Draw Media

ئاهەنگێڕان لەكاتی قەیرانەكاندا، وەك ئاماژەیەك بۆ بەكۆتاهاتنی قۆناغێك!

ئاهەنگێڕان لەكاتی قەیرانەكاندا، وەك ئاماژەیەك بۆ بەكۆتاهاتنی قۆناغێك!

2022-04-19 21:45:09


د. كامەران مەنتك

 ئیبن خەلدون دەڵێت خۆشگوزەرانی یەكێك لە مەرجەكانی دامەزراندنی شارستانیەتە، بەڵام خۆشگوزەرانی زۆر هۆكارێكە بۆ رووخانی شارستانیەت. هەروەها پێی وایە، كاتێك ژمارەی بەرپرسەكان زۆر دەبێت، پیاوەكان لاسایی ئافرەتان دەكەنەوە، دەستیان لە خەنە دەنێن ووەكو مامز بە لەنجەو لار رێدەكەن، ئەوە ئاماژەیەكە بۆ بەكۆتا هاتنی شارستانیەت، بە واتایەكی تر بۆ رووخانی دەوڵەت! باشترین نمونە لەمێژوودا، بۆ شرۆڤەكردنی ئەو چەمكە، قۆناغی دوا خەلیفەی عەباسیەكانە، معتصم بالله، كاتێك مەغۆلەكان هێرشیان بۆ كردو لە سەردەمی ئەودا دەوڵەتی عەباسیان رووخاند، معتصم هەموو ئەو زێرو زیوو سامانەی كەوتبووە بەردەست، كەخەلیفەكانی عەباسی لە ماوەی 524 ساڵدا بەیەكەوەیان نابوو، ئەو خەلیفەیە خەریكی رابواردن وكەیف وسەفابوو، گوێێ نەدەدا ئەوەی هەموو وڵاتەكەی داگیرو وخاپوور بكرێت، ئەو هەمیشە وتە بەناوبانگەكەی دووبارە دەكردەوە:" بەغداد بۆ من بەسە"، واتە هەموو وڵاتەكەی بڕوات تەنیا بەغدای بۆ بمێنێتەوە ئەو بەسی بوو، لەسەر دەمی ئەو خەلیفەیەدا مەغۆلەكان بەئاڕاستەی بەغدا دەهاتن، هۆلاكۆ لەرێگای خۆیدا سێ نامەی بۆ ناردو داوای خۆبەدەستەوەدانی لێكرد، ئەو بایەخی پێ نەدا، تاوەكو هۆلاكۆ گەیشتە بن دیوارەكانی بەغدا وخۆی بۆ پەلاماردانی ئامادەكرد، لەو كاتەدا هۆلاكۆ داوای لە فەرمانڕەوای شاری موسڵ كرد، كە چەك و مەنجەنیقی بۆ بنێرێت، بۆئەوەی لەداگیركردنی بەغدادا بەكاریان بهێنێت، هەر لەو كاتەدا خەلیفە داوای لە فەرمانڕەوایی مووسڵ كرد تیپێكی میوزیكی بۆ بنێرێت!
دەتوانین وانەی ئەوە لەو رووداوە هەڵێنجین، كاتێك بەرپرسانی وڵاتێك دووچاری گەندەڵی دەبن وخەریكی ژیانی خۆیان دەبن، ئاگایان لەهیچ نامێنێت وباكیان بەهیچ نابێت، دوای 764 ساڵ لە هەولێر هەمان دۆخ دەكەوێتە بەرچاوو دووبارە دەبێتەوە، لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵكی كوردستان لەدۆخێكی دارایی ودەروونی سەختدا دەژیت، لەكاتێكدا توركیا هێرشێكی بەرفراوانی كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان وچاوەڕوانی ئەوە دەكرێت ئەو هەرێمە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، لەو كاتە بەرپرسەكانی هەولێر خەریكی ئاهەنگ گێڕان وهەڵپەڕكێن، وەك ئەوەی ئەوانیش بڵێن هەولێرمان بەسە، كە بەداخەوە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ كۆتایی قۆناغێك، ئەوانەی لەو كاتە هەستیارانەشدا ئاهەنگ دەگێڕن،هەمیشە لەكاتە سەختەكاندا رادەكەن وبەدوای فەرمانڕەوا نوێكان دەگەڕێن بۆئەوەی ئاهەنگیان بۆ ساز بكات!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand