میدیای کوردی سەر قاڵی چیە؟
2022-07-11 14:18:34
فارس نەورۆڵی
ئەم بابەتەم گشتاندن نیە بۆ کۆی میدیا یاخود میدیاکار، بەڵام کەمن ئەوانەی ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ووتە باوەی کە دەڵێ: (میدیاکان درێژکراوەی سایک و هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانن)، بۆ تێگەیشتن لەم فەزای فەوزایەی میدیای کوردی ئەو ووتەیە بنەمایە بۆ تێگەیشتن لە هەموو جۆرەکانی میدیا.
ئەرکی میدیا هۆشیار کردنەوەی خەڵکە، بەرگری کردنە لە نیشتیمان، بەهێزکردنی ئینتیمایە، دژایەتی گەندەڵییە و نیشاندانی کەم و کوڕییەکان و خستنە ڕووی ڕێگا چارەیە، نەک میدیا ببێتە ئامراز بەدەس کارەکتەرەوە بۆ شکاندنی ئەوی دیکە!
ئەرکی میدیا خۆ سەرقاڵ کردنە بە کێشە گەورەکانەوە، کارکردنە لەسەر ئازارەکانی نەتەوە و دروستکردنی پرۆژەی میدیاییە لە دژی ئەو پرۆژە گەورە میدیاییانەی کە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە کایەی فەرهەنگ و فیکرو ڕۆح و ئینتمادا بۆ تێکشکاندن و گومان خستنە سەر هەموو شت. بۆ سوککردنی مێژوو، بۆ سوککردنی سیاسەت و بۆ سوککردنی ئەقڵی کورد. کەچی بەشێک لە میدیای کوردی لەبری هێرشی پێچەوانە بۆڕێگاگرتن لەو شەڕە میدیایەی کەدژی هەرێمی کوردستان بەبەرنامە بەڕێوەدەچێت بەپێچەوانەوە خۆی خزاوەتە ئەو زەلکاوە و خۆی دژی بوەتە بەشێک لە پرۆژەکە!
ئەوەی ئێستا بەشێک لە میدیای کوردی بە کۆمەڵێک کارەوە سەرقاڵە جێگای پرسیارە و جێگای گومانە! بۆچی سەرەڕای ئەو هەموو کێشە قوڵەی بۆیان خولقاندوین و خۆشمان بەشێک بووین لە خولقاندنەکەی، کەچی بەشێک لە میدیای کوردی خەڵکیان بە چییەوە سەرقاڵ کردووە. چۆن بونەتە ئامرازی شکاندنی خەڵک و وێرانکردنی دەروونی خەڵک. دیقەت بدەن لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بەشێک لەمیدیا سەرقاڵی چی بوە:
۱. ژنە مۆدێلەکان چۆن دەوڵەمەند بوون، تاتۆیان لەکوێدا کوتاوە.
۲. مامۆستا عەلی باپیر هاوسەرگیری نوێی کرد.
۳. محەمەدی حاجی مەحمود لەتەک ژنێک دەرکەوت، بەمەرجێ خۆی دەڵێ ۲٥ ساڵە هاوسەرمە. پرسیار لێرەدایە بۆچی میدیای کوردی ئێستا ئەم مەسەلە دەوروژێنێ؟
4. پێکدادانی ئاینەکان، هانی زەردەشتی دەدا دژی دینی ئیسلام قسە بکات و لەو لاوە مەلایەک دێنێ دژی زەردەشتیەکان قسە بکات. ئەمە دروستکردنی جیاوازی نیە، ئەمە خولقاندنی گیانی شەڕەنگێزییە، ئەگینا هیچ دروست نیە دژی هیچ ئاینێک قسەی نەشیاو بکرێ. ئەگەر کەسێک قسەی ئەقڵ و فیکری هەیە ئەوە جیاوازە لە سوکایەتی.
٥. یەک ساڵ سەرقاڵ کردنی خەڵک بە خەتەنەی ئافرەتانەوە و نیشاندانی کوردستان وەک قەسابخانە! خۆ ئەگەر چەند نمونەیەک هەبێت دەکرا لەڕێگای هۆشیار کردنەوە و یاساوە ڕێگری لێ بکرێت، نەک بەو شێوازەی کە بینیمان.
٦. جێندەر بەماناکەی خۆی. نەک دروست نیشان نەدرا، بەڵکو لێرە هاتوون پیاو و ژن دەکەنە دوژمنی یەک.
۷. نەمانی باوک سالاری بێ ئەوەی لەمانای باوک تێبگەن.
۸. هەڵوەشانەوەی خێزان، هەندێ دەنگ دەڵێن با خێزان هەڵوەشێتەوە. ئاخر ئەمە ئەگەر گەمژەیی نییە چیە کە نەزانی هەڵوەشانەوەی خێزان یانی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگا و نەتەوە و کەوتنی هەموو بەهاکان.
9. دەبێ هەموو پانتایی دیموکراتی لە هەڵکەوت زاهیر داخرێ، بە مەرجێک دیموکراتی بەشێکی چاکسازییە، ئەگەر کەسێک کارێکی پێچەوانەی چاکەی گشتی و دیموکراتی کرد دەبێ هۆشیاری کەیتەوە کە هەڵەیە، نەک دەرگای دیموکراتی لێ داخەی.
10. ژنێک بەسێ گولە پیاوەکەی خۆی کوشت. کوڕێک باوکی خۆی دایە بەر گولە. ژنێک لەتەک دۆستەکەیدا پیاوەکەی خۆی ژەهر خوارد کرد.
11. بەغدا کۆنترۆڵی بیرەنەوتەکانی هەرێم دەکاتەوە. ئەمە ناشیرینترین ڕستەی ساڵە، ئەگینا میدیای کام نەتەوە هەیە خۆشحاڵ بێت خاکی داگیر بکرێت، ئەم میدیا نەخۆشەی کوردستان نەبێت.
تا ئێرە ئەوەی من سەیرم کردبێت لەو ساڵەدا ئەمە داهێنانی بەشێک لە میدیای کوردی بووە. بە هەموو جۆرەکانییەوە، نەتەوەیەک بەو هەموو دوژمنە گەورانەوە، بەو هەموو کێشە قوڵانەوە، بەو هەموو ئازارانەوە میدیاکەی بە چییەوە سەرقاڵی کات، چۆن ناشیرینی کات! ئەمەدەبێ خەڵکی ئاقڵ ئەو پرسیارە بکات، چی لە پشتی ئەم جۆرە لە میدیاوە هەیە. ئەم جۆرە لە میدیا کۆمەڵگای سەرقاڵ کردووە بە خوار ناوکەوە! تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگایە لە ژێرهەڕەشەی ئەم جۆرە لە میدیایە.
بۆیە قوڕ بەسەر ئەو نەتەوەیەی ئەم جۆرە لە میدیا بیری بۆ بکاتەوە و توێژەرێکی نەبێ بیری بۆ بکاتەوە، یاخود ئەگەر هەشبێت گوێی بۆ نەگیرێ. کەواتە دەکرێ بڵێین ئەوەی بە درێژای مێژوو دوژمن بە کوردی نەکرد بەشێک لە میدیای کوردی بەڕۆحی کوردی کردو تەواو ماندوی کردوە.