تەوقیتە نائومێدکەرەکەی سەرۆکی حکومەت
2022-03-04 11:49:42
ئهبوبهكر كاروانی
پێموایە کۆنگرە ڕۆنامەنوسییەکەی دوێنێی سەرۆکی حکومەت، لەڕووی تەوقیت و ئاماژە و پەیامەوە، خراپ و نائومێدکەر بوو. ئەویش لەسۆنگەی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە:
١- کۆنگرەکە ھاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکی گەورەی نرخی نەوت! سەرۆکی حکومەت لەم تەوقیتەدا بەھاوڵاتیانی خۆی دەڵێت: چاوەڕێی باشترمان لێمەکەن !
٢- خستنە ڕووی وێنای ھەرێمێکی نیمچە ھەڵوەشاو و حکومەتێکی لاواز. کە بەدەست ناکۆکی و بەتاڵانبردنی بەشێ لەداھاتی گشتی لەلایەن مافیای حیزبی و نادامەزراویەوە دەناڵێنێت! بەدانپیانانی خۆی بەشێ لەداھاتەکان ناگەڕێتەوە ناو خەزێنەی گشتی! کە بەگوێرەی سەرچاوە پەڕلەمانی و ڕۆژنامەنوسییەکان، مانگانە بەنزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت! سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمیش، جگە لە سکاڵاکردن لەدۆخەکە ھاوشێوەی ھاوڵاتیان، ناتوانن ھیچ بکەن؟!!
٣- سەرۆکی حکومەت لەجیاتی پێشکەشکردنی دیدێکی چوارچێوەدار بۆ چارەسەری کێشەکان، یان لانی کەم کەمکردنەوە لەقورساییان و بوونی نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەرکردنیان بەچەند قۆناغێك، بەشرۆڤەکردنی ھۆکارەکانی نەبوونی چارەسەری و درێژەکێشانی دۆخە نەخوازراوەکەو گرەوکردن لەسەر ئارامگرتن و پشوودرێژی ھاوڵاتیانی شەکەت وازی ھێنا؟! بەکورتی پێی وتین: بەرزبونەوەی نرخی نەوت کاریگەری بۆسەر باشبوونی بارودۆخەکە نیە، داھاتی ناوخۆش وەك خۆی ناگەڕێتەوە، گەندەڵی و بەھەدەردان و نالێپرسراوێتی ئەخلاقی و سیاسی کارێکیان کردووە گرەوی لەسەر ناکرێت، چاوەڕێی ڕادەستکردنی نەوتیش بەبەغدا بەرامبەر ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم مەبن، وەك ڕێگە چارەسەر، چارەسەری چوارەمیشی نەخستە ڕوو!
٤- بەکارھێنانی ناسەرکەوتوو نائومێدکەری چەمکی چاکسازی. چونکە وای نیشاندا لەھەموو سێکتەرەکاندا چاکسازی کراوە، بێ ئەوەی ھاوڵاتی لەم وڵاتەدا ھەست بەھیچ شتێکی بەرھەست و بەرچاو بکات و ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیان و گوزەرانی و دۆخەکەوە دیاربێت، یاخود گەندەڵییە سیاسی و ئابوری و ئیدارییە گەورەکان دەستی ڕاستەقینەیان بۆ برابێت.
لەوانەش:
* بەتاڵانبردنی بەشێکی بەرچاوی سامانی گشتی و نەبوونی ڕوونی لەم ڕوەوە!
* نیمچە ھەڵوەشاوەیی ھەرێم و نەبوونی ناسنامەیەکی نیشتیمانی کۆکەرەوەو درێژەکێشانی ناکۆکی روخێنەری نێوان یەکیەتی و پارتی.
* نەبوونی سەروەری یاساو بێلایەنی و سەربەخۆیی دادگاکان و دووربوونیان لەفشارو دەستێوەردانی سیاسی.
* یەک نەگرتنەوەی ھێزو دام و دەزگاکان و نەبوونی حوکمی دامەزراوەیی.
* ناعەدالەتی لەدابەشکردنی سامان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان.
* پەیوەندی ناسروشتی حیزب و حکومەت و ھەژموونی نادەستوری یەکەم بەسەر دووەمدا!
... ھتد
٥- پەردەھەڵماڵین لەسەر سیاسەتێکی نەوتیی خراپ و خراپی گرێبەستەکان و زۆری خەرجییەکانی تر، بەجۆرێك٦٠٪ی داھاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی! ئەمەش لەھەندێ روەوە، دۆخی نەوتمان لەسایەی ھەژمونی کۆمپانیا کۆلۆنیاڵییەکانی خۆرئاوا لە ناوچەکەدا، لە پێش خۆماڵیکردن وەبیر دێنێتەوە؟!