Draw Media

یەكێتی بیركەرەوەی تێدا نەماوە

یەكێتی بیركەرەوەی تێدا نەماوە

2022-07-02 10:04:26


عارف قوربانی
سەرباری ئەوەی مام جەلال سیاسییەكی خاوەن دونیابینی تایبەت و بەئاگابوو، توانای خوێندنەوەی رووداوەكان و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەبوو، ئیدراكی سیاسی بەهێز بوو، پێشبینی پێشهاتەكانی دەكرد، لەگەڵ ئەو تواناو شارەزاییەی خۆیشیدا، كەسانی وەك نەوشیروان مستەفا، كەمال فوئادو فوئاد مەعسوم وەك ناوەندێكی بیركەرەوە لە پشتی تاڵەبانییەوە بوون.
ئەوەی لە دامەزراندنییەوە تاوەكو نەوەتەكانی سەتەی رابردوو یەكێتی وەك هێزێكی پەرجووخوڵقێن هێشتبووەوە، بوونی ئەو بازنەی بیركەرەوانە بوو، چونكە هیچ هێزێك سەركەوتوو نابێت ئەگەر تەنها پشت بە كەسانی ئازا لە بڕیاردان ببەستێت، یاخود ئومێدی لەسەر كەسانی چالاك بێت لە جێبەجێكردنی ئەركدا. راستە هەر هێزێك بیەوێ‌ بە زیندوێتی بمێنێتەوە، پێویستی بە ئازایەتییە لە بڕیاردان و چالاكانە جێبەجێكردنی ئەركەكانە، بەڵام ئەم دوو جۆرە لە بوونی كەسایەتی لەناو حیزبدا، بۆ ئەوە باشن بڕیار لەو شتانە بدەن كە لە (عەقڵدان)ـی حیزبەوە بۆی ئامادەكراوە، یان ئەو ئەركانە جێبەجێبكەن كە بیركەرەوەكان وەك نەخشە بۆیان كێشاون.  
ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ یەكێتی بكرێت له دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە، رۆژ لەدوای رۆژ تواناكانی بیركردنەوە لەم هێزە كاڵتر بووەتەوە. تاوەكو هەلومەرجەكانی كوردستان و عێراقیش ئاڵۆزتر بووبن، مامەڵەكردنی یەكێتی لەگەڵ رووداوەكاندا زیاتر ئەوەی دەرخستووە، بیركردنەوە له ‌پشتی هەڵوێست و بڕیارەكانییەوە نەبووە. بەتایبەتیش دوای كۆچی دوایی تاڵەبانی ئەو بۆشاییە زیاتر هەستی پێدەكرێت و ئێستاش لە هەموو كات زیاتر پێوەی دیارە.  
وەك دەرئەنجام نموونەی زۆر هەن بۆ هەركەسێك بیەوێت توێژینەوە لەم لایەنەی یەكێتی بكات بە ئاسانی بگاتە ئەو راستییە، كە عەقڵ بەمانا سیاسییەكەی غاییبە لە پشتی مامەڵە و بڕیارەكانەوە. یەكێك لەو ئەنجامانەی بە باشی ئەمە روون دەكاتەوە، مامەڵەی یەكێتی بووە لەگەڵ پۆستی سەرۆك كۆمار لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە بۆ ئێستا كە وەك پشك و دابەشكاری حیزبیی، یەكلایبووەوەترین پۆستی یەكێتی بوو، كە بەبێ‌ سەرئێشەو بێ باج و شاباش و بەخشین دەیتوانی ئەو پێگەیە بە دڵنیاییەوە لای خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام خۆی بۆخۆی كردوویەتی بە گرێكوێرەیەكی ئاڵۆزو بۆ هەر جارێك لە بەدەستهێنانەوەی ئەم پشكەی خۆی، باجێكی زۆری داوە.  
لە خولی یەكەمی دوای تاڵەبانیدا بەهۆی ئەوەی ئیرادەی یەكلاییكردنەوەی نەبوو بۆ دیارییكردنی یەك بەربژێر بۆ ئەو پۆستە، ئیرادەی بڕیاری لەدەستی خۆی دا. لە خولی دووەمدا جیا لەو بەخشیشە پێشوەختەی چارەنووسی كەركووك، ئیدارەیی شارەكەیش وەك مساوەمەی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار شاباشی عەرەبێكی تەعریبچی كرا. بۆ مێژوو دەبێت ئەوە بگوترێت بەشێك لەهۆكارەكانی پشتی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پەیوەندی بە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە هەبوو. هەروەها هێشتنەوەی راكان جبووری و دانەنانی پارێزگارێكی كورد لەدوای هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاو نەمانی رێگرییەكانی پارتییەوە، كە دەسەڵاتی دانانی پارێزگار كەوتە دەستی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و یەكێتی دەیتوانی كوردێك بكاتە پارێزگار و نەیدەكرد، بەهۆی سازشە پێشوەختەكانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار و ئەو بەڵێنانەوە هەبوو كە بە ئەردۆغان درابوو.  
بۆ ئەم خولەی داهاتوویش ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە ئەمجارە مساوەمەكە لەسەر خۆشكردنی زەمینەی لەڕولاوازكردنی كوردو لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاری زۆنی سلێمانی بێت. دەبێت لێرەدا ئەو راستییەش بگوترێت كە ئەگەر بەمەبەست بووبێت یان لە نەزانینەوە سەرچاوەی گرتبێت، رەفتارو مامەڵەی پارتیش ئاوی كردووەتە ئاشی ئەم رەوشی یەكێتییەوە كە سەرئەنجام گەلی كوردستان و ئەزموونەكەی تێیدا زەرەر‌مەند دەبن. ئەوەی پارتی كردی بە پێكهێنانی بەرەیەكی سێقۆڵی لەگەڵ سەدرو حەلبووسی و دیاریكردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. یەكێتی خستە سوچێكەوە بە سازش و مساوەمەكردنێكی زۆرەوە پەنا بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی پەكخەر بەرێت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانن رێ لەوە بگرن بەرەی سێقۆڵی دەست بەسەر هەموو جومگەكانی حوكمڕانیدا بگرن.  

هەڵەی ستراتیژی سەدر بە كشانەوەی پەرلەمانتارەكانی و جێهێشتنی گۆڕەپانەكە، شانسی ئەوەی داوەتە مالیكی ركابەری دەستی بگاتەوە بە دەسەڵات. ئەوانەی پێیان وایە كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان رێگەخۆشكردنە بۆ بەدەستهێنانی شەقام لەلایەن سەدرەوە، ئەوە تەنها لە دۆخێكدا راسته،‌ كە كەسێكی لاوازی وەك كازمی سەرۆكایەتیی حكومەت بكات. ئەگەر مالیكی جڵەوی دەسەڵاتی بكەوێتەوە دەست، هاوشێوەی مامەڵەكردنەكانی لەگەڵ سوپای مەهدی، دەتوانێت بە لەقاڵبدانی سەرایا سەلام، سەدر جڵەو بكات.  
هەروەها تەواوكردنی پرۆسەی هەڵەكەی سەدر لەلایەن پارتییەوە بەخۆشكردنی زەمینەی دیاریكردنی شوێنگرەوەی سەدرییەكان لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، لەگەڵ ئەوەی ئاوی كردە ئاشی بەهێزبوونەوەی مالیكی، شانسی دایە یەكێتی وەك هێلكەی پاككراو نەك هەر پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێتەوە، بەڵكو بتوانێت دەستی بە دەستكەوتی دیكەش بگات.  
ئێستا یەكێتی پێویستی بەوە نییە هیچ باجێك بدات لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە، بەڵام نەبوونی ناوەندی بیركردنەوە لەناو یەكێتیدا، ئەم هێزە بەرەو ئەوە پاڵ دەنێت لەسەر سازشكردن و بەخشینەكانی بەردەوام بێت، تەنانەت ئەم پرسەیان كردووە بە گرێیەكی سیاسی مەترسیداری وا، لە پێناو ئاسوودەبوونێكی كاتیدا چارەنووسی گەلێك بخرێتە مەترسییەوە. دەبێت یەكێتی ئەو دیوەشی لەبەرچاو بگرێت مساوەمەی زۆر و سازشی پێشوەختە لەگەڵ ئەوەی دەسەڵات و پێگەی پۆستەكە لاوازتر دەكات، مەترسی ئەوەشی هەیە دەرگەی كۆشكی سەلامی بەڕوودا دابخات. چونكە دەبێت هێشتا ئاگای لەوە هەبێت سازشكردنی زیاتر بۆ شیعە لەسەر حسابی ئیرادەی كوردستان، دوور نییە دوای سەدر پارتیش بەرەو كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی پاڵ بنێت، بەوەش قەیرانەكە قوڵتر دەبێتەوە.

ئه‌و وتاره‌ له‌ سایتی (رووداو) وه‌رگیراوه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand