لە سفر کێشەوە بۆ شمشێرەکەی سوڵتان
.gif)
2022-04-19 12:54:45
د. جەعفەر عەلی
مێژووی دەوڵەتی تورکیا لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا، لە ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆگان، مێژووی خوێن و شمشێرە، مێژووی هێرش و پەلامار بۆ سەر ئازادی و بوونی کوردە وەک نەتەوەیەک. دەوڵەتی تورکیاو سوڵتانە مۆدێرنەکانی، بۆ سەد ساڵی تەواو دەچێت پەلاماری بوونێکی سیاسی و کولتوری دەدەن، یەک سەدەی تەواوە هەرچی ڕێگەو شێوازی توندوتیژی هەیە بەرامبەر ئەم بوونە سیاسی و کولتورییە تاقیانکردووەتەوەو بەردەوامیشن، سەد ساڵەو شمشێری سوڵتانەکانی ئەنکەرە خەریکی خوێناویکردنی ئازادی و سەرەتاییترین مافی ئینسانە، لەڕێی خەون هەڵچنین لەسەر نوکی شمشێر شەڕی سڕینەوەی نەتەوەیەکیان بە ئامانج گرتووە. سەد ساڵەو هێشتا نایانەوێت لەو ڕاستییە مێژوویی و سیاسییە تێبگەن، ئیرادەی مرۆڤی بەهێز، گەلی بە ئیرادە، بە نوکی شمشێر ناشکێنرێت. مرۆڤ ئەگەر ئیرادەی هەبوو، نەک شمشێرە مۆدێرنەکانی سوڵتان، دوامۆدێلی چەکە بەکارنەهێنراوەکانی گەنجینەکانی بەرگریش هێزی ئەوەی نابێت ئازادی و ژیان لە ناخی ئەو گەلەدا بکوژێت و بۆ هەمیشە مل بە نەتەوەیەک کەچ بکات.
کێشەی ڕیشەیی دەوڵەتی تورکیا، کێشەیە لەگەڵ جیاوازی، کێشەیە لەگەڵ دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان. دەوڵەت لە تورکیا هەموو شتێکی قبوڵە جیاوازی و ناسنامەی سیاسی و کولتوری جیاواز نەبێت، دەوڵەت دەبێ یەکڕەنگ و یەک نەتەوە بێت. ئەوان بەوە ڕازین تۆ پەرلەمانتار، سەرۆک شارەوانی، کاندیدی سەرۆک کۆماری دەوڵەتیشت هەبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانن بەوە ڕازی بن، تۆ وەک کوردێک هەوڵی داکۆکی لە ناسنامەی سیاسی و کولتوری خۆت بدەیت، هاوشانی گەلان و ئیتنیکە جیاوازەکانی دیکەی تورکیا، خەبات بۆ بەرەوپێشبردن و بڵندبوونی شوناسی نەتەوەیی خۆت بکەیت. ئەوە ئەو هێڵە سورانەن کە ڕۆحی فاشیزم لەسەریان دەژی و دەرچوون لێی وەک ئەوە وایە لە ناو میحرابی مزگەوتدا سوکایەتی بە خوداو پیرۆزییەکانی دین بکەیت. لێرەوە ئەو ڕۆحی فاشیزمەی دەوڵەت، حیزبە سیاسییەکانی تورک و دەسەڵات لە تورکیا، لە هەر نمایش و ڕۆڵێکی نمایشییانەی دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان بەتاڵ دەبێتەوە و ماسکە ساختەکەی سەر دەموچاویان بە بەرچاوی دونیاوە دەکەوێت.
فاشیزم دەتوانێت بە ناوی دیموکراسی و بەیەکەوە ژیانەوە قسە بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ژیانکردن لەگەڵ جیاوازیدا بژی. مۆسۆلینی شمشێرێکی نەخشێنراو بەهێمای ئیسلامی بەسەر پشتی ئەسپێکەوە بەرزکردەوە، ئەتاتورک لە کوردە موسڵمان و کۆمۆنیستەکانیش هاتەپێش، بەڵام هەردوو فیگەرە فاشیستەکە وەکیەک خەریکی نمایش و بەستنی ماسکی ساختە بوون. ئەردۆگان کوڕی ناو ئەو دونیای فیکر و نمایش و ماسک و میتۆدە فاشیستییەیە، بۆیە چۆن ئەتاتورک لە سەرەتای بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت و لە هەنگاوەکانی دامەزراندنیشیدا، توانی هێزو وزەی مرۆیی و جەنگی کوردو ئەوانی دیکەیش بە قازانجی فاشیزم هەڵمژێ، ئەردۆگانیش لەسەرەتای دەسەڵاتیدا تا ئەندازەیەکی گەورە سوودی لە گوتاری ساختەی بەیەکەوە ژیان لەژێر پەردەی ئیسلام و مرونەتی دینی ئیخوانی بینی، هەر لەم ڕێگەیەشەوە توانی هەم لە کورد نزیک بێتەوە، هەم جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی، ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشچوونی ئابووری لە تورکیا بهێنێتەدی، بەڵام گرفتی ئەردۆگانیش، هەمان گرفت و ئەو گرێی خودباڵاییە بوو، ئەو ئیگۆ قوڵ و ڕۆحی فاشیستییە بوو، کە وەک میراتێکی ڕۆحی لە باوکی تورک، ئەتاتورکەوە بۆی بەجێماوە.
ئەردۆگان، چەند هەوڵبدات هێزی دەرچوون و جیابوونەوە لەو میراتە ڕۆحی و فیکرییەی باوکی دامەزرێنەر، ئەتاتورکی نییە، چەند بەناوی دیموکراسی، ژیاندۆستی، دینەوە قسە بکات، هێشتا هەموو هەنگاوێکی، هەر جوڵەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی، بە ڕەنگی عەقڵ و فیکری باوکانی پێش خۆی ڕەنگکراوە، هێشتا بۆ چرکەساتێکیش توانای ڕاستەقینەی بۆ دابڕان لەو ڕۆحی فاشیزمە نییە، ناتوانێت لەو سێبەرو تارماییە قورسە ئایدیۆلۆژی و دۆزەخییە دووربکەوێتەوەو مامەڵەی ڕاستەقینەو ئینسانی لەگەڵ سفرکردنەوەی کێشەکانیدا بکات، کە هاوشانی تیۆریسین و هاوڕێ کۆنەکەی داود ئۆغلو، درۆی سفرکردنەوەی کێشەکانی تورکیایان بۆ ناوەوەو دەرەوەی خۆیان بەیان دەکرد.
ئەردۆگان، نەک هەر نەیتوانی کێشەکان سفر بکاتەوە، بەڵکو سفریشی کرد بە ژمارەیەکی گەورە، ئەو بە تەنیا کێشەکانی گەورەتر نەکرد، بەڵکو دەیان کێشەی نوێ و گرفتی سیاسی، ئابووری نوێیشی بۆ دەوڵەت و گەلانی تورکیا زیادکرد. لە هەموو ئەوانەش ترسناکتر، مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورک- کورد، تورک- ئەرمەن، تورکیا لەگەڵ سوریاو عیراق و زۆرێک لە پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەیشی ئاڵۆزترو خوێناویتر کرد.
دەوڵەتی تورکیا سەد ساڵی تەواوە نایەوێت عەقڵانی سیاسەت بکات، نایەوێت لەو ڕاستییە مێژووییە تێبگات، چیتر خوێن و شمشێر نامانگەیەنێت بە هیچ، چیتر پەلامارو هێرشی سەربازی، زمانی چەک و قین و توڕەیی، بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانمان نابەن، چیتر سوڵتانەکان هێزی ئەوەیان نابێت بتوانن لەسەر نوکی شمشێرەکانیان دانیشن و گەرەکیشیان بێت لەسەر ئەو کورسی خوێنە، ژیان ئارام و هێمن بێت.
