پارتی له‌به‌رده‌م بژارده‌ی سلێمانی و به‌غدادا

2022-03-05 13:23:58
كارزان سه‌باح حه‌مه ساڵح
هاوكێشه‌كه له‌به‌رده‌م پارتی ئاڵۆزه، به‌ڵام قابیلی چاره‌سه‌ریشه، پارتی له‌دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی لاهوری شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی پێشووی یه‌كێتی، خۆی ئاماده‌كرد بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیه‌كی نوێ، هه‌موو ئه‌و پێشبینیانه‌ی كردبووی پێچه‌وانه بوونه‌وه، چونكه نه‌گه‌رانه‌وه‌ی داهاتی سلێمانی و ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی یه‌كێتی له ئیداره‌ی سلێمانی به‌و شێوه‌ی كه پارتی قبوڵ نییه، گه‌وره‌ترین گورزبوو له (كوردستانێكی به‌هێز درا)، یه‌كێك له هه‌ره گرفته‌كانی به‌رده‌م كابینه‌ی كاك مه‌سروور بارزانی، ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی سلێمانی وه‌ك كارتی فشار به‌كارده‌هێنێت، جارێك وه‌ك لامه‌ركه‌زیه‌تی پارێزگاكان و جارێكیش له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌ئاشكرا یه‌كێتی به پارتی ده‌ڵێت: چاوه‌رانی داهاتی سلێمانی مه‌كه‌ن، له‌ولاشه‌وه كادیر‌و ئه‌ندامان و په‌رله‌مانتار و حه‌تا وه‌زیره‌كانیشی به‌خه‌ڵك ده‌ڵێن پاره‌هه‌یه و مووچه نییه نه‌وت ده‌فرۆشرێت و پاره‌كه‌ی دیار نییه، كه‌چی كه‌سێك له‌ناو پارتی نییه ته‌سفیاتی ئه‌م حه‌ق و حسابه ئاڵۆزه بكات؟ زبڵ و خاشاك و نه‌بوونی ده‌رمان و خزمه‌تگوزاری ته‌نگی به‌سلێمانی هه‌ڵچینه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه رووبكه‌نه ئیداره‌ی شاره‌كه، راسته‌وخۆ رووده‌كه‌نه هه‌ولێرو ده‌ڵێن پارتی حكوومه‌تی كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر راستیتان ده‌وێت، قسه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ش راسته، مادام پارتی هه‌موو كوردستان به‌یه‌ك پاكجێكی حوكمرانی ده‌زانێت ده‌بێت به‌رپرسیاره‌تی هه‌موو حوكمرانی كوردستانیش وه‌ربگرێت، به‌ڵام قسه‌كه لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌گاته ئه‌رزی واقع حكوومه‌ت یان پارتی له سلێمانی نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست نییه بگره بۆ قۆناغی داهاتوو ده‌بێت مه‌ترسی رووبه‌رووبونه‌وه له‌نێوان خه‌ڵك و دامه‌زاروه‌كانی حكوومه‌ت له‌و سنووره بكرێت كه‌وایه ئه‌م واقعه ئاوایه پارتی باش ده‌زانێت كه هه‌ڵبژاردنی هاوپه‌یمانی یان برایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ناچاریه چونكه نه‌ده‌توانێت به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ بروات نه به‌دیلیشی هه‌یه تا شهریكایهتی بكات.
به‌غداش گرێ كوێره‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رده‌م داهاتووی كوردستانه، به‌یه‌ك بڕیاری دادگای فیدرالی، كۆی پرۆسه‌ی نه‌وتی كوردستان خرایه ژێر پرسیاره‌وه، پێشووتر باسم له‌وه‌كردووه ناكرێت چاره‌نووسی ته‌واوی عێراق بدرێته ده‌ست 9 كه‌سه‌وه، مادام عێراق سیسته‌می فیدرالیه و پێكهاته‌كان مافیان هه‌یه هیچ كاتێك دادگای فیدرالی به‌م پێكهاته‌وه ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی گه‌لی عێراق بكات، بۆ ئه‌مه پارتی كه‌م ته‌رخه‌می هه‌بوو له‌وه‌ی نه‌یتوانی كاتی خۆی یاسای نه‌وت و گاز له عێراق كۆده‌نگی بۆ دروست بكات و ئه‌و گرفته له‌به‌رده‌م كوردستان لابدات بۆ پارتی؟ چونكه خۆی به‌خاوه‌نی پرۆسه‌ی نه‌وتی وكردستان ده‌زانێت، ئه‌نجومه‌نی فیدرالی كه پارتی خۆی پێداگیری له‌سه‌ر كرد له ده‌ستوور كه‌چی یه‌ك هه‌نگاویشی بۆ نه‌نراوه، ئه‌وه‌ی ته‌حه‌دایه له‌به‌رده‌م حكوومه‌تی هه‌رێم یان باشتره بڵێن پارتی به‌وێنه گه‌وره‌كه ده‌بێت ستراتیژسه‌تی داهاتووی عێراق له عێراقه‌وه به‌هێز بكات بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م دامه‌زاروه‌كانی عێراق پێویستیان به دووباره پێناسه‌كردنه‌وه هه‌یه، هه‌ر له‌په‌رله‌مانی عێراقه‌وه بۆ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دادگای فیدرال، پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه كه پارتی ده‌توانێت به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی به‌غدا هاوسه‌نگ بكاته‌وه؟ له‌دواین قسه‌كانی مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان، له‌باره‌ی گرفتی هه‌ولێرو به‌غدا رایگه‌یاند كه قبوڵ ناكه‌ن مافه‌كانیان له عێراق زه‌وت بكرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه بپرسرێت ؟ هیچ كارتێكی به‌هێز له‌به‌رده‌م پارتی ماوه له‌به‌غدا؟ له‌م دۆخه‌كه ئاسته‌مه له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه هیچ ده‌رئه‌نجامێك، چونكه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه حكوومه‌تی كاربه‌رێكه‌ری عێراقه، پارتی ئه‌زمونی تاڵی له حكوومه‌تی كاربه‌رێكه‌ر له عێراق هه‌یه تا حكوومه‌ت دروست نه‌كرێت و عێراق نه‌كه‌وێته‌وه سه‌ر پێی خۆی ئاسته‌مه بتوانرێت هیچ داواكاریه‌ك له به‌غداوه جێبه‌جێ بكرێت.
به‌هێزترین كارت كه ره‌نگه پارتی له‌داهاتوو بتوانێت ئه‌نجامی بدات یان به‌كاری بهێنێت ئه‌وه‌یه كه به‌وه‌رگرتنی سه‌رۆك كۆماری عێراق و هه‌بوونی پۆستی گرنگ له‌به‌غدا بتوانێت بڕیاره‌كانی دادگای فیدرالی به‌هه‌مان پێوه‌ری ئێستا كه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت هه‌ڵیان وه‌شێنێته‌وه، دواتر دووباره په‌یره‌وی دادگای فیدرالی هه‌موار بكرێته‌وه و له‌په‌رله‌مانی عێراقیش مادام پارتی و سه‌دریه‌كان و سوننه‌كان زۆرینه‌ن ده‌توانن ده‌رفه‌ت وه‌ربگرن پێداچونه‌وه به‌سه‌رجه‌م ئه‌و برگه‌و یاسا‌و مادانه بكه‌ن كه كاتی خۆی له‌دژی كوردستان دراوه و كاربكه‌ن بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و خاڵانه‌ی كه له‌ده‌ستووری عێراقدا جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌مه ته‌نیا بۆ به‌غدا دروست نییه بۆ هه‌رێمی كوردستانیش زۆر پرس هه‌یه كه ئه‌گه‌ر یه‌كلا نه‌كرێنه‌وه مه‌ترسی دروست ده‌كه‌ن، ده‌بێت پێش هه‌موو قۆناغه‌كانی دیكه كاربكرێت بۆ دامه‌زارندنی كۆمپانیای نیشتیمانی نه‌وتی كوردستان، كاتی خۆی ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه هه‌بوایه ئێستا پرۆسێسیی نه‌وتی كوردستان ئه‌وه‌نده تووشی گرفت نه‌ده‌بوو، راسته كاتی خۆی له‌جیاتی ئه‌و كۆمپانیایه ئه‌نجومه‌نی ئابووری كوردستان دروستكرا, به‌ڵام چونكه ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش وابه‌سته‌یه بهپشكی لایه‌نه‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵكشان و داكشانێكی سیاسی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش رووبه‌رووی قه‌یران ده‌بێته‌وه، خاڵی دواتر كوردستان به‌بێ ده‌ستوور كه‌وتوه‌ته ناو قه‌یرانێكی یاساییه‌وه، ده‌بێت هه‌رچی زووه به‌زووترین كات ئه‌و ده‌ستووره بچێته ده‌نگدانه‌وه و ته‌واو بكرێت هه‌ر كه‌م ته‌رخه‌میه‌ك له‌وه گرفت بۆ كوردستان دروست ده‌كات.
