کاهینەکانی دینی ڕووکەش
2022-03-04 12:30:40
پهیكار عوسمان
- کابرای کۆمەڵ ئەڵێ، بۆ ناو قەبر زمانی عەرەبیمان پێویستە. کابرای سەلەفی، دیسان دنیای دابەشکردووە بۆ ئیسلام و کافر. لەولاوە ڤیستیڤاڵی حیجابی خوشکانی یەکگرتوو بەردهوامە. کابرای گەشەپێدانیش، ئەڵێ پاپۆڕ سەحیحی بوخاریی تیابێ نوقم نابێ. ئەمە هەمووی لە حەفتەیەکدا!
- "دینی ڕووکەش" ئەوەیە کە کولتورییە، لەکاتێکا ناوەڕۆکی دین، ئەوەیە کە بان کولتورییەو هی هیچ زەمین و زەمان و زمانێکی دیاریکراو نیەو بۆ چاکبوونی نەفسی ئینسانە لە دۆخێکی پەتیی و بێ شوناسییدا. یەعنی لەوێدا کە زمانی عەرەبیت لێ ئەبێ بە زمانی خوداو بە شتێکی موهیمتر لە زمانەکانی تر، ئا لەوێدا ئیتر شتێك هەیە، کە دین نیەو لێتبووە بە دین!
- دینی ڕووکەش، ئەوەیە کە دینی دابەشکردنی دنیایە بۆ ڕەش و سپی لەسەر ئەساسی حەقیقەتێکی قۆرخکراو. ئەگەریش تەسلیم نەبیت و موناقەشەی ئەم حەقیقەتە بکەیت، ئیتر خراپیت. لەکاتێکا دین بۆ ئەوەیە، کە تۆ خۆت مرۆڤ بیت و چاك و خراپ بفامیت، نەكئەوەی خوایەتی بکەیت و حوکمی چاك و خراپ لەسەر ئەوانیتر بدەیت!
- دینی ڕووکەش، دینی جەستەیە. لەسەر جەستە شوناسێك دروستئەکاو بەو شوناسە "ئەخلاق" داگیر و دابەش ئەکات. زەقکردنەوەو جیاکردنەوەی شوناس و دابەشکردنی ئەخلاقییانەی کۆمەڵگا بەپێ ی جل و سەروشکڵ.. ئەمانە کەرەستەی سیاسەت و هەژموونە، نەك بابەتی ئیمان و ئاکار، کە شتێکی ئاویی و بێ ڕەنگ و بێ شوناسە. یەعنی هاوکێشەکە پێچەوانەیەو شتەکە بێ مەرجەو تۆ بە هەموو زمان و دین و جل و کولتورێکەوە ئەتوانی چاك بیت،، نەکئەوەی چاکبوونەکە بە مەرجی جل و زمان و دین و کولتورێکی دیاریکراوبێت!
- خۆی "گەشەپێدانی مرۆیی" زڕەزانستەو بریتییە لە عەرەبانەی فرۆشتنی وەهم. دینی ڕووکەشیش زڕەدین و ساغکردنەوەی یەك دنیا نادین و بەدینکراوە، بە ناوی دینەوە. جا کە دوو زڕەشت یەكبگرن، ئیتر درۆ ئاسایی ئەبێتەوە. مەبەستم درۆی پاپۆڕەکە نیە، مەبەستم ئەو درۆیەیە کە تۆ بانگخوازیت و خۆت وەکو ڕاهێنەر ئەناسێنیت!
- یەعنی کە تۆ شتێکیت، ڕاست و ڕەوان بڵێ ئەوەم و ئەمە هیچ عەیبەیەکی تێدانیەو لەو کاتەشدا کە باش ئەڵێ ی، ماڵت ئاوابێ. بەڵام کە شتێكیت و خۆت بە شتێکی تر ئەناسێنیت، ئەمە پرۆسەیەکە کە لە فێڵ و درۆوە دەسپێئەکات. وابزانم فێڵ و درۆش، حەرامە بە دینی ڕاستی، بەڵام بە دینی گاڵتی و ڕووکەش، هەموو شتێك حەڵاڵە لەپێناو خڕکردنەوەی جەماوەرو قەڵەوکردنی جەستەی مێگەل!
- خۆی ئەم گەشەپێدانە، دوای جەنگی جیهانی و کاولبوونی ئەوروپا هاتە کایەوە، بە مەبەستی یارمەتیدانی لایەنی دەروونی و هاندانی مرۆڤ، بۆ ئەوەی بچێتەوە سەرکارو دەستبکاتەوە بە ژیانێکی ئاسایی و بیناکردنەوەی وڵات.. یەعنی شتەکە بۆ کاراکردنەوەی مرۆڤبوو. بەڵام ئیسلامی سیاسی، ئەمەی تەزویرکردو لە فۆڕمی وەعزی دینیدا هێنایە ناو دنیای عەرەب. ئیتر لەڕێگەی هەڵڕشتنی وەهم و تێکەڵکردنی خورافەی دینی و نادینییەوە، ئەونەی تر ئینسانیان لە کارایی خست!
- خۆ گەشەپێدانی مرۆییش، وەکو هەر شتێکی تر، لە سیاقی خۆیداو "وەکو خۆی"، ئەشێ باش و ڕاستەقینەبێت و بنەمایەکی هەبێت،، بەڵام کاتێ بەلایەکی تردا ئەبرێ و بۆ ئامانجی تر بەکارئەهێنرێ، ئیتر بەتاڵ ئەبێتەوە لە خۆی. وەکچۆن دینیش بەتاڵ ئەبێتەوە لە خۆی، کاتێ بەلای تردا ئەبرێ و مەسەلەن بۆ ئامانجی دەسەڵاتخوازی بەکارئەهێنرێت!
- ئاشکرایە کە "خیلافەت" بەشە سیاسەتەکەی سونەیەو "ئیمامەت" بەشە سیاسەتەکەی شیعەیەو هەردوکیشی هەر بۆ تەسەڵوتە. هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، "مەلا"ش بەشە وەعزەکەی دەسەڵاتەو "بانگخواز"، بەشە وەعزەکەی موعارەزەیەو هەردوکیشی هەر بۆ هەژموون و مێگەلسازییە!
- مەلا هی دەسەڵاتەو ئیخوانیش کە موعارەزەیە، لە بەرامبەر مەلادا، بانگخواز دائەهێنێ. کاتێکیش بانگخواز بڕێك کۆنئەبێ و لەگەڵ مەلایا جیاوازییەکی ئەوتۆی نامێنێ، ئینجا ئیخوان، ڤێرژنێکی تازەی وەعز ئەخاتە بازاڕەوە، بەناوی "گەشەپێدان". کە ئەمە هەر خودی بانگخوازەکەیە، بەڵام لەبری ئەوەی بە شکڵێکی دینییەوە لە شوێنێکدا وەستابێت، بە شکڵێکی مۆدێرنەوە لەسەر ستەیجەکە دێت و دەچێ.. لەبری ئەوەشی لەفەکە، تەنیا شاورمەیەکی دینیی بێت، تۆزێ ساس و مایۆنیسی نادینییشی پێوەئەکا!
- ڕەنگە بڵێ ی، وەعز و گەشەپێدان، لەوەدا یەکئەگرنەوە، کە هەردوکی هەر بۆ هاندانی مرۆڤە.. لەڕاستیدا دین و فەلسەفەو زانست و وەرزش و هونەر و سیاسەت و کۆی شتەکانی مرۆڤ، هەر بۆ مرۆڤ خۆیەتی. یەعنی کاتێ نالی چامەیەك ئەنوسی، ئەوە سالمە جوابی ئەداتەوە، نەك پشیلەیەك. بەڵام هەموو کایەکان، تەنیا لە "ڕاستەقینە"ی خۆیاندا بەشە خزمەتەکەی خۆیان پێشکەش ئەکەن،، کاتێ سەروگوێلاکی یەکێکیان بشکێنی بۆ یەکێکی تریان، ئیتر هیچیان خزمەت ناکەن. مەسەلەن کاتێ سەروگوێلاکی زانست بشکێنی بۆ دین، ئیتر نە دینەکە وەکو خۆی ئەگات، نە زانستەکە.. بەڵکو ئەبێ هەر کایەیەك ئیشی خۆی بکا، تەنیا لە پێناوی "ڕاستی"، نەکئەوەی کایەیەك خوارکەیتەوە بۆ کایەیەکی تر، لەپێناو دەمارگیری و هەژموون و دەسەڵاتخوازیی!
- لەڕاستیدا "جل" شتێکی کولتوریی و کەسییەو هیچ عیلاقەی بە خوداو بە دینەوە نیە، بەڵام زۆر عیلاقەی بە سیاسەت و بە تیجارەتی دینەوە هەیە. ناشچینە ئەو جەدەلەوە کە حیجاب هەیە یان نا.. بۆ زەمەنی خۆیەتی یان چی.. گریمان تەفسیرە تەقلیدییەکە وایەو حیجاب فەرزە. ئێ خۆ فەرزەکە مۆدێلێکی دیاریکراوی جل نیە، بەڵکو بڕێك داپۆشراوییە کە هەرکەس بە پێی حەزی خۆی و کولتوری خۆی، ڕەچاوی بکاو تا ئێرا شتەکە هەر لەناو فرەڕەنگییدایە. وەلێ "حیجابی ئیخوانی" حیجابێکی ئایدۆلۆژیی سیاسییە نەك دینیی. "یەکپۆشیی" جۆرێکە لە دیسپلین و ڕێکخستن، نەك خواپەرستی و عیبادەت. "یەکڕەنگیی" شێوازێکی هەژموونی پارتە شمولییە ڕاست و چەپەکانە، نەك بابەتێکی ئەخلاقیی!
- ئینجا پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی "دینی ڕووکەش"؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە، چونکە دینی ڕووکەش بەرجەستەیەو ئەگیرێ، یەکێك ئەتوانێ بیگرێ و بیدا بەوانیتر. لەکاتێکا ئەوەی کە دڵیی و ویژدانییە، ناگیرێ و ئاڵوگۆڕی پێوەناکرێ و تەنیا حاڵەتێکی وجودی بەینی خۆت و خوای خۆتەو لێرەدا مەرجەعیەتی تۆ، هەر لەناو خۆتدایەو ئەوێك ناتوانێ ببێتە مەرجەعی تۆ و شتێکت پێ بفرۆشێتەوە بە سیعری لێخوڕین!
- لەڕاستییدا پێغەمبەرانیش، بۆ لێدانی بێ دینیی نەهاتوون، بەڵکو ڕێك بۆ لێدانی دین هاتوون! بۆ لێدانی سیستەمی کەهانەت و مەرجەعیەتی دەرەکیی و کۆتاییهێنان بەو دوکان و بازاڕە هاتوون و بانگت ئەکەن بگەڕێیتەوە بۆ ئەو شتە ناوەکییەی کە لای خۆتەو کە کەسێکی تر ناتوانێ بتداتێ. هەڵگەڕانەوەو تەحریفە هەمیشەییەکەش، هەر ئەوەیە، کە ئەمەی پێغەمبەرو حەکیمەکانیش، دیسان ئەکرێتەوە بە دوکان و بازاڕو بە کاڵایەکی دەرەکیی!
- خۆ موحەمەد کە هات، کۆمەڵگاکەی ئەو، لە دینی کەمنەبوو. دینی قورەیش، دینی یەهودو نەسارا، بەهۆی هاتووچۆی حەج و بازرگانییەوە، ئەنواع دینی تریش هەبوون.. یەعنی ئەو دینە دەرەکییەی کە ئەبێت بە دامودەزگاو بە سوڵتەو بە بەرژەوەندی.. ئەمەیان هەبوو. بەڵام ئەو دینە ناوەکییەی کە دڵ و ویژدان و حیکمەتی مرۆڤ خۆیەتی و "کە لەڕاستییشدا دین هەر ئەوەیە" ئا ئەمەیان نەبوو!
- ئەو کە هات، کۆمەڵێ دینی پاکەتیی و (شکڵگرتوو) لە ژینگەکەدا هەبوو، کەچی تەنیا دینی حەنیفی ئیبراهیمی پەسەندکرد، ئەزانی بۆ؟ چونکە ئەمەیان دین نەبوو، شکڵی نەگرتبوو، نەبووبوو بە دینی دەرەکیی و بە بابەتی سوڵتەو دەزگاو بەرژوەندی و دەمارگیریی و جیاکاری و شەڕوشۆڕ.. بەڵکو تەنیا شتێکی دڵیی و ئاگایی مرۆڤ خۆیبوو، نەك شتێکی مێگەلیی. دەی ئا ئەمە شمولی دینەکەی خۆشی ئەکات!
- یەعنی ئەوکاتەی کە موحەمەد هات، ئەگەر ئەم سونەو شیعەو ئیسلامەی ئێستا هەبووایە، بێگومان ڕەفزی ئەکرد، چونکە ئەمەش هەر لە دینە مێگەلییەکانە نەك لە حەنیفییەکان! کە ئەڵێم حەنیف، مەبەستم مرۆڤێکە کە تەنیا مەیلی بۆ ڕاستی هەیە نەك پاسەوان و دەمارگیری مێگەلەکەی بێت. مرۆڤێکە کە لەناو هەوڵی چاکبوونی خۆیدایە نەك لە نمایشی چاکبوون و قۆرخی ئەخلاقدا. مرۆڤێکە کە لەسەر دینە ناوەکییە ئاوییە نادیارەکەیە، نەك لەسەر دینە دیارو بەرجەستەکە. مرۆڤێکە کە شەڕی پێشوەختەی نیە، نەك ئەو مرۆڤەی کە هەر بە لەدایکبوون، ئەکەوێتە جەبهەیەکەوە دژی ئەوانیتر. بەکورتی ئەو کە هات، مێگەل هەبوو، بەڵام مرۆڤی سەربەخۆ نەبوو!
ماویەتی..