دێموكراسی. درۆگەورەكە!
2022-07-07 08:35:30
سالاری بازیان
ڕەوشى جيهان به جۆرێك دەگوزەرێت شەڕو كوشتن، تاڵانى، داگيركارى هێزى شەڕكەر بووەته پاڵەوان و بڕياردەر، ئێستا سەرجەم گەل و وڵاتانى جيهان لەسەر ئەم مەنهەجه خۆيان تازه دەكەنەوه، ڕۆژ له دواى ڕۆژ جادووی ديموكراتى و مافى مرۆڤ و مافى گەلان بەتاڵ دەبێتەوە، شێركۆ بێكەس وتەنى؛ "وشەيەك بوو لەدەم هەڵەوەڕێكى مێژوو دەرچوو".
تاك جەمسەرى لە مەرگى خۆى نزيك دەبێتەوه، جارێکی دیکە جیهان بۆ دوو جەمسەرى پڕ چەكى چاو برسی دوور لەعەقڵانيەت هەنگاو دەنێت، شەڕى غەنيمەت و پاوانخوازى گەڕاوەتەوه بۆ هەمان ئايدى سەدە تاريكەكان، بە تەكنەلۆجیاى پێشكەوتووى جیهانى سەرمايەدارى.
نەتەوەیەکگرتووەکانيش هاوشێوەی عەسبەتولئومەم، ڕۆڵى ڕێكخراوێکى خزمەتگوزارى دەبينێت و تاريخى مەسرەفى وا بە سەر دەچێت.
سەرجەم دەوڵەتەكان لەخۆ ئامادەكردندان بۆجەنگێک كە له ئۆكرانيا جاڕ دراوە و درێژه دەكێشێت و دەبینین چوارچێوەى ناتۆ فراوانتر دەبێت، وڵاتانک، كە قەڵای ديموكراتى بوون جارێکی دیکە گۆڕەپانەكە پڕ دەكەن لە چەكى مرۆ كوژ، ئەوەى پێشبينى كراوه، كورديش لە ناو ڕيزبەندى ئەم هاوكێشانەدا دابەش دەبێت، پێدەچێت خاك و خەڵكەكەى سووتماکی جه نگبن و له نێوان زلهێزەكاندا دابەش بن و تانوپۆى ئەم دۆخەش بەڕوونى دەبينرێت.
پێکنەهێنانى حكومەتى نوێی عيراقيش بەستراوەتەوە بەم پێشهاتە سياسيیەوە نەك كێ سەرۆك كۆمارە و كێ سەرۆك وەزيرانه، باشترين هۆكاريش، بەم بيانوه ماڵى شيعى، ماڵى كورد شێواوترو لێکترازاو تر دەكات، عيراق ڕاهێنەرەكانى كه له دەرەوەى گۆڕەپانەکەن، ئەوان بڕيار دەدەن كێ يارى بە كێ بكات و كێ بكاته یەدەگ، لەدەست عيراق و خەڵكەكەشيدا نیيە، ئيتر كۆبوونەوەكان لە تەوێڵه بن يان لە ئەنقەره فەرق ناكات... كورد وتەنى؛ بابێ و باران، لە بەفر كەمدەبێتەوە.
بەديوێكى تردا دەبێت ئەو ڕاستيیە بزانرێت لەناو ئەم كێشمە كێشە جيهانیيه دا، ئێران بيانوى هەژموونگەرایى ئیسرائيلی هەیە، سەرەڕای كاريگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر وڵاتانى تر و بە تايبەت عيراق، مەرجەكانى توركياش بۆ ئەمريكا و ناتۆ ڕاسته ئەوەى سەر مێزەکە پەکەکە و ڕۆژئاوایە، وەلێ ژێر مێزەکە موسڵ و كەركوك لە خۆدەگرێت.
گەرچی هەندێك لەمەڕ نووسەر و سياسى كورد ڕیوایەت دەدەن بەوەى توركيا بيانوى هەيه بۆ پەلاماردانى هەرێمی میدیا، بەڵام دەبێت بيانوى پەلاماردانى موسڵ و كه ركوكيش بە دەليلى ئەوەى خاكى دێرينى ئيمپراتۆرەکەیيان بووە بەرچاو بێت، تا حاڵى حازر، لە بودجەى توركيادا شتێ له "ليره" دادەنرێت بۆ ويلاتى موسڵ، واته دووبارە كورد له بەرداشى توركيا و ئێراندايە، لەم دنيا بينيیەوه دەبێت هێزه كوردیيەكان خۆيان بۆ داهاتوو ئامادەبكەن و لەبازنەى پۆست و ماددە و ڕکابەری دەروونی خۆيان ڕزگار بكەن، دەنا داهاتوويان له ڕابردوويان گەشاوه تر نابێت و کوردەی خێر لە خۆنەدیویش لە هەردوو جەژنەکە دەبێت، "هەرچەندە بووە".