رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانی سەردانەکەی بایدندا
2022-07-12 18:41:48
د. ئومێد رەفیق
ئەم سەردانەی جۆبایدان بە دیاریکراوی دوای ساڵێک دێت بە سیستەمی سیاسی لە ئەفغانستان گۆرانکاری بەسەردا هاتوو تاڵیبان دەستی بەسەر خاکی ئەفغانستاندا گرت ، دوای ئەوەی ئەمریکا تەواوی سوپاکەی لە ئەفغانستان کشانەوە ، کە ئەمریکا قوربانییەکی زۆری مرۆییی ودارایی لە گۆڕیندا خەرج کرد. زۆربەی بۆچونەکان لەساڵی رابردوا باسیان لەوە دەکرد کە ئەم روداوە پاشەکشەیەکی رون و ئاشکرای نفوزی ئەمریکیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەورەبونی نفوز و کاریگەری وڵاتانی ترە. یاخود کۆتایهاتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریکا ئەو گرنگیە ستراتیژییەی نییە.
پەیامی یەکەمی ئەم سەردانە جگە لە وەی بایدن لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی واشتن پۆست رونییکردۆتەوە کە باس لەوە دەکات دەستپێکردنەوەی وەرزێکی تازەی ڕۆڵی ئەمریکایە لە ناوچەکە ، بە مانای ئەوەیە پەیامی یەکەمی ئەوەیە هێشتا ناوچەکە لە ستراتیجی ئەمریکادا گرنگی خۆی هەیە و ناوچەیەکی زیندوی ستراتیژییە. هەروەها باس لەوەش دەکات کە ناوچەکە بەشدارییەکی کارای هەیە لە پاڵپشتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دەیەوێت ئەوەش بڵێت کە ناوچەکە لە ئێستادا زۆر ئارامترە لە کاتی ئیدارەی پێشوو.
لەم وتارەدا زیاتر جەختی لە دوو بنەمای سەرەکی کردوەتەوە ، ئەوانیش کاری دبلۆماسی( ڕێکەوتن ، دروستکردنی هاوپەیمانێتی ، بونیادنی هاوبەشی لە بەرگری ، ووزە)، هەروەها بنەمای دووەم کاری هاوکارییە( ئاشتی ئیسرائیل، ڕێکەوتنی نوێ بۆ هاوکاری فەلەستین، پاراستنی ئاسایشی کەنداو، دورکەوتنەوە لە جەمسەری رووسی ـ ئێرانی، چارەسەرکردنی ململانێکانی یەمەن) .
سەردانەکە لە کاتێکدایە دوو روداوی گەورە لە جیهاندا ئەجوڵێت کە دووەمیان دەرئەنجامی روداوی یەکەمە، ئەوانیش شەڕی ئۆکراین ، پاشان بەرزبونەوەی نرخی وزەو مەترسی لەسەر ئاسایشی ناتۆو ئەوروپا، ئەم دوو روداوە ئەگەر بۆ ئەوروپا مەترسیەکانی گەورە بێت بۆ ئەمریکاش مەترسی گەورەی هەیە، چونکە ئاسایش و ئاشتی جیهانی خستۆتە مەترسیەوە.
بۆ بایدن ئەم روداوانە گرنگیەکی تری هەیە ، ئەویش بابەتی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی ئەمریکی پێ دەوترێت، بۆیە بۆ بایدن ئەم هەنگاوانە گرنگن، یاخود بەلانی کەمەوە ئەم هەنگاوانە ناونیشانی ئەم قۆناغەن:
یەکەم: دابەزینی نرخی ووزە لە جیهاندا چونکە روسیا لەم ڕێگەیەوە ، بوەتە هۆی تێکدانی باڵانسی نرخی و هاوردەکردنی ووزە.
تەنها ڕێگەش لەبەردەم بایدن قەناعەتپێکردن و فشارخستنە سەر سعودییە و دەوڵەتانی کەنداوە بۆ زیاتر ناردنە دەرەوەی ووزە.
دووەم: گێرانەوەی باڵانسی هێز و پیاچونەوە بە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ سعودییە، چونکە بایدن لە سەرەتای بانگەشەو سەرۆکایەتیەکەیدا خۆی بەدوور ئەگرت لە قسەکردن و بینینی محمد بن سەلمان و سیاسەتی دەرەوەی سعودیە ، بەڵام لە ئێستادا بۆ رازیکردنی ئیسرائیل و سعودیە بۆ یەکەمجار فڕۆکەی سەرۆکی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بەرەو ریاز ئەفڕێت.ئەمەش دیوی دووەمی سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئەمریکایە ، کە پاش قۆناغێکی چوار دەیەیی لە پەیوەندی و هاوکاری کاری هاوبەش و دبلۆماسی ناکرێت سعودیە بکرێتە نەیارو پەراوێز بخرێت.
سێەم : بۆ ئەمریکا ئم دۆخەی ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و حکومەتێکی لاوازی وەکو فەڵەستین هەیە، رەنگە باشترین دۆخ بێت، بۆیە بایدن هیچ دەست پێشخەرییەکی ئەوتۆی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین پێ نابێت ، جگە لەسەردانی هەردوو لا.
چوارەم: دروستکردن و هاندانی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ زیاتر لەیەکتر نزیکبونەوە، بەتایبەت ئەوانەی نەیاری ئێرانن، ئەمەش پەیامێکی راستەوخۆیە بۆ ئێران کەلە جەنگی ئۆکراین پشتگیری لە رووسیا دەکات. رەنگە یەکێک لە هەوڵەکانی نزیکردنەوەی دروستکردنی هاوپەیمانیەکی سەربازی بێت لە نێوان وڵاتانی نەیاری ئێران ، بۆیە سەرچاوە رەسمیەکانی ئێران ئەم سەردانە بەسەرهەڵدانەوەی فەوزا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست وەسف دەکەن.
پێنجەم : بەشداریکردن لە کۆنگرەی گروپی( ئای ٢ یو ٢) بە ئامادەبونی سەرۆکی وڵاتانی هندستان و ئیسرائیل و ئیمارات، کە یەکێک لە و گروپانەی ئامانجیان ئاسایشی خۆراک و هاوکاری نێودەوڵەتیە.
شەشەم: لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بەشداری لە کۆبوەنەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دەکات، کەئەم کۆبونەوەیەش بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پێشهاتە ئابوری و سیاسیی و ئەمنیەکانی دوای شەڕی روسیا ئۆکراین، عێراقیش بەشدارە لەم کۆبونەوەیە.
حەوتەم: عێراق لە ئەجێندای ئاشکراکانی سەردانەکەی بایدندا نییە، رەنگە خوێندنەوەی جیاواز هەڵبگرێت، لەلایەک رەنگە لە روانگەی ستراتیژی ناوچەکە عێراق نەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە کاریگەری لە سەر سیاسەتی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە، لەلایەکی ترەوە رەنگە، بەهۆی یەکلاینەبونەوەی حکومەت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ کابینەی تازەی حکومەت رەنگە لەم قۆناغەدا نەتوانن مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ دۆخەکە بکەن، بەڵام رەنگە ئەو تەفسیرەیەی کەوا لێک بدرێتەوە کە عێراق پەراوێز خراوبێت لەسەردانەکە، راست نییە، چونکە لەماوەی مانگی پێشو ئاستی دبلوماسی وڵاتەکەی لە نوێنەرایەتی لە عێراق بەرزکردەوە، ئەوەش واتای گرنگی عێراقە بۆ ئەمریکا.