Draw Media

سەردەمی حوکمی میربافڵ ‏‎سەردەمی حوکمڕانی میربافڵ، میری میرنشینی تاڵەبان، سیمایەکی دیاری بریتییە لە سەرکوتکردن و ڕێگری لەیادکردنەوەی ئەنفال. ئەمڕۆ ژمارەیەک ڕێکخراو و چالاکوان بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ۳٤ ساڵەی تاوانی نەتەوەیی ئەنفال لە سەکۆی ئازادی ناو پارکی ئازادی ئامادەبووین، بەڵام ژمارەیەک کارمەندی ئاسایشی سلێمانی و وەک دەڵێن: بەفەرمانی سەروخۆیان و بەبیانوی نەبونی مۆڵەت، ڕێگەیان نەدا یادی ئەنفال بکرێتەوە. ‏‎میرنشینی بارزان و تاڵەبان لە هەموو شتێکدا لەیەک دەچن و یەکتر تەواودەکەن، کەچی بۆخۆڵکردنە چاوی خەڵک گوایە ناکۆکن. ‏‎ هەردولایان بۆ داگیرکەر لەسەر چۆکن بۆ ناوخۆش دەست بەچەکن و بۆ قۆرخکردنی بازاڕ و پۆست و پارە وەک یەکن، ‏‎ڕێگری لەیادی ئەنفال دەکەن کەچی شین بۆ حاجی قاسم دەگێڕن ‏‎سەیریش نییە ڕێگری لەیادی ئەنفال بکەن! تۆ سەیرکە جاش و مستەشارو پێشمەرگەی دێرین وەک یەک لەیەک لیستدا خانەشینن، وەک ئەوەی لەبەردەم بنکەیەکی دابەشکردنی موچەدا لەسلێمانی پێشمەرگەیەکی دێرین وتی: “تێکەڵەین هەموو جۆرێکمان تێدایە!!” ‏‎لەلیستی شەهیدانیشدا هەر وایە و لە فیستیڤاڵی خێڵیشدا پێکەوە لە یەک ڕیز دانیشتن و لەتەنیشت یەک بوون!! ‏‎ئەم دوو میرنشینە لەسەردەمی بارزانی باوکدا، سەردەشت عوسمان، لەسەر خەون تیرۆردەکرێت لەسەردەمی میر مەسروری کوڕدا لەسەرنیەت و کۆمێنت لەزیندان دەکرێیت! ‏‎لەسەردەمی تاڵەبانی باوکدا ئەنفالی زانکۆ کرا، وەک خوێندکارەکان ناویانا، کەچی لەسەردەمی میربافڵی کوڕدا لەسەکۆی ئازادی ڕێگری لەیادی ئەنفال دەکرێت! ‏‎بەندەش بەکارمەندەکانی ئاسایشم وت: “دەزانم ئێوە فەرمان جێبەجێدەکەن، بەڵام دڵنیابن پارتی و یەکێتی بۆیە هەن بۆئەوەی کورد نەبێت، هەر بۆیەش ڕێگە لەیادی ئەنفال دەگرن، چونکە خۆیان ئەنفالی ڕۆحی ئینسانی کوردیان کرد و کوردبوونیان لەبەرچاوی خەڵک خست. بە (میر)ش بڵێن: ئەم حوکمی تۆقاندن و ئازادی کوشتنەش هەر کۆتایی دێت.” ‏‎ئەو داستانی (کۆڕێ)یەی چەند ڕۆژە هەریەکەی بۆخۆی ڕادەکێشێت، بەرهەمەکەی حوکمی جەردەسالاری و تیرۆری ڕۆژنامەوان و زیندانی سیاسی و ڕێگری لەیادی ئەنفالە. ‏‎رۆحی قوربانیانی ئەنفال شادبێت.  


سه‌ردار عه‌زیز سیحرێکی زۆر لە دەوری وشەی گۆڕان تەنراوە. یەکەمجار ئەم وشەیە بوو بە ناوێک و ناونیشانێک و خواستێک لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە. پاش ئەوە چەندین رەهەندی جیاوازی وەرگرت. ئەمڕۆ دەپرسین بۆچی گۆڕانکاری ڕونادات، لەکاتێکدا باسێکی بەردەوام و ئێجگار زۆر هەیە دەربارەی گۆڕان یان خواست بۆ گۆڕانکاریی. گۆڕان چەمکێکی ئێجگار نوێیە لە دونیای کوردیدا، بەگشتی ئەم چەمکە ڕەهەندێکی چەپیانەی هەیە، [بەڵام ڕەهەندە چەپییەکەی هەمیشە میتافیزیکی بووە، بە زمانێکی دوور لە خەڵک، باس لە نەبوویەک و تەواو دەستەبژێریی] بەڵام فراوانبون و گشتی بوونی تەواو نوێیە. ئەم نوێبونەی وەهای کردووە کە تێگەیشتن و ڕامان و تێفکرینێکی زۆر کەم هەبێت دەربارەی. لێرەدا چەند سەرنجێکی خێرا دەخەینە بەرچاو، بە هیوام لە داهاتوودا بتوانم زیاتر قسەی لە سەر بکەم. یەکەم، ئایا لە کۆمەڵگای کوردستاندا گۆڕانکاری ڕودەدات؟ یان ڕونادات؟ ئەمە پرسیارێکی ئێجگار سەختە. بەڵێ گۆڕانکاریی گەورەو ئێجگار کاریگەر ڕویداوە. بەڵام زۆرینە هەست دەکەن کە هیچ ڕوینەداوە، یان هیچ ڕونادات [بازرگانی بێهیواکردن]؟ ئەم پرسە کە خۆی لە ڕودان و ڕونەداندا دەبینێتەوە، جیاکارییکردنی زۆر قورسە. بۆ نمونە یەکێک لە ئەو گۆڕانکارییە گەورانە کە ڕویداوە بە شاربوونی کۆمەڵگای کوردییە هەروەها بە شاربوونی مرۆڤی کوردییە. شار بە پۆلێنە مارکسییەکەی، بەپێچەوانەی گوندەوە، پانتایی جوڵەو گۆڕانکاریی و نوێبونەوەیە. بە بە شاربوون یانی هەڵکەندنی مرۆڤ لە ژینگە و ژیارو کێڵگەو دونیابینی و بەهاو پەیوەندییەکانی بۆ دونیایەکی تر کە تەواو تەواو پێچەوانەیە. لە شار مرۆڤەکان و خێزانەکان لە پانتاییەکی کۆنکریتی بچوکدا دەبێت هەموو شتێک بە پارە بکڕن. بە سەنتەربوونی پارە لە دونیای ئێمەدا لەم ڕوانگەیەوە دێت. دەتوانین بڵێین کە ئەگەر تاکە ئایدەلۆجیایەک هەبێت لە کۆمەڵگای کوردستاندا کە زۆرینەی باوەڕی پێهێنابێت، سەرقاڵی بێت، خوازیاری بێت، پارەیە. پارە ئێجگار ئێجگار ئاڵۆزە. بەڵام لێرەدا چەند سەرنجێکی سادە دەربارەی دەخەینەڕوو. کاتێک هەموو شتێک دەبێت بە پارە، تەنانەت هەوای پاکیش، ئەوا مرۆڤەکان پێویستیان بە دەست گەیشتنە بە ئەم بوونە. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە قۆرغکارییەکی ئێجگار گەورە هەیە لە دونیای ئێمەدا. پارە ئامرازی سەرەکی سیاسەتەو سیاسەت بۆ پارەیە. زاڵبونی ئایدەلۆجی پارە، یان لە دایکبونی تاکگەرایی، بە کورتی یانی نەمانی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا. گەندەڵی کە بریتییە لە بردنی پارەی هەموان بۆ خۆت، لە نێوان تاوان و پێداویستی و ئاسایی بونەوەدا جۆلان دەکات. [زۆربەی سیاسەتمەدارانی دەرەوەی ڕۆژئاوا گەندەڵی وەک پێداویستییەکی سیاسەتکردن دەبینن. بە تاوانبونی بردنی سامانگی گشتی نامۆیە بە کەلتورەکانی درەوەی ڕۆژئاوا]. تاکگەرایی کە زۆرێک وەک یەکێک لە دەستکەوتەکانی شارستانی ڕۆژئاوای دەبینن، لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە جۆرێکی تر بەرجەستە دەبێت و بوەتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو بنەماکان. کاتێک مرۆڤەکان بۆ خۆیان هەوڵدەدەن، ئەوا هیچ ناگۆڕێت لە ئاستی گشتی و گەورەدا. کاری پێکەوەیی ناکرێت، بەردەوامی نامێنێت، پشو درێژی وون دەبێت. لە ئەنجامدا هیچی گەورە ناگۆڕدرێت. کەواتە شار، پارە، خۆپەرستی هۆکارەکانی نەگۆڕانن. ئەوەی زیاتر قوڕەکەی خەستکردوەتەوە سامانی سروشتییە. نەوت سیستەمی سیاسی پریدۆتەری بەرهەم دەهێنێت. کە تیایدا سیاسەت دەبێت بە سەرچاوەی پارەپەیداکردن. لە دۆخێکی وەهادا سیاسەت قۆرغدەکرێت، چیدی ناتوانرێت باس لە گۆڕانکاری بکرێت. بە کورتی، بە شاربون، بە خودابوونی پارە، ڕەفتارو هەڵسوکەت و زمان و خەون و ئاگایی خەڵکی بە تەواوی گۆڕیوە. بۆ نمونە ئەگەر بڕۆیتە هەر جێگایەک لە کوردستان، لە سەرجادە، هەر حەمەجانێک بگریت (مەبەستم کەسێکی ئاسایی) داوای لێبکەیت پێنج خولەک قسەت بۆ بکات، ئەوا زۆربەی کاتەکەی باسی پارە دەکات. نمونەیەکی زەقتر: بۆ لە کوردستان لە پانزە بیست ساڵی ڕابوردودا هەموو بایەخێک بە ماف، بە یاسا، بە هونەر، بە ئەدەب، بە جوانی، بە کەلتور، بیری قوڵ، بە کۆتاییان هات و هەموو ئەمانە پارە بوو بە جێگرەوەیان؟ لەکاتێکدا بۆ نمونە بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت، دەبێت یاسا بوونی هەبێت و سەروەربێت، دەبێت سیستەمێکی حوکمڕانی جیاواز لە ئارادابێت، دەبێت پانتایی گشتی و زانیاری پەیوەست و قوڵ بە دۆخەکە هەبێت، دەبێت سیستەمێکی هێزو ئابوری جیاواز بێتە ئاراوە. ئەمە وەک ئەوە وایە بتەوێت ماڵێکی تازە دروست بکەیت، بەڵام تاقەتی خشت و چیمەنتۆ و ئاسن و شوشەو کرێکارو کار تڕو فیزی وەستات نەبێت. بە کورتی خەڵک بە گشتی پێچەوانەی خواستەکانیان ڕەفتار دەکەن، بەڵام زۆرینە هەستی پێناکات. بۆیە گۆڕانکاری ڕودەدات، لە هەمانکاتدا هەستی ئەوە زاڵەک کە گۆڕانکاری ڕونادات. لێرەوە دێینە سەر خاڵی دووەم. دووەم، دۆخی گۆڕانکاریی باسکراو، بەڵام ڕونەداو. ئەم دۆخە هەتا ئاستێک جیهانییە. زۆر زۆر قسە و باس لە سەر گۆڕانکاریی هەیە، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت ڕونادات. ئایا ئەم دۆخە چیمان پێدەڵێت؟ دەتوانین لێرەدا باس لە ئابوری گۆڕانکاریی بکەین. یەکەم سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە گۆڕان بوەتە بەهانەیەکی سیاسی، بەڵام سیاسەت ئامانجی سەرەکی پارەیە. بەم پێیە ئەو گۆڕانکارییانەی کە سیاسییەکان باسی دەکەن، لە هەمانکاتدا ناخوازن ڕوبدات، چونکە ئەگەر ڕوبدات ئەوا وەک ئەوە وەهایە پەلکە دارەکەی ژێر خۆیان ببڕنەوە. لەم پێناوەدا چیدەکەن. ئەوەی لە کوردستان و دونیاشدا دەیبینین ئەوەیە کە خەڵکی لێدەخوڕن بەرەو دۆخێکی دەرونی ئاڵۆزو سەخت، کە ناوی دەنێین هیستیریا. لەم دۆخەدا خەڵکی وەها لێدەکەن کە وەها هەست بکات لە خراپترین جێگای دونیادا دەژی، هەموو شتێک لە دەوری خراپ دەبێت، بارودۆخی ئەو تاقانەو بێوێنەیە. هەموو ئەمانە درۆن، بەڵام درۆی مەبەستدارن لەپێناو دروستکردنی دۆخێکدا کە گۆڕانکاری پێویستە بەڵام مەحاڵە. ئەمە کرۆکی ئەو هێزانەیە کە بازرگانی بە گۆڕانەوە دەکەن. مەحاڵکردنی گۆڕان و نەخۆشخستنی خەڵکی لەپێناو ئەوەدایە کە بازرگانیی بە باری دەرونییانەوە بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ ڕوبدات. چونکە هەموو پەیامەکە ئەوەیە، دۆخی تۆ زۆر خراپە بەڵام گۆڕانکارییش سەختە. هەردوو ئاڵۆزکردن و بێدەسەڵاتکردن لەپێناو ئەوەدایە کە مرۆڤەکان بچوک ببنەوە، توشی سەرلێشوان ببن، نەتوانن دۆخی ڕاستەقینە ببینن، لە ئەنجامدا تەسلیم ببن. ئەم دۆخە وەک لە ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بۆمان دەردەکەوێت هەمیشە مرۆڤەکان لە ئەنجامی دەستەپاچەیی خۆیان بە دوای ڕزگارکەرو فریودەرو قارەمانی ساختەو تەڵەکەبازدا دەگەڕێن. ئەمەش وەها دەکات بپرسین ئایا گۆڕانخوازەکان گۆڕانخوازن، لەکاتێکدا ئەگەری هەیە گۆڕانکاری ببێتە هۆکاری خراپبونی ژیانیان؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر. بەم پێیە ئێمە لە بەردەم یاریی و بازرگانی گۆڕانداین. هۆکاری سێیەم، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ببێت، دەبێت وەک بنەمایەک سەروەرێتی دیموکراسی بێتە ئاراوە. سەروەرێتی دیموکراسی لە زۆر شوێنی دونیا ئامرازەکانی یان شۆرش بووە یان جەنگ. بەڵام ئەم دوو ئامرازە بەهیچ شێوەیەک گەرەنتی نیە کە دەبنە هۆی هاتنە ئارای سەروەریی دیموکراسی. یەک خەسڵەت ئەمڕۆ لە دونیادا گۆڕاوە، کە دەبێت لە بەرچاوی بگرین ئەوەیە کە دونیا بووە بە یەک یەکە. جاران کە شۆرشی فەرەنسی یان ئەمریکی ڕویدا، دونیا هێندە بە خێرایی و بە چڕی و بە بایەخەوە بە ئاگاو دەستوەردان نەبوو، ئەمڕۆ لە هیچ کوێی دونیا ناتوانرێت شتێک ڕوبدات بەبێ دەستوەردانی خێراو ڕاستەوخۆی هێزە جیاوازەکانی دونیا. ئەمەش وەهایکردوە چیدی ناتوانیت بیر لە ئەوە بکەیتەوە کە چۆن دۆخی ژیانت بگۆڕیت، بەڵکو دەبێت وەها بیر بکەیتەوە ئایا لە دۆخی ئێستای هەرێمی و جیهانیدا دەتوانیت چی بکەیت؟ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری سەختە. هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی بە موژدەی خێرا دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. ١٧ی شوباتی کوردستان و تەشرینی باشور نیشانەی ئەوەن کە دەکرێت جوڵە هەبێت بەڵام گۆڕانکاریی ڕونەدات. ئەو گۆڕانکارییەی کە کۆمەڵگای کوردی دەیەوێت ئەوەیە کە پارەکە یان داهاتەکە بە باشی دابەش بکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات دەبێت ململانێی سیاسی بەتەواوی بگۆڕدرێت. هەروەها دەبێت لەبڕی شەخس دەزگا زاڵ بێت. لە بڕی هێز یاسا باڵادەست بێت. لە بڕی ترس و قۆرغکاریی کرانەوەو لە خۆگریی بەرهەم بێت. دەیان بواری تریش.


ئه‌بو كاروان بێ ئەوەی ئاسۆی وەستانی بەدی بکرێت، تائێستا جەنگی روسیاو ئۆكراینا بەردەوامە، روونەو شاراوە نیە کە ئەم جەنگە بەر لەهەموو شت زیانی گەورەی بۆ گەلانى ئۆکرانیاو روسیا هەیە، بێگومان پریشکیشی بەر گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقیا دەکەوێت و بگرە ئەوروپاو ئەمەریکاش باجەکەى دەدەن. زیانەکانی ئۆکراینا بەهۆی ئەو کوشتارو کاولکاری و ئاوەرەیی و دەربەدەریەوەیە کە لە میانى جەنگەکە توشی دەبن، زیانەکانی گەلانى روسیاش بەهۆی سزا ئابووری و خەرجییەکانی جەنگ و لەدەستدانی سەربازانیان خۆی دەبینێتەوە، زیانەکانی گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهۆی گرانى نرخى گەنم و جۆ و دانەوێڵەو ئاردو پێداویستییەکانی تر دەردەکەوێت، گەلانی ئەوروپاش بەهۆی گرانبوونى نرخی گازو نەوت و سوتەمەنی و خواردنەوەیە. ‏‎ئەم جەنگە جارێکی تر خەڵکى زەحمەتکێش و دەرامەت سنوردارو ڕەش و ڕوتى دونیا دەبێتە قوربانى و باجدەری ڕاستەخۆ و ناڕەستەوخۆی. ‏‎ئەو شەڕەی ٢٤ی شوباتى ئەمساڵ هەڵگیرسا، ڕەگەکەى دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکى دورتر، بەدیاریکراوی بۆ سەرەتاکانى جەنگی سارد. ‏‎ئەم جەنگە گەر لە ڕووکەشدا لەپێناو داواو داخوازی ئاسایشدایە، بەڵام لە جەوهەردا جەنگە لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانى سەر زەوى و ژێر زەوی و نەوت و گاز و هێڵەکانى گواستنەوەى ئەو سامانە سروشتییانەیه‌. ‏‎ساڵانێکە ئەمەریکاو یەکێتى ئەوروپا بە جۆرەها ئامرازی ئابوورى و سەپاندنى سزاو فراوانکردنى جوگرافیاى ناتۆ، هەنگاوی هەستیارو مەترسیدار ده‌نێن، ئەویش بەمەبەستی سەپاندنى هەژموونى خۆیان و لە چوارچێوەدانی روسیا. ‏‎ناتۆ بە سەرکردایەتى ئەمەریکا ۆژ بەڕۆژ مەیل و کردەى تەماحکارانەى بۆ دونیاو سەروەتەکانى نێو زەوى سەرزەوی زیاد دەکات، ئەم هاوپەیمانیتیەی کە هاوپەیمانیەتی چەک و جەنگه‌، لەبنەڕەتدا وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر هاوپەیمانى وارشۆ دروست بوو، بەڵام بەهەڵوەشاندنەوەى هاوپەیمانیەتی وارشۆ و یەکێتى سۆڤیەت، ناتۆ نەک خۆی هەڵنەوەشاندەوە بەڵکو خۆی فراوانتر کردەووەو ژمارەى ئەندامانى لە ڕۆژهەڵاتى ئەوروپاو دەوڵەتەکانى پێشووى نێو یەکێتى سۆڤیەت فراوانترو زیاتر کرد، ئەمە جگە لە کردنەوەى بنکەى سەربازى و مەشق و ڕاهێنان و مانۆڕی سەربازی زیاتر لە وڵاتانى سنوری روسیا. ‏‎ناتۆو ئەمەریکا پشتیوانیان لە شۆڕشی پرتەقاڵی ٢٠٠٤ کرد، کە برجوازەکانى ئۆکراین ئەنجامیاندا، هەروەها پشتیوانیان لە کودەتاى خوێنایەکەى ٢٠١٤ی راستڕەوەکانى ئۆکراینا کرد، روسیاش دەستەوسان نەوەستا، ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٤ نیمچە دورگەی قرمی کۆنترۆڵ کردو دەستى کرد بە یارمەتیدانى سەربەخۆخوازەکانى ڕوس و دۆمباس. جەنگی روسیا و ئۆکراین، حەڵقەیەکە لە زنجیرە ململانێیەكان، کە پێناچی تەنانەت دواى ڕێککەوتنى ئاشتى نێوان هەردوو وڵات کۆتایی بێت. ‏‎ململانێکە بۆتە زۆرنبازێیەکی توندی نێودەوڵەتى، هەرجارەو دەست بۆ ئامرازێک دەبرێت، بەمەبەستی لاوازکردنی هەژموونی یەکتری، کار گەشتوەتە ئەوەی بە ڕوونى و ڕەوانى باسی بەکارهێنانى چەکی کۆکوژی (ئەتۆم)یشی تێدا دەکرێت. ‏‎بەمجۆرە سیستەمی سەرمایەداری لە میانەى ململانێکانى لەپێناو قازانج و بەرژەوەندیدا، وڵاتان پەرت دەکات و دەیانکاتە دوژمنی یەکتر، برسێتى زیاتر و بێکاری زۆرتر، نەخۆشی و مەینەتی و کاولکاری و قەیرانى خۆراک و بەد خۆراکی، هەموو ئەمانە بەشێکن لە میکانزمی درێژەدان بەتەمەنى خۆی. لەمێژووى دێرین و بگرە هاوچەرخیشدا گەلانی ڕوسیا و ئۆکرانیا دوو گەلی براو بێکیشە بوونە، ئەوەتا بەهۆی سیاسەتە وەحشیگەرانەی سەرمایەداری ئەم دوو گەلەی کردە دوژمن. ‏‎بۆیە ئەركی سەرەكی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كورردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و نوسەران و رۆشنبیرانە، كە لەمیانى کارو خەباتى رۆژانەیان ئەم ڕاستیانە بۆ خەڵکى کوردستان ڕوون بکەنەوە، هەمیشە جەخت لەسەر ئاشتى و برایەتى نێوان گەلانى دونیا بکەن، چونكە ساڵانێكە گەلی كوردستان باجی شەڕو ململانێی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و كاریگەرییە سلبیەکانی دەدات، لەلایەكی ترەوە پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ھەرێمی كوردستان بە دوور بگرن لەم شەڕە خوێناوییە، چونكە ئەم جەنگە تەنھا لەنێو دوو دەوڵەتدا نیە، بەڵكو لەنێو دوو میحوەردایە، جا ھەر ترازانێك بۆ ھاوكاری وپشتگیری تەرەفیكیان، ئیدی هەرجۆرە پشتگیریەک بێت، ئەو دەمە دەبینە بەشێك لەو میحوەربەندییەو لە ئەنجامدا زیانی گەورە دەكەین.


 عەتا قەرەداخی ( بەشی چوارەم)  گۆران به‌ متمانه‌و دڵنیاییه‌وه‌ پێداگرى له‌وه‌ ده‌كات، ژن كه‌ هێماو لوتكه‌ى جوانیه‌ ئه‌وى چاوه‌ڕوانی مه‌رگ ته‌نیا به‌ ده‌ركه‌وتن و خۆنیشاندانی ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ژیان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ رزگاربوون له‌ مردن یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ بۆ دواخستنی مردن كه‌ ئه‌ویش جوانیه‌. جوانیش وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد لاى گۆران دوو سه‌رچاوه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش سرووشت و ئافره‌تن. گۆران له‌مه‌ زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت: ئیتر رابوورد من پیر ببم، یان دڵم بمرێ یا بلوورى شادمانیم هه‌رگیز گه‌رد بگرێ. واته‌ شاعیر باس له‌ مانه‌وه‌ى هه‌تاهه‌تایی ونه‌مرى ده‌كات. ته‌نانه‌ت باسی مانه‌وه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ به‌هێزو به‌ چالاكیه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌و هه‌رگیز نه‌گاته‌ قۆناغی پیرى. ئه‌مه‌ش مۆتیڤ و پاڵنه‌ڕێك له‌ پشتیه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌ كه‌ جوانیه‌ به‌ تایبه‌تیش جوانی ئه‌وى ژن. ئێستا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات ئایا له‌ رووى ڕاستیه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێكی له‌م جۆره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، یان ئه‌وه‌ى شاعیر باسی ده‌كات به‌رهه‌می خه‌یال َو ئه‌ندێشه‌و نائاگاییه‌و له‌ ڕاستیدا درووستكردنی یۆتۆپیایه‌كه‌؟ ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌ش بۆ درووستكردنی ئه‌م یۆتۆپیایه‌ فه‌راهه‌م ده‌كات جوانیه‌. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ جوانی خۆى شتێكی نه‌مره‌، به‌ڵام ئه‌وى ژن كه‌ لێره‌دا به‌رهه‌مهێنی ئه‌و جوانیه‌یه‌ كه‌ ئه‌وى چاوه‌ڕوانی مه‌رگ زیندوو ده‌كاته‌وه‌و ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئاستێك كه‌ باسی ئه‌وه‌ بكات جاڕێكی تر نه‌ پیرى لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌و نه‌ مردن له‌ ده‌رگاى بدات، خۆى بابه‌تێكه‌ ملكه‌چی مردن و نه‌مانه‌. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر جوانی ژن بتوانێت نه‌مرى به‌وى پیاو بدات، ماناى وایه‌ ده‌شێ نه‌مرى له‌ سه‌رچاوه‌ى مردوو یان له‌ناوچووه‌وه‌ به‌رهه‌مبهێنرێت. لێره‌شدا ئه‌و پرسیاره‌یه‌ خۆى ده‌سه‌پێنێت؟ ئایا شتێك هه‌یه‌ ناوى نه‌مرى بێت؟ ئایا ئه‌وه‌ى نه‌مرى به‌رهه‌مده‌هێنێت چیه‌؟ ڕاسته‌ لێره‌دا و له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌قه‌ شیعریه‌دا جوانی به‌رهه‌مهێنی نه‌مریه‌، به‌ڵام جوانی خۆى به‌رهه‌می سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌مر نیه‌. ڕاسته‌ شاعیر باسی نه‌مرى و مانه‌وه‌ى هه‌تاهه‌تایی ده‌كات و ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ جاڕێكی تر ئه‌و پیر ببێت، یان دڵی بمرێت. ئه‌مه‌ش بانگه‌شه‌كردنی نه‌مریه‌. به‌ڵام دواتر ئاشكرا ده‌بێت كه‌ نه‌مرى لاى گۆران نه‌مرى جه‌سته‌و مانه‌وه‌ نیه‌ له‌ ژیاندا، به‌ڵكو به‌ده‌ستهێنانی نه‌مریه‌ له‌ ڕێگاى داهێنانه‌وه‌. سه‌رچاوه‌و مۆتیڤى داهێنانیش لاى ئه‌م شاعیره‌ جوانیه‌. سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی جوانیش سرووشت و ئافره‌ته‌. واته‌ ئه‌و باسی به‌ده‌ستهێنانی گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی نه‌مرى ده‌كات له‌ ڕێگاى داهێنانه‌وه‌. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:  ئه‌مجا ئه‌ى یار، ئه‌ى خوا.. ژنی عه‌شقم، ئه‌ى ڤینووس ئه‌ى هه‌یكه‌لی به‌ده‌ن له‌ عاج توالێت ئابنووس هیچ نه‌بێ بۆ .. بۆ خاترى جاهی ئه‌پۆلۆ مه‌لی شیعرم مه‌یدان مه‌ده‌ بكه‌وێ له‌ گۆ. شاعیر له‌ وه‌سفێكی به‌رزدا ئه‌وى یار ده‌دوێنێت، جاڕێك به‌ خواوه‌ندى جوانی و دڵدارى ناوى ده‌بات و ده‌مێك به‌ به‌ژن له‌ عاج و توالێت له‌ ته‌خته‌ى ئه‌به‌نووس درووستكراو وه‌سفی ده‌كات، كه‌ مه‌به‌ستی له‌م جۆره‌ وه‌سفه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وى شاژنی عه‌شق به‌رزترین نموونه‌ى جوانیه‌و به‌و جوانیه‌ش ئه‌می له‌ كه‌نارى مه‌رگه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ ژیان. به‌ڵام ئایا ئه‌م شێتی ژیانه‌و هه‌رچۆنێك بێت ده‌یه‌وێت بژى، یان به‌ واتایه‌كی تر، ترس له‌ مردن واى لێده‌كات كه‌ په‌نا بۆ هه‌ر شتێك ببات كه‌ به‌ژیانیه‌وه‌ ببه‌ستێـته‌وه‌؟ یان له‌ پشتی ئه‌م دوو بۆچوونه‌وه‌ شتێكی تر هه‌یه‌و ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌ پێناوى ئه‌وه‌دا بژى، یان له‌ ڕاستیدا ژیانی ئه‌و له‌وێدا به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ش به‌روونی ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێ ئه‌وى شاعیر رووده‌كاته‌ شاژنی عه‌شقی و ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك لێی ده‌پارَێته‌وه‌و داواى لێده‌كات له‌به‌ر خاترى ئه‌پۆلۆى خواوه‌ندى شیعرو حیكمه‌ت یارمه‌تی بدات بۆ ئه‌وه‌ى تواناى شیعر به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وام بێت. ئه‌و هێزێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیعر دیارى ده‌كات و به‌ مه‌لی شیعر ناوى ده‌بات كه‌ ده‌شێ به‌ فریشته‌ى ئیلهام ناوببرێت یان پێی بگوترێت هێزى به‌رهه‌مهێنانی شیعر. ئه‌می شاعیر یه‌ك ئامانجی روون و ئاشكراى هه‌یه‌و ژیان و زینده‌گانی و مانه‌وه‌ى ته‌نیا بۆ ئه‌و ئامانجه‌ ده‌وێت، كه‌ ئه‌ویش به‌رده‌وامبوونی فریشته‌ى ئیلهام به‌خشی شیعرى ئه‌وه‌. واته‌ ژیان و خۆزگه‌ى مانه‌وه‌و ترس له‌ مردن و ده‌ستگرتن به‌ ژیانه‌وه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی شیعر به‌رده‌وام بێت. كاتێكیش به‌دواى جوانیدا وێله‌و ده‌یه‌وێت پێی بگات هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ ئه‌و جوانی به‌شێكه‌ له‌و هێز و پاڵنه‌ره‌ى كه‌ ده‌رگاى داهێنانی شیعرى ئه‌م به‌ كراوه‌ى ده‌هێڵێته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ داهێنان. بوون و مانه‌وه‌و نه‌مرى ئه‌میش ته‌نیا له‌ داهێناندایه‌ نه‌ك له‌ مانه‌وه‌ى فیزكیدا و به‌رده‌وام بوون وه‌كو هه‌ر مرۆڤــێك یان هه‌ر ئه‌فریده‌بوویه‌كی ترى بێ به‌رهه‌م. به‌ مانایه‌كی تر، شاعیر تا ئه‌و كاته‌ خۆى به‌ زیندوو ده‌زانێت كه‌ تواناى داهێنانی هه‌بێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌می شاعیر هه‌ستی به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی مردن كردبێت، ده‌شێ بینین یان هه‌ستكردنی ئه‌م به‌ ئه‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخ، ئه‌و مه‌ترسیه‌ى كه‌مكردبێته‌وه‌. واته‌ ئه‌وى ژن به‌ هه‌موو ئه‌و جوانیانه‌وه‌ كه‌ ئه‌می شاعیر وه‌سفی ده‌كات ئیلهامی داهێنانی پێبه‌خشی بێت ئه‌وه‌ش به‌ گوێره‌ى ئه‌می شاعیر گێڕانه‌وه‌یه‌تی له‌ كه‌نارى مه‌رگه‌وه‌ بۆ ژیانی پڕ له‌ چالاكی و جوڵه‌و به‌رهه‌م. واته‌ لێره‌دا جوانی ئه‌وى ژن هه‌م ئیلهام به‌خشی شیعره‌، هه‌م ده‌شێ وه‌كو پاڵنه‌رى گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م بۆ ژیان و بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژیان سه‌یر بكرێت.  گۆران بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئافره‌ت یان ژن به‌ جوڵێنه‌رو مۆتیڤى درێژه‌دان به‌ ژیان و ته‌نانه‌ت گه‌یشتن به‌ نه‌مرى ده‌زانێت، كاتێك ده‌بێت به‌ پاڵنه‌رى داهێنان. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌و داهێنان به‌ بنه‌ماى سه‌ره‌كی ده‌زانێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی نه‌مرى، كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ نه‌مریش مانه‌وه‌ى ناوه‌. دیسان نه‌ك هه‌ر ئافره‌ت ده‌چوێنێت به‌ ڕه‌گه‌زه‌ جوانه‌كانی سرووشت، به‌ڵكو ئافره‌ت وه‌ك هه‌ندێ له‌و ڕه‌گه‌زه‌ جوانانه‌ یان به‌رهه‌می ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ جوانانه‌ ده‌ناسێنێت. بۆ نیشاندانی ئه‌م پێشكه‌شكردنه‌، گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی" شه‌وێك له‌ عه‌بدوڵا" ده‌ڵێت: ئافره‌ت: چراى كۆڕى ئاهه‌نگ له‌نجه‌ى جووڵان، مۆسیقاى ده‌نگ  یه‌كێ قژ زه‌رد، یه‌كێ چاوره‌ش یه‌كێك لێو وه‌ك گوڵ - غونچه‌ى گه‌ش یه‌كێك جوانی وه‌ك هه‌تاوه‌ تین و تیشكی له‌ پێش چاوه‌  یه‌كێك مانگی شۆخ و شه‌نگه‌  سیحرى جوانیه‌كه‌ى بێ ده‌نگه‌ یه‌كێك شێوه‌ى دوان خۆشه‌ جوان نیه‌، به‌ڵام جوان پۆشه‌.  ئاشكرایه‌ كه‌ گۆران ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌ى له‌ چ كات و دۆخێكدا نووسیووه‌، به‌ڵام وه‌سفی ئه‌و بۆ جوانی به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵكشاندایه‌. ئه‌وه‌ش له‌ شێوه‌ى ئه‌و وێنه‌ شیعریانه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ یان له‌ لێكچوونی نێوان دوو ڕه‌گه‌ز به‌رهه‌می هێناون كه‌ ئه‌ویش یان ئافره‌ت ده‌چوێنێت به‌ سرووشت یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ندێجار ئافره‌ت ده‌كاته‌ چه‌ق و سرووشت به‌و ده‌چوێنێت. یان وێنه‌كانی گۆران له‌سه‌ر بنه‌ماى دووانه‌ى دژ یان ناكۆك یان به‌رامبه‌ر پێكدێن كه‌ له‌ هه‌ردوو شێوه‌كه‌شدا چ لێكچواندن، چ دووانه‌ى دژ بنه‌مان بۆ پێكهێنانی جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی كه‌ ئێمه‌ پێشتر وه‌كو هارمۆنیاى سرووشت یان ڕێكخستنی گه‌ردوون باسمان كرد.  ئاشكرایه‌ (له‌ عه‌بدوڵا)، جۆرێك له‌ ئاهه‌نگ یان كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ماو گۆرانی هه‌بووه‌، گۆران نه‌ك هه‌ر ئه‌و كاته‌و له‌وێ به‌ڵكو له‌ ئه‌زموونی شیعرى گۆراندا به‌گشتی ئافره‌ت چرا یان بزوێنه‌ر یان رۆحی كۆڕى ئاهه‌نگ و ساته‌ خۆشه‌كانه‌، هه‌رچۆن بزوێنه‌رى ژیان و سه‌رچاوه‌ى ژیانه‌، به‌هه‌مان شێوه‌  ئافره‌ت خۆى مۆسیقاو گۆرانی و ئاهه‌نگ و سه‌مایه‌، ئافره‌ت ئه‌و تابلۆ ره‌نگینه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر په‌ڕه‌ى هه‌ستی گۆران تابلۆیه‌كی ره‌نگینی جوانی به‌رهه‌مێن و چێژ به‌خشه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا گۆران جۆرێك شووناس ده‌دات به‌ ئافره‌ت كه‌ ئه‌ویش شووناسی ژیانه‌ به‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ جوان و ناسك و هه‌ست بزوێن و رۆح وروژێنه‌كانیه‌وه‌. به‌ مانایه‌كی تر ئافره‌ت سرووشتێكی ره‌نگاو ره‌نگه‌ به‌ جوانی دیمه‌ن و به‌ ده‌نگی خۆش و به‌ رووى گه‌ش و به‌ بۆنی سه‌رسامكه‌ره‌وه‌. به‌ مانایه‌كی تر ئافره‌ت هه‌ڵگرى هه‌موو خاسێته‌ جوانه‌كانی ناو ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌و شان به‌شانی جوانی سرووشت سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنی هه‌موو چێژێكی جه‌سته‌یی و رۆحیه‌. هه‌روه‌ك گۆران سه‌ربارى ئه‌وه‌ى شووناسێكی گشتی ده‌دات به‌ هه‌موو ئافره‌ت یان ڕه‌گه‌زى مێ، دیسان له‌ناو ئه‌و شووناسه‌ گشتیه‌شدا جۆرێك له‌ پۆلێنكارى دووه‌می ده‌كات و خاسێته‌ تایبه‌تیه‌كانی ئافره‌ته‌ جۆراو جۆره‌كانیش ده‌كاته‌ بنه‌ما بۆ پۆلێنكردنیان كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كه‌، به‌ڵام هه‌موویان له‌ژێر ناونیشانێكی گه‌وره‌تردا كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌شداریكردنی هه‌موویانه‌ له‌ خاسێتێكی سه‌ره‌كیدا كه‌ جوانیه‌. دیاره‌ ئه‌و جوانیه‌ش به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت، جوڵه‌ى ئافره‌ت، ده‌نگی ئافره‌ت و عیشوه‌و نازى ئافره‌ت و ناسكی و رووبه‌رى فراوانی رۆحیی لاى ئافره‌ت به‌رهه‌مێنێتی. بێگومان لێره‌دا كه‌ گۆران به‌و ئاوه‌ڵناوه‌ جوانانه‌ وه‌سفی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت و ده‌نگ و زمان و ئاخاوتن و جوڵه‌و هه‌ر شتێكی ترى ئافره‌ت ده‌كات، بوونی ئافره‌ت وه‌كو هه‌ر تابلۆیه‌كی جوان و قه‌شه‌نگی نێو ئه‌م سرووشته‌ پێشكه‌ش ده‌كات. لێره‌شدا له‌ ڕێگاى كۆمه‌ڵێك لێچواندنی ئافره‌ت و جوانیه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ ڕه‌گه‌زو جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت ئه‌و تابلۆ قه‌شه‌نگه‌ چێژ به‌رهه‌مهێنه‌ پێشكه‌ش ده‌كات.  گۆران له‌ روانگه‌ى جوانیه‌وه‌ پێگه‌ى ئه‌وى ئافره‌ت دیارى ده‌كات و ئه‌و به‌ پێی پێوانه‌ى جوانی ده‌ڕوانێته‌ ئافره‌ت و ئه‌وه‌ش واى لێده‌كات كه‌ هه‌ندێجار ئافره‌ت له‌ پێگه‌ى ئافره‌ت یان مرۆڤه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ پێگه‌یه‌كی به‌رزترو وه‌كو بوویه‌كی ئه‌فسوونی یان بوویه‌ك له‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌دا سه‌یرى بكات یان بیكات به‌ ئه‌فریده‌بوویه‌كی ئه‌فسانه‌یی. له‌ هه‌ڵبه‌ستی"ئه‌ڕۆى ئۆغر"دا گۆران رووده‌كاته‌ ئه‌وى ئافره‌ت و به‌مجۆره‌ ده‌یدوێنێت: فریشته‌ى، یا په‌رى، یا حۆرى ئه‌ى شۆخی مه‌له‌ك شێوه‌ به‌عیشوه‌و خوو، له‌ هاوجینسی به‌شه‌ر ناكه‌ى ئه‌ڕۆى ئۆغر.   گۆران به‌ ته‌واوه‌تی دڵنیا نیه‌ كه‌ ئه‌وى ئافره‌ت كام له‌مانه‌یه‌: ئایا فریشته‌یه‌، په‌ریه‌ یان حۆرى. ئه‌و ناتوانێت شووناسی ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌وى ئافره‌ت لێره‌دا دیارى بكات، هۆكاره‌كه‌شی جوانی و شۆخ و شه‌نگیه‌و لێره‌شدا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ گۆران ته‌نیا ده‌زانێت ئه‌مانه‌ هه‌موویان جوانن به‌ڵام پێوانه‌یه‌كی دیاریكراوى نیه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ له‌ رووى جوانیه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وى ئافره‌ت به‌هه‌موویان ده‌چووێنێت. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی تردا ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ له‌ روانگه‌ى گۆرانه‌وه‌ ئه‌وى ئافره‌ت جوانی هه‌موو ئه‌و هێما جوانانه‌ى له‌خۆیدا كۆكردووه‌ته‌وه‌و ناتوانرێت ته‌نیا به‌ یه‌كێكیان دابنرێت، به‌ڵام شاعیر له‌ شتێك دڵنیایه‌ سه‌باره‌ت به‌ جوانی ئه‌وى ئافره‌ت كه‌ ئه‌ویش شۆخی مه‌له‌ك شێوه‌یه‌و به‌ جوڵه‌و ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وتیدا ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زى مرۆڤ جیاوازه‌. بێگومان جیاوازبوونه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ مرۆڤی ئاسایی به‌رزترو باڵاتره‌. لێره‌دا دیار نیه‌ ئایا گۆران مه‌به‌ستی هه‌موو ئافره‌تانه‌ یان ئافره‌تێكی دیاریكراوه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئاخاوتنكردنیدا له‌وه‌ ده‌چێت ئافره‌تێكی دیاریكراو بدوێنێت، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌ماى تێڕوانینی گۆران بۆ ئافره‌ت یان ژن به‌ گشتی ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆران هه‌مان تێڕوانینی هه‌یه‌ بۆ ئافره‌ت یان ژن به‌ گشتی و له‌ رووى جوانیه‌وه‌ له‌سه‌رووى ڕه‌گه‌زى مرۆڤه‌وه‌ دایده‌نێت و خاسێتی ئه‌فسانه‌ی پێده‌به‌خشێت. سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ گۆران دوو سه‌رچاوه‌ى هه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی جوانی و هه‌ر ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌ش مۆتیفی درێژه‌دان به‌ ژیانن لاى ئه‌و و هه‌ر ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌ش سرۆش به‌و ده‌به‌خشن بۆ ئه‌وه‌ى مه‌لی شیعرى به‌رده‌وام گۆرانی بڵێت و له‌وێشه‌وه‌ نه‌مرى به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام هه‌ندێجار به‌ئاشكرا یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ ده‌كاته‌ سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌م كه‌ ئه‌ویش ئافره‌ت یان ژنه‌، ته‌نانه‌ت وایشی نیشان ده‌دات ئه‌گه‌ر ژن و جوانی ژن نه‌بێت ره‌نگه‌ به‌ته‌نیا جوانی سرووشت به‌س نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى سرۆشی داهێنان به‌و ببه‌خشێت. گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی " ژن "دا ده‌ڵێت: ژنه‌ كه‌ جلیوه‌یی حوسنی به‌ عیشق ئه‌كا په‌راز ژنه‌ كه‌ قووه‌ت ئه‌خاته‌ خه‌یاڵی ره‌قص ئه‌نگیز ژنه‌ مووه‌للیدى عیشق و ژنیشه‌ عیشق نه‌واز ژنه‌ كه‌ تارى روبابی حه‌یات ئه‌كا ته‌هزیز سه‌مایی واسیعی دڵ گه‌ر له‌ ژن بكه‌ى خاڵی ته‌جللیاتی به‌دایع غرووب ئه‌كا دیجوور به‌سه‌ر سه‌مایی ته‌هیدا گوشاد ئه‌كا باڵی له‌ كه‌وكه‌بی ئه‌مه‌لت ون ئه‌بێ ته‌به‌سوقی نوور له‌ كونجی خاتیره‌ما تا ژنێكی شۆخ نه‌كا په‌رى سیفه‌ت به‌ په‌ل و پۆى جه‌ماله‌وه‌ جیلوه‌ له‌ كوێ له‌ سه‌تحی زه‌مینا، له‌ سینه‌ى فه‌له‌كا ئه‌بێته‌ مه‌نبه‌عی شیعرم به‌دایعی دنیا؟ گۆران هه‌موو جوانی و جوڵه‌و دیمه‌ن و دیارده‌و بوویه‌كی هه‌ست بزوێن و خۆشی به‌خش ده‌به‌ستێـته‌وه‌ به‌ ژنه‌وه‌. ژن سه‌رچاوه‌ى خه‌یاڵ و خه‌یاڵبه‌خشه‌ به‌وى پیاو. ژن سه‌رچاوه‌ى عیشقه‌و ته‌نانه‌ هه‌ر ژنه‌ كه‌ ژێی كه‌مانی ژیان ده‌له‌رێنێته‌وه‌و ئاوازى جوان له‌ ژیاندا به‌رهه‌م ده‌هێنێت. به‌ مانایه‌كی تر ژن سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌م و بنچینه‌یی ژیانه‌ و به‌ ده‌ركردنی ژن له‌ ژیان، ژیان مانایه‌كی نابێت و له‌ ڕاستیشدا بوونی نامێنێت. به‌لاى گۆرانه‌وه‌ به‌ بێ بوونی ژن نه‌ سرووشت و نه‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت هیچ جوانیه‌كیان نیه‌، نه‌ ڕۆژ رووناكی ده‌به‌خشێت، نه‌ هیواو ئاسۆیه‌ك له‌ ناخی مرۆڤدا ده‌مێنێت. واته‌ ئه‌وه‌ى گۆران لێره‌دا مه‌به‌ستیه‌تی بیڵێت ئه‌وه‌یه‌ ژن هه‌رچۆن سه‌چاوه‌ى ژیان و سه‌رچاوه‌ى خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و ئومێدو هیواو رووناكی و ئاسووده‌یی و هه‌موو بوونێكی نێو ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ى داهێنانی شیعرو مۆسیقاو گۆرانیه‌. ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ژن بوونی نه‌بێت، به‌ ته‌نیا جوانی شته‌كان كه‌ مه‌به‌ستی ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو سرووشته‌ ناتوانن ببنه‌ سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی شیعر. واته‌ به‌ بێ بوونی ژن جوانی سرووشت ناتوانێت ببێته‌ پاڵنه‌رو مۆتیڤی داهێنان. به‌ڵێ له‌ روانگه‌ى گۆرانه‌وه‌ ژن بریتیه‌ له‌ ژیان. كه‌واته‌ ژن سه‌رچاوه‌ى هه‌موو به‌رهه‌مهێنانێكی مرۆییه‌. ژن هۆكارو مۆتیڤی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤایه‌تی و ئازادى و به‌هامرۆییه‌كانی و هه‌موو شارستانێتی مڕۆژایه‌تیه‌. تا ئه‌و ئه‌ندازه‌ى كه‌ بگوترێت ژن به‌رهه‌مهێنی مرۆڤایه‌تی و به‌ مرۆڤبوونی ئه‌م ئه‌فریده‌بووه‌یه‌ كه‌ ناوى مرۆڤه‌و سه‌روه‌رى ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌و ده‌یه‌وێت هه‌موونهێنیه‌كانی ئاشكرا بكات و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر هه‌موو جوڵه‌یه‌كیدا بكات و خۆى چاره‌نووسی خۆى دیارى بكات و چیتر بواڕێك بۆ هێزى میتافیزیك، یان بواڕێك بۆ هۆكاره‌ نه‌زانراوه‌كان نه‌هێڵیته‌وه‌ بۆ جوڵاندنی سرووشت و به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و رووداو و دیاردانه‌ى كه‌ زۆرجار سرووشت ده‌ڕوخێنن و هارمۆنیاكه‌ى تێكده‌ده‌ن و به‌وه‌ش جوانی ده‌شێوێنن.    ژن بێجگه‌ له‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى جوانی و به‌رهه‌مهێنی چێژو مۆتیڤی داهێنانه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵگرى هیواو هێماى ئاینده‌و ڕێگاى به‌ره‌و ئاسۆى ئاینده‌و مژده‌به‌خشی ئاسوده‌ییه‌. گۆران له‌م رووه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ستی " جیلوه‌ى شانۆ" دا ده‌ڵێت: فیدات ئه‌بم ژنی جوان، ئه‌ى جه‌مالی سنعه‌تكار به‌ڵێ ده‌لیلی سه‌عاده‌ت ئه‌خه‌یته‌ پێش ئه‌نزار    به‌لاى گۆرانه‌وه‌ هه‌ڵگرى په‌یامی ئاسووده‌یی ئاینده‌یه‌ به‌ڵام ژنی جوان، هه‌رچه‌نده‌ نازانرێت ئایا ئه‌و ئاسووده‌یه‌ ئاسووده‌ییه‌كی هه‌میشه‌یه‌، یان ساتێكی كورت ته‌مه‌نه‌ له‌ ئاسووده‌یی كه‌ به‌هۆى ئه‌وى ژنی جوانه‌وه‌ ئه‌م پێی ده‌گات. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌مه‌ى دووه‌میان بێت واته‌ ئاسووده‌یی كورت ته‌مه‌ن ئه‌وا له‌ پشتی ئه‌م بۆچوونه‌وه‌ ده‌لاله‌تی سێكسی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت لاى گۆران ئاسووده‌یی رۆحی و جه‌سته‌یی هاوشانی یه‌كترن و لاى ئه‌و ئاسووده‌یی هه‌میشه‌یش له‌ مانه‌وه‌و داهێنان و نه‌مرى و تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ به‌هاى باڵاو چێژى باڵاى جوانیدا به‌رهه‌م دێت. ئاشكرایه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی شیعر خه‌یاڵه‌. ئاستی به‌رزى داهێنانیش لاى گۆران په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌یاڵی قوڵ و مه‌ودا فراوانی ئه‌وه‌وه‌، به‌جۆرێك كۆى به‌رهه‌می شیعرى گۆران وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو وه‌ها خۆى ده‌نوێنێت كه‌ جیهانێكی یۆتۆپی بێت، جیهانێك كه‌ به‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی جوانی رازێنرابێـته‌وه‌و ده‌ستێكی هونه‌رى ره‌نگین نه‌خشه‌سازى بۆ كردبێت و كۆى جیهانه‌كه‌ش وه‌كو تابلۆیه‌كی گه‌وره‌ى ره‌نگاو ره‌نگ خۆى نمایش ده‌كات. ئه‌وه‌ش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا وه‌كو بنه‌ماى ده‌ق ده‌بێته‌ ده‌لاله‌ت بۆ هه‌ڵگرتنی مه‌دلولێكی گشتی كه‌ فره‌ێتیه‌ به‌ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه‌، به‌ فره‌ ره‌نگی و فره‌ ده‌نگی و فره‌ سیمایی و فره‌ روخسارى و فره‌ بۆچوونی كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش رایه‌ڵه‌یه‌كی به‌هێز پێكیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ ئه‌ویش رۆح و گه‌وهه‌رى جوانیه‌و له‌ژێر كاریگه‌رى هێزى گه‌وره‌و هه‌ژمونكه‌رى جوانیدا له‌و پۆتۆپیایه‌دا هه‌موو شتێك ماناى خۆى ده‌بێت و ده‌شێ شووناسی خۆیی هه‌بێت. گۆران له‌ وه‌سفی هه‌ڵپه‌ڕكێی ژناندا كه‌ له‌ " گه‌شت له‌ قه‌ره‌داخ"دا بینیوێتی ده‌ڵێت: خه‌وه‌ خه‌یاڵه‌؟ عه‌رده‌ به‌هه‌شت؟ هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنه‌ یا هی فریشته‌؟ په‌لكه‌زێڕینه‌ى ئێواره‌ى به‌هار له‌ عه‌زره‌ت تاراى سوور كه‌وتۆته‌ خوار.  كاتێ گۆران ئه‌م هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ ده‌بینێت كه‌ دیاره‌ له‌ واقیعدا ئه‌م بینینه‌ روویداوه‌، به‌جۆرێك وه‌سفی ده‌كات كه‌ ڕاسته‌خۆ رۆڵ و كاریگه‌رى به‌هێزى خه‌یاڵ له‌ وه‌سفكردنه‌كه‌دا دیاره‌، به‌جۆرێك كه‌ واینیشان ده‌دات ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ له‌ خه‌ون یان له‌ خه‌یاڵ ده‌چێت. واته‌ درووستكردنی رووداوێك له‌ خه‌یاڵدا كه‌ بێگومان رووداوێكه‌ له‌ لوتكه‌ى جوانیدا. ئه‌و بۆ ئه‌و ئاسته‌ له‌ جوانی هه‌ڵپه‌ڕكێ نموونه‌یه‌كی باڵاى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵپه‌ڕكێی فریشته‌یه‌. ئێستا سه‌رسام ماوه‌و ده‌پرسێت ئایا ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ ژنه‌ یان هی فریشته‌. ئه‌مه‌ش لێواندنێكه‌ كه‌ شێوازى ده‌ربڕینه‌كه‌ى لێكچواندنێكه‌ له‌ گه‌وهه‌ردا له‌ نێوان نزم و به‌رزدا، به‌ڵام له‌ خودى رووداوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ى لێكچواندنی پێكراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ قه‌شه‌نگ و جوانه‌ ده‌گاته‌ ئاستی نموونه‌ باڵاكه‌، واته‌ سه‌رچاوه‌كه‌. جوانی ئه‌م دیمه‌نی هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ كه‌ بێگومان بووكیش له‌ ریزى هه‌ڵپه‌ڕكێكه‌دایه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر سرووشت داده‌نێت و ته‌نانه‌ت سرووشت ده‌خاته‌ ژێر هه‌ژموونی خۆیه‌وه‌و دیمه‌نی جوانی هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنان و تاراى سوورى بووك سرووشت ناچار ده‌كه‌ن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌. سه‌رئه‌نجام په‌لكه‌زێڕینه‌ كه‌ له‌ دواى بارانی به‌هار ده‌رده‌كه‌وێت و بریتیه‌ له‌ گورزه‌یه‌ك له‌ تیشكی ره‌نگاوره‌نگی شكاوه‌ی قه‌شه‌نگ و جوان داده‌به‌زێته‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنان، ئه‌گه‌رچی كاتى گه‌شته‌كه‌و ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ش وه‌رزى هاوینه‌. كه‌واته‌ جوانی و كاریگه‌رى ئه‌و دیمه‌نه‌ یۆتۆپیه‌ى كه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنان درووستی كردووه‌ ته‌نانه‌ت كارى له‌ كات و دیارده‌كانی سرووشتیش كردووه‌و گۆڕانكارى تێداكردوون. به‌هۆى جوانی و سه‌رنجڕاكێشی هه‌ڵپه‌ڕكێی ژنانه‌وه‌ له‌ وه‌رزى هاویندا. په‌لكه‌زێڕینه‌ كه‌ دواى بارانی زۆرى به‌هار ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌م كاته‌دا ده‌ركه‌وتووه‌. كه‌واته‌جوانی ژن و كاریگه‌رى ئه‌و جوانیه‌ ته‌نانه‌ت گۆڕانكارى له‌ هارمۆنیاى سرووشتیشدا ده‌كات. لێره‌ودا زیاتر رۆڵی ژن وه‌كو كاركه‌رى گۆڕان درووستكه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت. له‌ ڕاستیدا وه‌سفی ژن و وه‌سفی سرووشت لاى گۆران واده‌رده‌كه‌وێت له‌وه‌ جوانتربن كه‌ خۆیان هه‌ن(8).  


   هیوا سەید سەلیم  چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستاندا سەرباری ناكۆكیە زۆرەكانی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەكان، بابەتێكی دیكەش بۆتە كێشە و خەڵكی پێ سەرقاڵكراوە، ئەویش ساخبوونەوە لەسەر خاوەنداریەتكردن لە شەڕی كۆڕێ، هەر كەسەو  دێت دەڵێت ”پاڵەوانەكەی ئەو شەڕە من  بووم و كەسی دیكە لە مەیدانەكە بوونی نەبووە"، ئەوەیە كە دەوترێت ماڵ لە خۆی نەبوو شەڕی كۆڕێشی هاتە سەر. لە هەرێمی كوردستان خەڵك لە بەرامبەر سەرجەم حزبەكان بە تایبەت لە حزبەكانی دەەسەڵات  هێندە بێ متمانە بووە،  بۆیە زۆرجار خەڵكی  ئەو جۆرە قەیرانانەش بە سیناریۆیی  خودی ئەو حزبانە لێكدەداتەوە، ئێ خۆ ناحەقیان نیە، ئەوە نیە لە نێو قەیرانی دواخستنی مووچە و كەمی خزمەتگوزاریەكان، بێكاری و گرانی بازاڕ، كووشتن و خۆكوشتن و دەیان قەیرانی دیكە، ئەوان دێن لەسەر شەڕی كۆڕێ دەكەونە شەڕە قسەی بێزاركەر. ئەوەی كە جێگای هەڵوەستەیە، ئەو خۆهەڵكێشان و خەڵك بە كەم زانینەیە كە خەڵكانێك پەنایان بۆ بردووە، لە نموونەی ئەوەی ئەم چەند ڕَۆژە لەسەر شەڕی كۆڕێ باس دەكرێت، هەموو لایەك دەزانین ئەو شەڕە نە سەد سالًی بەسەری تێپەڕیوە، نە نووسین و دیمانەكانی ئەوان بزربوونە، بۆیە لێیان دەپرسین  "لە ساڵانی ڕابردوو ئەدی هەر ئێوە نەبوون دەتانووت و دەتانووسی شەڕەكە لایەنەكانی بەرەی كوردستانی ئەنجامیانداوە"  ئەی بۆ ئێستا راستیەكان ئاوەژوو دەكەنەوە، ئەرێ دەزانن بەو چەواشەكاریەتان ستەم لە خوێنی شەهیدەكانی ئەو داستانە و برینداەركان و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگانە دەكەن كە لەو داستانە رۆڵیان هەبووە؟ با واز لەوە بهێنین كێ قارەمانی ئەو داستانە بووە، چونكە دەمێكە ووتراوە "سەركەوتنەكان هەموو كەس دەبێتە خاوەنی و شكستەكان بێ كەس دەمێننەوە"  با وای دابنێین ئێوە راست دەكەن و خاوەنی ئەو سەروەریەن، ئەرێ بۆ نایەن بۆ جارێكیش بێت لە خۆتان بپرسن دوای شەڕی كۆڕێ چیتان كرد؟ كاتێك دڵنیا دەبین ناتوانن ئەو پرسیارە لە خۆتان بكەن، ناچاردەبین ئێمە بە بیرتان بهێنینەوە كە ئایا ە لە دوای شەڕی كۆڕێ چیتان كردووە، لە دوای ئەو شەڕە لە كوردستان دەستان كرد بە فەرهودكردنی هەرچی هەیە، لە ئاودیوكردنی كارخانەوە و شۆفەڵا و تێكدانی ژێرخانی ئابووری كوردستانی ئازادكراو، دوای هەموو ئەمانەِش زۆری نەبرد دەستانكرد بە هەڵگیرسانی  شەڕی ناوخۆیی، لەم شەڕە ماڵوێرانیەدا هەرچی پیرۆزی هەیە خستانە ژێر پۆستاڵی هێزە داگیركەرەكانی كوردستان. لەوەش خرابتر وێڕای قوربانی بێ شومار، كوردستان كرایە دوو پارچە، تا ئەمرۆشی لەگەڵ بێت ئاسەواری دوو ئیداری وەك مۆتەكەیەك بەرۆكی ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستانی گرتووە. لە ئێستاشدا كە ئێوە بەو شەڕە قسەیەی میزاجی خەڵكی زیاتر تێكدەدەن، دەزانن كە نەك هەر ماڵی كورد خراپتر پەرتەوازە دەكرێت؟.  بگرە وا بڕوات  دۆخی هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەیەك دەبردرێت كە نەك بەتەنیا سەروەری داستانی كۆڕێ، بگرە سەرجەم ئەزموونەكەمان لەبەردەم هەڕەشەی جدی دادەبێت. بۆیە لە جیاتی ئەو شەڕە قسەیە وەرن بیر لە چارەسەری كێشەكان بكەنەوە، وانەكەن ئەگەر لە دوایین  هەڵبژاردن 27% خەڵكی چووبێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان،  ئەوا ئەم جارەیان خرابتریش دەبێت، چونكە بێزاری خەڵكی گەیشتۆتە شوێنێك ئاسان نیە بەرگەی ئەو هەموو خرابە كاریەی ئێوە بگرێت.     


چۆمان محەمەد  ‎بەداخەوە ئەمرۆ شەش مانگ تێپەڕدەبێت بەسەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی  ۱٠/۱٠/۲٠۲۱ی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ، كەبۆبزوتنەوەی گۆران كەمەرشكێن بوو زیاتر لەشكستێكی ئاسای بەسەرنجدان لەخاڵیبونەوە لەمتمانەی خەڵكی ،وادەردەكەوێت كە لەمس وهەستمان بەو شكستە گەورەیەنەكردبێت وەك شۆکێک، دەرئەنجامەكان وای دەخواست بریارو هەنگاوە كردارییەكان نەك هەڵسوراوان بەتەنها ،بەپێچەوانەوە دەبوو دەنگدەران وهاولاتیان هەستی پێبكەن، گەر بریاربێت ئێمە ببینەوە بە بزوتنەوەیەكی جەماوەری وبەرەی خەڵك،چونکە تائێستاش هیواو فرسەت هەیە گۆران لە غیاب ونەبونی حیزبی راستەقینەی بەرەی خەڵك ببێتەوە بە هێزێكی کاریگەر،بەمەرجی راستگۆیانە وراشكاوانەو ئازایانە بەرنامەو دیدگاو بۆچونی خۆی دەرببڕێت. ‎هەموو دڵسۆزان چاوەڕێ بون، ئەو شکست و سزادانە، وامان لێبکات پێداچونەوەیەکى جدى بە سیاسەت و بەرنامەکانى خۆماندا بکەینەوە، چاوەڕێ بون بەخێراى هۆکارەکان دەستنیشان بکەین بەپەلە چارەسەریان بکەین و بە دەنگدەرانمان بڵێین ئێوە لەسەر ئەو شتانە ئێمەتان سزادا، ئەوەتا ئێمە گوێتان لێدەگرین و هەڵەکان راستدەکەینەوە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی پێویستە  نەکرا وەخەریکە شکستەکە وەک هەر روداوێکى دیکە ئاسایى تێدەپەڕێت و بەبەرتەقای شكستەكە هەنگاو نانێن،چونکە راستكردنەوەی ئەو بارە لارە نە بەم نەرمەجوڵە نەرم وسستی و جولە روكەشیانە دەبێت بگرە خراپتر دەبێت،زیاترو زیاترنەك تەنها دەنگدەر بگرە  هەڵسوراوە بنەڕەتیەكان بێ هیوادەبن،دۆخی خەڵك  و ژیان و گوزەرانی خەلك وموچەخۆران و ماف و ئازادیەكان یەكجار خراپە،ئەم بێدەنگی و هەڵوێست وەرنەگرتنە ئەم هێزە نەك لاوازی دەكات بگرە دەمانخاتە بەردەم نەفرەتی كۆمەلگا... ئەوەی ماوە بۆ وتن ئەوەیە گۆڕان لەنێوان بیرچوونەوە و مانەوە لە خەیاڵدانی خەڵکدا بەپەلە دەبێت تەکانێک بە دۆخەکەی ئێستای خۆی بدا و جوڵەیەک نیشان بدات ماڵی خۆی و دڵی تۆراوی دەنگدەر و هاوڵاتیانی بێهیواش ئاشت بکاتەوە.


بەیار عومەر عەبدوڵا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، بێزارن لە دەسەڵاتی کوردی، چجای پارێزگای کەرکوک کە ڕێژەیەکی زۆر عەرەب و تورکمان و مەسیحی تێدا دەژین. ململانێی حزبی بۆ تاڵانکردنی بیرە نەوتەکان و چەوساندنەوەی خەلکەکەی و موزایەدەی سیاسی و موئامەرەی ئیقلیمی بە ناوی ڕیفراندۆمەوە کەرکوکی لە هەرێمی کوردستان دابڕی. باشترین چارەسەر بۆ دۆخی کەرکوک لە ئێستادا، گۆڕینیەتی بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ کە تیایدا هەموو پێکهاتەکان بەشداربن لە  کایەی سیاسی و ئابوریدا. کەرکوک دوای بەسرە، دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراقە، کێڵگەکانی بابەگوڕگوڕ، هاڤانا، بای حەسەن، جەمبور، و خەباز خاوەنی ١٣ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتن. ناکرێت کەرکوک نیوەی عێراق بەخێوبکات بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەکەی هەژار بن. گەڕەکە کوردنشینەکانی (ڕەحیم ئاوا، ئازادی، مامۆستایان، شۆرجە، ئیسکان، بلاخ، قۆرییەشکاو، حەسیرەکە، تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، ئیمام قاسم، شۆراو، ئەحمەد ئاغا، خەبات، شەھیدان، و حیسابات) لە سەردەمی بەعسدا پشتگوێخرابوون؛ لە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیشدا بەپێی پێویست خزمەت و قەرەبوو نەکرانەوە. کەرکوک لە توانایاندایە ڕۆژانە ١ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات. ئەگەر لە پارەی پەترۆدۆلار، لە هەر بەرمیلێک نەوت، ٥ دۆلار بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرەپێدانی کەرکوک، ساڵی نزیکەی ٢ ملیار دۆلار دەکات؛ لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا کەرکوک دەبێتە دەوڵەمەندترین و خۆشگوزەرانترین پارێزگای عێراق. پارێزگاکە بە شاری کەرکوک و قەزاکانی (داقوق و دبس و حەویجە) و ناحیەکانی (قەرەحەسەن-لەیلان، قەرەهەنجیر، شوان، تازەخورماتوو، ئاڵتون کۆپری، مەلا عەبدوڵا، بایجی، سەرگران،  تازە، ڕەشاد، ڕیاز، عەباسی، و زاب) نزیکەی ١.٥ ملیۆن هاوڵاتی تێیدا نیشتەجێن. کەمی دانیشتوان و داهاتی زۆر خزمەت بە دەەوڵەمەندبوونی خێرای پارێزگای کەرکوک دەکەن.  ڕژێمی بەعس لە پاڵ تەعریبدا، قەزاکانی چەمچەماڵ و کفری و دوزخورماتووی لە پارێزگای کەرکوک دابڕی، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لەو پارێزگایە؛ ئەو قەزایانەی دابەشکرد بەسەر پارێزگاکانی سلێمانی و دیالە و سەلاحەدیندا. هەر کات دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، گۆڕا بەرەو دیموکراسیەت و باری ئابوری بوژایەوە و تاکی کورد هەستی بە ئاسودەیی کرد، ئەوکات عەرەب و تورکمانە میانڕەوەکانیش لایان ئاسایی دەێت لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدرالی دیموکراسی و دەەوڵەمەندا بژین. ئەگەر لە ئایندەشدا یەکگرتنەوە ڕویدا، عەقلیەتی مەرکەزی ناتوانێت کەرکوک و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بەرێت. باشترین چارەسەر ئەوەیە هاوشێوەی ئەمریکا و ئەڵمانیا و ئیمارات؛ پارێزگاکانی کەرکوک، سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، و دهۆک ببن بە پێنج پارێزگای فیدرالی و سەربەخۆیی تەواویان هەبێت لە ڕوی ئیداری و ئابوریەوە. لە پاڵ ئەوەدا هەموو پارێزگاکان سیاسەتێکی دەرەوەی هاوبەش و سوپایەکی یەکگرتویان هەبێت و پێکەوە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرن.


ئارام سەعید پێمان خۆش بێت یان نا، ئێستا هاوڕێیەتی لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەیە، کاریگەری لەسەرمان هەیە، ئایا بەتەنها لەبەرئەوەی ناتوانین هەڵسەنگاندنی تەوا بکەین ئیتر ئەو هاوڕێەتییە رەتبکەینەوە؟ یان ئەوە واقیعێکەو دەبێت مامەلەی لەگەڵ بکەین؟ ئێمە ئێستا لەبەردەم دوو واقیع داین، یەکێکیان ئەوەی رۆژانە بەچاوی خۆمان ئەیبینین، ئەوی تریان ئەوەی لەسەر شاشەی مۆبایلەکانمانە، جیاوازییەکە ئەوەیە ئەوەی بەچاوی خۆمان دەیبینین مایەی بڕواو متمانەیە بەڵام بینینی سەرشاشەکان بەگومانەوە سەیر دەکەین، چونکە دەکرێت واقیعیکی هەڵبەستراو و درۆ، یان راست بێت، ئەوەی دەیبینین لەسەر شاشەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەرو ئایپاد رۆژانە زۆرن و ماوەی زۆر بەسەردەبەین لەگەڵیاندا، هەربۆیە کاریگەری گەورەیان لەسەرمان هەیە، ئەمە ئەو شۆڕشەیە کە لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەکرێت و ستیڤان ڤاڵ-ی نوسەری فەرەنسی دەڵێت "کاردەکاتە سەر وجودمان و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ شۆکی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی دروستکردووە" ئان دالسویتی فەیلەسوف کە خاوەنی وتارێکە بەناوی "ئایا لەسەر فەیسبوک هەیت؟" پێیوایە کە ئەو هاوڕێەتییە ئیفترازیانەی سەر ئینتەرنێت بەهیچ شێوەیەک دژی واقیعی ئێمە نیە یان ئەوانەی دەڵێن هاوڕیەتی سەر ئینتەرنێت موزەیەفە، چونکە ئێستا بە ملیۆنەها لەرێگەی مۆبایلەکانیانەوە و سۆشیال میدیا هەمیشە لە خۆشەویستانی خۆیان نزیکن و بەردەوام نامە دەگۆڕنەوەو پێکەوە وێنەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، جۆرێک لە دۆستایەتی و نزیکیی لەیەکتر دروستکردووە کە ئەمەش پەیوەندییەکانی فراوانکردووەو هاوڕێیەتی پتەوتر کردووە. سێرژ تسیرۆن شیکەرەوەی دەرونیی لە زانکۆی پاریسی حەوتەم کە پسپۆری هەرزەکارانە لەکتێبیکیدا لەسەر "سۆزداری لە جیهانی دیجیتاڵدا" نوسیویەتی: ئێستا پێکەوەبوونی هاوڕێکان لەرێگەی جەستەوە تەنها رێگا نیە، یان ناکرێت بڵێین مەرجەعی سەرەکییە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لەسەر سۆشیال میدیان، لە نەوەی نوێدا چاتەکانی ئینتەرنێت تەواو راستگۆو پڕن لە سۆزداریی. پێکەوەبوونێکی جیاواز سەری هەڵداوە لەگەڵ هاتنی فەیسبوک قەیرانی هەرزەکارانی تەقلیدی گۆڕانکاری بەسەردا هات، گەنجان لەسەر کۆمپیوتەرەکانی خۆیان کۆمەڵگەیەکی تایبەت بەهاوڕێکانی خۆیان دروستکردووە، خێزانێکی نوێیان پێکهێناوە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە. ستیفان ڤال لەکتێبێکیدا بەناوی " وجود وشاشە" دەڵێت" دامەزرێنەرانی فەیسبوک گرەوەێکیان بردەوە سەبارەت بە وشەی "هاوڕێ" و "هاوڕێیەتی" چونکە سەرەتا ئەوان بۆ مەبەستی پەیوەندی نێوان قوتابیان دروستیان کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بەهێزتر و سۆزداری دروست بکەن، بەڵام مێژوو سەلماندی ئەوان راستیان کرد، بەکارهێنەران هەر خێرا چەندین پەیوەندیان دروستکرد و لە هاوڕێەتی نزیکەوە بۆ پەیوەندی بەهێز لەنێوانیاندا" ئەمە سەرەرای ئەوەی بەهەزاران کەس لەرێگەی سۆشیال میدیاوە هاوڕێ کۆنەکانیان دەدۆزنەوە، یان خۆشەویستەکانیان، یان هاوڕیی مناڵیی یان ئەو مێژووەی مرۆڤ کە لەسەر فەیسبوک تۆمارکراوە، کە گرنگی بۆ هەر کەسێک هەیە وەک ئەرشیفێک دەتوانێت بگەڕیتەوە سەریان و سودیان لێ ببینێت. ستیڤان فیاڵ لە کتێبەکەیدا نوسیویەتی "عینادیەکی دۆژمنکارانە بەرامبەر تەکنەلۆژیا هەیە کە ئەمەش فیکرو بیرکردنەوەی بەرامبەر ئیشکردنی مرۆڤ لەسەر ئامێرە تەکنەلۆژییە نوێیه‌کان توشی ئیفلیجی کردووە. ئەوانەی تائێستاش دەیانەوێت لاسایی بیریارە گەورەکانی وەک هایدگەر بکەنەوە کە نیگەران بوون لە پەرەسەندنەکانی تەکنەلۆژیاو پێیانوایە تەکنەلۆژیای نوێ پەیوەندییە مرۆییەکان تەزویر دەکەن ئەوەیان بیرچوه‌تەوە لەهەموو سەردەمێک ژیانمان لەرێگەی تەکنەلۆژیای نوێوە بونیاد دەنرێتەوە کە ئەویش گواستنەوەو گەیاندنە" ئێمە هەمیشە لەژێر کاریگەری ئەوەین کە سلۆتەردایک ناوی ناوە "ئەنسرۆپۆتەکنیک" بەو مانایەی تەکنەلۆژیای سەردەم کار لە کیان و هەڵسوکەوتمان دەکات. بۆئەمەش نمونەی مۆبایلی هێناوەتەوە کە چۆن لەسەرەتای دروستبونیدا زۆر کەس بە خراپ و رێ ونکەر ناویان دەبرد، بەڵام ئێستا بۆتە بەشێک لەژیانمان و جۆری پیوەندییەکانی گۆڕیوین، بۆ دونیای دیجیتاڵیش هەروایە، لەوەتەی چوینەتە ئەو جیهانەوە رێگاکانی پەیوەندییەکانمان گۆڕاوە هەرچەندە زۆرێک هەن ئەوە رەتدەکەنەوە. لە فەیسبوک جگە لە هاوڕێیەتی رۆمانسی و پەیوەندی خێزانی هەندێک جار بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبینین، بازرگانی و بزنز، پەیوەندی میللەتانیش دەبینین، یان هاوڕێیەتی دوژمنەکانیش دەبینین، بوشبین مهینا کە ناوە راستەقینەکەی رۆنی ئادریە لە ساڵی ٢٠١٢ لاپەرەیەکی لەسەر فەیسبوک دروستکرد کە وێنەی خۆیەتی لەگەڵ کچەکەی و نوسیویەتی" ئەی ئیرانییەکان، ئێمە هەرگیز بۆردومانی ئێوە ناکەین، ئێمە خۆشمان دەوێن" ئەو لاپەرەیە لەسەد هەزار لایک تێپەڕیکردووە کە ناوەکەی " ئیسرائیل ئێرانی خۆشدەوێت"ه‌.


كەمال رەئوف ماوەیەكە هەرچی هەواڵی ناخۆش و سەرسورهێنەرە، لە شارەحەیاتەكە مانشێتی هەواڵەكانە، شارێك كە تاباس بكرێت خزمەتی شۆرش و سەركردەكانی كردوە، شارێك كە پر لە داهێنانەو بەردەوام چقڵی چاوی نەیارانی كورد بووەو بە شاری خرۆشان و رامنەكراو ناسراوە، ئێستا گیری بەدەست رۆڵەكانی خۆیەوە خواردووەو خەریكه‌ داروبەردی بەسەر یەكەوە نامێنێت، دەست و پەنجەی دەشكێنن، زەویە گرانبەهاكان داگیردەكەن، جوانییەكانی و بوێرییەكەی لێ زەوت دەكەن، دەست بۆ رۆحی دەبەن و لەبەرامبەردا تۆ دەست بۆ هەر شتێك دەبەیت، خراپەو لەگەڵ مێژوو و شانازییەكانی ئەم شارە نایەتەوە، ئێستا دیمەنی شار بەتەواوەتی وا دێتە پێش چاو كە بەتەواوەتی بێ خاوەنە.. شەقام خامۆشە، خەڵك بێزارەو خەڵكەكەی وەك تەختەی سەرئاویان لێهاتووەو نازانن شەپۆلەكان بۆ كوێیان ئەبەن.. یەكێتی و گۆڕان كە وادیارە ئەوان خاوەندارێتی لەم شارە دەكەن، دەبێت بەرپرسیارێتی ئیدارەو دۆخی ئێستای شارەكە بەچاك و خراپەوە لەئەستۆ بگرن و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیشیان لەسەر شانە كە وەڵامی پرسیاری ئەم دۆخە نەخوازراوە بدەنەوە.. ئەبێت لەو ئاستەدا بن و بەرپرسیارانەو راشكاوانە بەخەڵك بڵێن كێشەكانی ئیدارەی ئەم شارە لەكوێدایە، حزبە یان حكومەت، بەرپرسی نابەرپرسە، ئاخر ناكرێت لە میدیاكانەوە هەر بوترێت داهاتی ئەم ناوچەیە چی لێدێت، كەسیش وەڵام نەداتەوە، پێویستە بزانرێت ئەركی حكومەت چییەو كێ خەمساردە لێی، ئەبێت بەخەڵك بڵین كێن ئەوانەی دەیانەوێت سزای سلێمانی و خەڵكەكەی بدەن، گەر پارتییە بۆ قبوڵی دەكەن، گەر پارتیش نییە بۆ خۆیان چارەسەری دۆخی ئیدارە خراپەكەی ناكەن.. ئاخر خۆ خەڵكی ئەم شارە داوای ئەوەتان لێناكەن سلێمانی بكەن بەپاریس، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێگەی ئەوەش بەكەس نادەن بیكەن بەگوندێكی فرە كوێخاو كەمپی پەنابەران و ئۆردوگای زۆرەملێ.. دەبێت بەرپرسەكانی گۆڕان و بەتایبەت یەكێتی كە بەشی شێریان لە حوكمرانی و ئیدارەی شاره‌كە لەبن دەستە، بەخەڵكی سلێمانی بڵێن، پارتی و حكومەتی هەرێم بەرپرسیارە یان ئەوان.. دیارە هەرلایەكیان بێت سلێمانی ئەوەی بیرناچێتەوە، كە پیاوە ریش سپییەكانی، خاتونە بەساڵاچوەكانی لەسەرەی وەرگرتنی خانەنشینیدا گیانلەدەست دەدەن..خەستەخانەكانی لەبەر نەبوونی دەرمان دابخرێن و شارەكە غەرقی خۆڵ و خاشكا بكەن. ئەمڕۆ رووی پرسیار لە یەكێتی گۆڕانە، گەر پارتی هۆكارە لە دۆخی سلێمانی و ئەو بەرپرسیارە لەسزادانی، ئێوە بۆ قبوڵی ئەكەن، گەر خۆشتان بەرپرسیارن ئەوە بەدڵنیاییەوە خەڵك لێتان قبوڵ ناكەن و ناتوانن تاسەر ئاوا لەبێدەنگیدا بمێننەوە.


عەلی مەحمود  دیاریكردنی روپێوی جوگرافیای تاوان بەشێكی گرنگی دیاریكردنی قەوارەو سنوری تاوانە، لەپاڵ  شوێنی تاوان و ناوچە ئاوەدانەكانی بەر تاوان كەوتوو، ئەوانە هەموو ژمارەی نەگۆڕن و بە سانایی دەكرێت ئامار بكرێن و دیاری بكرێن لەسەری رێككەوتن بكرێت و ژمارەیەكی هاوبەشمان هەبێت، كە بە داخەوە بۆ تاوانێكی گەورەی وەك ئەنفال كە تاوانی تاوانەكانە، تائێستا نیمانە. بۆ دیاریكردنی روپێوی تاوانی ئەنفال و ژمارەی گوندو شارو شارۆچكە روخاوەكان, دەبوایە ئاماری ورد بكرابایاو لەسەر ژمارەی هاوبەش رێككەوتن بكرابایە، بەبێ ئەم رێككەوتنە سەختە بتوانرێت داوای قەرەبووش  بكرێتەوە. بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بەرەی كوردستانی، هەموو پۆستەكانی وا دەكەن زانیاری ده‌گمەن و راستی هەبوایە لەسەر ئەو تاوانانەی لەسەردەمی هەریەك لە دەسەڵاتەكانی و پێشتر رویانداوە. ئەو لە بەرگی چوارەمی كتێبەكەی "بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد " ئاوا ئاماژە بە پانتایی جوگرافیای ئەنفال دەدات " لە پرۆسەی ئەنفالەكاندا، 90%ی گوندەكانی كوردستان و زیاتر لە 20 شارو شارۆچكە لەسەر نەخشە سڕانەوە. ناوچە گوندنشینەكان بە 15000000 مین، مینڕێژكران، نزیكەی 1500000 كورد لە گوندەكانیان بۆ ئوردوگاو كۆمەڵگا زۆرەملێكان گوازرانەوە. نزیكەی 10%ی كوردی باشور لەناو بران. بەمەش نزیكەی 7729 كم دووجا لە روبەری هەرێمی كوردستان بەر شاڵاوی ئەنفال كەوت. ل 331 ". هەرچەندە هەموو ژمارەو رێژەكانی هاتوو لەم پەرەگرافە جێگای گفتوگۆو لەسەر راوەستانن، بۆ خۆشی بۆ سەرجەمیان وشەی نزیكی وەك پێشگر بۆیان نووسیووە، سەلمێنەری ئەوەیە ئامارە بەكارهاتووەكانی ورد نییە، هەر ئەمە بۆ خۆی گەورەترین كەماسییە، لێ ئەوەی زیاتر جێی سەرنجی منە ئەو پانتایی جوگرافیا دیاریكراوەیە كە ئەنفالی گرتۆتەوە، كە دیاریكردووە بە 7729 كم دووجار، ئەمەش نەك نزیك نییە لە راستی بگرە بە فرسەخ لێوەی دوورە. ئەنفال جگە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كە روپێوەكەی 41220 كم دووجارە، زۆرینەی ناوچە كوردنشینەكانی شارەكانی موسڵ، كەركوك، دیالەو سەلاحەدینیشی  گرتەوە، كە ئێستا بەناوچە دابڕێنراوەكان بەناوبانگن، واتا هەموو باشوری كوردستانی گرتەوە كە پانتاییەكەی بە 83643 كم دووجار دیاریكراوە.   سەرچاوەی  زانیارییەكەی  بارزانی كێیە؟ بەپێی زانیاری من بۆ یەكەمجار لە  كۆنفرانسی زانستی ئەكادیمی ئەنفال لە شاری هەولێر لە رێكەوتی 14-16-4-2002  پرۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل محەمەد  ئەم ژمارەیەی بەكارهێناوە، دواتر هەمان لێكۆڵینەوە لە ژمارە 24ی گۆڤاری سەنتەری برایەتی بڵاوكرایەوە, ئیتر نوسەران و توێژەران وەك سەرچاوە بەكاریان هێناوە، بێ ئەوەی كەمترین بەشی زیرەكی و توانای مێشكیان بەكاربهێنن، لەخۆیان بپرسن كە ئایا ئەو ژمارەیە لەگەڵ واقعی بەرفراوانی شاڵاوەكانی ئەنفال كە بە 8  قۆناغ بەڕێوەچوو دێتەوە یان نا؟، لەكاتێكدا ژمارەكە كەمترە لە پانتایی ئەنفالی 8 كە ناوچەی بادینانی ژێر قەڵەمڕەوی پارتییە "  10.360"، تەنانەت سنوری ئەنفالەكانی 3 و " 5,6,7" یش هەر یەكەیان نزیكن لەو ژمارەیە كە بەكاریان هێناوە. دكتۆر خەلیل لە نوسینەكەیدا دەڵێت " نزیكەی 7729 كم دوجار لە روبەری هەرێمی كوردستانی عێراق توشی شاڵاوەكانی ئەنفال بووەوە ...... " . لەگەڵ رێزم بۆ دكتۆر خەلیل كە جوگرافیازانێكی بەتوانایە، وەلێ ئەم ژمارەیە كەمتر لە 9,2% خاكی باشوری كوردستان دەگرێتەوە؟، ئایا ئەم ژمارەیە بۆ روپێوی ناوچەكانی 8 پرۆسەی ئەنفال گونجاوە؟ كە سەرتاپای كوردستانی گرتەوە؟، لە كاتێكدا پرۆسەی بەدناوی ئەنفال هەموو سنورەكانی دەرەوەی شارو شارۆچكەكانی باشوری كوردستانی بە هەندێك یەكەی ئیداریشەوەی گرتەوە، جگە لەو ناوچانەی ببوونە ناوچەی جەنگی ئێران- عێراق لەپاڵ ناوچەی هەڵەبجە كە بەرەیەكی دیكەی هاوزەمان لەگەڵ ئەنفالی یەك لێكرایەوە، هەروەها هەندێك ناوچەی دی لە قۆناغی یەكەمی روخاندنی لادێیەكان لە بەهاری 1987 كۆتاییان هات، هەرچەندە ئەو قۆناغەش لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال هەژمێردراون، وە هەندێك لادێ دانیشتوانەكەی چەكی رژێمیان هەڵگرتبوو جاش بوون. لەماوەی 197 رۆژی 8 قۆناغی ئەنفالدا، كە 6 جوگرافیای جیای گرتەوە، تەنها ئەنفالی 1و4و8 پانتایی جوگرافیاكەیان دیاریكراوە بە " 1154, 3985,  10.360 كم دووجار"، بە هەرسێكیان دەكاتە  15499كم دووجار, واتا زیاتر لە دووجاری ئەو ژمارەی بارزانی لە پەرتوكەكەی بەكاریهێناوە كە دەكاتە 15458 كم دووجار، سێ جوگرافیایەكەی دیكەش ئەنفالی دو، سێ، پێنج، شەش، حەوت روپێوی زیاتر نەبێت لەو ژمارەیە كەمتر نییە.  واتا ئەو ژمارەیەی كە بەكارهاتووە كەمتر لە 25%ی ئەو روپێوەیە ئەنفالی گرتۆتەوە، ئەم ژمارەیەش هێشتا پێویستی بە لەسەر راوەستانە. وێڕای ناوچەكانی هەڵەبجەو سەید سادق و خورماڵ و سیروان و هەورامان شارەزوور و پێنجوێن و ناوپارێزو بەشێكی زۆری شارباژێڕو و حاجی ئۆمەران و نەوسود بۆ خوارو .. ببوونە گۆڕەپانی شەڕی عێراق- ئێران لەو كاتەدا، خەڵكی لێ نه‌ده‌ژیا.  هەروەها لەو شەڕەی هەڵەبجە كە ئێران ناوی لێنابوو فەجری 10، یەكێتی نیشتمانی و پارتی و سۆسیالست و بزوتنەوەی ئیسلامی ناویان نابوو رزگاركردنی هەڵەبجە، ئێران توانی 800 كیلۆمەتر چوارگۆشە خاك و 102 گوندو شاری هەڵەبجەو چەندین شارۆچكەی دی وەك تەوێڵەو بیارەو خورماڵ و سیروان و.. بگرێت، مەزەندە دەكرێت بەرەی شەڕ زۆر لەوەش بەرفراوانتر بووبێت، بۆ خۆی وەك كات بەشێك بوو لە تاوانی ئەنفال، هەرچەندە كرا بە كەیسێكی سەربەخۆ. هەروەها ناوچەی سێگۆشەی سنوری عێراق- ئێران- توركیا " خواكورك " كە هاوزەمان لەگەڵ ئەنفالی 5,6,7 دا شەڕی قورسی تێدا ئەنجامدرا، وە ناوچەی كەندیناوەو شەمامك و قەرەچوغیش لە دەشتی هەولێر پێشتر لە هەڵمەتەكەی بەهارو هاوینی ساڵی پێشتر پاك كرابووەوە لە ژیان، خانووی تێدا بەپێوە نەمابوو، هەرچەندە ئەو پرۆسەیەش لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال دێتە ژماردن، هەر هەموو ئەمانەشمان بە بەشێك لە روپێوی پرۆسەی ئەنفال هەژمار نەكردووە. بەگشتی روپێوی تاوانی ئەنفال زیاتر لە چوارجاری ئەو روپێوەیە كە بارزانی دیاریكردووە، راستە بارزانی لەوكاتەدا دوور بوو لە روداوەكان، وەلێ دەبوایا نەكەوتایەتە ناو ئەم هەڵەیەوە، چونكە دەیزانی ئەنفال هەموو كوردستانی گرتەوە، پێموایە راوێژكارەكانی نەزانانە ئەویان خستوه‌تە ناو ئەوهەڵەیەوە، هیوادارم لە چاپی داهاتووی پەرتووكەكەیدا بەهەموو ئەو ئامارو ژمارەو بۆچونانە بچێتەوە كە تایبەتن بە پرۆسەی جینۆساید، وە زانیاری زیاترو ژمارەی گونجاوترمان بداتێ، باسی رۆڵی پارتی لە شەڕی هەڵەبجەو 7 قۆناغی ئەنفال لە 1 بۆ 7 مان بۆ بكات. لەلایەكی دیكەشەوە، هەموو ئەوانەی ئەو ژمارەیەیان بۆ روپێوی ئەنفال بەكارهێناوە، هەڵوێستەیەك بكەن و ئامارەكە لەگەڵ واقعی سەر خاكی جوگرافیای ئەنفال بەراورد بكەن. سەرچاوەكان: 1- بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان 2-  ژمارە 24ی  گۆڤاری سەنتەری برایەتی- لێكجیاكردنەوەی  شوێنی شاڵاوەكانی ئەنفال لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا – پرۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل محەمەد 3-  ئاكامە جوگرافییەكانی پرۆسەی جینۆسایدی گەلی كورد ئەنفالی چوار وەك نموونە  پ ی د  یاسین هاشم حەمەدەمین. 4-https://en.wikipedia.org/wiki/Anfal_campaign 5-https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86_%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82 6-https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdistan_Region  


عەتا قەرەداخی         ( بەشی سییەم ) شاعیر له‌ ڕێگاى لێكچواندنی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ژنەوە‌، كه‌ ئەوی ژن به‌ په‌رى ناوى ده‌بات، به‌ ڕه‌گه‌زه‌ جۆراوجۆره‌كانی سرووشت، تابلۆیه‌كی ره‌نگاوره‌نگ له‌ چه‌ندین وێنه‌ پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ پێكه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنی ئاستێكی به‌رز له‌ جوانین و هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى سرووشت و به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت له‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و جوانیه‌دا به‌شدارى ده‌كه‌ن. شاعیر ده‌ڵێت: قۆڵ و مه‌چه‌ك ساف و سپی وه‌ك شووشه‌ سه‌رپه‌نجه‌كان یاقووتێك بوون به‌ ورشه‌ بێینه‌ سه‌ر چاو: چاوێك... بڵێم چ چاوێك؟ كانی سیحر، ده‌ریاى عیشوه‌، گێژاوێك كه‌وا كه‌وته‌ به‌ر شه‌پۆلی هه‌ستی من له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌ر نقوم ئه‌بێ به‌ره‌و من. ئه‌وێك كه‌ له‌ عه‌باوه‌ پێچراوه‌، ئه‌می شاعیر وه‌سفی قۆل َو سه‌رپه‌نجه‌كانی ده‌كات. قۆڵ ده‌چوێنێت به‌ شووشه‌ی سپی و ساف و بێ خه‌وش، سه‌رپه‌نجه‌كانیش ده‌چوێنێت به‌ یاقووت. لێره‌دا شووشه‌و یاقووت وه‌كو دوو ڕه‌گه‌زى سرووشتی كه‌ هێماى سپێتی و سافی و دره‌وشانه‌وه‌ن، خاوه‌نی پێناسه‌ى خۆیانن و ناسراون، قۆڵ و سه‌رپه‌نجه‌ى ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وان لێكچواندنیان پێده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی ده‌رخستنی جوانی ئه‌می ئافره‌ت. هه‌روه‌ك چاوه‌كانیشی لێكچواندنیان پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ كانی سیحرو ده‌ریاى عیشوه‌و گێژاو. له‌ لێكچواندنی قۆڵ و مه‌چه‌ك و سه‌رچه‌نجه‌دا، توخمه‌ كانزاییه‌كانی سرووشت وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌ لێكچواندنی چاودا ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئاوه‌وه‌ هه‌یه‌. قۆڵ و مه‌چه‌ك و سه‌رپه‌نجه‌ جێگیرن، هه‌مان شێوه‌ى جێگیریى كانزاو ڕه‌گه‌زه‌ ئۆرگانیه‌كانی ترى ناو سرووشت، به‌ڵام چاو به‌ نیگاو بینین و په‌خشكردنی نهێنی و هه‌ست و حه‌زو ئاره‌زوو له‌ جوڵه‌ى به‌رده‌وامدایه‌ وه‌كو ئاو كه‌ وه‌ستانی نیه‌. چاو كانی سیحره‌، واته‌ سه‌رچاوه‌ى نهێنی و كه‌مه‌ركێشكردنی ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌، چاو ده‌ریاى عیشوه‌یه‌، دیاره‌ عیشوه‌ لێره‌دا بریتیه‌ له‌ حه‌زو ئاره‌زووى دنیایی. به‌م پێیه‌ چاو سه‌رچاوه‌ى نیشاندانی حه‌ز و ئاره‌زووه‌ دنیاییه‌كانه‌. چاو گێژاوه‌، واته‌ چاو ئه‌و قوڵایی و ونكه‌رو حه‌شارده‌رو راكێشه‌ره‌یه‌ كه‌ هه‌م شته‌كان په‌رده‌پۆش ده‌كات هه‌م ئاڵۆزیان ده‌كات و هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوشێوه‌ى گێژاوى ناو ده‌ریاو ئۆقیانووسه‌كان ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر راده‌كێشێت و له‌خۆیدا ونی ده‌كات. لێره‌دا شان به‌شانی به‌رهه‌مهێنانی جوانی ئه‌م وێنه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كانه‌ ئاماژه‌ى حه‌ز و ئاره‌زووى جه‌سته‌یی ئه‌وى ئافره‌ت ده‌رده‌خه‌ن و ئه‌وه‌ش نیشان ده‌ده‌ن كه‌ چۆن كاریگه‌رى خۆى له‌ ڕێگاى چاوه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر داده‌نێت و به‌دواى خۆیدا كێشی ده‌كات و ده‌یخاته‌ گێژاوى ده‌ریاى بێبنه‌وه‌. لێره‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ده‌ڵێت سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ ڕه‌گه‌زى نێر چه‌ند خۆى به‌هێز نیشان بدات و چه‌ند هێماى پته‌ویى و تووندوتیژى و نه‌چه‌مانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام هێشتا نیگاو حه‌زو سیحرى چاوى ئه‌وى ئافره‌ت هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌می پیاو یان ڕه‌گه‌زى نێردا ده‌كات و موگناتیس ئاسا به‌لاى خۆیدا رایده‌كێشێت و له‌ گێژاوى حه‌ز و ئاره‌زووه‌كاندا ونی ده‌كات. هه‌رئه‌وه‌ش واده‌كات كه‌ ئه‌می شاعیر له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌و به‌ژن و باڵاو ئه‌و چاوه‌ ئه‌فسووناوییانه‌ى بینیووه‌ كه‌وتووته‌ ناو ئه‌و گیژاوه‌ قوڵه‌وه‌و به‌دوایدا ده‌ڕوات. لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ مرۆڤـــ به‌ سرووشتی عیشقی جوانیه‌. پاڵنه‌رى ئه‌م عیشقه‌ش دوو ئاسته‌ له‌ چێژ، چێژى رۆحی و چێژى جه‌سته‌یی. یه‌كه‌میان ره‌هه‌ندێكی سۆفیانه‌ى هه‌یه‌ و دووه‌میشیان ره‌هه‌ندێكی دنیایی هه‌یه‌. مرۆڤ به‌ سرووشتی پێكهاته‌یه‌كه‌ هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه‌ له‌ بوونی ئه‌ودا كۆده‌بنه‌وه‌و ئه‌گه‌ر جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا درووستبوو، ئه‌وا كه‌سێتی مرۆڤـــ هاوسه‌نگ ده‌بێت و ئه‌م هاوسه‌نگبوونه‌ش هاوشێوه‌ى هارمۆنیاى سرووشته‌. ئه‌گه‌ر ناهاوسه‌نگیش له‌ په‌یوه‌ندى ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا هه‌بێت ئه‌وا ناهاوسه‌نگی كه‌سێتی درووست ده‌كات و ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ى تێكچوونی هارمۆنیاى سرووشته‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ هارمۆنیاى سرووشت پێكه‌وه‌ گونجاندن و پێكه‌وه‌ كاركردن و ته‌واوكردنی یه‌كترى توخم و ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو سرووشته‌.  جوانی لاى گۆران شتێكی بێ لایه‌ن و بێ كاریگه‌رى نیه‌، به‌ڵكو سه‌ربارى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی چێژه‌و  چێژ ده‌به‌خشێت، هه‌روه‌ها رۆڵی كاركه‌رو پاڵنه‌ریش ده‌بینێت له‌ ژیاندا یان به‌ ده‌ربڕینێكی تر وه‌كو مۆتیڤی ژیان كارده‌كات و ده‌بێته‌ هۆى درێژه‌دان به‌ ژیان و زینده‌گانی به‌ تایبه‌تی گۆران دیمه‌نێك پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ تیایدا كه‌سێك به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ هیچ چاوه‌ڕوانیه‌كی نه‌ماوه‌ له‌ ژیانداو ته‌نیا چاوه‌ڕوانی مردن ده‌كات، به‌ڵام جوانی ده‌بێته‌ ئه‌و مۆتیڤه‌ى كه‌ هیواى ژیانی لادرووست ده‌كاته‌وه‌و ئومێدپه‌یداكردنه‌وه‌ به‌ ژیان به‌سه‌ر بێ ئومێدى و چاوه‌ڕوانی مردندا زاڵ ده‌بێت. له‌ هه‌ڵبه‌ستی (نیاز)دا گۆران ده‌ڵێت: چاوه‌نواڕم، سا كه‌ى گه‌ردوون، گه‌ردوونی بێ باك جانه‌وه‌رى گۆڕ هان ئه‌دا بمكاته‌ خۆراك؟ به‌ڵام ئه‌ى یار، یارى نازدار، شۆڕه‌ژنی شۆخ به‌ لێوى ئاڵ، به‌چاوى ره‌ش، چاوى ره‌شی تۆخ به‌ باڵاى به‌رز، به‌ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان ڕه‌وتی شیرین، عیشوه‌و نازى گفتوگۆ و جوڵان  به‌م جوانیانه‌ كه‌ زینه‌تی به‌هه‌شتی دنیان به‌م جوانیانه‌ كه‌ له‌ تۆدا هه‌موویان په‌یدان له‌و ڕۆژه‌وه‌ دیوومه‌ سیحرى زه‌رده‌په‌ڕى تۆ دنیاى ده‌روون مه‌له‌كانی هاتووه‌ته‌وه‌ گۆ سه‌رچاوه‌كه‌ى عومرى جوانیم هاتۆته‌وه‌ قوڵ باغچه‌ى ژینم پڕ بۆته‌وه‌ له‌ نه‌مامی گوڵ.  ئه‌م له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگدایه‌، واته‌ هیچ ئومێدێكی ژیانی نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌وى ژن به‌ جوانیه‌كانی كۆتایی به‌ بێ ئومێدییه‌كانی ئه‌م ده‌هێنێت و ده‌یگێڕێته‌وه‌بۆ ژیان. شاعیر له‌ وه‌سفی ڕه‌گه‌زه‌ جۆراوجۆره‌ جوانه‌كانی جه‌سته‌ى ئه‌وى ژندا هه‌وێنی زینده‌گانی و درێژه‌دان به‌ژیان رامده‌كات. كاتێ باسی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ژن ده‌كات، وه‌كو هۆكارى گێڕانه‌وه‌ى كه‌سێكی بێئومێدبوو بۆ ئامێزى ژیان سه‌یریان ده‌كات.  ئه‌می شاعیر له‌ ڕێگاى نیشاندانی دیمه‌نه‌ جوانه‌كانی جه‌سته‌ى ژن یان ئافره‌ته‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئافره‌ت وه‌كو پێكهاته‌یه‌ك له‌ جوانی پێكه‌ش بكات. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ ئه‌و ژن وه‌كو یارو یارى نازدار ده‌دوێنێت. كه‌واته‌ لێره‌دا جۆرێك له‌ هۆگرى و په‌یوه‌ندى له‌ نێوان خۆى و ئه‌وى ژندا نیشان ده‌دات كاتێك به‌ ده‌ربڕینی یار ده‌یدوێنێت و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا وه‌سفێكی به‌رزى ده‌كات به‌ ده‌ربڕینی شۆڕه‌ژنی شۆخ كه‌ ئه‌مه‌ش ماناى كۆبوونه‌وه‌ى گه‌لێك سیفاتی جوانیه‌ تیایدا. كه‌ دواتر ئه‌و سیفاته‌نه‌ ورد ده‌كاته‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی گونجاندن و رۆڵبینین بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی تابلۆیه‌كی جوان كه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى به‌خشینی چێژى جوانی به‌كارده‌هێنێت. لێوى ئاڵ، چاوى ره‌شی تۆخ،باڵاى به‌رز، ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان، ڕه‌وتی شیرین، عیشوه‌ى ناز له‌ گفتوگۆو جوڵانا.  ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت له‌ ڕێگاى ده‌ربڕینی زمانه‌وه‌، گۆران كۆگایه‌ك له‌ خاسێـت و سیفاتی جوانی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیانداته‌ پاڵ هه‌ر شتێك كه‌ ده‌یه‌وێت وه‌سفی بكات. هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكارى سه‌ركه‌وتنی ئه‌م شاعیره‌یه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین وێنه‌ى شیعرى ره‌نگاوره‌نگدا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و وێنانه‌ش به‌و ئه‌ندازه‌ى كه‌ به‌شدارى ده‌كات له‌ به‌رهه‌مهێنانی جوانیدا، به‌شداریش ده‌كات له‌ به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تی ده‌قه‌كانیداو به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش ده‌بێته‌ ڕه‌گه‌زى یه‌كه‌می زمان یان ده‌ق بۆ هه‌ڵگرتنی ده‌لالات و ماناى جۆراوجۆر به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ى كه‌ تیایدا به‌كار ده‌هێنرێت. ئاوه‌ڵناوه‌كانی (ئاڵ، ره‌ش، تۆخ، به‌رز، نه‌رم، شل، جوان، شیرین)، كه‌ وه‌سفی لێو و چاو و باڵا و ئه‌ندامانی ترى له‌شی ئه‌وى ژن ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك به‌رهه‌مهێنی تابلۆیه‌كن له‌ جوانی، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ڵگرى ده‌لالاتی مێێتین و له‌پشتی ئه‌مه‌شه‌وه‌ جۆرێك له‌ رۆچوون و شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ ئاماژه‌ى سێكسی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ستی بینین یان بیستن و به‌ركه‌وتن له‌م ڕه‌گه‌زانه‌ى جه‌سته‌ى مێ یان ئه‌وى ژندا هه‌ستی پێده‌كات یان ده‌یبینێت. شاعیر هه‌موو ئه‌م جوانیانه‌ كۆده‌كاته‌وه‌و به‌ جوانی به‌هه‌شتی دنیا باسیان ده‌كات و هه‌موویشیان له‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخ یان له‌وى یاردا هه‌ن. ره‌نگه‌ ئێستا سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه‌ بچێت و بپرسین مه‌به‌ست له‌ به‌هشتی دنیا چیه‌؟ ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌ى باوه‌و پێی راهاتووین به‌هه‌شت به‌پێی چه‌مكی ئایین ئه‌و پاداشته‌ مه‌زنه‌یه‌ كه‌ خودا له‌ دواى ڕۆژى لێپرسینه‌وه‌ ده‌یبه‌خشێت به‌و كه‌سانه‌ى كه‌ بڕوادارن و به‌دڵسۆزیه‌وه‌ فه‌رمایشته‌كانی ئه‌ویان جێبه‌جێكردووه‌. ئه‌م به‌هه‌شته‌ به‌هه‌شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌و ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ى له‌باره‌وه‌ ده‌زانین كه‌ دنیایه‌كی بێ وێنه‌یه‌و بۆ مرۆڤی زیندوو خه‌ونێكی ئاینده‌ییه‌. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م به‌هه‌شته‌دا گۆران باسی به‌هه‌شتی دنیایی ده‌كات. بێگومان مه‌به‌ست له‌ به‌هه‌شتی دنیایی درووستكردنی دنیایه‌كی هاوشێوه‌ى ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ كه‌ خه‌ونی ئاینده‌یه‌. ئه‌میش واته‌ به‌هه‌شتی دنیایی درووستكردنی فه‌زاو دنیایه‌كه‌ با بچووكیش بێت كه‌ خاسێته‌كانی به‌هه‌شتی ئه‌و دنیاى هه‌بێت. واته‌ دنیایه‌ك مرۆڤ تیایدا بگات به‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه‌ ئاره‌زووى ده‌كات. گۆران ئه‌و به‌هه‌شته‌ له‌ ئه‌وى ژندا ده‌بینێت، كه‌واته‌ لێره‌دا گۆران ژن هاوشێوه‌ ده‌كات له‌ گه‌ڵ به‌هه‌شتی خودادا. خاوه‌ن بڕواو گوێڕایه‌ڵه‌كانی فه‌رمانی خودا به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ن له‌ به‌هه‌شتدا هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر ببێت كه‌ دڵیان ده‌یخوازێت. ئه‌می شاعیریش وه‌ها سه‌یرى ئه‌وى ژنی شۆخ و شه‌نگ ده‌كات كه‌ جه‌سته‌ى ئه‌و و جوانیه‌كانی ئه‌و ئاماژه‌و جوڵه‌و ڕه‌وتی ئه‌و كه‌ هه‌موویان به‌هه‌شتی فراوانترى جوانی ئه‌ویان پێكهێناوه‌، ئه‌مى ژن ده‌كه‌ن به‌و به‌هه‌شته‌ى كه‌ هه‌موو خواسته‌كانی دڵی ئه‌مى تێدا ده‌سته‌به‌رو فه‌راهه‌م ده‌بێت، كه‌ ده‌شێ گه‌یشتن بێت به‌ لوتكه‌ى چێژى جه‌سته‌یی و لوتكه‌ى چێژى رۆحی كه‌ دووه‌میان چێژوه‌رگرتنه‌ له‌ جوانیه‌كانی جه‌سته‌و هه‌موو خاسێتێكی ژن. لێره‌دا له‌ ئاستی قوڵتردا هاوشێوه‌بوونێكی ئاشكرا له‌ نێوان به‌هه‌شتی ژن و به‌هه‌شتی ئه‌سڵیدا درووست ده‌بێت كه‌ هه‌ردووكیان له‌به‌خشینی خۆشی و چێژدا هاوشێوه‌ن.  دنیاى پڕ له‌جوانی و چێژى ژن هه‌رئه‌وه‌ نیه‌ چێژ به‌م ببه‌خشێت به‌ڵكو له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌كانی مه‌رگه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ ژیان. هه‌روه‌كو خۆى ده‌ڵێت له‌و ڕۆژه‌وه‌ سیحرى زه‌رده‌په‌ڕى ئه‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخی بینیووه‌، هه‌موو شتێك به‌ لایه‌نی ئه‌رێنیدا گۆڕاوه‌. واته‌ له‌و ڕۆژه‌دا كه‌ ئه‌مى شاعیر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ى ده‌كرد جانه‌وه‌رى گۆڕ یان ئاشكراتر بڵێین ئیزرائیل بێت و گیانی بكێشێت، پاڵنه‌رى ژیان و به‌رده‌وامبوون له‌ ناخیدا زیندوو بوونه‌وه‌و چالاك بوون و جانه‌وه‌رى مه‌رگیان به‌زاندووه‌. ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك وه‌سفی خۆى ده‌كات نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ى زیندوو بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغی لاوێتی، بۆ ئه‌و سه‌روه‌خته‌ى كه‌ هیواو ئاوات و حه‌ز و خۆزگه‌و دنیاویستی هه‌موو بوون و ژیانی ئه‌میان داگیركردبوو. ئێستا ئه‌م وه‌كو لاوێكی خاوه‌ن خه‌ون و خه‌یاڵی مه‌ودا قوڵ و وه‌كو مرۆڤێكی چالاك خۆى نمایش ده‌كات. هه‌روه‌ك باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رچاوه‌ى عومرى جوانی ژیاوه‌ته‌وه‌. ئه‌م خۆى ده‌چوێنێت به‌ سرووشت، به‌ڵام سرووشتی به‌هار كه‌ كانی و سه‌رچاوه‌كان ده‌ژێنه‌وه‌. هه‌روه‌ك ژیانی وه‌كو باخچه‌یه‌ك وه‌سف ده‌كات كه‌ پڕبۆته‌وه‌ له‌ نه‌مامی گوڵ. ئاشكرایه‌ كه‌ گوڵ به‌رهه‌می وه‌رزى به‌هاره‌، كاتێك ئه‌م ژیانی خۆى ده‌چوێنێت به‌ باخچه‌ى گوڵ، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می لاوێتی. هۆكارو پاڵنه‌رو مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌نارى مه‌رگه‌وه‌ بۆ چالاكترین قۆناغی ژیان، ئه‌وى یاره‌ واته‌ ئه‌وى شۆره‌ِژنی شۆخ به‌ هه‌موو جوانیه‌كانیه‌وه‌. كه‌واته‌ گۆران بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژن یان جوانی ژن كه‌ سه‌رچاوه‌ى چێژى جه‌سته‌یی و رۆحیشه‌ مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌م ژیانه‌وه‌یه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌ره‌هه‌م دێت كه‌ ژن به‌ جوانیه‌كانیه‌وه‌، وه‌كو گۆران پێناسه‌ى ده‌كات به‌ گشتی بریتیه‌ له‌ جوانی، نه‌ك هه‌ر بارگاوى كراوه‌ به‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی ژیاندۆستی، به‌ڵكو مۆتیڤى ژیاندۆستیه‌و له‌م ده‌قه‌ زمانیه‌ تابلۆئامێزه‌دا به‌جۆرێك هه‌ژموونی ژیان به‌رفراوان و باڵاده‌ست ده‌كات كه‌ مۆتیڤی مه‌رگدۆستی له‌به‌رده‌میدا پاسیڤ ده‌بێت و له‌جوڵه‌ ده‌كه‌وێت و له‌ نێوان دوانه‌ى ژیاندۆستی- ئیرۆس و مه‌رگدۆستی -تاناتۆسدا- ئیرۆس سه‌رده‌كه‌وێت و تاناتۆس ده‌به‌زێت كه‌ سه‌رچاوه‌ى ئه‌م باڵاده‌ستبوونه‌ى ئیرۆس جوانیه‌كانی ژن و خودى ژنه‌. 


محەمەد عەلی  كاتێك باس دێتە سەر حكوومڕانی لە هەرێم، گومانی تێدا نییە كە هەمووان دان بە كێشە و كەموكوڕییەكاندا دەنێن، بەڵام پێویستە راستییەكان وەك خۆی پێشان بدرێت و هەمووان بزانن هەر لە سەرەتای دامەزراندنی یەكەم كابینەی حكوومەتی هەرێم، لایەنی خراپساز لە كوردستان كامە لایەن بووە، بۆیە لە ئێستا و لەم كابینەیەش هەمان سیناریۆ بە كاراكتەری جیاواز بەردەوامی هەیە.  ڕاستە ئەم كابینەیە خراپسازە بە هۆكاری ئەوەی لایەنێكی سەرەكیی پێكهاتەی حكوومەت، كە بەشی زۆری وەزارەت و جێگری سەرۆكی حكوومەتیشی لایە، بەربەستە بۆ هەنگاوەكانی چاكسازی و داهات ناگەڕێنێتەوە بۆ حكوومەت و هانی فەرمانبەران دەدات بۆ بایكۆت و پارەی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خاشاك نادات و لە بەرامبەردا وەزیرەكان و پەرلەمانتارانیان بانگەشەی بوونی پارە دەكەن بۆ مووچە و، حكوومەت و سەرۆكی حكوومەت تۆمەتبار دەكەن بە نەدانی مووچە، خۆ ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان مووچەخۆرانی هەردوو زۆن، ئەوە بە دڵنیاییەوە رێژەی فەرمانبەران لە سلێمانی بەرامبەر هەردوو شارە، بە شێوەیەك تاكو ئێستا دەسەڵاتدارانی سلێمانی لەسەر ئەو بنەمایەی كە دەڵێت ئەوەی هی خۆمە بۆ خۆم و ئەوەی هی تۆشە دەخۆم، بەردەوامن لە حكوومەتداریی ئەم زۆنە. بەڵێ، ئەم كابینەیە خراپسازە بە هۆكاری ئەوەی لایەنی سەرەكیی ئەم كابینەیە، لە عێراقیش خەریكی یارییەكی ترسناكە بە داهاتووی هەرێم بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانی لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە، كە كۆی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هاوكات لە ڕێگەی خودی سەرۆككۆمارەوە بەربەست بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم دروست دەكەن، لە بەرامبەر داخوازییە كەسییەكان یەكڕیزی كوردیان لە بەغدا بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار بردووە، لەسەر ئاستی هەرێمی لە ڕێگەی ڕێككەوتنی گوماناوی لەگەڵ پارتەكانی پارچەكانی تری كوردستان بەردەوامن لە دروستكردنی كێشە بۆ هەرێم، بە شێوەیەك ئەوەتا جوڵەی چەكدارانی پەكەكە لە سنوورێكی دیاریكراودا بۆ ڕاكێشانی هێزەكانی توركیا بۆ قوڵایی خاكی هەرێم، ئەم گومانە پشتڕاست دەكاتەوە. بەلێَ ئەم كابینەیە خراپسازە، بەو هۆكارەی كە خاوەنی كۆمپانیایەك كە دەیان ملیار دینار باج قەرزاری حكوومەتە و دەیان دۆنم زەوی (مساتەعە)ی داگیر كردووە، دێت و لەسەر شاشە چەواشەكاری خەڵك دەكات و كار لەسەر بێبەهاكردنی هەموو پیرۆزییەكانی نیشتیمان دەكات، لە كاتێكدا باش دەزانن كە حكوومەتی عێراق لە هیچ كاتێكدا بەشە بودجەی كوردستان نانێرێت، بەڵام خەڵك چەواشە دەكەن كە حكوومەتی هەرێم بەرپرسە لە رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا ، هاوكات لەبری گەیاندنی ڕاستییەكان بە خەڵك كە كێ بەرپرسە لەدواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران، هێرش دەكەنە سەر سەرۆكی حكوومەت ، لە كاتی دروست بوونی كێشە خزمەتگوزاییەكان بە تایبەتی لە بواری شارەوانی و تەندروستی و  دابەشكردنی مووچە جارێكی تر چاوپۆشی  لە ڕاستییەكان دەكەن كە كێ بەرپرسە لە دابینكردنی ئەم پێداویستیانە بە  دڵنیایەوە دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوزن. لەسەر ئاستی هاوپەیمانییەكان  پاراستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزێكی هەرێمی وەك ئێران كە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە هەرێمی كوردستان هەمیشە پاشكۆی بێت بۆ حكومڕانانی عێراق یاخود لەباربردنی ئەم ئەزموونە بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەرێم نییە، كە لە ئێستادا هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی نێوخۆیی بوونی هەیە كە زۆرینەی گەلی عێراق پاڵپشتی دەكەن بۆ ئەوەیە كە عێراق لەژێر هەژموونی ئەم وڵاتە دووربخەنەوە، هاوكات چوونە بەرەی كۆمەڵێك هێزی عێراقی دۆڕاو لە هەڵبژاردن كە بەرپرسن لە بڕینی بودجەی هەرێم و هێرشكردنە سەر هەرێم و گەمارۆدانی، جگە لە سیاسەتێك كە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە كەسی و حیزبییەكانە، هیچ خزمەتێك بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ناكات.  


چیا عەباس زنجیرەی دوەم: چیرۆکی گوڵ و کیژ و گەنجانی نیشتمان لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٥ گۆرانیبێژی ئەمریکی Pete Seeger  سێ کۆپڵەی یەکەم و میلۆدی دەقێکی نوسیوە دەڵێت: " هەمو گوڵەکان چیان لێهات، کیژەکان گولەکانیان چنیەوە. کیژەکان لە کوێن، هەمویان شویان کرد، پیاوەکان لە کوێن، هەمویان بونە سەرباز". بەپێی چەند سەرچاوەیەک سەرچاوەی ئەم دەقە دەگەرێتەوە بۆ لایەلایەکی تەقلیدی قەوقازەکان.  پێم بڵێ گوڵەکان لە کوێن چیان بەسەر هاتوە کاتێکی زۆر بەسەرچو کیژەکان گوڵەکانیان چنی پێم بڵی کیژەکان لە کوێن چی رویداوە کیژە گەنجەکان شویان کرد پیاوە گەنجەکان هەمویان بەرگی سەربازیان پۆشی پێم بڵێ سەربازەکان لە کوێن هەمویان بۆ سەرقەبران رۆیشتن هەمویان بە گوڵ داپۆشران لە سەر گڵکۆکان شنەبایەک هەڵیکردوە پێم بڵی گڵکۆکان لە کوێن گوڵەکان لە هەوای هاویندا دەگەشێنەوە کەی مرۆڤ لەوە تێدەگات کەی مرۆڤ لەوە تێدەگات دەیان گورانیبێژی دنیا بە زمانە جیاکان ئەم کۆپڵانەیان وەک گۆرانی چریوەتەوە و یەکێکە لە ناودارترین میلۆدی فۆڵکلۆری دنیا. جاران لەم بەشە باشورەی نیشتمانەکەمان چەند شاعیر و نوسەری ناودار هەڵبەست و نوسینیان نزیک لە ناوەرۆکی ئەو کۆپلانەی سەرەوە نوسیوە، هەندێک لێیان وەک هەڵبەست و گۆرانی و سرود زیندو ماونەتەوە و تام ئەم چرکەیش ناخ و دەرونی کوردپەروەرە رەسەنەکان دەورێژێنن. سەردەمانێک بو گوڵ و کیژ و رۆڵەکانی میللەت گوڵزاری نیشتمان و روخسارە قەشەنگ و بێگەردەکەیان دەرازاندەوە، ئەو ساتانەی خۆبەخشین و کڵگۆ و هاژەی تاڤگە و شنەبای ناسک و فێنکی هاورێی شەفەقی بەیانیان تەواوکەری سیمفۆنیای رەسەنی کوردبون بون. زۆر واردە کەسانێک لەم سەردەمەدا پرسیار بکەن و بڵێن کوردبونی ئەو سەردەمە چۆن بو؟ ئایا ئەم گرێدانەوەیە بەو شۆڤینزم و نەستۆلژیا بەسەرچوە لە دۆخی ئیستادا چ سودێکیان هەیە؟ خەڵک پر بەدەم هاوار دەکات و داوای موچە و خزمەتگوزاری و دادپەروەری و ژیانێکی ئاسودە دەکات، باسکردنی ئەو مێژوە و چیرۆکەکانی گوڵ و کیژ و رۆڵەکان چی لەم واقیعە تاڵ و دژوارەی ئێستا دەگۆرێت! بۆ خۆم لەو باوەرەدام هەر کەسێک بە چیرۆکەکانی مێژوی خاک و نەتەوەکەی ئاشنا نەبێت هەروەک گەڵایەکی زەردهەڵگەراوی سیسی تەمەن بەسەرچوی بێ رەگ و ریش لە سوچ و قوژبنەکانی سەرجەم کەلاوە و وێرانەکانی زەمەندا دەگیرسێتەوە. لە رۆژانی ئێستای کوردستانەکەمان سەدان نمونەی ئەو جۆرە بێشەرم و رسوابوانە لە لوتکەوە تا بنکە لە دەسەڵات و حزب و دەرەوەیان دەبینین. کەسانێک هەن، بێگومان ناو و پرۆفایلیان نهێنی نین، سەردەمانێک پاککەرەوەی نەعلەکانی سەدام بون، دەرپێشۆری تاوان و بەدرەوشتیەکانی بون، بازرگانیان بە هەڵوەراندن و سوتاندنی گوڵەکانی کوردستان دەکرد و هەڵبەستی مەدح و سەنایان بۆ دەنوسی، لە سەردەمی ئەنفالەکاندا بە کیژەکانی کورد لە بازارەکانی عەکازی سعودیە و خەیمە بەدناوەکانی بیابانەکانی پاشا و ئەمیرە بەدرەوشتە عەرەبەکان مامەڵە و سەودایان دەکرد، رۆڵەکانی کوردیان، بە سەدان هەزار، زیندە بەچاڵ دەکرد، کەچی ئەمرۆ موعەززەز و موکەرەم لە کۆشکەکانی کوردستانیان پارێزراو و زۆر خۆشتر و ئازادتر لە کیژ و رۆڵەی سەربازە بێ ناوەکانی قەبرستانەکانی نیشتمان دەژین.  ئەم جۆرە چیرۆکانەی نێشتمانەکەمان دەبێت هاندەری گردار بن بۆ شکاندنی بێدەنگی و کرداری پێویست، دەگینا خۆشمان و مێژو و چیرۆکەکان هیچ بەها و مانایەکیان نامێنێت. پێویستە چیرۆکەکانی نێشتمان کانیاوی بوژاندنەوە و بەخشینەوەی خۆشەویستی و ئەمەک و متمانە بن بە خۆمان و بۆ ئایندەی نیشتمان و نەتەوە.  نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٧ ئەپریل ٢٠٢٢ تا چیرۆکێکی تر     


سه‌ردار عه‌زیز بواری حیزبناسی بوارێکی بەرفراوانی زانستە سیاسییەکانە. پۆلێنکردنی حیزب، تایپۆلۆجی، دیاریکردنی خێزانەکانی حیزب، هەموو بواری تایبەتن و لێکۆڵینەوەی ئێجگار زۆری تیادا ئەنجامدراوە. حیزبی کوردی بە گشتی وەها پۆلێن دەکرێت کە حیزبی نەتەوەیی، ناسیونالیستین، یان حیزبی خێڵەکین. بە گشتی ئەم جۆرە پۆلێنکارییانە وەک جۆرێک لە تانەو تەشەر بەکاردەبرێن لە بڕی پۆلێنکاری زانستی. لەم دواییانەدا چەمکی تر هێنراون وەک سوڵتانیی یان کلیپتۆکراسی، دیسانەوە ئەم پۆلێنکارییانە زیاتر دەچنە خانەی ڕەخنە یان ناڕەزایی دەربڕین. دەکرێت ڕژێمێک سوڵتانی بێت، کە بە پێی ماکس ڤیبەر یانی ڕژێمێکی تەواو شەخسی زیاتر لە کاریزمی و پاترۆمۆنیالیزم، بەڵام حیزبی سوڵتانی ناوازەیە. لە میانەی کنە و پشکنینەکانم لە یەک دوو ساڵی رابوردودا، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە سیستەمی حیزبی کوردستان و هەروەها عێراق، بە گشتی سێ جۆرن، شەخسی، خێزانی لە گەڵ بنەماڵەیی. ئەمڕۆ زیاتر باس لە حیزبی شەخسی دەکەم، وەک مۆدێلێک بۆ حیزب. یەکێک لە ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین و باشترین کاری لێکۆڵینەوەی لە بواری حیزبدا تیادا ئەنجامدراوە، ئیتالیایە. ماورۆ کالیس چەمکی حیزبی شەخسی، بە کارکردن لە سەر مۆدێلی بێرلیسکۆنی پەرە پێدا. هەرچەندە لێکۆڵەران بڕوایان وەهایە کە حیزبی شەخسی پێشینەی هەیە لە زۆر جێگای دونیا بە شێوازی جیاواز، بۆ نمونە هەندێک حیزبەکەی چارلس دی گۆل بە شەخسی دادەنێن، بەڵام مۆدێلی ئەم سەردەمی حیزبی شەخسی جیاوازە. بۆ مەبەستی ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین پێناسەیەکی تایبەت دابڕێژین لە سەر بنەمای حیزبەکانی کوردستان. دەکرێت بڵێین کە حیزبی شەخسی ئەو ڕێکخراوە سیاسییەیە کە کەسێک دایدەمەزرێنێت، خۆی دەبێت بە کەسی سەرەکی و هەتا خاوەن. ئامانجی حیزبەکە خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و دەرونی و ئابورییەکانی کەسەکەیە. گەرچی هەمیشە خیتابی ئەم جۆرە یەکە سیاسیانە بە ناوی کۆمەڵگاو بەرژەوەندی گشتی و هەموانەوەیە بەڵام کەسایەتی خاوەن حیزب بە سەر هەموویدا زاڵەو هەموو ئەوانی تر ئامرازن نەک ئامانج. حیزبی شەخسی پێچەوانەی مۆدێلە باوەکەی حیزبی سیاسییە کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی سیاسییە، لە سەر بنەمای دیدو بەرژەوەندی کۆدەبنەوە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات یان کاریگەری دانان لەسەر ئاراستەی حوکمڕانی. حیزبی شەخسی لە کەسێکدا بەرجەستە دەبێت. ئەو کەسە ئایا خاوەن کاریزمایە، یان توانایەکی باوکانەی هەیە، یان خاوەن تواناو ئامرازە. دەکرێت لێرەدا پۆلنکارییەکی خێرا بکەین: مۆدێلی کۆنی کاریزماو کەسایەتی تایبەت لەگەڵ مۆدێلی نوێی سەردەمی تەکنەلۆجیا. مۆدێلی کۆنی کەسایەتی کاریزمی و تایبەت ڕەگی لە باوەڕە باوەکانی ناوچەکەی ئێمەدا هەیە کە خەڵکانێکی زۆر هەتا ئەمڕۆش بڕوایان وەهایە کە کەسێک دەکرێت خاوەن تواناو کەرامەتێکی وەها بێت کە جودای بکاتەوە لە خەڵکە ئاساییەکە، لە ئەنجامدا خاوەن توانایەکی بان مرۆییشە. خەڵکی بڕوایان وەهایە کە هەندێک کار بە ئەو کەسە دەکرێت ناتوانڕت بە زۆرینەی خەڵکی بکرێت. مۆدێلی نوێی کاریزما دەرئەنجامی تەکنەلۆجیاو ئەفسانەسازی مۆدێرنە. کەسە خاوەن داهات و ئامرازەکان دەتوانن وێناو ئیمیجی تایبەت بە خۆیان لە خەیاڵی جەماوەرێکی زۆردا دروست بکەن کە گوایە تایبەتن، بوێرن یان ئازان. ئەمە لە ڕێگای زمان و هەڵسوکەوت و نمایش و وێناو زۆر بواری ترەوە دەکرێت. ئەم جۆرە نوێیە کارئاسانی زۆری بۆ کراوە لە بەر بڵاوی تەکنەلۆجیای وێنەو خێرایی پەیام و هەرزان بونی. بۆیە دەکرێت بڵێین حیزبی شەخس بە مۆدێلە نوێیەکەی بەرهەمی تەلەفزیون و فەیسبوک و ئامرازەکانی ترە. حیزبی شەخس کرۆک و ناوەڕۆکی نیە، هەموو شتێک هەیەتی نمایشە. لەڕوی زمانەوە زمانێکی ساده‌و شەعبی بەکار دەبات. حیزبەکەی بێرلسکۆنی بە ناو و زمانی وەرزشەوە قسەی دەکرد، بە تایبەت زمانی دوو گۆڵی ئیتالی و جەماوەرەکەی. کاتێک نمایش دەبێتە کرۆک ئەوا ئەوەی حیزب هەیەتی باوەڕدارو خاوەن ئایدەلۆژیاو هەڵگری بەهاو پرس و خەمخۆری نیە، بەڵکو چۆنێتی ڕاگرتنی و ڕاکشانی سەرنجی تەماشاکەرانە. بۆیە ئەگەر حیزبی تەقلیدی بە مانا باڵاکەی وەک قوتابخانەیەک بوو بۆ ڕاهێنانی کادیر و ئامادەکردنی کەسەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەپێناو بەڕێوبردنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای دیدو ئایدەلۆژیاو ڕوانگەوە، ئەوا حیزبی شەخس بە پێچەوانەوە کاری ڕاهێنان ناکات بۆ باڵابونی کادیرو کەسایەتییەکانی بەڵکو بە زۆری کەسانێکی دەوێت کە نزمتربن لە ئاستی گشتی و ئەو نەوتراو و بڤانە بڵێن کە زۆرینەی خەڵک بە گونجاوی نازانن بیڵێن. حیزبی شەخس هەمیشە ناسەقامگیرە چونکە لە باشترین دۆخیدا ڕەنگدانەوەی ئیگۆ و باری دەرونی خاوەنەکەیەتی. خاوەن حیزبە شەخسییەکان خۆیان لە لا مەبەستترە لە پێش هەموو شتێکی ترەوە، بۆیە هەمیشە خاوەن دۆخێکی ئیگۆیی و دەرونی ناسەقامگیرن. لە ڕوانگەیەکی ترەوە حیزبی شەخس ناسەقامگیرە چونکە ڕێگە بە ئەوە نادات کە دەزگاو پرۆسەی دەزگایی دروست بێت چ لە ناو حیزبداو چ لەدەرەوە، چونکە دروستبونی دەزگا وەها دەکات هەتا سنوری دەسەڵاتی ڕەهای کەسی خاوەن حیزب سنوردار بکات چ لە ڕەهەندی کاتەوە، یان لە ڕەهەندی دابەشکردنی ڕۆڵەکان. بۆیە حیزبی شەخس، تەمەنی لە گەڵ تەمەنی شەخسەکەدا، مەگەر ببێت بە خێزانی یان بنەماڵەیی. حیزبی خێزانی جیاوازە لە حیزبی شەخسی. لە عێراق و کوردستاندا مۆدێلکی ستالینی حیزب بونی هەبوو، بەڵام ئەوە تەواو بە سەرچووە. هەرچەندە ستالینیەت نمونەی باڵای دەسەڵاتی شەخسە، بەڵام بە مۆدێلکی جیاواز. حیزبی شەخسی ناتوانێت بەئاسانی ڕێکبکەوێت لەگەڵ هێزەکانی تردا، چونکە ڕێککەوتن و پێکەوەبون ڕەنگە لە پێگە و درەشانەوەی کابرای شەخس کەمبکاتەوە. ئەمەش کرۆکی ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنە لە ناوچەکەدا. ئەگەر حیزبی شەخس هەنگاو نەنێت بەرەو خێزانی ئەوا تەمەنی کورت دەبێت و خێرا دەپوکێتەوە. لە داهاتوودا دروستبونی حیزب و گروپ بە خێرایی و پوکانەوەیان بە خێرایی دەبێتە دیاردەیەکی باو. پەیوەستبوون بە حیزبی شەخس و جیابونەوەی لێی کارێکی زێدە ئاسانە. هەندێک حیزبی شەخسی وەها بەهانە دەهێننەوە کە شەخسی بون تەنها قۆناغێکە هەتا تیادا بتوانن دەزگاکانیان بونیادبنێن، بەڵام کاتێک هێزێک لە سەرەتادا شەخسیەو هەموو بونیادەکانی لەپێناو شەخسدا دروستبووە، ئەستەمە لە سایەی شەخسدا بتوانرێت خۆی دەزگایی بکات، کاتێک کە دەزگاییش نابێت، ئەوا لەگەڵ مردنی شەخسەکەدا لە بڕی ئەوەی ببێت بە دەزگایی ناوەندەکەی توانای بەرگەگرتنی نامێنێت و دەپوکێتەوە. حیزبی شەخس ڕەنگە ئەهوەنییەکی دەرونی و دەنگدانەوەی خواستی کەسەکان و غەڵبەغەڵبێکی زۆر دروست بکات بە تایبەتی کاتێک لە دەرەوەی دەسەڵات بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت هیچ باشەیەکی بەرچاو پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات. حیزبی شەخس لەو مۆدێلە حکومڕانیەیە کە پێی دەوترێت پریدەتۆری؛ بەو مانایە سیستەمێکی سیاسی کە بۆ خۆی دەبات. ئەم سیستەمە ئامانجی بردنی سامان و دەوڵەمەندبونە لە میانەی سیاسەتکردندا. بۆیە هاتنی بۆ ناو سیاسەت بۆ بردن و خزمەتکردنی کەسەکەیە، نەک کۆمەڵگا. کۆمەڵگا تەنها ئامرازێکە وەک فشار سودی لێدەبینرێت. بۆ مرۆڤی کورد کە ئاشنا نیە بە سیاسەتی سەردەم و دەزگا و حوکمداریی و مێژوی دەسەڵات ئاسانە بە نمایشەکانی شەخس فریو بخوات، نەتوانێت هەموو وێنەکە ببینێت. کەسێک لە قسەیەک یان قیڕەیەکدا کۆبکاتەوە. شەخس بە دڵی خەڵکە چونکە بە خەڵکی دەڵێت ئەرکی ئێوە تەنها ئەوەیە کە پشتیوانی من بکەن، ئیتر پاش ئەوە دونیا دەبێتە شامی شەریف. حیزبی شەخس داوای ئەرک و ڕۆڵ و کارو زەحمەت لە ئەوانیتر ناکات، چونکە ئامانجی سەرەکی بەکاربردنی ئەوانیترە.


عەبدولڕەزاق شەریف ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩/٧/٢٥ و دەرکەوتنی هێزی جەماوەری ب گ، مام جەلالی توشی شۆک کرد، چونکە بۆ خۆی و هاوڕێکانی چاوەڕوان نەکراو بو . بەدوایدا هەمو هەوڵێکی خۆی بۆ راستکردنەوەی بڵانس و گەڕانەوەی هێزی جەماوەریی یەکێتی خستە گەڕ، چەندین کۆڕوکۆبونەوەی لەگەل کەسانی شارەزای کورد و بیانی ئەکرد، هەمو پرسیارەکەشی ئەوەبو کە چۆن یەکێتی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا ئاشت بکەینەوە؟  بە دیوێکی تردا چۆن شکست بە ب گ بهێنرێت؟ لە سەردانێکیدا، بۆ ئەمریکا ئەم باسەی لە کۆشکی سپی کردبۆوە، بە روخسەتی سەرۆک ئۆباما داوەتی بەرپرسی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی سەرۆکی ئەمریکای بۆ شاری سلێمانی کرد، ژنێک کەمتر لە نیوەی تەمەنی تێپەڕیبو، هات و دوای وەرگرتنی داتا و زانیارییەکانی رێکخراوێکی تایبەت، لەسەر راسپاردەی مام جەلال کۆرسێکی وانە وتنەوەی بۆ ئەندامەکانی م س لە هۆڵی کۆبونەوەکان رێکخست، وەک قوتابی سەرەتایی هەموان گوێگر و ئامادەبون، بەندەش بەحوکمی ئیشەکەم ئامادەبوم و کۆنوسی دەرس و گفتوگۆکان لای خۆم پارێزراوە . - یەکەم رۆژی هەڵمەتی راگەیاندن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا وتارێکی کورتم بۆ سەرۆک ئۆباما ئامادەکرد و زیاتر لە جارێک ئەم دێڕە « سەرۆک بۆش هیچ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا نازانێ و کەسێکی فاشل بوە » م دوبارە کردبۆوە، وتارەکانی رۆژانی دواتریش بەهەمان شێوە ! دوای هەفتەیەک سەرۆک پێی وتم تۆ چیت بەمنکرد ؟ هەفتەیەکە و هەرچی نوخبەی ئەمریکایە لەسەرم ئەنوسن و ئەڵێن ئۆباما لەو قسەیە زیاتر هیچیتر نازانێ ! بۆم رونکردەوە کە تا کۆتایی هەڵمەتەکە ئەبێ ئەو دێڕە بڵێتەوە، هەتا لە هەست و نەستی تەواوی خەڵکی ئەمریکادا، جێگیر ئەبێت ! پێشم وت کە گوێ بەو نوخبەیە نەدات کە یەک لە سەدی دەنگدەرەکانی ئەمریکا نابن . ئەوە یەکێ لەوانەکانی راوێژکارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بو بۆ چۆنیەتی راکێشانی دەنگەکانی خەڵک لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانا، دروست تەواوی گەلی ئەمریکا تا رۆژانی دوای هەڵبژاردنیش ئەو رستەیەی ئۆبامایان ئەوتەوە و سەرکەوتنیشی بەدەست هێنا، هەر لەو وانەیەدا و مەلا بەختیار لە کۆمێنتێکدا وتی : ئێمە پێچەوانەی ئێوە هەمو رۆژێک قسە ئەکەین و پێمان عەیبەیە هەر رۆژەی شتێکی تازە نەڵێین . پێش ئەوەی بیمە سەر باسی پێناس و پەیامەکەی نەوەی نوێ، بۆ هەمو ئەوانەی سەبارەت بە پشتیوانی من بۆ نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید پرسیاریان لا دروست ئەبێت پێویستە بڵێم : هیچ پەیوەندیەکی ئۆرگانی، رێکخراوەیی و سیاسیم بەو جوڵانەوەیەوە نیە، چۆن لەناو یەکێتی بوم و بە نوسین و ئەدەبیات پشتیوانی بیر و بەرنامەی نەوشیروان مستەفام بۆ گۆڕانکاری ئەکرد، پێم وابو دواجار مام و کاکە نەوە لەسەر پڕۆژەی گۆڕانکاری رێکدەکەون، ئەوانەشی کوێرانە بەرد ئەگرنە نەوشیروان مستەفا شەرمەزار ئەبن .  بەهەمان شێوە کە لیستی نەوەی نوێ راگەیەندرا، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی ب گ بوم و لە کۆبونەوەیەکدا داوام لە جڤات کرد هەمان هەڵە دوبارە نەکەینەوە، بە پێکهاتن یان بە هاوپەیمانی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید رێکبکەوین، چونکە خۆی موبادەرەیەکی هاوشێوەی بۆ کردبوین . جڤاتی نیشتیمانی زۆر بەتوندی ئەم بۆچونەی منیان رەتکردەوە، تەنانەت یەکێ لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆم وتی : - پێم سەیرە بەم ئاخیری تەمەنەوە کاک رەزاق ئەیەوێ بمانکات بە هاوڕێی شاسوار …  - ئەوانە هەمویان هاوڕێی ئێمە بون، بەڵێ من ئەمەوێ بتانکەم بە هاوڕێی دەنگدەرەکانی نەوەی نوێ، شانازیش ئەکەم هاوڕێی ئەوان بم نەک هاوڕێی کوڕەکانی مام جەلال و مەسعود بارزانی کە ئێستا ئێوە کار بۆ ئەوە ئەکەن . بەم شێوەیە وەڵامی هاوڕێکەی خۆمم دایەوە و کۆنوسی کۆبونەوەکەش ماوە . ئەو دو حیکایەتەم بە دەرگایەکی گرنگ زانی بۆ چونە ژورەوەی باسەکە … بە درێژایی مێژوی مرۆڤایەتی زۆرینەی رەهای کەسانی نوخبە لە دەرباری دەسەڵاتدارانا بون، زۆر لە داهێنانە گەورەکانیش لە سایەی دەسەڵاتا بەرهەم هاتون، لە ناو کۆمەڵی کوردەواریشا، بە تایبەت لەم سێ دەیەی حوکمڕانی خۆماڵیا، لە گشت وێستگەکانی نارەزایی دەربڕین و قۆناغەکانی ئۆپزسیۆن بونیشا و هەتا ئێستاش، بەرەی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی زۆرترین کەسانی (حاکم و یاساناس، مامۆستای زانکۆ، نوسەر، ئەدیب، رۆژنامەنوس، دکتۆر و ئەندازیار و شەهادەداریتر …هتد) یان لەگەڵدایە . سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەبێت هەمیشە پەیامەکانی بۆ خەڵک و دەنگدەرەکانی بێت، کاری دەستە جەمعی بۆ پارێزگاریکردنی دەنگەکانیان بکەن، ئەوەش نهێنی یان ئەفسونێکی شاراوە نیە، بەردەوام بون لەسەر شەپۆلەکانی جیاوازیەکان و خەسڵەتەکانی جوڵانەوەکە و خودی سەرۆکەکەی، کەشتیەکە بە کەناری سەرکەوتن ئەگەیەنێت، زۆر گرنگیشە خۆیان و خەڵک ئەم هەقیقەتانە بزانن و پارێزگاری لێ بکەن : * شاسوار لە دەوڵەمەندی، پارەداری و ژیانێکی خۆشگوزەرانەوە هاتوە و مل لە چەقۆی دەسەڵاتداران ئەسوێ، بەرەنگاریان ئەبێتەوە و دژی ئەو مەنزومە سیاسی و ئابوریەیە کە خۆیشی لە ناویا دەستکەوتگەلێکی مادی گەورەی بەدەستهێناوە، پێچەوانەی گشت کارەکتەر و خێزان و بنەماڵە سیاسیەکانی ئەم سێ دەیەی حوکمڕانی کوردستان کە بە لاتی و شەڕواڵ و کراسێکەوە هاتن و سەدان ئەوەندەی شاسوار و گشت دەوڵەمەنەکانی پێشوی کوردستان سەروەت و سامانیان چنیوەتەوە و جگە لە تفەنگچیەکانی دەرماڵیان هیچ سودێکیان بۆ کەسیتر نەبوە ! ئەو تەنانەت پێچەوانەی سەرمایەدارەکانیتریشە کە دەستیان بە کڵاوی بەرژەوەندیەکانیانەوە گرتوە و بە هەر رێگەیەک بێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی حیزب و خێزانە سیاسیە تازە پێگەیشتوەکان خەریک و شەریکن . * دامەزراوەی نالیا و میدیاکەیان رۆڵێکی گرنگی لە بواری راگەیاندن، ئەدەب، هونەر، پەروەردە و رۆژنامەوانی کورد گێڕاوە، مانەوە، پاراستن و گەشەپێدانی ئەرکێکی نیشتیمانی گەورە و گرانە . * ماندوبون و بێزاربونی کورد لە هەمو ئەو نەهامەتی و دەردەسەریانەی بە هۆی دوبەرەکی (مەلایی و جەلالی) یەوە، نیو سەدەیە بەرۆکی گرتوە . نەوەی نوێ جیاواز لەوانیتر توانیویەتی تەجاوزی ئەم یان ئەویان بکات و نەبۆتە شەریک و پاشکۆی حوکمڕانی هیچیان . بۆ وەبیر هێنانەوە سەرەتای شۆڕشی نوێ بزوتنەوەی سۆشیالیست زۆر بە خێرایی گەشەی کرد، کاتێ هۆکاری ئەو بەدەمەوە چونەی خەڵکیان لە سەید کاکە پرسیبو، وتبوی ئێمە کە قسە بۆ خەڵک ئەکەین دەرێین « نە جەلۆینە و نە مەلۆینە سۆشیالیستی سەربەخۆینە » بەداخەوە دواتر بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیانەوە بون بە چەند بەشێکەوە و بەسەر هەردولایا دابەشبونەوە . نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی نە لە ئێستا و نە لەرابردودا، سەر بە هیچ تەرەفێکی مەلایی و جەلالی نەبوە، دوای چل ساڵ هەمان دروشمی بزوتنەوەی سۆشیالیست بە تایبەتمەندی قۆناغێکی نوێ ئەڵێتەوە . ئاڵەنگاری گەورەی پێش هەر کار و کردەوەیەکیشیان پارێزگاریکردنە لەو دروشمە، هەرکاتێک گومان لەم ئاڵەنگاریە دروست ببێت وەک لەم روداوانەی هەفتەکانی پێشودا لە بەغدا رویدا و دروستبو، ئەبێت زو چارەسەر بکرێت یان دوبارە نەبێتەوە . * لەم کایەی تەواوی ژیان شێواوەی کوردستانا، لەم سەروەختی هەڵوەشاندنی تەونی کۆمەڵایەتی کوردەواریدا، کە راستەوخۆ پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان هۆکار و تاوانبارن، پێبزانین یا نەزانین نەوەیەک بەرهەم هاتوە پێناسەی تورە قوڕاویەکەی شاسوار بە هەزاران شێواز ئەکەنەوە، خۆ سەرکردە و خوێنەوار و خەباتگێڕەکانی حیزبەکانیتریش بە پارتی و یەکێتیشەوە، هەمان توری قوڕاوی نمایش ئەکەن تەنیا جیاوازی نێوان هەردو نمایشەکە ئەوەیە کە یەکەمیان بە قسە ئەڵێت :         مەسولەکانی کورد سودی ئەو تورە قوڕاویەیان نیە !          بەڵام ئەوانیتر بە کردار و رەفتار و نوسین و قسەیان ئەڵێن :          مێژوی شۆڕش و حیزب و قوربانیەکانی گەل، خۆمان و هاوڕێ شەهیداکانیشمان یەک توری قوڕاوی         نەهێنا .



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand