Draw Media

عێراق وڵاتی كێیە ؟

عێراق وڵاتی كێیە ؟

2022-04-26 06:12:30


شادمان مەلا حەسەن
ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە بەم جوگرافیەی ئێستایەوە ساڵی 1920 لەلایەن به‌ریتانیاوە دامەزرا. پێش ئەوە دەوڵەتێك نەبوو بەناوی عێراق. بەڵكو خاكێك هەبوو بەناوی عێراق. لەهەمان كاتدا هیچ دەوڵەت و ئەمارەت و ویلایەتێكیش نەبوو بەناوی كوردستان و سوننەستان و شیعەستان. ئەوەی هەبوو بۆ ماوەی چەند سەد ساڵێك ویلایەتەكانی بەغداو بەسراو موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بوو. دەوڵەتی عوسمانی لەجەنگی جیهانی یەكەم (1914_1918) ئەم سەرزەمینەی دۆڕاند. به‌ریتانیا ئەم دەوڵەتەی دروستكردو پاشایەكی لە حیجاز بۆ هێنا. دەیان كەس لە كوردو عەرەب بەهەردوو مەزهەبی شیعەو سوننەو توركمان و مەسیحی و جولەكە بەشداربوون لە بنیادنانی ئەم عێراقە.

ئەگەر بەراووردی ژیان و گوزەران و پێشكەوتنی ئەم سەرزەمینە بكەین لەگەل سەردەمی عوسمانی و سەردەمی به‌ریتانی جیاوازی زۆر هەیە لە هەموو بوارەكان. لەوانەیە ئەگەر جەنگ نەبوایەو ئەم ناوچەیە هەر لەژێر دەستی عوسمانییەكان بمابایەوە، ئەوەی لەساڵی 1920كان پێیگەیشت لەسایەی عوسمانی لەساڵی 1940كان پێیدەگەیشت. بۆیە دەوڵەتەكە زۆر باشتر بوو لەوەی پێشتر بۆ خەڵك. ئەگەر ئەوێ رۆژێ كورد نەیتوانی مافی خۆی بەتەواوی لەم دەوڵەتە بچەسپێنێ. خۆ ئەم دەوڵەتە تازەی كە ئێستا هەیە ساڵی 2003 ئەمەریكاو به‌ریتانیا هاتن و بەزەبری هێز رژێمی بەعسیان روخاند، ئەو خەڵكە پەڕاگەندەی دەرەوەیان هەموو هێناوە كردنیان بەسەركردەو سەردارو دەمڕاستی ئەم وڵاتە. دەستورێكی تازەیان بۆی نووسیووە. كورد ئەوەی هەیبوو لەم دەستورە جێگیری كرد. كەچی ئەوە ئێستا هەر كوردە لێی هەڵگەڕاوەتەوە (كە دەلێم كورد مەبەستم ئەو بەناو سەركردە سیاسییە بازرگانانەیە كە حەفتا ساڵە خەڵك بەكوشت دەدەن و بازرگانی بەناوی دۆزی كوردەوە دەكەن).

كورد رۆژەك بەناوی ئابووری سەربەخۆ شەڕ بە عێراق دەفرۆشێ خۆیان فول دەبن و میللەتەكەیان زەلیل و گیرفان بەتال دەكەن. رۆژێك بەناوی سەربەخۆیی ریفراندۆم دەكەن و ناگەڕێنەوە عێراق و پاشان شەڕ لەسەر هەرچی پۆستی عێراقی هەیە دەكەن. هەر رۆژەی بیانوێك بە عێراق دەگرن و دروشمی بریقەداری بێ بەرهەمیش بۆ میللەت رادەگەێنن. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە خەڵك و كەسانی دەستەبژێر لە پەیوەندیدا بن و ئەم تەلیسمە بشكێننن كەوا ئەم دروشمە بەتاڵانە جگە لە زیان هیچی تری بۆ كورد پێ نییە.

واقع و قەدەر ئێمەی وایكردووە لەچوارچێوەی ئەم وڵاتەدا بین. بۆیە دەبێ بەئاشكرا عێراقیبوونی خۆمان رابگەێنین. ئەگەر مەسەلە مافی نەتەوەیمانە ئەوە هیچ كەس تازە ناتوانێ نكۆلی لە بوون و ناسنامەو مافمان بكات. چونكە هەمووی لە دەستور جێگیركراوە. كاتی ئەوە هاتووە هەموو عێراقییەكان كار بۆ عێراقێكی پێكەوەیی و خۆشگوزەران بكەن و دروشمی بازرگانە سیاسییەكان بەتاڵ بكەنەوە كەوا بەناوی مەزهەب و ئاین و نەتەوە دەیكەن. هەركات ئاشتی باڵی بەسەر عێراقدا كێشابێت خەڵك لە خۆشگوزەرانیدا بووە. كورد ئەوەی ئێستا بە ئاشتی بۆی دەكرێ هەرگیز بەشەڕ بۆی ناكرێ. هەرگیزیش كوردستان نابێتە ئەو هێزەی، عێراق بە زەبری هێز پاشەكشە پێ بكات. ئەمە واقعێكی مێژوویی و جوگرافی و دیمۆگرافی و سیاسییە .نەوەك خەیاڵ پڵاوییەكی بەتاڵی بازرگانێكی سیاسی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand