Draw Media

گەڕان بە دوای بەهاکانی جوانیدا لە شیعری گۆراندا

گەڕان بە دوای بەهاکانی جوانیدا لە شیعری گۆراندا

2022-04-17 09:23:13


عەتا قەرەداخی
( بەشی پێنجەم)

وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد، بنه‌ماى سه‌ره‌كی بنیادى شیعرى گۆران په‌یوه‌ندى نێوان دووانه‌ى لێكچوو یان دووانه‌ى دژه‌، ئه‌مه‌ش بنه‌ماى سه‌ره‌كی جێگیرى و هارمۆنیاى سرووشت و گه‌ردوونه‌. گۆران سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ دووانه‌ى نێرو مێ، یان پیاو و ژن وه‌كو دوو پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كی ژیان سه‌یر ده‌كات، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى وه‌كو دووانه‌ى به‌رامبه‌ر دایان ده‌نێت، به‌ڵام له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌یرى په‌یوه‌ندى نێوانیان ده‌كات كه‌ ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. ده‌شێ ئه‌مه‌ش له‌ روانگه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌وه‌ بێت كه‌ پێیوایه‌ دژو ناكۆكه‌كانیش یه‌كترى ته‌واو ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووى گه‌وهه‌رییه‌وه‌ نێرومێ زیاتر له‌وه‌ى دژبن، به‌رامبه‌ر، یان هاوشان یان ته‌واوكه‌رى یه‌كترین. سه‌ربارى ئه‌م له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر دانانه‌، گۆران پیاو وه‌كو هێماى هێزو ژنیش وه‌كو هێماى جوانی-سۆز- نه‌رم و نیانی- ناسكی سه‌یر ده‌كات. له‌ وه‌سفی ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌دا كه‌ له‌ گه‌شتی قه‌ره‌داخدا بینیوێتی، پاش ماوه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵپه‌ڕینی پیاوان ده‌ڵێت:
نۆره‌ى ئافره‌ته‌ ئه‌مجا هه‌ڵپه‌ڕێ
سا هێز ده‌ست به‌ردا، جوانی ده‌ست بگرێ.
 هێز وه‌كو گوتمان مه‌به‌ست پیاوانه‌ و جوانیش مه‌به‌ست ژنانه‌. لێره‌وه‌ دیسان گۆران ژن وه‌كو جوانی پێناسه‌ ده‌كات و له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و جۆرێك له‌ هاوشانی له‌ نێوان (هێز/ جوانی)دا درووست ده‌كات و ئه‌وه‌ش واى لێده‌كات كه‌ ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێش یه‌كسانی له‌ نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا درووست بكات. واته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ جوانی ئافره‌ت به‌ ئه‌ندازه‌ى هێزى پیاو گه‌ریگه‌رى هه‌یه‌و ڕێگا نادات هه‌ژموونی هێزى پیاو به‌سه‌ر ئافره‌تدا باڵاده‌ست بێت. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شمان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له‌ هێزدا نیه‌ به‌ڵكو جوانیش وه‌كو سامانێكی مه‌عنه‌وى گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنی ده‌سه‌ڵاته‌. هه‌ر لێره‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاودا، جوانی ژن هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆى درووستكردنی جوڕێك له‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا. گۆران نایه‌وێت به‌ درووشمی ساده‌ى زمانی باس له‌ هاوشانی و یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو بكات، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاودا ڕه‌گه‌زێك لاى ژن ده‌دوێنێت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ تواناو هێزى هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزى پیاو یان ڕه‌گه‌زى نێردا رایبگرێت. هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ لاى گۆران په‌یوه‌ندى ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهاتوو له‌ هێزى پیاو، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهاتوو له‌ جوانی ژن، په‌یوه‌ندى دوژمنایه‌تى و له‌ رووى یه‌كتردا وه‌ستان نیه‌، به‌ڵكو هاوسه‌نگی درووستكردن و ته‌واوكردنی یه‌كتریه‌.
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ جوانی ئافره‌ت زیاتر ده‌چوێنرێت به‌ جوانی سرووشت، به‌ڵام لاى گۆران هه‌ندێجار به‌ مرۆڤكردنی سرووشت هه‌یه‌. واته‌ خاسێته‌كانی مرۆڤـــ بۆ سرووشت قه‌رز ده‌كات یان سرووشت به‌ جوانی ئافره‌ت ده‌چوێنێت كه‌ سه‌رچاوه‌ى ئه‌م جۆره‌ له‌ لێكچواندن له‌ پێش گۆراندا لاى مه‌وله‌وى ئاشكرابووه‌. واته‌ گوڵ و ڕه‌گه‌زه‌كانی ترى سرووشتی چواندووه‌ به‌ جوانی یار یان ئافره‌ت.  گۆران لێره‌دا خاسێتی مرۆڤــ به‌ سرووشت ده‌به‌خشێت، كاتێ  ده‌ڵێت:
سه‌رانسه‌رى چه‌م دارى ژاڵه‌یه‌
ئه‌و داوێن سه‌وزى سه‌رلق ئاڵه‌یه‌
ڕۆژ: ڕۆژى شایی، كات: به‌یانیه‌
ته‌بیعه‌ت مه‌ستی بزه‌ى جوانیه‌.
لێره‌دا لێكچواندنی سرووشت به‌ مرۆڤـــ هه‌یه‌. كاتێ وه‌سفی دارى ژاڵه‌ ده‌كات له‌ وێنه‌یه‌كی قه‌شه‌نگدا باسی سه‌وزى داوێنی ئه‌و دره‌خته‌و ئاڵی سه‌رى ده‌كات. داوێن بۆ مرۆڤـــ ده‌بێت و زیاتریش بۆ ئافره‌ت به‌كاردێت. بۆ نموونه‌ ده‌گوترێت داوێنی كراسه‌كه‌ى. هه‌روه‌ك ئاڵ زیاتر ئاوه‌ڵناوێكه‌ بۆ وه‌سفی لێو و روومه‌تی ئافره‌ت به‌كار دێت، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م وه‌سفكردنانه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ دره‌ختی ژاڵه‌، وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی نێو سرووشت. هه‌روه‌ها بزه‌ كه‌ به‌ ماناى زه‌رده‌خه‌نه‌ دێت خاسێتی مرۆڤه‌ به‌ڵام گۆران ئه‌م ئاوه‌ڵناوه‌ به‌كار ده‌هێنێت بۆ وه‌سفی سرووشت. واته‌ خاسێتی مرۆڤـــ ده‌دات به‌ سرووشت به‌وه‌ى ئاوه‌ڵناوى بزه‌ى جوانی پێ ده‌به‌خشێت. هه‌روه‌ك ناوى ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ى مرۆڤــ هه‌یه‌ كه‌ بزه‌ى له‌سه‌ر ده‌بێت ئه‌ویش لێوه‌، به‌ڵام له‌ ده‌قه‌كه‌دا ناوى نه‌هاتووه‌. كه‌واته‌ سرووشت وه‌كو مرۆڤـــ بزه‌ى جوانی له‌سه‌ر لێوێتی. كردنی مرۆڤـــ به‌ سه‌رچاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانی سرووشت به‌و بچوێندرێت ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاعیر له‌ روانگه‌ى جوانیه‌وه‌ سه‌یرى هه‌موو شتێك ده‌كات و كام شت جوانتر بێت لاى ئه‌و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌. له‌ زۆربه‌ى وێنه‌و ده‌قه‌كانیدا سرووشت و جوانی سرووشت سه‌رچاوه‌یه‌و جوانی ئافره‌ت به‌و ده‌چونرێت، به‌ڵام لێره‌شدا جوانی ئافره‌ت ده‌كرێته‌ سه‌رچاوه‌و سرووشت به‌و ده‌چوێنرێت، یان خاسێته‌كانی مرۆڤ ده‌درێن به‌ سرووشت، كه‌ ئه‌وه‌ش بریتیه‌ له‌ به‌ مرۆڤكردنی سرووشت. ئه‌وه‌ش ماناى زیاتر به‌هاپێدان و به‌ گرنگ سه‌یركردنی سرووشته‌ بۆیه‌ خاسێته‌كانی مرۆڤی پێده‌به‌خشرێت.  
گۆران خاسێتـه‌كانی مرۆڤـــ به‌كارده‌هێنێت بۆ وه‌سفی كات، به‌ڵام كاتیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی سرووشت به‌كارده‌هێنێت كه‌ ئه‌و كاته‌ش پایزه‌. له‌ هه‌ڵبه‌ستی" پایز"دا ده‌ڵێت:
پایز! پایز / بووكی پرچ زه‌رد
من مات تۆ زیز/ هه‌ردوو هاوده‌رد.
 پایز یه‌كێكه‌ له‌ چوار وه‌زه‌كه‌ى ساڵ كه‌ وه‌رزى پێگه‌یشتنی به‌روبووم و پاشان گه‌ڵاڕێزان و رووتبوونی داردره‌خت و دیمه‌نی سرووشته‌. گۆران ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ بووك ناو ده‌بات، به‌ڵام بووكێكی پرچ زه‌رد. ئاشكرایه‌ بووك ته‌نیا به‌و ئافره‌ته‌ ده‌گوترێت كه‌ شووده‌كات و له‌كاتی گواستنه‌وه‌ له‌ ماڵی باوانه‌وه‌ بۆ ماڵی نوێ و بۆ لاى زاوا پێی ده‌گوترێت بووك كه‌ له‌ كورده‌واریدا بووك ده‌ڕازێنرێته‌وه‌و وه‌ك ده‌زانین پێشتر تاراى سوور ده‌درا به‌سه‌ردا بووكدا. كه‌واته‌ گۆران خاسێتی بووك وه‌رده‌گرێت بۆ پایزو له‌برى تاراى سوور، ئه‌و به‌ پرچ زه‌رد وه‌سفی ده‌كات كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ش وه‌سفێكی زۆر وردو جوانه‌ بۆ وه‌رزى پایز كه‌ گۆران به‌ پایز ده‌ڵێت تۆ له‌ جوانیدا بووكیت، به‌ڵام بووكێكی پرچ زه‌رد نه‌ك سه‌رداپۆشراو به‌ تاراى سوور. هه‌روه‌ها شاعیر لێكچوون له‌ نێوان خۆى و پایزدا درووست ده‌كات. واته‌ خۆى و ئه‌وى بووكی پایز وه‌كو یه‌ك نیشان ده‌دات. ئاشكرایه‌ پایز هێمایه‌ بۆ غه‌مگینی و بێزارى و ته‌نانه‌ت جۆرێك له‌ بێ هیوایی و سه‌ركه‌وتنی ته‌مه‌ن. وه‌سفكردنی پایز به‌ پرچی زه‌رده‌وه‌و به‌ زیزى، ئاماژه‌ بۆ ئه‌و خه‌مبارى و بێ هیواییه‌ ده‌كات كه‌ هاوشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مات و مه‌لولیه‌كه‌ى ئه‌مدا. كه‌واته‌ لێره‌دا خاسێتی مرۆڤـــ به‌ كات، یان به‌ وه‌رزى پایز وه‌كو به‌شێك له‌ سرووشت ده‌به‌خشرێت، كه‌ ئه‌ویش وه‌كو ئه‌می مرۆڤـــ خه‌مبارو بێزارو بێ هیوایه‌. له‌ ڕاستیدا كات شتێكی بێلایه‌نه‌ به‌ڵام كاتێ خاسێتی پایزى پێده‌درێت، ماناى وایه‌ له‌ ڕێگاى ئه‌و خاسێته‌وه‌ جۆرێك له‌ ناساندن دێته‌ ئاراوه‌، كه‌ خاسێتی بووكیشی بخرێته‌ پاڵ، ئه‌و كاته‌ ماناى وایه‌ له‌ ڕێگاى پێدانی خاسێتی مرۆییه‌وه‌ شووناسی ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌و كاته‌ دیارى ده‌كرێت و ئاماژه‌ش بۆ ئه‌و ده‌لاله‌ت و مانایه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌پشتی ئه‌م كاته‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌روه‌ك له‌ هه‌ڵبه‌ستی" هه‌ورى پایز"دا گۆران خاسێتی مرۆییبوون یان به‌ مرۆڤكردن ده‌به‌خشێته‌ هه‌موو سرووشت و وه‌كو مرۆڤـــ باسی ده‌كات. كاتێ ده‌ڵێت:
بگرمێنێ، ته‌پ و لم دابكا، بیكاته‌ شه‌ست، هه‌رگیز
نه‌وه‌ستی قوڵپی گریانی، نه‌وه‌ستی هه‌وره‌كه‌ى پایز
ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاكاوه‌، له‌ حاڵی گیان كه‌نشتایه‌
نیشانه‌ى ماته‌می پایز له‌ فرمێسكی درشتایه‌.
 گۆران باسی باران بارین ده‌كات كه‌ له‌ كورده‌واریدا ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م بارانی ئه‌و ساڵه‌ بێت پێی ده‌ڵێن بارانی په‌ڵه‌. له‌ شێوه‌ى ده‌ربڕینی بنیادى زمانی ده‌قه‌كه‌دا جۆرێك له‌ حه‌زكردن، یان په‌رۆشی بۆ بارینی ئه‌و بارانه‌ هه‌ست پێده‌كرێت. واته‌ واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بوونی ئه‌و بارانه‌ پێویست بێت، ئه‌گه‌رچی بارانی په‌ڵه‌بێت پاش هاوینی درێژو وشك كه‌ سه‌ره‌تاى ساڵی نوێی چاندن و وه‌شاندنه‌، یان ئه‌گه‌ر بارانی مه‌عنه‌وى بێت بۆ شۆردنه‌وه‌و خاوێنكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زه‌ پیس و ناشیرین و خراپانه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر زه‌وى و دارو دره‌خت و رووى جوانی ئه‌وان و سرووشتیان به‌گشتی ته‌ڵخ كردبێت. ئه‌وى قسه‌كه‌رى شیعره‌كه‌ داواى بارینی بارانی به‌ خورژم ده‌كات، به‌ڵام بارینی ئه‌و بارانه‌ به‌ قوڵپی گریان ناو ده‌بات كه‌ گریان خاسێتێكی مرۆییه‌، به‌ڵام شاعیر وه‌سفی بارانی پێده‌كات، واته‌ خاسێتی مرۆڤــــ ده‌دات به‌ باران، یان به‌ هه‌ور كه‌ باران له‌وه‌وه‌ ده‌بارێت. له‌ باڕێكی وه‌هاشدا ئه‌گه‌ر هه‌ور بگرى ماناى وایه‌ باران فرمێسكی هه‌وره‌. هه‌ڵبه‌ت پایز هێماى خه‌مبارى و دڵته‌نگیه‌. مرۆڤ ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ دڵـه‌نگی له‌ ئه‌ندازه‌ به‌ده‌ر بكات، گریان ده‌بێته‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڵڕشتنی ئه‌و خه‌فه‌ت و خه‌مباریه‌و كه‌مێك بارى شانی ئه‌و سووك ده‌كات. هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ وه‌كو جۆرێك له‌ خاوێنكردنه‌وه‌ى رۆح سه‌یرى گریان ده‌كرێت. كه‌واته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌نگ زه‌ردى و مات و مه‌لولی پایزیش هه‌مان ئاماژه‌ى هه‌یه‌و گریان هۆكاڕێكه‌ بۆ سووك كردنی بارى قورسی سه‌رشانی پایز. كه‌واته‌ لێره‌دا به‌ گشتی پایز وه‌كو مرۆڤـــ وه‌سف ده‌كرێت، یان خاسێتی مرۆیی به‌ پایز ده‌درێت و پایز ده‌كرێت به‌ مرۆڤـــ و وه‌كو مرۆڤیش خه‌مبار ده‌بێت. له‌م وه‌رزه‌دا سرووشت به‌ گشتی ره‌نگ زه‌ردو شێواوه‌، دره‌خته‌كان پرچیان شێواوه‌و به‌رگی سه‌وزیان زه‌ردبووه‌. به‌گشتی ئه‌م بووه‌ى كه‌ شاعیر وه‌كو مرۆڤـــ یان زینده‌وه‌ر وه‌سفی ده‌كات له‌ حاڵی گیان كێشان یان مردندایه‌. دیاره‌ هۆكارى ماتی پایزو گریانی به‌ قوڵپی پایز مه‌رگی سرووشته‌. لێره‌وه‌ به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆران سرووشت و پایز وه‌كو مرۆڤـــ وه‌سف ده‌كات و وه‌كو مرۆڤـــ له‌گه‌ڵیان ده‌دوێَت. هه‌رچۆن له‌ لایه‌كه‌وه‌ خاسێته‌ جوانه‌كانی سرووشت وه‌رده‌گرێت بۆ وه‌سفكردنی جوانی مرۆڤ، گۆران به‌هه‌مان شێوه‌ خاسێته‌كانی مرۆڤیش وه‌رده‌گرێت بۆ وه‌سفكردن یان ده‌رخستنی هه‌ندێ بارو دیارده‌ى سرووشت. به‌ڵام زیاتر ئه‌و خاسێتانه‌ى مرۆڤـ وه‌رده‌گرێت كه‌ ئاماژه‌ى خه‌مبارى و بێ هیوایی و ناكارایی و مردن و كۆتایی ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌ هه‌ور ده‌گرى، پایز خه‌مبارو مات و مه‌لوله‌، ته‌بیعه‌ت زه‌ردو ژاكاوه‌، پایز بووكی پرچ زه‌رده‌.
دیسان گۆران جوانی ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشت ده‌چوێنێت به‌ جوانی مرۆڤـــ. ئه‌م شوێن گۆڕینه‌ له‌ لێچواندندا كه‌ جاڕێك ئافره‌ت ده‌چوێنێت به‌ سرووشت و جاڕێك سرووشت ده‌چوێنێت به‌ ئافره‌ت، ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ كه‌ هه‌ردووكیان سه‌رچاوه‌و به‌رهه‌مهێنی جوانین و هه‌ردووكیشیان سه‌رچاوه‌ى ئیلهامی شیعرى گۆرانن و شیعریش به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ هۆكاڕێكه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ى ناوى مرۆڤـــ و به‌جۆرێك نه‌مرى پێ ده‌به‌خشێت. به‌ گشتی ئه‌م دوو انه‌ هاوشانن یان هاوتاو یه‌كسانن له‌ جوانیدا و تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى هیچ كامیان به‌ بێ بوونی ئه‌ویتریان ئه‌و جوانیه‌ى نابێت كه‌ پێكه‌وه‌ هه‌یانه‌. گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی "دارچواله‌ى پشكووتوو"دا، دارچواله‌ ده‌چوێنێت به‌ بووك، واته‌ دره‌خت له‌گه‌ڵ مرۆڤدا لێكچواندنی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام نه‌مرۆڤێكی ئاسایی و نه‌ مرۆڤـــ له‌ ساتێكی ئاسایدا، به‌ڵكو ئافره‌ت و له‌ ساتێكدا كه‌ بووك بێت، كه‌ ئه‌و ساته‌ش بۆ هه‌موو ئافره‌تێك هه‌ستیارترین ساته‌وه‌ختی ژیانه‌، ساتی لوتكه‌ى رازاندنه‌وه‌و جوانی و مه‌ستی و چاوه‌ڕوانی ئه‌و ئافره‌ته‌یه‌. گۆران له‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا ده‌ڵێت:
 ریزێك نه‌مامی دارچواله‌ى نازدار
كه‌ ڕێك وه‌ستابوون له‌سه‌ر گیاى به‌هار
وه‌ك بولبول ئه‌ندامیان له‌ سووراو نابوو
له‌نجه‌ى تاوتاویان بۆ چپه‌ى با بوو.
دارچواله‌ خاسێتی بووكیان پێ ده‌درێت و وه‌كو بووك سووراو ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌نجه‌ولار ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌میش دیسان خاسێتی ئافره‌ته‌ له‌ كاتی جوڵاندندا. هه‌روه‌ها (با) له‌ ڕێگاى خاسێت یان چالاكیه‌كی مرۆییه‌وه‌ وه‌سف ده‌كرێت كه‌ ئه‌ویش "چپه‌"یه‌، ئاشكرایه‌ چپه‌ دواندنی مرۆڤه‌ به‌ ده‌نگێكی نزم. ئێستا چپه‌ وه‌سفی باى پێ ده‌كرێت و له‌نجه‌ى دارچواله‌ بۆ چپه‌ى بایه‌. له‌م لێدوانه‌ دووجه‌مسه‌ریه‌دا ئافره‌ت و سرووشت هه‌ر جاره‌و یه‌كێكیان ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌و ئه‌ویتریانی پێ به‌راورد ده‌كرێت، یان لێكچواندنیان پێ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش وه‌كو گوتمان دیدو تێڕوانینی گۆران بۆ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ى به‌رهه‌مهێنی جوانی نیشان ده‌دات كه‌ یه‌كێكیان مرۆڤه‌ و ئه‌ویتریان سرووشته‌. مرۆڤـــ به‌رزترین و هوشیارترین ئه‌فریده‌بووى ناو ئه‌م گه‌ردوونه‌یه‌و ئه‌ویتریان سرووشتی جوانه‌ واته‌ ئه‌و سرووشته‌ى كه‌ سه‌رچاوه‌ى بوونه‌ یان له‌ پێناوى مرۆڤدا درووستكراوه‌ یان هه‌یه‌. 
گۆران له‌ هه‌ڵبه‌ستی "دوا سه‌رنج"دا كه‌ به‌ ده‌ست به‌سه‌ركراوى ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌بینێت و ئه‌و بینینه‌ ده‌بێته‌ ئیلهامی ئه‌م شیعره‌ى، ئه‌گه‌رچی واپێده‌چێت ئافره‌ته‌ قژزه‌رده‌كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی كه‌سێكی تردا بێت و له‌ گۆرانی ده‌ست به‌ كۆت و پێوه‌ند بێ ئاگابێت. گۆران له‌ جوانی ئه‌و شۆخه‌ هیواى ئازادبوون وه‌رده‌گرێت. كاتێك ده‌ڵێت:
پرشنگی نیگایه‌ك كه‌ له‌ رووى رووناك
هه‌ڵئه‌ستێ و تیژ ئه‌كشێ تا ناخی ده‌روون
كڵپه‌ى نوێ ئه‌خاته‌ كووره‌ى عه‌شقی پاك
ده‌فرى گیان لیپ ئه‌كا خۆزگه‌ى به‌ربوون
بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم له‌ په‌رده‌ى بیرم
نیگارێ هه‌ڵكه‌نم شێوه‌ى لێت بچێ
تا هه‌رچه‌ن گازى گرت له‌ له‌ش زنجیرم
ئازارم سووكتر كا خه‌یاڵی كچێ.
دیسان گۆران ده‌یه‌وێت له‌ سه‌ر په‌رده‌ى ناسكی خه‌یاڵی، وێنه‌یه‌كی ئه‌م شۆخه‌ بكێشێ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ى له‌یاد نه‌چێته‌وه‌، چونكه‌ پێیوایه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ هێزێكی مه‌عنه‌وى گه‌وره‌ى پێ ده‌به‌خشێت و واى لێده‌كات له‌به‌رده‌م ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ى زینداندا به‌هێزترو دان به‌خۆدا گرتووتر بێت. كه‌واته‌ لێره‌دا وێنه‌ى ئه‌وى ئافره‌ت له‌ لایه‌ك هیواى رزگاربوون به‌ ئه‌می زیندانی ده‌به‌خشێت و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى سووككردنی ئازارى زنجیرو ئه‌شكه‌نجه‌ى زیندان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات ئافره‌ت هه‌ر ته‌نیا سه‌رچاوه‌ى چێژو مۆتیڤی داهێنان و ژیان نیه‌ لاى گۆران، به‌ڵكو هیوابه‌خشی ژیان و ئازادیه‌و وره‌به‌خش و به‌هێزكه‌رى گیانی به‌رگرى مرۆڤه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان. لێره‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ئافره‌ت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك مۆتیڤى ژیان و به‌رده‌وامی و نه‌ڕواخان و هیواى ئاینده‌یه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand