ئایا مرۆڤایه‌تی له‌به‌رده‌م ئان و ساتی ڕوودانی جه‌نگی جیهانی سێیه‌مدایه یاخود ڕووسیا خراوه‌ته ته‌ڵه‌وه؟
2022-03-03 17:46:22
یونس جاف
جه‌نگ زاراوه‌یه‌كه له هه‌ر زاراوه‌یه‌كیتر پتر ئاشنایه به گوێچكه‌ی مرۆڤایه‌تی، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی كرداری و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین و له ته‌واوی ناوچه و وڵاتانی جیهاندا به‌شێوه‌و فۆڕمی جیاواز نمایش ده‌كرێت و به‌رده‌وامی پێده‌درێت له دێر زه‌مانه‌وه، له قۆناغی ئه‌فسانه كۆنه‌كانه‌وه چه‌مكه‌كانی (ترس، هێرش، به‌رگری، ویستی مانه‌وه له ژیان) تێكه‌ڵبوونه به بوونی مرۆڤ، به‌ڵام به‌پێی مێژوو و گۆڕانكارییه‌كانی ژیان واتا‌و به‌های ئه‌م چه‌مكانه‌ش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه.
له ئێستادا مرۆڤایه‌تی له ئان و ساتێكی هه‌ستیاردا ده‌ژی ئه‌ویش به‌هۆی هێرشی به‌رفراوان و فره واتای (ڕووسیا) بۆ سه‌ر (ئۆكراینا). لێره‌دا ده‌پرسین: ئایا مرۆڤایه‌تی له‌به‌رده‌م ئان و ساتی ڕوودانی جه‌نگی حیهانی سێیه‌مدایه؟ یاخود ئه‌م جه‌نگه‌ش یه‌كێكه له‌و ورده جه‌نگانه‌ی له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی (1939-1945ز)ه‌وه، هه‌ر چه‌ند ده‌یه جارێك ڕوویانداوه؟ ئه‌م جه‌نگه جیاوازی له‌گه‌ڵ جه‌نگه‌كانی تری دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م چیه؟
بێگومان واقیع و فاكتی له ئارادابوو پێمان ده‌ڵێت لایه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م جه‌نگه بریتیه له ڕووسیا-ئه‌مریكا (ناتۆ)، نه‌ك (ڕووسیا-ئۆكراینا). له كاتێكدا له مه‌یدانی جه‌نگدا هیچ سه‌ربازێكی (ئه‌مریكی) یان هێزه‌كانی (ناتۆ) بوونی نیه‌و ته‌نانه‌ت (ناتۆ) ڕایگه‌یاندووه كه نیاز‌و پلانیان نیه به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی به‌شداری شه‌ڕه‌كه بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هاو واتایه‌كی تری به جه‌نگه‌كه به‌خشیووه‌و به‌رته‌سكی كردۆته‌وه بۆ جه‌نگێكی ناوچه‌یی. له دوای قۆناغه‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و لاوازبوونی (سۆڤیه‌ت) و هه‌روه‌ها دابه‌شبوون و كۆتایی هاتن به هه‌ژموونه‌كه‌ی له ساڵی (1991)وه، (ئه‌مریكا) و (خۆرئاوا) به گشتی وه‌ك تاكه هێزی جیهانی مانه‌وه‌و به‌هێزبوون، به‌ڵام دووباره‌و هێدی هێدی گه‌شه‌كردن و به‌هێزبوونه‌وه‌ی (ڕووسیا) جارێكی تر هزرو بیركردنه‌وه‌ی سیاسیانه‌ی (ئه‌مریكی) و خۆرئاواییه‌كانی ئاڵۆز كرده‌وه، ئه‌مه‌ش پتر تۆخ بووه‌وه‌و بووه جێی مه‌ترسی كاتێك سه‌ركرده‌و سیاسیه‌كی وه‌ك (ڤلادێمیر پۆتن) ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ده‌كرد، ڕۆژ به ڕۆژ كێرڤ و توانای سیاسی ڕووی له هه‌ڵكشان بوو تا گه‌یشت به‌و ئاسته‌ی بوو به كاریزمایه‌ك بۆ ڕووسه‌كان و به‌شێك له هاوپه‌یمانه‌كانی.
ڕووداوه‌كانی (11)ی سێپتێمبهرو دواتر ڕووخاندنی حكومه‌ته‌كانی (ئه‌فغانستان و عیراق) هۆكاربوو بۆ ده‌ركه‌وتنی جوڵه‌و نمایشه‌كانی ڕووسه‌كان، ئه‌ویش له په‌نا ئه‌و بۆشاییه‌ی یان سه‌رقاڵبوونه‌ی ئه‌مریكی و ئه‌وروپیه‌كان به كێشه‌كانی عێراق و ئه‌فغانسانه‌وه. ئه‌نجامی ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌ش پتر له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی (به‌هاری عه‌ره‌بی) و دروستبوونی كێشه‌كانی (سوریا) ده‌ركه‌وتن، كاتێك (ڕووسیا) به ڕابه‌رایه‌تی (پۆتن) توانی هێزو توانای خۆی له (سوریا) تاقیبكاته‌وه‌و وایكرد حكومه‌تی سوریا (ئه‌سه‌د) له‌سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی بمێنێته‌وه‌و نه‌یارانی (ئۆپۆزیسیۆنی سوریا-سوپای ئازاد)، له هێزێكی باڵا ده‌سته‌وه كه پشتیوانی خۆرئاوا‌و توركیایان هه‌بوو به خێرایی هه‌ڵوه‌رێت و زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كۆنترۆڵیان كردبوو لێیان وه‌رگیرایه‌وه. ئه‌مه بۆ (ئه‌مریكا) تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بوو تا ئاستێك هێزو توانای ڕووسیایان بۆ ده‌ركه‌وت كه لایه‌نی كه‌م له‌وه تێگه‌یشتن كه له ئێستادا (ڕووسیا) ئه‌و هێزه‌یه كه له توانایدایه زیانی گه‌وره به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) بگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته (ئه‌مریكا) له‌سه‌ر حسابی لایه‌نه‌كانی تر، پێویستی به پلانێكی خێرا هه‌بوو بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی هێزو توانای (ڕووسیا) یان دروستكردنی به‌ربه‌ست له به‌رده‌میدا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به دوای ڕێگای پراكتیككردنی ئه‌و پلانه‌یدا گه‌ڕا، (ئۆكراینا)ش باشترین بژارده بوو بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی پلانه‌كه، كه ئه‌ویش له ڕاكێشان و تێوه‌گلاندنی (ڕووسیا) له جه‌نگێكی درێژخایه‌ندا خۆی ده‌بینێته‌وه، كه تێیدا كایه‌كانی (ئابووری، سه‌ربازی، مرۆیی، دیبلۆماسی) ڕووسیا ده‌كرێنه ئامانج و لاواز ده‌كرێن. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه (ڕووسیا) ده‌وڵه‌تێكه ئابووریه‌كه‌ی و ژێرخانی سوپاكه‌ی به‌و ئاسته به‌هێزنیه كه بتوانێت له ئاست (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) بێت، هه‌روه‌ها ئاستی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی هاونیشتمانیانی لاوازه‌و چه‌ندین ملیۆن (ڕووسی) له خوار هێڵی هه‌ژاریه‌وه ده‌ژن.
ئه‌مریكا ده‌ستپێكی پلانه‌كانی له‌وه‌وه ده‌ستپێكرد كه له ڕێگای (ناتۆ)وه به هاوكاریكردنی زیاتری (ئۆكراینا) هه‌وڵی وروژاندن و هه‌راسانكردنی (ڕووسیا)ی ده‌دا، ئه‌گه‌رچی (ڕووسیا) زۆر دانی به‌خۆیدا ده‌گرت، خۆی ده‌پاراست له كاردانه‌وه‌و په‌رچه‌كردار، به‌ڵام دواجار نیازی (ئه‌مریكا) بۆ ڕاكێشانی (ئۆكراینا) بۆ ناو (ناتۆ) و دانانی موشه‌كه دوورهاوێژه‌كان و چه‌كه ئه‌تۆمیه‌كان له‌سه‌ر خاكی (ئۆكراینا) به ته‌واوی هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی (ڕووسیا) چیتر دان به‌خۆیدا نه‌گرێت. چونكه (پۆتن) هۆشیاره‌و له‌وه تێگه‌یشت كه به ئه‌ندامكردنی (ئۆكراینا) له (ناتۆ) به واتای به ئه‌مریكاییكردنی خاكی ئۆكراینایه، چونكه ئه‌مریكا له جوڵه پێكردنی هێزو چه‌كه‌كانی له‌سه‌ر خاكی وڵاتانی ئه‌ندام له (ناتۆ) ئازاده، بێگومان له‌م ڕێگایه‌وه (ئه‌مریكا) ده‌یتوانی له ڕێگای (ناتۆ) و هاوپه‌یمانه‌كانی به ته‌واوی گه‌مارۆیی ئاسمانی، ئاوی و وشكانی (ڕووسیا) بدات و بچوكترین جوڵه‌كانی ڕووسیا كۆنترۆڵ بكات. بۆیه ئه‌مریكا له دیاریكردنی (ئۆكراینا) وه‌ك مه‌یدانی ململانێ له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) له‌وه دڵنیابوو كه ئه‌گه‌ر ڕووسیا كاردانه‌وه‌ی هێز به‌كاربهێنێت زیان ده‌كات و ئه‌گه‌ریش بێ كاردانه‌وه بێت و ڕێگا بدات (ئۆكراینا) ببێته ئه‌ندام له (ناتۆ) ئه‌وا له‌م لایه‌نه‌شه‌وه هه‌ر زیان ده‌كات، چونكه (ئه‌مریكا) به‌بێ هیچ به‌ر به‌ستێك ئه‌چێته سه‌ر سنووره‌كانی ڕووسیا.
دواجار ڕووسیا به ناچاری بڕیاری هێرش و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و پلانه‌یدا كه له دژی داڕ‌ێژرابوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ده‌ستپێكی هێرشه‌كه‌وه (ڕووسیا) چاوه‌ڕوانی دهكردو پلانی بۆ دانابوو وا ده‌رنه‌چوو، كه ئه‌ویش بریتی بوو له كۆنترۆڵكردنی وڵاتی ئۆكراینا و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پایته‌ختدا له ماوه‌ی كه‌متر له دوو شه‌و و ڕۆژدا. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌و هه‌ڵمه‌ته میدیاییه بكه‌ین كه چه‌ند ڕۆژێك پیش جه‌نگ ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی (خۆرئاوا) به‌ڕێوه‌یان ده‌برد و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد (ڕووسیا) له ماوه‌ی شه‌و رۆژێكدا یان له‌وه‌ی 96 سه‌عاتدا ته‌واوی ئۆكراینا داگیر ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌شێك بوو له پرۆسه‌ی هاندان و ڕاكێشانی ڕووسیا، بۆیه دوور نیه (پۆتن) كه‌وتبێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و بانگه‌شه میدیاییه‌و وایدانابێت به ئاسانی ئه‌توانن ئامانجه‌كانیان بپێكن. به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك ڕۆژ دوای هێرشه‌كان له (سێ) ڕووه‌وه ڕووسیا له‌وه تێگه‌یشت كه له‌گه‌ڵ (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) چووه‌ته شه‌ڕ نه‌ك ئۆكراینا، یه‌كه‌میان دوای دوو ڕۆژ له شه‌ڕ ڕووبه‌ڕووی به‌رگری و به‌په‌رچدانه‌وه‌ی توند و كاریگه‌ر بوو كه خۆی له به‌گری زه‌مینی و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی دژه فرۆكه‌و دژه تانكی كاریگه‌ردا ده‌بینیه‌وه، كه بێگومان سه‌رچاوه‌كه‌یان ئه‌مریكا و خۆرئاوان، كه به ئاشكراش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ڕۆژ به ڕۆژ چه‌كی زیاتر ئه‌ده‌ن به‌و وڵاته. دووه‌میان خۆی له كاردانه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵی وڵاتانی جیهانیدا ده‌بینێته‌وه به تایبه‌تی له‌و هه‌ڵمه‌ته به‌رفراوانه‌ی سزا دارایی و ئابووریه‌كان كه به‌سه‌ر ڕووسیادا دران و به‌رده‌وامیش ده‌بن. سێیه‌میان، له ده‌ستپێكی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌كه‌وه به‌پێی ئه‌م دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه (ڕووسیا) له‌وه تێگه‌یشت كه ئه‌م جه‌نگه درێژه ده‌كێشێت، كه بێگومان ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسیادا نیه‌و هۆكار ئه‌بێت بۆ ماندووبوونی هێزی ڕووسیا و هه‌روه‌ها به‌فیرۆدانی داراییه‌كی زۆر له خه‌رجی جه‌نگ و سوپا. ئه‌نجامی ئه‌م سێ خاڵه وه‌ك شۆكێكن بۆ ڕووسیا، بۆیه له ئێستادا (ڕووسیا) له‌ناو گێژاوێكی تونددا ده‌ژی و هاتنه ده‌ره‌وه لێی كارێكی ئاسان نیه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌سته‌مه.
له ڕوانگه‌ی ڕووسیاوه ئۆكراینا به‌شێكه له زه‌وییه‌كانی ڕووسیای مه‌زن، بۆیه ئه‌م جه‌نگه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی یه‌كلا كرده‌وه كه هه‌تا ئێستاش فه‌رمانڕه‌وای سیاسه‌تی جیهانی ئه‌مریكایه، چونكه توانیویه‌تی له چوارچێوه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی هێزو له‌ناو سنووری ڕووسیای مه‌زندا (پۆتن) بخاته ناو جه‌نگێكه‌وه كه توانای به‌سه‌ریدا نیه‌و هۆكاره بۆ پاشه‌كشه‌ی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی روسیا. به واتایه‌كی تر له‌م جه‌نگه‌دا پاشه‌كشه و لاوازبوونی (ڕووسیا) به واتای دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان تێیدا ژیاوه، به‌ڵام به ڕێژه‌و فۆڕمی جیاوازتر.
ئه‌م جه‌نگه ڕاستیه‌كی تری تاڵی بۆ ڕووسه‌كان و (پۆتن) ئاشكرا كرد، ئه‌ویش به‌هێزی ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مریكی و خۆرئاوایه له قوڵایی ده‌زگای موخابه‌راتی ڕوسیدا، چونكه پێش ڕوودانی جه‌نگ چه‌ندین جار (پۆتن) و وته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا نكوڵیان له ئه‌نجامدانی هێرش ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌هاو یه‌كلاكه‌ره‌وه باسیان له كاتی هێرشه‌كه‌و شێوازی هێرشه‌كه ده‌كرد، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان خۆیان له‌ناو پلانی داڕشتنی هێرشه‌كه‌دا بووبن. له كۆتایشدا هه‌مان ئه‌و شێوازه بوو كه ئه‌وان له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه باسیان لێوه ده‌كرد. له‌لایه‌كی تره‌وه به‌م جه‌نگه (ئه‌مریكا) توانی پتر واقیعیه‌ت و ڕه‌وایه‌تی به ده‌وڵه‌تبوونی ئۆكراینه‌كان بسه‌پێنێت و چه‌ند هه‌نگاوێكیتر له (ڕووسیا) دووری خستنه‌وه. له ئێستادا ئۆكراینه‌كان به چه‌كی (ناتۆ) و به پشتیوانی ئه‌مریكا شه‌ڕو به‌رگری ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و به‌گریه له‌به‌رده‌م ویژدانی مرۆڤایه‌تی بۆ ئۆكراینه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و ئه‌وان وه‌ك پاڵه‌وان سه‌یر ده‌كرێن، چونكه له هه‌مانكاتدا وێنه‌ی قوربانیان هه‌یه، بۆیه‌ش مرۆڤایه‌تی سۆزی بۆ ئه‌وان هه‌یه نه‌ك ڕوسه‌كان. به‌رده‌وامیان له به‌رگری و پاشه‌كشه‌كردن به ڕوسه‌كان وا ده‌كات چه‌ند هه‌نگاوێكی زیاتر له جاران په‌لبهاوێن و هه‌وڵی زیاتر بده‌ن بۆ سه‌لماندنی خۆیان.
كه‌سایه‌تی (پۆتن) و ئه‌و غرووره سیاسیه‌ی (ڕووسیا) هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر به هه‌ر باج و زیانێك بێت هه‌وڵده‌ده‌ن كۆنترۆڵی ته‌واوی خاكی (ئۆكراینا) بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه ئه‌و داگیركارییه له دوور مه‌ودادا به زیانێكی مه‌زن له بواره‌كانی (ئابووری، سه‌ربازی و دیبلۆماسی) بۆ ڕووسیا ته‌واو ده‌بێت تا ده‌گات به‌و ئاسته‌ی كه ڕووسیا توانای هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی گه‌وره‌ی نه‌مێنێت.
لێره‌دا دێینه سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه ئایا ئه‌م جه‌نگه هێمایه بۆ ڕوودانی جه‌نگی جیهانی سێیه‌م؟ یاخود ئایا مرۆڤایه‌تی له‌به‌رده‌م ئان و ساتی ڕوودانی جه‌نگی حیهانی سێیه‌مدایه؟ ئایا زلهێزه‌كانی جیهان ئه‌و به‌رپرسیارێتیه هه‌ڵده‌گرن كه جه‌نگه‌كه نه‌گات به‌و ئاسته؟
ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه كه هه‌ر چه‌نده شه‌ڕه‌كه دژوار بێت، ناگات به‌و ئاسته‌ی له‌لایه‌ن ڕوسه‌كانه‌وه چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كاربێت، چونكه به‌پێی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی باسمان كرد، ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه ئه‌وه‌یه كه (ڕووسیا) تێیدا لاواز ده‌بێت، له دۆخی لاوازیشدا ناتوانێ په‌نا ببات بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه (ئه‌مریكا و ناتۆ) له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) له ڕووی شه‌ڕی پراكتیكیه‌وه ناچنه ئه‌و ئاسته كه (ڕووسیا) ناچار بێ یان به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ده‌ست ئه‌و چه‌كه به‌كاربهێنێت، به پێچه‌وانه‌وه ڕێگاكانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) ته‌نیا له دوو چه‌مسه‌ردا ده‌هێڵنه‌وه، كه یه‌كه‌میان بریتی ده‌بێت له شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت كه له ئێستادا به ئۆكراینه‌كان سپێردراوه‌و له درێژه‌ی شه‌ڕه‌كه‌شدا گروپ و لایه‌نی تر ده‌رده‌كه‌ون كه ئه‌و شه‌ڕه به وه‌كاله‌ته‌یان پێده‌سپێردرێت، بۆ نموونه (چیچان)یه ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كان كه له ئێستادا له (چیچان) ده‌ركراون و (ئه‌مریكا) لای خۆی پاراستوونی بۆ كاته پێویسته‌كان. دووه‌میان به‌رده‌وامیدانه به‌و سزا ئابووری و داراییه بانكییه گشتگیرانه‌ی كه به‌شێوه‌ی گه‌له‌كۆمه‌كی له هه‌موو لایه‌كه‌وه ئاراسته‌ی ڕووسیا ده‌كرێن و قورسترن له‌و جه‌نگه‌ی كه (ڕووسیا) له واقیعدا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
ئه‌مه به‌و واتایه‌یه كه ئه‌مریكا زۆربه‌ی سه‌ره‌داوه‌كانی جه‌نگه‌كه‌ی له‌ژێر ده‌ستدایه و تا ئه‌و شوێنه درێژه‌ی پێده‌دات كه پێویسته و له خزمه‌ت لاوازكردنی ڕووسیادایه، ئه‌و پلانه‌ی ئه‌مریكا له پێناوی ئه‌وه‌دا بوو كه ئه‌وه‌ی ڕووسیا له (سێ ده‌ی)هی ڕابردوودا كۆیكرده‌وه‌و هه‌وڵی خۆ به‌هێزكردنه‌وه‌یدا له‌م جه‌نگه‌دا وه‌ك میزڵدانێكی فوتێكراو به‌تاڵبكرێته‌وه. به‌مه‌ش چه‌ند ئامانجێك ده‌پێكێت كه سه‌ره‌كیتریان بریتیه له ته‌نها هێشتنه‌وه‌ی (چین) له مه‌یدانه‌كه‌دا، چونكه دواجار ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و هێزه‌ی (چین) ده‌یه‌وێ له دژی ئه‌مریكا بیخاته مه‌یدان، دواجار به‌شێكی زۆری پشت ئه‌ستوورو پشت به‌ستووه به هه‌یمه‌نه و توانای سیاسی و سه‌ربازی ڕووسیاوه، به‌ڵام كاتێك ڕووسیا له‌م ڕووانه‌وه په‌لوپۆ ده‌كرێت، ئه‌وا به واتای بڕینی ده‌مارێكی جه‌سته‌ی هێزو ئابووری (چین)ه. ئامانجێكی تری بریتیه له لاوازكردنی (ڕووسیا) تا ئه‌و ئاسته‌ی كه چیتر نه‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر (یه‌كێتی ئه‌وروپا)، كه خۆیان به نه‌ته‌وه‌ی ڕێزلێگراو و خاوه‌ن شكۆ‌و خاوه‌ن شارستانیه‌ت ده‌زانن، به‌ڵام له‌م دوو ده‌یه‌یه‌ی ڕابردوو گیریان خواردبوو به ده‌ست سه‌ركێشی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕووسیاوه.
له كۆتایداو له‌و شوێنه‌دا كه جه‌نگه‌كه درێژه ده‌كێشێت و به زیانی (ڕووسیا) ته‌واو ده‌بێت، ئه‌مریكا به هه‌مووان ده‌ڵێت هێشتا زووه بۆ گره‌و كردن له‌سه‌ر مه‌رگی (ئه‌مریكا) و (سیسته‌می سه‌رمایه‌داری)، به‌ڵكو پێویسته هه‌مووان بزانن بنه‌ماكانی ئه‌م سیسته‌مه به جۆرێك داڕێژراون كه له ڕێگه‌ی خۆ كوشتن و خۆ له‌ناو بردنی نه‌یارو دوژمنه‌كانیه‌وه درێژه به مانه‌وه‌و به‌هێزبوونی خۆی ده‌دات.
*ماسته‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی