خالید رەزا لە رۆژی ٢٠ی ٥ ی ٢٠٢٢، یەکەم حاڵەتی توش بوون بە ڤایرەسی ئاوڵەی مەیمون لە هۆڵەندا دەستنیشان کرا. ئەمرۆ ٢٣ ی ٥ ژمارەی توش بوون گەیشتە ٦کەس. لە هۆڵەندا چەند کەسێک تووشی ئاوڵەی مەیمون بوون. هەوڵەکان بەردەوامن بۆدۆزینەوەی توشبووی تر. ئاوڵەی مەیمون کە زۆرجار بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون ناودەبرێت، هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا هەیە. هەندێک جار لەڕیی گەشییاری ئەو شوێنانەوە ڤایرۆسەکە بۆ ئەوروپا دەگوازرێتەوە. ئەم نەخۆشییە نە خۆشی ئاژەڵەییە (واتە نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە ئەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ) بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناو ئاژەڵە یڕەرەکان- قرتێنەرەکان (knaagdieren) ی ئەفریقادا هەیە. بە گشتی مرۆڤ ئەم درمە بەسوکی ئەگرێ. # بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیمون لە ئەوروپا لە مانگی ٥ ی ٢٠٢٢دا چەند کەسێک لە ئەوروپا توشی نەخۆشیەکە بوون. جێگای سەرنجە کە زۆربەی ئەم توشبووانە نەچوون بۆ ناوچەکانی ئەفەریقا. ئەمەش دەمانخاتە گومانەوە کە لەوانەیە ڤایرۆسەکە لە ئەوروپادا بڵاوبووبێتەوە. بەشێکی زۆر لەوانەی لە تێستکردن دا پۆزەیڤ بوون، پیاوانی هاوڕەگەز خواز بوون. لەڕاستیا ئەم ڤایرەسە بەتەنها تایبەت نیە بەم گروپە، بەڵکو لە ئینگلتەرا ژنێک و مناڵێک تووشی ئەم ڤایرەسە بوون. ئێستە دەسەڵاتدارانی تەندروستی بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن بزانن ئەم ڤایرەسە چۆن بڵاو دەبێتەوە و کام گروپ کە مەترسی زیاتر تووش بونیان لەسەرە ئاگادار بکرێنەوە. ئەوشێوە گۆڕاوەی کە ئێستە لە ئەوروپا دۆزراوەتەوە بەگشتیی درم نییە، ئەگەر چی هێشتا زۆر شت نازانین سەبارەت بە بڵاوبونەوەی لەو کەسانەوە کە لە ئێستەدا نەخۆشن. چاوەڕوان دەکرێ ڕێژەی توشبوون لە ئەوروپا بەرز ببێتەوە. # نیشانەکانی نیشانەکانی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە نیشانەکانی تووشبوونی (ئاوڵە) دەچێت، بەڵام بەگشتی زۆر سووکترە. زۆرجار نەخۆشییەکە ئەم نیشانانەی هەیە: + تا + ژانەسەر + ئازاری ماسولکەکان + ئاوسانی لیمفە گرێکان + لەرز + شەکەتی دوای ١-٣ ڕۆژ لەدەرکەوتنی یەکێ یان زیاتر لەو نیشانانە، دەست پێ دەکات بە دەرکەوتنی پەڵە لەسەر دەموچاو، دواتر بە هەموو جەستەدا بڵاو دەبێتەوە. ئەم پەڵانە وردە وردە دەبن بە بڵق (تلۆق). دوای ئەوەی کە بڵقەکان وشک ئەبن وئەپوکێنەوە دواجار لە ماوەی ٢-٣ هەفتەدا شوێنەکەی سارێژ ئەبێت. # بڵاو بوونەوە زۆربەی ئەوانەی تووش دەبن بەهۆی بەرکەوتنیانەوەیە لەگەڵ کەسێکی توش بوو، یان بەهۆی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرەسەکەوەیە. ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی لینجە پەردەوە دەچێتە ژوورەوە بۆ نموونە لینجەی پەردەی (دەم، لووت، چاو)، یان برینێکی دیار (مەرج نییە برینەکە بەدەرەوەبێ). هەروەها ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی شلەی ناو بڵقە تەقیوەکانەوە یان لە ڕێی پرژەی دەمی نەخۆشەکەوە بڵاودەبێتەوە، لەبەر ئەو هۆکارانە نابێ لەو کەسانە نزیک ببیتەوە کە تووش بوون. # سەرچاوە و بەدوادا چوون ئەگەر کەسێک لە تێستکردندا پۆزەتیڤ بوو، دەبێ بۆ سەرچاوەی تووش بونەکەی بگەڕێین لەگەڵ دەستپێکردنی چارەسەردا دەست دەکرێ بەگەڕان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی توش بوونەکە، تا بزانرێ لەگەڵ کێ و لەکوێ بەرکەوتنی لەگەڵ کەسانی ترهەبووە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن. # کەرەنتینە کەسی تووش بوو، دەبێ خۆی داببڕێ (عەزلبکا) واتە نابێ لەگەڵ خەڵکی تر تیکەڵاو ببی هەتا هەموو ماکەکان نامێنێ. مەبەستمان لەنەمانی هەموو نیشانەکان هەتا ئەو کاتەیە کە بڵقەکان وشک دەبن و قەتماغەکان ساڕێژ دەبن و نامێنن. # کوتان (ڤاکسین) ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون زۆر لە ڤایرۆسی ئاوڵە دەچێت. بەهۆی کاریگەری کوتان دژی ئاوڵە پەتای ئاوڵە لە جیهاندا نەماوە. تا ساڵی هەفتاکان کوتانی ئاوڵە بەشێک بوو لە بەرنامەی نیشتمانی کوتان دژی ئاوڵە، لە دوای نەمانی ئاوڵە ئیتر هەڵمەتی کوتان دژی ئەم ڤایرەسە وەستێندرا. لە رۆژانی سەرەتای تووش بووندا بە ڤایرۆسی مەیمون دەتوانرێ ڤاکسینی ئاوڵە بەکار بهێنرێ (خۆپاراستن لە دوای بەرکەوتن). هەروەها دەتوانرێت ئەم ڤاکسینە وەک پاراستنی پێشوەختە بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە مەترسی تووشبوونیان بەم ڤایرەسە زیاترە.لەم حاڵەدا تەنها پزیشک دەتوانێ بڕیار بدات لە خۆتەوە ناتوانی داوای ڤاکسینی ئاوڵەی مەیمون بکەیت. لە هۆڵەندی یەوە بۆ کوردی خالید ڕەزا ئەمین سەرچاوە: پەیمانگای نیشتمانی بۆ تەندروستی گشتی و ژینگە (RIVM)
ساڵح ژاژڵەیی هەر وەكو چۆن لە چاخە كۆنەكاندا سوڵتان و پێاوە دەست ڕویشتوەكان خزمەتكارو دەست و پێوەندەكانی ناو قەسرەكانیان خەساندوە و لە پیاوەتیان خستون و كردویانن بە كۆیلەی خۆیان و چۆنیان ویستوە ئاوا مامەلەیان لەگەڵ كردون و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان هێناون ، لە ئێستادا یەكێتی و پارتی لە ڕێگای جۆراو جۆر و بە شیوازی تایبەت كۆی كۆمەڵگای كوردیان خەساندوە ، واتە بیدەنگیان كردون . حیزبی كوردی لە بری ئەوەی كۆمەڵگای كوردی بەرەو پێشەوە بەرێت و ناوماڵی كورد ڕێك بخات لەپێناوی پێشخستنی هەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانی مافەكانی ، بۆتە هۆكاری تێكدانی ناوماڵی كوردو پەرتەوازەكردنی . جگە لەوەش تا ئێستاش حیزبە دەسەڵاتدارە كوردیەكان لە لایەن بنەماڵەكانەوە سەرپەرشتی و ئیدارە دەدرێن . واتە حیزبەكان حیزبی بنەماڵەن . كەواتە ئەو حكومەتەی لە سەر دەستی ئەو حیزبانەش پێك دەهێنرێت دەبنە حكومەتی بنەماڵە نەك حكومەتێك كە نوێنەرایەتی گەل بكات . كە واتە لێرەدا حیزب دەبێتە شاگردی بنەماڵەو بنەماڵەش بە ویستی خۆی فەرمانبەرەكان دەست نیشان دەكات و بەرپرسیاریەتیان پێ دەسپێرێت و ئەوانیش بە ویستی ئاغاكانیان هەڵس و كەوت دەكەن . ئێستا لە ڕێگای ئەم ڕونكردنەوانەی لە خوارەوە باسیان دەكەم باشتر تێ دەگەن چۆن یەكێتی و پارتی كۆمەڵگای كوردیان خەساندوەو كردویانە بە كۆیلەو مریدی خۆیان. 1-بۆ ئەوەی دام ودەزگاكانی حكومەت بە باشترین شێوە ڕێك بخرێن و كاروباری هاوڵاتیان بە شێوەیەكی ئاسان بەڕێوەبەرن و وڵات بەرەو پێشەوە بەرن دەبێ پرەنسیپی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو پەێرەو بكرێت . واتە كەسێكی خاوەن بڕوانامە و شارەزاو لێزان و پسپۆڕو دڵسۆز و دەست پاك و نیشتمان پەروەرو خاوەن كەسایەتی بدۆزرێتەوە بۆ بەڕیوەبردنی وەزارەتێك ، فەرمانگەیەك ، دادگایەك ، زانكۆیەك ، قوتابخانەیەك ، كارگەیەك .....هتد. نەك شوێن بدۆزرێتەوە بۆ كەسانی هیچ لە بارا نەبوی حیزبی و كاسەلێس و سەر بە بنەماڵەكان . بەڵام بە پێچەوانەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە یەكەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە ، حكومەتێكی یەكگرتو نەبوەو ئێستاشی پێوە بێت دوو ئیدارەی سەر بە دوو بنەماڵەن و حكومەت هەر ناوەو هیچیتر . بۆیە هەموو بەرپرسی فەرمانگەكان و سەرۆك و ڕاگری زانكۆ و كۆلیجەكان و بەڕیوەبەری قوتابخانەكان و پەیمانگاكان و دادگاكان و وەزیرەكان و بەڕیوبەرە گشتییەكان و ڕاوێژكارە كان و هەموو بەرپرسەكانی تری دام ودەزگاكانی حكومەت كەسانی سەربە دوو بەماڵەو دوو حیزبی فەرمانڕوان و شوێنیان بۆ دۆزراوەتەوە . بەرپرسی فەرمانگەو دام ودەزگاكانی حكومەت لە بری ئەوەی لەسەر بنەمای شارەزایی و لێهاتوی دانرێن ، لەسەر بنەمای حیزبی بون و لە ڕێگای لق و ناوچەو مەڵبەندو كۆمیتەكانی حیزبیەوە بۆ پۆستەكان دەپاڵێورێن . ئەوانە بۆیە دانراون كە وەلایان بۆ حیزب و بنەماڵە هەبێت و فەرمانی ئەوان جێ بەجێ بكەن . بەو هۆیەوە هیچ كاروباریك وەكوخۆی جێ بەجێ ناكرێت و دیاردەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و خۆ دەوڵەمەند كردن بۆتە سیما و كەلتورێكی ناشیرینی ئەم هەرێمەو هۆكاری وێرانبونی . كەسێك دەكرێتە سەرۆكی دادگا یان دەبێتە حاكم شایانی ئەو پۆستە نییەو موچەیەكی زۆری هەیە . كەسێك دەبێتە سەرۆكی زانكۆ یان دەبێتە ڕاگری كۆلیجێك كە بە قبوڵ خاس لە زانكۆ وەرگیراوە .بۆیە ئەمانە ناتوانن سەربەخۆبن لە كارەكانیاندا . كەسێكی وەكو توانا كەمال دەكرێتە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی كە بەنوكە قەڵەمێك و ئیمزایەك لە ماوەی یەك دەقیقەدا بە بڕیاری سەروی خۆی كەسێك دەكاتە ملیۆنێر . بڕیاردەدات شوێنی باخچە و شوێنی یاریگاو شوێنی قوتابخانەكان بكاتە شوێنی نیشتەجێبون . حاكمێك لەسەر بڕیاری حیزب حوكمی ناحەق بەسەر هاوڵاتیاندا دەدات و بەلایەوە ئاساییە . فەرمانگەی داواكاری گشتی بێدەنگە لە ئاستی بەهەدەردان و دزینی سامانی هەوڵاتیانی و داگیر كردنی موڵك و ماڵی گشتی كە بە ئاشكرا بە بەرچاویانەوە دەكرێ . خۆ ئەگەر نوسراویشیان بۆ بنوسی و ئاگاداریشان بكەیتەوە ، ئەوان هەر بێدەنگ دەبن چونكە پێیان وتراوە قسەنەكەن و ئەوە كاری ئێوە نییە . كەسێك دەكرێتە سەرۆكی زانكۆ گومان لە بڕوانامەكەی دەكرێت بۆیە ئاستی زانكۆكانی كوردستان لە خواری خوارەوەیە . كەسێك دەكرێتە وەزیر گرَێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەك ئێمزا دەكات تەنها بۆ مەبەستی دزیكردن و خۆ دەوڵەمەنكردنی خۆی . كەواتە هەنگاوی یەكەم لەڕێگای پێدانی پلەو پۆستەوە خەڵكیان خەساندوەو كردویانن بە كۆیلەی خۆیان . 2- لەهەرێمی كوردستان حیزب حكومەتی ڕاستە قینەیە و حكومەت شاگردی حیزبە . بەدیوێكی تردا حیزب حكومەتە لەناو حكومەتدا . بۆیە دەبینی ژمارەی ئەندامانی حیزب كە لە سەركردایەتی و بنكردایەتی و لق و ناوچەی پارتی و مەڵبەندو كۆمیتەكانی یەكێتی و ڕێكخراوە بەناو دێموكراتیەكان و كاروباری كۆمەڵایەتی و سوڵح و سەڵاحەت كار دەكەن ئەگەر زیاتر نەبن لە فەرمانبەرانی حكومەت كەمتر نین و ئەمانە هەمویان بونە بارێكی قورس بەسەر بودجەی گشتی خەڵكەوە چونكە هیچ كارێك بۆ میللەت ناكەن و ئەمانە كەسانی خەسێنراون و كراون بە كۆیلەی حیزب . كەواتە ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە بەشی موچەی ئەو لەشكرە بێكارەی حیزبیش ناكات ، نەك ئەنجامدانی خزمەتگوزاری . 3- یەكێتی و پارتی دوو حكومەتی جیاوازن لەناو یەك حكومەتی درۆینەدا . هەر یەكەیان هێزی پێشمەرگەی تایبەت و ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆرو دەزگاكانی زانیاری و پاراستنی خۆی هەیەو تەنانەت ناوەكانیشیان جیاوازە . هیچ لایەنێكیان ژمارەی تەواوی ئەوهێزانە نادەنە وەزارەتی درۆینەی بەناو پێشمەرگەو وەزارەتی دارایی . بۆیە بە ئارەزوی خۆیان چۆن و چەندیان بوێت دەیكەنە لیست و پارە وەردەگرن . ئەگەر بەدواداچونێكی وەرد بكەی لانی كەم لەناو هێزی پێشمەرگەدا بەقەدەر ژمارەی یەك لیوا بندیوار هەیە . فەرماندەی سەربازی نییە دەیان بندیواری نەبێت . ئەگەر بچیتە خواروە بۆ یەكەكانی پێشمەرگەو بەدواداچونی ورد بكەی ئەو كات تێ دەگەی چەند كەس ناوی لە لیستدا هەیەو چەند كەسیش بە ڕاستی ئەركی بینیوە . ئەوەتا پارتی بە ئارەزوی خۆی بێ ئەوەی پێویستبن هاتوە 6 هەزار ئاوارەی سووری كردۆتە پێشمەرگەو بۆ ئەوەی دژی كورد خۆی بەكاریان بهێنێـەوە و ئەوانە بونە ئەركی قورس بەسەر بودجەی گشتییەوە . پارتی ناوە ناوە فەوجێك بۆ كەسێك دەكاتەوە بۆ بەكار هێنانیان دژی یەكێتی و . ماوەی 10 ساڵە بەئاشكرا 500 دەرچوی زانكۆ دانەمزراون . بزانن چەند پێشمەرگەش شەهید بوەو چەند كەسیش ساڵانە خانە نشین دەبن و موچەكەیان دەبێتە نیوە . لە بری ئەوەی خەرجی موچە كەم ببێتەوە ساڵانە دەیان ملیار دینار خەرجی زیاد دەكات ئەمە بۆچی ؟. لەبەر ئەوەی بەدزیەوە لەناو هێزی چەكداردا بەردەوام خەڵك دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی بیانكەنە كۆیلەی خۆیان و بەكاریان بهێنن دژی هاوڵاتیان . ئەو هێزە چەكدارەی یەكێتی و پارتی هەیانە بە ژمارە زۆر زیاترە لە ژمارەی سوپایەكی وەكو ئیسڕائیل كە شەر ِلەگەڵ هەموو عەرەب دەكات . ئەمە لە كاتێكدایە ئەم ژمارە زۆرەی چەكدارە تەنها ئەركیان بەرگریكردنە لە هەردوو بنەماڵەو ڕوبەڕوبونەوەی هاوڵاتیان . 4- بەشێكی هاوڵاتیانیان كردۆتە كۆیلەی خۆیان لە ڕێگای پێدانی زەوی . دامەزراندنی كەس و كاریان . بڕینەوەی دیوەخانانە بۆ كەسایەتییە دیارەكان . ناردنی ئوتومبێلی ئاخر مۆدێل بۆ هەندێك كەسی دیاری ناوكۆمەڵگا لە كاتی هەڵاَبژاردنەكاندا . ڕێگا پێدان و كار ئاسانیكردن بۆ هێنانی كەل و پەلی ماوە بەسەرچوو لەمەرزەكانە . لەم ڕێگایانەو بە شێوازی جۆراو جۆری ترەوە بەردەوام خەرێكی خەساندن و بە كۆیلەكردنی جەماوەرن واتە بیدەنگ كردنیان بەرامبەر بە تاوانەكانی خۆیان . جاری واهەیە كەسێكی هیچ نەبوی سواڵكەر لە ناكاو وەكو قارچك هەڵاَ دەتۆقی و دەبێتە كەسایاتییەكی دیارو دەوڵەمەند بە هۆی نزیكی لە كەسانی حیزبیەوە . گومانی تێدا نییە ئەویش بەدل َو بەگیان دەبێتە خزمەتكاری حیزب . 5- تا پێش ڕاپەڕین هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستانی هەموو لایەنەكان زیاتر نەبوە لە 7-8 هەزار پێشمەرگە ئێستا بچن ببینن چەند كەس بەناوی پێشمەرگەوە خانە نشینكراوە . .. خەڵكك هەیە لەحیم چی بوەو بەو هۆیەوە چاوێكی لەدەست داوە ، ئێستا بە پلەیەكی بەرز بەناوی پێشمەرگەو كەم ئەندام خانە نشینكراوە . كەسێكی تر لە تراكتۆر كەوتۆتە خوارەوە ، ئێستا عەمیدی كەم ئەندامە . بەهەزاران كەس كراوە بە شەهید كە هەر پێشمەرگە نەبوە . خەڵك هەیە بە ئاسایی مردوەو خراوەتە سەر لیستی شەهیدان . جگە لە هەموو ئەمانە ژمارەیەكی یەكجار زۆر هاوڵاتی هەیە كە بۆ یەك ڕۆژیش پێشمەرگە نەبوەو یەكێتی و پارتی هاتون موچەیان بۆ بڕیونەوە تەنها بۆ ئەوەی دەنگیان بۆ بدەن . خەڵك هەیە جاش بوەو بەرزترین موچەی هەیە . ئەگەر دەتانەوێت بزانن ئەم هەرێمە لە سایەی یەكێتی و پارتیەوە توشی چ كارەساتێك بوە ، بەیانیانی زوو پێش دەست پێكردنی دەوام بچن بۆ بەردەم فەرمانگەكانی حكومەت بەچاوی خۆتان دەبینن چەند ئافرەتی بە تەمەنی بەساڵاچو بە شەلە شەل و لارە لار دەچن بۆ پاك كردنەوەی فەرمانگەكان چونكە هەموو كەسێك بیزی نایەت ئەوكارە بكات . هەرئەم كەسە لە سەری مانگدا و لە كاتی خۆیدا موچە وەرناگرێـت و كە خانە نشینیش كرا دەبێ لە سەرەی موچە وەرگرتندا گیان لە دەست بدات . بەڵام لەولاوە سمێل بابرێك كە كاتی خۆی جاش بوەو لە لایەن ئەم دوو حیزبە فەرمانڕەوایە تاڵانچیانەوە موچەی باشی بۆ بڕاوەتەوەو گاڵتە بەخەڵك دەكەن . هەرچی سیفەتی حوكمڕانی هەیە لەم وڵاتەدا نییە . قوتابخانەی وا هەبوە 25 مامۆستای تێدا بوە 15 كاتیبەی هەبوە بەڵام دوو پێرەژنی داماوی بەسالاچوو هەبوە وەكو خزمەت گوزار ئاخر چۆن حوكمرانی بەمانە دەكرێت ؟. 6 –ئەو پارەیەی كە دراوە بە ئوتومبێل بۆ ئەندامانی سەركردایەتی و بنكردایەتی و كادیرو ئەندامانی هەردوو حیزب و كەسایەتیەكان و لەگەڵ حسابی مەسەرەفی بەنزین و خەرجی چاكردنەوەیان و لەگەڵاَ زۆرینەی ئەو ئوتومبیلانەی بۆ دام و دەزگاكانی حكومەت كڕاون كە زۆرینەیان هەر زیادەن و پێویست نین و بۆ ڕازیكردنی خەڵك كڕاون ،ئەگەر هەموو ئەو پارەیە حساب بكرێت بەلانی كەمەوە 20 كارگەی گەورەی پی َدادەمەزرێنرا ، كە هەر یەكەیان 500 كەس كاری تێدا دەكات . بەڵام هەموو ئەم بە هەدەر دانە بۆ ئەوەیە خەڵك بخەسێنن ، واتە بێدەنگیان بكەن و بیانكەنە كۆیلەو خزمەتكاری خۆیان . 7- بەڵام ئەوەی زۆر مایەی نیگەرانیە . ئەوەی زۆر مەترسیدارە . ئەوەیە كە لە ئێستادا نوخبەی ڕۆشنبیریش خەریكە بە تەواوی بخەسێَنرێت و بێدەنگ بكرێن . سەردەمانێك لە شاری سلێمانی نوخبەی ڕۆشنبیر ببو بە مەترسی گەورە لەسەر دەسەڵات . كەسانێك هەبون وەكو ئەستێرەی گەشاوە وابون لە ئاسمانی سلێمانیدا . قسەكانیان نوسینەكانیان لێدوانەكانیان ، نرخ و بایەخی خۆی هەبوو . خەڵك گوێی بۆ دەگرتن . بەڵام بەداخەوە ئەو دەنگانە نەمان و كپ كران .ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگای پێدانی پلەو پۆست و موچەی باشەوە ، زۆرێك لەوانەی كڕێن و كردنی بە كۆیلەو گوێڕایەڵی خۆی . ئەوانە ژمارەیان زۆرەو بە باشیشی نازانم ناوی كەس بهێنم . هەرچی پەیج وسایتی ئینتەرنێتی هەیە تەنها ئەوانە نەبێت كە بەقەدەر پەنجەكانی دەستن ، هەمویان لە لایەن دەسەڵاتەوە كڕاون و خاوەنەكانیان بونە كۆیلە . دەسەڵات خۆی بە سەدان پەیجو سایتی كردۆتەوەو خەڵكی تایبەتی داناوە بۆ چەواشەكردنی كۆمەڵگا . كارەساتی گەورە ئەوەیە كە رۆِشنبیرێك ، خاوەن بڕوانامەیەكی بەرز ، خاوەن پۆَستێكی باڵا، خاوەن كەسایەتییەكی ناو شار بێدەنگ بێت و خۆی بە بەرپرسیار نەزانێت بەرامبەر بەو هەموو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە پیرۆِزیەكانی شار دەكرێت . ئێرە ئەوروپا نییە كەسێك شتێك لەسەر حكومەت بنوسێت و خێرا حكومەت وەڵام نەداتەوە یان ئیجرائات نەكات . ئێرە كوردستانە بەرپرسانی ئێرە نە گوێیان هەیە نە زمان نابێ هەر بەوە ڕازی بێت شت بنوسێت ، دەبێ ڕوی دەمیان تی َبكەیت و بڵێی ئەوەی نوسیومە لەگەَل تۆمە . جاری واهەیە هەر قسە ناكات و خۆی گیل دەكات . دەبێ ئەو كات دەست و یەخەی بگرێت و ڕای وەشێنێت و پێی بڵێی ئەوە لەگەڵ تۆمەو ئاگادار بەو خۆت گیل مەكە . باشە دەپرسم سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێمانی توانا كەمال كە بڕیاری دەركرد شوینی مەسڵەحەی كۆن كە بۆ باخچە دانرابوو ، 140 دۆنم زەوی كە بۆ یاریگای نێو دەوڵەتی دانرابوو ، بەشێكی ئەو زەویە بەتاڵانەی پشتی خەستەخانەی ئەنوەر شێخە كە ئێستا پەیمانگای وەرزشی پەروەردەی و كۆلیجی سەڵاحەدینی ئەهلی تێدایە بكرێنە شوێنی نیشتەجێبون و بازرگانی ، چەند كەس هاتە دەنگ وو چەند كەس شتێكی لەسەر ئەو تاوانە گەورانە نوسی كە ئەوە دەست درێژی كردنە بۆسەر پیرۆزیەكانی شار لە لایەن كۆیلەكی حیزبەوە . ئەو تاوانە لە هەر وڵاتێكی تری دنیا بكرایا ، شارێك دەخرۆشا . لەوڵاتان لەسەر بڕینەوەی درەختێك خەڵك خۆپیشاندان دەكات ، لەم وڵاتەی ئێمە لەسەر بڕینەوەی شارێك كەس نقەی لێوە نایەت بۆیە تاماوین دەبی َهەر كۆیلەبین ، كۆیلەی دەستی بیگانە بین یان كۆیلەی دەستی دەسەڵاتدارانی خۆمان ، جیاوازی نییەو كۆیلە هەر كۆیلەیە . باشە كەسێك بۆ جارێك باسی ئەوەی نەكرد بۆچی لە پردی كۆبانیەوە بەرەو هەواری شار بایی 60 ملیۆن دۆلار داگیر كراوە لە لایەن سەرانی حیزب و بنەماڵەوە بەڵام لەناو كارێزە وشكەوە تا دەگاتە پاركی ئازادی لە كیلۆمەترێك كەمترەو لە زەمانی سەدام حوسەینەوە بڕیار درابوو بكرێتە جوت سایدو قەرەبوی هەموو ئەو ماڵ و دوكانانەش كراوە كە بەر شەقامەكە دەكەون .لە ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانی كوردو یەكێتی نیشتمانی كورستانە ئەم كیلۆمەترە نەكرا بە جوت ساید بۆ ئەوەی سیمای ئەم شارە كەمێك جوان ببێت و هاتوچۆش ئاسانتر بێت . بەڕێزان : ئەوانەی ئەم شارە بەڕێوە دەبەن خەڵكی ئەم شارەە نین و تەنها بۆتاڵانكردنی لێرەن . بۆیە دەبێ هەر خەڵكی ئەم شارە خەمی شارەكەی خۆیان بخۆن و لەسەر داگیركردنی بێنەدەنگ و بە ئاشكرا هاوار بكەن . باشە ئەگەر حاكمێكی ئەم شارە مامۆستایەكی زانكۆی ئەم شارە، ڕۆشنبیرانی ئەم شارە ، كەسایەتییەكی ئەم شارە ، خەمخۆرەكانی ئەم شارە نەیەنە دەنگ ئەی چاوڕوانی كێ دەكەن لە بری ئێمە بێتـە دەنگ و بەرگری لە پیرۆزیەكانی شارەكە بكات ؟. بەڕاستی سەیرە شاری هەڵمەت و قوربانیش ئاوا بە ئاسانی خەسێنراو بێدەنگ كراو بو بە شاری كۆیلە خەسێنراوەكان و هەرگیزچاوەڕوانی ئەو سوگایەتییە لە دانیشتوانی شاری هەڵمەت و قوربانی نەدەكرا . لە هەر وڵاتێكی تری دنیادابوایە لەسەر داگیركردنی شوێنی یاریگاكەو شوێنی باخچەو هەموو شار بەیەكەوە دەڕژانە سەر شەقامەكان . لانی كەم وەرزشە وانەكان . ئەی باشە ئەم هەموو یانە وەرزشیانە چین و چ كارەن ؟. بەڵام داماوانە نازانن كە بە ناوی یانەی وەرزشی و وەرزشەوانەكانەوە نێوەی زەوی ئەم شارە بەتاڵان براوە و فرۆشراوە , . كاتی ئەوەیە هەمومان بەیەكەوە بێینە دەنگ . ڕۆشنبیر بەرپرسیاریەتێكی قورس و گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ و زۆر شتی گەورەشی پێدەكرێت ئەگەر ئیرادە هەبێت . خۆ ئەگەر وریاش نەبێت دەكەوێتە بەر ڕەخنەی زۆر قورسەوە . لە بیرتان نەچێت ڤلادێمیر لینین دەڵێت : ڕۆشنبیران بەتواناترین خەڵكن بۆ خیانەت، چونكە بەتواناترن لە خەڵكی تر بۆپاساو هێنانەوە . كۆتا قسەشم ئەم چەند قسە جوانەیە كە لە فەیسبوكەوە وەرم گرتون و بەڕاستی زۆر جوان و پڕبایەخ و پڕ بە پێستی خۆیەتی كە بەم دەسەڵاتەی ئێستا بوترێت . حكومەتەكەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ژێر دوو ناوی پارتی و یەكێتیدا لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە پێك هێنراوە : پەڕلەمان شاگردی حكومەتە . حكومەت شاگردی حیزبە . حیزب شاگردی بنەماڵەیە . بنەماڵە غولامی بێگانەیە . خۆشم ئەمەم بۆ زیاد كرد ، میللەتیش قوربانی و ڕەنجەڕوی دەستی ئەمانەیە . 22/5/2022
لهتیف فاتیح فهرهج له كاتێكا ئێمه كۆستمان كهوتوه ، له كاتێكا سوپای داگیر كهرو دڕندهی تورك به بهر چاوی دنیاوه ، دێت له سنوری قهڵاسێوكهو شوانی كیمیا بارانكراوی دهستی بهعس ، كهس و كاره ئهنفالزهدهكهمان شههید دهكات ، له كاتێكا هاوارو گریانی خوشك و كهس و كاری كاك ئیسماعیل و كاك ئارام ئاسمانهكان شهق دهكات و بهرهو لای خوداوهند بهرز دهبێتهوه ، دهنگه نهشازو ناشرین و ناخۆشهكه دهنگهكهی خۆمانه كه دهڵێت پهكهكه بۆ له ههرێمن ، ئهو ناڵێت توركیا بۆ له ئاخجهلهرو شوان خهڵك دهكوژێت ، فڕۆكهی دهست و دیاری ناتۆ چی دهكات به دهست توركهوه تا له سنوری كهركوك كورد تیرۆر بكات . ئهو ناڵێت توركیا بۆ لێره دهمانكوژن ، یهخهی كچ و كوڕهكوردهكانی باكورو رۆژههڵات و رۆژئاواو ههرێمی كوردستان دهگرێت ، ئێوه بۆ لێرهن ، له كاتێكا ئهو كچ و كوڕانه ئهگهر چهكدار و گهریلابن شهرهفی كورد دهپارێزن ، وهك چۆن له ههولێرو شهنگال و كهركوك و مهخمور ئهوهیان كردو سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش سوپاسی كردن ، ئهوان لێرهن لهبهر ئهوهی نیشتمانیان داگیر كراوه ، وهك چۆن ئێمهش له باكورو رۆژههڵات بووین زهمانێك ، ئهوان هاوكاری بهعس و تورك و فارسیان نهكردووه بۆ كوشتنی هاوزمانهكهیان وهك چۆن ئێمه له ههفتاو نۆو سهرهتای ههشتاكان و شهستهكان و نهوهدهكان و زۆر سات و سهردهمی تر كردومانه ، تۆ كه جاسوسی بهسهریانهوه دهكهیت ، كه بنكهو بارهگاكان و نهخۆش و بریندارو كهمئهندامهكانیشیان بۆ تورك ئاشكرا دهكهی ، كه بۆ پارهیهكی كهم خۆت و نیشتمان و شهرهف و كهرامهت و شكۆت دهفرۆشی ، مافی ئهوهت نیه بڵێی ئهوان بۆ لێرهن ، ئاوارهو كۆچبهرو پهنابهری كورد له دهستی ستهمی داگیر كه له كوێ نین ، تورك ئهوهنده بێشهرهفه داوای رادهستكردنی ئامینه كاكه باوهی ژنه بهڕومهت و ئازاو چهپهكهی رۆژههڵاتی كوردستان دهكات كه دهیان ساڵه پارلهمانتاری سویدهو ناسنامهی سویدی ههیه ، تۆش له نیشتمانی خۆیدا دهڵێی ئیلامیهك و كرماشانیهك و ئامهدیهك و وانیهك نابێت لێره بن ، ئاوڕێك له شكۆی خۆت بدهرهوه . ئهوه چ كهرامهتێكه مرۆڤ به هاوزمانهكهی خۆی بڵێت بۆ لێرهی ، باشه خۆ محهمهد زهكی گهریلا نهبوو كاسبێكی ئهم سهرزهمینی خودایه بوو ، بۆ بۆ بلهی هونهری كوردی دزو ئیلنور جهفیك و میت و جاسوسی تورك ههبێت له ههولێرو سلێمانی و ههموو كونج و كهلهبهرێكی ههرێم بن ، بهڵام بۆ مام شوكری نا ، پیاوبه بڵێ توركیا چی دهكهن لێره ، بڕۆ وهك گهنجهكانی شیلادزێ ئاگر له بارهگاكانیان بهرده، ههر ئهوهش ناتوانی ، دوو قسه بكه، ئهوهش ناوێری لانی كهم بێدهنگ بهو دهمت ببهسته ، قسه زۆره بۆ وتن ، ئێستا كه ئێمه له پرسهی شههیدهكانداین ئهو كهسه كهسه ئهلفێكی بهسه .
بهناز حەمهرەشید ههرچهنده کاریگهرییهکانی راگهیاندن زۆرن بهڵام یهکێک لهو کاریگهریانهی کهراگهیاندن لهسهر جهماوهر دروستی دهکات کۆنترۆڵکردنی کۆمهڵایهتییه که رهگهزێکی گرنگه بۆ پاراستنی سیستم و سهقامگیری ههرکۆمهڵگایهک ، مهبهست لێی ئهودهسهڵاته نهبیراوهیه که تاک حسابی بۆدهکات واتا لهبهرچاویدهگرێت و بهپێی ئهو ههڵسوکهوت دهکات لهناوئهوکۆمهڵهی تیایدا دهژی ، رایسمان (3)جۆر کۆنترۆڵی کۆمهڵایهتی جیاکردۆتهوه : یهکهمیان : لهرێی رهچاوکردنی ئهو بههاو عورفانهوه یهتهدی که کۆمهڵ بهپێی مێژوو قبوڵیکردووه و پهیوهندی بهو عورف و داب ونهریتهوه ههیه که له کۆمهڵدا پیاده دهکرێت ، دووهمیان: ناوخۆییهو پهیوهندی به قهناعهت و بههای کهسهکهوه ههیه ، لهژێر رۆشنایی ئهوپێوهرو بههایانهدایه که لهخودی تاک خۆیدایه وهکو : خۆبهزلزانی و خاکیبون و رێزگرتن و هتد سێیهمیان: دهرهکییهو پهیوهندی به قبوڵکردن ورازیبونی کهسانی دیکهوه ههیه له رێی پابهندبونی تاک بهههمان ههڵسوکهوتی خهڵکانی ترهوه واتا دهبێت وهک خهڵکی ههڵسوکهوت بکهیت.. راگهیاندنیش گرنگترین ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کۆمهڵایهتییه، بۆچی؟ لهبهرئهوهی ئامرازێکی جهماوهرییه پهیامهکانی دهگاته زۆرترین کهس کهئهمهش یهکێکه لهخاسیهته گرنگهکانی ، ههروهها خهڵک بۆبهدهستهێنانی زانیاری وهک سهرچاوه پشتی پێدهبهستێت و تارادهیهکیش بیروباوهرو جۆری ژیانیان دیاریدهکات ، ههروهها راگهیاندن لهرێی ریکلامکردن بیروراو بیری دیاریکراو دهکاته عورف و دواتر جهماوهر قبوڵی دهکات ، رۆڵی راگهیاندن له پرۆسهی کۆنترۆڵکردنی کۆمهڵایهتی یهکخستنی خهڵکه لهسهر (رۆشنبیر)یهک کهدهرچون لێی قورسه ، جۆری رهفتارهکانیش که خهڵک له راگهیاندنهوه فێری دهبێت بهپێی تێپهربونی کات لای زۆرینهی خهڵک دهبێته عورف و لاساییکردنهوه ودهبێته بهشێک له رۆشنبیری کۆمهڵ ، بێگومان راگهیاندن دهتوانێت به ئهرێنی و نهرێنی کار لهسهر دروستکردنی ئهم کاریگهرییه بکات ، واتا ئهگهر راگهیاندنێک بییهوێت کار لهسهر بابهتێکی ناباو بهکۆمهڵگه بکات و مهبهستی بێت بیکاته باو جهماوهری لهسهر رابهێنێت ئهوا لهرێی کارکردن لهسهری دهتوانیت بیکات وهک ئهوهی له ههندێک راگهیاندنی کوردیدا دهیبینین.. پێشتر زۆر نامۆ بو ئهگهر قسه لهسهر ههندێک بابهت بکرایه بهڵام ئێستا کار لهسهر بهباوکردنی ههندێک بابهت و رهفتار دهکات ، چونکه بیرمان نهچێت فێربون و لاسایکردنهوه ههیه ودواتریش ئاسایی دهبێتهوه لای وهرگر و ئهگهری دوبارهکردنهوهی ههیه چونکه بینهرهکان جیاوازن لهئاستی رۆشنبیری ئاست نزم تا ئاست بهرز ، ئهگهر راگهیاندنێکیش بییهوێت کار لهسهر راهاتنی جهماوهر لهسهر بابهتێکی ئهرێنی وهک بهها جوانهکان بکات ئهوا دهتوانێت کاری لهسهر بکات و له مێشکی جهماوهردا بیچهسپینێت و بیکاته عورف و بهشێک لهرۆشنبیری کۆمهڵ ، بۆیه پێویسته راگهیاندن زۆر به وریاییهوه مامهڵه لهگهڵ بڵاوکردنهوهی پهیامدا بکات.. . * مامۆستای زانکۆ
هیوا سەید سەلیم دوای ئەوەی جینینن پلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق بۆ جاری دووەم لەسەر کێماسیەکانی نێو پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هۆشداری دایە بەرپرسان و حزبەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ لەمەراسیمی دەرچوونی ژمارەیەک خوێندکار لەخولی ئەفسەرانی قەڵاچوالان لەسەر زاری هەریەک لەنێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوێبیستی بەشێک لەو قسەو ڕەخنانە بووینەوە کە پێشتر کەسانی وەک جینین پلاسخارتو دۆستانی دیکە لەباڵوێزی ولاتانو کەسانی چاودێرلە بەرپرسانی هەرێم و حزبە باڵادەستەکانیان دەگرت. پرسی دەستوەردانی حزبی لە کاروباری پێشمەرگە لەلایەن (پارتی و یەکێتی)وە، هەرەوها هەنگاونەنان بە ئاڕاستەی یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی هێزی پێشمەرگە، لە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی، بەشێک بوون لە وتاری ئەمڕۆ نێچیروان بارزانی و تەنانەت وەزیری پێشمەرگەش کە لە مەراسیمەکە پێشکەشیان کرد. بەدەر لە بارودۆخی پێشمەرگە کە پشکی شێری وتارەکان بوون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر ئەو کرد کە:"نابێت دامەزراوەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی دادوەرەی لە ململانێ سیاسیەکان تێوە بگلێن" ئەوە رێک ئەو رەخنەیە کە هەفتەی رابردوو پلاسخارت لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش لە هەرێمی کوردستانی گرت، کاتێک باسی لە دوو ئیدارەی زەرد و سەوزیبۆ ئامەدەبووان کرد. زەقکردنەوەی مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان کە بە ڕوونی لە وتارەکانی مەڕاسیمی قەلاچۆلان بیستران، ڕێک ئەو هۆشداریەیە کە هەفتەی ڕابردوو نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و تەنانەت باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دوو بۆنەی جیادا باسیان لێوەکردبوو. شایانی باسە ووتنەوەی قسەی دۆستان لە زاری گەورە بەرپرسانی هەرێم بۆ حاڵی دەردی هەرێمی کوردستان بەس نیە، بگرە دەبێت ئەو جۆرە هۆشداریدانە هەموو لایەک ڕابچڵەکێنێت بە ئاڕاستەی هەنگاونانی جدی بۆ چارەسەری کێشەکان. ئەوەی لێرەدا جێگای هەلوەستەیە ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا گرنگە بەرپرسان لە نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان تێگەیشت بن،جگە لەوش باسکردن لە مەترسی لەتبوونی ئەو هەرێمە و گواستنەوەی ناکۆکیەکان بۆ شەڕی دەسەڵات، کە هەرێمی کوردستان بەرەوە لەتبوونئ گەل و خاکەکەی ببات پرسێک بوو باسی لیوەکرا. شایانی باسە، ساڵی پار جینین پلاسخارت، لە کۆنفراسێکی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک زۆر ڕاشکاوانە وتبووی:" مانەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان تا سەر زامن نیە" دوای ساڵێک لەو قسەیەی ئەو جارەیەیان هەفتەی ڕابردوو لە راپۆرتێکیدا کە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان هۆشداری لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان دابووەوە. بۆیە دوای ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوو شەڕە قسە لە نێوان حزبەکانی دەسەڵات تا ئاستێک هێورکرایەوە، لەم بۆنەیەشدا کێماسیەکان بەشێکیان باسیان لێوەکرا، ئیدی خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری دەبێت، بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانەی کە بە هۆی شەڕ لەسەر داهات و پۆست بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و خەلکەکەش باجە گرانەکەی داوە. حزبەکان بە ئاڕاستەی چارەسەر نەڕۆن، دەبێت چاوەڕان بن دۆستان پشتمان تێبکەن،دواتر ولاتانی دەوروبەر ئەو دۆخە خرابەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان باشتر بۆ خۆیان بقۆزنەوە، بە ئامانجی لاوازکردن و تەنانەت نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کەواتە دوای ئەوەی لە هۆشداریەکە گەیشتن لە مەترسیەکانیش بگەن، ئەوسا چارەسەر ئاسان دەبێت.
دڵشاد عەبدولڕەحمان زۆربەی ئەوانەی لەتەمەنی ئێمەمانانن ولەکاتی خۆیدا سەریان لەئەدەب وسیاسەت خوراوە،هەم ناوی موزەفەر نەوابیان وەک شاعیرێکی بەرهەڵستکاری عێراقی بیستوە،هەم سەرسامیش بوون بەشیعری پاکانە،کەشاعیری شەهید دڵشاد مەریوانی بەزمانێکی ئێجگار پاراو،وەریگێڕاوەتە سەرکوردی و ڕەوانشاد حەمەجەزای هونەرمەندو پێشمەرگەش کردویەتیە لاواندنەوەیەکی کاریگەر.ئەوەی هانیدام بۆدەربڕینی ئەم سەرنجە ،ئەونوسینانەیە کەلەدوێنێوە بەهۆی مەرگی نەوابەوە دەنوسرێ هەمووان بەهەمان نەفەسی جاران ستایشی شیعری پاکانە دەکەن.من کەوەک ئەوزۆربەی هاوڕێیانە لەکاتی خۆیدا بەوشیعرەسەرسام بووم،وەلێ لەئێستاداتەواوتێڕوانینم گۆڕاوە.لەئێستاداکەئەوشیعرەدەخوێنمەوە چەندین پرسیارم لادەوروژێ کە حەزم کرد لەگەڵ ئێوەدابیانکەمە دەرگایەک بۆگفتوگۆ.دایکەکە دەڵێ ئەگەر تۆ پاکانە بکەی ئێمە چۆن ڕوومان بێ لەکۆڵاندا سەرهەڵبڕین؟واتە قیروسیالەخۆت بکە بۆئەوەی ئێمە سەربەرزبین!بەتێڕوانینی ئێستای من ئەوە ئەوپەڕی خۆپەرستیەلای دایکەکەوە.دایک دەڵێ گوێ مەدەرە مناڵەکەت کەهەتیودەبێ،حزب دەبێتە باوکی،بەتێڕوانینی ئێستام نەک حزب بەڵکو هیچ کەس جێگای باوک ناگرێتەوە دەکرێ ئەوهاوڕێیانەی باوکیان شەهیدبوون ،لەسەر ئەوبڕگەیە قسەیان هەبێ.بەتێڕوانینی ئێستام ئەوشیعرە پڕە لەهاندانی مەرگ دۆستی لەپێناو گۆڕینی دەسەڵات وسەندنەوەی حوکمڕانی لەحزبێک بۆحزبی شاعیرکەڕوداوەکانی ئەم دەیان ساڵەی ڕابردو سەلماندیان کە هەم پاکانە ئەو ڕسوابونەی بەرهەم نەهێناوە نەبۆ پاکانەنوسەکان،نەبۆ کەس وکاریشیان وەنە ئەوانەی لەبری پاکانەش ،شەهیدبوون تاجی سەروەری کراوەتە سەر ڕۆڵەکانیان .بەکورتی وکرمانجی لەئێستادا من وای دەبینم ئەوخەباتەی نەواب وهاوڕێکانیان دژی حکومەتە عێراقیەکان دەیانکرد هیچی شایانی قوربانیدان نەبوو بەگیانی خۆیان،چونکە خەباتێک بوو بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی حزبێک بەدەسەڵاتی حزبێکی تر، نەک بەرگری لەنیشتمان یان خەبات بۆڕزگاری وسەربەخۆیی.خەباتی ئێمەی کورد جیاوازبوە لەخەباتی عێراقیەکانی تر بۆیە شەهیدبوون وگیانفیداییش بۆئێمەئەگەر پاساوێکی هەبووبێ ،بەدڵنیاییەوە ،بۆ عێراقیە بەرهەڵستکارەکانی تر پاساوێکی ئایدۆلۆجی وابوە کەژیانی مرۆڤەکانی لا بێ بەهابوە،چونکە هەرگیز گۆڕینی دەسەڵاتێک بەدەسەڵاتێکی تر،هێندەناهێنێ کەمرۆڤ گیانی خۆی بۆببەخشێ،یان هانی خەڵکی بدابۆگیانبەخشین،بەتایبەتیش کەهیچ گرەنتەکیش نیە حزبەکەی تر کەهاتە سەردەسەڵات لەڕێڕەوی حەکمڕانیدا لەوەی پێشوتر دادپەروەرتر دەبێ ،کەئەگەرواش بێ دیسان هەر قوربانی بەگیانبەخشین ناهێنێ.
دانا حهمهعهزیز ئەردۆغان ڕایگەیاند، پەسندی ناکات سوید و فینلاندا ببنە ئەندامی ناتۆ! دوێنێ ئەردوغان بە ڕاشکاوی وتی "هیچ پێویست ناکات وەفدی ئەو دوو وڵاتە سەردانی تورکیا بکەن بۆ نەرمکردنی هەڵویستی حکومەتی تورکیا لەوبارەیەوە". ئەردوغان دوپاتیکردەوە، سویدو فینلاندا پشتیوانی پەکەکە دەکەن و، هەردوو وڵات بونەتە گەورەترین خانەخوێی کوردە تیرۆریستەکان و جەمەعاتی فەتحوڵا گولەن. تورکیا لە شوباتی ١٩٥٢وە ئەندامی ناتۆیە. بەدرێژایی ئەو ٧٠ ساڵە بەهۆی گرنگیی جوگرافیای سیاسییەوە بەرامبەر یەکێتی سۆڤێتی جاران و ڕوسیای ئێستا، بەردەوام لەلایەن خۆرئاواوە چاوپۆشی لە رەفتارە ناشیرین و نا مرۆییەکانی کراوە. جارێ دیار نیە ئەردۆغان بەم هەڵوێستەی داوای چی لە خۆرئاوا دەکات، بەڵام ئەوەی ڕونە پارەو چەك و پشتیوانی زیاترە، هەموشی لەدژی کورد. هاوشێوەی ئۆکرانیا، هاتنی ئەم دوو وڵاتە خاوەن جیۆسیاسییە گرنگەی ئەوروپا بۆ ناو ناتۆ، پێگەی تورکیا لاواز دەکات. فینلاندا نزیکەی ١٣٠٠ کم سنوری بە ڕوسیاوە هەیە. سەینت پیتەرسبۆرگ (لینین گراد) دووەم گەورەترین شاری روسیا، لە سنوری فینلاندەوە، بە ئۆتۆمبێل کەمتر لە دوو سەعات ڕێگایە. ئەندامێتی فینلاندو سوید لە ناتۆدا، دەریای بەڵتیك بەتەواوی بەڕوی ڕوسیادا دائەخات، تەنگەی هیڵسەنکی پایتەختی فینلاندا لەگەڵ کالینین-ی پایتەختی ئیستۆنیای هاونەژادو ئەندامی ئێستای ناتۆ، دورییەکەی سەد کیلۆمەترێکە. * فینلاندو سوید، خاوەنی خاوێنترین و پێشکەوتوترین تەکنۆلۆجیای هەمەجۆرن، تەکنۆلۆجیای سەربازیی ئەم دوو وڵاتە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. فینلاندا، ڕوبەرەکەی ٣٣٨ کم دوجایە، واتە نزیکەی هیندەی ئەڵمانیایە. دانیشتوانەکەی پێنج ملیۆنە، بەڵام کۆی داهاتی ناوخۆی ساڵانەی نزیکەی ٢٨٠ملیار دۆلارە. سوید، ڕوبەرەکەی ٥٢٨ کم دوجایە و لە ئسپانیا گەورەترە، دانیشتوانەکەی دە ملیۆنەو کۆی داهاتی ناوخۆی ساڵانەی ٥٥٠ ملیار دۆلارە.
زكری موسا وەڵامی هەرێمی كوردستان بۆ بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی لەبارەی بابەتی نەوت یەكلاییكەرەوەیە و پابەندی نابێت. لە ڕاستیدا بڕیاری پابەندنەبوون لە هیچەوە نەهاتووە بەڵكو كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی و مێژوویی و دەستووری خۆی لە پشت ئەو پابەندنەبوونەدا دەبینێتەوە. ۱. لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و سەرجەم دۆسیە هەستیارەكانی تر بێ متمانەییەكی قووڵ هەیە. لە دوای پەسەندبوونی دەستووری عێراق، بەغدا ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێل كردووە. ئەو پێشێلكردنە بە ئاشكرا دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بووە. ماددەی ۱٤۰ سەرباری ئەوەی بڕیاری دادگەشی بۆ دەرچووە بەڵام هێشتا جێبەجێ نەكراوە و هیچ دامەزراوەیەكی عێراقیش لەسەر ئەوە بەدەنگ نەهاتووە كە بۆچی دەستوور پێشێل دەكرێت. ۲. یاساكانی هەڵبژاردن هەمیشە بەشێوەیەك داڕێژڕاون كە زیان لە پێگە و نوێنەرایەتیكردنی ڕاستەقینەی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەدات. ۳. لەو ساڵانەی كە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە دەهات هیچكاتێك بەغدا پابەندی ئەوە نەبووە كە ۱۷%ی بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت و كەمتر لە ۱۰%ی ناردووە. ٤. ئەگەرچی بەپێی دەستوور پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق كەچی هەتا ئێستا و تەنانەت لە شەڕی داعشیش یەك فیشەك و یەك دیناریش وەك بەشی پێشمەرگە لە حكوومەتی عێراقەوە نەهاتووە. ٥. سەبارەت بە بابەتی نەوت و گاز، هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێكی پێچەوانەی دەستوور نەناوە. لە شوباتی ۲۰۰۷دا هەموو ئامادەكارییەكان بۆ یاسای نەوت و گاز تەواو بوو و ڕێككەوتن لەنێوان هەرێم و حكوومەتی ئەو كات هەبوو بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز، بەڵام حكوومەتی عێراقی دەستی كرد بە كاتكوشتن و بیانووهێنانەوە. ئەوكات حوسێن شەهرستانی كە وەزیری نەوتیش بوو باسی ئەوەی كردبوو كە پێویستە حكوومەتی عێراقی خەمساردی لەو بابەتە بكات و كات بكوژێ، كوردەكان ئەو توانایەیان نابێ خۆیان نەوت دەربهێنن. ئەمە نیەتی حوكمڕانەكانی بەغدای ڕوونتر كرد كە بڕوایان بە دەستوور و شەراكەت نییە. هەرێمی كوردستان خۆی نەوتی دۆزییەوە و دەریهێنا، بەڵام كاتێك هەرێم ناچار بوو نەوت هەناردەی دەرەوەی بكات كە حكوومەتی عێراق لە مانگی شوباتی ۲۰۱٤دا بودجەی هەرێمی بڕی. بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان هەنگاوێكی نایاسایی و نادەستووری و تاوانێكی گەورە بوو چونكە بە بڕینی بودجە سەرجەم خەڵكی كوردستان و تەنانەت منداڵی شیرەخۆریش كرانە ئامانج. هەر لەبەر ئەو كردەوە نادەستووریەی حكوومەتی عێراق و، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێ بودجە دابین بكات، حكوومەتی هەرێم دەستی كرد بە هەناردەكردنی نەوت. لە ڕاستیدا ئەوە سیاسەتە هەڵەكانی بەغدا بوو كە هانی هەرێمی دا نەوت دەربهێنێ و هەناردە بكات. ئامانجی حكوومەتی عێراقی لە بڕینی بودجە خنكاندنی هەرێم و وەستاندنی گەشەسەندنەكەی بوو بەڵام ئابووریی سەربەخۆی هەرێم ئەو سیاسەتەی بەغدای وەستاند. ٦. لە گەشەی ئابووری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیدا سەرباری بڕینی بودجە و كێشەی جۆراوجۆر، هەرێمی كوردستان لەچاو عێراق سەركەوتنی زیاتری بەدەست هێناوە. ئەوە لە حاڵێكە كە داهاتی عێراق لە دوای ڕووخانی سەددام یەك تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە و كەس نازانێ ئەو هەموو پارەیە بۆ كوێ چوو و بۆ دەبێ خەڵكی ناوەند و باشووری عێراق لە هەژاریدا بژیین. ۷. بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی لەم تەوقیتەدا بڕیارێكی سیاسی بووە بە پلەی ئیمتیاز و ئامانج لێی گوشارهێنانە بۆ هەرێمی كوردستان و پارتی بۆ ئەوەی دەستبەرداری هەڵوێستە سیاسییەكانی بێت. ئامانجی كۆتایشی بچووككردنەوەی تواناكانی هەرێم و بەهێزكردنی ناوەند و بەتاڵكردنەوەی فیدڕاڵیزمە لە ماناكانی خۆی. بڕیارەكە سیاسیە و دەبێ بە ڕێككەوتنی سیاسیش عیلاج بكرێت و كاركردن بۆ سەپاندنی بڕیارێكی سیاسی كێشەتان قووڵتر دەكات. ۸. هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو بڕیارە نابێت چونكە بڕیارەكە بە نەفەسێكی شۆڤێنی و نادەستووری دەرچووە. بڕیاری ئەو لایەنە سیاسییانەی لە پشتە كە لە شازدەی ئۆكتۆبەر خاكی كوردستانیان داگیر كرد و ئێستاش ڕۆژانە دڕۆن و مووشەك لە هەرێمی كوردستان دەگرن. ۹. نەوت و سامانە سرووشتیەكان موڵكی گەلی كوردستانە. ئەو سامانە بۆ ماوەی سەد ساڵ بۆ بەهێزكردنی دەوڵەتی عێراق و وێرانكردن و جینۆسایدی كوردستان بەكار هاتووە. هیچ گەرەنتییەك نییە كە حوكمدارانی ئێستای عێراق هەمان سیناریۆی سەدساڵ پێش دووبارە نەكەنەوە. هیچ گەرەنتییەكیش نیە كە حكوومەتی عێراق لە حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی كەرتی نەوت و گازی هەرێم پابەندی ئەوە بێت بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت. چونكە ئەزمونی تاڵی بڕینی بودجەی لەگەڵ بەغدادا هەیە. ۱۰. هەرێمی كوردستان هیچ دەستەڵاتێكی لە نەوتی بەسڕا و ڕۆمەیلە نیە و بەشداریش نیە لە تەرسیمی سیاسەتی نەوتیی عێراق، مەعقووڵ نیە خۆی لەو مافەش بێبەش بكات كە دەستی لە ڕەسمی سیاسەتی ئابووری و نەوتی خۆی هەبێت كە موڵكی خۆیەتی و سەروەتێكی سرووشتیە. ۱۱. كوردستان سەد ساڵ ئەزموونی تاڵ و پڕ لە كارەساتی لەگەڵ حوكمی ناوەندگەرایی و شۆڤینیەت و پێشێلكردنی شەراكەت هەیە و باش شارەزایانە. بۆیە ملكەچی بڕیاری ئەوانەش نابێت كە ئامانجی كۆتاییان نەهێشتنی هەرێمی كوردستانە. ۱۲. بەداخەوە لەناوخۆدا بەهۆی ئیرهابی فكری و پۆپۆلیزمەوە ئەو قەناعەتە لای بەشێك لە خەڵك دروست بووە كە دەبێ بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی خۆشحاڵ بن. بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە لە عێراقدا دامەزراوەكان و یاسا سەروەر نین و میلیشیا و میزاج و ئیرادەی تایفی و دەرەكی باڵادەستە. ئەو ئیرادە و میزاجەی ژیانی لە هاووڵاتیانی عێراقی تاڵ كردووە و دۆزەخی بۆ خوڵقاندوون بە دڵنیاییەوە خێری بۆ خەڵكی كوردستان ناوێت.
د. چیا عەباس لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان پێویست ناکات باسی مێژوی ئەو مرۆڤە مەزنە بکەم. باسکردنی هاوکارو دۆست و دوژمن و نەیارەکانی کاک نەوشیروان شتێکی نوێ بە فەرهەنگی سیاسیمان نابەخشێت، قسەکردن لەسەر بازرگانە نزیک و دورەکان بەپێگەو مێژووی ئەو مرۆڤە دوبارەکردنەوەی تەوەرێکە کە هاوڵاتیانی کوردستان گوێبیستی بوون و لێیی بەئاگان. هاوکاتیش هاوڵاتیان بوێرانە قسەی خۆیان کردووە، گەواهی بۆ ئەمەش سزادانی خەستی هاوکارەکانی و نەیارەکانی بوو لەدوا هەڵبژاردن بۆ پەرڵەمانی عێراق کە بە رێژەی سفر تا بیست و پێنج لە سەد ئیدیعای نوێنەرایەتی سەد لە سەدی هاوڵاتیان دەکەن. دانیشتنەکەی زرگوێز لە رۆژێک نزیکەی ٢٨ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاورێی ئەزیزو مرۆڤێکی گەورەو تێکۆشەرێکی بێگەردو دۆستی زۆر نزیکی مام جلال و کاک نەوشیروان لە ئەمستردام یەکترمان بینی. کاک شازاد سائیب لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی پێشوو لە بەغدا ناسیومەو ئەویش لەو سەردەمەدا منی بە کاک نەوشیروان ناساند. ئەو مرۆڤە مەزنە لە روداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای سلێمانی- دوکان بۆ کاری فەرمی وەک وەزیرێکی کابینە گیانی لە دەستدا، لە پرسی بە خاک سپاردنی هەردوو مام جلال و کاک نەوشیروان فرمێسکی خەستیان بۆ رژاند. لەو دیدارەم لەگەڵیدا لە ئەمستردام کاک شازاد ئامۆژگارییەکی کردم کە تا لە ژیاندا مابم بیرم ناچێت. ساڵی ١٩٩٤ لە کۆنفرانسی مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی لە شارۆچکەیەکی نزیک مانهایمی ئەڵمانی بە ئامادەبوونی مام جلال و چەند سەرکردەیەکی تری یەکێتی بە دەنگی یەکەم بۆ دەستەی کارگێری مەڵبەندی دەرەوەی یەكیتی هەڵبژێردرام، ئەم ئاکامە لەو ساتەدا چەند بەرێزێک لە سەرکردە ئامادەبووەکانی یەکێتی سەغڵەت کرد. دواتر زانیم دەنگەکانی زۆربەی پێشمەرگەو کادیرە دێرینەکانی یەکێتی لە کۆنفرانسەکە یەکلاکەرەوە بوون لە دەنگەکانی بەندەو زۆربەی ئەوانەش لە کاک نەوشیروان زۆر نزیک بوون. بۆ خۆم زۆر بە شانازیەوە ئەم روداوەم باس دەکرد، کاک شازاد لەوە بە ئاگابوو و بۆ ئەوەی هۆشداریم بداتێ و لە خۆم بایی نەبم ئەم روداوەی بۆ گێرامەوە: بە ماوەیەکی کورت دوای راپەرین رۆژێک لەگەڵ نەوشیروان لە زرگوێز بووم، لەو رۆژانەدا بێسەروبەریەکی زۆر لە شارو دەوروبەری لەلایەن هێزو چەکداری هێزەکانی تر دەڤەری سلێمانییان هەراسان کردبوو، وەک سەرانەوەرگرتن، دانانی بازنە لە سەر رێگاو بانەکانی دەڤەرەکە، ئیبتزازکردنی کاسب و دەوڵەمەندەکانی شارو.. تاد، نەوشیروان لەم دۆخە زۆر بێتاقەت و تورەبوو، تەلەفۆنێکی بۆ ئیدارەی گشتی کردو لەگەڵ خوالێخۆشبو شێخ دارۆی شێخ نوری قسەی کردو پێی گوت: لە گەڵ شازاد لە زرگوێزم، بە مام جلال بڵێ بە پێویستی دەزانم بێت بۆ ئێرە بۆ چەند کارێکی پێویست. دوو سەعاتی پێچو مام جلال لە گەڵ شێخ دارۆ گەیشتنە زرگوێزو بە چوار قۆڵی دانیشتین. نەوشیروان روی کردە مام جلال و گوتی: مام جلال گەر تۆو مسعود بارزانی سەدی بەخمەتان نەفرۆشتایەو ئەو ئاوەتان نەرژانبایە ئەم چەکدارو تاقمانە لەم دەڤەرە نەیان دەتوانی بە رۆژی نیوەڕۆ ئەم چەتەگەری و کەڵەگایەتییە بکەن (ناوی چەند بەرپرسێکی هێزەکانی برد کە ئەو کارانە دەکەن)، باسکردنەکە بەرەو گرژی دەچوو، مام جلال هەستی پێکردو گوتی: کاکە نەوە ئەو قسانەت راستن بەڵام با بەیەکەوە بچین لەو ژورەی ئەودیو باسێکیان بکەین. کاک شازاد لە گێرانەوەی روداوەکە بەردەوام بوو و گوتی بە جوتە چوونە ژورێکی ترو دوای دە دەقیقە هاتنە دەرەوەو زۆر هێمن و دۆستانە بەرچاو دەکەوتن. کاک شازاد پێی گوتم: قەد نەکەیت بکەویتە بەینی ئەو دو زاتەوە، چونکە ئەوان هەمیشە لە دوا مەتافدا لەسەر هێڵە گشتییەکانی سیاسەت و بەرژەوەندی یەکێتی و کورد رێک دەکەون. لە زەرگەتەوە بۆ دەباشان رۆژێک پێش نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ گەرامەوە بۆ کوردستان، ساتانێک پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی گرژو ئاڵۆز بوو. رۆژێک کاک نەوشیروان پێی گوتم ئەمڕۆ کونسۆڵی ئەمریکا لە هەرێم سەردانمان دەکات و حەزدەکەم ئامادە بیت. ماوەی چەند مانگێک بوو مام جلال بەخەستی باری تەندروستی تێکچوو بوو. لە دانیشتنەکەدا بەرپرسی ژوری دیپلۆماسی گۆڕان و دوو هەڵسوراوی ترو بەندە ئامادە بووین. لە باس و لێدوانەکاندا دەرکەوت کە خەمی سەرەکی شاندەکەی ئەمریکا ئەوەبوو بزانن نیازی کاک نەوشیروان لە سایەی نەخۆشکەوتنی مام جلال لە یەكیتی چیە، هەرچەندیان هێناو بردیان کاک نەوشیروان هیچی ئەوتۆی نەدرکاند، لەو بەینەدا بەرپرسی ژوری دیپلۆماسی گۆڕان بە زمانی ئینگلیزی سنوری زمانی دیپلۆماسی بەزاندو کەوتە هێرشکردن، کاک نەوشیروان تێگەیشت و بۆ ئەوەی کۆتایی بە دانیشتنەکە بهێنێت رووی کردە کۆنسۆڵی ئەمریکاو بە زمانی ئینگلیزی بەدەق گوتی: We have only one mam Jalal and will stay like that بە کوردی: ئێمە تەنها یەک مام جلال مان هەیەو هەرواش دەمێنێتەوە. کونسۆڵ لە پەیامەکە تێگەێست و یەکسەر خواحافیزی کرد. لە زەرگەتەوە بۆ پیرمام پەیوەندییەکانی کاک نەوشیروان و مهسعود بارزانی سەرەڕای گرژی و ئالۆزییەکانی زۆربەی کات راشکاوانەو راستگۆیانە بوون، کاتێک کاک نەوشیروان بریاریدا بەشداری لە حوکمڕانی هەرێم بکات بۆ ئەو مەبەستە چەندجارێک سەردانی مهسعود بارزانی لە پیرمام کرد. وەک سەرکردەو سیاسەتمەدارێکی خاوەن رەوشتی بەرزو متمانەپێکراو لەبەرامبەر فشارو پرسیاری زۆری هاوکارەکانی لەناو گٶڕاندا بۆ زانینی باسکردن و دانوستانەکانی لەگەڵ سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی ئەو ساتە یەک وەڵامی پوختی هەبوو، ئەویش: چوار ساڵی ئارامی! چوار ساڵی ئارامی تەمەنی زۆر کورت بوو، گۆڕان بە بڕیاریكی سەرپێیانیەی هەڵەشەو ناڕەوای دەسەڵاتدارانی پارتی لە پەرلەمان و حکومەت دورخرایەوە. سەرانی پارتی پێیان وابوو بەوجۆرە هەنگاوانە چۆک بە گۆڕان و کاک نەوشیروان دادەنێن، دەرکیان بەوە نەکردو ئێستاش نایکەن کە کاری ناڕەوا لەدوا مەتافدا هەمیشە بە زەرەری بکەرەکەی دەشكێتەوە. ئەم بابەتەم لەگەڵ کاک نەوشیروان لەدوا قۆناغی ژیانیدا وروژاند، سەردەمی یەکلاکردنەوەی شەڕی داعش بوو لە موسڵ، داواشم لێکرد چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ک.ن.ن. سازبکات پاش بێدەنگییەکی درێژ، لە وەڵامدا گوتی: بۆ چاوپێکەتنی تەلەفزیۆن هیچ شتێکی نوێم پێ نییە تا باسی بکەم، سەبارەت بە مهسعود بارزانیش نامەوێت لەم دۆخەی شەڕی داعشداو تەم و لێڵی ئاکامەکانی نە بە چاک و نە بە خراپ باسی بکەم، چونکە کاتی نییە. ئەمە گەورەیی و بەخشندەیی ئەو سەرکردە مەزنە بوو کورد گوتەنی ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە. لە کەناری تایمسەوە بۆ گردی زەرگەتە کاک نەوشیروان دەیزانی رۆژەکانی ژیانی بە پەنجەکانی دەست دەژمێڕێن، هەر وەک خوالێخۆشبوو مام جلال چەند جارێک باسی کردووە " کاکە نەوە پێی گوتم با جیا لە زۆربەی سەرکردەکانی کورد لە سەر خاکی کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان بکەین"، کاک نەوشیروان ئەوەی کرد لە کۆشە گەرمەکەی شارەکەی و لە دوا پەناگای سیاسی و خەباتدا ماڵئاوایی کرد.
دانا هەڵەبجەیی لە هاوینی 1988 لە لایەن ملازم عەلی یەوە کە گیرام و بردمیان بۆ زیندانی طەوارییەکەی چوارباغ. لەوێ شەوانە ئەبراین بۆ ئەشکەنجە، بە ڕۆژیش لە کابینەیەکی ئاسنینی داغان و ژێرڕاخەریشمان لم و چەوێکی زبر بوو. بۆ ئەوەی ڕۆژمان لێبڕوا بە مەقەبای پاکەتی جگەرە پولی دۆمینەیان دروستکردبوو، خۆمان پێ سەرقاڵ ئەکرد. لەو کابینەی کە لەکابینەی زبڵێکی گەورە ئەجوو، لە زیندانییەکان تەنیا کاک عەتا ئەحمەدی هونەرمەند و کاک جەباری زەرنگەری خزمی ڕەوانشاد حەمەجەزای هونەرمەند و نەوجەوانێکی نانەوای نزیک طەوارییەکەم لەیادە. بۆ یەکەم جار لەوێ فێری دۆمینە بووم، چونکە من بۆ چاخواردن نەبێت قەد نەچوومەتە چایخانە و هەمیشە قومارم بە کارێکی ئاستنزم ئەهاتە بەرچاو. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، فڕم بەسەر قومارەوە نەبووە، بەڵام لە دەروازەیەکی دیکەوە شارەزای هونەرە ئەهریمەنییەکەی بووم. کە ئازادکرام، کتێبێکی قەبارە گەورەی عەرەبیم بە ڕێکەوت هاتە بەردەست و خۆێندمەوە. کتێبەکە ناوی (ماهو القمار) بوو. تێیدا فەلسەفە و ئامانجی قومار و قومارچییانی بە وردی شێتەڵکربویەوە. کە هەندێکم لە بیرماوە کە هاوتایە بە سیاسییە قومارچییەکانی ئێستا. هەمیشە بۆ بردنەوە یاری بکە، قەد خۆت بە دۆڕاو مەزانە، کە برواوەش بیت، ترسی دۆڕاندنت هەر هەبێت، نە باوەڕ بە گەمەکاری بەرامبەر بکە و نە باوەڕ بە هاوبەشەکەشت. هەموو ڕێگایەت بۆ ڕەوایە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە؛ درۆ، گزی، فزی، غەش، فێڵ، خەڵەتاندن. قەد خۆت بە یاریزان نیشان مەدە بۆ بەرامبەر، بۆ ئەوەی خۆی ئامادە نەکات بۆت، بە جوڵەی جاو و جوڵەی دەست و مەچەک، خۆت بە داماو و لێنەزان پیشان بدە. کەس بۆ دۆڕاندن نایەتە سەر مێزی قومار، کەواتە وریابە، باوک و برا و خزم ناخوات، ئەبێت هەرچی پارەیان هەیە لە چنگیان دەربینێت. خۆت خومار و سەرخۆش پیشان بدە، بۆ هەر جوڵەیەکی نەشیاو کە ئاکامەکەی ئاشکرا بوو، بڵێ مەست و خۆمار بووم. وازهێنان لە دنیای ئالودە بوونی قومار زۆر ئاستەم و سەختە لە ئالودەبوونت بە خومار. بەردەوام بوونت لە سەرمێزی قومار، یانی بردنەوەت، ئیتر براوەبیت یاخود دۆڕاو. قومارچی کارامە ئەو کەسەیە کە هەمیشە قومار ئەکات، نەک هەمیشە بیباتەوە. خوێنەری ئازیزم، ئایا ئەم ئاکارانە لە سیاسی و سەرکردە حیزبییەکانی ئەمڕۆدا نابینیت، کە لە هەمان قومارچییە مەست و خۆمارەکاندا هەیە؟. ئەمانە جگە لەوەی کە هەموو ڕێگە نایاسایی و ناڕەواکان بۆ مانەوەیان لە سەر مێزی قومار و کورسی دەسەڵاتەکەیان بەکاردێنن، چەکیشیان پێیە. لەگەڵ ڕێز و ستایشم بۆ کوڕە دڵسۆز و گیانفیداکانی گەلەکەمان، هەندێکی بەرچاویان نە شۆرشگێربوون، نە بۆ میللەت تێکۆشاون و نە نیشتمانپەروەر بوون، یان هەڵاتووی سەربازی یان کێشەی خوێنیان هەبوو. دیارن ئەوانەی کە کاتی خۆی پارەی موچەی مانگێکی فەرمانبەران و پارەی ساڵێکی گەنمی جوتیاران و ئامێرەکانی دەزگا حکومەتییەکانیان، فڕاندووە بۆ ناو شۆڕش. ئەمانە بەو چالاکییە گەورەیان کراون بە سەرکردە. دزی هەر دزییە ئەگەر فیکەنەیەک بێت یا فەردەیەک پارە بیت. جاران بە ناوی شۆڕشەوە و پاشان بۆ حیزب و ئێستاش بۆ خۆیان. ئەگینا باسی شەهیدان و نیشتمان تەنیا ڕەوایەتییەکە و ئەیدەن بە کارە نایاساییەکان و هیچی تر. چەک و چەکداریش هێز و دەسەلاتی بە دوا دێت، ترس و تۆقاندن، ستەم و نادادپەروەری، زینا و زەوتکردنی بەدوا دێت. ئەم جۆرە قومارچییە خومارە، خاوەن چەک و چەتەگەراییە، کەوتنە ناو دنیای دەسەڵات و سیاسەتکردن و تا ئێستاش بە هەمان میتۆد و نۆرم درێژە بە ئەو ژیانە ئەدەن کە موبتەلاو ئالودە بوون پێی. کۆمەڵگەیەکەی شارستانی، نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و عەوداڵی ئارامی و ئاوەدانی، هەرگیزاوهەرگیز، بەم تیپ و جۆرە بونەوەرانە، ناگەنە کەناری ئارام و ئاسودەیی. هەر بۆیە، تەکنیکی قومار و خومار، میتۆدی چەک و چەتەیی لە پرۆسەیەکی دیموکراسی وەک هەڵبژاردن، بەکار دەهێنرێت بۆ مانەوەی خۆیان و دریژە ئەدەن بەو ژیانەی کە ئالودەی بوون. هەتا ئەم کەس و تاقمانە باڵادەستبن، چاوڕێی لەوە باشتریان لێناکرێت، ئەگەر باجەکەشی ماڵوێرانی و داڕمانی گەلێکیش بەدوای خۆیدا بێنێت. کەواتە ئیتر کاتییەتی پێکەوە لەگەڵ چاکەخوازان و شارستانیان و دڵسۆزانی راستەقینەی گەل و نیشتمان، خۆمان و میللەتەکەشمان لەم قومارچییانە قوتار کەین.
بەختیار ئەمین مێژووی مەشین ترانسلەیشن (وەگێڕان لە ڕێگای ئامێرەوە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٥٠، گووگڵ لە ساڵی ٢٠٠٦ وە زیاتر پەرەی بەم خزمەتگوزاریەدا، لە ئێستادا گووگڵ توانای وەرگێڕانی تێکستی بۆ پتر لە ١٥٠ زمان هەیە و بە پێی یەکێک لە توێژینەوەکانی خودی گووگڵ ، ئەو خزمەتگوزاریەی ئەوان وەکو مەشین ترانسلەیشن توانای وەرگێرانی بۆ پتر لە هەزار زمان هەیە لەکۆی ئەو ٧ هەزار زمانەی کە لە دنیادا قسەی پێ دەکرێت (سەرچاوە-١). بەگشتی لە ئێستا تەنها گووگڵ نیە کە خزمەتگوزاری وەرگێڕان بۆ زمان بکات، بەڵکو ئەمەزۆن و مایکرۆسۆفت ...هتد ئەوانیش چەندین ئامێر و سۆفتوێری زیرەکیان هەیە کە توانای وەرگێڕانی (تێکست) و ئاخاوتن (دەنگ) یان هەیە لەگەڵ مرۆڤدا. گووگڵ ترانسلەیشن پشت دەبەستێت بە هەردوو مێپۆدی یان ئەلگۆریژمی ژیری دەستکرد ( Deep Learning integrated with Natural Language Processing (NLP) ، بۆ زانیاری زیاتر لەسەر مێپۆدی وەرگێڕانی گووگڵ سەیری ئەم توێژینەوەی گووگڵ بکەن (سەرچاوەکانی ١،٢) گرنگە شێوازی وەرگێڕانی زمانی کوردی لە گووگڵدا بزاندرێت و هەوڵ نەدرێت هاوڵاتی کورد بەشێوەیەکی دیکە تەماشای ئەم کارە بکات، لێرەدا ئەو بەڕێزانەی کە ناویان دەهێندرێت (هاوشێوەی خەڵکانی خۆبەخش لە ووڵاتانی دیکە) ئەوەی کە کردویان تەنها هەستاون بە زیادکردنی ووشەکان- ڕستەکوردیەکان بۆ neural machine translation engine – Google Neural Machine Translation (GNMT) ، بەبێ ئەنجامدانی هیچ کارێکی تەکنیکی، بۆیە کردارە تەکنیکیە زۆر زۆر قورسە، تەنانەت بۆ شارەزایانی بواری ژیری دەستکردیش، ئەو کارە تەنها لە توانای گووگڵ و تیمەکانی ئەواندا هەیە. مەبەستم لە کەمکردنەوەی توانای هیچ کەسێک یان گروپێک نیە، وە زۆر دەستخۆشی لەو بەڕێزانە دەکەم (--human contribution in Translate Community ) کە لەکاتی خۆیان گرتوە یان کاتی خۆیان تەرخان کردوە بۆ زیادکردنی ووشە و ڕستەکانی زمانی کوردی لە سێرچ ئینجی گووگڵدا. پێویستە دەستخۆشی لە کاک ئومێد کوردستانی (خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی بەڕێوبەرانی گووگڵ) بکەین کە بەهەوڵ وماندوبونی بەڕێزیشیان پرۆسەی زیادکردنی زمانی کوردی بۆ گووگڵ ترانسلەیشن زیاتر پەرەی پێدرا. لە ماڵپەڕەی فەرمی گووگڵیشدا ئاماژە بە ئیشی گروپی وەرگێڕ و ئەو مێپۆدە دەکات کە گووگڵ پشتی پێدەبەستێت بۆ وەرگێرانی هەرزمانێک کە بەکارهێنەر بیەوێت بەکاری بهێنێت. “Google Translate is based on both neural machine translation (NMT) and human contribution via its Translate Community” - کەموکورتیەکانی ئامێری وەگێڕی گووگڵ هەروەکو چەندی توێژینەوەیەک و لە خودی گووگڵیشدا ئاماژەیان پێکردوە، ڕێژەی ڕاست و دروستی ئاستی وەرگێڕانی گووگڵ سەد لە ٦٠. بۆیە دەبێت بەکارهێنەرانی کورد بە ووریایەوە ئەم خزمەتگوزاریەیی گووگڵ بەکاربهێنن و پشت بە ترانسلەیشنەکەی گووگڵ نەبەستن بە تایبەت بۆ وەگێڕی تێکست و دۆکیومێنتی فەرمی یان ئەکادیمی. This is also a technical milestone for Google Translate. These are the first languages weve added using Zero-Shot Machine Translation, where a machine learning model only sees monolingual text — meaning, it learns to translate into another language without ever seeing an example. While this technology is impressive, it isn't perfect - کاری داهاتوی توێژەرانی کورد توێژەرانی کورد دەرفەتێکی باشیان لە پێشە ، تاوەکو بتوانن توێژینەوە بکەن لەسەر ئەم خزمەتگوزاریەی گووگڵ و ئاڵنگاریەکان و ئاستی ڕاستی و دروستی مێپۆدەکان دەستنیشان بکەن لە توێژنەوە زانستیەکانیاندا، بەتایبەت لایەنی (زمان و تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد). - سەرچاوە زانستیەکان https://arxiv.org/pdf/2205.03983.pdf https://ai.googleblog.com/2022/05/24-new-languages-google-translate.html Austermühl, F. (2001). Electronic Tools for Translators. Manchester: St Jerome. Betts, R. (2005). Wycliffe Associates EasyEnglish. In: Communicator, Spring 2005. Chesterman, A. (2004). Norms of the Future. In: Kemble, I. (Ed.) Translation Norms, what is ‘normal in the translation profession? Proceedings of the 2004 Portsmouth Translation Conference. Dodd, C. (2005). Taming the English Language. In: Communicator, Spring 2005 Finderer, R. (2009). The Rise of the Machines. In ITI BULLETIN January-February 2009 Google. (2010). Google Translate Help. Retrieved January 23, 2010, from here Gross, A. (1992) Limitations of Computers as Translation Tools. In Computers and Translation. Ed. Newton,J. London:Routledge. Guerra, A.F. (2000). METEO system. In F. Fernández (Ed.) Machine Translation Capabilities and Limitations [Electronic Version] (p.72). Valencia: Artes Gráficas Soler. Retrieved January 12, 2010. URL no longer available. Hutchins, J. (1998). The Origins of the Translators Workstation. Machine Translation, vol. 13(4), p.287-307. Retrieved January 7, 2010, from here Hutchins, J. (2005). Current commercial machine translation systems and computer-based translation tools:system types and their uses. Retrieved January 7, 2010, from here Hutchins, J. (2006). Machine Translation: History. In K. Brown (Ed.) Encyclopedia of Language and Linguistics [Electronic Version] (pp375-383). Oxford: Elsevier. Retrieved January 7, 2010, from here Melby, A. (1992). The Translator Workstation. In Computers and Translation. Ed. Newton,J. London:Routledge. Newton, J. (1992). The Perkins Experience. In Computers and Translation. Ed. Newton,J. London:Routledge. Pym, P.J. (1990). Pre-editing and the use of simplified writing for machine translation: an engineers experience of operating and machine translation system. Translating and the Computer, vol. 10. Retrieved January 9, 2010 from here Turovsky, B. (2016). Found in translation. More accurate, fluent sentences in Google Translate. From here Quah, C.K. (2006) Translation and Technology, Basingstoke: Palgrave. Van de Meer, J. (2009). Let a thousand machine translation systems bloom. Retrieved January 23, 2010 from here Veritas, L.S (2009). Statistical Machine Translation and Example-based Machine Translation. Retrieved January 23, 2010, from
سمكۆ ئەسعەد لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە نەوت و غازی هەرێم وچۆنیەتی رێكخستنی وزە، لە 15/2/2022، حكومەتی هەرێم و لە بەرزترین ئاستدا، دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە، لە بەرامبەریشدا: - لە دوبەی، لە كۆڕبەندی جیهانیی وزە (28-29 ئاداری 2022)، هەردوو وەزیری نەوتی سعودیەو ئیمارات، بەبەرچاوی ئامادەبوانی كۆڕبەند، بە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان وت: (پێویستە دۆسێی وزە بە جیابگیرێت لە دۆسێی سیاسەت و تێكەڵ بە یەكتر نەكرێن..) ئەمە وڵامێك بوو بۆ وتارە فرە تەوەرەكەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی (نەوت و غاز، دادگای باڵا، باری سیاسی عێراق و دەستێوەردانەكانی ئێران). - لە لەندەن، رۆژی 20/4/2022 لەمیانی پێشوازیكردنی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، یەكەمیان بە دووەمیانی وت: (ستایشی هەوڵەكانتان ئەكەین بۆ یارمەتیدانمان بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستنی ئەوروپا بە نەوت و گازی ڕووسی ..) ئەوەی تۆزێك شارەزا بێت لە زمانی ئینگلیز، ئەزانێت ئەو ستایشە واتای ڕەتكردنەوەی هەوڵەكانە. - لە بەغدا، بەر لە گەشتەكەی لەندەن، لە 11/4/2022 وەزیری نەوتی عێراق داوای دامەزراندنی (كۆمپانیایەكی تایبەت بە ووزەی هەرێم لە هەولێر) كرد. - لە واشنتن، رۆژی 5/5/2022 پرۆژە یاسای (نۆپیك- No Oil Producing and Exporting Cartels ) لە لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پەسەندكراو ماوەتەوە هەردوو ئەنجومەنی پیران و كۆنگرسی ئەمریكا پەسەندی بكات، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و تێركردنی خواستی بازاڕ لە دوای قەیرانی (ڕوسیا – ئۆكرانیا)، ئەم پرۆژە یاسایە، نەخشەڕێگای نوێی هاوپەیمانییە ئابوورییەكانی جیهان ڕێكدەخاتەوە، كێ لەگەڵ ئەمریكایەو كێ دژە.. پێوەرەی ئەو لەگەڵ بوونە، بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانە بۆ بەرژەوەندی بازاڕو دابەزاندنی نرخی نەوت.. - لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین، ئەمڕۆ 16/5/2022 لە كۆنگرەی نەوت و غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2022، وەزیری نەوتی سعودی، بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگەیاند.. هەر ئەمڕۆ 16/5/2022 وەزیری نەوتی عێراق، ئامادەیی بەرزكردنەوەی بەرهەمی نەوتی عێراقی ڕاگەیاند، لەكاتێكدا لە 22/2/2022 ڕایگەیاندبوو، عێراق بەرهەمهێنانی نەوت بە جێكیری ئەهێڵێتەوە. ئەی لە هەرێم چی ئەگوزەرێت ؟؟ من دڵنیام بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم نازانن پرۆژە یاسای (نۆپیك)ی ئەمریكی چی یە، واتا نازانن چی لە بازاڕی جیهان ئەوێت و چۆن نەخشەسازی هاوپەیمانییە ئابوورییەكانی جیهان لە داڕشتنەوەدان، تەنها ئەوە ئەزانن بڵێن (ئێمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقین لەبارەی نەوت وغازی هەرێم و خۆمان غاز هەناردە ئەكەین) بەبێ ئەوەی بزانن ئەو بڕیارەی دادگای باڵاو بڕیارەكانی وەزارەتی نەوت، عێراق ڕێكئەخاتەوە لە ڕیزبەندییە ئابوورییە نوێیەكەی جیهاندا. من دڵنیاتان ئەكەمەوە، ئەگەر لە دەرهاویشتەكانی بڕیارەكەی دادگای باڵا تێنەگەن، ئەگەر لە پرۆژە یاسای (نۆپیك) تێنەگەن، ئەگەر خوێندنەوە بۆ گۆڕانكارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان نەكەن و لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا ئەو تێنەگەیشتنە سەری ئەم هەرێمە ئەخوات.
حلمی رەسول رەزا بەو ناونیشانەی سەرەوە، بەرێز عیماد عەلی بابەتێكی تا ڕادەیەك شرۆڤەكاری نووسیوەو لە پەیج و ماڵپەڕی "رونگەو رەخنە" بۆیان بڵاوكردۆتەوە. دیارە بەڕای من ئەوەی لە كوردستان تۆزێ جوانی پێوە ماوە ئەو ئازادی رادەربڕینەیە كە لە چوارچێوەی رێزو یەكدیی قبوڵكردندا ماوە. لەم سۆنگەیەوە و بەهۆی ئەوەشی ناوبراو لە شێوەی پرسیاردا بابەتەكەی نوسیوە بە پێویستم زانی وەكو وەبیرهێنانەوەیەك چەند قەڵەمێك بۆ برای بەرێز بخەمە روو. سەرەتا نووسەر پرسیار دەكات بەرهەم ساڵح لەماوەی دوو ساڵدا چی كردوە، پاشان دەپرسێ بۆچی ئەگەر پارتی كاندیدەی بكشێنێتەوە هەردوو تەرەفی سەدری و ئیتار رازین، بەڵام بە پێچەوانەوە ئیتار رازی نییە؟ . دیارە لەم سەردەمی زانیاری و تەكنەلۆجیا و سۆشیال میدیایەی ئێستا لە گۆڕێیە، كەم كارو كردەو رەفتار هەیە وون بێت، بەتایبەتی ئەگەر بێت و بابەتەكە سەبارەت بەكەسێكی سیاسی دیارو خاوەن پۆستێكی هەستیاری وەك سەرۆك كۆمار بێت، بۆیە ماوەی دوو ساڵ نیە كە سەرۆك كۆمارە بەڵكو زیاترە، هەرچی دەربارەی كارەكانی سەرۆك كۆمارە لەو ماوەیەدا نووسەر دەتوانێ بچێتە سەر سایتی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی بزانێ چەند پرۆژە یاسای بابەیەخ و گرنگ لەو دامەزراوەیەوە ئاراستەی پەرلەمان كراوە، نووسەر ئەگەر ئاگای لە رووداوەكانی تەشرینی ساڵی 2019 ە بێت دەزانێ هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لەگەڵ خۆپیشاندەران و داواكانیان چۆن بوە، لە رووی هەڵوێستی سیاسیەوە دەبێ ئەوەی بێتەوە یاد كە چەندین كەس بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كاندید كران؛ ئایە بەرهەم ساڵح هەر بێ دەسەڵاتانە رەفتاری كرد یان بەرپرسانە؟ ئەگەر نووسەر نێوانی لەگەڵ ئەندامانی وەفدی كوردی بۆ بەغدا یان نوێنەرانی كورد لە پایتەخت هەبێت دەكرا بە تەلەفۆنێك پرسیاری لە هەموویان بەبێ جیاوازی بكات بزانێ رۆڵ و هەلوێست و رەفتاری سەرۆك لەگەڵیاندا چۆن بوەو چیشی بۆ كردوون، بزانێ ئایە هەروا سەرپێی رەفتاری كردوە یاخود جێدەستی لەهەموو پرسەكاندا هەبوەو بوارو دەرفەتی بۆ رەخساندوون و كاری بۆ ئاسان كردون. بەڵام ئەگەر پرسیارەكە بۆ ئەوە بێت كە بەرهەم ساڵح نەچۆتە ژێر باری پینەو پەڕو و دزی و فزی و چاوپۆشین لە كارە نایاسایی و دەستووریەكاندا؛ ئەوا بێ گومان نەك پشتیوان بوە، بەڵكو دژییشی وەستاوەتەوە. لەبارەی قسەكانی نووسەر كە دەرهەق بە نەتەوەی سەردەستەی كردوە، گوایە لەلاوازیدا پەنا بۆ هەموو شتێك دەبەن، دەبێ بزانێ ئەوان سیاسەت دەكەن نەك قسەی ناودیوەخان، دەكرا كوردیش بەهەمان شێوە لە لاوازیدا یەكدەست بن و هەرچی رێگا هەیە بیگرنە بەر؛ بەڵام رێگای تابۆ نا بەڵكو ئەوەی كورد لەسەری رۆشتوە كە شارێگای رەوایەتی و مافە، بڕواش ناكەم هەرگیز ئەوان حەسوودیان بەو حاڵەی ئێمە بردبێت كە دەسەڵاتداران بەسەر خەڵكی خۆیاندا هێناویانە. هەرچی دەربارەی ئەوەیە گوایە بەرهەم ساڵح لە بەرژەوەندی ئەواندا كاری كردبێت؛ ئەمە بۆ خۆی ناڕەواییەكی بەرچاوە، چونكە هەلوێستەكانی زۆر روون و ئاشكرا بووە لە بەرامبەر هەموو پێكهاتەكان و ئەسڵەن وەك سەرۆك كۆمارێكی بێ لایەن بۆ سەرجەم خەڵك نەوەك پێكهاتەیەكی ئایینی یان نەتەوەیی رەفتاری كردوە، و لە شێوەی رەحمەتی مام جەلال دا هەوڵی داوە تا پێی بكرێت نەهێڵێت خوێنی تائیفی و ئیتنی بڕێژرێت، ئەم كارەی بەرهەم ساڵح وەك پرەنسیبە نەك تاكتیك، بە سروشتی خۆی بڕوای پێیەتی نەوەك رووكەشی، ئەو وای نابینێ چەنگ لەناو عێراقدا ببێتە مایەی سەقامگیری كوردستان، پێی وا نیە ئەگەر ئەوان لاواز بن ئێمە بەهێز دەبین، بەڵكو لەسەر بنەمای هاوسەنگی و پێكەوە ژیان و یەكدی قبوڵكردن كاری كردوە. هەربۆیە وەك نووسەر بۆی چووە، پۆستەكان كارتۆنی نین، بەڵكو كاریگەریشن و سوود و بەرژەوەندی كوردیش پارێزراوە ئەگەر بێت و یەكدەنگی و كارو رەفتاری دەسەڵاتدارانی هەرێم شەفاف و روون بن، كەواتە ئەوە سوچی بەرهەم ساڵح نیە كە بارمان لە بەغدا لارە، ئەوە سوچی دوو بەرەكی و دوو فاقی و فرۆشتنەوە و بزواندنی هەستی نەتەوایەتیە وەك تاكتیك بەكاردەهێنرێ و وەك ستراتیژ دەرخواردی خەڵكی دەدەرێ. هەموو ئەوانەشی باسكران سەلمێنەری ئەوەن بەرهەم ساڵح سیفەت و بیركردنەوەو عەقیدەی بەرێوەبردنی لە هەمووان جیاوازە، ئەگەر لێكچوونیشی لەگەڵ هەندێكدا هەبێت ئەوە بەسروشتە نەوەك كاریگەربوون بەوان !
سەنگەر رسوڵ ساڵی ٢٠١٩، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای زۆنی سەوز کە پەیوەندیداربوو بەمەلەفی دارایی؛ گفتوگۆمکردو ئەمەی خوارەوەش بۆچوونەکانی ئێمە بوون ئەوکات. یەکێک لەپێشنیازەکانی من کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی ئەو دابوو، پێم وت هەرگیزو هەرگیز نەکەن داوای پارە یاخود داهات بکەن، بەڵکو دەبێت داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی پڕۆژە بکەن لەهەولێر. بۆ نموونە؛ وتم: ١) ئێستاکە کە پرۆژهی شەقامی ١٢٠م لەهەولێر جێبەجێبووەو ١٥٠ مەتری دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئایا لەبەرامبەردا سلێمانی وهەڵەبجە و ڕاپەرین چی بۆ دەکرێت؟ ٢) پێم ڕاگەیاند دەزانی پارتی چۆن بەشیک لەپرۆژەکانی لەسنوری زۆنی زەرد جێبەجێ دەکات؟ یەکێک لەنموونەکان لەڕێگەی پێدانی نەوتی خاوە لەبەندەری جیهان بە خاوەن پرۆژەکان لەبری پارە! ٣) بەکارهێنانی پێگەو دەسەڵاتی حکومەتە لە گواستنەوەی داهاتەکان لەشوێنی ئەلفەو بۆ بێ! بەتایبەت کە لەئێستادا بۆ چەندین ساڵ دەچێت پرۆژە یاسای بودجەش لەبەردەست نییە! ئەمە چۆن دەکرێت؟ بۆ نموونە لەداهاتی هاتوچۆ پارەیەکی زۆرهەیە، ئەوا سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران بەسانایی ئەو پارەیە دەگوازنەوە بۆسەر پرۆژەو سێکتەرێکی دیکە، ئایا کێ گرەنتی ئەوە دەکات هەموو ناوچەکان بەیەکسانی لەبەرچاو دەگیرێن لەگواستنەوەی داهاتە زیادەکان؟ خۆی ئەمە رێپێدراوه بەڵام دەبێ لەچوارچێوەی یاسای بودجە دابێت کە نییە! ٤) بەکارهێنانی پێگەی حکومەتە بۆ وەرگرتنی قەرزو ئەنجامدانی پرۆژە لەڕێگەی قەرزەوە، ئەمەش چۆن لەسەرحسابی پارێزگاو ئیدارەکانی دیکەوە دەبێت؟ بۆ نموونە ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەیەکی رێگاوبان لەزۆنی زەرد تەرخان دەکرێت بەقەرز دەکرێ، ئەوا حکومەت لەبودجەی گشتی قیستی ئەو قەرزە مانگانە دەداتەوە ئینجا دێت داهاتی ماوە لەنێوان زۆنی سەوزو زەرد دابەش دەکات! ئەوە یەکێکە لە تەکنیکەکان بۆ کەمکردنەوەی داهاتی ناوچەکانی دیکە! ٥) لەجووڵەی داهاتی ناوخۆ، ئەوا هەر زۆنی زەرد باڵا دەست دەبێ چونکە هیچ یاسایەک و ئامرازێکی دادپەروەری بوونی نییە تا مافی راستەقینەی ناوچەکەت بەدەست بێنی، بەڵام لەشەری بەدەستهێنانی پرۆژەکان ئەوا بواری زۆری تێدایە چەندین پرۆژە بەدەست بێنی بۆ سنوورەکەت. لەگەڵ چەندین ووردەکاری دیکەم خستەڕوو، هەوڵمدا راستەوخۆ و بەبێدەنگی بۆچوونەکانم بگەینم و ووتم با لەڕێگەی میدیاوە نەبێت، بەڵام بەداخەوە وەک هەرپێشنیازو بۆچوونێکی دیکەی هەرکەسێکی دیکە گوێیان پێنەدا. لێرەدا ئەوەی مەبەستمانە بیڵێین ئەوەیە کە ئەگەر بتەوێ شەڕی دادپەروەری و حوکمداری باش بکەیت ئەوا دەبێ قووڵ ببیەوە لەچەمک و پایە سەرەکییەکانی حوکمڕانی باش و ناکرێت کۆمەڵێک دروشمی قەبە قەبەت هەبێت و هیچ ئامادەکاری و توانایەکیشت بۆ ئیدارەدانی قەیرانەکان نەبێت.
عهدالهت عهبدوڵڵا كرانهوهو دهرچه له پرۆسهی سیاسیی ئێستای عێراقدا ئاڵۆزه. گۆڕانكاری روونادات ئهگهر ئهجێندای سیاسیی لایهنه براوهكان گۆڕانكاریی بهسهر نهیهت. گۆڕانكاری له ئهجێنداو خهونی لایهنه سیاسییه عێراقییهكانیشدا بهدی نایهت، ئهگهر گۆڕانكاری له ئایدیاو بیروباوهڕدا نهیهته ئاراوه. 5 مانگه، دوو بهرهو دوو جهمسهری جیاواز سهریاههڵداوه كه یهكێكیان ههڵگری تێزی حكومهتی سازانهو ئهویتریان تێزی حكومهتی زۆرینهی نیشتمانی. ئهم دوو بهرهیه، ههردوولایان، سوور دهزانن بهبێ یهكتر قورسه بتوانن حكومهت پێك بهێنن، كهچی بهو بهڵگهنهویسته سادهیهشهوه لهسهر تاقیكردنهوهی سیناریۆ و گرهوهكانی خۆیان بهردهوامن. ههردوو جهمسهرهكه، ههریهكه دوو جۆر له گرهوی ههیه، یهكهمیان: گرهو لهسهر یهكلابوونهوهی دهنگی پهرلهمانتاره سهربهخۆكانی ناو ئهنجوومهنی نوێنهران، دووهمیان: گرهو لهسهر كات و دروستبوونی درزو خزانی لایهك له لایهنهكانی ناو ئهم دوو بهرهیه بۆ ناو بهرهكهی تر بۆ ئهوهی هاوكێشهكه بگۆڕێت. لهو سهروبهندهدا، له دهرهوهی گرهوهكان، مامهڵهی دیكهش لهو بۆڕبۆڕینهی نێوان ههردوو جهمسهرهكهدا ههیه، لهوانه: فشاری دهرهكی، جوڵهی دیبلۆماسیی ئاشكراو نهێنی، پاره بهخشینهوه، بهڵێنی نوسراو و زارهكی بۆ گهورهكردنی بهرهكان، تهنانهت ههڕهشهكردن و بهكارهێنانی توندوتیژی راستهوخۆ و ناڕاستهوخۆ، یان فیزیكی و رهمزی، ههروهها بهكارهێنانی جهنگی دهروونی، شهڕی میدیایی و پڕوپاگهندهو واتهوات و..هتد. واته لهم ماوهیهدا ههموو ئامرازێكی لهدهستهاتوو بهكار هاتووهو بهكاریش ئههێنرێت بۆ ئهوهی یهكێ لهم بهرانه لاواز ببێت و كۆڵ بدات و لهكۆتاییدا ئاڵای سپی بۆ بهرامبهرهكهی ههڵبكات. جا لهبهر ئهوهی ئهم جهمسهرگیرییهی ناو پرۆسهی سیاسیی عێراق، حساباتی ههرێمایهتی و نێودهوڵهتیشی تیایه، دهبینین، لهههمانكاتدا، جهمسهربهندییهكی چارهنووسسازیشه، بۆیه به ئاسانی نابینیت كه كۆتایی پێ بێت و ههرهس بهێنێت، ئهمه لهكاتێكدا كه حهوت مانگی رهبهقه گۆڕهپانی وڵاتهكه لهناو مانۆڕی جیاجیاو ترسناك و گهمهو دهستبادانی جۆراوجۆری هێزه براوهكاندا ئهژی. بهرهی رزگاری نیشتمانیی سهدر، به ئاشكرا دهیهوێت یهكێ له هێزه كاریگهرهكانی ناو چوارچێوهی ههماههنگی بهلای خۆیدا رابكێشێت، ئهمهش به زهقی یهكسانه به لێدان لهو چوارچێوه سیاسییهو بگره ئهگهری ههڵوهشانهوهشێتی، ئهوهش ئهگهرێكی ئاسان نییه، یان لانیكهم، ههتا ئێستا، ئهنجامێكی نهبووه. ئامادهبوون و كۆكردنهوهی 220 پهرلهمانتار بۆ ئهوهی پهرلهمان بتوانێ كۆببێتهوهو پرسی سهرۆك كۆمارو حكومهتی نوێ یهكلابكرێتهوه، لهسایهی ئهو تهعهنوده سیاسییهی ئێستادا، ئاسان نییه. پاشان دهستوهردانی ئیقلیمی و دهرهكی له عێراقدا، بڕیاری سیاسیی سهربهخۆی بۆ لایهنه سیاسییهكان نههێشتۆتهوه، بهوهش كرانهوه له پرۆسهكهدا ئاڵۆزتربووهو مهرجی زیاتری چۆتهسهر!. ئێستا ئهوهی ماوهتهوه تهنها ئهوهیه كه، پهرلهمانتاره سهربهخۆكان دهستپێشخهریی نوێ بخهنهڕوو بۆ دهرچوون له بنبهستی سیاسی. هاوكات بڕیاروایه سهرۆكی پارتی دیموكراتیش دهستپێشخهرییهك بنوێنێت، بهڵام ههروهك لهرۆژنامهی (الشرق االاوسط)ی نزیك له سعودییهكانهوه شیكاری بۆ كراوه، ئهو دهستپێشخهرییهش، له كۆتاییدا، بهو ئامانجهیه كه تهنها لایهك له لایهنهكانی ناو چوارچێوهی ههماههنگی بێته ریزی بهرهكهی ئهوانهوه. رهنگه له قۆناغی ئێستاشدا، بهپلهی یهكهم و نزیك، گرهوهكه لهسهر یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، ههر ئهمهش تهفسیری بانگهوازو جوڵهی پارتی دیموكرات دهكات بۆ كۆبوونهوه لهگهڵ یهكێتیی نیشتمانیدا، گرهوێك كه بێگومان سهركهوتن و سهرگرتنی، لهههلومهرجی ئێستادا، ئهگهر لهلایهك لهسهر سازشی پارتی لهسهر داواكردنی پۆستی سهرۆك كۆمار وهستابێت، ئهوا لهلایهكی تر لهسهر سازشی یهكێتی-یش ئهوهستێت لهسهر ئهوهی درێژه به مانهوه بدات لهناو بهرهی چوارچێوهی ههماههنگیدا، كارێك كه بێگومان، لهههموو دۆخێكدا، وهك جۆرێك له ریسكی سیاسی وایه بۆ یهكێتی و ئاسان نییه سازش بنوێنێت، واته تهنها بۆ وهدهستهێنانی پۆستی سهرۆك كۆمار چهندین هێزی شیعهو دۆستایهتیی وڵاتێكی ههرێمایهتیی بههێزی وهك كۆماری ئیسلامیی ئێرانییش لهخۆی بكات و ئهوسهری دۆخی ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی خۆی لێوه دیار نهبێت!.