان. دەوڵەت لە تورکیا هەموو شتێکی قبوڵە جیاوازی و ناسنامەی سیاسی و کولتوری جیاواز نەبێت، دەوڵەت دەبێ یەکڕەنگ و یەک نەتەوە بێت. ئەوان بەوە ڕازین تۆ پەرلەمانتار، سەرۆک شارەوانی، کاندیدی سەرۆک کۆماری دەوڵەتیشت هەبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانن بەوە ڕازی بن، تۆ وەک کوردێک هەوڵی داکۆکی لە ناسنامەی سیاسی و کولتوری خۆت بدەیت، هاوشانی گەلان و ئیتنیکە جیاوازەکانی دیکەی تورکیا، خەبات بۆ بەرەوپێشبردن و بڵندبوونی شوناسی نەتەوەیی خۆت بکەیت. ئەوە ئەو هێڵە سورانەن کە ڕۆحی فاشیزم لەسەریان دەژی و دەرچوون لێی وەک ئەوە وایە لە ناو میحرابی مزگەوتدا سوکایەتی بە خودا‌و پیرۆزییەکانی دین بکەیت. لێرەوە ئەو ڕۆحی فاشیزمەی دەوڵەت، حیزبە سیاسییەکانی تورک و دەسەڵات لە تورکیا، لە هەر نمایش و ڕۆڵێکی نمایشییانەی دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان بەتاڵ دەبێتەوە و ماسکە ساختەکەی سەر دەموچاویان بە بەرچاوی دونیاوە دەکەوێت. فاشیزم دەتوانێت بە ناوی دیموکراسی و بەیەکەوە ژیانەوە قسە بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ژیانکردن لەگەڵ جیاوازیدا بژی. مۆسۆلینی شمشێرێکی نەخشێنراو بەهێمای ئیسلامی بەسەر پشتی ئەسپێکەوە بەرزکردەوە، ئەتاتورک لە کوردە موسڵمان و کۆمۆنیستەکانیش هاتەپێش، بەڵام هەردوو فیگەرە فاشیستەکە وەکیەک خەریکی نمایش و بەستنی ماسکی ساختە بوون. ئەردۆگان کوڕی ناو ئەو دونیای فیکر و نمایش و ماسک و میتۆدە فاشیستییەیە، بۆیە چۆن ئەتاتورک لە سەرەتای بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت و لە هەنگاوەکانی دامەزراندنیشیدا، توانی هێزو وزەی مرۆیی و جەنگی کورد‌و ئەوانی دیکەیش بە قازانجی فاشیزم هەڵمژێ، ئەردۆگانیش لەسەرەتای دەسەڵاتیدا تا ئەندازەیەکی گەورە سوودی لە گوتاری ساختەی بەیەکەوە ژیان لەژێر پەردەی ئیسلام و مرونەتی دینی ئیخوانی بینی، هەر لەم ڕێگەیەشەوە توانی هەم لە کورد نزیک بێتەوە، هەم جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی، ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشچوونی ئابووری لە تورکیا بهێنێتەدی، بەڵام گرفتی ئەردۆگانیش، هەمان گرفت و ئەو گرێی خودباڵاییە بوو، ئەو ئیگۆ قوڵ و ڕۆحی فاشیستییە بوو، کە وەک میراتێکی ڕۆحی لە باوکی تورک، ئەتاتورکەوە بۆی بەجێماوە. ئەردۆگان، چەند هەوڵبدات هێزی دەرچوون و جیابوونەوە لەو میراتە ڕۆحی و فیکرییەی باوکی دامەزرێنەر، ئەتاتورکی نییە، چەند بەناوی دیموکراسی، ژیاندۆستی، دینەوە قسە بکات، هێشتا هەموو هەنگاوێکی، هەر جوڵەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی، بە ڕەنگی عەقڵ و فیکری باوکانی پێش خۆی ڕەنگکراوە، هێشتا بۆ چرکەساتێکیش توانای ڕاستەقینەی بۆ دابڕان لەو ڕۆحی فاشیزمە نییە، ناتوانێت لەو سێبەرو تارماییە قورسە ئایدیۆلۆژی و دۆزەخییە دووربکەوێتەوەو مامەڵەی ڕاستەقینەو ئینسانی لەگەڵ سفرکردنەوەی کێشەکانیدا بکات، کە هاوشانی تیۆریسین و هاوڕێ کۆنەکەی داود ئۆغلو، درۆی سفرکردنەوەی کێشەکانی تورکیایان بۆ ناوەوەو دەرەوەی خۆیان بەیان دەکرد. ئەردۆگان، نەک هەر نەیتوانی کێشەکان سفر بکاتەوە، بەڵکو سفریشی کرد بە ژمارەیەکی گەورە، ئەو بە تەنیا کێشەکانی گەورەتر نەکرد، بەڵکو دەیان کێشەی نوێ و گرفتی سیاسی، ئابووری نوێیشی بۆ دەوڵەت و گەلانی تورکیا زیادکرد. لە هەموو ئەوانەش ترسناکتر، مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورک- کورد، تورک- ئەرمەن، تورکیا لەگەڵ سوریا‌و عیراق و زۆرێک لە پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەیشی ئاڵۆزتر‌و خوێناویتر کرد. دەوڵەتی تورکیا سەد ساڵی تەواوە نایەوێت عەقڵانی سیاسەت بکات، نایەوێت لەو ڕاستییە مێژووییە تێبگات، چیتر خوێن و شمشێر نامانگەیەنێت بە هیچ، چیتر پەلامارو هێرشی سەربازی، زمانی چەک و قین و توڕەیی، بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانمان نابەن، چیتر سوڵتانەکان هێزی ئەوەیان نابێت بتوانن لەسەر نوکی شمشێرەکانیان دانیشن و گەرەکیشیان بێت لەسەر ئەو کورسی خوێنە، ژیان ئارام و هێمن بێت.
شادمان مەلا حەسەن زۆرجار دەگوترێت مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە .هەندێ رووداو و كردار بە جیاوازی زەمەن زۆر لەیەك دەچن .بەتایبەت ئەگەر لە یەك ژینگەی مێژوویی و جوگرافی بن, رۆژی (14/9/1922) ئینگلیز شێخ مەحمودی حەفیدیان لە دەست بەسەری هێنایەوە و كردیان بە حوكمداری كوردستان لە ناوچەی سلێمانی .ئەوكات سلێمانی هەتا رادەیەك بوژابۆوە .وەك سەردەمی قۆناغی یەكەمی حوكمداریەكەی شێخ نەبوو .چاپخانەی لێ‌بوو ,زۆر شت گۆڕابوو .لە هەمان كاتدا بریتانیەكانیش لەشەڕدا نەمابوون و حكومەتی عێراقیان دروستكردبوو. واتە ئینگلیز كەم كێشە تر بوو ,وەك لەسەردەمی جەنگ,بۆیە هەركات بیان ویستابایە بەهێز ویستی خۆیان فەرزدەكرد, حكومەتی بریتانیا و عێراق دانیان بە حوكمداریەكەی جنوبی كوردستان دانا بوو . ماوەیەكی پێچوو ,شێخ مەحمود ناسنامەی خۆی لە حوكمدارەوە كرد بە مەلیك . لەوەش كێشە زۆر نەبوو .بەلام رووی كێشەكان زیاتر لە بەغدا و بریتانیەكان بوو .ئەوێ رۆژێ لە ژێر كاریگەری چەند ئاراستەیەكی ئاینی و پاشماوەی تورك خواهی و كاردانەوەی هەندێ رەفتاری بریتانیا ,حكومەتی كوردستانی جنوبی بە ئاراستەی تورك رۆیشت .بێگومان تورك هێشتا لە نێوان توركیای ئەنادۆلی و عوسمانیش یەكلایی نەبووبۆوە,چونكە لە جەنگ دۆڕا و تێك شكاوبوون . ئەمە وایكرد لە ئەنجامدا تێك هەلچوون لە نێوان بریتانیەكان و هێزی حكومەتی كوردستان بێتە كایەوە .كەهاوسەنگی هێزیش لەبەراووردكردن نەدەهات .سەرئەنجام كۆتایی بە ئەزموونی حوكمداری كوردستانی جنوبی هات .لە دوای سەد ساڵ ئەزموونی هەرێم بە هەمان شێوە خەریكە بەهۆی وابەستە بوون بە توركیای ئاك پارتی كۆتایی پێ بێت . ئێمە هەرێمێكی فیدڕالین بە پێی دەستور و دان پێدانانی دەوڵەتی عێراق .كەچی سەرانی حوكەتی هەرێم هەوادارەكانی خۆیان بە نەبانی ئەم دەوڵەتە دەزانن .كە كورد دەستی گەورەی لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەم دەوڵەتە تازەیە هەبووە . بەهەمان شێوە سەد ساڵ لەمەوبەر دەبێ بزانین عێراق گۆڕاوە .عێراقی سەردەمی شەڕی داعش نیە . ماوەی پێنج ساڵە شەڕ لە عێراق تەواو بووە .دەوڵەتی عێراق ئەگەرچی هێشتا كێشەی زۆرە .بەلام ساڵ بە ساڵ بە هێزتر دەبێ ,ئابووریەكەی ئەستوورتر دەبێ .هەرێمیش لاواز بووە و رۆژ بە رۆژ لە هەموو ئاستەكان لە پاشەكشەدایە ,بۆیە ماف و ئەرك و ناسنامەی ئێمە لە عێراقە نەوەك لە توركیا و ئێران .زەروورە ئەم عەقلیەتە چەواشەكاریە وەلا بنرێت ,ئەوەی دەكرێ لەگەل هیچ عورف و یاسا و رێسایەكی دەوڵەتی و نیشتمانی وێك نایەتەوە . ئەگەر بەزووی ئاراستەی هەرێم نەگەڕێتەوە بەغدا و عێراق ,بەدلنیایەو چارەنووسی ئەم هەرێمە لە چارەنووسی حكومەتی كوردستانی جنوبی باشتر نابێت .
د. كامەران مەنتك وەك لە وتارەكەی پێشوومدا دەربارەی دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر باشوور پێشبینیمان كرد، دوێنی شەو لەكاتژمێر 9 ئێوارەوە چەندین كۆپتەرو فڕۆكەی شەڕكەری توركیا هێرشیان كردە سەر لوتكەی كوڕەژار ولینكێ،دواتر هێزە سەربازیەكانی توركیا دابەزێنرانە ئەو ناوچەیە وگەریلاكانی پەكەكە رووبەروویان بوونەوە ئەو شەڕە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، هیچ زانیاریەكی راستەقینەش لەگۆڕەپانی شەڕەكە نیە وەستان وئەنجامی ئەو شەڕە تا ئێستا بەراستی روون نەبۆتەوە، وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێت ئێمە ئامانجی هێرشەكەمان بەدیهێنا، گەریلاكانی پەكەكەش دەڵێن هێرشەكەی توركیامان تێك‌شكاند. لەهەموو حالەتەكاندا ئەمە واتای ئەوەیە گەریلاكانی پەكەكە وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوە ورووبەڕووی بوونەتەوە، ئەو رووبەڕووبوونەوەیەش خۆی لەخۆیدا ئیرادەو باوەڕێكی بەهێزی گەرەكە، لەبەرئەوەی هیچ بەرابەریەك لەنێوان هەردوو هێزی شەڕكەردا نیە شایەنی ئاماژە پێكردنە ئەو دوو لوتكەیە، شوێنێكی ئێجگار ستراتیژین ولەروانگەی سەربازیەوە ئەو هێزەی كۆنتڕۆڵی ئەو لوتكانە بكات باڵادەستی سەربازی خۆی دەسەپێنێتە سەر ناوچەكە بەگشتی و تا دەگاتە دەشتاییەكانی مووسڵ. چڕ بوونەوەی ئەو شەڕە سەرەتایەكە بۆ هێرشێكی فراوانتر، واپێدەچێت توركیا ئەو جارە بیەوێت بە پانتایی باشووری كوردستان پڕۆسە سەربازیەكەی بەڕێوە بەرێت، بەپێچەوانەی پڕۆسەكانی تر، كە لەسێ ئاڕاستە جیاوازەوە وهەرجارەی لە ئاڕاستەیەكدا هێرشی دەكرد، لەم چەند رۆژەی دادێت رەنگ بێت شەڕەكان بپەڕێتەوە ناوچەی برادۆست وخواكوڕك ودەشتی بەرازگر، كە ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەترسیدارە! هاوكات ئەگەری ئەوە هەیە شان بەشانی ئەو هێرشەی سەر باشوور پەلاماری رۆژئاوای كوردستانیش بدات، بۆئەوەی باشوور ورۆژئاوا بەیەكجاری لەیەكتر دابڕێت وزنجیرەكانی ناوچەی ئارام لەرۆژئاوا وباشوور بەیەكەوە بلكێنێت. هەڵوێستی هێزەكانی باشووری كوردستان زۆر لاوازەو وتا ئێستا هیچ هێزێكی باشوور بوێری ئەوەی نەبووە تەنانەت سەركۆنەی ئەو هێرشەش بكات، ئەمەش جێگەی شەرمەزاریەو مێژوو لێیان نابورێت، خەڵكی باشووریش بە مەسەلەی لاوەكیەوە خەریك كراوە، تەنانەت وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر دەسەڵاتی كوردی، زۆرینەی خەڵك بایەخ بەدۆخەكە نادات و ئامادەن پێشوازی لە هەر داگیركەرێك بكەن، تەنیا بۆئەوەی لەكۆڵ ئەو دەسەڵاتە ببنەوە، ئەمەش سەرئەنجامی ئەو شەڕە رۆشنبیری ومیدیایی ودەروونییەیە، كە لەم بەشەی كوردستان دەگوزەرێت، هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن دۆخی كوردستان بەگشتی وهەرێم بەتایبەتی لەچاوەڕوانی قۆناغێكی سەخت دایە، سەرئەنجامی ئەو قۆناغەش دەوەستێتە سەر چارەنووسی داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی وهەرێمی، كە بەداخەوە بەگوێرەی گۆڕانكاریەكان پێناچێت لەبەرژەوەندی كورددا یەكلایی بێتەوە ووەك قۆناغی شەڕی سارد، كوردستان خەریكە دەبێتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی ودەكەوێتەوە نێوان بەرداشی زلهێزەكانەوە. هێرشی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان دەستپێكرد!!! د. كامەران مەنتك 17-4-2022 لە 15 ئەم مانگەوە توركیا هێرشی بۆ سەر لوتكەی كورەژارو لینك وگەلی رەشاڤەو ئاڤا مارك وبانی رینج وبراخە لەزنجیرە چیای مەتینا دەستپێكردووە، رۆژانە تۆپەكانی توركیا بە چڕی ئەو ناوچەیە بۆردەمان دەكەن ودرۆنەكانی ئەو وڵاتە بەئاستێكی ئێجگار نزم دەفڕن وناوچەكە كێوماڵ دەكەن وبەدوای سەنگەرەكانی گەریلاكانی پەكەكە دەگەڕێن، هێشتا هێرشی زەمینی دەستی پێ نەكردووە، هێزەكانی توركیا دەیانەوێت بە تەنیا هێرشەكە بكەن، بەگوێرەی زانیاریەكانی خەڵكی ناوچەكەش، دیارە تا ئێستا پارتی بەمە رازی نەبووەو دەڵێن دەبێت هێزەكانی زێرەڤانی شان بەشانی هێزەكانی توركیا لەو زنجیرە چیایانە دابنرێن، بۆیە رەنگ بێت یەكێك لە ئەگەرەكانی سەردانی شاندەكەی پارتی لەم چەند رۆژەی دوایی بۆ توركیا‌و كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆگان بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە بوو بێت، توركیا بەناوی شەڕی پەكەكەوە دەیەوێت ئەو ناوچانە داگیر بكات وبنكەی سەربازی خۆی لێ دابنێت، وەك خەڵكی ناوچەكە دەڵێن پارتی داوای لە هێزەكانی پەكەكە كردووە ئەو ناوچانە بۆ ئەوان چۆل بكەن تاوەكو هێزەكانی زێرەڤانی لێ دابنێن، بەڵام گەریلاكانی پەكەكە بەمە رازی نین وبە پلانی توركیای تێدەگەن، هاوكات داوای لە خەڵكی ناوچەكە كردووە لە ناوچە سەربازیەكان نزیك نەبنەوە. جێگەی داخە توركیا توانیویەتی یەكڕێزی كورد تێكبدات وهیچ متمانەیەك لەنێوان هێزە كوردیەكان نەهێڵێت. بەگوێرەی ئەو دەستپێكە دەبێت چاوەڕوان بین لەچەند رۆژی ئایندە هێرشی زەمینی توركیا بەشێوەیەكی فراوان وبەرنامە بۆ داڕێژراو بۆسەر باشووری كوردستان دەست پێبكات، شایەنی ئاماژە بۆ كردنە توركیا بەیانووی شەڕی پەكەكە دەیەوێت ناوچە ستراتیژی وگرنگەكانی باشووری كوردستان لەرووی سەربازیەوە داگیر بكات، تا ئێستاش لەرێگەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە سەربازیانەی ساڵانە دەیكاتە سەرهەرێم، توانیویەتی چەندین ناوچەی ستراتیژی وگرنگ داگیر بكات، دوای هەر داگیركردنێكیش ئامێرەكانی سوپای توركیا دەكەونە كار بۆ راكێشانی جادەی سەربازی ودروستكردنی قەڵاو بنكەی سەربازی، توركیا لەو ناوچانەوە بەرەو دواخاڵی هەژموونی خۆی، كە دەكاتە زینی وەرتێ بەشێنەیی هەنگاو دەنێت، بۆئەوەی بە بیانووی دابڕینی هێزەكانی پەكەكە، ناوچەكانی خەتی برۆكسل، كە رێك دەكاتە سنوورەكانی نێوان توركیا‌و ئێراق، بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر داگیر بكات، وەك بەشێك لە دامەزراندنی پڕۆژەی ناوچەیەكی ئارام، كە لەعەفرین وچیایی كرمانجان نزیك دەریای سپی ناوەڕاست دەستیپێكردووە دەیەوێت بیگەیەنێتە دواخاڵی سنوورەكانی خۆی و كۆتا پێگەی هەژموونی خۆی لەباشووری كوردستان، جێگەی داخە لەو دۆخە هەستیارەدا خەڵكی كوردستان بەململانێیە ناوخۆییەكان خەریك كراوە، میدیا‌و راگەیاندنەكانی كوردی لەجیاتی ئەوەی خەڵك لەو مەترسیانەی داگیركاری توركیا ئاگادار بكەنەوە، كەوتوونەتە فریودان وبەڵارێدانی بردنی خەڵك خەریك كردنی بەشتی لاوەكی وبێبایەخەوە!.
عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف سەرەتا بڵێم لەبەر دوبارەبونەوەی ناوی کاک فاروقی مەلا مستەفا و کاک نەوشیروان مستەفا، ناچار ناوی یاکەم بە (ف م) و ئەویتر بە ( ن م) ئەنوسم … دوای قسە و لێدوانی (ف م )، ماوەیەک و چاوەڕوان بوم یەک لەوانەی خۆیان بە هاوڕێی خەبات و فکری (ن م) زانیوە، یان ئەوانەی لای کەمی لە (ب گ)، کاریان لەگەڵ کردوە، یان خزم و خێزان و نەوەکانی سەبارەت بە موڵکیەت و خاوەندارێتی و پارە و داهاتی کارگەی چیمەنتۆی گاسن و ….هتد بێتە دەنگ، قسەیەک و وەڵامێکی هەبێت، بەداخەوە بێدەنگی ئەوان وەک لە دوای مەرگیشی هەر بێدەنگ بون وەک ئەوە وایە ئیتر بیسەلمێنن کە (ن م)، جگە لە بازرگانێک و خەمخۆری مناڵەکانی هیچیتر نەبوە ! چیرۆکی خاوەندارێتی کارگەی گاسن و هەمو موڵکەکانی پرۆژەکەی (ن م) نە بە نهێنی بوە و نە ئەفسونێکیشە تەنیا من بیزانم و کەسیتر نەیزانێت، بەڵام بۆچی تەنیا من قسە بکەم؟ دواتر وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەدەمەوە. لە بەغدا و لە کۆبونەوەیەکی دو قۆڵی و بە رێکەوتنێک (ن م) کۆتایی بە کاری سیاسی خۆی لەگەڵ مام جەلال ئەهێنێت . ـ ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و راگەیاندن دروستبکات ـ زەویەکی بدرێتێ ـ تێچوی ناوەندەکەش کە فەخری کەریم قەزاوەتیان بۆ ئەیا ( دە ملیۆن دۆلار )ی بدرێتێ ماوەیەکی کەم و لەسەر ئەو گردەی زەرگەتە رێکدەکەون کە سنفەکەی لە زەوی غاباتەوە بە فەرمانی مام جەلال خۆی گۆڕدراوە بۆ موڵکی سرفی عەرەسە و بە ناوی (ئیدارەی گشتی ینک) ەوە کراوە . قسەش لە چۆنیەتی بونی داهاتێکی مانگانە ئەکەن بۆ بەردەوامی پرۆژەکە. (ن م)، پێشنیازی تاپۆکردنی بۆ ناوی خۆی ئەکات وەک مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و بەشێک لەو پارەیە ئەگەر بە پێی نرخ رەمزیش بوبێت ئەگەڕێنێتەوە بۆ (ینک)، بۆ ئەوەی مامەڵەکە لە ئایندەیا تانەی قانونی لێنەدرێ، ( شارەزایانی ئەو بوارە ئەزانن کە جگە لەم رێگەیە بەهەر رێگەیەکیتر مامەڵەکە بڕۆشتایە مافی دەوڵەت یان حکومەت بو هەرکات بیەوێت وەریبگرێتەوە و کێشەی یاسایی بۆ دروست بکات، دوای روداوەکانی هەڤدەی شوبات دروست ویستیان هەنگاوێکی وەها بنێن و لەروی یاساییەوە نەیانتوانی لێی وەربگرنەوە ). بۆ مەسەلەی داهاتی مانگانەی پرۆژەکە و بەردەوامی مام جەلال پێشنیازی هاوکاریەکی مانگانەی بۆ ئەکات بەڵام (ن م) کە خۆی ئەزانێ بەتەمای چیە ! رەتی ئەکاتەوە و داوای مۆڵەتی کارگەیەکی چیمەنتۆ ئەکات، پێشی ئەڵێت کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی یان خۆماڵی بۆ بەردەوامی پڕۆژەکەی دایئەمەزرێنێت . ئەوکات لەبەر هەر هۆیەکی یاسایی و ئیداری یان ئابوری کە من نازانم بۆ ؟ مۆڵەتی کارگەی چیمەنتۆ رێگە پێنەدراو بو ! بۆیە هەر سەرمایەدارێک تەمەناو هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتێکی لەوجۆرەی ئەکرد. تێکچونی باری ئەمنی و سیاسی و ئابوری هەرێم و تێچوی زۆری کارگەکە، کەبە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە ئەکرا، وایکرد کەس بەدەنگ جێبەجێکردنیەوە نەچێت . دواجار (ف م) وەک پشتیوانیەک بۆ (ن م) و وەک موجازەفەیەک لەگەڵ کۆمپانیا میسرییەکان رێکەوت و دەستیپێکرد. سەرەتا مەبدەئیەن لەسەر سەدا بیستوپێنج ٢٥٪ رێکەوتن، بەڵام لە قۆناغی سەرەتاییدا بو بزوتنەوەی گۆڕان پێکهات و تەنگی بە پارتی و یەکێتی هەڵچنی، ئەوانیش بۆ سەرنەگرتنی پرۆژەی کارگەکە مۆڵەتی کارگەی چیمەنتۆیان ئازاد کرد و داوایان لە سەرمایەدارەکان کرد هەرکەسیان بیانەوێت مۆڵەتیان ئەدرێتێ و کارئاسانی زەوی و پشتیوانی حکومەتی هەرێمیان بۆ دەستەبەر ئەکرێت . دوای ئەم بڕیارە (ف م) ئەیتوانی بەبێ شەراکەتی هیچ کەس مۆڵەتی کارگەکە وەربگرێت بەڵام چونکە پابەندی قسە و پەیمانی پێشوی خۆی بو هەر ئەوەندەی پێکرا بەرەزامەندی پشکەکانی (ن م) بۆ سەدا پانزە ١٥ ٪ کەمبکاتەوە. بەرهەمهێنان لە ناوەراستی ساڵی دوهەزاروپانزەوە بە تەدریج لە کەم بۆ زۆر دەستیپێکرد، تەواوی ئەو ماوەیە هەتا رۆژی مەرگی (ن م) داهاتەکەی بزوتنەوەکە وەریگرتوە، دورونزیک نە خۆی نە مناڵ و خێزانی بەلای پارە و داهاتی ئەو کارگەیەدا نەچون ..! زۆرێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەکە ئەم راستیە ئەزانن ..! دواجار و لە سەرەتای ساڵی دوهەزاروهەڤدەوە ئەو داهاتە روبەروی (فازیل دگل) کرایەوە و هەموانیشی راسپارد کە ئەو داهاتە بۆ هەڵبژاردن و خەرجی هەڵبژاردنەکانی ئایندەیە ..! تەنانەت لەو ماوەیەدا بزوتنەوەکە توشی قەیرانێکی دارایی هات هەم لە خۆی و هەم لە کاک فازیلیشمان بیست کە پارەی کارگەی چیمەنتۆی گاسن تایبەتە بە خەرجی بزوتنەوەکە و بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان تەرخانکراوە. بەداخەوە پێش هەڵبژاردن (ن م) مرد و هێشتا چلەی نەچوبو خاوەندارێتی گشت موڵکوماڵی بزوتنەوەکە بە پشتیوانی (سەید عومەر، جەلال جەوهەر، حەمە تۆفیق، جەمال حاجی محەمەد و شۆڕش حاجی) بۆ هەردو کوڕەکەی یەکلا کرایەوە، لەکۆبونەوەی رەسمی جڤاتەکەشدا، وتاریاندا کە هەموی موڵکی شەخسی (ن م) یە، کە منیش بەگژیانا چومەوە لە کۆبونەوە کرامە دەرەوە ! ئیتر لەو رۆژەوە کوڕەکانی بونە خاوەنی داهاتی کارگەکە و هەمو موڵکوماڵی تری بزوتنەوەکە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ـ ئەگەر کارگەی گاسن تایبەت موڵکی (ن م) و خێزانەکەی بوبێت بۆچی هەتا رۆژ و هەفتەکانی پێش مردنی داهاتەکەی لای بزوتنەوەکەوە و بۆ خەرجی بزوتنەوەکە وەرگیراوە ؟ ـ ئەی بۆچی ئێمەومانان کە بەگژ ئەو پیلانی خاوەندارێتیەدا چوینەوە کەمینەیەک بوین و هەریەک بە شێوازێک (گردبەدەر) کراین ؟ ـ جڤاتی نیشتیمانی بۆچی پشتیوانی کوڕەکانیان کرد ؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاشکرا و رونە کە بزوتنەوەکەی بەو دەردە برد، پێبزانن یان نەزانن مێژوی تێکۆشان و بیری نەوشیروان مستەفا و شۆڕشی نوێ و خوێنی شەهیدەکان و ماندوێتی هاوڕێکانی شۆڕش و تەنانەت قوربانیەکانی گەلەکەمان بە هەڵەبجە و ئەنفالەکانیشەوە کەوتۆتە ژێر پرسیار گەلێکی جدیەوە ! دەنا ئێمە ئەوەندە گەمژە نەبوین وەک سەرکردەیەکی خۆمان و شۆڕشەکە (ن م) نەناسین ! ئەوە هەندێ لەهاوڕێکانی خۆی و جڤاتی بزوتنەوەکە و نەوەکانی بون خیانەتیان لێکرد ..!
ئارام سەعید هەموومان دەزانین لەئێستادا گۆڕانکاری بەسەر هەموو شتەکاندا هاتووە، هاوڕێیەتیش یەکێکە لەوانە، هەندێک ناتوانن تەسلیمی ئەو گۆڕانکارییە ببن و پێیانوایە تەکنەلۆژیا هاوڕێیەتی تێکداوە، بەگشتی لەناو کۆمەڵگەدا هەمیشە کەسانی وا هەیە کە بە تەکنەلۆژیای نوێ هەستیارن و هەر زوو هەڵوێست وەردەگرن بەرامبەر بەکارهێنانی. لەوەڵامی پرسیارێکدا لە فەیلەسوف ئەندریە کونت سپۆنڤیل کە یەکێکە لەوانەی زۆر لەسەر هاوڕێیەتی نوسیوە لەوەی ئایا هاوڕێیانت لەسەر ئینتەرنێت هەیە؟ وتی" وەک ئەوەیە مناڵی خۆم هەبێت بەبێ ئاگاداری خۆم، کاتێ پەیجێکی فەیسبوکم کردەوە لەماوەی چەند سەعاتێکدا سێ نامەم بۆ هات کە داوای هاوڕێیەتییان دەکردو من نەمدەناسین، هەستمکرد ئەوە هێرشێکە بۆ سەرم و نەمتوانی تەحەمولی بکەم، ئەوە شیکردنەوەیەکی هەڵەیە بۆ هاوڕێیەتی، هەربۆیە دەستبەجێ لاپەرەکەم لە فەیسبوک سڕیەوە" بەگوێرەی شیکردنەوەی ئەو فەیلەسوفە "پەیوەندییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر رووکەشین، ئەو هاوڕێیەتییەی کە لەواقیعدا هەیە ئەوەیە مرۆڤ هێندە دەبەخشێت بەهاوڕیی خۆی ئیتر هیچی پێ نامێێنێت بیداتە کەسی تر". سپۆنڤیل پێیوایە "هاوڕێیەتی پێویستی بە متمانەیەکی زۆر هەیە، پێکەوەبوون، کات بەخشین بە هاورێیەتی، ئەوەش بۆ دەیان و سەدان کەس نابێت وەک ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا هەیە. لەکۆتاییدا دەڵێت "بێگومان هاوڕێی ئیفترازیت هەبێت باشترە لەوەی هەر هاوڕێت نەبێت، بەڵام ترسناک و خەمگینە لێیان رازی بیت ومتمانەت پێیان هەبێت، بۆیە باشترە ژمارەیەکی کەم هاوڕێی راستەقینەت هەبێت وەک لەوەی سەدان هاوڕێی ئیفترازیت هەبێت لەسەر فەیسبوک و ئەنستاگرام و تویتەر". ئەرستۆ دەڵێت" سێ جۆری هاوڕێیەتی هەیە، یەکەم لەسەر بنەمای خۆشیی بینین، دووەم لەسەر بنەمای قازانج بینین، سێهەم کە باشترینە لەسەر بنەمای چاکە (فضیلە) کە لەهەردوولادا هەیە" کە هاوڕێیەتییەکی جێگیرەو پاکە. بەڵام ئایا ئەم پێناسەیەی ئەرستۆ بۆ هاوڕێیەتی لە فەیسبوکدا هەیە؟ ئایا لایک و کۆمێنتی زۆر ئەو هاوڕێیەتییە نزیکە دروست دەکات؟ رەنگە هەندێک لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوڕێی باشیان ناسیبێت و دەتوانین بڵێین ئەم پیناسەیەی ئەرستۆ بۆ هاوڕێیەتی فەیسبوک دەبێت چونکە لەرێگەی هەلوێست و نوسینەکانی کەسێک لە فەیسبوکدا توانیویەتی هاوڕێی باش بناسێت، بەڵام هەندێکی تر توشی گرفت بوون لەئەنجامی هاوڕێیەتییەک کە توشی جۆری دوەمیان بوون کە لەسەر بنەمای قازانجە، لەڕاستیدا ئەمە لە هاوڕێیەتی واقیعیشدا هەیە، بەنمونە بەبێ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا رەنگە لەسەر پارچە کاغەزیک و چەند درۆیەکەوە دەیان هاوڵاتی هەڵخەڵەتێنراون و پارەیان خوراوە، هەربۆیە دەکرێت بڵێن فێل و هەڵخەلەتاندن بەتەنها لە سۆشیال میدیا نیە، بەڵام ئەوەی تەکنیکی فێل و خێراییەکەی گۆڕیوە تەکنەلۆژیایە کە خێراتر بووەو زۆرتر بووە. بەگشتی چەمکی هاوڕێیەتی لەسەر دەستی فەیسبوکدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەسەردەمێکدا ژمارەی هاورێکان لە پەنجەی دەست تێندەپەڕین ئێستا لە فەیسبوک بە سەدان و هەزارانن.. خەڵکی جیاواز لە وڵاتی جیاواز‌و پیشەی جۆرارجۆر هاوڕێن، کە ئەمەش لایەنی ئەرێنی و نەرینی هەیە. پارێزەرێک کە ماوەی چوارساڵە فەیسبوکی خۆی سڕیوەتەوە دەڵێت" پێشتر ئالودە بووبوم و بەردەوام سەیری ژیانی ئەوانی ترم ئەکردو چاودێریم ئەکردن، رێگام ونکردبوو، بەڵام ئەمرۆ پاش ئازادبونم لەو کۆت و بەندەی سۆشیاڵ میدیا، ئەچمە دەرەوەو روبەروو خۆشەویستانم ئەبینم و هیچ گرفتێکی دەرونیشم نیە..". لەڕاستیدا ئارەزومان هەبێت یان نا ئێستا سۆشیاڵ میدیا بۆتە سەکۆیەکی گرنگ لەژیانی رۆژانەداو لەڕیگەیەوە کاریگەری هاوڕێکانمان لەسەرەو بەپێچەوانەشەوە، بەڵام وەک ژیانی ناو واقیعیش لە سۆشیاڵ میدیاش هەموو جۆرەکانی هاورێ و دۆستایەتی هەیە، هەربۆیە ژیانی مۆدیرن پێویستی بە خویندنەوەی دروستە بۆئەوەی مامەڵە لەگەل ئەو ئامرازە گرنگە بکەین. بەهەزاران و ملیۆنان خێزانی دابڕاو لەیەکتر ئێستا لەجیهاندا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەتوانن بەردەوام پێکەوە قسە بکەن و وێنەی یەکترو تەنانەت ڤیدیۆش ببینن. لێرەوە دەکرێت پێناسە بۆ هاوڕییەتی فەیسبوک جیابکریتەوە لەو هاوڕێیەتیەی لەواقیعدا هەیە، بەڵام لەهەردوولا هاوڕێیەتی هەر هەیە....
عەتا قەرەداخی ( بەشی پێنجەم) وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد، بنه‌ماى سه‌ره‌كی بنیادى شیعرى گۆران په‌یوه‌ندى نێوان دووانه‌ى لێكچوو یان دووانه‌ى دژه، ئه‌مه‌ش بنه‌ماى سه‌ره‌كی جێگیرى و هارمۆنیاى سرووشت و گه‌ردوونه. گۆران سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه دووانه‌ى نێر‌و مێ، یان پیاو و ژن وه‌كو دوو پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كی ژیان سه‌یر ده‌كات، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى وه‌كو دووانه‌ى به‌رامبه‌ر دایان ده‌نێت، به‌ڵام له‌و روانگه‌یه‌وه سه‌یرى په‌یوه‌ندى نێوانیان ده‌كات كه ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. ده‌شێ ئه‌مه‌ش له روانگه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌وه بێت كه پێیوایه دژ‌و ناكۆكه‌كانیش یه‌كترى ته‌واو ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده له رووى گه‌وهه‌رییه‌وه نێرومێ زیاتر له‌وه‌ى دژبن، به‌رامبه‌ر، یان هاوشان یان ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. سه‌ربارى ئه‌م له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر دانانه، گۆران پیاو وه‌كو هێماى هێزو ژنیش وه‌كو هێماى جوانی-سۆز- نه‌رم و نیانی- ناسكی سه‌یر ده‌كات. له وه‌سفی ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌دا كه له گه‌شتی قه‌ره‌داخدا بینیوێتی، پاش ماوه‌یه‌ك له هه‌ڵپه‌ڕینی پیاوان ده‌ڵێت: نۆره‌ى ئافره‌ته ئه‌مجا هه‌ڵپه‌ڕێ سا هێز ده‌ست به‌ردا، جوانی ده‌ست بگرێ. هێز وه‌كو گوتمان مه‌به‌ست پیاوانه و جوانیش مه‌به‌ست ژنانه. لێره‌وه دیسان گۆران ژن وه‌كو جوانی پێناسه ده‌كات و له هه‌مان كاتدا ئه‌و جۆرێك له هاوشانی له نێوان (هێز/ جوانی)دا درووست ده‌كات و ئه‌وه‌ش واى لێده‌كات كه ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێش یه‌كسانی له نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا درووست بكات. واته لێره‌دا ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه جوانی ئافره‌ت به ئه‌ندازه‌ى هێزى پیاو گه‌ریگه‌رى هه‌یه‌و ڕێگا نادات هه‌ژموونی هێزى پیاو به‌سه‌ر ئافره‌تدا باڵاده‌ست بێت. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شمان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له هێزدا نیه به‌ڵكو جوانیش وه‌كو سامانێكی مه‌عنه‌وى گه‌وره به‌رهه‌مهێنی ده‌سه‌ڵاته. هه‌ر لێره‌وه له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاودا، جوانی ژن هه‌یه كه ده‌بێته هۆى درووستكردنی جوڕێك له هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا. گۆران نایه‌وێت به درووشمی ساده‌ى زمانی باس له هاوشانی و یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو بكات، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاودا ڕه‌گه‌زێك لاى ژن ده‌دوێنێت كه ئه‌وه‌نده توانا‌و هێزى هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاو یان ڕه‌گه‌زى نێردا رایبگرێت. هه‌روه‌ك ئاشكرایه لاى گۆران په‌یوه‌ندى ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهاتوو له هێزى پیاو، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهاتوو له جوانی ژن، په‌یوه‌ندى دوژمنایه‌تى و له رووى یه‌كتردا وه‌ستان نیه، به‌ڵكو هاوسه‌نگی درووستكردن و ته‌واوكردنی یه‌كتریه. سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه جوانی ئافره‌ت زیاتر ده‌چوێنرێت به جوانی سرووشت، به‌ڵام لاى گۆران هه‌ندێجار به مرۆڤكردنی سرووشت هه‌یه. واته خاسێته‌كانی مرۆڤـــ بۆ سرووشت قه‌رز ده‌كات یان سرووشت به جوانی ئافره‌ت ده‌چوێنێت كه سه‌رچاوه‌ى ئه‌م جۆره له لێكچواندن له پێش گۆران‌دا لاى مه‌وله‌وى ئاشكرابووه. واته گوڵ و ڕه‌گه‌زه‌كانی تر‌ى سرووشتی چواندووه به جوانی یار یان ئافره‌ت. گۆران لێره‌دا خاسێتی مرۆڤــ به سرووشت ده‌به‌خشێت، كاتێ ده‌ڵێت: سه‌رانسه‌رى چه‌م دارى ژاڵه‌یه ئه‌و داوێن سه‌وزى سه‌رلق ئاڵه‌یه ڕۆژ: ڕۆژى شایی، كات: به‌یانیه ته‌بیعه‌ت مه‌ستی بزه‌ى جوانیه. لێره‌دا لێكچواندنی سرووشت به مرۆڤـــ هه‌یه. كاتێ وه‌سفی دارى ژاڵه ده‌كات له وێنه‌یه‌كی قه‌شه‌نگدا باسی سه‌وزى داوێنی ئه‌و دره‌خته‌و ئاڵی سه‌رى ده‌كات. داوێن بۆ مرۆڤـــ ده‌بێت و زیاتریش بۆ ئافره‌ت به‌كاردێت. بۆ نموونه ده‌گوترێت داوێنی كراسه‌كه‌ى. هه‌روه‌ك ئاڵ زیاتر ئاوه‌ڵناوێكه بۆ وه‌سفی لێو و روومه‌تی ئافره‌ت به‌كار دێت، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م وه‌سفكردنانه دراونه‌ته پاڵ دره‌ختی ژاڵه، وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی نێو سرووشت. هه‌روه‌ها بزه كه به ماناى زه‌رده‌خه‌نه دێت خاسێتی مرۆڤه به‌ڵام گۆران ئه‌م ئاوه‌ڵناوه به‌كار ده‌هێنێت بۆ وه‌سفی سرووشت. واته خاسێتی مرۆڤـــ ده‌دات به سرووشت به‌وه‌ى ئاوه‌ڵناوى بزه‌ى جوانی پێ ده‌به‌خشێت. هه‌روه‌ك ناوى ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ى مرۆڤــ هه‌یه كه بزه‌ى له‌سه‌ر ده‌بێت ئه‌ویش لێوه، به‌ڵام له ده‌قه‌كه‌دا ناوى نه‌هاتووه. كه‌واته سرووشت وه‌كو مرۆڤـــ بزه‌ى جوانی له‌سه‌ر لێوێتی. كردنی مرۆڤـــ به سه‌رچاوه بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت به‌و بچوێندرێت ماناى ئه‌وه‌یه كه شاعیر له روانگه‌ى جوانیه‌وه سه‌یرى هه‌موو شتێك ده‌كات و كام شت جوانتر بێت لاى ئه‌و ده‌بێته سه‌رچاوه. له زۆربه‌ى وێنه‌و ده‌قه‌كانیدا سرووشت و جوانی سرووشت سه‌رچاوه‌یه‌و جوانی ئافره‌ت به‌و ده‌چونرێت، به‌ڵام لێره‌شدا جوانی ئافره‌ت ده‌كرێته سه‌رچاوه‌و سرووشت به‌و ده‌چوێنرێت، یان خاسێته‌كانی مرۆڤ ده‌درێن به سرووشت، كه ئه‌وه‌ش بریتیه له به مرۆڤكردنی سرووشت. ئه‌وه‌ش ماناى زیاتر به‌هاپێدان و به گرنگ سه‌یركردنی سرووشته بۆیه خاسێته‌كانی مرۆڤی پێده‌به‌خشرێت. گۆران خاسێتـه‌كانی مرۆڤـــ به‌كارده‌هێنێت بۆ وه‌سفی كات، به‌ڵام كاتیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی سرووشت به‌كارده‌هێنێت كه ئه‌و كاته‌ش پایزه. له هه‌ڵبه‌ستی" پایز"دا ده‌ڵێت: پایز! پایز / بووكی پرچ زه‌رد من مات تۆ زیز/ هه‌ردوو هاوده‌رد. پایز یه‌كێكه له چوار وه‌زه‌كه‌ى ساڵ كه وه‌رزى پێگه‌یشتنی به‌روبووم و پاشان گه‌ڵاڕێزان و رووتبوونی داردره‌خت و دیمه‌نی سرووشته. گۆران ئه‌م وه‌رزه به بووك ناو ده‌بات، به‌ڵام بووكێكی پرچ زه‌رد. ئاشكرایه بووك ته‌نیا به‌و ئافره‌ته ده‌گوترێت كه شووده‌كات و له‌كاتی گواستنه‌وه له ماڵی باوانه‌وه بۆ ماڵی نوێ و بۆ لاى زاوا پێی ده‌گوترێت بووك كه له كورده‌واریدا بووك ده‌ڕازێنرێته‌وه‌و وه‌ك ده‌زانین پێشتر تاراى سوور ده‌درا به‌سه‌ردا بووكدا. كه‌واته گۆران خاسێتی بووك وه‌رده‌گرێت بۆ پایزو له‌برى تاراى سوور، ئه‌و به پرچ زه‌رد وه‌سفی ده‌كات كه له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ش وه‌سفێكی زۆر ورد‌و جوانه بۆ وه‌رزى پایز كه گۆران به پایز ده‌ڵێت تۆ له جوانیدا بووكیت، به‌ڵام بووكێكی پرچ زه‌رد نه‌ك سه‌رداپۆشراو به تاراى سوور. هه‌روه‌ها شاعیر لێكچوون له نێوان خۆى و پایزدا درووست ده‌كات. واته خۆى و ئه‌وى بووكی پایز وه‌كو یه‌ك نیشان ده‌دات. ئاشكرایه پایز هێمایه بۆ غه‌مگینی و بێزارى و ته‌نانه‌ت جۆرێك له بێ هیوایی و سه‌ركه‌وتنی ته‌مه‌ن. وه‌سفكردنی پایز به پرچی زه‌رده‌وه‌و به زیزى، ئاماژه بۆ ئه‌و خه‌مبارى و بێ هیواییه ده‌كات كه هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ مات و مه‌لولیه‌كه‌ى ئه‌مدا. كه‌واته لێره‌دا خاسێتی مرۆڤـــ به كات، یان به وه‌رزى پایز وه‌كو به‌شێك له سرووشت ده‌به‌خشرێت، كه ئه‌ویش وه‌كو ئه‌می مرۆڤـــ خه‌مبارو بێزار‌و بێ هیوایه. له ڕاستیدا كات شتێكی بێلایه‌نه به‌ڵام كاتێ خاسێتی پایزى پێده‌درێت، ماناى وایه له ڕێگاى ئه‌و خاسێته‌وه جۆرێك له ناساندن دێته ئاراوه، كه خاسێتی بووكیشی بخرێته پاڵ، ئه‌و كاته ماناى وایه له ڕێگاى پێدانی خاسێتی مرۆییه‌وه شووناسی ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌و كاته دیارى ده‌كرێت و ئاماژه‌ش بۆ ئه‌و ده‌لاله‌ت و مانایه ده‌كرێت كه له‌پشتی ئه‌م كاته‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ك له هه‌ڵبه‌ستی" هه‌ورى پایز"دا گۆران خاسێتی مرۆییبوون یان به مرۆڤكردن ده‌به‌خشێته هه‌موو سرووشت و وه‌كو مرۆڤـــ باسی ده‌كات. كاتێ ده‌ڵێت: بگرمێنێ، ته‌پ و لم دابكا، بیكاته شه‌ست، هه‌رگیز نه‌وه‌ستی قوڵپی گریانی، نه‌وه‌ستی هه‌وره‌كه‌ى پایز ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاكاوه، له حاڵی گیان كه‌نشتایه نیشانه‌ى ماته‌می پایز له فرمێسكی درشتایه. گۆران باسی باران بارین ده‌كات كه له كورده‌واریدا ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م بارانی ئه‌و ساڵه بێت پێی ده‌ڵێن بارانی په‌ڵه. له شێوه‌ى ده‌ربڕینی بنیادى زمانی ده‌قه‌كه‌دا جۆرێك له حه‌زكردن، یان په‌رۆشی بۆ بارینی ئه‌و بارانه هه‌ست پێده‌كرێت. واته واده‌رده‌كه‌وێت كه بوونی ئه‌و بارانه پێویست بێت، ئه‌گه‌رچی بارانی په‌ڵه‌بێت پاش هاوینی درێژ‌و وشك كه سه‌ره‌تاى ساڵی نوێی چاندن و وه‌شاندنه، یان ئه‌گه‌ر بارانی مه‌عنه‌وى بێت بۆ شۆردنه‌وه‌و خاوێنكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زه پیس و ناشیرین و خراپانه‌ى كه‌وتوونه‌ته سه‌ر زه‌وى و دار‌و دره‌خت و رووى جوانی ئه‌وان و سرووشتیان به‌گشتی ته‌ڵخ كردبێت. ئه‌وى قسه‌كه‌رى شیعره‌كه داواى بارینی بارانی به خورژم ده‌كات، به‌ڵام بارینی ئه‌و بارانه به قوڵپی گریان ناو ده‌بات كه گریان خاسێتێكی مرۆییه، به‌ڵام شاعیر وه‌سفی بارانی پێده‌كات، واته خاسێتی مرۆڤــــ ده‌دات به باران، یان به هه‌ور كه باران له‌وه‌وه ده‌بارێت. له باڕێكی وه‌هاشدا ئه‌گه‌ر هه‌ور بگرى ماناى وایه باران فرمێسكی هه‌وره. هه‌ڵبه‌ت پایز هێماى خه‌مبارى و دڵته‌نگیه. مرۆڤ ئه‌گه‌ر هه‌ست به دڵـه‌نگی له ئه‌ندازه به‌ده‌ر بكات، گریان ده‌بێته شێوه‌یه‌كی هه‌ڵڕشتنی ئه‌و خه‌فه‌ت و خه‌مباریه‌و كه‌مێك بارى شانی ئه‌و سووك ده‌كات. هه‌روه‌ك ئاشكرایه وه‌كو جۆرێك له خاوێنكردنه‌وه‌ى رۆح سه‌یرى گریان ده‌كرێت. كه‌واته به‌هه‌مان شێوه ره‌نگ زه‌ردى و مات و مه‌لولی پایزیش هه‌مان ئاماژه‌ى هه‌یه‌و گریان هۆكاڕێكه بۆ سووك كردنی بارى قورسی سه‌رشانی پایز. كه‌واته لێره‌دا به گشتی پایز وه‌كو مرۆڤـــ وه‌سف ده‌كرێت، یان خاسێتی مرۆیی به پایز ده‌درێت و پایز ده‌كرێت به مرۆڤـــ و وه‌كو مرۆڤیش خه‌مبار ده‌بێت. له‌م وه‌رزه‌دا سرووشت به گشتی ره‌نگ زه‌ردو شێواوه، دره‌خته‌كان پرچیان شێواوه‌و به‌رگی سه‌وزیان زه‌ردبووه. به‌گشتی ئه‌م بووه‌ى كه شاعیر وه‌كو مرۆڤـــ یان زینده‌وه‌ر وه‌سفی ده‌كات له حاڵی گیان كێشان یان مردندایه. دیاره هۆكارى ماتی پایزو گریانی به قوڵپی پایز مه‌رگی سرووشته. لێره‌وه به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه گۆران سرووشت و پایز وه‌كو مرۆڤـــ وه‌سف ده‌كات و وه‌كو مرۆڤـــ له‌گه‌ڵیان ده‌دوێَت. هه‌رچۆن له لایه‌كه‌وه خاسێته جوانه‌كانی سرووشت وه‌رده‌گرێت بۆ وه‌سفكردنی جوانی مرۆڤ، گۆران به‌هه‌مان شێوه خاسێته‌كانی مرۆڤیش وه‌رده‌گرێت بۆ وه‌سفكردن یان ده‌رخستنی هه‌ندێ بار‌و دیارده‌ى سرووشت. به‌ڵام زیاتر ئه‌و خاسێتانه‌ى مرۆڤـ وه‌رده‌گرێت كه ئاماژه‌ى خه‌مبارى و بێ هیوایی و ناكارایی و مردن و كۆتایی ده‌كه‌ن. بۆ نموونه هه‌ور ده‌گرى، پایز خه‌مبارو مات و مه‌لوله، ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاكاوه، پایز بووكی پرچ زه‌رده. دیسان گۆران جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشت ده‌چوێنێت به جوانی مرۆڤـــ. ئه‌م شوێن گۆڕینه له لێچواندندا كه جاڕێك ئافره‌ت ده‌چوێنێت به سرووشت و جاڕێك سرووشت ده‌چوێنێت به ئافره‌ت، ئه‌وه نیشان ده‌دات كه ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه كه هه‌ردووكیان سه‌رچاوه‌و به‌رهه‌مهێنی جوانین و هه‌ردووكیشیان سه‌رچاوه‌ى ئیلهامی شیعرى گۆرانن و شیعریش به‌لاى ئه‌وه‌وه هۆكاڕێكه بۆ هێشتنه‌وه‌ى ناوى مرۆڤـــ و به‌جۆرێك نه‌مرى پێ ده‌به‌خشێت. به گشتی ئه‌م دوو انه هاوشانن یان هاوتاو یه‌كسانن له جوانیدا و تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى هیچ كامیان به بێ بوونی ئه‌ویتریان ئه‌و جوانیه‌ى نابێت كه پێكه‌وه هه‌یانه. گۆران له هه‌ڵبه‌ستی "دارچواله‌ى پشكووتوو"دا، دارچواله ده‌چوێنێت به بووك، واته دره‌خت له‌گه‌ڵ مرۆڤدا لێكچواندنی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام نه‌مرۆڤێكی ئاسایی و نه مرۆڤـــ له ساتێكی ئاسایدا، به‌ڵكو ئافره‌ت و له ساتێك‌دا كه بووك بێت، كه ئه‌و ساته‌ش بۆ هه‌موو ئافره‌تێك هه‌ستیارترین ساته‌وه‌ختی ژیانه، ساتی لوتكه‌ى رازاندنه‌وه‌و جوانی و مه‌ستی و چاوه‌ڕوانی ئه‌و ئافره‌ته‌یه. گۆران له‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا ده‌ڵێت: ریزێك نه‌مامی دارچواله‌ى نازدار كه ڕێك وه‌ستابوون له‌سه‌ر گیاى به‌هار وه‌ك بولبول ئه‌ندامیان له سووراو نابوو له‌نجه‌ى تاوتاویان بۆ چپه‌ى با بوو. دارچواله خاسێتی بووكیان پێ ده‌درێت و وه‌كو بووك سووراو ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌نجه‌ولار ده‌كه‌ن كه ئه‌میش دیسان خاسێتی ئافره‌ته له كاتی جوڵاندندا. هه‌روه‌ها (با) له ڕێگاى خاسێت یان چالاكیه‌كی مرۆییه‌وه وه‌سف ده‌كرێت كه ئه‌ویش "چپه"یه، ئاشكرایه چپه دواندنی مرۆڤه به ده‌نگێكی نزم. ئێستا چپه وه‌سفی باى پێ ده‌كرێت و له‌نجه‌ى دارچواله بۆ چپه‌ى بایه. له‌م لێدوانه دووجه‌مسه‌ریه‌دا ئافره‌ت و سرووشت هه‌ر جاره‌و یه‌كێكیان ده‌بێته سه‌رچاوه‌و ئه‌ویتریانی پێ به‌راورد ده‌كرێت، یان لێكچواندنیان پێ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش وه‌كو گوتمان دیدو تێڕوانینی گۆران بۆ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ى به‌رهه‌مهێنی جوانی نیشان ده‌دات كه یه‌كێكیان مرۆڤه و ئه‌ویتریان سرووشته. مرۆڤـــ به‌رزترین و هوشیارترین ئه‌فریده‌بووى ناو ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌و ئه‌ویتریان سرووشتی جوانه واته ئه‌و سرووشته‌ى كه سه‌رچاوه‌ى بوونه یان له پێناوى مرۆڤدا درووستكراوه یان هه‌یه. گۆران له هه‌ڵبه‌ستی "دوا سه‌رنج"دا كه به ده‌ست به‌سه‌ركراوى ئه‌و ئافره‌ته ده‌بینێت و ئه‌و بینینه ده‌بێته ئیلهامی ئه‌م شیعره‌ى، ئه‌گه‌رچی واپێده‌چێت ئافره‌ته قژزه‌رده‌كه له چاوه‌ڕوانی كه‌سێكی تردا بێت و له گۆرانی ده‌ست به كۆت و پێوه‌ند بێ ئاگابێت. گۆران له جوانی ئه‌و شۆخه هیواى ئازادبوون وه‌رده‌گرێت. كاتێك ده‌ڵێت: پرشنگی نیگایه‌ك كه له رووى رووناك هه‌ڵئه‌ستێ و تیژ ئه‌كشێ تا ناخی ده‌روون كڵپه‌ى نوێ ئه‌خاته كووره‌ى عه‌شقی پاك ده‌فرى گیان لیپ ئه‌كا خۆزگه‌ى به‌ربوون بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم له په‌رده‌ى بیرم نیگارێ هه‌ڵكه‌نم شێوه‌ى لێت بچێ تا هه‌رچه‌ن گازى گرت له له‌ش زنجیرم ئازارم سووكتر كا خه‌یاڵی كچێ. دیسان گۆران ده‌یه‌وێت له سه‌ر په‌رده‌ى ناسكی خه‌یاڵی، وێنه‌یه‌كی ئه‌م شۆخه بكێشێ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دیمه‌نه جوانه‌ى له‌یاد نه‌چێته‌وه، چونكه پێیوایه ئه‌و دیمه‌نه جوانه هێزێكی مه‌عنه‌وى گه‌وره‌ى پێ ده‌به‌خشێت و واى لێده‌كات له‌به‌رده‌م ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ى زینداندا به‌هێزترو دان به‌خۆدا گرتووتر بێت. كه‌واته لێره‌دا وێنه‌ى ئه‌وى ئافره‌ت له لایه‌ك هیواى رزگاربوون به ئه‌می زیندانی ده‌به‌خشێت و له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بێته هۆى سووككردنی ئازارى زنجیر‌و ئه‌شكه‌نجه‌ى زیندان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌دات ئافره‌ت هه‌ر ته‌نیا سه‌رچاوه‌ى چێژ‌و مۆتیڤی داهێنان و ژیان نیه لاى گۆران، به‌ڵكو هیوابه‌خشی ژیان و ئازادیه‌و وره‌به‌خش و به‌هێزكه‌رى گیانی به‌رگرى مرۆڤه به‌رامبه‌ر به ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان. لێره‌وه ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه ئافره‌ت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك مۆتیڤى ژیان و به‌رده‌وامی و نه‌ڕواخان و هیواى ئاینده‌یه.
چیا عەباس جاران، تایبەت پێش سەدەی بیست و یەکەم، کوردبون و کوردایەتی بەهایەکی ئێجگار پێرۆز و مەزنیان هەبو، سەردەمانێک بو کورد بەرامبەر درەندەیی دوژمنەکانی لە بەردەم دو بژاردەی سەرەکیدا بو: یا لە بەرەی میللەت و بێدەنگی یاخود بەرەی دوژمنان. ئەم دو بەرەیە خەسڵەت و ناسنەمەی تایبەت بە خۆیان هەبو، پێشمەرگە و تێکۆشەر و ئەوی تر خائین و جاش و بەکرێگیراو، هەر دو تەرەف بە وردەکاریەوە لای میللەت ناسراو بون و هەڵسەنگاندنی تایبەتیان بۆ دەکرا. لەم سەردەمەی باشوری کوردستان بەها و پرەنسیپەکان بەسەر یەکدا ترشاون و هەریسەیەکی سیاسی، حزبی، فکری و کۆمەڵایەتی بەرپابوە، بەتەنیشت ئەمەوە حوکمرانیش بوارێکی دروست و یاسایی نەخوڵقاندوە بۆ دابینکردنی حوکمی یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتی، ئیدیعاکردنیشیان بۆ سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمان بریتیە لە دەسەڵاتی رەهای حزب و بنەماڵە و پێشێلکردنی مافەکانی هاوڵاتیان و کەمینەکان، ئاکامەکەی دروستبونی ئۆلیگارشی حزبی، بنەماڵەیی، ئابوری و جەمسەرە سەربازی و حزبیە بەهێزەکان. لەم کەش و هەوایەدا بەرەیەکی زۆر گەورە و بەرفراوانی هاوڵاتی و کادر و تێکۆشەر و رۆشنبیر و نوسەر کە بەشێکی گەورەیان خۆی لە ژیانی حزبایەتی دابریوە و ئیدیعای ئۆپزسیۆنبون و بەرەی نارازی دەکەن، ئەم تاقمانە لە دوای راگرتنی شەری ناوخۆ و دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان پێگەیەکی بەرچاویان لە ژیانی سیاسی و حوکمرانیدا دەستکەوت، بە گشتی رۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی سیاسی و مۆتۆربەکردنی چەمکی ئۆپزسیۆن و نارازی و میدیای ئازادا هەبوە. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و مام جلال بۆشاییەکی زەق هەڵتۆقی کە غیابی دو سەرکردەی کورد وەک مەرجەع و زیاتر تۆلێرانت و گوێگر لە هاوسەرکردەکانیان تەواوی پرۆسەی گۆرانکاری و ئومێد و ئاراستەکردنی روداوەکانی بە رادەیەک خاوکرد کە ژیانی سیاسی و حزبی لەلایەن چەند دەستەیەکی ئۆلیگارشی بنەماڵە و حزبی و ئابوری قۆرخ کراو و ئەو کزە هیوایەی هەبو رۆژ دوای رۆژ ئاوا دەبێت. لە ئاکامدا بێئومێدی و خۆماتکردن و چاوەروانی یەخەی زۆربەی ئەو کەسایەتی و تاقم و گروپانەی بە خەستی گرتوە، سەرەرای ئەمەش شکستخواردو بون لە دۆزینەوەی هاوکێشەیەک کە زۆربەیان کۆبکاتەوە و لایەنی کەم خۆیان وەک ئۆپزسیۆنێکی تۆکمە ئامادەبکەن. باوەر بە ژیانی حزبایەتی و سیاسی لە باشور گەیشتۆتە نزمترین ئاست لە مێژوی بزافی کوردایەتی لە کوردستانی گەورە، شکستی شۆرشی مەزنی ئەیلول و لە سەردەمی درندەیی بێ وێنەی رژێمی سەدام و بێباکی دنیای دەرەوە بە پرسی کورد رۆڵە تێکۆشەرەکانی میللەت تەسلیم بەو واقیعە نەبون، هێدی هێدی یەکێک لە مەزنترین شۆرشەکانی کوردیان بەرپاکرد و بە خوێن و قوربانیەکی بێئەندازە گەیاندیانە مەزنترین راپەرین لە مێژوی ناوچەکەدا. ئێستا لە ناو شار و دەسەڵاتی خۆماڵی و کرانەوەیەکی رێژەیی لە چەند ناوچەی گرنگی باشوری کوردستان و سەرمایەکی نەتەوەیی گەورە لە نارازی و نیەت و خواستی چاکسازی و گۆرانکاری و چاودێریکردنێکی نێودەوڵەتی کەچی گروپەکانی ئۆپزسیۆن و نارازیە راستەقینەکان دەستەوەسان وەستاون، پەرتەوازە و بێ خاوەن و دیدگای هاوبەشن. هێزە ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی گۆڕان شایستەی باوەر و متمانەی جدی نین بۆ گۆرانکاری، نەوەی نوێش سەرکەوتو نەبوە لە سەلماندنی نیەتی جدی بۆ گۆرانکاری، لە بۆشایی سیاسی و غەوغای پروپاگەندە و دروشم و کرداری پۆپۆلیستیدا و لە سایەی کێشەکانی یەکێتی و نەرمنواندنی پارتی پشتگیریەکی کاتی سنورداری نێو تاقمە نارازیەکانی بەدەست هێناوە، زیادە بۆ ئەمەش ئەم گرتبونەوەیە رەگ و ریشەی توند داکوتروای سیاسی و فکری نیە، بۆیە ئەستەمە ئومێدی جدی لەسەر هەڵبچێنرێت. لەم کەش و هەوایەدا دەبینین گروپ و تاقم و کەسایەتیە نارازیەکان پەنایان بۆ چەند سایتێکی سەربەخۆ و زۆر تایبەت بۆ سۆشیال میدیا بردوە. دروستە کە ژیانی حزبایەتی ئەم سەردەمە وای لێهاتوە کە مەبەستی سەرەکی بۆ بەرژەوەندی و موچە و پۆست و دەسکەوتی ترە، زۆر دروستە کەسانێک کە سەرقاڵی خەبات و کاری حزبایەتی پاک بوبون خۆیان لەم جۆرە حزبایەتیە دور راگرتوە، ئەوە مانای ئەوە نیە چەمک و گرنگی حزب بەسەرچوە، لە بری ئەوەی هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە بدرێت دەبینین سۆشیال میدیایان کردوە بە بارەگای حزبی شەخسی خۆیان، بێ پێرەو و چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بە مەزاجی رۆژ و ئارەزوی خۆیان هەزاران پەیج و کۆمێنت و نوسینیان هەیە، دروستە ئەوانە کاریگەری ئەرێنینان لەسەر کۆی گشتی پرۆسەی گەشەکردنی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و دەربرینی نارازی و رەخنە و بۆچونی دروست هەیە، هاوکاتیش وەک پرۆسەیەکی پارادۆکسی هەڵتۆقیوی ئەو دۆخە زیانەکانیشی کەم نین. کاتێک هاوڵاتی و گەنجێکی خەمخۆر و پەرۆش لە یەک ساتدا چەندین پەیج و کۆمێنتی چەند گروپ و کاراکتەری نارازی و ناسراو دەبینێت و هەر یەکێک لێیان لە ئاوازێک دەخوێێت، بەدەگمەنیش دەبینێت پەیامەکان تۆوی خۆشەویستی و متمانە بچێنن، بەپێچەوانەوە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ تەنراون بە زمان و نیەتی تۆڵە و رق و کینە و ناشرینکردنی هاوکارەکانیان و دەگەدان لەم و لەو و فابرەکردنی هەواڵی نادروست.... تاد ئەوا بێگومان هەزار و یەک پرسیاری لا دروست دەبێت و گومانەکانیشی تەشەنە دەکەن، ئەمە ئەو واقیعەیە کە لە دوا مەتافدا سەد لە سەد لە خزمەتی بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆندا نیە و بە رەچاوکردنی واقیعی ئەقڵیەتی دەسەڵاتیش ئەوەندە لێی دڵتەنگ نەبوە و ناشبێت، چونکە دەسەڵاتی کوردی هەزمی بونی ئۆپزسیۆن ناکات، باشیش دەزانێت ئۆپزسیۆن بونی بەرچاوی هەیە، جا ئۆپزسیۆنێکی پەرتەوازە و لەتلەت و نەگونجاو لە گەڵ یەکتری زۆر پێ باشترە لە پێچەوانەکەی. ئەمە ئەو واقیعەیە سۆشیاڵ میدیای بەو شێوەیەی لەم وتارەدا باسم کردوە ختوکەی ناراستەوخۆی دەسەڵات دەدات. ئەمە لە کاتێکدا هێزەکانی دەسەڵات درێغیان لە بواری سۆشیاڵ میدیادا نەکردوە و بە پارەی میللەت هەزاران سایت و پەیج و شتی تریان بۆ ئارایشتەکردنی خۆیان و ناشرینکردنی بەرامبەر خستونەتە گەر. بۆ خۆم زانیاریم نیە دەربارەی رۆڵی وڵاتانی دراوسێ و بەغدا لەم جۆرە کارانەدا، بەڵام بێگومانم کە دەستێکی چەوریان تێدایە. رۆتەردام: ١٧ ئەپریل ٢٠٢٢
كارزان سه‌باح هه‌ورامی به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه پارتی دیموكراتی كوردستان به یه‌كێتی گوتووه كه ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆ له سنووری پارێزگای سلێمانی ته‌كمیله‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و پارێزگایه بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی پابه‌ند نه‌بوو یان نه‌یتوانی ئه‌و هه‌نگاوه بنێت ده‌بێت واز له ئیداره‌دانی داهاتی سلێمانی بهێنێت دواتر حكوومه‌ت خۆی راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی كۆكردنه‌وه‌ی داهات له سلێمانی بكات بۆ ئه‌مه‌ش لێژنه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی و لێژنه‌یه‌كی ئه‌منی راسته‌وخۆ خۆی سه‌رپه‌رشتی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی مه‌رزه‌كان بكات هه‌رچه‌نده ئه‌مه پیشووتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی قوباد تاڵه‌بانی و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ره‌تكراوه‌ته‌وه، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئێستا تووشی دوو ریانێك بووه، چونكه ناتوانێت به‌داهاتی ناوخۆ ته‌كمیله‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی بكات و ناشیه‌وێت ته‌واوی داهاته‌كه راسته‌وخۆ بدرێته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێتی له‌به‌رده‌م دوو رێگای سه‌خته هه‌ركامیان هه‌ڵبژێرێت (به‌بیركردنه‌وه‌ی خۆی ته‌سلیم بوونه). تائێستا به‌فه‌رمی یه‌كێتی پارتی ئاگادار نه‌كردوه‌ته‌وه كه رازی نییه له سنووری ئه‌ودا گازی سروشتی به‌رهه‌م بهێنرێت، به‌ڵام له ئاستی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی قسه هه‌یه كه ئه‌وان رێگرن له به‌رهه‌م هێنانی گازی سروشت له سنووری سلێمانی، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه راست بێت و نیه‌تی یه‌كێتی بێت كه‌وایه به‌شداریكردن و نه‌كردنیان له حكوومه‌ت وه‌ك یه‌كه بگره بۆ پارتی بارقورسیه، ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ستیان له ئیداره‌دانی سلێمانییه له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه، ئه‌مه‌ش قسه‌یه‌كی دیكه‌یه چونكه شكستی پرسی لامه‌ركه‌زیه‌تی سلێمانی گه‌وره‌ترین گورز بووه له‌وه‌ی بیر له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سلێمانی بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ریش بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا مامه‌ڵه بكه‌ن ده‌بێت ئاگاداربن كارتی پارتی له‌به‌غدا ئه‌وه‌نده بێ هێز نییه له‌به‌غدا ئه‌و بابه‌ته به ئاسانی تیپه‌رێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتی ته‌واوی سه‌دریه‌كان و سوننه‌كانیشی كردوه‌ته‌وه دژی خۆیان!! له‌به‌غدا ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه ماوه چوار چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه كه نازانرێت داهاتوویان له عێراق چۆن ده‌بێت. به‌ره‌یه‌ك له‌دژی پارتی دیموكراتی كوردستان دروست بووه كه ئه‌وانه‌ی له‌چوار چێوه‌ی ئه‌و به‌ره‌ن نازانن بۆچی كه‌وتونه‌ته دژایه‌تییه‌وه؟ به‌ڵام یه‌كێتی ده‌زانێت، چونكه به‌كورتی نایه‌وێت به‌پێی پێوه‌ری هه‌ڵبژاردن مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ بكرێت، حزبه‌كانی دیكه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو نه‌وه‌ی نوێ چونكه جێنفوسیان له سلێمانییه و له‌ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی به‌هه‌ڵویستێك بچنه به‌ره‌ی پارتییه‌وه نا‌وێرن ئه‌و هه‌نگاوه بنێنن ناچار له‌به‌ره‌ی هه‌ڵویستی یه‌كێتی یاری ده‌كه‌ن، باشترین به‌ڵگه له‌گه‌ڵ چونی نه‌وه‌ی نوێ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆك كۆمار بینیمان به 2 رۆژ له سلێمانی به سۆشیال میدیا و میدیای سێبه‌ر و به‌ناوی چالاكوانه‌وه ره‌شماڵی نه‌وه‌ی نوێیان لوله‌پێچ كرد و دواجار سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه له هه‌ڵویسته‌كانی په‌شیمان بویه‌وه، بۆیه به‌كرده‌یی یه‌كێتی دووئیداره‌ی له سلێمانی دروستكردووه، نازانین قازانجی تێدا ده‌كه‌ن یان زه‌ره‌ر، به‌ڵام ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه سلێمانی له ئیفلیج بوونی ئیداره به‌یه‌كجاری نزیك بوه‌ته‌وه ته‌نیا راگه‌یاندنی ماوه. یه‌كێتی باش ده‌زانێت كه له سیایه‌تدا ده‌ره‌قه‌تی لوله‌پیچ و تاكتیكی پارتی ناباته‌وه بۆیه به‌هێزترین كارتی به‌كارهێنانی سلێمانییه له‌دژی ئه‌و تاكتیكه‌ی پارتی ئیتر سلێمانی چی لێ دێت گرنگ نییه هه‌ر وه‌ك ئێستا كه پاره له بانقه‌كان نییه، خزمه‌تگوزاری نییه پرۆژه‌كان راوه‌ستاون گرنگ ئه‌وه‌یه كه سلێمانی چه‌كێكی ئاماده‌كراوه بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كان.
