Draw Media

یەکێتی، حزبی بێ سەرۆک

یەکێتی، حزبی بێ سەرۆک

2022-07-10 11:47:01


رێبوار کەریم وەلی

ساڵێک بەسەر کودتای سپیی هەشتی تەمموز تێپەڕی. لەو ماوەیەدا، لە رێگەی چەند بڕیارو گەعدە (دیدار)ی یەکێتی، هاوسەرۆکی یەکێتی و چەند کەسێک لە سەرکردایەتی دورخرانەوەو، کوڕانی تاڵەبانی دەستیان بەسەر یەکێتیدا گرت.

*

ئەم ئاڵوگۆڕە ناسروشتی و دور لە پرەنسیپی حیزبیە یەکێتیی بردە بەردەم دادگای بەغداو چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دادگا لەبارەی یەکێتییەوە بڕیار بدات. بڕیاری دادگا هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، لەو چەند حاڵەتە بەدەر نییە کە کوڕانی تاڵەبانی بە هەموو پێوەرێکی بنەماڵەیی، حزبەکە بە موڵکی خۆیان دەزانن و نایانەوێ کەس شەریکیان بێت.

*

لە حاڵەتێکدا کە دادگا لە قازانجی کوڕانی تاڵەبانی حوکم بدات، ئەوە ئیتر کۆتایی خەونی مانەوەی لاهور شێخ جەنگییە لەچوارچێوەی یەکێتیدا. بەپێچەوانەوە ئەگەر دادگا حوکمەکەی ئەوە بێت کە ئاڵوگۆڕەکان لەگەڵ پرەنسیپ و یاسای ئەحزابدا ناکۆکە و هەق بەلای لاهوردایە، ئەگەر زەمینەخۆشکەر نەبێ بۆ گەڕانەوەی لاهور بۆ هەرەمی دەسەڵاتی ناو یەکێتی، لانیکەمی ئەوە ئیسپات دەکات کە هاوسەرۆک مافی دەرکردنی هاوسەرۆکی نییە کە بەدەنگی کۆنگرە هەڵبژێردراوە.

*

بەڵام بەوەش کۆتایی نایەت؛ یەکێتی لەقەیرانی شەرعییەت و بڕیاردایە. جاران کە دوو هاوسەرۆکیش هەبوون، بە هەردووکیان ئینجاش نەدەبوون بە سەرۆکی یەکێتی، بگرە هەردووکیان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بوون. ئینجا لە سەرووی ئەو ئەنجومەنەشەوە، ئەنجومەنێکی نۆ کەسی و سەرۆکێک هەیە کە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و بڕیارە چارەنووسسازەکان، لە هەموو ئەوانە گرنگتر دەرکردنی هاوسەرۆکێک بە فلتەری ئەواندا تێنەپەڕیوە!

*

ئەنجومەنی باڵاو ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە بڕیارێکی شەخسی، هیچ رۆڵێکیان لە بڕیاردا نەماوەو کەسیش نازانێ ئەنجومەنی باڵاو سەرۆکەکەی، بڕیار دەدەن یان کێ سەرۆکی کێیە؟ بەپێی کۆنگرە بێت، هاوسەرۆکەکان دەکەونە ژێر حوکم و بڕیاری ئەنجومەنی باڵاوە، بەڵام ئێستا مەکتەبی خێزانی (سیاسی)ی یەکێتی و بەناو سەرۆکی یەکێتی تەجاوەزی هەموو سنورەکانیان کردووە.

*

بڕیاری دادگا لەبارەی یەکێتییەوە، دەبێ بۆ یەکێتییەکان گرنگ بێت. درێژەکێشانی ئەو پاشاگەردانییەی ئێستا، ئەگەر بەشێکی یەکێتیی سوتاندبێت لە داهاتوودا داوێنی ئەوانیش دەگرێ؛ دەرکەوت لە ماوەی یەکساڵدا، بەو هەموو دەسەڵات و چاوپۆشییەی کە لە کوڕانی تاڵەبانی کرا، نەیانتوانی جگە لە گۆڕینی تایتڵی خۆیان هیچی دیکە بکەن و، یەکێتیی نوێ زۆر بێ ئیرادەتر و لاوازترە لە جاران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand