Draw Media

شەڕی نەوت یان تەسلیمبوون؟

شەڕی نەوت یان تەسلیمبوون؟

2022-07-02 11:49:45


د. نیاز نەجمەدین 

دڵشکانمان لە سیاسەت و ئەدای سەرکردایەتیی کورد لە هەرێمدا بخەرە ئەو لاوە، شەڕکردن لەگەڵ عێراقدا هەڵەیەکی گەورەیە لەبەرئەوەی: 
یەکەم، بۆ یەکجاریش هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی و پارتیی و حزبەکانی تریش لە مێژوودا نەیانتوانیوە عێراق ببەزێنن بەشێوەیەکی کاتی نەبێت. لە ١٩٧٠کان، لە ١٩٨٠کان، لە ١٩٩٠کان (باسی ریفراندۆمیش ناکەم) عێراق لە کۆتاییدا بردویەتییەوە، لە کاتێکدا کورد لە دژایەتیی دەوڵەتی عێراقییدا تەبا و یەک دەنگتر بوون لە چاو ئێستا. 
دووەم، بەدرێژایی ئەو ساڵانە، دەوڵەتی عێراق دڕندە بووە و کەمتر لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە پشتیوانیی کراوە. بەپێچەوانەوە، دەوڵەتانی ناوچەکە پشتیوانی کوردی هەرێم بوون و لە دژی بەعس بەکاریانهێناون. ئەم هاوکێشەیە گۆڕاوە. ئەوان نەک وەک جاران دژی عێراقی ئەمڕۆ نابن، بەڵکو دڵخۆش نین بە بوونی هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت لەناوی ببەن تا کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ببڕای ببڕای داوای ئازادیی زیاتر نەکەن.
سێیەم، دەوڵەتانی ناوچەکە لە هەوڵی ئەوەدان عێراقێکی بەهێز جارێکی تر دروست نەبێتەوە. ئیشی کورد لای ئەوان ئاژاوەنانەوە و تەخریبە. هیچ قازانجێک لەوە ناکەین ئێمە یاریزانی ئەم پیلانە ناوچەییە بین. بە واتایەکی تر، دوورکەوتنەوە لە عێراق نامانگەیەنێت بە سەربەخۆیی زیاتر، بەڵکو قوڵتر دەمانخزێنێتە باوەشی تورکیا و ئێران. بەپێچەوانەوە، بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ عێراقدا لاوازکردنی کاریگەریی پیلانی تورکیا و ئێرانە لە عێرا ق و هەرێمدا. 
چوارەم، یەکێک لە سیفەتە هەرە خراپەکانی ئێمە (چ وەک تاک و چ وەک نەتەوە) ئەوەیە لە شوێنێکدا لە بیناکردن دەوەستین. پاشان لە بری ئەوەی زیاتر بخەینەسەر ئەوەی بینامان کردووە، دەستدەکەین بە وێرانکردنی. لە دوو دەیەی رابردوودا تا ئەمڕۆ، لای من ژیان لە هەرێمدا (بە هەموو خراپییەکانییەوە) خۆشتر بووە بەراورد بە ئێران و سوریا و باشوری عێراق. ئەمە ئەبێت زیاتری بخرێتەسەر، کە پێویستی بەوەیە لە عەقڵییەتی وێرانکردن دووربکەوینەوە، عەقڵییەتێک کە قوڵ لە ناو حزبی کوردیی (بەتایبەت حزبە دەسەڵاتدارەکان) و دەستە و تاقمەکانیان (بە رۆشنبیرەکانیشیانەوە) رەگی داکوتاوە. 
پێنجەم، رێگاکانی بەردەممان بژاردەن، حەز و ئارەزووی من و تۆ نیین. بە حەز و ئارەزوو بێت، خۆزگە دەوڵەتێکی ددانپێدانراوی خۆمان هەبووایە و بەشێک نەبووینایە لە عێراق. بەڵام تازە سیاسییەکانی ئێمە و بەرگرییکارەکانیان هەڵەی گەورەیان کردووە کە وایکردووە بژاردەکانمان کەم بوونەتەوە. لە ماوەی کورتخایەندا، لەو بژاردەیە باشتر لە ئارادا نییە کە لەگەڵ عێراق رێکبکەوین هەتا رادەی تەسلیمبوون ئەگەر پێویستی کرد. 
شەڕکردن لەگەڵ عێراق حەزکردنە بە وێرانکردن، بەوەی ئەو تۆزە تەمەنەش بە دەست جیلەکانی پێشووەوە ماوە بەفیڕۆ بڕوات، گەنجەکانیشمان بکەونە چاڵێکی قوڵی قەیرانی ئابوورییەوە و سەرگەردان بن. 
دەرئەنجام 
هەرێم بۆ هەموو دنیایە بەس عێراق نەبێت، کە هەقی خۆیانە لێی سودمەند ببن. جا هەنگاوی یەکەم خستنەڕووی چەندین سیناریۆیە بەو ئاراستەیەی عێراقیش سودمەند بێت لە هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی خۆیانی تیادا بدۆزنەوە بەبێ ئەوەی دڵەڕاوکێی ئەوەیان هەبێت حسابیان بۆ ناکەین. ئەگەر ئەمە نەیخوارد، ئەوا تەسلیمبوون زۆر باشترە لە شەڕ. رەوا نییە لەسەر چەند بیرە نەوتێک تووشی شەڕ ببین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand