Draw Media

ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و كه‌مته‌رخه‌می كورد

ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و كه‌مته‌رخه‌می كورد

2022-07-03 20:09:33


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
ماده‌ی 140ی ده‌ستوری ده‌نگپێدراوی ساڵی 2005ی عیراق ، به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌م و كوڕیانه‌وه‌ی كه‌ تێیدایه‌ ده‌رچه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستانین و ناونراون كێشه‌ له‌ سه‌ر ، من كاتی خۆی له‌ سه‌ر كه‌م و كوڕی و درزو كه‌لێنه‌كانی ماده‌ی 140 م نووسیوه‌ بۆیه‌ نامه‌وێت لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ ، به‌ڵام خودی ماده‌كه‌ كه‌ ده‌رهاویشته‌ی ماده‌ی 58ی ده‌ستوری كاتی ، یان راستتر وایه‌ بڵێین  قۆناغی راگواستن بوو به‌ جۆرێكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان قوربانی و سته‌مكار داڕێژرابێت له‌ قانونی ئیداره‌ی  ده‌وڵه‌تی عیراق 8-3-2004تایبه‌ت به‌ ئاسایكردنه‌وه‌ی بارو دۆخی كه‌ركوك ماده‌ی په‌نجاو هه‌شت له‌ سێ‌ بڕگه‌ی " ئه‌لف ، بێ‌ ، جیم " پێكهاتبوو كۆی بڕگه‌كان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كان و بڕیاره‌كانی به‌عس ،ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و گێڕانه‌وه‌ی قه‌زاو ناحێ‌ و گونده‌ دابڕێنراوه‌كان و هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌و دواتر راپرسی و سه‌ر ژمێری ، ناوه‌ڕۆكی ماده‌ی 58 به‌م جۆره‌ بوو دواتر هه‌مان ماده‌ی 58 له‌ ماده‌ی 140 ده‌ستوری هه‌میشه‌یی دانرایه‌وه‌و كاتیش بۆ جێبه‌جێكردنی دانرا كه‌ 31ی 12ی 2007بوو ، ماده‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراو كوردیش نه‌یتوانی له‌ رێگه‌ی دادگای فیدراڵی و مافه‌ ده‌ستوریه‌كانیه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ هه‌نگاوی ئاوه‌زیانه‌ بنات .
ئێستا كه‌ ئیدی پێویست ناكات بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و باس و خواسه‌ی به‌رێ‌ ، ده‌بێت پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غداو حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین ، بۆچی نه‌یانتوانیوه‌ له‌ سه‌ر په‌كخستنی پرسی ماده‌ی 140 ، جێبه‌جێنه‌كردنی له‌ كاتی خۆیدا ، كه‌مته‌رخه‌می مه‌حمود مه‌شهه‌دانی و پارله‌مانی عیراقی ئه‌و كاته‌ نه‌یانتوانی شكات لای دادگای فیدراڵی بكه‌ن ، بۆچی له‌ دوای 2017ه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلكایه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك و پارێزگاره‌ عه‌ره‌به‌كه‌ی لای دادگای فیدراڵی پرسی ئه‌و سته‌م و نادادیانه‌ بجوڵێنن ، داگیر كردنه‌وه‌ی زه‌ویه‌ كشتو كاڵه‌یه‌كان ، كێشه‌ی گونده‌كانی سنوری دوبزو داقوق و خورماتوو ، كێشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ی قه‌ره‌بووكراونه‌ته‌وه‌ ، ئاسانكاری بۆ پێدانی متفی نیشته‌ جێبوون به‌ عه‌ره‌ب و دروستكردنی كێشه‌ و رۆتینی زۆر بۆ كورد ، ئه‌وانه‌ هه‌موو كێشه‌ن و هه‌ردوو حزبی به‌رپرسیاری كوردستانیش كه‌ بریتین له‌ پارتی و یه‌كێتی ، نه‌یانتوانیوه‌ بچوكترین رێگری له‌و هه‌موو نادادیه‌ بكه‌ن .
به‌ گوێره‌ی ماده‌ی 140 كه‌ركوك چه‌ند مافی حكومه‌تی ناوه‌نده‌ تێیدا حاكم بێت ، له‌وه‌نده‌ زیاتریش مافی كورده‌ ، هه‌ر نا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی ماده‌كه‌ وه‌ك وتمان له‌ نێوان سته‌مكارو سته‌ملێكراودا چاره‌سه‌ره‌كانی دیاری كراوه‌و ته‌واوی ماده‌كه‌ش بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سته‌م و نادادی رژێمی سه‌دام و به‌عسه‌ ده‌رهه‌ق یه‌ كورد و قوربانیه‌كانی تر ، به‌ڵام كێشه‌ی دوو حزبی به‌رپرسیارله‌ كه‌ركوك ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر بیره‌ نه‌وت و حزباندنی كۆمه‌ڵی كورده‌واری بوو ، جگه‌ له‌ داگیر كردنی زه‌وی و زاری ناوشارو كردنه‌وه‌ی مۆڵَ و بازاڕو ڤێللاو ته‌لارو به‌نزینخانه‌وكۆمپانیاو تادوای ، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو كاره‌ رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی و میدیاییه‌كه‌ی سه‌ره‌تا به‌ره‌ به‌ره‌ كشانه‌وه‌و كه‌ركوكیان روتانه‌وه‌ له‌ هه‌موو جوانی و به‌هایه‌ك ، بێ‌ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌و پلان و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و باشیان هه‌بێت بۆ داكۆكی له‌ كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان .
 ئێستا كه‌ رۆژانه‌ لێره‌و له‌وێ‌ كورد نادادی به‌رانبه‌ر ده‌كرێت ، هه‌زار كێشه‌و رۆتینی له‌ فه‌رمانگه‌كان بۆ دروست ده‌كرێت ، رێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له‌ زۆربه‌ی دام و ده‌زگاو فه‌رمانگه‌و ناوه‌نده‌ فه‌ڕمیه‌كان له‌ وانی تر كه‌متره‌ له‌ كاتێكا رێژه‌ی دانیشتوانی بێ‌ گێڕانه‌وه‌ی  قه‌زاو ناحێ‌ دابڕێنراوه‌كان كه‌ بریتین له‌ چوار قه‌زاو سیازده‌ ناحێ‌ و سه‌دان گوند نزیكه‌ی 750گوند ده‌گرێته‌وه‌  زیاتره‌، نه‌نوێنه‌رانی كوردی كه‌ركوك له‌ پارله‌مان و حكومه‌تی عیراقی، نه‌حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یانتوانیوه‌ بچوكترین هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بنه‌ن ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ دوای راكردن و پشتكردنه‌ كه‌ركوكی 2017ه‌وه‌ به‌ هۆی دژایه‌تی یه‌كترو ململانێی ناجۆرانه‌ جگه‌ له‌ پۆستی پارێزگار ده‌یان پۆستی تریان له‌ ده‌ست داوه‌ .
خه‌راپی مامه‌ڵه‌ی پارتی و یه‌كێتی و تاڵانچیه‌كانی زه‌وی و زار به‌ راده‌یه‌ك بوو ، له‌ دوای 2017وه‌ خه‌ڵك به‌ ئاشكرا بڵێت " رۆیشتن جه‌هه‌نه‌م " هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ كاردانه‌وه‌و ده‌رده‌ دڵ بوو ، ئێستا كه‌ كورد تا ئاستی سفر ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌م كراوه‌ته‌وه‌ ، هه‌ر رۆژه‌و به‌ بیانویه‌ك كوردی كه‌ركوك ئازار ده‌درێت ، له‌ كاتێكا كه‌ركوك  له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا زۆرترین سزا دراوه‌و به‌عس وێڕای ته‌عریب هه‌میشه‌ ویستویه‌تی له‌ شاریشی بخات ، وه‌ك چۆن ئێستاش هیچ سیمایه‌كی شاری بوونی پێوه‌ نه‌ماوه‌ .
هه‌ڵبه‌ت له‌ ئێستادا لانی كه‌م كورد له‌ رێگه‌ی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دایناوه‌ ده‌كرێت دۆسیه‌یه‌ك ئاماده‌ بكات بۆ دادگای فیدراڵی به‌ مه‌رجێك دۆسیه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و سته‌م و پێشێلكاریانه‌ی تیا بێت كه‌ له‌ 2017به‌ دواوه‌و یان له‌وه‌ پێشیش كراوه‌ ، بۆ نمونه‌ له‌ 2003ه‌وه‌ تا هاتنی داعش زیاتر له‌ هه‌زار ماڵی كورد و چه‌ند ماڵێكی توركمان له‌ سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌ به‌ زۆرو له‌ ژێر زه‌بری هه‌ڕه‌شه‌دا ده‌ركراون ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا حكومه‌تی به‌عس به‌و هه‌موو سته‌مكاریه‌وه‌ هێشتا نه‌بووبووه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و ماڵانه‌ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand